1

1 پۆڵۆس، نێردراوی عیسای مه‌سیح به‌ فه‌رمانی خودای ڕزگاركه‌رمان و عیسای مه‌سیحی هیوامان،"

2 بۆ تیمۆساوس، كوڕی ڕاسته‌قینه‌م له‌ باوه‌ڕ: نیعمه‌ت و به‌زه‌یی و ئاشتی له‌ خودای باوك و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان."

3 كاتێ ده‌چوومه‌ مه‌كدۆنیا، ڕامسپاردی له‌ ئه‌فه‌سۆس بمێنیته‌وه‌، تاكو خه‌ڵكێك ڕاسپێری فێركردنێكی جیاواز نه‌ده‌ن و"

4 گوێ نه‌ده‌نه‌ ئه‌فسانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌كی بێ كۆتایی، چونكه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌بری پلانی خودایی ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌ڕه‌."

5 ئامانجی ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌: خۆشه‌ویستییه‌ له‌ دڵێكی پاك و ویژدانێكی چاك و باوه‌ڕێكی بێ دووڕوویی."

6 هه‌ندێك له‌مانه‌ لایانداوه‌، به‌لای قسه‌ی پووچ‌دا ڕۆیشتوون،"

7 ده‌یانه‌وێ ببنه‌ مامۆستای ته‌ورات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن و ده‌یچه‌سپێنن تێی‌ناگه‌ن."

8 به‌ڵام ده‌زانین ته‌ورات چاكه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ دروستی به‌كاری بهێنێت،"

9 هه‌روه‌ها ده‌زانین ته‌ورات بۆ مرۆڤی ڕاستودروست دانه‌نراوه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌رپێچیكار و یاخیبووان، خوانه‌ناس و گوناهباران، پیس و گڵاوه‌كان، دایك و باوك كوژان، بكوژان،"

10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی كۆیله‌، درۆزن و سوێندخۆرانی به‌ درۆ، هه‌ر شتێكیش دژی فێركردنی دروست بێت،"

11 به‌گوێره‌ی ئینجیلی شكۆی خودای به‌ره‌كه‌تدار، ئه‌وه‌ی به‌ من سپێردراوه‌."

12 سوپاسی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی به‌هێزی كردم و به‌ دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمه‌تكردن ده‌ستنیشانی كردم."

13 كه‌ جاران كفركار و چه‌وسێنه‌ر و توندڕه‌و بووم، به‌ڵام به‌زه‌یی پێم هاته‌وه‌، چونكه‌ به‌ نه‌زانی و بێ‌باوه‌ڕی كردوومه‌."

14 نیعمه‌تی خوداوه‌ندمان لێم ڕژایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی له‌ عیسای مه‌سیح‌دا."

15 ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌ و شایانی ته‌واوی په‌سه‌ندكردنه: عیسای مه‌سیح بۆ ڕزگاركردنی گوناهباران هاته‌ جیهان - منیش یه‌كه‌میانم."

16 به‌ڵام به‌زه‌یی پێم‌دا هاته‌وه‌، تاكو یه‌كه‌م جار له‌ من‌دا عیسای مه‌سیح به‌وپه‌ڕی پشوودرێژی ده‌ربكه‌وێت، وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن بۆ ژیانی تاهه‌تایی."

17 بۆ پاشای تاهه‌تایی، نه‌مر و نه‌بینراو، تاقه‌ خودا، ڕێز و شكۆی تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌وه‌! ئامین."

18 كوڕم تیمۆساوس، ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ت پێ ده‌سپێرم، به‌گوێره‌ی ئه‌و پێشبینییانه‌ی پێشتر ده‌رباره‌ی تۆ وتراوه‌، تاكو به‌هۆیانه‌وه‌ جه‌نگێكی باش بجه‌نگی،"

19 ده‌ست به‌ باوه‌ڕ و ویژدانێكی چاكه‌وه‌ بگره‌. هه‌ندێك ڕه‌تیان كرده‌وه‌، جا له‌لایه‌نی باوه‌ڕه‌وه‌ كه‌شتییان تێكشكا ،"

20 له‌وانه‌ هیمینایۆس و ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌وانم دایه‌ ده‌ستی شه‌یتان، بۆ ئه‌وه‌ی فێربن كه‌ كفر نه‌كه‌ن."

2

1 بۆیه‌ پێش هه‌موو شتێك تكا ده‌كه‌م، نوێژ و نزا و پاڕانه‌وه‌ و سوپاسگوزاریتان بۆ هه‌موو خه‌ڵك بێت،"

2 بۆ پاشا و ده‌سه‌ڵاتداران، تاكو ژیانێكی ئاشتییانه‌ و به‌ هێمنی بژین، به‌وپه‌ڕی خواترسی و ڕێزه‌وه‌."

3 ئه‌مه‌ش چاك و په‌سه‌ندكراوه‌ له‌لای خودای ڕزگاركه‌رمان،"

4 ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت هه‌موو خه‌ڵكی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن."

5 چونكه‌ خودا یه‌كه‌ و یه‌ك نێوانگر له‌نێوان خودا و مرۆڤ دایه‌، عیسای مه‌سیحی مرۆڤ،"

6 ئه‌وه‌ی وه‌ك قوربانی خۆی بۆ هه‌مووان به‌خت‌كرد، شایه‌تیدانیش له‌ كاتی گونجاو بوو."

7 بۆ ئه‌مه‌ من به‌ موژده‌گه‌ر و نێردراو ده‌ستنیشان كراوم - ڕاست ده‌ڵێم و درۆ ناكه‌م - فێركاری باوه‌ڕ و ڕاستیم بۆ نه‌ته‌وان."

8 جا ده‌مه‌وێ پیاوان له‌ هه‌موو شوێنێك‌دا نوێژ بكه‌ن، ده‌ستی پاكیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ بێ تووڕه‌یی و مشتومڕ."

9 ژنانیش پۆشاكیان به‌ شه‌رمه‌وه‌ بێت، به‌ ڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننه‌وه‌، نه‌ك به‌ ئه‌گریجه‌ و به‌ زێڕ و مرواری و جلی گرانبه‌ها،"

10 به‌ڵكو به‌ كرداری چاك شیاوی ژنێك بێت بانگه‌شه‌ی له‌خواترسی بكات."

11 ژن با له‌ هێمنی‌دا و ئه‌وپه‌ڕی ملكه‌چی فێر بێت."

12 ڕێگا ناده‌م ژن فێركردن بدات و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت ، به‌ڵكو له‌ هێمنی‌دا بێت."

13 چونكه‌ یه‌كه‌م جار ئاده‌م شێوه‌ی كێشرا، ئینجا حه‌وا."

14 هه‌روه‌ها ئاده‌م هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تا، به‌ڵكو ژن هه‌ڵخه‌ڵه‌تا و كه‌وته‌ گوناهه‌وه‌."

15 به‌ڵام به‌ منداڵ بوون ڕزگاری ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و پیرۆزی و شیاوی‌دا بمێننه‌وه‌."

3

1 ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێك چاوی له‌ چاودێری بێت، حه‌زی له‌ چاكه‌كارییه‌."

2 چاودێر ده‌بێت گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ك ژن بێت، وریا، ژیر و به‌ ڕێز، خانه‌خوێ بێت، بتوانێت خه‌ڵك فێربكات،"

3 سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، به‌ڵكو دڵنه‌رم بێت، ناكۆكی نه‌كات، حه‌زی له‌ پاره‌ نه‌بێت."

4 خێزانه‌كه‌ی باش به‌ڕێوه‌ ببات، منداڵه‌كانی به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ ملكه‌چ بن، -"

5 ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌زانێت خێزانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ببات، چۆن چاودێری كڵێسای خودا ده‌كات؟ -"

6 تازه‌ نه‌بێت له‌ باوه‌ڕ، نه‌وه‌ك لووتبه‌رز بێت و بكه‌وێته‌ سزای شه‌یتان."

7 ده‌بێت ناوبانگی باش بێت له‌لای ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن، نه‌وه‌ك قسه‌ی بێته‌ سه‌ر و بكه‌وێته‌ به‌ر داوی شه‌یتان."

8 خزمه‌تكارانیش ده‌بێت به‌ڕێز بن، دوو زمان نه‌بن، شه‌راب زۆر نه‌خۆنه‌وه‌، چاویان له‌ ده‌ست‌كه‌وتی ناپاك نه‌بێت،"

9 به‌ ویژدانێكی پاك نهێنی باوه‌ڕ بپارێزن."

10 با یه‌كه‌م جار تاقی بكرێنه‌وه‌، كه‌ بێ گله‌یی بوون، با وه‌ك خزمه‌تكار خزمه‌ت بكه‌ن."

11 ژنه‌كانیش ده‌بێت به‌ڕێز بن، بوختانكه‌ر نه‌بن، وریابن، له‌ هه‌موو شتێك‌دا دڵسۆز بن."

12 با خزمه‌تكار مێردی یه‌ك ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن،"

13 چونكه‌ ئه‌وانه‌ی باش خزمه‌تیان كردووه‌، پله‌یه‌كی باش و متمانه‌یه‌كی زۆر له‌ باوه‌ڕیان به‌ عیسای مه‌سیح به‌ده‌ست ده‌هێنن."

14 هه‌رچه‌نده‌ هیوادارم زوو بێمه‌ لات، ئه‌مانه‌ت بۆ ده‌نووسم،"

15 تاكو، ئه‌گه‌ر دواكه‌وتم، بزانی له‌ ماڵی خودا خه‌ڵك چۆن ڕه‌فتار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی كڵێسای خودای زیندووه‌، كۆڵه‌گه‌ و بناغه‌ی ڕاستی."

16 به‌ دانپیانانی گشتی، نهێنی خواترسی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌یه‌: (ئه‌و له‌ له‌ش‌دا ده‌ركه‌وت، له‌ ڕۆحه‌كه‌دا پاكانه‌ی كرا، له‌لایه‌ن فریشته‌كانه‌وه‌ بینرا، له‌نێو نه‌ته‌وان جاڕی پێ درا، له‌ جیهان‌دا باوه‌ڕی پێ هێنرا، له‌ شكۆمه‌ندی به‌رزكرایه‌وه‌.)"

4

1 ڕۆح به‌ ڕاشكاوی ده‌فه‌رمووێ، له‌ كۆتایی ڕۆژگار هه‌ندێك له‌ باوه‌ڕ هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، شوێنی ڕۆحی چه‌واشه‌ و فێركردنه‌كانی ڕۆحه‌پیسه‌كان ده‌كه‌ون،"

2 له‌ دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخكراوه‌."

3 هاوسه‌رگیری قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، فه‌رمانی نه‌خواردن ده‌ده‌ن له‌و خۆراكه‌ی كه‌ خودا به‌دیهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سوپاسی باوه‌ڕداران و ڕاستیناسان وه‌ربگیردرێت."

4 هه‌موو به‌دیهێنراوی خودا چاكه‌، ئه‌گه‌ر شتێك به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌رگیرا ڕه‌ت ناكرێته‌وه‌،"

5 چونكه‌ به‌ وشه‌ی خودا و نوێژه‌وه‌ پیرۆزكراوه‌."

6 ئه‌گه‌ر تۆ به‌مانه‌ ڕێنمایی خوشكان و برایان بكه‌یت، ئه‌وا ده‌بیته‌ خزمه‌تكارێكی باشی عیسای مه‌سیح، به‌ وشه‌كانی باوه‌ڕ و فێركردنی باش په‌روه‌رده‌ كرایت، ئه‌وه‌ی شوێنی ده‌كه‌ویت."

7 ئه‌فسانه‌ی كافر و هه‌قایه‌تی پیرێژنان ڕه‌تبكه‌وه‌. به‌ڵام مه‌شق بكه‌ له‌سه‌ر خواترسی."

8 چونكه‌ وه‌رزشی له‌ش بۆ هه‌ندێك شت سوودبه‌خشه‌، به‌ڵام خواترسی بۆ هه‌موو شتێك سوودبه‌خشه‌، چونكه‌ به‌ڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایه‌."

9 ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌ و شایانی ته‌واوی په‌سه‌ندكردنه‌ -"

10 بۆ ئه‌مه‌ ڕه‌نج ده‌ده‌ین و تێده‌كۆشین - كه‌ هیوامان به‌ خودای زیندووه‌، ئه‌وه‌ی ڕزگاركه‌ری هه‌موو خه‌ڵكه‌، به‌ تایبه‌تیش باوه‌ڕداران."

11 به‌م شتانه‌ ڕاسپێره‌ و فێر بكه‌."

12 با كه‌س سووكایه‌تی به‌ گه‌نجییه‌تیت نه‌كات، به‌ڵكو ببه‌ نموونه‌ی باوه‌ڕداران له‌ قسه‌ و ڕه‌فتار، له‌ خۆشه‌ویستی و باوه‌ڕ و پاكیت."

13 تاكو دێم بایه‌خ بده‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی گشتی نووسراوه‌كان و وتاردان و فێركردن."

14 ئه‌و به‌هره‌یه‌ی له‌ تۆ دایه‌ پشتگوێی مه‌خه‌، ئه‌وه‌ی به‌ پێشبینی وه‌رتگرتووه‌ كاتێ پیرانی كڵێسا ده‌ستیان له‌سه‌ر دانای."

15 له‌ ئه‌مانه‌ چڕببه‌وه‌ و هه‌موو توانای خۆتی تێدا به‌كاربهێنه‌، تاكو پێشكه‌وتنت بۆ هه‌مووان ده‌ربكه‌وێت."

16 ئاگاداری خۆت و فێركردنت به‌، له‌سه‌ری به‌رده‌وام به‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت كرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار ده‌كه‌یت."

5

1 پیر سه‌رزه‌نشت مه‌كه‌، به‌ڵكو وه‌ك باوك هانی بده‌، گه‌نجانیش وه‌ك برا،"

2 پیرێژن وه‌ك دایك، كچانیش وه‌ك خوشك به‌وپه‌ڕی پاكی."

3 ڕێز له‌و بێوه‌ژنانه‌ بگره‌ كه‌ به‌ ڕاستی بێوه‌ژنن."

4 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێوه‌ژنێك منداڵ و وه‌چه‌ی هه‌بوو، با فێربن یه‌كه‌م جار وه‌ك ئه‌ركی باوه‌ڕه‌ ڕێز له‌ خانه‌واده‌یان بگرن و چاكه‌ی دایك و باوكیان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ لای خودا."

5 بێوه‌ژنی ڕاسته‌قینه‌ به‌ ته‌نیایه‌، هیوای به‌ خودایه‌، شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وامه‌ له‌ نوێژ و پاڕانه‌وه‌."

6 به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ چێژ ده‌ژیێت، به‌ زیندوویی مردووه‌."

7 جا ئه‌مانه‌یان ڕاسپێره‌ تاكو بێ گله‌یی بن."

8 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بایه‌خ به‌ نزیكه‌كه‌ی نادات به‌ تایبه‌تی ئه‌ندامانی خێزانی، ئه‌وا نكۆڵی له‌ باوه‌ڕ كردووه‌ و خراپتره‌ له‌ بێ‌باوه‌ڕ."

9 ئه‌گه‌ر بێوه‌ژن ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست ساڵ كه‌متر نه‌بێت و یه‌ك مێردی هه‌بووبێت له‌ لیست بنووسرێت،"

10 به‌ چاكه‌كاری شایه‌تی بۆ بدرێت، منداڵی به‌خێو كردبێت، میوانداری كردبێت، پێی پیرۆزكراوانی شۆردبێت، یارمه‌تی لێقه‌وماوانی دابێت، به‌ هه‌موو چاكه‌كارییه‌ك هه‌ڵستا بێت."

11 به‌ڵام بێوه‌ژنانی گه‌نج له‌م لیسته‌یه‌ دامه‌نێن، چونكه‌ كاتێ زه‌وقیان هه‌ڵستێت پشت له‌ مه‌سیح ده‌كه‌ن، حه‌ز له‌ شووكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن."

12 ئینجا تاوانبار ده‌كرێن، چونكه‌ په‌یمانی یه‌كه‌میان شكاندووه‌."

13 هه‌روه‌ها فێری بێكاری و ماڵه‌وماڵكردن ده‌بن، نه‌ك ته‌نها بێكاری، به‌ڵكو غه‌یبه‌تكاری و خۆخستنه‌ كاروباری خه‌ڵك، باسی شتێك ده‌كه‌ن كه‌ پێویست نییه‌."

14 بۆیه‌ ده‌مه‌وێ بێوه‌ژنانی گه‌نج مێرد بكه‌نه‌وه‌، تاكو منداڵیان ببێت، ماڵ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ده‌رفه‌تێك نه‌ده‌نه‌ دوژمن بۆ بوختان پێ كردن."

15 چونكه‌ ئه‌وه‌تا هه‌ندێك لایاندا به‌دوای شه‌یتانه‌وه‌."

16 ئه‌گه‌ر ژنه‌ باوه‌ڕدارێك بێوه‌ژنێكی له‌ كه‌سوكاری هه‌بوو، با یارمه‌تی بدات و نه‌بێته‌ بار به‌سه‌ر كڵێساوه‌، تاكو كڵێسا یارمه‌تی ئه‌وانه‌ بدات كه‌ به‌ ڕاستی بێوه‌ژنن."

17 ئه‌و پیرانه‌ی باش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، شایانی ڕێزێكی دووقاتن ، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ڕه‌نج ده‌ده‌ن له‌ وشه‌ و فێركردن."

18 چونكه‌ نووسراوه‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌} ، هه‌روه‌ها: {كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی.}"

19 سكاڵا له‌سه‌ر هیچ پیرێك په‌سه‌ند مه‌كه‌، به‌ دوو یان سێ شایه‌ت نه‌بێت."

20 ئه‌وانه‌ی گوناه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌مووان سه‌رزه‌نشتی بكه‌، تا ئه‌وانی دیكه‌ش بترسن."

21 له‌به‌رده‌م خودا و عیسای مه‌سیح و فریشته‌ بژارده‌كان ڕاتده‌سپێرم، ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بپارێزه‌ به‌ بێ لایه‌نگری، شتێك مه‌كه‌ به‌ ده‌مارگیرییه‌وه‌."

22 به‌ په‌له‌ ده‌ست له‌سه‌ر كه‌س دامه‌نێ، به‌شداری گوناهی خه‌ڵكی دیكه‌ مه‌كه‌. خۆت به‌ پاكی ڕابگره‌."

23 ئیتر ته‌نها ئاو مه‌خۆوه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك شه‌راب به‌كاربهێنه‌ له‌به‌ر گه‌ده‌ و نه‌خۆشییه‌ زۆره‌كانت."

24 هه‌ندێك گوناهه‌كانیان ئاشكرایه‌، پێشیان ده‌كه‌وێت بۆ حوكمدان، به‌ڵام هه‌ندێك دوایان ده‌كه‌وێت."

25 به‌ هه‌مان شێوه‌ كرداری چاك ئاشكرایه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ئاشكراش نین ناتوانرێ بشاردرێته‌وه‌."

6

1 هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر نیری كۆیلایه‌تین، با وا دابنێن گه‌وره‌كانیان شایانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزن، تاكو كفر به‌ ناوی خودا و فێركردنه‌كه‌ی نه‌كرێت."

2 ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌كانیان باوه‌ڕداره‌ با سووكایه‌تییان پێ نه‌كه‌ن، چونكه‌ بران، به‌ڵكو زیاتر خزمه‌تیان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی سوود له‌ خزمه‌تیان وه‌رده‌گرن باوه‌ڕدار و خۆشه‌ویستن. جا ئه‌مانه‌یان فێربكه‌ و هانیان بده‌."

3 ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ فێركردنێكی دیكه‌ خه‌ڵك فێرده‌كات كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ وشه‌ی دروستی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان و له‌گه‌ڵ ئه‌و فێركردنه‌ی له‌سه‌ر خواترسی ڕاوه‌ستاوه‌،"

4 ئه‌وا لووتبه‌رزه‌ و هیچ تێناگات، حه‌ز له‌ شه‌ڕه‌قسه‌ و ده‌م ده‌مانێ ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاوپیسی، ناكۆكی، بوختان، گومانی خراپ و"

5 ململانێ. ئه‌مانه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یكه‌ن كه‌ بیریان خراپ بووه‌ و ڕاستییان لێ ون بووه‌، خواترسی به‌ بازرگانی داده‌نێن."

6 ڕاسته‌ خواترسی ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بێت بازرگانییه‌كی گه‌وره‌یه‌."

7 چونكه‌ هیچمان نه‌هێناوه‌ بۆ جیهان، ئاشكرایه‌ ناتوانین هیچیشی لێ ببه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌."

8 جا ئه‌گه‌ر خواردن و پۆشاكمان هه‌یه‌ با پێی ڕازیبین."

9 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی حه‌زده‌كه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ده‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌ و داو، هه‌روه‌ها ده‌كه‌ونه‌ زۆر ئاره‌زووی گه‌وج و زیانبه‌خش كه‌ وا ده‌كات مرۆڤ تێبكه‌وێت و له‌ناوبچێت."

10 چونكه‌ خۆشه‌ویستی پاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خراپه‌یه‌كه‌. هه‌ندێ كه‌س به‌ دوای‌دا گه‌ڕان ونبوون له‌ باوه‌ڕیان و خۆیان تووشی ئازارێكی زۆر كرد."

11 به‌ڵام تۆ، ئه‌ی پیاوی خودا له‌م شتانه‌ ڕابكه‌. به‌دوای ڕاستودروستی و خواترسی و باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌رمی‌دا بگه‌ڕێ."

12 له‌ تێكۆشانی باوه‌ڕدا باش تێبكۆشه‌، ده‌ست به‌ ژیانی تاهه‌تاییه‌وه‌ بگره‌، ئه‌وه‌ی خودا بانگی كردووی بۆی، كاتێ باش دانت پیاناوه‌ له‌به‌رده‌م شایه‌تی زۆردا."

13 ڕاتده‌سپێرم له‌به‌رده‌م خودا، ئه‌وه‌ی ژیان به‌ هه‌مووان ده‌دات و له‌به‌رده‌م عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی شایه‌تی باشی دا له‌لای پیلاتۆسی پونتی،"

14 كه‌وا به‌ پاكی و بێ گله‌یی ئه‌و ڕاسپاردانه‌ بپارێزیت، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان،"

15 ئه‌وه‌ی خودا له‌ كاتی دیاریكراو ده‌ریده‌خات - خودا، به‌ره‌كه‌تدار و تاقه‌ سه‌رۆك، پاشای پاشایان، گه‌وره‌ی گه‌وره‌كان،"

16 ته‌نها ئه‌و نه‌مره‌، له‌ ڕووناكی نیشته‌جێیه‌ و كه‌س لێی نزیك نابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یبینیوه‌ و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئه‌وه‌ ڕێز و توانای تاهه‌تایی! ئامین."

17 ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ڕاسپێره‌ لووتبه‌رز نه‌بن و هیوایان به‌ سامانی له‌ناوچوو نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ خودا، كه‌ هه‌موو شتێكمان به‌ تێروپڕی ده‌داتێ تاكو خۆشی لێ ببینین."

18 ڕایانبسپێره‌ چاكه‌ بكه‌ن و له‌ كاری چاكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بن، دڵفراوان بن، ئاماده‌بن به‌شی خه‌ڵكی دیكه‌ بده‌ن،"

19 به‌م شێوه‌یه‌ گه‌نجینه‌ و بناغه‌یه‌كی چاك بۆ دواڕۆژ داده‌نێن و ژیانێك به‌ده‌ست ده‌هێنن كه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌."

20 تیمۆساوس، سپارده‌كه‌ بپارێزه‌. خۆت دوور بخه‌وه‌ له‌ هه‌موو كفرێكی هیچوپووچ و له‌و وته‌ بێ كه‌ڵكانه‌ی به‌ درۆ ناونراوه‌ زانست،"

21 كه‌ هه‌ندێ كردیانه‌ پیشه‌ و سه‌باره‌ت به‌ باوه‌ڕ گومڕا بوون. نیعمه‌تتان له‌گه‌ڵ بێت."