1

1 له‌مێژه‌ خودا زۆر جار و به‌ ڕێگای جۆراوجۆر به‌هۆی پێغه‌مبه‌ران له‌گه‌ڵ باوباپیران‌دا دووابوو،"

2 به‌ڵام له‌م ڕۆژانه‌ی كۆتایی‌دا به‌هۆی كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵمان دووا، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووه‌ وه‌ك میراتگری هه‌موو شتێك و به‌ ئه‌ویش گه‌ردوونی دروستكردووه‌."

3 ئه‌و تیشكی شكۆی خودایه‌ و به‌ ته‌واوی وێنه‌ی كڕۆكیه‌تی، هه‌ڵگری هه‌موو شتێكه‌ به‌ وشه‌ی هێزی خۆی، دوای ئه‌وه‌ی پاكسازی بۆ گوناه كرد له‌ ده‌سته‌ڕاستی گه‌وره‌یی دانیشت له‌ به‌رزایی‌دا،"

4 بووه‌ته‌ پایه‌ به‌رزتر له‌ فریشته‌كان، به‌و ئاسته‌ی ناوێكی به‌ میرات بۆ مایه‌وه‌ زۆر له‌وان باشتره‌."

5 ئایا خودا چ جارێك به‌ كام له‌ فریشته‌كانی وتووه‌: {تۆ كوڕی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت} ؟ هه‌روه‌ها: {من ده‌بمه‌ باوكی و ئه‌ویش ده‌بێته‌ كوڕم.} ؟"

6 دیسان كاتێ نۆبه‌ره‌ ده‌هێنێته‌ جیهان، ده‌ڵێ: {با هه‌موو فریشته‌ی خودا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن.}"

7 له‌ باره‌ی فریشته‌ش ده‌فه‌رمووێ: {فریشته‌كانی كردۆته‌ با و خزمه‌تكارانی بڵێسه‌ی ئاگر.}"

8 به‌ڵام له‌ باره‌ی كوڕه‌كه‌: {ئه‌ی خودا، ته‌ختی تۆ بۆ تاهه‌تاییه‌، گۆپاڵی شانشینیت گۆپاڵی ڕاستودروستییه‌."

9 تۆ حه‌زت له‌ ڕاستودروستییه‌ و ڕقت له‌ خراپه‌بۆوه‌، بۆیه‌ خودا، خودای خۆت له‌ سه‌رووی هاوه‌ڵه‌كانته‌وه‌ داینای، به‌ ڕۆنی شادی نیشانی كردیت.}"

10 هه‌روه‌ها: {تۆ خوداوه‌ند، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زه‌ویت دامه‌زراندووه‌، ئاسمانیش ده‌ستكردی تۆیه‌."

11 ئه‌وان له‌ناوده‌چن، به‌ڵام تۆ ده‌مێنیت، هه‌موو وه‌ك كراس كۆن ده‌بن."

12 وه‌ك قاپووت ده‌یپێچیته‌وه‌، وه‌ك كراس ده‌گۆڕێن، به‌ڵام تۆ وه‌ك خۆتی، ساڵانت كۆتایی نایه‌ت.}"

13 ئایا خودا چ جارێك به‌ كام له‌ فریشته‌كانی وتووه‌: {له‌ ده‌سته‌ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ته‌خته‌پێ بۆ پێیه‌كانت.} ؟"

14 ئایا هه‌موویان ڕۆحی خزمه‌تكارانه‌ نین كه‌ نێردراون بۆ خزمه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ داهاتوو ڕزگاری به‌ میرات ده‌گرن؟"

2

1 له‌به‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێ وریاتر بین له‌وه‌ی بیستمان، نه‌وه‌ك لێی لابده‌ین."

2 چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ی به‌هۆی فریشته‌كان وترا چه‌سپا، ئه‌وا هه‌موو ده‌ست‌درێژی و سه‌رپێچییه‌ك سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی وه‌رگرتووه‌،"

3 جا ئێمه‌ چۆن هه‌ڵبێین ئه‌گه‌ر ڕزگارییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ پشتگوێ بخه‌ین؟ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار به‌هۆی خوداوه‌ند وترا و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بیستیان بۆمان چه‌سپا،"

4 خوداش له‌گه‌ڵیان شایه‌تی دا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجوی جۆراوجۆر، هه‌روه‌ها به‌ به‌هره‌كانی ڕۆحی پیرۆزی دابه‌شكراو به‌گوێره‌ی خواستی خۆی."

5 ئه‌و جیهانه‌ی وا دادێت و باسی ده‌كه‌ین، بۆ فریشته‌كانی ملكه‌چ نه‌كردووه‌."

6 یه‌كێك له‌ شوێنێك‌دا شایه‌تی دا: {مرۆڤ چییه‌ تاكو له‌ بیرت بێت؟ یان كوڕی مرۆڤ تاكو بایه‌خی پێ بده‌یت؟"

7 كه‌مێك له‌ فریشته‌كان كه‌مترت دانا، دوایی تاجی شكۆ و ڕێزت خسته‌ سه‌ری،"

8 هه‌روه‌ها هه‌موو شتێكت خستۆته‌ به‌رپێی.} چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی ملكه‌چی كردووه‌، هیچ شتێكی نه‌هێشته‌وه‌ ملكه‌چی نه‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا نابینین هه‌موو شتێك ملكه‌چی كرابێت."

9 به‌ڵكو عیسا ده‌بینین، ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ فریشته‌كان كه‌متر دانرا، له‌به‌ر ئازاری مردن تاجی شكۆ و ڕێزی خراوه‌ته‌ سه‌ر، تاكو به‌ نیعمه‌تی خودا له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێك مردن بچێژێ."

10 چونكه‌ له‌ خودا ده‌وه‌شایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وه‌ و هه‌موو شتێك به‌هۆی ئه‌وه‌، ڕۆڵه‌ی زۆر بهێنێت بۆ شكۆمه‌ندی، به‌ ته‌واوكردنی پێشڕه‌وایه‌تی ڕزگاریان به‌ ئازار."

11 چونكه‌ پیرۆزكار و پیرۆزكراوان هه‌موو له‌ یه‌كێكه‌وه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش عیسا شه‌رم ناكات به‌ خوشك یان برا ناویان ببات."

12 ده‌فه‌رمووێ: {ناوی تۆ به‌ براكانم ڕاده‌گه‌یه‌نم، له‌ناو كۆمه‌ڵ‌دا ستایشت ده‌كه‌م.}"

13 هه‌روه‌ها: {من به‌وه‌ پشتبه‌ستوو ده‌بم}. دیسان: {ئه‌وه‌تا خۆم و ئه‌و منداڵانه‌ی خودا پێی‌داوم.}"

14 بۆیه‌ كه‌ منداڵه‌كان له‌ گۆشت و خوێن به‌شدارن، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شداری له‌م شتانه‌ كرد، تاكو به‌هۆی مردن ئه‌وه‌ له‌ناوببات كه‌ هێزی مردنی هه‌یه‌، واتا شه‌یتان،"

15 ئه‌وانه‌ش ئازاد بكات كه‌ به‌ درێژایی ژیانیان له‌ ترسی مردن ملكه‌چی كۆیلایه‌تی بوون."

16 به‌ ڕاستیش بۆ یارمه‌تیدانی فریشته‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ یارمه‌تیدانی نه‌وه‌ی ئیبراهیمه‌."

17 جا ده‌بووایه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌ك‌دا له‌ خوشكان و برایانی بچووبووایه‌، تاكو میهره‌بان بێت و سه‌رۆك كاهینێكی دڵسۆز بێت له‌ شته‌كانی خودا، تاكو ببێته‌ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانی خه‌ڵك،"

18 چونكه‌ ئازاری چێژتووه‌ و تاقی كراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانێت یارمه‌تی ئه‌وانه‌ش بدات كه‌ تاقی ده‌كرێنه‌وه‌."

3

1 كه‌واته‌ خوشك و برایانی پیرۆز، كه‌ به‌شداری بانگه‌وازی ئاسمانین، سه‌یری عیسا بكه‌ن كه‌ نێردراو و سه‌رۆك كاهینی دانپیانانمانه‌."

2 دڵسۆزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیاری كرد ، هه‌روه‌ك موسا له‌ هه‌موو ماڵی خودا بوو."

3 چونكه‌ عیسا بۆی دانرا شایانی شكۆیه‌كی زیاتر بێت له‌ موسا، وه‌ك دروستكه‌ری خانوویه‌ك ڕێزی له‌ خانووه‌كه‌ زیاتره‌."

4 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خانوویه‌ك یه‌كێك دروستی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی دروستكردووه‌ خودایه‌."

5 موسا وه‌ك خزمه‌تكارێك له‌ هه‌موو ماڵی خودا دڵسۆز بوو، بۆ شایه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو ده‌ووترێت."

6 به‌ڵام مه‌سیح وه‌ك كوڕ له‌سه‌ر ماڵی خودا دڵسۆزه‌، ئه‌و ماڵه‌ش ئێمه‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌ست بگرین به‌و متمانه‌ و شانازییه‌ی هیوامان."

7 له‌به‌ر ئه‌وه‌، وه‌ك ڕۆحی پیرۆز ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر گوێتان له‌ ده‌نگی ئه‌و بوو،"

8 دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن وه‌ك له‌ یاخیبوونه‌كه‌دا، له‌ ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ له‌ بیابان‌دا."

9 له‌وێ باوكانتان به‌ ئه‌زموون منیان تاقی كرده‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی چل ساڵ كرداره‌كانی منیان بینی."

10 له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ تووڕه‌ بووم، وتم: "چونكه‌ دڵیان هه‌ر به‌ره‌و گومڕایی ده‌ڕوات و هه‌رگیز ڕێگای منیان نه‌ناسی.""

11 بۆیه‌ له‌ تووڕه‌ییم‌دا سوێندم خوارد: "نایه‌نه‌ ناو حه‌سانه‌وه‌ی من."}"

12 خوشكان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ك یه‌كێتان دڵێكی خراپ و بێ‌باوه‌ڕی هه‌بێت كه‌ له‌ خودای زیندوو هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌."

13 به‌ڵكو هه‌موو ڕۆژێك یه‌كتری هانبده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی پێی ده‌ووترێ {ئه‌مڕۆ} ، تاكو كه‌ستان به‌ فێڵی گوناه‌ ڕه‌ق نه‌بێت."

14 چونكه‌ بووینه‌ هاوبه‌شی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر تاكو كۆتایی ده‌ست بگرین به‌و متمانه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مانه‌."

15 وه‌ك وترا: {ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر گوێتان له‌ ده‌نگی ئه‌و بوو، دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن وه‌ك له‌ یاخیبوونه‌كه‌دا.}"

16 جا كێن ئه‌وانه‌ی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ له‌ میسر به‌ ڕابه‌رایه‌تی موسا ده‌رچوون؟"

17 خودا بۆ ماوه‌ی چل ساڵ له‌ كێ تووڕه‌ بوو؟ ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ گوناهیان كرد و له‌ بیابان‌دا ته‌رمه‌كانیان كه‌وت؟"

18 سوێندی له‌ كێ خوارد كه‌ ناچێته‌ حه‌سانه‌وه‌كه‌ی، ئایا له‌وانه‌ نه‌بوو كه‌ یاخیبوون؟"

19 ئێمه‌ش ده‌بینین له‌به‌ر بێ‌باوه‌ڕی نه‌یانتوانی بچنه‌ ژووره‌وه‌."

4

1 بۆیه‌ كه‌ به‌ڵێنی چوونه‌ حه‌سانه‌وه‌كه‌ی هه‌ر ماوه‌، ده‌بێ بترسین نه‌وه‌ك یه‌كێكتان وابزانێت ناكه‌وێت."

2 چونكه‌ ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان موژده‌مان درایێ، به‌ڵام ئه‌و وشه‌یه‌ی بیستراوه‌ سوودی بۆیان نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ بیستیان له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ یه‌كیان نه‌گرته‌وه‌."

3 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی باوه‌ڕدار ده‌چینه‌ ناو حه‌سانه‌وه‌كه‌ی، وه‌ك فه‌رموویه‌تی: {وه‌ك له‌ تووڕه‌بوونم‌دا سوێندم خوارد: "نایه‌نه‌ ناو حه‌سانه‌وه‌ی من."} هه‌رچه‌نده‌ كاره‌كان له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ته‌واو بوون."

4 چونكه‌ ده‌رباره‌ی حه‌وته‌مه‌كه‌ له‌ شوێنێك‌دا فه‌رموویه‌تی: {ئینجا خودا له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م‌دا له‌ هه‌موو كاره‌كانی پشووی دا.}"

5 دیسان له‌مه‌ش‌دا: {نایه‌نه‌ ناو حه‌سانه‌وه‌ی من.}"

6 بۆیه‌ كه‌ بۆ هه‌ندێك ماوه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی پێشتر موژده‌یان درایێ له‌به‌ر یاخیبوون نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌."

7 دیسان خودا ڕۆژێكی دیاری كرد، به‌هۆی داود ده‌فه‌رمووێ: (ئه‌مڕۆ) دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، وه‌ك فه‌رمووبووی: {ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر گوێتان له‌ ده‌نگی ئه‌و بوو، دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن.}"

8 چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌شوع ئه‌وانی بهێنابووایه‌ حه‌سانه‌وه‌، ئه‌وا پاش ئه‌وه‌ خودا باسی ڕۆژێكی دیكه‌ی نه‌ده‌كرد."

9 كه‌واته‌ حه‌سانه‌وه‌ بۆ گه‌لی خودا ماوه‌."

10 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو حه‌سانه‌وه‌ی خودا له‌ كاره‌كانیشی پشوو ده‌دات، وه‌ك خوداش له‌ كاره‌كانی پشووی‌دا."

11 بۆیه‌ با كۆشش بكه‌ین تاكو بچینه‌ ناو حه‌سانه‌وه‌كه‌، نه‌وه‌ك یه‌كێك به‌ هه‌مان په‌ندی یاخیبوون بكه‌وێت."

12 چونكه‌ وشه‌ی خودا زیندووه‌، كاریگه‌ره‌، له‌ هه‌موو شمشێرێكی دووده‌م تیژتره‌، نێوانی ده‌روون و ڕۆح و جومگه‌ و مۆخی ئێسك ده‌بڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا ده‌كاته‌وه‌."

13 به‌دیهێنراو نییه‌ له‌به‌رچاوی خودا شاردراوه‌ بێت، به‌ڵكو هه‌موو شتێك ڕووت و ئاشكرایه‌ بۆ چاوی ئه‌وه‌ی هه‌ژماردی ده‌ده‌ینێ."

14 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رۆك كاهینه‌ پایه‌ به‌رزه‌مان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسمان‌دا تێپه‌ڕی، عیسای كوڕی خودا، با ده‌ست بگرین به‌ دانپیانان."

15 چونكه‌ سه‌رۆك كاهینێكمان نییه‌ كه‌ نه‌توانێ سكی به‌ لاوازییه‌كانمان بسووتێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو ئێمه‌ له‌ هه‌موو شتێك تاقی كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بێ گوناه‌."

16 بۆیه‌ با به‌ متمانه‌وه‌ له‌ ته‌ختی نیعمه‌ت بچینه‌ پێش، تاكو به‌زه‌یی وه‌ربگرین و له‌ كاتی خۆی‌دا نیعمه‌ت بۆ یارمه‌تیدان بدۆزینه‌وه‌."

5

1 چونكه‌ هه‌ر سه‌رۆك كاهینێك له‌نێو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردراوه‌، وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك له‌ كاروباری خودا ده‌ستنیشان كراوه‌، تاكو دیاری و قوربانی گوناه‌ پێشكه‌ش بكات."

2 ده‌توانێ له‌گه‌ڵ نه‌زان و چه‌واشه‌ كراوان دڵنه‌رم بێت، چونكه‌ خۆشی به‌ لاوازی ده‌وردراوه‌."

3 له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك پێویسته‌ له‌ پێناوی گوناهه‌كانی خه‌ڵك قوربانی گوناه‌ بكات، ئاواش له‌ پێناوی گوناهه‌كانی خۆی."

4 كه‌سیش ئه‌م ڕێزه‌ بۆ خۆی وه‌رناگرێت، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌ بانگ‌كراوه‌، هه‌روه‌ك هاڕونیش."

5 به‌ هه‌مان شێوه‌، مه‌سیح خۆی شكۆدار نه‌كرد تاكو ببێته‌ سه‌رۆك كاهین، به‌ڵكو خودا پێی فه‌رموو: {تۆ كوڕی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت.}"

6 وه‌ك له‌ شوێنێكی دیكه‌ش ده‌فه‌رمووێ: {تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق.}"

7 عیسا له‌ ڕۆژانی جه‌سته‌ی خۆی‌دا، نوێژ و پاڕانه‌وه‌ی به‌ هاواری توند و فرمێسكه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد، بۆ توانادار تا له‌ مردن ڕزگاری بكات، ئیتر له‌به‌ر خواترسییه‌كه‌ی گوێی لێ گیرا."

8 هه‌رچه‌نده‌ كوڕییه‌تی، له‌و ئازارانه‌ی چێژتی فێری گوێڕایه‌ڵی بوو،"

9 كه‌ ته‌واو كرا ، بووه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕزگاری تاهه‌تایی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی ده‌بن."

10 ئیتر له‌لای خوداشه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك كاهین ناونرا، له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق."

11 له‌ باره‌ی ئه‌مه‌وه‌ قسه‌مان زۆره‌، به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه‌ی گرانه‌، چونكه‌ گوێتان گران بووه‌."

12 ده‌بووایه‌ له‌به‌ر كاته‌كه‌ ببوونایه‌ته‌ مامۆستا، به‌ڵكو پێویستتانه‌ یه‌كێك بنه‌مایه‌كانی سه‌ره‌تای وشه‌ی خوداتان فێر بكاته‌وه‌. واتان لێ هاتووه‌ پێویستتان به‌ شیر بێت نه‌ك خۆراكی پته‌و."

13 چونكه‌ هه‌ر یه‌كێك شیره‌خۆره‌ بێت ئه‌وا كه‌مزانه‌ له‌ وشه‌ی ڕاستودروستی، چونكه‌ ساوایه‌."

14 به‌ڵام خۆراكی پته‌و بۆ پێگه‌یشتووانه‌، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی مه‌شق هه‌سته‌كانیان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی چاكه‌ و خراپه‌ ڕاهاتووه‌."

6

1 بۆیه‌ كه‌ وازمان له‌ فێركردنی سه‌ره‌تایی له‌مه‌ڕ مه‌سیح هێنا، با به‌ره‌و پێگه‌یشتن بڕۆین، دیسان بناغه‌ڕێژی ناكه‌ین بۆ تۆبه‌كردن له‌ كرداره‌ مردووه‌كان و باوه‌ڕهێنان به‌ خودا،"

2 فێركردن ده‌رباره‌ی باپتیزمه‌كان و ده‌ست له‌سه‌ر دانان، هه‌ڵستانه‌وه‌ی مردووان و لێپرسینه‌وه‌ی تاهه‌تایی."

3 ئه‌گه‌ر خودا ڕێگا بدات ئه‌مه‌ش ده‌كه‌ین."

4 چونكه‌ ناكرێ ئه‌وانه‌ی جارێك ڕووناك كراونه‌ته‌وه‌ و تامی به‌هره‌ی ئاسمانیان كردووه‌ و به‌شدار بوونه‌ له‌ ڕۆحی پیرۆز،"

5 هه‌روه‌ها تامی وشه‌ی باشی خودا و هێزه‌كانی ڕۆژگاری داهاتوویان كردووه‌،"

6 ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ ، بۆ تۆبه‌كردن نوێ بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ بۆ خۆیان كوڕی خودا له‌ خاچ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ڕیسوای ده‌كه‌ن."

7 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌وی له‌و بارانه‌ی خوارده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار دێته‌ سه‌ری، ڕووه‌كێك ده‌دات كه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بۆیان كێڵدراوه‌، له‌ خوداشه‌وه‌ فه‌ڕی ده‌بێت."

8 به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڕك و داڵی به‌رهه‌م هێنا، ئه‌وا پووچ و نزیكه‌ نه‌فره‌ته‌، كۆتاییه‌كه‌ی سووتانه‌."

9 خۆشه‌ویستان، هه‌رچه‌نده‌ ئاوا قسه‌ ده‌كه‌ین، دڵنیا بووین له‌مه‌ڕ ئێوه‌ ڕه‌وشێكی باشتر هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕزگاری."

10 چونكه‌ خودا زۆردار نییه‌ تاكو له‌یاد بكات، كاری ئێوه‌ و ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی بۆ ناوی ئه‌و ده‌رتانبڕی له‌ خزمه‌تكردنی پیرۆزكراوان و هه‌روا خزمه‌تیش ده‌كه‌ن."

11 ئێمه‌ش ده‌خوازین هه‌ر یه‌كێكتان هه‌مان دڵگه‌رمی ده‌ربخات بۆ دڵنیایی ته‌واوی هیوا تاكو كۆتایی،"

12 تاكو ته‌مبه‌ڵ نه‌بن، به‌ڵكو لاسایی ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕ و ئارامگرتن میراتگری به‌ڵێنه‌كانن."

13 كاتێ خودا به‌ڵێنی به‌ ئیبراهیم دا، سوێندی به‌خۆی خوارد، چونكه‌ كه‌سی پایه‌ به‌رزتری نه‌بوو سوێندی پێ بخوات،"

14 فه‌رمووی: {بێگومان به‌ره‌كه‌تدارت ده‌كه‌م، نه‌وه‌كه‌ت چه‌ندباره‌ ده‌كه‌م.}"

15 ئا به‌م شێوه‌یه‌ ئارامی گرت و ئینجا به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌ده‌ست‌هێنا."

16 چونكه‌ خه‌ڵك سوێند به‌ گه‌وره‌تر ده‌خۆن، كۆتایی هه‌موو ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك بۆ چه‌سپاندن سوێنده‌."

17 ئاواش خودا ویستی ئه‌و خواسته‌ نه‌گۆڕه‌ی خۆی زیاتر به‌ میراتگرانی به‌ڵێن پیشان بدات، ئه‌مه‌شی به‌ سوێند چه‌سپاند."

18 له‌ ڕێگای دوو شتی نه‌گۆڕ كه‌ خودا ناتوانێ تیایان‌دا درۆ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هاندانی گه‌وره‌مان هه‌بێت، په‌نامان برده‌ به‌ر ده‌ستگرتن به‌و هیوایه‌ی كه‌ له‌پێشمانه‌."

19 ئه‌م هیوایه‌ وه‌ك له‌نگه‌ر بۆ ده‌روونمان، چه‌سپاو و ڕاگره‌. ده‌چێته‌ ناو په‌رده‌ش ،"

20 له‌وێ‌دا عیسا پێشتر و له‌بری ئێمه‌ چووه‌ ناوی، تاهه‌تایه‌ بووه‌ سه‌رۆك كاهین، له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق."

7

1 چونكه‌ ئه‌م مه‌لكیسادقه‌ - پاشای شالیم، هه‌روه‌ها كاهینی خودای هه‌ره‌به‌رز - كاتێ ئیبراهیم له‌ به‌زاندنی پاشاكان گه‌ڕایه‌وه‌، تووشی بوو و داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كرد،"

2 ئه‌وه‌ی ئیبراهیم ده‌یه‌كی هه‌موو شتێكی بۆ جیا كرده‌وه‌. یه‌كه‌م جار ناوی به‌ واتای (پاشای ڕاستودروستی) دێت، دواتر (پاشای شالیم) واتا (پاشای ئاشتی)."

3 بێ دایك و باوك، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌، بێ سه‌ره‌تای ڕۆژان و كۆتایی ژیان، به‌ڵكو وه‌ك كوڕی خودا وایه‌، تاهه‌تایه‌ به‌ كاهین ده‌مێنێته‌وه‌."

4 سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه‌ چه‌ند گه‌وره‌ بووه‌، ته‌نانه‌ت ئیبراهیمی بابه‌گه‌وره‌ ده‌یه‌كی ده‌ست‌كه‌وتی داوه‌تێ."

5 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی لێڤین و كاهینیه‌تییان وه‌رگرتووه‌، ڕاسپارده‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك وه‌ربگرن، كه‌ برایانن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشتی ئیبراهیمن."

6 ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌وانیش نییه‌، ده‌یه‌كی له‌ ئیبراهیم وه‌رگرت و ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی هه‌یه‌ به‌ره‌كه‌تداری كرد."

7 بێ هه‌موو ده‌مه‌قاڵێیه‌ك، بچووكترین له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین به‌ره‌كه‌تدار ده‌كرێت."

8 لێره‌ش خه‌ڵكی كه‌ ده‌مرن ده‌یه‌ك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌وێ شایه‌تی بۆ ده‌درێت كه‌وا زیندووه‌."

9 ئاوا قسه‌یه‌ك ده‌كرێت: ته‌نانه‌ت لێڤی كه‌ ده‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ، خۆی به‌هۆی ئیبراهیم ده‌یه‌كی داوه‌،"

10 چونكه‌ كاتێ مه‌لكیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی له‌ پشتی باوكی بوو."

11 ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌واوه‌تی به‌ كاهینیه‌تی لێڤی بووه‌ - كه‌ گه‌لیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ته‌وراتی وه‌رگرت - ئایا پێویسته‌ كاهینێكی دیكه‌ له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق و نه‌ك له‌ پله‌ی هاڕون قیت‌بكرێته‌وه‌؟"

12 چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاهینیه‌تی بگۆڕێت، ئه‌وا پێویسته‌ شه‌ریعه‌تیش بگۆڕێت."

13 ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، سه‌ر به‌ هۆزێكی جیاوازه‌، له‌مه‌ كه‌س خزمه‌تی قوربانگای نه‌كردووه‌."

14 كه‌ ئاشكرایه‌ خوداوه‌ندمان بۆ هۆزی یه‌هودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، موساش له‌مه‌ڕ كاهینیه‌تی باسی ئه‌م هۆزه‌ی نه‌كردووه‌."

15 زۆر ڕوونتریشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌لكیسادق كاهینێكی دیكه‌ قیت‌بێته‌وه‌،"

16 كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌وراتی ڕاسپارده‌ی جه‌سته‌یی دانه‌نرا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هێزی ژیانی نه‌فه‌وتاو."

17 چونكه‌ شایه‌تی ده‌دات: {تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكیسادق.}"

18 ئیتر ڕاسپارده‌ی پێشوو لابردرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاواز و بێ سوود بوو -"

19 چونكه‌ ته‌ورات هیچ شتێكی ته‌واو نه‌كرد - به‌ڵكو هیوایه‌كی چاكتر هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ خودا نزیك ده‌بینه‌وه‌."

20 ئه‌مه‌ش بێ سوێند نه‌بوو. چونكه‌ ئه‌وان بێ سوێند بوونه‌ كاهین،"

21 به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ سوێنده‌وه‌ بوو، له‌وه‌ی پێی فه‌رموو: {خوداوه‌ند سوێندی خواردووه‌ و پاشگه‌ز نابێته‌وه‌: "تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت."}"

22 به‌گوێره‌ی ئه‌م سوێنده‌ش عیسا بووه‌ ده‌سته‌به‌ری په‌یمانێكی باشتر."

23 كاهینه‌كان زۆربوون، چونكه‌ مه‌رگ بووه‌ كۆسپ له‌وه‌ی به‌رده‌وام بن."

24 به‌ڵام چونكه‌ عیسا تاهه‌تایه‌ ده‌مینێته‌وه‌، كاهینیه‌تییه‌كی نه‌گۆڕی هه‌یه‌."

25 له‌مه‌وه‌ش ده‌توانێ ئه‌وانه‌ به‌ ته‌واوی ڕزگار بكات كه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌چنه‌ لای خودا، ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌ژیێت تاكو داكۆكیان بۆ بكات."

26 چونكه‌ سه‌رۆك كاهینێكی ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، پیرۆز و بێ گله‌یی و بێ گڵاوی، له‌ گوناهباران جیاكرایه‌وه‌ و له‌ ئاسمان به‌رزتر كرا."

27 ئه‌و پێویستی به‌وه‌ نییه‌ وه‌ك سه‌رۆك كاهینانی دیكه‌ ڕۆژانه‌ قوربانی بكات، یه‌كه‌م بۆ گوناهه‌كانی خۆی و دوایی بۆ گوناهه‌كانی گه‌له‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌مه‌ی به‌ جارێك كرد كه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد."

28 چونكه‌ ته‌ورات كه‌سانێك له‌ پێگه‌ی سه‌رۆك كاهین داده‌نێت كه‌ لاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام وشه‌ی سوێند كه‌ دوای ته‌وراته‌، كوڕه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ تاهه‌تایه‌ ته‌واوكراوه‌."

8

1 گرنگترین خاڵ له‌وه‌ی وترا ئه‌مه‌یه‌: ئێمه‌ سه‌رۆك كاهینێكی ئاوامان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمان‌دا له‌ ده‌سته‌ڕاستی ته‌ختی پایه‌ به‌رزی دانیشت،"

2 خزمه‌تكاری پیرۆزگا و نشینگه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌، ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند دایناوه‌ نه‌ك مرۆڤ."

3 چونكه‌ هه‌ر سه‌رۆك كاهینێك بۆ پێشكه‌شكردنی به‌خشین و قوربانی دانراوه، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ پێویسته‌ شتێكی هه‌بێت كه‌ پێشكه‌شی بكات."

4 ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی بووایه‌، نه‌ده‌بووه‌ كاهین، چونكه‌ كه‌سانێكی هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات قوربانی بكات."

5 ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی وێنه‌ و سێبه‌ری شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ موساش به‌ته‌مابوو نشینگه‌كه‌ دروست‌بكات، ئاگادار كرایه‌وه‌: {بڕوانه‌ كه‌ هه‌موو شتێك له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ دروست بكه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كێوه‌كه‌ پیشانت دراوه‌.}"

6 به‌ڵام عیسا ئێستا خزمه‌تێكی زۆر نایابتری له‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ست‌كه‌وت، به‌و ئاسته‌ی نێوانگری په‌یمانێكی باشتره‌، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنی باشتر بنیادنراوه‌."

7 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌یمانی یه‌كه‌م بێ كه‌موكوڕی بووایه‌، ئیتر شوێن بۆ دووه‌م داوا نه‌ده‌كرا."

8 چونكه‌ خودا كه‌موكوڕی ده‌دۆزێته‌وه‌ و پێیان ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌وه‌تا ڕۆژانێك دێت، خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ، په‌یمانێكی نوێ له‌گه‌ڵ ماڵی ئیسرائیل و ماڵی یه‌هودا ده‌به‌ستم."

9 نه‌ك وه‌ك ئه‌و په‌یمانه‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانیان به‌ستم ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌ستیانم گرت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسر ده‌ریان بكه‌م، چونكه‌ له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌م نه‌ڕۆیشتن، ئیتر منیش پشتگوێم خستن، خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ."

10 وه‌ك ئه‌م په‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ ماڵی ئیسرائیل‌دا ده‌به‌ستم دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ، فێركردنه‌كانم ده‌خه‌مه‌ ناو بیركردنه‌وه‌یان و له‌سه‌ر دڵیان ده‌ینووسم، من بۆیان ده‌بمه‌ خودا و ئه‌وانیش بۆ من ده‌بنه‌ گه‌ل."

11 له‌مه‌ودوا كه‌س هاوڕێیه‌كه‌ی خۆی یان براكه‌ی خۆی فێرناكات و بڵێت، "خوداوه‌ند بناسه‌." چونكه‌ هه‌موویان ده‌مناسن، له‌ بچووكیانه‌وه‌ تا گه‌وره‌یان."

12 چونكه‌ له‌ تاوانه‌كه‌یان خۆش ده‌بم و چیتر گوناهه‌كانیان له‌ یادم نامێنێت.}"

13 كاتێ ده‌فه‌رمووێ: (نوێ) یه‌كه‌م كۆن ده‌كات. شتێكیش كه‌ كۆن بوو و پیر بوو، ئه‌وا له‌ فه‌وتان نزیكه‌."

9

1 ئیتر په‌یمانه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ ڕێوڕه‌سمی خزمه‌ت و پیرۆزگای زه‌مینییه‌."

2 چونكه‌ نشینگه‌یه‌ك ڕاخرا، له‌ ژووری یه‌كه‌م چرادان و مێز و نانی قوربانی تێدابوو كه‌ پێی ده‌ووترێ شوێنی پیرۆز."

3 پشتی په‌رده‌ی دووه‌م، ژوورێك هه‌بوو پێی ده‌ووترێ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز،"

4 بخووردانێكی زێڕین و سندوقی په‌یمانی تێدایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ زێڕ ڕووپۆش كراوه‌. له‌ناو ئه‌مه‌ش گۆزه‌یه‌كی زێڕین هه‌بوو مه‌نی تێدابوو، له‌گه‌ڵ گۆپاڵه‌كه‌ی هاڕون كه‌ گه‌ڵای سه‌وزی كردبوو، هه‌روه‌ها ته‌خته‌ به‌ردینه‌كانی په‌یمان."

5 له‌سه‌ریشی كه‌ڕوبه‌كانی شكۆ سێبه‌ریان كردبووه‌ سه‌ر قه‌پاغی كه‌فاره‌ت.. لێره‌دا به‌ وردی ناتوانین باسی ئه‌مانه‌ بكه‌ین."

6 كاتێ شته‌كان ئاوا ڕێكخرابوون، كاهینان هه‌موو كاتێ ده‌چنه‌ ژووری یه‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی خزمه‌ت."

7 به‌ڵام بۆ ژووری دووه‌م ته‌نها سه‌رۆك كاهین ساڵی جارێك ده‌چێت، ئه‌ویش بێ خوێن نابێت، كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات بۆ خۆی و بۆ گوناهه‌كانی گه‌ل كه‌ به‌ نه‌زانی كردوویانه‌."

8 به‌مه‌ش ڕۆحی پیرۆز ئاماژه‌ ده‌كات، ڕێگای شوێنی هه‌ره‌پیرۆز جارێ ئاشكرا نه‌بووه‌، كه‌ هێشتا نشینگه‌ی یه‌كه‌م هه‌یه‌."

9 ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌، كه‌ تیای‌دا دیاری و قوربانی پێشكه‌ش ده‌كرێت، ناتوانێت ویژدانی ئه‌وه‌ی ده‌یپه‌رستێت پاك بكات."

10 ئه‌مانه‌ ته‌نها ڕێوڕه‌سمی ڕواڵه‌تیانه‌ن كه‌ چڕده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ و بسمیلكردن، تا كاتی داڕشتنه‌وه‌ی نوێ."

11 به‌ڵام كاتێ مه‌سیح هات وه‌ك سه‌رۆك كاهین بۆ شته‌ باشه‌كانی داهاتوو، چووه‌ ناو نشینگه‌ی گه‌وره‌تر و ته‌واوتر كه‌ ده‌ستكرد نییه‌، واتا هی به‌دیهێنراو نییه‌."

12 به‌ خوێنی بزن و گوێره‌كه‌ نه‌چوو، به‌ڵكو به‌ خوێنی خۆی به‌ جارێك چووه‌ ناو شوێنی هه‌ره‌پیرۆز و كڕینه‌وه‌ی تاهه‌تایی ده‌ست‌كه‌وت."

13 چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوێنی بزن و گا و خۆڵه‌مێشی گوێره‌كه‌ كه‌ به‌سه‌ر گڵاوه‌كان‌دا ده‌پرژێندرێت، پیرۆز بكات بۆ پاككردنه‌وه‌ی جه‌سته‌،"

14 ئیتر خوێنی مه‌سیح چه‌ند زیاتره‌، ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆحێكی تاهه‌تایی بێ كه‌موكوڕی خۆی پێشكه‌شی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ویژدانمان له‌ كرداره‌ مردووه‌كان پاك‌ده‌كاته‌وه‌، تاكو خزمه‌تی خودای زیندوو بكه‌ین."

15 له‌به‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیح نێوانگری په‌یمانی نوێیه‌، تاكو بانگكراوان به‌ڵێنی میراتی تاهه‌تایی وه‌ربگرن، چونكه‌ مردنه‌كه‌ بۆ كڕینه‌وه‌ی گوناهه‌كانه‌ كه‌ له‌ په‌یمانی یه‌كه‌م دا كردوویانه‌."

16 ئه‌گه‌ر وه‌سیه‌تنامه‌ هه‌بێ، پێویسته‌ مردنی وه‌سیه‌تكار بسه‌لمێندرێ،"

17 چونكه‌ وه‌سیه‌تنامه‌ له‌گه‌ڵ مردن ده‌كه‌وێته‌ كار، هیچ هێزیشی نییه‌ كه‌ وه‌سیه‌تكار زیندوو بێ."

18 بۆیه‌ په‌یمانه‌كه‌ی یه‌كه‌میش بێ خوێن جێبه‌جێ نه‌كرا."

19 چونكه‌ موسا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕاسپارده‌كانی به‌گوێره‌ی ته‌ورات به‌ هه‌موو گه‌ل ڕاگه‌یاند، خوێنی گوێره‌كه‌ی هێنا له‌گه‌ڵ ئاو و خوری سوور و زوفا، به‌سه‌ر ته‌ورات و هه‌موو گه‌ل‌دا پرژاندی."

20 فه‌رمووی: {ئه‌مه‌ خوێنی ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ خودا فه‌رمانی پێ كردن.}"

21 هه‌روه‌ها خوێنه‌كه‌ی پرژانده‌ سه‌ر نشینگه‌كه‌ و هه‌موو هیرباره‌كانی خزمه‌ت كردن."

22 به‌گوێره‌ی ته‌ورات نزیكه‌ی هه‌موو شتێك به‌ خوێن پاك‌ده‌بێته‌وه‌، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێن ڕشتن نابێت."

23 پاككردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌بووایه‌ ئاوا بكرێت، به‌ڵام خودی شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌ قوربانی باشتر له‌مانه‌ پاك‌ده‌بنه‌وه‌."

24 چونكه‌ مه‌سیح نه‌چووه‌ پیرۆزگای ده‌ستكرد كه‌ له‌به‌رگیراوه‌ی شته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌، به‌ڵكو خودی ئاسمان، ئێستاش له‌وێ له‌به‌رده‌م خودا بۆ ئێمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت."

25 نه‌ك تاكو چه‌ند جارێك خۆی پێشكه‌ش بكات، وه‌ك سه‌رۆك كاهین ساڵی جارێك به‌ خوێنێك كه‌ خوێنی خۆی نییه‌ ده‌چێته‌ شوێنی هه‌ره‌پیرۆز."

26 ئه‌گینا ده‌بووایه‌ مه‌سیح له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ چه‌ندین جار ئازاری بچێژتبووایه‌. به‌ڵام ئێستا له‌ كۆتایی ڕۆژگار ته‌نها جارێك ده‌ركه‌وت تاكو گوناه‌ بسڕێته‌وه‌، به‌وه‌ی خۆی كرده‌ قوربانی."

27 وه‌ك بۆ مرۆڤ دانراوه‌ جارێك بمرێت، دواتر لێپرسینه‌وه‌یه‌،"

28 مه‌سیحیش جارێك پێشكه‌ش كرا تاكو گوناهی زۆران هه‌ڵبگرێت. بێ گوناهیش ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆ ڕزگاری ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن."

10

1 ته‌ورات ته‌نها سێبه‌ری شته‌ باشه‌كانی داهاتووه‌، نه‌ك وێنه‌ی ته‌واوی ڕاستییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌ هه‌مان قوربانییه‌كانی ساڵانه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وانه‌ ته‌واو بكات كه‌ بۆ په‌رستن نزیك ده‌بنه‌وه‌."

2 ئه‌گینا، ئایا له‌ پێشكه‌شكردن نه‌ده‌وه‌ستان؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر خواپه‌رستان ته‌نها جارێك پاكبوونه‌وه‌، ئیتر ویژدانی گوناهیان نامێنێته‌وه‌."

3 به‌ڵام له‌و قوربانییانه‌دا ساڵانه‌ یاده‌وه‌ری گوناه‌ ده‌كرێته‌وه‌."

4 چونكه‌ مه‌حاڵه‌ خوێنی گا و بزن گوناه‌ لابه‌رێت."

5 له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێ مه‌سیح هاته‌ ناو جیهان فه‌رمووی: {قوربانی و پێشكه‌شكراوت نه‌ویست، به‌ڵكو له‌شێكت بۆ ئاماده‌ كردم."

6 به‌ قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه‌ دڵخۆش نه‌بووی."

7 ئینجا وتم: "ئه‌وه‌تا هاتم - وه‌ك له‌ سیپاره‌ی پێچراو له‌سه‌رم نووسراوه‌ - تاكو به‌‏خواستی تۆ كار بكه‌م، ئه‌ی خودا."}"

8 له‌ سه‌ره‌وه‌ فه‌رمووی: {تۆ قوربانی و پێشكه‌شكراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نه‌ویست و پێی دڵخۆش نه‌بووی} - ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌كرێت -"

9 ئینجا فه‌رمووی: {ئه‌وه‌تا هاتم تاكو به‌ خواستی تۆ كار بكه‌م.} یه‌كه‌م لاده‌بات، تاكو دووه‌م دابنێ."

10 به‌م خواسته‌ به‌ جارێك به‌هۆی پێشكه‌شكردنی له‌شی عیسای مه‌سیح پیرۆز بووین."

11 هه‌ر كاهینێك هه‌موو ڕۆژێك ڕاده‌وه‌ستێت و خزمه‌ت ده‌كات چه‌ندین جار هه‌مان قوربانی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز ناتوانێت گوناه‌ لابه‌رێت."

12 به‌ڵام ئه‌م كاهینه‌ كاتێ قوربانییه‌كی كرد له‌ جیاتی گوناه‌ بۆ هه‌موو كاتێك، ئینجا له‌ ده‌سته‌ڕاستی خوداش دانیشت،"

13 له‌و كاته‌وه‌ چاوه‌ڕوانه‌، تاكو دوژمنانی بخرێنه‌ ته‌خته‌پێی."

14 چونكه‌ به‌ یه‌ك قوربانی، پیرۆزكراوانی بۆ هه‌رده‌م ته‌واو كرد."

15 ڕۆحی پیرۆزیش شایه‌تیمان بۆ ده‌دات، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمووی:"

16 {ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌یبه‌ستم، دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ: "فێركردنه‌كانم ده‌خه‌مه‌ ناو دڵیان، هه‌روه‌ها له‌ناو مێشكیان ده‌ینووسم."}"

17 دوایی ده‌فه‌رمووێ: {هه‌رگیز یادی گوناهه‌كان و سه‌رپێچیه‌كه‌یان ناكه‌مه‌وه‌.}"

18 له‌كوێ لێخۆشبوونی ئه‌مانه‌ هه‌بێت، ئیتر قوربانی بۆ گوناه‌ نابێت."

19 بۆیه‌ برایان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌مان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ ناو شوێنی هه‌ره‌پیرۆز به‌ خوێنی عیسا،"

20 به‌ ڕێگایه‌كی نوێ و زیندوو له‌ ناو په‌رده‌دا بۆمانی كرده‌وه‌، واتا جه‌سته‌ی خۆی،"

21 هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاهینێكی به‌رزمان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ماڵی خوداوه‌،"

22 با به‌ دڵێكی ڕاست به‌ متمانه‌ی ته‌واوی باوه‌ڕ بچینه‌ پێش خودا كه‌ دڵمان پرژێندراو بێت تاكو له‌ ویژادانی خراپ پاك بێته‌وه‌ و له‌شمان به‌ ئاوێكی پاك شۆردرا بێت."

23 با بێ ڕاڕایی ده‌ست بگرین به‌ دانپیانانی هیوامان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ جێی متمانه‌یه‌."

24 هه‌روه‌ها با ئاگاداری یه‌كتری بین بۆ هاندان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و كاری چاك."

25 با واز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان ناهێنین، وه‌ك هه‌ندێك له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو یه‌كتری هانده‌ده‌ین، زیاتریش كه‌ ده‌بینن ڕۆژه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌."

26 چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕاستیمان ناسی، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بووین له‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست گوناه‌ بكه‌ین، ئه‌وا قوربانی بۆ گوناه‌ نامێنێت،"

27 به‌ڵكو چاوه‌ڕێكردنی حوكمدانی ترسناك و ئاگری بڵێسه‌دار كه‌ خه‌ریكه‌ دژه‌كانی خودا ده‌خوات."

28 ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی ته‌وراتی موسای كردووه‌، بێ‌به‌زه‌ییانه‌ به‌ شایه‌تی دوو یان سێیان ده‌مرێت."

29 به‌ ڕای ئێوه‌ شایانی سزای چه‌ند خراپتره‌ ئه‌وه‌ی پێشێلی كوڕی خودای كردووه‌ و خوێنی په‌یمان به‌ پیس داده‌نێت كه‌ پیرۆزی كردووه‌، سووكایه‌تیش به‌ ڕۆحی نیعمه‌ت ده‌كات؟"

30 چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ناسین كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رمووه‌: {تۆڵه‌سه‌ندن هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م.} هه‌روه‌ها: {خوداوه‌ند حوكم به‌سه‌ر گه‌لی خۆی ده‌دات.}"

31 كه‌وتنه‌ ناو ده‌ستی خودای زیندوو‌ ترسناكه."

32 به‌ڵام ڕۆژانی زووتان به‌ یاد بێته‌وه‌ كه‌ ڕووناك بوونه‌وه‌ و ئارامتان گرت له‌ تێكۆشانی ئازاری زۆر."

33 له‌ لایه‌ك تووشی جنێو و چه‌وسانه‌وه‌ی ئاشكرا هاتوون، له‌ لایه‌كی دیكه‌ به‌شداری ئه‌وانه‌ن كه‌ وایان پێ ده‌كرێت."

34 هاوسۆزی به‌ندكراوانتان كرد، كاتێ سامانتان تاڵان كرا به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندتان كرد، ده‌زانن له‌ ئاسمان‌دا سامانی باشترتان هه‌یه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌."

35 كه‌واته‌ متمانه‌تان فڕێ‌مه‌ده‌ن كه‌ پاداشتی گه‌وره‌ی هه‌یه‌."

36 چونكه‌ پێویستیتان به‌ دانبه‌خۆداگرتن هه‌یه‌، تاكو له‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خوداتان كرد، به‌ڵێنه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن."

37 چونكه‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كورت، {ئه‌وه‌ی دێت، دێت و دواناكه‌وێت."

38 ئه‌وه‌ی ڕاستودروسته‌ و هی خۆمه‌ به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی من نابێت.}"

39 جا ئێمه‌ سه‌ر به‌و هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ نین كه‌ بۆ له‌ناوچوونن، به‌ڵكو سه‌ر به‌ باوه‌ڕین بۆ ڕزگاری خۆمان."

11

1 باوه‌ڕ دڵنیاییه‌ به‌وه‌ی هیوامان پێیه‌تی، بێگومانییه‌ له‌وه‌ی نایبینین."

2 چونكه‌ به‌مه‌ پێشینان په‌سه‌ند كراون."

3 به‌ باوه‌ڕ تێده‌گه‌ین كه‌ گه‌ردوون به‌ وشه‌ی خودا به‌دیهێنراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌ بینراو نه‌هاتۆته‌كایه‌وه‌."

4 به‌ باوه‌ڕ هابیل قوربانییه‌كی باشتری له‌وه‌ی قابیل پێشكه‌شی خودا كرد. به‌ باوه‌ڕ شایه‌تی بۆ درا كه‌ ڕاستودروسته‌ كاتێ خودا شایه‌تی بۆ قوربانییه‌كه‌ی دا. هه‌رچه‌نده‌ مرد، هه‌روا به‌ باوه‌ڕ ده‌دوێت."

5 به‌ باوه‌ڕ ئه‌خنوخ بردرا تاكو مردن نه‌بینێ، ئیتر نه‌دۆزرایه‌وه‌، چونكه‌ خودا بردییه‌وه‌. پێش بردنیشی شایه‌تی وه‌رگرت كه‌ خودای ڕازی كردووه‌."

6 بێ‌باوه‌ڕیش مه‌حاڵه‌ خودا ڕازی بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و نزیك بێته‌وه‌، ده‌بێ باوه‌ڕی به‌ بوونی ئه‌و هه‌بێت و پاداشتی ئه‌وانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ داوای ده‌كه‌ن."

7 به‌ باوه‌ڕ نوح، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێشتا نابینرێت ئاگادار كرایه‌وه‌، ترسا، كه‌شتییه‌كی بنیاد نا بۆ ڕزگاری ماڵه‌كه‌ی. به‌ باوه‌ڕ جیهانی حوكم دا و میراتگری ڕاستودروستییه‌كه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی باوه‌ڕ بووه‌."

8 به‌ باوه‌ڕ كاتێ ئیبراهیم بانگ‌كرا بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ریك بوو به‌ میرات وه‌ری بگرێت، گوێڕایه‌ڵ بوو و ده‌رچوو، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یده‌زانی بۆ كوێ ده‌چێت."

9 به‌ باوه‌ڕ وه‌ك بێگانه‌ له‌ خاكی به‌ڵێن‌پێدراو نامۆ بوو، له‌ چادردا ژیا، وه‌ك ئیسحاق و یاقوب كه‌ له‌گه‌ڵی‌دا له‌ میراتی به‌ڵێن هاوبه‌شن."

10 چونكه‌ چاوه‌ڕێی شاره‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ بناغه‌كانی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ندازیاریێتی و دروستكه‌ر خودایه‌."

11 به‌ باوه‌ڕی ئیبراهیم، خودی سارا هه‌رچه‌نده‌ نه‌زۆك بوو توانای سك كردنی وه‌رگرت، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی ئاسایی به‌سه‌رچوو بوو، چونكه‌ دڵنیابوو ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ دڵسۆزه‌."

12 بۆیه‌ له‌ پیاوێك له‌ دایك بوو، هه‌روه‌ك مردووه‌، نه‌وه‌كان ژماره‌یان وه‌ك ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، وه‌ك لمی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات."

13 هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ باوه‌ڕدا مردن و به‌ڵێنه‌كانیان وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو له‌ دووره‌وه‌ بینییان و پێشوازییان لێ‌كرد، دانیان پیانا كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌وی‌دا نامۆ و بێگانه‌ن."

14 ئه‌وانه‌ی ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێن، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ داوای نیشتیمان ده‌كه‌ن."

15 ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیری نیشتیمانیان بكردبایه‌وه‌ كه‌ لێی ده‌رچووبوون، ئه‌وا هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆی ده‌بوو."

16 به‌ڵام ئێستا ئاره‌زووی نیشتیمانێكی باشتر ده‌كه‌ن، كه‌ ئاسمانییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ خودا شه‌رمی پێیان نییه‌ به‌ خودای ئه‌وان ناوببردرێت، چونكه‌ شارێكی بۆ ئاماده‌كردن."

17 به‌ باوه‌ڕ ئیبراهیم، كاتێ خودا خستییه‌ ئه‌زموونه‌وه‌، ئیسحاقی تاقانه‌كه‌ی وه‌ك قوربانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ریگرت،"

18 سه‌باره‌ت به‌و، خودا فه‌رمووی: {له‌ ئیسحاقه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت.}"

19 ئیبراهیم داینابوو كه‌ خودا ده‌توانێت مردوو هه‌ڵستێنێته‌وه‌، له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌جازییانه‌ ئیسحاقی وه‌رگرته‌وه‌."

20 به‌ باوه‌ڕ ئیسحاق داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ یاقوب و عیسۆ كرد، بۆ داهاتووه‌كان."

21 به‌ باوه‌ڕ یاقوب له‌ سه‌ره‌مه‌رگی‌دا داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی یوسف كرد و خۆی به‌سه‌ر ده‌سكی گۆپاڵه‌كه‌ی‌دا دا و په‌رستشی كرد."

22 به‌ باوه‌ڕ یوسف له‌ سه‌ره‌مه‌رگی‌دا باسی ده‌رچوونی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی كرد و له‌مه‌ڕ ئێسقانه‌كانی ڕایسپاردن."

23 به‌ باوه‌ڕ كاتێ موسا له‌دایك بوو، سێ مانگ دایك و باوكی شاردییانه‌وه‌، چونكه‌ بینییان منداڵه‌كه‌ جوانه‌، له‌ فه‌رمانی پاشا نه‌ترسان."

24 به‌ باوه‌ڕ كاتێ موسا گه‌وره‌ بوو، نه‌یویست به‌ كوڕی كچی فیرعه‌ون ناوببردرێت."

25 به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا سووكایه‌تی پێ بكرێت، له‌وه‌ی له‌زه‌تێكی كاتی له‌ گوناهدا هه‌بێت."

26 ئه‌و ڕیسوایی له‌ پێناوی مه‌سیح به‌ سامانێكی گه‌وره‌تری دانا له‌ گه‌نجینه‌ی میسر، چونكه‌ سه‌رنجی دابووه‌ پاداشت."

27 به‌ باوه‌ڕ میسری به‌جێ‌هێشت و له‌ تووڕه‌یی پاشا نه‌ترسا. دانی به‌خۆی‌دا گرت وه‌ك ئه‌وه‌ ببینێ كه‌ نه‌بینراوه‌."

28 به‌ باوه‌ڕ په‌سخه‌ی كرد و خوێنه‌كه‌ی پرژاند، نه‌وه‌ك له‌ناوبه‌ری نۆبه‌ره‌ ده‌ستیان لێ بدات."

29 به‌ باوه‌ڕ به‌ ده‌ریای سووردا په‌ڕینه‌وه‌ وه‌ك به‌ وشكانی‌دا، به‌ڵام میسرییه‌كان كاتێ ویستیان بیكه‌ن نقووم بوون."

30 به‌ باوه‌ڕ شووره‌كانی ئه‌ریحا ڕووخان ، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆژ به‌ ده‌وری‌دا سووڕانه‌وه‌."

31 به‌ باوه‌ڕ ڕاحابی داوێنپیس له‌گه‌ڵ یاخیبووان له‌ناونه‌چوو، چونكه‌ پێشوازییه‌كی ئاشتییانه‌ی له‌ سیخوڕه‌كان كرد."

32 چی دیكه‌ش بڵێم؟ كاتم نییه‌ باسی گدعۆن و باراك و شه‌مشون و یه‌فتاح و داود و سامۆئیل و پێغه‌مبه‌ران بكه‌م،"

33 كه‌وا به‌ باوه‌ڕ پاشایه‌تییه‌كانیان به‌زاند، دادپه‌روه‌رییان هێنایه‌ كایه‌وه‌، به‌ڵێنه‌كانیان به‌ده‌ست‌هێنا، ده‌می شێریان داخست،"

34 هێزی ئاگریان كوژانده‌وه‌، له‌ تیخی شمشێر ڕایانكرد، له‌ لاوازی‌دا به‌هێزبوون، له‌ شه‌ڕدا توند بوون، له‌شكری بێگانه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌."

35 هه‌ندێك ژن مردووه‌كانیان به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ وه‌رگرته‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی دیكه‌ ئازار دران و ڕزگارییان نه‌ویست، تاكو هه‌ڵستانه‌وه‌یه‌كی باشتریان ده‌ست‌بكه‌وێت."

36 هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌ ئه‌زموونی سووكایه‌تی و به‌ر قامچیدان، هه‌روه‌ها كۆت و زيندان."

37 به‌ردباران كران، كه‌رت كران، به‌ زه‌بری شمشێر مردوون. به‌ پێستی مه‌ڕ و بزن گه‌ڕێندراون، نه‌بوون و چه‌وسێنراوه‌ و زه‌لیل كراون - -"

38 جیهان شایانی ئه‌مان نه‌بوو. ده‌ربه‌ده‌ری بیابان و شاخ و ئه‌شكه‌وت و كون و كه‌له‌به‌ری زه‌وی بوون."

39 هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌هۆی باوه‌ڕیان شایه‌تییان بۆ درا، به‌ڵام به‌ڵێنیان ده‌ست نه‌كه‌وت."

40 چونكه‌ خودا پێشتر شتێكی باشتری بۆمان بینی، تاكو بێ ئێمه‌ ته‌واو نه‌بن."

12

1 بۆیه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌ورێكی شایه‌تیده‌رانی ئاوا گه‌وره‌ ده‌وره‌ دراوین، با هه‌موو بارگرانییه‌ك و ئه‌و گوناهانه‌ی كه‌ به‌ ئاسانی ئاڵۆز ده‌كات بیخه‌ینه‌ لایه‌ك و به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌و پێشبڕكێیه‌ ڕابكه‌ین كه‌ له‌پێشمان دانراوه‌."

2 با چاومان ببڕینه‌ عیسا، پێشڕه‌و و ته‌واوكاری باوه‌ڕمان، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئه‌و خۆشییه‌ی له‌پێشی دانرابوو، به‌رگه‌ی خاچی گرت و شه‌رمه‌زاری به‌ سووك وه‌رگرت، جا له‌ ده‌سته‌ڕاستی ته‌ختی خودا دانیشت."

3 بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ گوناهبارانه‌وه‌ به‌رگه‌ی دژایه‌تی خۆی گرت، تاكو شه‌كه‌ت نه‌بن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن."

4 له‌ خه‌باتی دژی گوناه‌ هێشتا تاكو خوێن ڕشتن به‌رگریتان نه‌كردووه‌."

5 ئێوه‌ش ئه‌و هاندانه‌تان له‌بیر چۆوه‌، كه‌ وه‌ك ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت: {ڕۆڵه‌كه‌م، به‌ سووكی ته‌ماشای ته‌مبێكردنی خوداوه‌ند مه‌كه‌، هه‌روه‌ها كاتێ سه‌رزه‌نشتت ده‌كات وره‌ به‌رمه‌ده‌،"

6 چونكه‌ ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند خۆشی‌بووێ ته‌مبێی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێك وه‌ك ڕۆڵه‌ی خۆی وه‌ریگرێت، به‌ گۆپاڵ لێی ده‌دات.}"

7 كه‌واته‌ به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ك ڕۆڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵتان ده‌جووڵێته‌وه‌. چ ڕۆڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟"

8 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت - له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش - ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین."

9 زیاتریش، باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕۆحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟"

10 چونكه‌ باوكانمان بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پیرۆزییه‌كه‌ی بكه‌ین."

11 هه‌ر ته‌مبێكردنێك ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی ڕاستودروستی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون."

12 كه‌واته‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن،"

13 {ڕێڕه‌وی به‌رپێت خۆش بكه‌،} تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌."

14 كۆشش بكه‌ن تاكو له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك به‌ ئاشتی بژین، هه‌روه‌ها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی كه‌س خوداوه‌ند نابینێت."

15 ئاگاداری ئه‌وه‌ بن، كه‌س خۆی له‌ نیعمه‌تی خودا بێبه‌ش نه‌كات، نه‌وه‌ك ڕه‌گی تاڵی گه‌شه‌ بكات و په‌شێوی دروست بكات، به‌هۆی ئه‌مه‌ش زۆر كه‌س گڵاو بێت."

16 ئاگاداربن نه‌وه‌ك یه‌كێك داوێنپیس یان وه‌ك عیسۆ به‌ڕه‌ڵا بێت، ئه‌وه‌ی مافی نۆبه‌رایه‌تی خۆی به‌ ژه‌مێك خواردن فرۆشت."

17 چونكه‌ ده‌زانن دواتر ویستی ببێته‌وه‌ میراتگری به‌ره‌كه‌ت، ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆ تۆبه‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ش داوای كرد."

18 چونكه‌ ئێوه‌ نه‌هاتوونه‌ته‌ لای شاخێك ده‌ستی لێ بدرێت، لای ئاگرێكی گڕدار، لای تاریكی، لای ته‌م، لای گه‌رده‌لوول،"

19 لای ده‌نگی كه‌ڕه‌نا، لای ده‌نگی دووانێك وا له‌ گوێگران بكات بپاڕێنه‌وه‌ ئیتر ئه‌م قسانه‌یان بۆ نه‌كرێت،"

20 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی فه‌رمانی پێ كرا به‌رگه‌یان نه‌گرت: {ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵیش ده‌ستی به‌ر ئه‌و شاخه‌ بكه‌وێ، ده‌بێ به‌ردباران بكرێ.}"

21 دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسناك بوو، موسا وتی: {من له‌ ترسان ده‌له‌رزم.}"

22 به‌ڵكو ئێوه‌ هاتوونه‌ته‌ كێوی سییۆن بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشه‌لیمی ئاسمانی، بۆ ئاهه‌نگێك فریشته‌یه‌كی له‌ ژماره‌ نه‌هاتووی كۆكردۆته‌وه‌،"

23 بۆ كڵێسای نۆبه‌ره‌ تۆماركراوه‌كان له‌ ئاسمان‌دا، بۆ لای خودا، دادوه‌ری هه‌مووان، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان كه‌ ته‌واوكراون،"

24 بۆ لای عیسا، نێوانگری په‌یمانی نوێیه‌، بۆ خوێنێكی پرژێندراو كه‌ له‌ خوێنی هابیل باشتر ده‌دوێت."

25 ئاگاداربن قسه‌كه‌ره‌كه‌ ڕه‌ت مه‌كه‌نه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی قسه‌كه‌ری سه‌ر زه‌وییان ڕه‌تكرده‌وه‌ ده‌رباز نه‌بووبن، ئایا چه‌ند كه‌متر ئێمه‌ ده‌رباز ده‌بین كه‌ له‌ قسه‌كه‌ری ئاسمان هه‌ڵگه‌ڕاینه‌وه‌؟"

26 ئه‌وسا ده‌نگه‌كه‌ی زه‌وی هه‌ژاند، به‌ڵام ئێستا به‌ڵێنی داوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: {جارێكی دیكه‌ ته‌نها زه‌وی ناخه‌مه‌ له‌رزه‌، به‌ڵكو ئاسمانیش.}"

27 وشه‌ی (جارێكی دیكه‌) ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی له‌رزۆكن - وه‌ك دروستكراو - نامێنێت، تاكو شته‌ ناله‌رزۆكه‌كان بمێنن."

28 بۆیه‌، چونكه‌ شانشینێكی ناله‌رزۆك وه‌رده‌گرین، با سوپاسگوزار بین، به‌هۆیه‌وه‌ به‌ شێوازێكی په‌سه‌ند به‌ ترس و ڕێزه‌وه‌ خودا بپه‌رستین."

29 چونكه‌ {خودامان ئاگرێكی سووتێنه‌ره‌.}"

13

1 با خۆشه‌ویستی برایانه‌ بچه‌سپێت."

2 میوانداری نامۆیه‌كان له‌یاد مه‌كه‌ن، چونكه‌ به‌مه‌ كه‌سانێك بێ ئه‌وه‌ی بزانن میوانداری فریشته‌كانیان كردووه‌."

3 یادی به‌ندكراوان بكه‌ن هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵیان به‌ند كرابن، زۆرلێكراوانیش وه‌ك خۆتان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا زۆرلێكراو بن."

4 با له‌لای هه‌مووان هاوسه‌رایه‌تی ڕێزی هه‌بێت، نوێنی هاوسه‌رایه‌تیش ناگڵاو بێت، چونكه‌ خودا به‌ڕه‌ڵا و داوێنپیس تاوانبار ده‌كات."

5 با سه‌ربورده‌تان بێ خۆشه‌ویستی پاره‌ بێت، ڕازی بن به‌وه‌ی هه‌تانه‌، چونكه‌ خودا وتوویه‌تی: {هه‌رگیز پشتگوێت ناخه‌م، هه‌رگیز وازت لێ ناهێنم.}"

6 كه‌واته‌ به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ڵێین: {خوداوه‌ند یارمه‌تیده‌ری منه‌، ناترسم، مرۆڤ چی پێ ده‌كرێ له‌گه‌ڵ من؟}"

7 ڕابه‌ره‌كانتان له‌یاد بێت، ئه‌وانه‌ی باسی وشه‌ی خوداتان بۆ ده‌كه‌ن، ته‌ماشای سه‌ربورده‌یان بكه‌ن و لاسایی باوه‌ڕیان بكه‌نه‌وه‌."

8 عیسای مه‌سیح وه‌ك خۆیه‌تی، دوێنێ و ئه‌مڕۆ و تاهه‌تایه‌."

9 فێركردنی جۆراوجۆر و نامۆ نه‌تانهاژوات. چونكه‌ باشه‌ دڵ به‌ نیعمه‌ت به‌هێز بكرێت، نه‌ك به‌ یاسایه‌كانی خۆراك كه‌ سوودی نه‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ده‌ژین."

10 ئێمه‌ قوربانگایه‌كمان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی نشینگه‌كه‌ ده‌كه‌ن مافیان نییه‌ لێی بخۆن."

11 چونكه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی سه‌رۆك كاهین به‌هۆی خوێنیان وه‌ك قوربانی بۆ گوناه‌ ده‌چێته‌ شوێنی پیرۆز كه‌ ته‌رمه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا ده‌سووتێندرێ."

12 له‌به‌ر ئه‌وه‌ عیساش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌رگای شار ئازاری چێژت، تاكو به‌ خوێنی خۆی گه‌ل پیرۆز بكات."

13 كه‌واته‌ با بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییه‌كه‌ی هه‌ڵبگرین."

14 چونكه‌ لێره‌دا شارێكمان نییه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام داوای شاره‌ داهاتووه‌كه‌ ده‌كه‌ین."

15 بۆیه‌، با به‌هۆی عیسا هه‌رده‌م قوربانی ستایش پێشكه‌شی خودا بكه‌ین، كه‌ به‌روبوومی لێوێكه‌ دان به‌ ناوی ئه‌و ده‌نێت."

16 به‌ڵام چاكه‌كاری و هاوبه‌شی پشتگوێ مه‌خه‌ن، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ قوربانییانه‌ خودا دڵشاد ده‌كات."

17 گوێڕایه‌ڵی ڕابه‌ره‌كانتان بن و ملكه‌چیان بن، چونكه‌ شه‌واره‌تان بۆ ده‌گرن، وه‌ك بڵێی هه‌ژماردێك ده‌ده‌ن، تاكو به‌ شادییه‌وه‌ ئه‌مه‌ بكه‌ن نه‌ك به‌ بێزاری، چونكه‌ ئه‌مه‌ زیانی بۆتان ده‌بێت."

18 نوێژمان بۆ بكه‌ن، چونكه‌ دڵنیاین ویژدانێكی باشمان هه‌یه‌، ده‌مانه‌وێ له‌ هه‌موو شتێك‌دا هه‌ڵسوكه‌وتمان چاكبێت."

19 زیاتر لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئه‌مه‌ بكه‌ن، تاكو به‌ خێرایی بگه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان."

20 با خودای ئاشتی كه‌ به‌ خوێنی په‌یمانی تاهه‌تایی عیسای خوداوه‌ندمانی له‌نێو مردووان هه‌ڵستانده‌وه‌، شوانه‌ پایه‌ به‌رزه‌كه‌ی مه‌ڕه‌كان،"

21 له‌ هه‌موو شتێكی باش ئاماده‌تان بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی ئه‌و بكه‌ن، له‌ ئێمه‌ش‌دا كار بكات كه‌ به‌ دڵی خۆی بێت به‌هۆی عیسای مه‌سیح، تاهه‌تایه‌ شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌وه‌. ئامین."

22 خوشكان، برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، به‌ سنگفراوانییه‌وه‌ ئه‌م وته‌ی هاندانه‌ وه‌ربگرن، چونكه‌ ته‌نها نامه‌ی كورتم بۆ نووسیون."

23 بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد كراوه‌. ئه‌گه‌ر زوو هات، به‌یه‌كه‌وه‌ دیده‌نیتان ده‌كه‌ین."

24 سڵاو له‌ هه‌موو ڕابه‌ران و هه‌موو پیرۆزكراوان بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌ ئیتالیان سڵاوتان لێ‌ده‌كه‌ن."

25 نیعمه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت."