1

1 پۆڵۆس، به‌نده‌ی خودا و نێردراوی عیسای مه‌سیح، له‌ پێناوی باوه‌ڕی بژارده‌كانی خودا و ناسینی ڕاستی كه‌ به‌گوێره‌ی خواترسییه‌،"

2 به‌ هیوای ژیانی تاهه‌تایی، ئه‌وه‌ی خودا، كه‌ درۆ ناكات، پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه‌ به‌ڵێنی پێ داوه‌،"

3 له‌ كاتی خۆی‌دا وشه‌كه‌ی به‌ ڕاگه‌یاندن ده‌رخست، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی فه‌رمانی خودای ڕزگاركه‌رمان به‌ من سپێردرا."

4 بۆ تیتۆسی كوڕی ڕاسته‌قینه‌م به‌گوێره‌ی باوه‌ڕی هاوبه‌ش: نیعمه‌ت و ئاشتی له‌ خودای باوك و عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌رمان."

5 له‌به‌ر ئه‌مه‌ تۆم له‌ كریت به‌جێ‌هێشت، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ڕێكیان بخه‌یت و له‌ هه‌موو شارێك پیران دابنێیت، وه‌ك ڕامسپاردوویت،"

6 ئه‌گه‌ر یه‌كێك گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ك ژن بێت، منداڵه‌كانی باوه‌ڕداربن و كه‌س له‌سه‌ر به‌ڕه‌ڵایی و یاخیبوون سكاڵایان لێ نه‌كات."

7 چونكه‌ پێویسته‌ چاودێر گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت وه‌ك سه‌ركاری خودا، خۆسه‌پێن و تووڕه‌ و سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، چاوی له‌ ده‌ست‌كه‌وتی ناپاك نه‌بێت،"

8 به‌ڵكو خانه‌خوێ بێت، حه‌ز له‌ چاكه‌ بكات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت."

9 ده‌ست به‌ وشه‌ی متمانه‌ بگرێ كه‌ به‌گوێره‌ی فێركردنه‌، تاكو بتوانێت به‌ فێركردنێكی دروست هانبدات، سه‌رزه‌نشتی به‌رهه‌ڵستكاران بكات."

10 چونكه‌ یاخی‌بوو زۆرن، فێڵبازن و قسه‌ی پووچ ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی بۆ تاقمی خه‌ته‌نه‌كراون."

11 ده‌بێت ده‌می ئه‌مانه‌ دابخرێت، چونكه‌ ته‌واوی خێزانه‌كان به‌ فێركردنێك تێكده‌ده‌ن كه‌ ناشێت، ئه‌مه‌ش بۆ ده‌ست‌كه‌وتی ناپاك."

12 یه‌كێكیان كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی خۆیانه‌، وتی: (كریتییه‌كان هه‌رده‌م درۆزنن، ده‌عبای به‌دكارن، نه‌وسنی ته‌مبه‌ڵن.)"

13 ئه‌م شایه‌تییه‌ ڕاسته‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ توندی سه‌رزه‌نشتیان بكه‌، تاكو له‌ باوه‌ڕدا دروست بن،"

14 سه‌رنج نه‌ده‌نه‌ ئه‌فسانه‌ی جوله‌كه‌ و ڕاسپارده‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕاستی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌."

15 بۆ پاك هه‌موو شتێك پاكه‌، به‌ڵام بۆ گڵاو و بێ‌باوه‌ڕان هیچ شتێك پاك نییه‌، به‌ڵكو بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووه‌."

16 ده‌ڵێن كه‌وا خودا ده‌ناسن، به‌ڵام به‌ كرده‌وه‌یان نكۆڵی لێ‌ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ قێزه‌وه‌نن، گوێڕایه‌ڵ نین، به‌كه‌ڵكی هیچ چاكه‌كارییه‌ك نایه‌ن."

2

1 به‌ڵام تۆ، با دووانت له‌گه‌ڵ فێركردنی دروست بگونجێت."

2 با پیره‌مێرده‌كان وریابن، به‌ڕێز، ژیر، دروست بن له‌ باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و دانبه‌خۆداگرتن."

3 هه‌روه‌ها پیرێژنه‌كان با هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ پیرۆزی بگونجێت، بوختانكه‌ر نه‌بن، خودوویان به‌ شه‌راب نه‌گرتبێت، فێركاری چاكه‌ بن،"

4 تاكو ئامۆژگاری ژنه‌ گه‌نجه‌كان بكه‌ن مێرد و منداڵیان خۆش‌بووێ،"

5 ژیر، پاك، به‌ ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن، چاك بن، ملكه‌چی مێرده‌كانیان بن، نه‌وه‌ك كفر به‌ وشه‌ی خودا بكرێت."

6 به‌ هه‌مان شێوه‌، هانی پیاوه‌ گه‌نجه‌كان بده‌ ژیر بن."

7 له‌ هه‌موو شتێك‌دا ببه‌ نموونه‌یان بۆ چاكه‌كاری، له‌ فێركردن‌دا بێگه‌ردی و دڵسۆزی پیشان بده‌،"

8 قسه‌ت دروست بێت و ڕه‌خنه‌ی لێ نه‌گیرێت، تاكو ناحه‌ز شه‌رمه‌زار بێت، هیچی خراپ نادۆزێته‌وه‌ له‌ دژتان بیڵێت."

9 كۆیله‌كانیش له‌ هه‌موو شتێك‌دا ملكه‌چی گه‌وره‌كانیان بن، ڕازییان بكه‌ن، به‌رپه‌رچیان نه‌ده‌نه‌وه‌،"

10 هیچیان لێ نه‌دزن، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستپاكی پیشان بده‌ن، تاكو له‌ هه‌موو شتێك‌دا فێركردنی خودای ڕزگاركه‌رمان بڕازێننه‌وه‌."

11 چونكه‌ نیعمه‌تی خودا ده‌ركه‌وت كه‌ ڕزگاری پێشكه‌شی هه‌موو خه‌ڵك ده‌كات."

12 ئه‌وه‌ی فێرمان ده‌كات نكۆڵی له‌ خوانه‌ناسی و هه‌وه‌سه‌كانی جیهان بكه‌ین، به‌ ژیری و ڕاستودروستی و خواترسی بژین له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستا،"

13 له‌ چاوه‌ڕوانی هیوای به‌ره‌كه‌تدار - - ده‌ركه‌وتنی شكۆی خودای گه‌وره‌ و ڕزگاركه‌رمان، عیسای مه‌سیح،"

14 ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خۆی به‌خت‌كرد، تاكو له‌ هه‌موو سه‌رپێچییه‌ك بمانكڕێته‌وه‌ و گه‌لێكی تایبه‌ت بۆ خۆی پاك بكاته‌وه‌، دڵگه‌رم بۆ چاكه‌كاری."

15 به‌مانه‌ بدوێ، هانبده‌ و به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك سه‌رزه‌نشت بكه‌. كه‌س به‌ كه‌مت نه‌زانێت."

3

1 یادیان بخه‌ره‌وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانڕه‌وایان و ده‌سه‌ڵاتداران بن، گوێڕایه‌ڵ بن، بۆ هه‌موو كارێكی چاك ئاماده‌بن،"

2 قسه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن، ناكۆكی نه‌كه‌ن، هه‌ستیار بن، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵك دڵنه‌رمی پیشان بده‌ن."

3 پێشتر ئێمه‌ش گێل و یاخی و گومڕا بووین، به‌نده‌ی هه‌وه‌س و له‌زه‌تی جۆراوجۆر بووین، له‌ كینه‌ و چاوپیسی‌دا ده‌ژیاین، ئێسكگران، ڕقمان له‌ یه‌كتری بوو."

4 به‌ڵام، كاتێ نیانی خودای ڕزگاركه‌رمان و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت،"

5 نه‌ك به‌هۆی كاری ڕاستودروست كه‌ ئێمه‌ كردوومانه‌، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی به‌زه‌یی خۆی ڕزگاری كردین، به‌ شوشتنی له‌دایك بوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆز،"

6 ئه‌وه‌ی به‌هۆی عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌رمان به‌ ده‌ست‌فراوانی به‌سه‌رمانی‌دا ڕشت،"

7 تاكو، پاش ئه‌وه‌ی به‌ نیعمه‌تی ئه‌و بێ‌تاوان كراین، به‌گوێره‌ی هیوای ژیانی تاهه‌تایی ده‌بینه‌ میراتگر."

8 ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌. سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ ده‌مه‌وێ سووربیت، تاكو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا بایه‌خ به‌وه‌ بده‌ن كه‌ بۆ كرداری چاك خۆیان ته‌رخان بكه‌ن. ئه‌م شتانه‌ باش و سوودبه‌خشه‌ بۆ خه‌ڵك."

9 به‌ڵام له‌ گفتوگۆی گێلانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ناكۆكی و شه‌ڕ له‌سه‌ر ته‌ورات دووربكه‌وه‌، چونكه‌ بێ سوود و پووچه‌."

10 ناكۆكیكار ئاگادار بكه‌وه‌، له‌دوای جارێك و دووان، لێی دووربكه‌وه‌."

11 ده‌زانیت وه‌ك ئه‌مه‌ لاده‌ره‌ و گوناه‌ ده‌كات، خۆی حوكمی به‌سه‌ر خۆی داوه‌."

12 كاتێ ئه‌رتیماس یان تیخیكۆس ده‌نێرمه‌ لات، كۆشش بكه‌ له‌ نیكۆپۆلیس وه‌ره‌ لام، چونكه‌ به‌ته‌مام له‌ زستان‌دا له‌وێ بم."

13 هه‌وڵبده‌ زیناسی پارێزه‌ر و ئه‌پۆلۆس بنێری، تاكو پێوستیان به‌ هیچ نه‌بێت."

14 پێویسته‌ خه‌ڵكه‌كه‌مان فێربن خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ كرداری چاك بۆ پێداویستییه‌ گرنگه‌كان، تاكو بێ‌به‌رهه‌م نه‌بن."

15 هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم‌دان سڵاوت لێ‌ده‌كه‌ن. سڵاو له‌وانه‌ بكه‌ كه‌ له‌ باوه‌ڕدا ئێمه‌یان خۆش‌ده‌وێت. نیعمه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت."