1

1 پۆڵۆس، نێردراوی عیسای مه‌سیح به‌ خواستی خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنی ژیان له‌ عیسای مه‌سیح‌دا،"

2 بۆ كوڕی خۆشه‌ویستم تیمۆساوس: نیعمه‌ت و به‌زه‌یی و ئاشتی له‌ خودای باوك و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان."

3 سوپاسی خودا ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ك باوباپیرانم به‌ ویژدانێكی پاك ده‌یپه‌رستم، كاتێ به‌ شه‌و و ڕۆژ بێ بڕانه‌وه‌ له‌ پاڕانه‌وه‌كانم یادت ده‌كه‌م،"

4 كاتێ یادی فرمێسكه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه‌، په‌رۆشی بینینت ده‌بم تاكو پڕبم له‌ خۆشی."

5 باوه‌ڕی بێ دووڕوویی تۆم وه‌بیر دێته‌وه‌ كه‌ له‌ تۆ دایه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار له‌ لوئیسی داپیره‌ت و یونیكی دایكت نیشته‌جێ بوو، دڵنیام له‌ تۆش دایه‌."

6 له‌به‌ر ئه‌مه‌ وه‌بیرت دێنمه‌وه‌ به‌هره‌ی خودا هه‌ڵبگیرسێنی، ئه‌وه‌ی له‌ تۆ دایه‌ به‌هۆی ده‌ست‌دانانی من."

7 چونكه‌ خودا ڕۆحی ترسی پێمان نه‌داوه‌، به‌ڵكو ڕۆحی هێز و خۆشه‌ویستی و خۆڕاگری."

8 بۆیه‌ شه‌رمت به‌ شایه‌تی خوداوه‌ندمان نه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ منیش كه‌ به‌ندكراوی ئه‌وم، به‌ڵكو به‌شداری ئازار بكه‌ بۆ ئینجیل، به‌گوێره‌ی هێزی خودا،"

9 ئه‌وه‌ی ڕزگاری كردین و به‌ بانگه‌وازێكی پیرۆز بانگی كردین، نه‌ك به‌گوێره‌ی كردارمان، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی خواست و نیعمه‌تی خۆی كه‌ پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه‌ به‌ عیسای مه‌سیح پێمان دراوه‌،"

10 ئێستاش ئاشكرا بوو به‌ ده‌ركه‌وتنی عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌رمان، ئه‌وه‌ی مردنی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌، ژیان و نه‌مری به‌هۆی ئینجیل ڕووناك كرده‌وه‌،"

11 ئه‌وه‌ی من بۆی ده‌ستنیشان كرام به‌ جاڕده‌ر و نێردراو و مامۆستا."

12 له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ئه‌م ئازارانه‌ ده‌چێژم، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌م، چونكه‌ ده‌زانم باوه‌ڕم به‌ كێ هێناوه‌، دڵنیام ئه‌و ده‌توانێ پارێزگاری سپارده‌كه‌م بكات تاكو ئه‌و ڕۆژه‌."

13 دوای نموونه‌ی ئه‌و وشه‌ دروستانه‌ بكه‌وه‌ كه‌ له‌ منت بیستووه‌، له‌ باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی له‌ عیسای مه‌سیح‌دا."

14 سپارده‌ چاكه‌كه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز بپارێزه‌ كه‌ تیامان‌دا نیشته‌جێیه‌."

15 ئه‌مه‌ ده‌زانی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسیادان وازیان لێ هێنام، له‌وانه‌ فیگه‌لۆس و هه‌رمۆگینیس."

16 با خوداوه‌ند به‌زه‌یی بداته‌ خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس، چونكه‌ زۆر جار وره‌ی به‌رز كردومه‌ته‌وه‌ و شه‌رمی به‌ زنجیرم نه‌بووه‌."

17 به‌ڵكو كاتێ له‌ ڕۆما بوو، به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ به‌دوام‌دا گه‌ڕا و منی دۆزییه‌وه‌."

18 با له‌و ڕۆژه‌دا خوداوه‌ند پێی بدات به‌زه‌یی خوداوه‌ند بدۆزێته‌وه‌. باش ده‌زانیت له‌ ئه‌فه‌سۆس‌دا له‌ چه‌ند لایه‌ك خزمه‌تی كرد."

2

1 بۆیه‌ كوڕی خۆم، تۆ به‌هێز به‌ به‌و نیعمه‌ته‌ی له‌ عیسای مه‌سیح دایه‌."

2 ئه‌وه‌ی له‌ منت بیستووه‌ له‌به‌رده‌م چه‌نده‌ها شایه‌ت، به‌ خه‌ڵكی دڵسۆزی بسپێره‌ كه‌ لێهاتوو بن، خه‌ڵكی دیكه‌ش فێربكه‌ن."

3 به‌شداری ئازار بكه‌ وه‌ك سه‌ربازێكی چاك بۆ عیسای مه‌سیح."

4 سه‌ربازێك خۆی به‌ كاروباری ڕۆژگار خه‌ریك ناكات تاكو فه‌رمانده‌كه‌ی ڕازی بكات."

5 ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێشبڕكێ بكات، خه‌ڵات ناكرێت ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی یاسای پێشبڕكێ نه‌كات."

6 جوتیاری ڕه‌نجده‌ر ده‌بێ یه‌كه‌م بێت له‌ به‌شداری به‌رهه‌م."

7 بیربكه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یڵێم، خوداوه‌ند پێت ده‌دات له‌ هه‌موو شتێك تێبگه‌یت."

8 یادی عیسای مه‌سیح بكه‌، هه‌ڵستاوه‌ی نێو مردووان، له‌ نه‌وه‌ی داوده‌، به‌گوێره‌ی ئینجیله‌كه‌م،"

9 ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئازار ده‌چێژم تاكو كۆتكردن وه‌ك خراپه‌كار، به‌ڵام وشه‌ی خودا كۆت ناكرێت."

10 بۆیه‌ به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرم، له‌به‌ر بژارده‌كان، تاكو ئه‌وانیش له‌ عیسای مه‌سیح‌دا ڕزگاری به‌ده‌ست بهێنن له‌گه‌ڵ شكۆی تاهه‌تایی."

11 ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌: (ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵی‌دا مردبین، له‌گه‌ڵیشی ده‌ژین،"

12 ئه‌گه‌ر دانبه‌خۆدا بگرین، له‌گه‌ڵی‌دا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر نكۆڵی لێ بكه‌ین، ئه‌ویش نكۆڵیمان لێ‌ده‌كات."

13 ئه‌گه‌ر دڵسۆز نه‌بین، ئه‌و هه‌ر به‌ دڵسۆزی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ناتوانێت نكۆڵی له‌ خۆی بكات.)"

14 ئه‌مانه‌یان بیربخه‌وه‌ و له‌ شه‌ڕه‌قسه‌ ئاگاداریان بكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خودا، چونكه‌ سوودی نییه‌، به‌ڵكو بیسه‌ران ده‌ڕوخێنێت."

15 كۆشش بكه‌ خۆت بسه‌لمێنی بۆ خودا، كارگه‌رێكی بێ شه‌رمه‌زاری، وشه‌ی ڕاستی به‌ ڕێگای ڕاست لێك بده‌یته‌وه‌."

16 خۆت له‌ قسه‌ی پووچ و خراپ بپارێزه‌، چونكه‌ زیاتر به‌ره‌و خوانه‌ناسی ده‌چێت."

17 وشه‌كانیان وه‌ك لاڕه‌شه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات. له‌وانه‌ هیمینایۆس و فیلێتۆس،"

18 كه‌ له‌ ڕاستی ده‌رچوون و ده‌ڵێن هه‌ڵستانه‌وه‌ ڕووی‌داوه‌، ئیتر باوه‌ڕی هه‌ندێك هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه‌."

19 به‌ڵام بناغه‌ تونده‌كه‌ی خودا چه‌سپاوه‌، ئه‌م مۆره‌ی له‌سه‌ره‌: {خوداوه‌ند ئه‌وانه‌ی هی خۆیه‌تی ده‌یانناسێت} و (ئه‌وه‌ی ناوی خوداوه‌ندی له‌سه‌ره‌، با له‌ به‌دكاری دووربكه‌وێته‌وه‌.)"

20 به‌ڵام له‌ ماڵی گه‌وره‌دا هه‌ر هیرباری زێڕ و زیو نییه‌، به‌ڵكو ته‌خته‌ و قوڕیش، هه‌ندێكیان بۆ ڕێزلێنانن ئه‌وانی دیكه‌ بۆ سووكین."

21 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی له‌مانه‌ پاك بكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێته‌ هیربارێك بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز و سوودبه‌خش بۆ گه‌وره‌كه‌ی، ئاماده‌ بۆ هه‌موو كارێكی چاك."

22 له‌ هه‌وه‌سه‌كانی گه‌نجییه‌تی ڕابكه‌، كۆشش بكه‌ بۆ ڕاستودروستی و باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌ دڵێكی پاك له‌ خوداوه‌ند ده‌پاڕێنه‌وه‌."

23 له‌ گفتوگۆی پووچ و نه‌زان دووربكه‌وه‌، بزانه‌ شه‌ڕی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌."

24 به‌نده‌ی خوداوه‌ند نابێ شه‌ڕفرۆش بێت، به‌ڵكو نه‌رم بێت بۆ هه‌مووان، توانای فێركردنی هه‌بێت، ئارامگرتوو بێت."

25 ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانێی ده‌كه‌ن به‌ دڵنه‌رمی ڕاستیان بكاته‌وه‌، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی خودا تۆبه‌كردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ"

26 و له‌ داوی شه‌یتان هۆشیان به‌خۆیان‌دا بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی بۆ خواستی خۆی به‌ندی كردن."

3

1 ئه‌مه‌ بزانه‌، له‌ ڕۆژانی كۆتایی‌دا كاتێكی ته‌نگانه‌ دادێت."

2 چونكه‌ خه‌ڵكی خۆیان خۆش‌ده‌وێ، پاره‌یان خۆش‌ده‌وێ، لووتبه‌رز، خۆهه‌ڵكێش، زمان پیس، گوێڕایه‌ڵی دایك و باوك نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاو،"

3 بێ خۆشه‌ویستی، گه‌رده‌ن ئازاد ناكه‌ن، بوختانكه‌ر، خۆڕانه‌گر، دڕنده‌، حه‌ز له‌ چاكه‌ ناكه‌ن،"

4 ناپاك، سه‌ره‌ڕۆ، له‌خۆبایی، زیاتر حه‌زیان له‌ چێژه‌ نه‌ك خۆشه‌ویستی خودا،"

5 ڕواڵه‌تی خواترسییان هه‌یه‌، به‌ڵام نكۆڵی له‌ هێزه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. جا له‌وانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌."

6 چونكه‌ ئه‌وانه‌ به‌ ماڵان‌دا ده‌گه‌ڕێن، ژنه‌ لاوازه‌كان ده‌سته‌مۆ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ بارگرانی گوناهه‌وه‌ شوێنی هه‌وه‌سی جۆراوجۆر كه‌وتوون،"

7 هه‌رده‌م فێر ده‌بن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن ڕاستی بناسن."

8 وه‌ك یه‌نیس و یه‌مبریس به‌ربه‌ره‌كانێی موسایان كرد، ئه‌وانه‌ش به‌ربه‌ره‌كانێی ڕاستی ده‌كه‌ن - - ئه‌و پیاوانه‌ مێشكیان گه‌نده‌ڵ بووه‌ و له‌لایه‌ن باوه‌ڕ ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌."

9 به‌ڵام زیاتر پێش ناكه‌ون، چونكه‌ گێلایه‌تییان بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك گێلایه‌تی ئه‌وانی لێ‌هات."

10 به‌ڵام تۆ، فێركردنم و سه‌ربورده‌م، ئامانج و باوه‌ڕم، ئارامگرتن و خۆشه‌ویستی و دانبه‌خۆداگرتنم،"

11 چه‌وسانه‌وه‌ و ئازاری منت زانی، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نتاكیا و ئیكۆنیا و لیستره‌ به‌سه‌رم هات، به‌رگه‌ی چ چه‌وسانه‌وه‌یه‌كم گرت، خوداوه‌ندیش له‌ هه‌موویان ده‌ربازی كردم."

12 هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌ عیسای مه‌سیح‌دا به‌ خواترسی بژین، ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌."

13 به‌ڵام خراپه‌كار و فێڵبازان به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕۆن، چه‌واشه‌كار و چه‌واشه‌كراو."

14 به‌ڵام تۆ، بمێنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت له‌ كێ فێربوویت،"

15 هه‌روه‌ها له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان ده‌زانیت كه‌ ده‌توانن بتكه‌نه‌ دانا بۆ ڕزگاری، به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ عیسای مه‌سیح."

16 هه‌موو نووسراوه‌كان له‌ سروشی خودایه‌ ، سوودبه‌خشه‌ بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ ڕاستودروستی،"

17 تاكو مرۆڤی خودا ته‌واو بێت، ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو كارێكی چاك."

4

1 له‌به‌رده‌م خودا و عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو زیندووان و مردووان حوكم ده‌دات، له‌به‌ر ده‌ركه‌وتنی خۆی و شانشینه‌كه‌ی ڕاتده‌سپێرم:"

2 وشه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نه‌، ئاماده‌ به‌ له‌ كاتی گونجاو و نه‌گونجاو، سه‌رزه‌نشت بكه‌، ڕابخوڕه‌، وره‌ به‌رز بكه‌وه‌، به‌وپه‌ڕی پشوودرێژی و فێركردنه‌وه‌."

3 چونكه‌ كاتێ دێت به‌رگه‌ی فێركردنی دروستیان ناگرن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هه‌وه‌سی تایبه‌تی خۆیان ڕه‌مه‌كییانه‌ مامۆستا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ قدیلكه‌ی گوێیان بكاته‌وه‌."

4 بۆ ڕاستی گوێیان داده‌خه‌ن، بۆ ئه‌فسانه‌ لاده‌ده‌ن."

5 به‌ڵام تۆ، له‌ هه‌موو شتێك‌دا وریابه‌، له‌ ئازاردا دان بگره‌، به‌ كاری موژده‌گه‌ری هه‌سته‌، خزمه‌تی خۆت ته‌واو بكه‌."

6 چونكه‌ من وا وه‌ك شه‌رابی پێشكه‌شكراو ده‌ڕژێم و كاتی كۆچكردنم هاتووه‌."

7 تێكۆشانێكی باش تێكۆشاوم، پێشبڕكێیه‌كه‌م ته‌واو كرد، باوه‌ڕم پاراست."

8 ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوه‌، ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند كه‌ دادوه‌ری ڕاستودروسته‌ له‌و ڕۆژه‌دا ده‌مداتێ، ته‌نها بۆ من نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ په‌رۆشی ده‌ركه‌وتنین."

9 كۆشش بكه‌ زوو بێیته‌ لام،"

10 چونكه‌ دیماس به‌جێی‌هێشتم، ئه‌م ڕۆژگاره‌ی خۆش‌ویست و چووه‌ سالۆنیكی، كریسكینیش بۆ گه‌لاتیا و تیتۆس بۆ ده‌لماتیا."

11 به‌ ته‌نیا لۆقام له‌لایه‌. مه‌رقۆس له‌گه‌ڵ خۆت بهێنه‌، چونكه‌ بۆ من سوودبه‌خشه‌ بۆ خزمه‌تكردن."

12 تیخیكۆسم ناردووه‌ بۆ ئه‌فه‌سۆس."

13 كاتێ هاتی، ئه‌و عه‌بایه‌ی له‌ ترواس لای كارپۆس به‌جێم هێشت، له‌گه‌ڵ خۆتی بهێنه‌، پێچراوه‌كانیش به‌ تایبه‌ت ده‌سنووسه‌كان."

14 ئه‌سكه‌نده‌ری مسگه‌ر زۆر خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردم، خوداوه‌ند تۆڵه‌ی لێ‌ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر كرداره‌كانی."

15 خۆتی لێ بپارێزه‌، چونكه‌ زۆر به‌رهه‌ڵستی په‌یامه‌كه‌مانی كرد."

16 له‌ به‌رگری یه‌كه‌مم كه‌س له‌گه‌ڵم نه‌هات، به‌ڵكو هه‌موو به‌جێیان هێشتم. له‌سه‌ریان هه‌ژمارد نه‌كرێت."

17 به‌ڵام خوداوه‌ند له‌گه‌ڵم وه‌ستا و به‌هێزی كردم، تاكو به‌ منه‌وه‌ جاڕدانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بدرێت، تاكو هه‌موو گه‌لان ببیستن. ئیتر له‌ ده‌می شێر ده‌رباز بووم."

18 خوداوه‌ند له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌كی دادێت ده‌ربازم ده‌كات و ڕزگارم ده‌كات بۆ شانشینه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی. بۆ ئه‌وه‌ شكۆی تاهه‌تایه‌! ئامین."

19 سڵاو له‌ پریسكیلا و ئه‌كیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بكه‌."

20 ئه‌راستۆس له‌ كۆرنسۆس مایه‌وه‌، به‌ڵام تروفیمۆس به‌ نه‌خۆشی له‌ میلیتۆس به‌جێم هێشت."

21 كۆشش بكه‌ پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و كڵاودیا و هه‌موو خوشكان و برایان سڵاوت لێ‌ده‌كه‌ن."

22 خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕۆحت بێت. نیعمه‌تتان له‌گه‌ڵ بێت."