1 ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیح كه خودا پێی‌داوه، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن به به‌نده‌كانی پیشان بدات و ده‌ریخست كه به فریشته‌كه‌ی خۆی بۆ یۆحه‌نای به‌نده‌ی خۆی نارد،"
2 ئه‌وه‌ی شایه‌تی دا بۆ وشه‌ی خودا و بۆ شایه‌تی عیسای مه‌سیح - هه‌رچییه‌كی بینی."
3 خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وه‌ی وته‌كانی ئه‌م پێشبینییه ده‌خوێنێته‌وه و ئه‌وانه‌ی ده‌یبیستن، ئه‌وه‌ی تیای‌دا نووسراوه ده‌یپارێزن، چونكه كاته‌كه نزیكه."
4 یۆحه‌نا، بۆ حه‌وت كڵێساكه‌ی ئاسیا: نیعمه‌ت و ئاشتی بۆ ئێوه، له‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه و دێت و له‌و حه‌وت ڕۆحه‌ی له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ی دانه،"
5 هه‌روه‌ها له عیسای مه‌سیحیش كه شایه‌تیده‌ری دڵسۆزه، نۆبه‌ره‌ی هه‌ڵستانه‌وه‌ی نێو مردووانه، سه‌رۆكی پاشاكانی سه‌ر زه‌وییه. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی خۆش ده‌وێ و به خوێنی خۆی ئازادی كردین له گوناهه‌كانمان و"
6 ئێمه‌ی كرده شانشین و كاهین بۆ خودای باوكی - - شكۆ و توانای تاهه‌تایی بۆ ئه‌وه! ئامین."
7 ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ هه‌وردا دێت و هه‌موو چاوێك ده‌یبینێت، ئه‌وانه‌ش كه ڕمیان لێی‌داوه، هه‌موو خێڵه‌كانی زه‌ویش شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن. به‌ڵێ، ئامین."
8 خوداوه‌ند، خودا ده‌فه‌رمووێ: (من ئه‌لف و یێم، ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه و دێت، هه‌ره به توانایه.)"
9 من یۆحه‌نای براتانم، هاوبه‌شتانم له ته‌نگانه و شانشین و دانبه‌خۆداگرتن له عیسادا، له پێناوی وشه‌ی خودا و شایه‌تی بۆ عیسا له دوورگه‌یه‌ك بووم به په‌تمۆس ناوده‌برا."
10 له ڕۆژی خوداوه‌ند له ڕۆحه‌كه‌دا بووم و له پشتمه‌وه گوێم له ده‌نگێكی گه‌وره بوو، وه‌ك هی كه‌ڕه‌نا بوو،"
11 ده‌یفه‌رموو: (ئه‌وه‌ی ده‌یبینی له په‌ڕتووكێك بینووسه‌وه و بۆ حه‌وت كڵێساكه‌ی بنێره، بۆ ئه‌فه‌سۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلاده‌لفیا و لاودیكییا. )"
12 ئاوڕم دایه‌وه تاكو ئه‌و ده‌نگه ببینم كه له‌گه‌ڵم ده‌دووا، كاتێ ئاوڕم دایه‌وه حه‌وت چرادانی زێڕینم بینی،"
13 له‌ناوه‌ڕاستی چرادانه‌كان‌دا یه‌كێكی {وه‌ك كوڕی مر‌ۆڤم} بینی، جلێكی ئاودامانی له‌به‌ردا بوو، پشتێنێكی زێڕینی له‌لای سنگی به‌ستبوو،"
14 سه‌ر و قژی سپی وه‌ك خوری و وه‌ك به‌فر سپی بوون و چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر بوون."
15 پێیه‌كانی وه‌ك مسێكی بریقه‌دار كه له كووره پوخته كرابێت وابوون، ده‌نگیشی وه‌ك هاژه‌ی تاڤگه وابوو،"
16 حه‌وت ئه‌ستێره‌ی له ده‌سته‌ڕاستی بوو، شمشێرێكی دوو ده‌میش له ده‌میه‌وه ده‌رده‌چوو، ڕووی وه‌ك ڕۆژ بوو كه به‌وپه‌ڕی تینی ده‌دره‌وشێته‌وه."
17 كاتێ بینیم وه‌ك مردوو له‌به‌رپێی كه‌وتم، ده‌ستی ڕاستی خسته سه‌رم و فه‌رمووی: (مه‌ترسه، من یه‌كه‌مین و كۆتاییم،"
18 زیندووه‌كه‌م، مردوو بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌تا تاهه‌تایه زیندووم و كلیله‌كانی مردن و جیهانی مردووانم پێیه."
19 بۆیه ئه‌مانه بنووسه له‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی هه‌یه و ئه‌وه‌ی پاش ئه‌مه‌ش ده‌بێت."
20 نهێنی ئه‌و حه‌وت ئه‌ستێره‌یه‌ی له ده‌ستی ڕاستم بینیت و حه‌وت چرادانه زێڕینه‌كه ئه‌مه‌یه: حه‌وت ئه‌ستێره‌كه فریشته‌ی حه‌وت كڵێساكانن و حه‌وت چرادانه‌كه‌ش حه‌وت كڵێساكه‌ن.)"
1 بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له ئه‌فه‌سۆسه، بنووسه: ئه‌وه‌ی حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی به ده‌ستی ڕاستی گرتووه و به ناو حه‌وت چرادانه زێڕینه‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كات، ده‌فه‌رمووێ:"
2 (ئاگام له كردار و ماندووێتی و دانبه‌خۆداگرتنته، هه‌روه‌ها كه نا‌توانیت به‌رگه‌ی خراپه‌كاران بگریت، ئه‌وانه‌شت تاقی كرده‌وه كه خۆیان به نێردراو ده‌زانن و ئاواش نین، به درۆزن ده‌رچوون،"
3 دانت به‌خۆتداگرت و له‌به‌ر ناوی من به‌رگه‌ت گرت، كۆڵت نه‌دا."
4 به‌ڵام ئه‌وه‌م له‌سه‌رت هه‌یه: تۆ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی یه‌كه‌مینت به‌لاوه ناوه."
5 جا به بیرت بێته‌وه له‌كوێ كه‌وتیت! تۆبه بكه و كاره‌كانی یه‌كه‌مینت بكه‌وه. ئه‌گه‌ر تۆبه نه‌كه‌یت، دێمه لات و چرادانه‌كه‌ت له شوێنی خۆی لاده‌ده‌م."
6 به‌ڵام شتێكی باشت هه‌یه: ڕقت له كرده‌وه‌ی نیكۆلاوییه‌كان ده‌بێته‌وه، كه منیش ڕقم لێیان ده‌بێته‌وه."
7 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یده‌مێ له دره‌ختی ژیان بخوات، ئه‌وه‌ی له به‌هه‌شتی خودا دایه.)"
8 بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له سمیرنایه، بنووسه: ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین و دواهه‌مینه، ئه‌وه‌ی مردوو بوو و زیندووبۆوه، ده‌فه‌رمووێ:"
9 (ئاگام له ته‌نگانه و هه‌ژاریته، هه‌رچه‌نده تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیت. هه‌روه‌ها ئاگام له هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌وانه‌یه كه ده‌ڵێن جوله‌كه‌ین و واش نین، كه‌نیشتی شه‌یتانن."
10 هه‌رگیز مه‌ترسه له‌و ئازارانه‌ی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خه‌ریكه هه‌ندێكتان بخاته زیندانه‌وه، تاكو تاقی بكرێنه‌وه و ده ڕۆژ ته‌نگانه‌تان ده‌بێت. تا مردن دڵسۆزبه، منیش تاجی ژیانت پێ ده‌به‌خشم."
11 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت مردنی دووه‌م ئازاری نادات.)"
12 بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له پرگامۆسه، بنووسه: ئه‌وه‌ی شمشێره تیژه دوو ده‌مه‌كه‌ی هه‌یه ده‌فه‌رمووێ:"
13 (ئاگام لێیه له‌كوێ ده‌ژیت، ئه‌و شوێنه‌ی ته‌ختی شه‌یتانی لێیه. ده‌ست به ناوی من ده‌گریت و نكۆڵیت له باوه‌ڕی من نه‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆژانه‌ش كه ئه‌نتیپاسی شایه‌تی دڵسۆزم له‌لاتان شه‌هید كرا، له‌و شوێنه‌ی شه‌یتان نیشته‌جێیه."
14 به‌ڵام هه‌ندێك شتم له‌سه‌رت هه‌یه: ئه‌ویش هه‌ندێ كه‌س له‌لاتن پابه‌ندن به فێركردنی به‌لعامه‌وه ، ئه‌وه‌ی بالاكی فێرده‌كرد كۆسپ له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل دابنێت تاكو له‌و قوربانییانه بخۆن كه بۆ بت كراوه و داوێنپیسی بكه‌ن."
15 به هه‌مان شێوه له‌لای تۆش هه‌ندێك هه‌ن پابه‌ندن به فێركردنی نیكۆلاوییه‌كان."
16 بۆیه تۆبه بكه! ئه‌گینا، به‌م زووانه دێمه لات و به شمشێره‌كه‌ی ده‌مم له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگم."
17 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت له مه‌نی شاراوه‌ی ده‌ده‌مێ، هه‌روه‌ها به‌ردێكی سپی ده‌ده‌مێ كه ناوێكی نوێی له‌سه‌ر نووسراوه، جگه له‌وه‌ی وه‌ری ده‌گرێت كه‌س نایزانێت.)"
18 بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له سیاتیرایه، بنووسه: كوڕی خودا، ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگره و پێیه‌كانی وه‌ك مسی بریقه‌داره، ده‌فه‌رمووێ:"
19 (ئاگام له كردار و خۆشه‌ویستی و خزمه‌ت و باوه‌ڕ و دانبه‌خۆداگرتنته. كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ت له‌وانه‌ی یه‌كه‌مت زیاترن."
20 به‌ڵام ئه‌مه‌م له‌سه‌رت هه‌یه: تۆ ڕێت به‌و ژنه داوه كه ئیزابێله كه‌وا ده‌ڵێت: "من پێغه‌مبه‌رم"، به‌نده‌كانم فێرده‌كات و چه‌واشه‌یان ده‌كات تاكو داوێنپیسی بكه‌ن و له‌و خواردنه بخۆن كه بۆ بت كراوه‌ته قوربانی."
21 كاتم پێی‌دابوو تاكو تۆبه بكات، به‌ڵام نه‌یویست تۆبه له داوێنپیسی بكات."
22 ئه‌وه‌تا فڕێی‌ده‌ده‌مه سه‌ر نوێن و ئه‌وانه‌ی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵی‌دا كردووه له ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره دان، ئه‌گه‌ر له كرداریان تۆبه نه‌كه‌ن."
23 هه‌روه‌ها منداڵه‌كانی به مردن له‌ناوده‌به‌م، هه‌موو كڵێساكانیش ده‌زانن من پشكێنه‌ری مێشك و دڵه‌كانم، هه‌ر یه‌كێكیشتان به‌گوێره‌ی كاره‌كانی ده‌یده‌مێ."
24 به‌ڵام به ئێوه ده‌ڵێم، ئه‌وانه‌ی له سیاتیرا ماونه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌ی ئه‌م فێركردنه‌یان نییه و به قووڵایی شه‌یتانیان نه‌زانیوه، وه‌ك ده‌ڵێن - من بارێكی دیكه‌تان ناخه‌مه سه‌ر -"
25 ته‌نها ئه‌وه‌ی هه‌تانه ده‌ستی پێوه بگرن، تاكو دێم."
26 ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت و كاره‌كانی من تاكو كۆتایی بپارێزێت، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وان‌دا ده‌ده‌مێ -"
27 {به گۆپاڵێكی ئاسنین به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، وه‌ك گۆزه‌ی گڵین وردوخاشیان ده‌كات} - وه‌ك منیش له باوكمه‌وه ده‌سه‌ڵاتم وه‌رگرتووه."
28 ئاواش ئه‌ستێره‌ی به‌یانی ده‌ده‌مێ."
29 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ.)"
1 هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له ساردسه، بنووسه: ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆحی خودا و حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی هه‌یه ده‌فه‌رمووێ: (ئاگام له كرداره‌كانته، تۆ به ناو زیندوویت، به‌ڵام مردوویت."
2 ئێشك بگره! ئه‌وه‌ی ماوه به‌هێزی بكه، ئه‌وه‌ی خه‌ریكه بمرێت، چونكه له‌به‌رده‌م خودام كاره‌كانتم به ناته‌واوی بینی."
3 به‌بیرت بێته‌وه چۆن وه‌رتگرت و بیستت، بیپارێزه و تۆبه بكه. چونكه ئه‌گه‌ر ئێشك نه‌گریت ئه‌وا وه‌ك دزێك دێم و نازانی له چ كاتێك بۆت دێم."
4 به‌ڵام خه‌ڵكێكی كه‌مت له ساردس‌دا هه‌یه به‌رگه‌كانیان گڵاو نه‌كردووه، به به‌رگی سپییه‌وه له‌گه‌ڵ من ڕێ‌ده‌كه‌ن، چونكه شایانی ئه‌وه‌ن."
5 ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ئاوا به‌رگی سپی ده‌پۆشێت و ناوی له په‌ڕتووكی ژیان ناسڕمه‌وه و له‌به‌رده‌م باوكم و له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی دان به ناوه‌كه‌ی‌دا ده‌نێم."
6 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ.)"
7 هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له فیلاده‌لفیایه، بنووسه: ئه‌وه‌ی پیرۆز و ڕاسته، كلیله‌كه‌ی داودی له ده‌سته، ئه‌وه‌ی ده‌یكاته‌وه و كه‌س دایناخات، دایده‌خات و كه‌س نایكاته‌وه، ده‌فه‌رمووێ:"
8 (ئاگام له كرداره‌كانته. ئه‌وه‌تا ده‌رگایه‌كی كراوه‌م له‌به‌رده‌مت داناوه و كه‌س ناتوانێت دایبخات. ده‌زانم هێزێكی كه‌مت هه‌یه، به‌ڵام وشه‌ی من ده‌پارێزیت، نكۆڵیت له ناوی من نه‌كرد."
9 ئه‌وه‌تا ئاوا له‌وانه‌ی كه‌نیشتی شه‌یتان ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن جوله‌كه‌ین و ئاواش نین، به‌ڵكو درۆ ده‌كه‌ن، وایان لێ ده‌كه‌م بێن و له‌به‌رده‌م پێیه‌كانت كڕنۆش ببه‌ن و بزانن تۆم خۆش‌ویستووه."
10 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌ی منت بۆ دانبه‌خۆداگرتن پاراستووه، منیش له كاتی تاقیكردنه‌وه ده‌تپارێزم، كه خه‌ریكه به‌سه‌ر هه‌موو جیهان‌دا دێت، تاكو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێن تاقی بكرێنه‌وه."
11 زوو دێم. ده‌ست بگره به‌وه‌ی هه‌ته، تاكو كه‌س تاجه‌كه‌ت لێ نه‌ستێنێت."
12 ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یكه‌مه كۆڵه‌گه‌یه‌ك له ناو په‌رستگای خودام و هه‌رگیز لێی ده‌رناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی له‌سه‌ر ده‌نووسم، ئۆرشه‌لیمی نوێ، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خودای خۆم له ئاسمان دێته خواره‌وه، هه‌روه‌ها ناوی نوێی خۆمی له‌سه‌ر ده‌نووسم."
13 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ.)"
14 بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی له لاودیكییایه، بنووسه: ئامین و شایه‌تی دڵسۆز و ڕاستگۆ كه سه‌ره‌تای به‌دیهێنانی خودایه، ده‌فه‌رمووێ:"
15 (ئاگام له كرداره‌كانته، تۆ نه سارد و نه گه‌رمیت. خۆزگه سارد یان گه‌رم بووای."
16 چونكه شله‌تێنیت، نه ساردیت و نه گه‌رمیت، به‌ته‌مام له ده‌ممه‌وه بتتفێنمه‌وه."
17 چونكه ده‌ڵێی: "ده‌وڵه‌مه‌ندم و زه‌نگین بوومه، پێویستیم به هیچ نییه." به‌ڵام بێ ئاگای له‌وه‌ی به ده‌رده‌سه‌ری و نه‌گبه‌ت و هه‌ژار و كوێر و ڕووتیت."
18 ئامۆژگاریت ده‌كه‌م زێڕی به ئاگر پوخته‌كراوم لێ بكڕیت تاكو ده‌وڵه‌مه‌ند بیت، جلی سپیش له‌به‌ر بكه‌یت، تاكو شه‌رمه‌زاری ڕووتیت ده‌رنه‌كه‌وێت، كلیش له چاوت بده‌یت تاكو ببینیت."
19 ئه‌وانه‌ی خۆشم بووێن سه‌رزه‌نشتیان ده‌كه‌م و ته‌مبێیان ده‌كه‌م. بۆیه دڵگه‌رم به و تۆبه بكه."
20 ئه‌وه‌تا له‌به‌ر ده‌رگا وه‌ستاوم و له ده‌رگا ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێی له ده‌نگم بوو و ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه، لێی دێمه ژووره‌وه و نانی له‌گه‌ڵ ده‌خۆم، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ من."
21 ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یده‌مێ له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌م‌دا له‌گه‌ڵم دا‌نیشێت، وه‌ك منیش سه‌ركه‌وتنم به‌ده‌ست‌هێنا و له‌گه‌ڵ باوكم له ته‌خته‌كه‌ی‌دا دانیشتم."
22 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت ڕۆحه‌كه چی بۆ كڵێساكان ده‌فه‌رمووێ.)"
1 پاش ئه‌مه ته‌ماشام كرد ده‌رگایه‌كی كراوه‌م بینی له ئاسمان‌دا، ئه‌و ده‌نگه‌ش كه یه‌كه‌م جار وه‌ك كه‌ڕه‌نا هاته گوێم ، پێی فه‌رمووم: (سه‌ربكه‌وه بۆ ئێره، ئه‌وه‌ت پیشان ده‌ده‌م كه دوای ئه‌مه پێویسته ڕووبدات.)"
2 یه‌كسه‌ر كه‌وتمه ڕۆحه‌كه‌وه و ته‌ختێكم بینی له ئاسمان دانرابوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش یه‌كێك دانیشتبوو."
3 دانیشتووه‌كه له ڕوخساردا له به‌ردی یه‌شب و یاقووتی سوور ده‌چوو، په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌كیش له شێوه‌ی زمروود له ده‌وری ته‌خته‌كه‌دا بوو."
4 له ده‌وری ته‌خته‌كه‌ش بیست و چوار ته‌خت هه‌بوون، بیست و چوار پیریش كه جلی سپییان پۆشی بوو له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان له‌سه‌ر بوو."
5 له ته‌خته‌كه‌وه بروسك و ده‌نگه‌ده‌نگ و گه‌واره ده‌هات، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش حه‌وت چرای ئاگرین ده‌سووتان، كه حه‌وت ڕۆحه‌كه‌ی خودان."
6 له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش شوێنێكی وه‌ك ده‌ریایه‌كی شووشه‌یی هه‌بوو، وه‌ك كریستاڵ. له‌ناوه‌ڕاست، له ده‌وروبه‌ری ته‌خته‌كه چوار بوونه‌وه‌ر هه‌بوون، له‌پێش و پاش به چاو داپۆشرا بوون."
7 بوونه‌وه‌ری یه‌كه‌م وه‌ك شێر بوو، دووه‌م بوونه‌وه‌ر وه‌ك گا، سێیه‌م بوونه‌وه‌ر ڕوخسارێكی وه‌ك مرۆڤی هه‌بوو، چواره‌م بوونه‌وه‌ر وه‌ك هه‌ڵۆیه‌كی فڕیو بوو."
8 چوار بوونه‌وه‌ره‌كه هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش باڵی هه‌بوو، ده‌وروبه‌ر و ناوه‌وه‌یان به چاو داپۆشرا بوو، شه‌و و ڕۆژ بێ وه‌ستان ده‌ڵێن: (پیرۆزه، پیرۆزه، پیرۆزه، خودای په‌روه‌ردگاری هه‌ره به توانا، ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه و دێت!)"
9 هه‌ر كاتێ بوونه‌وه‌ره‌كان شكۆ و ڕێز و سوپاس ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌یه، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه زیندووه،"
10 بیست و چوار پیره‌كه‌ی به‌رده‌م دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه ده‌كه‌ون و كڕنۆش بۆ زیندووی تاهه‌تایی ده‌به‌ن و تاجه‌كانیان له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه فڕێده‌ده‌ن و ده‌ڵێن:"
11 (ئه‌ی خوداوه‌ند و خودامان، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆ و ڕێز و توانا وه‌ربگری، چونكه تۆ هه‌موو شتێكت به‌دیهێناوه، به خواستی تۆش هه‌ن و به‌دیهێنران.)"
1 له‌لای ده‌سته‌ڕاستی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌وه پێچراوێكم بینی له هه‌ردوو ڕووی نووسرا بوو، به حه‌وت مۆریش مۆر كرابوو."
2 هه‌روه‌ها فریشته‌یه‌كی به‌هێزم بینی به ده‌نگێكی به‌رز هاواری ده‌كرد: (كێ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه پێچراوه‌كه بكاته‌وه و مۆره‌كانی بشكێنێت؟)"
3 كه‌س نه‌بوو، نه له ئاسمان و نه له‌سه‌ر زه‌وی و نه له ژێر زه‌وی بتوانێت پێچراوه‌كه بكاته‌وه یاخود ته‌ماشای بكات."
4 ده‌ستم به گریانێكی زۆر كرد، چونكه كه‌س شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بوو پێچراوه‌كه بكاته‌وه یان ته‌ماشای ناوه‌وه‌ی بكات."
5 یه‌كێك له پیره‌كان پێی‌ووتم: (مه‌گریێ، ئه‌وه‌تا ئه‌و شێره‌ی له هۆزی یه‌هودایه و له ڕه‌گی داوده سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست‌هێنا، پێچراوه‌كه ده‌كاته‌وه و حه‌وت مۆره‌كه‌ی ده‌شكێنێت.)"
6 ئینجا له‌نێوان ته‌خته‌كه و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌دا، له‌ناوه‌ڕاستی پیره‌كان، به‌رخێكم بینی ڕاوه‌ستا بوو وه‌ك سه‌ربڕابێت، حه‌وت قۆچ و حه‌وت چاوی هه‌بوو، كه حه‌وت ڕۆحه‌كه‌ی خودان بۆ هه‌موو زه‌وی نێردراون."
7 هات و پێچراوه‌كه‌ی له ده‌ستی ڕاستی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه وه‌رگرت."
8 كاتێ پێچراوه‌كه‌ی وه‌رگرت، چوار بوونه‌وه‌ره‌كه و بیست و چوار پیره‌كه كه‌وتنه به‌رده‌م به‌رخه‌كه، هه‌ریه‌كه‌یان قیساره و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێ‌بوو، ئه‌وه‌ش نوێژه‌كانی پیرۆزكراوانه،"
9 سروودێكی نوێشیان ده‌ووت: (تۆ شایسته‌ی ئه‌وه‌ی پێچراوه‌كه ببه‌یت و مۆره‌كانی بكه‌یته‌وه، چونكه تۆ سه‌ربڕایت و به خوێنی خۆت خه‌ڵكت بۆ خودا كڕییه‌وه، له هه‌موو خێڵ و زمان و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك."
10 ئه‌وانیشت كرده شانشین و كاهین بۆ خودامان و حوكمڕانی زه‌وی ده‌كه‌ن.)"
11 ئینجا ته‌ماشام كرد و گوێم له ده‌نگی فریشته‌یه‌كی زۆر بوو له ده‌وری ته‌خته‌كه و بوونه‌وه‌ره‌كان و پیره‌كان، ژماره‌یان هه‌زار هه‌زار و ده هه‌زار ده هه‌زار ده‌بوو،"
12 به ده‌نگێكی به‌رز ده‌یان‌ووت: (به‌رخه سه‌ربڕاوه‌كه شایسته‌ی وه‌رگرتنی توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و هێز و ڕێز و شكۆ و ستایشه!)"
13 هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی ئاسمان و زه‌وی و ژێر زه‌وی و ناو ده‌ریاش، هه‌ر ئه‌وه‌ی تیایان دایه، بیستم ده‌یان‌ووت: (با ستایش و ڕێز و شكۆ و توانا، بۆ دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و به‌رخه‌كه بێت، تاهه‌تایه!)"
14 چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ش ده‌یان‌ووت: (ئامین)، پیره‌كانیش كه‌وتن و كڕنۆشیان برد."
1 سه‌یرم كرد كه به‌رخه‌كه یه‌كێك له حه‌وت مۆره‌كه‌ی كرده‌وه. ئینجا گوێم لێ‌بوو یه‌كێك له چوار بوونه‌وه‌ره‌كه به ده‌نگێكی وه‌ك هه‌وره‌تریشقه وتی: (وه‌ره!)"
2 سه‌یرم كرد ئه‌سپێكی سپیم بینی، سواره‌كه‌ی كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه بوو و تاجێكی درابووێ، به سه‌ركه‌وتنه‌وه ده‌رچوو تاكو سه‌ربكه‌وێت."
3 كاتێ به‌رخه‌كه مۆری دووه‌می كرده‌وه، گوێم له بوونه‌وه‌ری دووه‌م بوو وتی: (وه‌ره!)"
4 ئه‌سپێكی دیكه‌ی سووری دره‌وشاوه ده‌رچوو، سواره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێی درابوو ئاشتی له زه‌وی‌دا هه‌ڵبگرێت تاكو خه‌ڵك یه‌كتری بكوژن. هه‌روه‌ها شمشێرێكی گه‌وره‌ی درابووێ."
5 كاتێ به‌رخه‌كه مۆری سێیه‌می كرده‌وه، گوێم لێ‌بوو بوونه‌وه‌ری سێیه‌م وتی: (وه‌ره!) سه‌یرم كرد، ئه‌سپێكی ڕه‌شم بینی، سواره‌كه‌ی ته‌رازوویه‌كی به‌ده‌سته‌وه بوو."
6 گوێم لێ‌بوو ده‌نگێك له‌ناوه‌ڕاستی چوار بوونه‌وه‌ره‌كه ده‌یووت: (یه‌ك ڕبه گه‌نم به دینارێك، سێ ڕبه جۆ به دینارێك، به‌ڵام زیان به ڕۆن و شه‌رابه‌كه مه‌گه‌یه‌نه.)"
7 كاتێ مۆری چواره‌می كرده‌وه، گوێم له ده‌نگی بوونه‌وه‌ری چواره‌م بوو وتی: (وه‌ره!)"
8 سه‌یرم كرد، ئه‌سپێكی زه‌ردباوم بینی، سواره‌كه‌ی ناوی مردن بوو، جیهانی مردووان دوای كه‌وتبوو. ده‌سه‌ڵاتیان درابووێ چاره‌گی زه‌وی به شمشێر و برسیێتی و ده‌رد بكوژن، هه‌روه‌ها به دڕنده كێویه‌كانی زه‌وی."
9 كاتێ مۆری پێنجه‌می كرده‌وه، له ژێر قوربانگادا ڕۆحی ئه‌وانه‌م بینی كه له‌به‌ر وشه‌ی خودا و له‌به‌ر ئه‌و شایه‌تییه‌ی له‌لایان بوو كوژرا بوون."
10 به ده‌نگێكی به‌رز هاواریان كرد و وتیان: (ئه‌ی خوداوه‌ندی پیرۆز و ڕاست، هه‌تا كه‌ی حوكمیان ناده‌یت و تۆڵه‌ی خوێنی ئێمه له دانیشتووانی زه‌وی ناستێنیت؟)"
11 جا هه‌ریه‌كه‌یان جلێكی سپییان درایێ و پێیان وترا ماوه‌یه‌ك بحه‌سێنه‌وه، تاكو به‌نده هاوكاره‌كان و خوشك و براكانیان كه وه‌ك ئه‌وان ده‌كوژرێن ته‌واو ده‌بن."
12 سه‌یرم كرد كه مۆری شه‌شه‌می كرده‌وه، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره ڕووی‌دا و خۆر وه‌ك به‌رگی ماته‌م ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا، مانگیش وه‌ك خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا،"
13 ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان كه‌وتنه زه‌وی، وه‌ك دارهه‌نجیر كاتێ بایه‌كی توند ده‌یهه‌ژێنێت، به‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت."
14 ئاسمان وه‌ك پێچراو كه‌رت بوو، هیچ چیا و دوورگه‌یه‌ك له شوێنی خۆی نه‌ما."
15 پاشایانی زه‌وی و گه‌وره‌كان و سوپاسالاره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و به‌هێزان و هه‌موو كۆیله و ئازادێك، خۆیان له ئه‌شكه‌وت و تاشه‌به‌ردی چیا حه‌شار دا،"
16 به چیا و به‌ردیان ده‌ووت: (بكه‌ونه سه‌رمان تاكو له‌ڕووی دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و تووڕه‌یی به‌رخه‌كه بمانشارنه‌وه!"
17 چونكه ڕۆژی تووڕه‌بوونه گه‌وره‌كه‌ی هاتووه و كێ ده‌توانێت خۆی ڕابگرێت؟)"
1 پاش ئه‌مه چوار فریشته‌م بینی له‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستابوون، چوار بایه‌كه‌ی زه‌وییان گرتبوو تاكو بۆ سه‌ر زه‌وی و سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر هیچ دره‌ختێك هه‌ڵنه‌كه‌ن."
2 فریشته‌یه‌كی دیكه‌شم بینی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌رده‌كه‌وت مۆری خودای زیندووی پێ‌بوو، به ده‌نگێكی به‌رز بانگی چوار فریشته‌كه‌ی كرد كه پێیان درابوو زیان به زه‌وی و ده‌ریا بگه‌یه‌نن، وتی:"
3 (زیان به زه‌وی و ده‌ریا و دره‌خت مه‌گه‌یه‌نن تاكو نێوچه‌وانی به‌نده‌كانی خودامان مۆر ده‌كه‌ین.)"
4 گوێم له ژماره‌ی مۆركراوان بوو كه سه‌د و چل و چوار هه‌زار بوون، له هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئسیرائیل بوون."
5 له هۆزی یه‌هودا دوازده هه‌زار مۆركراو، له هۆزی ڕه‌ئوبێن دوازده هه‌زار، له هۆزی گاد دوازده هه‌زار،"
6 له هۆزی ئه‌شیر دوازده هه‌زار، له هۆزی نه‌فتالی دوازده هه‌زار، له هۆزی مه‌نه‌سا دوازده هه‌زار،"
7 له هۆزی شیمۆن دوازده هه‌زار، له هۆزی لێڤی دوازده هه‌زار، له هۆزی یه‌ساكر دوازده هه‌زار،"
8 له هۆزی زه‌بولون دوازده هه‌زار، له هۆزی یوسف دوازده هه‌زار، له هۆزی بنیامین دوازده هه‌زار مۆركراو."
9 پاش ئه‌مه سه‌یرم كرد حه‌شاماتێكم بینی كه‌س ناتوانێت بیژمێرێت له هه‌موو نه‌ته‌وه و هۆز و گه‌ل و زمانێك، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه و به‌رخه‌كه ڕاوه‌ستابوون، جلی سپییان له‌به‌ردا بوو و لقه دارخورمایان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو،"
10 به ده‌نگێكی به‌رز هاواریان ده‌كرد و ده‌یان‌ووت: (ڕزگاری هی خودامانه، كه له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه و بۆ به‌رخه‌كه‌یه.)"
11 هه‌موو فریشته‌كان له ده‌وری ته‌خته‌كه ڕاوه‌ستابوون، پیره‌كان و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه به ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد،"
12 ده‌یان‌ووت: (ئامین! ستایش و شكۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خودامانه، تاهه‌تایه! ئامین!)"
13 دوایی یه‌كێك له پیره‌كان لێی پرسیم: (ئه‌م سپی پۆشانه كێن و له‌كوێوه هاتوون؟)"
14 منیش پێم وت: (گه‌وره‌م، تۆ ده‌زانیت.) پێی‌ووتم: (ئه‌مانه ئه‌وانه‌ن كه له ته‌نگانه گه‌وره‌كه‌وه هاتوون و جله‌كانیان به خوێنی به‌رخه‌كه شۆردووه و سپی كردووه."
15 بۆیه له‌به‌رده‌م ته‌ختی خودادان و شه‌و و ڕۆژ له په‌رستگاكه‌ی خزمه‌تی ده‌كه‌ن و دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش به چادر دایان ده‌پۆشێت."
16 ئیتر نه برسی ده‌بن و نه تینوو، نه هه‌تاو لێیان ده‌دات و نه گه‌رمی سووتێنه‌ر."
17 چونكه به‌رخه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه شوانه‌تییان ده‌كات و به‌ره‌و كانییه‌كانی ئاوی ژیانیان ده‌بات، خودا‌ش هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه.)"
1 كاتێ به‌رخه‌كه مۆری حه‌وته‌می كرده‌وه، نیو كاتژمێر بێ‌ده‌نگیه‌ك ئاسمانی گرته‌وه."
2 حه‌وت فریشته‌كه‌م بینی كه له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستن و حه‌وت كه‌ڕه‌نایان درابووێ."
3 فریشته‌یه‌كی دیكه‌ش هات و له‌لای قوربانگا وه‌ستا، بخووردانێكی زێڕینی پێ‌بوو. بخوورێكی زۆریشی درابووێ تاكو له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پیرۆزكراوان له‌سه‌ر قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م ته‌خت پێشكه‌شی بكات."
4 له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پیرۆزكراوان دووكه‌ڵی بخوور له ده‌ستی فریشته‌كه له‌به‌رده‌م خودا به‌رزبۆوه."
5 فریشته‌كه‌ش بخووردانه‌كه‌ی برد و له قوربانگاكه پڕی كرد له ئاگر و فڕێی‌دایه سه‌ر زه‌وی، له‌وێ‌دا بووه گه‌واره و ده‌نگه‌ده‌نگ و بروسكه و بوومه‌له‌رزه."
6 ئیتر حه‌وت فریشته‌كه‌ی حه‌وت كه‌ڕه‌ناكه‌یان پێ‌بوو خۆیان بۆ لێدانی كه‌ڕه‌نا سازكرد."
7 فریشته‌ی یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌رزه و ئاگری تێكه‌ڵ به خوێن په‌یدابوو، فڕێدرانه زه‌وی. سێیه‌كی زه‌وی سووتا و سێیه‌كی دره‌خته‌كانیش سووتان و هه‌موو گیایه‌كی سه‌وز سووتا."
8 فریشته‌ی دووه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و شتێكی وه‌كو چیایه‌كی گه‌وره‌ی گڕگرتوو فڕێدرایه ده‌ریاوه. سێیه‌كی ده‌ریاكه‌ش بووه خوێن،"
9 سێیه‌كی بوونه‌وه‌رانی زیندووی ده‌ریا مردن، سێیه‌كی كه‌شتییه‌كانیش تێك‌شكان."
10 فریشته‌ی سێیه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرشنگداری وه‌ك چرا له ئاسمانه‌وه كه‌وته سه‌ر سێیه‌كی ڕووبار و سه‌رچاوه‌كانی ئاو --"
11 ئه‌ستێره‌كه‌ش ناوی (تاڵاو ) بوو. سێیه‌كی ئاو تاڵ بوو، خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌به‌ر تاڵی ئاوه‌كه مردن."
12 فریشته‌ی چواره‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، سێیه‌كی خۆر و سێیه‌كی مانگ و سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كان لێدران، تاكو سێیه‌كیان تاریك بن و ڕۆژ سێیه‌كی ڕووناكی نه‌دات و شه‌ویش ئاوا."
13 پاشان ته‌ماشام كرد، بیستم هه‌ڵۆیه‌كی هه‌ڵفڕیو له‌ناوه‌ڕاستی ئاسمان‌دا، به ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: (قوڕ به‌سه‌ر! قوڕ به‌سه‌ر! قوڕ به‌سه‌ر دانیشتووانی زه‌وی، له‌به‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ڕه‌نا كه ماوه و سێ فریشته‌كه‌ی دیكه كه خه‌ریكن كه‌ڕه‌ناكانیان لێده‌ن!)"
1 فریشته‌ی پێنجه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌ماشام كرد ئه‌ستێره‌یه‌ك له ئاسمانه‌وه كه‌وته زه‌وی و كلیلی بیری بێ‌بنی درابووێ."
2 كاتێ بیری بێ‌بنی كرده‌وه، دووكه‌ڵێك وه‌ك دووكه‌ڵی كووره‌یه‌كی گه‌وره لێی به‌رزبۆوه و دووكه‌ڵه‌كه‌ی بیری بێ‌بن خۆر و هه‌وای تاریك كرد."
3 له دووكه‌ڵه‌كه‌وه كولله ده‌رچوون بۆ زه‌وی و ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دووپشكی زه‌وییان درابووێ."
4 فه‌رمانیان پێ درابوو زیان به گیای زه‌وی و هیچ سه‌وزایی و هیچ دره‌ختێك نه‌گه‌یێنن، ته‌نها به‌و كه‌سانه كه مۆری خودایان به نێوچه‌وانه‌وه نییه."
5 ڕێیان پێ نه‌درابوو بیانكوژن، به‌ڵكو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازاره‌كه‌ی وه‌ك ئازاری دووپشكه كاتێ به مرۆڤه‌وه ده‌دات."
6 له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵك به‌دوای مردن‌دا ده‌گه‌ڕێن و نایدۆزنه‌وه، حه‌ز له مردن ده‌كه‌ن و مردن لێیان ڕاده‌كات."
7 شێوه‌ی كولله‌كان وه‌ك ئه‌سپ بوو بۆ شه‌ڕ ئاماده كرابێت، له‌سه‌ر سه‌ریان شتێكی وه‌ك تاجی زێڕین بوو و ڕوویان وه‌ك ڕووی مرۆڤ."
8 قژیان وه‌ك قژی ئافره‌ت بوو و ددانه‌كانیان وه‌ك ددانی شێر."
9 سپه‌ریان هه‌بوو، وه‌ك سپه‌ری ئاسنین، ده‌نگی باڵه‌كانیان وه‌ك ده‌نگی گالیسكه‌ی ئه‌سپێكی زۆر بوو بۆ جه‌نگ ڕابكه‌ن."
10 چه‌ند كلكێكی چزووداری وه‌ك دووپشكیان هه‌بوو، پێنج مانگ ده‌سه‌ڵاتی كلكه‌كانیان بۆ ئازاردانی خه‌ڵك بوو."
11 فریشته‌ی بیری بێ‌بن پاشا بوو به‌سه‌ریانه‌وه، به عیبری ناوی (ئه‌به‌دون)ـه و به یۆنانی ناوی (ئه‌پۆلیۆن)ـه."
12 ئه‌وه‌تا قوڕ به سه‌ریی یه‌كه‌م به‌سه‌رچوو. دوو قوڕ به سه‌ریی دیكه ماوه كه دوای ئه‌مه دێن."
13 فریشته‌ی شه‌شه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و ده‌نگێك له چوار قۆچه‌كه‌ی قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م خوداوه هاته گوێم،"
14 به فریشته‌ی شه‌شه‌می ده‌ووت كه كه‌ڕه‌ناكه‌ی پێ‌بوو: (چوار فریشته به‌ستراوه‌كه‌ی لای ڕووباری گه‌وره‌ی فوڕات ئازاد بكه.)"
15 چوار فریشته‌كه‌ی ئاماده كرابوون بۆ ئه‌و كاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵه، ئازاد كران، تاكو سێیه‌كی مرۆڤ بكوژن."
16 ژماره‌ی سه‌ربازه سواره‌كان دوو سه‌د ملیۆن بوون، گوێم له ژماره‌یان بوو."
17 ئاوا ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیانم له بینینه‌كه‌دا بینی: سپه‌ری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هه‌بوو، سه‌ری ئه‌سپه‌كان وه‌ك سه‌ری شێر وابوون و له ده‌میانه‌وه ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد ده‌رده‌چوو."
18 به‌و سێ ده‌رده سێیه‌كی مرۆڤایه‌تی كوژران، به ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد كه له ده‌میان ده‌رده‌چوو."
19 چونكه هێزی ئه‌سپه‌كان له ده‌م و كلكیانه، چونكه كلكیان وه‌ك مار سه‌ری هه‌یه خه‌ڵكی پێ ئازار ده‌دات."
20 پاشماوه‌ی مرۆڤه‌كان كه به‌و ده‌ردانه نه‌كوژران، تۆبه‌یان له كرده‌ی ده‌ستی خۆیان نه‌كرد. نه‌وه‌ستان له كڕنۆش بردن بۆ ڕۆحی‌پیس و بته زێڕینه‌كان و زیو و مس و به‌رد و دار، كه‌وا ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن."
21 هه‌روه‌ها له كوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیكردنیان تۆبه‌یان نه‌كرد."
1 پاشان فریشته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزم بینی له ئاسمانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه و به هه‌ور خۆی پۆشیبوو، په‌لكه‌زێڕینه له‌سه‌ر سه‌ری بوو، ڕووی وه‌ك خۆر وابوو، پێیه‌كانی وه‌ك ستوونی ئاگر وابوون."
2 پێچراوێكی بچووكی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو. پێی ڕاستی له‌سه‌ر ده‌ریا و چه‌پی له‌سه‌ر وشكایی دانا."
3 به ده‌نگێكی به‌رز وه‌ك نه‌ڕه‌ی شێر نه‌ڕاندی. كاتێ نه‌ڕاندی، حه‌وت گه‌واره به ده‌نگه‌كانیان هاتنه دووان."
4 كاتێ حه‌وت گه‌واره‌كه هاتنه دووان، به‌ته‌مابووم بنووسم، به‌ڵام ده‌نگێكم له ئاسمانه‌وه گوێ لێ‌بوو ده‌یفه‌رموو: (ئه‌وه‌ی حه‌وت گه‌واره‌كه وتیان مۆری بكه و مه‌یاننووسه.)"
5 ئه‌و فریشته‌یه‌ی بینیم له‌سه‌ر ده‌ریا و وشكایی ڕاوه‌ستابوو ده‌ستی ڕاستی بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه و"
6 سوێندی به زیندووی تاهه‌تایی خوارد، ئه‌وه‌ی ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایان دایه به‌دیهێناوه، وتی: (دواكه‌وتنی دیكه نابێت!"
7 به‌ڵكو له‌و ڕۆژانه‌ی فریشته‌ی حه‌وته‌م خه‌ریكه كه‌ڕه‌نا لێ ده‌دات و ده‌نگی لێ دێت، نهێنی خودا‌ش دێته دی، وه‌ك موژده‌ی به به‌نده پێغه‌مبه‌ره‌كانی دا.)"
8 ئه‌و ده‌نگه‌ی له ئاسمانه‌وه گوێم لێ‌بوو دیسان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و فه‌رمووی: (بڕۆ پێچراوه كراوه‌كه له فریشته ڕاوه‌ستاوه‌كه‌ی سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر وشكایی وه‌ربگره.)"
9 چوومه لای فریشته‌كه و پێم وت پێچراوه بچووكه‌كه‌م بداتێ، پێی‌ووتم: (بیبه و بیخۆ. گه‌ده‌ت تاڵ ده‌كات، به‌ڵام له ده‌مت‌دا وه‌ك هه‌نگوین شیرین ده‌بێت.)"
10 پێچراوه بچووكه‌كه‌م له ده‌ستی فریشته‌كه برد و خواردم، له ده‌مم وه‌ك هه‌نگوین شیرین بوو، به‌ڵام كه خواردم گه‌ده‌ی تاڵ كردم."
11 جا پێی‌ووتم: (ده‌بێت دیسان پێشبینی له‌سه‌ر خه‌ڵك و نه‌ته‌وه و زمان و پاشای زۆر بكه‌یت.)"
1 پاشان قامیشێكی وه‌ك داری پێوانه‌م درایێ، پێم وترا: (هه‌سته، په‌رستگای خودا و قوربانگا بپێوه و ئه‌وانه‌ی تیای‌دا كڕنۆش ده‌به‌ن بیانژمێره."
2 واز له حه‌وشه‌ی په‌رستگا بهێنه و مه‌یپێوه، چونكه به نه‌ته‌وه‌كان دراوه، چل و دوو مانگیش شاری پیرۆز پێشێل ده‌كه‌ن."
3 به دوو شایه‌ته‌كانم ده‌ده‌م بۆ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به به‌رگی ماته‌مه‌وه پێشبینی بكه‌ن.)"
4 ئه‌مانه ئه‌و دوو دارزه‌یتوونه و ئه‌و دوو چرادانه‌ن كه له‌به‌رده‌م خوداوه‌ندی زه‌وی ڕاوه‌ستاون."
5 ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت، ئاگر له ده‌میانه‌وه ده‌رده‌چێت و دوژمنانیان ده‌خوات. ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت ده‌بێت ئاوا بكوژرێت."
6 ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له ڕۆژانی پێغه‌مبه‌رایه‌تییان ئاسمان دابخه‌ن، تاكو باران نه‌بارێت. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئاودا هه‌یه بیكه‌نه خوێن و به هه‌موو ده‌ردێك له زه‌وی بده‌ن، هه‌ر كاتێ بیانه‌وێ."
7 كاتێ شایه‌تییه‌كه‌یان ته‌واو كرد ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له بیری بێ‌بن دێته ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگێت، ده‌یانبه‌زێنێت و ده‌یانكوژێت."
8 ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامی شاره گه‌وره‌كه ده‌بێت كه ناوی مه‌جازی سه‌دوم و میسره، له‌وێش خوداوه‌ندیان له خاچ درا."
9 خه‌ڵكی له گه‌ل و هۆز و زمان و نه‌ته‌وان بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ و نیو ته‌ماشای ته‌رمه‌كانیان ده‌كه‌ن و ناهێڵن بنێژرێن."
10 دانیشتووانی زه‌وی پێی شاد ده‌بن و شایی ده‌گێڕن و دیاری بۆ یه‌كتری ده‌نێرن، چونكه ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره دانیشتووانی سه‌ر زه‌وییان ئازار دابوو."
11 پاش سێ ڕۆژ و نیو ڕۆحی ژیان له خوداوه چووه ناویان، ئه‌وانیش هه‌ڵستانه‌وه سه‌رپێیانیان و ترسێكی گه‌وره كه‌وته سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌ماشایان ده‌كرد."
12 ده‌نگێكی به‌رزیشیان له ئاسمانه‌وه بیست، پێی ده‌فه‌رموون: (سه‌ربكه‌ونه ئێره.) ئه‌وانیش له‌به‌رچاوی دوژمنانیان له هه‌وردا بۆ ئاسمان سه‌ركه‌وتن."
13 هه‌ر له‌و كاته‌دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره ڕووی‌دا و ده‌یه‌كی شاره‌كه كه‌وت. حه‌وت هه‌زار كه‌س به بوومه‌له‌رزه‌كه كوژران، ئه‌وانی دیكه ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان كرد."
14 قوڕ به سه‌ریی دووه‌م به‌سه‌رچوو، ئه‌وه‌تا قوڕ به سه‌ریی سێیه‌م وا به خێرایی دێت."
15 فریشته‌ی حه‌وته‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و چه‌ند ده‌نگێكی به‌رز له ئاسمانه‌وه هاتن و وتیان: (شانشینی جیهان بووه شانشینی خوداوه‌ندمان و مه‌سیحه‌كه‌ی ، ئه‌ویش تاهه‌تایه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات.)"
16 بیست و چوار پیره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودا له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون، خۆیان به ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد،"
17 وتیان: (سوپاست ده‌كه‌ین، خودای په‌روه‌ردگاری هه‌ره به توانا، ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه، چونكه هێزه گه‌وره‌كه‌ی خۆت وه‌رگرت و ده‌ستت به فه‌رمانڕه‌وایی كرد."
18 نه‌ته‌وه‌كان تووڕه بوون، تووڕه‌یی تۆش هاتووه. كاتی لێپرسینه‌وه‌ی مردووان هات، بۆ پاداشتكردنی به‌نده پێغه‌مبه‌ره‌كانت و پیرۆزكراوان و ئه‌وانه‌ی له ناوت ده‌ترسن، گه‌وره و بچووك، هه‌روه‌ها بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی زه‌وی له‌ناوده‌به‌ن.)"
19 په‌رستگای خودا‌ش له ئاسمان‌دا كرابۆوه و سندوقی په‌یمانه‌كه‌ی له په‌رستگاكه‌ی ده‌ركه‌وت. له‌وێ‌دا بووه بروسكه و ده‌نگه‌ده‌نگ و گه‌واره و بوومه‌له‌رزه و ته‌رزه‌ی گه‌وره باری."
1 نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ش له ئاسمان ده‌ركه‌وت: ئافره‌تێك خۆری پۆشی بوو، مانگ له ژێر پێی‌دا و تاجێكی دوازده ئه‌ستێره‌یی له‌سه‌ر سه‌ری بوو،"
2 سكی هه‌بوو، ئازاری هه‌بوو و له ژانی منداڵبوون هاواری ده‌كرد."
3 نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ش له ئاسمان‌دا ده‌ركه‌وت: ئه‌ژدیهایه‌كی گه‌وره‌ی سوور، حه‌وت سه‌ر و ده قۆچی هه‌بوو، حه‌وت تاج له‌سه‌ر سه‌ره‌كان بوو."
4 كلكیشی سێیه‌كی ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی ڕ‌اكێشا و فڕێی‌دانه سه‌ر زه‌وی، ئه‌ژدیهاكه له‌به‌رده‌م ئافره‌ته‌كه كه منداڵی ده‌بوو وه‌ستابوو، تاكو كه منداڵه‌كه بوو بیخوات."
5 ئیتر منداڵێكی نێرینه‌ی بوو، ئه‌وه‌ی له داهاتوو به گۆپاڵێكی ئاسنین فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات. به‌ڵام منداڵه‌كه‌ی بۆ لای خودا و ته‌خته‌كه‌ی ڕفێندرا."
6 ئافره‌ته‌كه‌ش به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ڕایكرد، له‌وێ‌دا شوێنێكی هه‌یه له‌لایه‌ن خوداوه ئاماده كراوه، تاكو له‌وێ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌خێو بكرێت."
7 له ئاسمان‌دا بووه شه‌ڕ، میكائیل و فریشته‌كانی دژی ئه‌ژدیهاكه هێرشیان برد، ئه‌ژدیهاكه و فریشته‌كانیشی هێرشیان برد،"
8 به‌ڵام ئه‌ژدیهاكه به‌هێز نه‌بوو، شوێنیان له ئاسمان‌دا نه‌ما."
9 ئه‌ژدیهایه گه‌وره‌كه فڕێدرایه خواره‌وه - ماره دێرینه‌كه كه به ئیبلیس و شه‌یتان ناوده‌بردرێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان گومڕا ده‌كات - فریشته‌كانیشی له‌گه‌ڵی‌دا فڕێدرانه زه‌وی."
10 جا گوێم له ده‌نگێكی به‌رز بوو له ئاسمان‌دا ده‌یفه‌رموو: (ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحه‌كه‌ی هاتووه، چونكه ئه‌و سكاڵاكاره‌ی له خوشك و براكانمان، كه شه‌و و ڕۆژ له‌به‌رده‌م خودامان سكاڵای لێیان ده‌كرد، فڕێدرایه خواره‌وه."
11 ئه‌وان به خوێنی به‌رخه‌كه و به وشه‌ی شایه‌تییان به‌زاندییان، تا ئه‌وه‌ی له‌ڕووی مردنیش ژیانی خۆیان خۆشنه‌ویست."
12 بۆیه ئه‌ی ئاسمان و ئه‌وانه‌ی تیای‌دا نیشته‌جێن، دڵخۆش بن! به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر زه‌وی و ده‌ریا، چونكه ئیبلیس بۆتان دابه‌زیوه! تووڕه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی پێیه، چونكه ده‌زانێت كاتێكی كورتی هه‌یه.)"
13 كاتێ ئه‌ژدیهاكه خۆی بینی فڕێدراوه‌ته زه‌وی، ئافره‌ته‌كه‌ی ڕاونا كه كوڕه‌كه‌ی لێ‌بوو."
14 ئافره‌ته‌كه دوو باڵی هه‌ڵۆیه گه‌وره‌كه‌ی درایێ تاكو بۆ چۆڵه‌وانی و شوێنی خۆی بفڕێت، له‌وێ‌دا كاتێك و دوو كات و نیو دوور له ماره‌كه به‌خێو كرا."
15 ماره‌كه‌ش له ده‌میه‌وه ئاوێكی وه‌ك ڕووباری فڕێ‌دا بۆ دواوه‌ی ئافره‌ته‌كه، تاكو به ڕووبار هه‌ڵبگیردرێت."
16 زه‌وی یارمه‌تی ئافره‌ته‌كه‌ی دا، زه‌وی ده‌می كرده‌وه و ئه‌و ڕووباره‌ی قووت دا كه ئه‌ژدیهاكه له ده‌میه‌وه فڕێی‌دا."
17 ئه‌ژدیهاكه له ئافره‌ته‌كه تووڕه بوو، چوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی دیكه‌ی بجه‌نگێت، ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا ده‌پارێزن و پابه‌ندن به شایه‌تییان بۆ عیسا."
1 ئه‌ژدیهاكه‌ش له‌سه‌ر لمی ده‌ریا ڕاوه‌ستا. ئینجا دڕنده‌یه‌كم بینی له ده‌ریاكه ده‌رده‌چوو، ده قۆچ و حه‌وت سه‌ری هه‌بوو، ده تاجیش له‌سه‌ر قۆچه‌كانی بوو، له‌سه‌ر سه‌ره‌كانیشی ناوی كفركردن هه‌بوو."
2 ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیم له پڵنگ ده‌چوو، پێی وه‌ك ورچ و ده‌می وه‌ك ده‌می شێر بوو. ئه‌ژدیهاكه‌ش توانا و ته‌ختی خۆی و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی دایه دڕنده‌كه."
3 سه‌رێك له سه‌ره‌كانی دڕنده‌كه وه‌ك بۆ مردن سه‌ربڕابێت، برینه كوشنده‌كه‌شی ساڕ‌ێژ ببوو. هه‌موو زه‌ویش به سه‌رسامییه‌وه به‌دوای دڕنده‌كه كه‌وتن،"
4 كڕنۆشیان بۆ ئه‌ژدیهاكه برد، چونكه ده‌سه‌ڵاتی به دڕنده‌كه دا، كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه‌ش برد و وتیان: (كێ وه‌ك دڕنده‌كه وایه؟ كێ ده‌توانێت دژی بجه‌نگێت؟)"
5 دڕنده‌كه ده‌مێكی درابووێ، قسه‌ی گه‌وره و كفری ده‌كرد، هه‌روه‌ها چل و دوو مانگی درابووێ ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنێت."
6 ئیتر ده‌می كرده‌وه و كفری به خودا كرد و جنێوی به ناوی خودا و نشینگه‌كه‌ی و دانیشتووانی ئاسمان ده‌دا."
7 ڕێگای پێ‌درابوو له دژی پیرۆزكراوان بجه‌نگێت و بیانبه‌زێنێت، ده‌سه‌ڵاتیشی درابووێ به‌سه‌ر هه‌موو هۆز و گه‌ل و زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌ك‌دا."
8 هه‌موو دانیشتووانی سه‌ر زه‌ویش كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن - - ئه‌وانه‌ی ناویان له په‌ڕتووكی ژیانی به‌رخه‌كه نه‌نووسراوه كه له دامه‌زراندنی جیهانه‌وه سه‌ربڕاوه."
9 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه، با ببیستێت."
10 ئه‌گه‌ر یه‌كێك بۆ ڕاپێچ‌كردن بچێت، ڕاپێچ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك به شمشێر بكوژرێت، به شمشێر ده‌كوژرێت. ئه‌م بانگه‌وازه بۆ دانبه‌خۆداگرتن و دڵسۆزی پیرۆزكراوانه."
11 دڕنده‌یه‌كی دیكه‌م بینی له زه‌وییه‌وه ده‌رده‌چوو، دوو قۆچی وه‌ك به‌رخی هه‌بوو، وه‌ك ئه‌ژدیها ده‌دووا."
12 به ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و په‌یڕه‌و ده‌كات، وا له زه‌وی و دانیشتووانی سه‌ری ده‌كات كڕنۆش بۆ دڕنده‌ی یه‌كه‌م ببه‌ن، كه برینه كوشنده‌كه‌ی ساڕ‌ێژ ببوو."
13 نیشانه‌ی گه‌وره ده‌كات، ته‌نانه‌ت وا ده‌كات له‌به‌رچاوی خه‌ڵك ئاگر له ئاسمانه‌وه بێته خواره‌وه بۆ زه‌وی."
14 هه‌روه‌ها به‌و نیشانانه‌ی كه پێی دراوه له پێناوی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بیكات، دانیشتووانی زه‌وی گومڕا كرد. به خه‌ڵكی سه‌ر زه‌وی ده‌ڵێت په‌یكه‌ر‌ێك بۆ ئه‌و دڕنده‌یه دابمه‌زرێنێت كه به شمشێر بریندار كرا و به زیندوویی مایه‌وه."
15 هه‌روه‌ها پێی درابوو هه‌ناسه بداته په‌یكه‌ر‌ی دڕنده‌ی یه‌كه‌م تاكو وێنه‌ی دڕنده‌كه قسه بكات و وابكات هه‌موو ئه‌وانه‌ی كڕنۆش بۆ وێنه‌ی دڕنده‌كه نابه‌ن بكوژرێن."
16 وای له هه‌مووانیش ده‌كرد، گه‌وره و بچووك، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، ئازاد و كۆیله، نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی ڕاستیان یان له‌سه‌ر ناوچه‌وانیان دروست بكرێت،"
17 تاكو كه‌س نه‌توانێت بكڕێت یان بفرۆشێت، ته‌نها ئه‌وه‌ی نیشانه‌كه‌ی پێوه‌یه. نیشانه‌كه‌ش ناوی دڕنده‌كه‌یه یان ژماره‌ی ناوه‌كه‌ی."
18 ئه‌مه بانگه‌وازه بۆ دانایی: ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌یه با ژماره‌ی دڕنده‌كه بژمێرێت، چونكه ژماره‌ی مرۆڤه كه ژماره‌كه‌ی شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌شه."
1 پاشان بینیم به‌رخه‌كه له‌سه‌ر كێوی سییۆن ڕاوه‌ستابوو، سه‌د و چل و چوار هه‌زاری له‌گه‌ڵ‌بوو، ناوی ئه‌و و ناوی باوكی ئه‌ویان له‌سه‌ر ناوچه‌وانیان نووسرابوو."
2 له ئاسمانه‌وه ده‌نگێكم بیست وه‌ك خوڕه‌ی ئاوێكی زۆر و ده‌نگی گه‌واره‌یه‌كی گه‌وره. ده‌نگێكی وه‌ك قیساره‌شم بیست كه ژه‌نیاران لێیان‌ده‌دا."
3 له‌به‌رده‌م ته‌خت و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه و پیره‌كان سروودێكی نوێیان ده‌ووت. كه‌س نه‌یده‌توانی سرووده‌كه فێرببێت جگه له‌و سه‌د و چل و چوار هه‌زاره‌ی له زه‌وییه‌وه كڕابوونه‌وه."
4 ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئافره‌ت گڵاو نه‌بوونه، چونكه پاكن، ئه‌وانه به‌دوای به‌رخه‌كه ده‌كه‌ون بۆ هه‌ر كوێ بڕوات، ئه‌وانه وه‌ك پێشه‌به‌ره بۆ خودا و به‌رخه‌كه له‌نێو خه‌ڵك كڕدراون."
5 درۆ له ده‌میان‌دا نادۆزرێته‌وه، گله‌ییان له‌سه‌ر نییه."
6 ئینجا فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ناوه‌ڕاستی ئاسمان‌دا ده‌فڕی، ئینجیلی تاهه‌تایی پێ بوو، تاكو موژده ببه‌خشێته دانیشتووانی زه‌وی - - هه‌موو نه‌ته‌وه و هۆز و زمان و گه‌لێك."
7 به ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: (له خودا بترسن و شكۆداری بكه‌ن، چونكه كاتی حوكمدان هاتووه. كڕنۆش بۆ دروستكه‌ری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و كانیاوه‌كان ببه‌ن.)"
8 فریشته‌یه‌كی دیكه، دووه‌م، له‌دوایه‌وه ده‌یووت: (كه‌وت! بابلی گه‌وره كه‌وت، ئه‌وه‌ی وای كرد هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان شه‌رابی تووڕه‌یی داوێنپیسییه‌كه‌ی بخۆنه‌وه.)"
9 فریشته‌یه‌كی دیكه، سێیه‌م، له‌دوایانه‌وه به ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: (ئه‌وه‌ی كڕنۆش بۆ دڕنده‌كه و وێنه‌كه‌ی ببات و نیشانه‌ی سه‌ر ده‌ستی یان نێوچه‌وانی وه‌ربگرێت،"
10 ئه‌ویش شه‌رابی تووڕه‌یی خودا ده‌خواته‌وه، كه به ساده‌یی له جامی تووڕه‌ییه‌كه‌ی ڕژاوه. له‌به‌رده‌م فریشته پیرۆزه‌كان و به‌رخه‌كه‌دا به ئاگر و گۆگرد ئازار ده‌درێت."
11 دووكه‌ڵی ئازاریان بۆ تاهه‌تایه به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌وانه‌ی كڕنۆش بۆ دڕنده‌كه و وێنه‌كه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی ناوه‌كه‌ی وه‌ربگرێت شه‌و و ڕۆژ پشوویان نابێت.)"
12 ئه‌مه بانگه‌وازه بۆ دانبه‌خۆداگرتنی پیرۆزكراوان، ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا و باوه‌ڕی عیسا ده‌پارێزن."
13 گوێم له ده‌نگێك بوو له ئاسمانه‌وه ده‌یووت: (بنووسه: خۆزگه ده‌خوازرێ به‌و مردووانه‌ی له ئێستاوه له خوداوه‌نددا ده‌مرن!) ڕۆحه‌كه ده‌فه‌رمووێ: (به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی له ماندووبوونیان بحه‌سێنه‌وه، چونكه كرده‌وه‌كانیان شوێنیان ده‌كه‌ون.)"
14 پاشان ته‌ماشام كرد، ئه‌وه‌تا هه‌ورێكی سپی و له‌سه‌ر هه‌وره‌كه یه‌كێكی {وه‌ك كوڕی مرۆڤ} دانیشتووه، تاجێكی زێڕینی له‌سه‌ر بوو و داسێكی تیژی به‌ده‌سته‌وه بوو."
15 فریشته‌یه‌كی دیكه له په‌رستگا ده‌رچوو و به ده‌نگێكی به‌رز بانگی دانیشتووی سه‌ر هه‌وره‌كه‌ی كرد: (داسه‌كه‌ت هه‌ڵگره و بدروه‌وه، چونكه كاتی دروێنه هاتووه و به‌رهه‌م پێگه‌یشتووه.)"
16 جا دانیشتووی سه‌ر هه‌وره‌كه داسه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زه‌وی وه‌شاند و زه‌وی دروایه‌وه."
17 فریشته‌یه‌كی دیكه له په‌رستگاكه‌ی له ئاسمانه ده‌رچوو و ئه‌ویش داسێكی تیژی پێ‌بوو."
18 فریشته‌یه‌كی دیكه له قوربانگاوه ده‌رچوو و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئاگردا هه‌بوو. به ده‌نگێكی به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داسه تیژه‌كه‌ی پێ‌بوو دووا و وتی: (داسه تیژه‌كه‌ت هه‌ڵگره و هێشووه‌كانی ڕه‌زی زه‌وی كۆبكه‌وه، چونكه ترێیه‌كه‌ی پێگه‌یشتووه.)"
19 فریشته‌كه داسه‌كه‌ی وه‌شانده زه‌وی و ڕه‌زه‌كانی زه‌وی ڕنی و فڕێی‌دایه ناو گوشه‌ره گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌یی خودا."
20 گوشه‌ره‌كه له ده‌ره‌وه‌ی شار گوشرا، تاكو به‌رزی لغاوی ئه‌سپ، هه‌زار و شه‌ش سه‌د ستادیا خوێن له گوشه‌ره‌كه ده‌رچوو."
1 پاشان نیشانه‌یه‌كی دیكه‌م له ئاسمان‌دا بینی، گه‌وره و سه‌یر: حه‌وت فریشته حه‌وت ده‌ردی كۆتاییان پێ بوو، چونكه تووڕه‌یی خودا له‌وانه ته‌واو ده‌بێت."
2 پاشان شتێكی وه‌ك ده‌ریای شووشه‌یی تێكه‌ڵ به ئاگرم بینی و ئه‌وانه‌ی دڕنده‌كه و وێنه‌كه‌ی و ژماره‌ی ناوه‌كه‌یان به‌زاندبوو، له‌سه‌ر ده‌ریا شووشه‌ییه‌كه ڕاوه‌ستابوون و قیساره‌ی خودایان پێ‌بوو."
3 سروودی موسای به‌نده‌ی خودا و سروودی به‌رخه‌كه‌یان ده‌چڕی، ده‌یان‌ووت: (ئه‌ی خوداوه‌ند، خودای هه‌ره به توانا، كاره‌كانت گه‌وره و سه‌یره! ئه‌ی پاشای نه‌ته‌وه‌كان، ڕێگاكانت ڕاست و دادپه‌وه‌ره."
4 ئه‌ی خوداوه‌ند، كێ له تۆ ناترسێت و ناوت شكۆدار ناكات؟ چونكه تۆ تاقه پیرۆزیت. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان دێن و كڕنۆشت بۆ ده‌به‌ن، چونكه دادپه‌روه‌ریه‌كانت ده‌ركه‌وتوون.)"
5 پاش ئه‌وه سه‌یرم كرد، په‌رستگاكه له ئاسمان‌دا كرایه‌وه كه نشینگه‌ی شایه‌تییه."
6 حه‌وت فریشته‌كه له په‌رستگاكه ده‌رچوون و حه‌وت ده‌رده‌كه‌یان پێ‌بوو، كه‌تانی پاك و پرشنگداریان پۆشی بوو، چه‌ند پشتێنێكی زێڕینیان له سنگ به‌ستبوو."
7 یه‌كێك له چوار بوونه‌وه‌ره‌كه حه‌وت جامی زێڕینی دایه حه‌وت فریشته‌كه و پڕبوون له تووڕه‌یی خودا، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه زیندووه."
8 په‌رستگاكه‌ش پڕبوو له دووكه‌ڵ به شكۆی و هێزی خودا و كه‌س نه‌یتوانی بچێته ناو په‌رستگاكه، تاكو حه‌وت ده‌رده‌كه‌ی حه‌وت فریشته‌كه ته‌واو نه‌بوون."
1 ئینجا له په‌رستگاكه‌وه گوێم له ده‌نگێكی به‌رز بوو به حه‌وت فریشته‌كه‌ی ده‌فه‌رموو: (بڕۆن حه‌وت جامه‌كه‌ی تووڕه‌یی خودا به‌سه‌ر زه‌وی‌دا بڕێژن.)"
2 فریشته‌ی یه‌كه‌م چوو و جامه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر زه‌وی‌دا ڕژاند، جا دومه‌ڵی پیس و ئازاربه‌خش له‌وانه ده‌ركه‌وت كه نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو و كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی بردبوو."
3 فریشته‌ی دووه‌میش جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده سه‌ر ده‌ریا و وه‌ك خوێنی مردووی لێ‌هات، هه‌موو زینده‌وه‌رێكی ناو ده‌ریا مرد."
4 فریشته‌ی سێیه‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده سه‌ر ڕووبار و كانیاوه‌كان، بووه خوێن."
5 گوێم له فریشته‌ی ئاوه‌كان بوو ده‌یووت: (تۆ دادپه‌روه‌ریت، ئه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه، پیرۆزه‌كه، چونكه ئاوا حوكمت داوه،"
6 چونكه خوێنی پێغه‌مبه‌ران و پیرۆزكراوانیان ڕشت، تۆش خوێنت پێ‌دان بیخۆنه‌وه، چونكه شایانی ئه‌وه‌ن.)"
7 گوێم له قوربانگاكه بوو ده‌یووت: (به‌ڵێ ئه‌ی خوداوه‌ند، خودای هه‌ره به توانا، حوكمه‌كانت ڕاست و دادپه‌روه‌رن.)"
8 فریشته‌ی چواره‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده سه‌ر خۆر و پێی درابوو خه‌ڵكی به ئاگر بسووتێنێت."
9 خه‌ڵك به گه‌رمایه‌كی گه‌وره سووتان، كفریان به ناوی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م ده‌ردانه‌دا هه‌یه، به‌ڵكو تۆبه‌یان نه‌كرد تاكو شكۆداری بكه‌ن."
10 فریشته‌ی پێنجه‌م جامه‌كه‌ی ڕژانده سه‌ر ته‌ختی دڕنده‌كه، شانشینه‌كه‌ی تاریك بوو، له‌تاو ئازار زمانی خۆیان ده‌گه‌ست."
11 له‌تاو ئازار و برینیان كفریان به خودای ئاسمان كرد و تۆبه‌یان له كرده‌وه‌كانیان نه‌كرد."
12 فریشته‌ی شه‌شه‌م جامه‌كه‌ی ڕژانده سه‌ر ڕووباری گه‌وره، فوڕات، له ئه‌نجام‌دا ئاوه‌كه‌ی وشكی كرد، تاكو ڕێگای پاشاكانی ڕۆژهه‌ڵات خۆش بكات."
13 ئینجا سێ ڕۆحی‌پیسی وه‌ك بۆقم بینی له ده‌می ئه‌ژدیهاكه و ده‌می دڕنده‌كه و ده‌می پێغه‌مبه‌ره درۆزنه‌كه ده‌هاتن."
14 چونكه ڕۆحی شه‌یتانین نیشانه ده‌كه‌ن، ده‌چنه لای پاشاكانی هه‌موو جیهان، تاكو بۆ جه‌نگ كۆیان بكه‌نه‌وه له‌و ڕۆژه گه‌وره‌یه‌ی خودای هه‌ره به توانا."
15 (ئه‌وه‌تا وه‌ك دزێك دێم! خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وه‌ی شه‌واره ده‌گرێت و جل‌وبه‌رگه‌كانی ده‌پارێزێت، نه‌وه‌ك ئابڕووی ببینرێت و به ڕووتی بڕوات.)"
16 ئیتر له شوێنێك‌دا كۆی كردنه‌وه به عیبری پێی ده‌ووترێ (هارمه‌گیدۆن )."
17 فریشته‌ی حه‌وته‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده سه‌ر هه‌وا، ده‌نگێكی به‌رز له په‌رستگاكه و له ته‌خته‌كه‌وه هات، وتی: (هاته دی!)"
18 پاشان بروسك و ده‌نگه‌ده‌نگ و گه‌واره په‌یدابوو و بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره ڕووی‌دا، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ته‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر زه‌وین شتی وا ڕووی نه‌داوه، بوومه‌له‌رزه‌كه زۆر به‌هێز بوو."
19 شاره گه‌وره‌كه بووه سێ به‌ش، شاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كانیش كه‌وتن. خودا‌ش بابلی گه‌وره‌ی به‌بیرهاته‌وه تاكو جامی شه‌رابی تووڕه‌یی هه‌ڵچووی خۆی بداتێ."
20 هه‌موو دوورگه‌كان ڕایان‌كرد و چیاكان نه‌دۆزرانه‌وه."
21 ته‌رزه‌یه‌كی گه‌وره كه قورساییه‌كه‌ی یه‌ك تالنت ده‌بوو له ئاسمانه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكی دا باری، له‌تاو لێدانی ته‌رزه‌كه كفریان به خودا كرد، چونكه لێدانه‌كه‌ی زۆر گه‌وره بوو."
1 ئینجا یه‌كێك له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێ‌بوو پێی‌ووتم: (وه‌ره با سزای داوێنپیسه گه‌وره‌كه‌ت پیشان بده‌م كه له‌سه‌ر ئاوه زۆره‌كان دانیشتووه."
2 ئه‌وه‌ی پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ كردووه و دانیشتووانی زه‌وی به شه‌رابی داوێنپیسییه‌كه‌ی سه‌رخۆش بوون.)"
3 ئه‌ویش له ڕۆحه‌كه‌دا بردمییه چۆڵه‌وانی، بینیم ژنێك له‌سه‌ر دڕنده‌یه‌كی قرمزی دانیشتووه كه به ناوی كفر داپۆشرابوو، دڕنده‌كه حه‌وت سه‌ر و ده قۆچی هه‌بوو."
4 ژنه‌كه ئه‌رخه‌وانی و قرمزی پۆشرا بوو، به زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابۆوه، جامێكی زێڕینی به‌ده‌سته‌وه بوو، پڕ له قێز و گڵاوی داوێنپیسییه‌كه‌ی."
5 له‌سه‌ر ناوچه‌وانیشی ناوێك نووسرابوو: (نهێنی، بابلی گه‌وره، دایكی داوێنپیسان و قێزه‌وه‌نانی زه‌وی.)"
6 هه‌روه‌ها بینیم كه ژنه‌كه به خوێنی پیرۆزكراوان و خوێنی شه‌هیدانی عیسا سه‌رخۆش ببوو. به بینینی زۆر سه‌رسام بووم."
7 فریشته‌كه پێی‌ووتم: (بۆ سه‌رسام بوویت؟ نهێنی ژنه‌كه و ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌ڵیگرتووه پێت ده‌ڵێم كه حه‌وت سه‌ر و ده قۆچی هه‌یه."
8 ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیت هه‌بووه و ئێستا نییه، خه‌ریكه له بیری بێ‌بن ده‌رده‌چێت و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. دانیشتووانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له دامه‌زراندنی جیهانه‌وه ناویان له په‌ڕتووكی ژیان‌دا نه‌نووسراوه، سه‌رسامیان ده‌كات كه ده‌بینن دڕنده‌كه هه‌بووه و ئێستا نییه كه دێته‌وه‌ش."
9 ئه‌مه بانگه‌وازه بۆ مێشكی دانا: حه‌وت سه‌ره‌كه حه‌وت گردن كه ژنه‌كه له‌سه‌ریان دانیشتووه،"
10 حه‌وت پاشاكه‌ش، پێنجیان كه‌وتن و یه‌كێكیان هه‌یه و ئه‌وی دیكه هێشتا نه‌هاتووه، كاتێكیش دێت پێویسته كه‌مێك بمێنێته‌وه."
11 ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌بووه و ئێستا نییه هه‌شته‌مینه، به‌ڵام له حه‌وته‌كه‌یه و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات."
12 ئه‌و ده قۆچه‌ی بینیت ده پاشان، هێشتا شانشینیان وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر له‌گه‌ڵ دڕنده‌كه وه‌كو پاشا ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن."
13 ئه‌وانه یه‌ك مه‌به‌ستیان هه‌یه، هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌ده‌نه دڕنده‌كه."
14 ئه‌وانه له‌گه‌ڵ به‌رخه‌كه ده‌جه‌نگێن و به‌رخه‌كه ده‌یانبه‌زێنێت، چونكه گه‌وره‌ی گه‌ورانه و پاشای پاشاكانه، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی‌دان بانگكراو و بژارده و دڵسۆزن."
15 ئینجا پێی‌ووتم: (ئه‌و ئاوانه‌ی بینیت، كه داوێنپیسه‌كه له‌وێ دانیشتووه، گه‌ل و خه‌ڵك و نه‌ته‌وه و زمانن."
16 ده قۆچه‌كه و دڕنده‌كه‌ی كه‌وا بینیت، ڕق له داوێنپیسه‌كه هه‌ڵده‌گرن، وێران و ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه، گۆشته‌كه‌ی ده‌خۆن و به ئاگر ده‌یسووتێنن."
17 چونكه خودا خستوویه‌تییه دڵیان به مه‌به‌ستی بكه‌ن و ڕێك بكه‌ون، ده‌سه‌ڵاتیان بده‌نه دڕنده‌كه، تاكو وشه‌كانی خودا بێته دی."
18 ئه‌و ژنه‌ی بینیشت ئه‌و شاره گه‌وره‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پاشاكانی زه‌وی‌دا هه‌یه.)"
1 پاش ئه‌مه فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له ئاسمانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، زه‌ویش به شكۆی ئه‌و ڕووناك‌بۆوه."
2 به ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ده‌یووت: (كه‌وت! بابلی گه‌وره كه‌وت! بووه ماڵی ڕۆحه‌پیسه‌كان و په‌ناگای هه‌موو ڕۆحه گڵاوه‌كان و په‌ناگای هه‌موو باڵنده‌یه‌كی گڵاو."
3 چونكه هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له شه‌رابی تووڕه‌یی داوێنپیسی ئه‌ویان خواردۆته‌وه. پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ‌دا كردووه، بازرگانانی زه‌ویش به توانای سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون.)"
4 گوێم له ده‌نگێكی دیكه بوو له ئاسمانه‌وه ده‌یفه‌رموو: (ئه‌ی گه‌لی من لێی ده‌ربچن، تاكو به‌شداری له گوناهه‌كانی نه‌كه‌ن، تاكو ده‌رده‌كانی نه‌گرن."
5 چونكه گوناهه‌كانی تاكو ئاسمان به‌رزبوونه‌وه و خودا‌ش خراپی ئه‌وی به‌یاد هاته‌وه."
6 سزای بده‌نه‌وه وه‌ك ئه‌ویش سزای دایه‌وه و به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی خۆی دووقاتی بده‌نه‌وه، له‌و جامه‌ی تیای‌دا تێكه‌ڵی كرد دووقاتی بۆ تێكه‌ڵ بكه‌نه‌وه."
7 هێنده‌ی خۆی شكۆدار كردووه و به سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاوه، ئازار و خه‌می بده‌نێ، چونكه له دڵی خۆی‌دا ده‌ڵێت: "وه‌ك شاژن دانیشتووم و بێوه‌ژن نیم، هه‌رگیز شیوه‌ن ناگێڕم.""
8 بۆیه ده‌رده‌كانی له ڕۆژێك‌دا دێن، مردن و شیوه‌ن و برسیێتی. به ئاگریش ده‌سووتێت، چونكه خوداوه‌ند، خودایه ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌دات، به‌هێزه."
9 پاشاكانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی‌دا داوێنپیسییان كردووه و به سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاون، بۆی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن كاتێ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی ده‌بینن."
10 له ترسی ئازاره‌كه‌ی له دوور ده‌وه‌ستن و ده‌ڵێن: (قوڕت به‌سه‌ر، قوڕت به‌سه‌ر، ئه‌ی شاره گه‌وره‌كه! ئه‌ی بابل، شاره به‌هێزه‌كه! چونكه له كاتژمێرێك‌دا سزادانت هات.)"
11 بازرگانانی زه‌وی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، چونكه ئیتر كه‌س شتومه‌كیان لێ ناكڕێت،"
12 شتومه‌كی زێڕ و زیو و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری، كه‌تان و ئه‌رخه‌وانی و حه‌ریر و قرمز، هه‌موو دارێكی بۆندار و هه‌موو شتێكی دروستكراو له قۆچی فیل و هه‌موو قاپێك له داری گرانبه‌ها، مس و ئاسن و مه‌ڕمه‌ڕ،"
13 دارچین و بۆن‌وبه‌رام و بخوور و موڕ و لبان ، شه‌راب و ڕۆنی زه‌یتوون و ئاردی تایبه‌ت و گه‌نم، مه‌ڕوماڵات، ئه‌سپ و گالیسكه، له‌ش و گیانی مرۆڤ."
14 ده‌ڵێن: (به‌رهه‌می شه‌یدای دڵت له ده‌ست چوو، هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندی و سه‌ڵته‌نه‌تت لێ بڕا و ئیتر هه‌رگیز نایاندۆزیته‌وه.)"
15 بازرگانانی ئه‌م شتانه كه به‌هۆی ئه‌وه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له ترسی ئازاره‌كه‌ی له دوور ده‌وه‌ستن، ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن و"
16 ده‌ڵێن: (قوڕت به‌سه‌ر! قوڕت به‌سه‌ر، ئه‌ی شاره گه‌وره‌كه، كه به كه‌تان و ئه‌رخه‌وانی و قرمز پۆشرابوویت، به زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابوویته‌وه!"
17 چونكه له یه‌ك كاتژمێردا ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی ئاوا له‌ده‌ست چوو!) هه‌موو كه‌شتییه‌وان و گه‌شتیاران و كارمه‌ندانی كه‌شتی و هه‌موو ده‌ریاوانان، له دوور وه‌ستان."
18 كاتێ چاویان به دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی كه‌وت هاواریان كرد و وتیان: (چ شارێك وه‌كو شاره گه‌وره‌كه‌یه؟!)"
19 خۆڵیان به‌سه‌ری خۆیان‌دا ده‌كرد، به گریان و شیوه‌نه‌وه هاواریان كرد و وتیان: (قوڕت به‌سه‌ر! قوڕت به‌سه‌ر، ئه‌ی شاره گه‌وره‌كه! ئه‌وه‌ی هه‌موو خاوه‌ن كه‌شتی ده‌ریا له سامانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! چونكه له كاتژمێرێك‌دا به فیڕۆ چوو!"
20 ئه‌ی ئاسمان و پیرۆزكراوان و نێردراوان و پێغه‌مبه‌ران پێی دڵشاد بن! چونكه خودا له به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه حوكمی ئه‌وی دا.)"
21 ئینجا فریشته‌یه‌كی به‌هێز به‌ردێكی هه‌ڵگرت، وه‌ك به‌ردی ئاش گه‌وره بوو، فڕێی‌دایه ده‌ریا و وتی: (ئاوا به توندی شاری بابلی گه‌وره فڕێده‌درێت، هه‌رگیز نادۆزرێته‌وه."
22 ئیتر ده‌نگی ژه‌نیارانی قیساره و مۆسیقا و شمشاڵ و كه‌ڕه‌نا تیای‌دا نابیسترێت. هه‌رگیز وه‌ستای هیچ پیشه‌یه‌كیش له تۆدا نادۆزرێته‌وه، ده‌نگی ئاش له تۆدا نابیسترێت."
23 هیچ چرایه‌ك تیای‌دا هه‌ڵناكرێت، ئیتر ده‌نگی بووك و زاوا تیای‌دا نابیسترێت. چونكه بازرگانه‌كانت گه‌وره‌ی زه‌وی بوون و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به جادووگه‌ری تۆ گومڕابوون."
24 تیای‌دا خوێنی پێغه‌مبه‌ران و پیرۆزكراوان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی‌دا كوژران دۆزراونه‌ته‌وه.)"
1 پاش ئه‌مه گوێم له ده‌نگێك بوو وه‌ك حه‌شاماتێكی گه‌وره له ئاسمان ده‌یووت: (هه‌لیلویا! ڕزگاری و شكۆ و هێز بۆ خودامانه،"
2 چونكه حوكمه‌كانی ڕاست و دادپه‌روه‌رن. داوێنپیسه گه‌وره‌كه‌ی تاوانبار كرد كه به داوێنپیسییه‌كه‌ی زه‌وی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد. تۆڵه‌ی خوێنی به‌نده‌كانی خۆی لێ‌كرده‌وه.)"
3 دووباره وتیانه‌وه: (هه‌لیلویا! دووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ تاهه‌تایه به‌رز ده‌بێته‌وه.)"
4 بیست و چوار پیره‌كه و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه كه‌وتن و بۆ خودای دانیشتووی سه‌ر ته‌خت كڕنۆشیان برد، وتیان: (ئامین. هه‌لیلویا!)"
5 ده‌نگێك له ته‌خته‌كه‌وه ده‌رچوو، ده‌یفه‌رموو: (ستایشی خودامان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو به‌نده‌كانی، ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن، گه‌وره و بچووك.)"
6 پاشان گوێم له ده‌نگێك بوو وه‌ك ده‌نگی حه‌شاماتێك و وه‌ك خوڕه‌ی ئاوێكی زۆر و وه‌ك ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه‌ی به‌هێز بوو، ده‌یووت: (هه‌لیلویا! خودای په‌روه‌ردگارمان هه‌ره به توانایه، حوكمڕانی كرد."
7 با دڵخۆش و شاد بین، شكۆداری بكه‌ین، چونكه زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه هاتووه و بووكه‌كه‌ی خۆی ئاماده كردووه."
8 كراسێكی كه‌تانی پاك و پرشنگداری درابووێ له‌به‌ری بكات.) ئه‌م كه‌تانه‌ش دادپه‌روه‌رییه‌كانی پیرۆزكراوانه."
9 پێی‌ووتم: (بنووسه، خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وانه‌ی بۆ خوانی زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه بانگ‌كراون!) هه‌روه‌ها پێی‌ووتم: (ئه‌مانه وشه ڕاسته‌كانی خودان.)"
10 كه‌وتمه به‌رپێی تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌م. به‌ڵام پێی‌ووتم: (وا مه‌كه! منیش له‌گه‌ڵ تۆ و خوشكان و برایانت به‌نده‌ی هاوكارم، ئه‌وانه‌ی پابه‌ندن به شایه‌تییان بۆ عیسا. كڕنۆش بۆ خودا ببه! چونكه شایه‌تی عیسا ڕۆحی پێشبینییه.)"
11 پاشان ئاسمانم به كراوه‌یی بینی، ئه‌سپێكی سپیم بینی و سواره‌كه‌ی به (دڵسۆز) و (ڕاستگۆ) ناوده‌برا. به دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات و ده‌جه‌نگێت."
12 چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر وابوون و ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت."
13 كه‌وایه‌كی له خوێن هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ی پێی بانگ ده‌كرێ (وشه‌ی خودا)یه."
14 سه‌ربازیش له ئاسمان‌دا به سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن و كه‌تانی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو."
15 له ده‌میه‌وه شمشێرێكی تیژ ده‌رده‌چوو، تاكو پێی له نه‌ته‌وه‌كان بدات. {به گۆپاڵێكی ئاسنین شوانه‌تییان ده‌كات.} گوشه‌ری شه‌رابی تووڕه‌یی هه‌ڵچووی خودای هه‌ره به توانا ده‌گوشێت."
16 ناوێكی هه‌یه له‌سه‌ر كه‌وا و ڕانی نووسراوه: (پاشای پاشایان و گه‌وره‌ی گه‌وره‌یان.)"
17 فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌به‌ر خۆردا ڕاوه‌ستابوو، به ده‌نگێكی به‌رز هاواری له هه‌موو باڵنده فڕیوه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئاسمان كرد و وتی: (وه‌رن كۆببنه‌وه، بۆ شێوی گه‌وره كه هی خودایه،"
18 تاكو گۆشتی پاشا‌كان و گۆشتی سوپاسالاره‌كان و گوشتی به‌هێزان، گۆشتی ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیان، گۆشتی هه‌مووان، ئازاد و كۆیله، گه‌وره و بچووك بخۆن.)"
19 هه‌روه‌ها دڕنده‌كه و پاشاكانی زه‌وی و سه‌ربازه‌كانیانم بینی كۆببوونه‌وه، تاكو دژی سواره‌كه و سه‌ربازانی بجه‌نگن."
20 دڕنده‌كه و پێغه‌مبه‌ره درۆزنه‌كه‌ی یاوه‌ری ده‌ستگیر كران، ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی له پێناوی كرد و به‌هۆیه‌وه ئه‌وانه‌ی چه‌واشه كرد كه نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌یان وه‌رگرت و ئه‌وانه‌ی كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی برد. هه‌ردووكیان به زیندوویی فڕێدرانه ده‌ریاچه‌ی ئاگر، كه‌وا به گۆگرد داگیرساوه."
21 پاشماوه‌كه به شمشێری سواره‌كه كوژران كه له ده‌میه‌وه ده‌رده‌چوو، هه‌موو باڵنده‌كان له گۆشته‌كانیان تێربوون."
1 فریشته‌یه‌كم بینی له ئاسمانه‌وه داده‌به‌زی و كلیلی بیری بێ‌بنی پێ‌بوو، زنجیرێكی گه‌وره‌شی به‌ده‌سته‌وه بوو."
2 ئه‌ژدیهاكه‌ی ده‌ستگیر كرد، ماره دێرینه‌كه كه ئیبلیس و شه‌یتانه، هه‌زار ساڵ به‌ستییه‌وه."
3 فڕێی‌دایه بیری بێ‌بن و ده‌رگای له‌سه‌ر داخست و مۆرێكی لێدا، تاكو ئیتر نه‌ته‌وه‌كان چه‌واشه نه‌كات، تاكو هه‌زار ساڵه‌كه ته‌واو ده‌بێت. پاش ئه‌مه ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازاد بكرێت."
4 چه‌ند ته‌ختێكم بینی و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ری دانیشتن ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیان درایێ. هه‌روه‌ها گیانی ئه‌وانه‌م بینی كه له‌به‌ر شایه‌تی عیسا و له‌به‌ر وشه‌ی خودا سه‌ربڕابوون، ئه‌وانه كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه و وێنه‌كه‌ی نه‌بردبوو، نیشانه‌ی نێوچه‌وان و سه‌ر ده‌ستیان وه‌رنه‌گرتبوو. جا زیندووبوونه‌وه و هه‌زار ساڵ له‌گه‌ڵ مه‌سیح‌دا حوكمڕانییان كرد."
5 به‌ڵام مردووه‌كانی دیكه تاكو هه‌زار ساڵه‌كه ته‌واو بوو بۆ ژیان نه‌گه‌ڕانه‌وه. ئه‌مه هه‌ڵستانه‌وه‌ی یه‌كه‌مه."
6 ئه‌وه‌ی له هه‌ڵستانه‌وه‌ی یه‌كه‌م‌دا به‌شی هه‌بێت به‌ره‌كه‌تداره و پیرۆزه. ئه‌وانه مردنی دووه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریان‌دا نییه، به‌ڵكو ده‌بنه كاهینی خودا و مه‌سیح، هه‌زار ساڵ له‌گه‌ڵی‌دا حوكمڕانی ده‌كه‌ن."
7 كاتێ هه‌زار ساڵه‌كه ته‌واو ده‌بێت شه‌یتان له به‌ندیخانه ئازاد ده‌كرێت."
8 ده‌رده‌چێت تاكو نه‌ته‌وه‌كانی چوارگۆشه‌ی زه‌وی چه‌واشه بكات، گۆگ و ماگۆگ ، تاكو بۆ جه‌نگ كۆیان بكاته‌وه، ئه‌وانه‌ی ژماره‌یان وه‌ك لمی ده‌ریایه."
9 سه‌ركه‌وتنه سه‌ر پانتایی زه‌وی، ئۆردوگای پیرۆزكراوان، شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌یان گه‌مارۆ دا، جا ئاگرێك له ئاسمانه‌وه هاته خواره‌وه و خواردیانی."
10 ئه‌و ئیبلیسه‌ی چه‌واشه‌ی ده‌كردن فڕێدرایه ده‌ریاچه‌ی ئاگر و گۆگرد، كه دڕنده‌كه و پێغه‌مبه‌ره درۆزنه‌كه‌ی لێیه. شه‌و و ڕۆژ تاهه‌تایه ئازار ده‌درێن."
11 پاشان ته‌ختێكی گه‌وره‌ی سپیم بینی و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری دانیشتبوو. ئاسمان و زه‌وی له‌به‌ر ڕووی هه‌ڵاتبوون، هیچ شوێنیان نه‌دۆزرایه‌وه."
12 مردووه‌كانم بینی به گه‌وره و بچووكه‌وه له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه ڕاوه‌ستابوون و په‌ڕتووكه‌كان كرانه‌وه. په‌ڕتووكێكی دیكه‌ش كه په‌ڕتووكی ژیانه كرابۆوه. مردووه‌كان به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كانیان به‌وه‌ی له په‌ڕتووكه‌كان نووسراوه حوكم دران."
13 ده‌ریاش مردووه‌كانی ناوخۆی ڕاده‌ست‌كرد، هه‌روه‌ها مردن و جیهانی مردووان مردووه‌كانی خۆیان دایه‌ده‌ست و هه‌ریه‌كه و به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كانی حوكم درا."
14 مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانه ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌كه‌وه. ئه‌م ده‌ریاچه‌ی ئاگره مردنی دووه‌مه."
15 هه‌ر كه‌سێك ناوی له په‌ڕتووكی ژیان‌دا نه‌دۆزرایه‌وه نووسرابێت، فڕێدرایه ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌كه."
1 پاشان ئاسمانێكی نوێ و زه‌وییه‌كی نوێم بینی، چونكه ئاسمانی یه‌كه‌م و زه‌وی یه‌كه‌م به‌سه‌رچوون، ئیتر ده‌ریاش نه‌ما."
2 شاره پیرۆزه‌كه‌ش، ئۆرشه‌لیمی نوێم بینی له ئاسمانه‌وه له‌لایه‌ن خوداوه ده‌هاته خواره‌وه، وه‌ك بووكێكی ڕازاوه بۆ زاوایه‌كه‌ی ئاماده‌كراو."
3 گوێم له ده‌نگێكی گه‌وره بوو له ته‌خته‌كه‌وه فه‌رمووی: (ئه‌وه‌تا نشینگه‌ی خودا له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، ئه‌ویش له‌گه‌ڵیان نیشته‌جێ ده‌بێت. ئه‌وانیش ده‌بنه گه‌لی ئه‌و، خودا خۆی له‌گه‌ڵیان دایه و ده‌بێته خودایان."
4 ئه‌ویش هه‌موو فرمێسكێكی چاویان ده‌سڕێته‌وه، ئیتر مردن نابێت، شیوه‌ن و هاوار و ئازار نامێنن، چونكه شته‌كانی پێشوو به‌سه‌رچوون.)"
5 دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه فه‌رمووی: (ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێك نوێ ده‌كه‌مه‌وه.) هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمووێ: (بنووسه، چونكه ئه‌م وتانه متمانه‌دار و ڕاستن.)"
6 پاشان پێی فه‌رمووم: (ئه‌وا هاته دی. من ئه‌لف و یێم، سه‌ره‌تا و كۆتاییم. له كانی ئاوی ژیان به‌خۆڕایی ده‌ده‌مه تینوو."
7 ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ئه‌وانه‌ی به میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه، ده‌بمه خودای و ئه‌ویش ده‌بێته كوڕم."
8 به‌ڵام ترسنۆكه‌كان و بێ‌باوه‌ڕان و قێزه‌وه‌نان، بكوژان و داوێنپیسان و جادووگه‌ران، بت‌په‌رستان و هه‌موو درۆزنان، به‌شیان له ده‌ریاچه‌ی به ئاگر و گۆگرد داگیرساوه كه مردنی دووه‌مه.)"
9 پاشان یه‌كێك له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێیه كه به دوایین حه‌وت ده‌رده‌كه پڕكراون، له‌گه‌ڵم دوا، وتی: (وه‌ره بووكه‌كه‌ت پیشان ده‌ده‌م، ژنی به‌رخه‌كه.)"
10 به ڕۆحه‌كه بردمی بۆ چیایه‌كی گه‌وره و به‌رز، ئۆرشه‌لیمی شاره پیرۆزه‌كه‌ی پیشاندام، له ئاسمانه‌وه له‌لایه‌ن خودا ده‌هاته خواره‌وه."
11 شكۆی خودای هه‌بوو، دره‌وشانه‌وه‌ی وه‌ك گرانبه‌هاترین به‌رد، وه‌ك یه‌شب، ڕوون وه‌ك كریستاڵ."
12 شووره‌یه‌كی گه‌وره و به‌رز و دوازده ده‌رگای هه‌بوو، له‌سه‌ر ده‌رگاكان دوازده فریشته هه‌بوون، ناوی دوازده هۆزه‌كه‌ی كوڕانی ئیسرائیل له‌سه‌ر ده‌رگاكان نووسرابوون."
13 له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه سێ ده‌رگا هه‌بوون، له باكووره‌وه سێ ده‌رگا، له باشووره‌وه سێ ده‌رگا، له ڕۆژئاواوه سێ ده‌رگا."
14 شووره‌ی شاره‌كه دوازده بناغه‌ی هه‌بوو، دوازده ناو له سه‌ریان هه‌بوو، ناوی دوازده نێردراوه‌كه‌ی به‌رخه‌كه."
15 ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌دووا دارێكی پێوانه‌ی زێڕینی پێ‌بوو، تاكو شاره‌كه و ده‌رگاكانی و شووره‌كه‌ی بپێوێت."
16 شاره‌كه به چوار گۆشه‌یی دانرابوو، درێژییه‌كه‌ی هێنده‌ی پانییه‌كه‌ی بوو. شاره‌كه‌ی به داره‌كه پێوا، دوازده هه‌زار ستادیا بوو، درێژی و پانی و به‌رزییه‌كه‌ی یه‌كسان بوون."
17 شووره‌كه‌شی پێوا، سه‌د و چل و چوار باڵ بوو به باڵی مرۆڤ كه فریشته‌كه به‌كاری ده‌هێنا."
18 بینای شووره‌كه له یه‌شب بوو، شاره‌كه‌ش له زێڕی ساف بوو، وه‌ك شووشه‌ی ساف."
19 بناغه‌كانی شووره‌ی شاره‌كه به هه‌موو به‌ردێكی گرانبه‌ها ڕازاندرابۆوه. بناغه‌ی یه‌كه‌م یه‌شب، دووه‌م یاقووتی شین، سێیه‌م یاقووتی سپی، چواره‌م زمروود،"
20 پێنجه‌م شیلانه، شه‌شه‌م یاقووتی سوور، حه‌وته‌م زه‌به‌رجه‌د، هه‌شته‌م زمروودی سه‌وز، نۆیه‌م یاقووتی زه‌رد، ده‌یه‌م یاقووتی سه‌وز، یازده‌یه‌م یاقووتی زه‌عفه‌رانی، دوازده‌یه‌م جه‌مشت."
21 دوازده ده‌رگاكه‌ش دوازده مروارین، هه‌ر ده‌رگایه‌ك له یه‌ك ده‌نكه مرواری بوو. شه‌قامی شاره‌كه له زێڕی ساف بوو وه‌ك شووشه‌ی ڕۆشن."
22 په‌رستگام تیای‌دا نه‌بینی، چونكه خودای په‌روه‌ردگاری هه‌ره به توانا له‌گه‌ڵ به‌رخه‌كه په‌رستگای ئه‌ون."
23 شاره‌كه‌ش پێویستی به خۆر و مانگ نییه به‌سه‌ری‌دا بدره‌وشێنه‌وه، چونكه شكۆی خودا ڕووناكی كردۆته‌وه و به‌رخه‌كه چرایه‌تی."
24 نه‌ته‌وه‌كان به ڕووناكییه‌كه‌ی ده‌ڕۆن و پاشاكانی زه‌وی شكۆی خۆیانی بۆ ده‌هێنن."
25 ده‌رگاكانی به ڕۆژ هه‌رگیز داناخرێن، چونكه له‌وێ شه‌و دانایه‌ت."
26 شكۆ و ڕێزی نه‌ته‌وه‌كانیشی بۆ ده‌هێنن."
27 هیچ شتێكی گڵاو ناچێته ناوی، نه‌ك ئه‌وانه‌ی قێزه‌وه‌نن و درۆزنن، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وانه‌ی كه ناویان له په‌ڕتووكی ژیانی به‌رخه‌كه‌دا نووسراوه."
1 پاشان فریشته‌كه ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پرشنگدار وه‌ك كریستاڵ، له ته‌ختی خودا و به‌رخه‌كه و"
2 به ناوه‌ڕاستی شه‌قامی شاره‌كه‌دا ده‌ڕوات. له هه‌ردوو ڕۆخی ڕووباره‌كه‌دا دره‌ختی ژیان ڕوابوو كه دوازده جۆر به‌رهه‌م ده‌دات، هه‌ر مانگێك به‌رهه‌می خۆی ده‌دات. گه‌ڵای دره‌خته‌كه‌ش بۆ چاكبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانه."
3 ئیتر هیچ نه‌فره‌تێك نامێنێت. ته‌ختی خودا و به‌رخه‌كه‌ش له‌ناو شاره‌كه‌دا ده‌بن، به‌نده‌كانی خزمه‌تی ده‌كه‌ن و"
4 ڕووی ده‌بینن و ناوی له‌سه‌ر نێوچه‌وانیانه."
5 له‌وێ شه‌و دانایه‌ت و پێویستییان به چرا و ڕووناكی خۆر نابێت، چونكه خوداوه‌ند، خودا به‌سه‌ریان‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه و تاهه‌تایه حوكمڕانی ده‌كه‌ن."
6 پاشان پێی‌ووتم: (ئه‌م وتانه متمانه‌دار و ڕاستن. خوداوه‌ند، خودای ڕۆحی پێغه‌مبه‌ران، فریشته‌كه‌ی خۆی نارد تاكو ئه‌و شتانه پیشانی به‌نده‌كانی خۆی بدات كه ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن."
7 ئه‌وه‌تا به په‌له دێم! خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وه‌ی وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه ده‌پارێزێت.)"
8 من یۆحه‌نام، ئه‌وه‌ی كه ئه‌م شتانه‌م بینی و بیستم. كاتێ بینیم و بیستم، كه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رپێی ئه‌و فریشته‌یه كڕنۆش ببه‌م كه ئه‌م شتانه‌ی پیشانده‌دام."
9 جا پێی‌ووتم: (وا مه‌كه! منیش وه‌ك تۆ به‌نده‌ی هاوكارتم، له‌گه‌ڵ خوشك و برا پێغه‌مبه‌ره‌كانت و ئه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌م سیپاره‌یه ده‌پارێزن. كڕنۆش بۆ خودا ببه!)"
10 هه‌روه‌ها پێی‌ووتم: (مۆر له وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه مه‌ده، چونكه كاته‌كه نزیكه."
11 ئه‌وه‌ی سته‌مكاره با هه‌ر سته‌مكاری بكات، ئه‌وه‌ی گڵاوه با هه‌ر گڵاو بێت، ئه‌وه‌ی ڕاستودروسته با هه‌ر كاری ڕاستودروست بكات، ئه‌وه‌ی پیرۆزیشه با هه‌ر پیرۆز بێت."
12 ئه‌وه‌تا به په‌له دێم! پاداشتی خۆم پێیه، تاكو پاداشتی هه‌ر كه‌سێك به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه."
13 من ئه‌لف و یێم، یه‌كه‌مین و دواهه‌مینم، سه‌ره‌تا و كۆتاییم."
14 خۆزگه ده‌خوازرێ به‌وانه‌ی جله‌كانیان ده‌شۆن، تاكو مافیان له دره‌ختی ژیان هه‌بێت و له ده‌رگاكانه‌وه بچنه ناو شاره‌كه."
15 سه‌گه‌كان و جادووگه‌ران و داوێنپیسان و بكوژان و بت‌په‌رستان و هه‌موو درۆزن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له درۆ ده‌كه‌ن له ده‌ره‌وه ده‌بن."
16 من عیسام، فریشته‌كه‌ی خۆم نارد تاكو به‌م شتانه شایه‌تی بۆ كڵێساكان بده‌م. من له ڕه‌گ و نه‌وه‌ی داودم، ئه‌ستێره‌ی به‌یانی پرشنگدار.)"
17 ڕۆح و بووك ده‌فه‌رموون: (وه‌ره!) ئه‌وه‌ی گوێی لێیه با بڵێت: (وه‌ره!) ئه‌وه‌ی تینوویه‌تی با بێت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با به‌خۆڕایی ئاوی ژیان ببات."
18 شایه‌تی ده‌ده‌م بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه ده‌بیستن: ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ ئه‌مانه زیاد بكات، خودا ئه‌و ده‌ردانه‌ی له‌سه‌ر زیاد ده‌كات كه له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه."
19 ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش له وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه بسڕێته‌وه، خودا له دره‌ختی ژیان و له شاره پیرۆزه‌كه بێبه‌شی ده‌كات، ئه‌وه‌ی له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه."
20 شایه‌تی ئه‌مانه ده‌فه‌رمووێ: (به‌ڵێ، به په‌له دێم.) ئامین! وه‌ره، عیسای خوداوه‌ند."
21 نیعمه‌تی عیسای خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین."