1

1 پۆڵۆس، نێردراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، تیمۆساوسی براش، بۆ كڵێسای خودا له‌ كۆرنسۆس، له‌گه‌ڵ هه‌موو پیرۆزكراوان له‌ هه‌موو ئه‌خائیا:"

2 نیعمه‌ت و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌نده‌وه‌ له‌گه‌ڵتان بێت."

3 ستایش بۆ خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان، باوكی میهره‌بانی و خودای هه‌موو دڵنه‌واییه‌ك،"

4 ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كمان‌دا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌ك‌دان."

5 چونكه‌ وه‌ك ئازاره‌كانی مه‌سیح تیامان‌دا ده‌ڕژێته‌وه‌، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌واییمان ده‌ڕژێته‌وه‌."

6 ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین."

7 جا هیوامان بۆ ئێوه‌ چه‌سپاوه‌، ده‌زانین وه‌ك له‌ ئازار به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییش ئاوان."

8 خوشكان و برایانم، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی توانا بارمان لێ باركرا، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێ هووده‌ بووین."

9 به‌ڵكو له‌ خۆمان‌دا هه‌ستمان كرد حوكمی مردنمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵام به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌."

10 ئه‌وه‌ی له‌ مردنێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات،"

11 ئێوه‌ش به‌ پاڕانه‌وه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو خه‌ڵكێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن، به‌هۆی پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر."

12 جا ئه‌وه‌یه‌ شانازیمان: ویژدانمان شایه‌تی ده‌دا‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌ جیهان‌دا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ دڵپاكی و بێ دووڕووی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ك به‌ دانایی جیهانی به‌ڵكو به‌ نیعمه‌تی خودا."

13 چونكه‌ شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێ‌بگه‌ن. هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن،"

14 وه‌ك هه‌ندێك لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ك ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی عیسای خوداوه‌ندمان."

15 جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌وا یه‌كه‌م جار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ نیعمه‌تتان بۆ بێت،"

16 به‌ره‌و مه‌كدۆنیا به‌ لاتان‌دا تێپه‌ڕم و له‌ مه‌كدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ یه‌هودیا به‌ڕێم بكه‌ن."

17 كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بوومه‌، ئایا به‌ ڕاڕایی جوڵامه‌وه‌؟ یاخود به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ یه‌ك كات ده‌ڵێم: (به‌ڵێ، به‌ڵێ) و (نه‌خێر، نه‌خێر)؟"

18 هه‌روه‌ك خودا دڵسۆزه‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ (به‌ڵێ) و (نه‌خێر) نییه‌."

19 چونكه‌ عیسای مه‌سیحی كوڕی خودا، كه‌ به‌هۆی من و سیلا و تیمۆساوس له‌نێوتان‌دا جاڕدرا، (به‌ڵێ) و (نه‌خێر) نه‌بوو، به‌ڵام له‌ودا هه‌ر (به‌ڵێ) بووه‌."

20 به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ك بوو، له‌ مه‌سیح‌دا ئه‌وانه‌ (به‌ڵێ)ن. بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ڵێین (ئامین)، بۆ شكۆمه‌ندی خودا."

21 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیح‌دا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌چه‌سپێنێت، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووین، خودایه‌،"

22 كه‌ مۆری خۆی لێداوین و وه‌ك پێشه‌كی ڕۆحی خۆی خسته‌ دڵمان بۆ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی دێت."

23 خوداش ده‌كه‌مه‌ شایه‌ت له‌سه‌ر خۆم، به‌زه‌ییم پێتان هاته‌وه‌ كه‌ نه‌هاتمه‌وه‌ كۆرنسۆس."

24 نه‌ك به‌سه‌ر باوه‌ڕتان سالار بین، به‌ڵكو هاوكارین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ چه‌سپاون."

2

1 له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن خۆمه‌وه‌ بڕیارم دا له‌ خه‌مباری‌دا نه‌یه‌مه‌وه‌ لاتان."

2 چونكه‌ ئه‌گه‌ر من خه‌مبارتان بكه‌م، كێ دڵشادم ده‌كات، جگه‌ له‌ ئێوه‌ كه‌ خه‌مبارم كردوون؟"

3 بۆم نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ هاتم خه‌مبار نه‌بم له‌وانه‌ی پێویسته‌ پێیان شادبم. له‌ هه‌مووتان دڵنیام، كه‌وا شادی من هی هه‌مووتانه‌."

4 چونكه‌ له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی زۆر و دڵته‌نگییه‌وه‌ به‌ فرمێسكی زۆره‌وه‌ بۆم نووسین، نه‌وه‌ك خه‌مبار بن، به‌ڵكو تاكو بزانن خۆشه‌ویستیم بۆ ئێوه‌ چه‌ند قووڵه‌."

5 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بووه‌ هۆی خه‌مباری، ئه‌وا ته‌نها منی خه‌مبار نه‌كردووه‌، به‌ڵكو تاكو ڕادده‌یه‌ك هه‌مووتانی خه‌مبار كردووه‌، ئه‌گه‌ر زۆرم نه‌ووتبێت."

6 ئیتر به‌سه‌ ئه‌و سزایه‌ی كه‌وا له‌لایه‌ن زۆرینه‌یه‌،"

7 به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، باشتره‌ گه‌رده‌نی ئازاد بكه‌ن و دڵنه‌وایی بكه‌ن، نه‌وه‌ك له‌ خه‌فه‌تی زۆره‌وه‌ هه‌ڵبلووشرێت."

8 له‌به‌ر ئه‌وه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م خۆشه‌ویستی خۆتانی بۆ دووپات بكه‌نه‌وه‌."

9 چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بۆم نووسین تاكو به‌ سه‌لماندنتان بزانم، ئاخۆ له‌ هه‌موو شتێك‌دا گوێڕایه‌ڵن."

10 جا ئه‌وه‌ی له‌ شتێك گه‌رده‌نی ئازاد ده‌كه‌ن، منیش وا ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وه‌ی گه‌رده‌نم لێی ئازاد كرد - ئه‌گه‌ر له‌ شتێك گه‌رده‌نم ئازاد كرد - ئه‌وا له‌به‌رده‌م مه‌سیح له‌به‌ر ئێوه‌ گه‌رده‌نم ئازاد كردووه‌،"

11 نه‌وه‌ك شه‌یتان له‌خشته‌مان ببات. چونكه‌ له‌ مه‌به‌سته‌كانی بێ ئاگا نین."

12 كاتێ هاتمه‌ ترواس تا ئینجیلی مه‌سیح جاڕبده‌م، خوداوه‌ند ده‌رگایه‌كی بۆم كرده‌وه‌."

13 به‌ڵام گیانم پشووی نه‌دا، چونكه‌ تیتۆسی برام نه‌دۆزییه‌وه‌. ئیتر ماڵئاواییم لێیان كرد و ده‌رچووم بۆ مه‌كدۆنیا."

14 به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێ له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ مه‌سیح‌دا ڕابه‌رایه‌تیمان ده‌كات، له‌ هه‌موو شوێنێك به‌هۆی ئێمه‌ بۆنی خۆشی ناسینه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌."

15 چونكه‌ بۆنی خۆشی مه‌سیحین بۆ خودا، له‌نێوان ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت و له‌نێوان ئه‌وانه‌ی له‌ناوده‌چن."

16 بۆ ئه‌وانه‌ بۆنی مردنه‌ بۆ مردن، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ بۆنی ژیانه‌ بۆ ژیان. ئایا كێ شیاوه‌ بۆ ئه‌م شتانه‌؟"

17 ئێمه‌ وه‌ك زۆر كه‌س بازرگانی به‌ وشه‌ی خودا ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ بێ دووڕوویی له‌ خوداوه‌ و له‌به‌رده‌م خودا له‌ مه‌سیح‌دا ده‌دوێین."

3

1 ئایا دیسان ده‌ست به‌ سه‌لماندنی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ ئایا وه‌ك هه‌ندێك كه‌س، پێویستیمان به‌ ڕاسپارده‌نامه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ یان له‌ ئێوه‌وه‌؟"

2 ئێوه‌ نامه‌ی ئێمه‌ن، كه‌ له‌ دڵمان‌دا نووسراوه‌، كه‌وا هه‌موو خه‌ڵك ده‌یخوێننه‌وه‌ و ده‌یزانن."

3 ئێوه‌ ده‌ركه‌وتن نامه‌ی مه‌سیحن، كه‌ ئێمه‌ خزمه‌تمان كردووه‌، به‌ مه‌ره‌كه‌ب نه‌نووسراوه‌ به‌ڵكو به‌ ڕۆحی خودای زیندوو، نه‌ك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی به‌ردین، به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌خته‌ دڵی مرۆڤ."

4 به‌هۆی مه‌سیح متمانه‌ی ئاوامان به‌ خودا هه‌یه‌."

5 نه‌ك به‌ خۆمان لێهاتوو بین تاكو بیر بكه‌ینه‌وه‌ هی خۆمان بێت، به‌ڵكو لێهاتووییمان له‌ خوداوه‌یه‌."

6 ئه‌وه‌ی لێهاتووی كردین تاكو ببینه‌ خزمه‌تكاری په‌یمانی نوێ - ئه‌وه‌ی پیت نییه‌ به‌ڵكو ڕۆحی پیرۆزه‌ - چونكه‌ پیت ده‌كوژێت، به‌ڵام ڕۆحه‌كه‌ ژیان ده‌دات."

7 ئه‌گه‌ر خزمه‌تی مردن كه‌ به‌ پیت له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراوه‌ به‌ شكۆوه‌ هاتبێت، ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌یانتوانی ته‌ماشای ڕووی موسا بكه‌ن، له‌به‌ر شكۆی ڕووی كه‌ فه‌وتاوه‌،"

8 ئیتر چه‌ند زیاتر خزمه‌تی ڕۆحی پیرۆز شكۆدارتر ده‌بێت؟"

9 چونكه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تی تاوانباركردن شكۆمه‌ندی بێت، ئاخۆ ده‌بێ خزمه‌تی بێتاوانكردن چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندی‌دا بێت؟"

10 شكۆداركراویش له‌ به‌راورد به‌ شكۆی له‌ ڕادده‌به‌ده‌ر شكۆی نه‌ماوه‌."

11 چونكه‌ ئه‌گه‌ر فه‌وتاو له‌ شكۆمه‌ندی‌دا بێت، ئه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییه‌ چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندی‌دا ده‌بێت!"

12 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیوایه‌كی ئاوامان هه‌یه‌، زۆر ئازایانه‌ ده‌جوڵێینه‌وه‌،"

13 نه‌ك وه‌كو موسا كه‌ پێچه‌ی له‌سه‌ر ڕووی داده‌نا تاكو نه‌وه‌ی ئیسرائیل ته‌ماشای كۆتایی شكۆی فه‌وتاو نه‌كه‌ن."

14 به‌ڵكو مێشكیان ڕه‌ق بووه‌، چونكه‌ تاكو ئه‌مڕۆش، كاتێ په‌یمانی كۆن ده‌خوێندرێته‌وه‌ هه‌مان پێچه‌ ماوه‌ و لانه‌دراوه‌، چونكه‌ ته‌نها له‌ مه‌سیح‌دا پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌."

15 به‌ڵام تاكو ئه‌مڕۆ كاتێ ته‌وراتی موسا ده‌خوێندرێته‌وه‌ پێچه‌ له‌سه‌ر دڵیان دانراوه‌."

16 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بۆ خوداوه‌ند گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وا پێچه‌كه‌ لاده‌چێت."

17 چونكه‌ خوداوه‌ند ڕۆحه‌كه‌یه‌‌، هه‌روه‌ها ڕۆحی خوداوه‌ند له‌كوێ بێت، ئازادی له‌وێیه‌."

18 هه‌موومان به‌ ڕوویه‌كی ئاشكرا وه‌ك ئاوێنه‌ وێنه‌دانه‌وه‌ی شكۆی خودا ده‌ده‌ینه‌وه‌، له‌ شكۆیه‌ك بۆ شكۆیه‌ك بۆ هه‌مان وێنه‌ ده‌گۆڕدرێین، ئه‌وه‌ش له‌ خوداوه‌نده‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆحه‌كه‌یه‌."

4

1 بۆیه‌ كه‌ ئه‌م خزمه‌ته‌مان هه‌یه‌، وه‌ك به‌ر به‌زه‌یی خودا كه‌وتین، وره‌ به‌رناده‌ین،"

2 به‌ڵكو شته‌ شاراوه‌كانی سه‌رشۆڕیمان ڕه‌ت كرده‌وه‌، به‌ فێڵبازی ڕێ‌ناكه‌ین و ده‌ستكاری وشه‌ی خودا ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ ده‌رخستنی ڕاستی، بۆ ویژدانی هه‌ر كه‌سێك له‌به‌رده‌م خودا خۆمان ده‌سه‌لمێنین."

3 به‌ڵام ئه‌گه‌ر موژده‌كه‌مان شاراوه‌ بێت، ئه‌وا له‌نێو ئه‌وانه‌ شاراوه‌یه‌ كه‌ له‌ناوده‌چن،"

4 لێره‌دا خودای ئه‌م ڕۆژگاره‌ بیری بێ‌باوه‌ڕانی كوێر كردووه‌، تاكو ڕووناكی ئینجیلی شكۆی مه‌سیحیان بۆ نه‌دره‌وشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی وێنه‌ی خودایه‌."

5 چونكه‌ خۆمان ڕاناگه‌یه‌نین، به‌ڵكو عیسای مه‌سیح كه‌ خوداوه‌نده‌، خۆشمان له‌ پێناوی عیسا به‌نده‌ی ئێوه‌ین."

6 چونكه‌ خودا، ئه‌وه‌ی فه‌رمووی: {با له‌ تاریكی‌دا ڕووناكی بدره‌وشێته‌وه‌} ، ئه‌و له‌ دڵمان‌دا دره‌وشایه‌وه‌، بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی ناسینی شكۆی خودا له‌ڕووی عیسای مه‌سیح‌دا."

7 به‌ڵام ئه‌م گه‌نجینه‌ی هه‌مانه‌ له‌ناو گۆزه‌ی گڵینه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ وزه‌ی له‌ ڕادده‌به‌ده‌ر له‌ خوداوه‌یه‌ نه‌ك له‌ ئێمه‌."

8 له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌ستین، به‌ڵام ته‌نگه‌تاو نین؛ ده‌شێوێین، به‌ڵام بێ ئومێد نین؛"

9 چه‌وسێنراوه‌ین، به‌ڵام به‌جێ‌نه‌هێڵدراوین؛ به‌ زه‌وی‌دا ده‌درێین، به‌ڵام له‌ناو ناچین."

10 هه‌میشه‌ چۆنییه‌تی مردنی عیسا له‌ له‌ش‌دا هه‌ڵده‌گرین ، تاكو ژیانی عیسا له‌ له‌شمان‌دا ده‌ربكه‌وێت."

11 چونكه‌ ئێمه‌ی زیندوو هه‌رده‌م له‌ پێناوی عیسا ده‌درێینه‌ ده‌ست مردن، تاكو ژیانی عیسا له‌ جه‌سته‌ی مردوومان ده‌ربكه‌وێت."

12 كه‌واته‌ مردن له‌ ئێمه‌دا كارده‌كات، به‌ڵام ژیان له‌ ئێوه‌دا."

13 كه‌ هه‌مان ڕۆحی باوه‌ڕمان هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی نووسراو: {باوه‌ڕم كرد بۆیه‌ قسه‌م كرد} ، ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هه‌یه‌ بۆیه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین."

14 ده‌زانین كه‌وا ئه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ندی هه‌ڵستانده‌وه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ عیسادا هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ش ده‌مانباته‌ به‌رده‌می خۆی."

15 چونكه‌ هه‌موو شته‌كان له‌ پێناوی ئێوه‌یه‌، تاكو نیعمه‌ت بۆ زۆران زیاد بێت، سوپاسگوزاریش بڕژێته‌وه‌ بۆ شكۆمه‌ندی خودا."

16 بۆیه‌ وره‌ به‌رناده‌ین. ئه‌گه‌ر به‌ ڕواڵه‌تیش له‌ناوبچین، ئه‌وا ناوه‌ڕۆكمان ڕۆژ به‌ ڕۆژ نوێتر ده‌بێته‌وه‌."

17 چونكه‌ ته‌نگانه‌ی سووك و كاتیمان شكۆمه‌ندییه‌كی گرانی تاهه‌تایی بۆ ئێمه‌ لێ دێته‌ كایه‌وه‌."

18 ئێمه‌ ته‌ماشای شته‌ بینراوه‌كان ناكه‌ین، به‌ڵكو شته‌ نه‌بینراوه‌كان، چونكه‌ بینراوه‌كان كاتین، به‌ڵام نه‌بینراوه‌كان هه‌میشه‌یین."

5

1 چونكه‌ ده‌زانین، ئه‌گه‌ر ماڵه‌ چادره‌ زه‌مینییه‌كه‌مان ڕووخا، بینایه‌كمان له‌ خوداوه‌ هه‌یه‌ كه‌ تاهه‌تاییه‌ له‌ ئاسمان دایه‌، خانوویه‌كی ده‌ستكرد نییه‌."

2 ئێمه‌ش له‌م چادره‌دا ده‌ناڵێنین، شه‌یداین ماڵی ئاسمانیمان له‌ سه‌ری بپۆشین،"

3 چونكه‌ ئه‌گه‌ر پۆشیمان به‌ ڕووتی نابینرێین."

4 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م چادره‌داین له‌به‌ر بارگرانی ده‌ناڵێنین، كه‌ نامانه‌وێت دایبكه‌نین به‌ڵكو بپۆشرێین، تاكو مردن له‌لایه‌ن ژیانه‌وه‌ قووت بدرێت."

5 خودایه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ دروستكردووه‌، ئه‌ویش وه‌ك پێشه‌كی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی دێت."

6 بۆیه‌ هه‌موو كات دڵنیاین و ده‌زانین كه‌ له‌ له‌ش‌دا نیشته‌جێین، له‌ خوداوه‌ند دوورین."

7 چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ ده‌ڕۆین نه‌ك به‌ بینراو."

8 ئیتر دڵنیاین و به‌ باشتری ده‌زانین، له‌ له‌ش دوور بكه‌وینه‌وه‌ و له‌لای خوداوه‌ند نیشته‌جێ بین."

9 بۆیه‌ ئامانجی به‌رزمان داده‌نێین، ئه‌گه‌ر له‌ له‌ش‌دا نیشته‌جێ بین یان دوور بین، ئه‌و لێمان ڕازی بێت."

10 چونكه‌ ده‌بێت هه‌موومان له‌به‌رده‌م ته‌ختی مه‌سیح ده‌ربكه‌وین، تاكو هه‌ریه‌كه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی به‌هۆی له‌ش كردوویه‌تی شایسته‌یی خۆی وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر باشه‌ یاخود خراپ."

11 بۆیه‌ كه‌ ترسی خوداوه‌ند ده‌ناسین، قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵكی ده‌هێنین. بۆ خوداش ده‌ركه‌وتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوه‌ش ده‌ركه‌وتوو بین."

12 دیسان خۆمان بۆ ئێوه‌ ناسه‌لمێنین، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكتان ده‌ده‌ینێ شانازیمان پێ بكه‌ن، تاكو بتوانن وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ شانازی به‌ ڕواڵه‌ت ده‌كه‌ن نه‌ك به‌ دڵ."

13 چونكه‌ ئه‌گه‌ر مێشكمان تێكچووبێت، بۆ خودایه‌، ئه‌گه‌ر هۆشمه‌ند بین، له‌به‌ر ئێوه‌یه‌."

14 چونكه‌ خۆشه‌ویستی مه‌سیح دیلی كردووین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیاین‌ یه‌كێك له‌ جیاتی هه‌مووان مرد، ئیتر هه‌موو مردن."

15 ئه‌و له‌بری هه‌مووان مرد تاكو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نه‌ژین، به‌ڵكو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ پێناویان مرد و هه‌ڵستایه‌وه‌."

16 له‌مه‌ولا كه‌س به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناناسین. ئه‌گه‌ر مه‌سیحمان به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناسی، ئیتر له‌مه‌ولا نایناسین."

17 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ مه‌سیح‌دا بێت، به‌دیهێنراوێكی نوێیه‌، شته‌ كۆنه‌كان به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا بوونه‌ نوێ."

18 ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ خوداوه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌هۆی مه‌سیح ئاشتی كردینه‌وه‌ و خزمه‌تی ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌ی پێداین،"

19 واتا خودا له‌ مه‌سیح‌دا جیهانی له‌گه‌ڵ خۆی ئاشت ده‌كرده‌وه‌، گوناهه‌كانیان له‌سه‌ر نانووسێت و په‌یامی ئاشتبوونه‌وه‌ی به‌ ئێمه‌ سپاردووه‌."

20 كه‌واته‌ ئێمه‌ باڵوێزی مه‌سیحین، خوداش به‌هۆی ئێمه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كات، له‌بری مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێینه‌وه‌: له‌گه‌ڵ خودا ئاشت بنه‌وه‌."

21 ئه‌وه‌ی گوناهی نه‌ده‌ناسی خودا له‌ پێناوی ئێمه‌ كردییه‌ گوناه‌، تاكو له‌ ئه‌ودا ببینه‌ ڕاستودروستی خودا."

6

1 وه‌ك هاوكاری خوداین، لێتان ده‌پاڕێینه‌وه‌ نیعمه‌تی خودا بێ سوود وه‌رمه‌گرن."

2 چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {له‌ كاتی په‌سه‌ندیم گوێم لێ‌گرتیت، له‌ ڕۆژی ڕزگاری یارمه‌تیم دایت.} ئه‌وه‌تا ئێستایه‌ كاتی په‌سه‌ندی خودا و ئێستایه‌ ڕۆژی ڕزگاری."

3 له‌ هیچ شتێك نابینه‌ كۆسپ، نه‌وه‌ك گله‌یی بێته‌ سه‌ر خزمه‌ت،"

4 به‌ڵكو له‌ هه‌موو شتێك‌دا وه‌ك خزمه‌تكاری خودا خۆمان ده‌سه‌لمێنین: به‌ دانبه‌خۆداگرتنی زۆرمان، له‌ ته‌نگانه‌، ناخۆشی و لێقه‌ومان،"

5 له‌ لێدان و زیندان و شڵه‌ژان، ماندوویی و شه‌ونخونی و برسیێتی،"

6 به‌ پاكی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، به‌ ڕۆحی پیرۆز و خۆشه‌ویستی بێ دووڕوویی،"

7 له‌ قسه‌ی ڕاست‌دا، له‌ هێزی خودا، به‌ چه‌كه‌كانی ڕاستودروستی بۆ ده‌سته‌ڕاست و چه‌پ،"

8 به‌ شكۆ و سووكایه‌تی، ناوزڕاو و ناوبانگ، كه‌ ڕاستگۆین و وه‌ك فێڵبازین ده‌بینرێین،"

9 وه‌ك نه‌ناسراو به‌ڵام ناسراوین، وه‌ك مردوو ئه‌وه‌تا زیندووین، وه‌ك سزادراو به‌ڵام نه‌كوژراوین،"

10 وه‌ك خه‌مبار، به‌ڵام هه‌رده‌م دڵشادین، وه‌ك هه‌ژار به‌ڵام زۆران ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ین، وه‌ك هیچمان نه‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌."

11 ئه‌ی كۆرنسۆسییه‌كان، زارمان بۆتان كراوه‌یه‌ و دڵمان فراوانه‌."

12 ته‌نگاوبوونتان به‌هۆی ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ناوی خۆتانه‌وه‌یه‌."

13 ئه‌مه‌ ئاڵوگۆركارییه‌، وه‌ك بۆ منداڵانم ده‌دوێم، ئێوه‌ش دڵتان بكه‌نه‌وه‌."

14 له‌گه‌ڵ بێ‌باوه‌ڕان له‌ ژێر یه‌ك نیردا مه‌بن، چونكه‌ چ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوان ڕاستودروستی و خراپه‌دا هه‌یه‌؟ یاخود چ هاوبه‌شییه‌كه‌ له‌نێوان تاریكی و ڕووناكی‌دا؟"

15 چ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان مه‌سیح و به‌لیعال‌دا هه‌یه‌؟ یان باوه‌ڕدار چ پشكێكی له‌گه‌ڵ بێ‌باوه‌ڕدا هه‌یه‌؟"

16 په‌رستگای خوداش چ ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ بت‌دا هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئێمه‌ په‌رستگای خودای زیندووین، وه‌ك خودا فه‌رموویه‌تی: {تیایان‌دا نیشته‌جێ ده‌بم و له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆم، ده‌بمه‌ خودایان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی من.}"

17 {له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستیان بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌جێیان بهێڵن، خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ. ده‌ست مه‌ده‌نه‌ هیچ گڵاوێك، ئینجا وه‌رتان ده‌گرمه‌وه‌.}"

18 {من ده‌بمه‌ باوكتان، ئه‌وسا ئێوه‌ش ده‌بنه‌ كوڕ و كچم، ئه‌مه‌ خوداوه‌ندی هه‌ره‌ به‌ توانا ده‌یڵێت.}"

7

1 خۆشه‌ویستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵێنانه‌مان هه‌یه‌، با خۆمان له‌ هه‌موو گڵاوییه‌كی جه‌سته‌ و ڕۆح پاك بكه‌ینه‌وه‌، له‌ ترسی خودا پیرۆزی ته‌واو بكه‌ین."

2 دڵتان بۆمان بكه‌نه‌وه‌. سته‌ممان له‌ كه‌س نه‌كردووه‌، كه‌سمان گه‌نده‌ڵ نه‌كردووه‌، كه‌سمان بۆ ڕووتاندنه‌وه‌ به‌كارنه‌هێناوه‌."

3 ئه‌مه‌ ناڵێم تا تاوانبارتان بكه‌م، چونكه‌ پێشتر وتوومه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌ دڵمان‌دان له‌و ئاسته‌ی له‌گه‌ڵتان بمرین و له‌گه‌ڵتان بژین."

4 زۆر متمانه‌م پێتان هه‌یه‌ و زۆر شانازیشتان پێوه‌ ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌كانمان‌دا پڕبووم له‌ دڵنه‌وایی و خۆشییه‌كی له‌ ڕادده‌به‌ده‌ر."

5 چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی هاتووینه‌ته‌ مه‌كدۆنیا، جه‌سته‌مان حه‌سانه‌وه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌راسان بووین، له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكۆكی و له‌ ناوه‌وه‌ ترس."

6 به‌ڵام خودا كه‌ دڵنه‌وایی ماتومه‌لوله‌كان ده‌كات، به‌ هاتنی تیتۆس دڵنه‌وایی كردین،"

7 نه‌ك ته‌نها به‌ هاتنی، به‌ڵكو به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌لایه‌ن ئێوه‌ كراوه‌. بۆی گێڕاینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ په‌رۆشی و په‌ژاره‌ و دڵگه‌رمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم."

8 جا ئه‌گه‌ر به‌ نامه‌كه‌ خه‌مبارم كردبن، په‌شیمان نیم، هه‌رچه‌نده‌ په‌شیمان بوومه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بینم نامه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌مباری كردن."

9 به‌ڵام ئێستا دڵشادم، نه‌ك كه‌ خه‌مبار بوون، به‌ڵكو چونكه‌ خه‌مباریتان ئێوه‌ی بۆ تۆبه‌كردن برد. چونكه‌ به‌گوێره‌ی ویستی خودا خه‌مبار بوون، تاكو به‌هۆی ئێمه‌وه‌ هیچ زیانێك نه‌كه‌ن."

10 چونكه‌ خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا، تۆبه‌كردنی به‌ره‌و ڕزگاری تێدایه‌ و بێ په‌شیمانییه‌، به‌ڵام خه‌مباری جیهان مردنی تێدایه‌."

11 كه‌واته‌ سه‌یر بكه‌ن خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا چه‌ندی له‌ ئێوه‌دا به‌رهه‌م هێناوه‌: چ په‌رۆشییه‌ك، چ پاكانه‌یه‌ك، چ تووڕه‌ییه‌ك، چ ترسێك، چ تامه‌زرۆییه‌ك، چ دڵگه‌رمییه‌ك، چ حه‌زێك بۆ دادپه‌روه‌ری! له‌ هه‌موو شتێك‌دا خۆتان سه‌لماند كه‌ بێ‌تاوانن له‌و باسه‌دا."

12 كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆم نووسیون، له‌ پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێ‌كراو نییه‌، به‌ڵكو تاكو په‌رۆشیمان بۆ ئێوه‌ له‌به‌رده‌م خودا بۆتان ده‌ربكه‌وێت،"

13 بۆیه‌ دڵنه‌وایی كراین. به‌ڵام له‌سه‌ر دڵنه‌واییه‌كه‌، به‌هۆی دڵخۆشی تیتۆس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونكه‌ گیانی به‌ هه‌مووتان حه‌سایه‌وه‌."

14 ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و شانازیم به‌ ئێوه‌ كردبێت، شه‌رمم نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌ك هه‌موو شتێكمان به‌ ڕاستگۆیی پێ وتن، شانازیمان لای تیتۆس بووه‌ ڕاستی."

15 دڵیشی زیاتر بۆتان ده‌چێت كه‌ یادی گوێڕایه‌ڵی هه‌مووتان ده‌كاته‌وه‌، چۆن به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ پێشوازیتان لێ‌كرد."

16 دڵشادم كه‌ له‌ هه‌موو شتێك‌دا لێتان دڵنیام."

8

1 ئێستاش خوشكان، برایان، حه‌زده‌كه‌ین نیعمه‌تی خودا بزانن كه‌ دراوه‌ته‌ كڵێساكانی مه‌كدۆنیا."

2 له‌ ئه‌زموونی توندی ته‌نگانه‌ خۆشییان لێ ڕژا و هه‌ژاری سه‌ختیان لێ ڕژایه‌وه‌ بۆ دڵفراونی ده‌وڵه‌مه‌ندییان."

3 شایه‌تی ده‌ده‌م كه‌ له‌ خۆیانه‌وه‌ به‌گوێره‌ی توانا و له‌ سه‌رووی توانا به‌خشییان."

4 لێمان پاڕانه‌وه‌ و زۆر تكایان كرد تاكو نیعمه‌تی به‌شداربوون له‌ خزمه‌تی پیرۆزكراوان وه‌ربگرن."

5 نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، به‌ڵكو یه‌كه‌م جار خۆیان دایه‌ خوداوه‌ند ئینجا ئێمه‌، به‌ خواستی خودا،"

6 تاكو تكامان له‌ تیتۆس كرد كه‌ ئه‌م نیعمه‌ته‌ی له‌لاتان ده‌ستی پێكردووه‌ ته‌واوی بكات."

7 به‌ڵام وه‌ك له‌ هه‌موو شتێك زیاد ده‌كه‌ن - له‌ باوه‌ڕ، له‌ قسه‌كردن، له‌ زانیاری، له‌ هه‌موو په‌رۆشییه‌ك، له‌ خۆشه‌ویستییان بۆ ئێمه‌ - ئاوا له‌م نیعمه‌ته‌ش زیاد بكه‌ن."

8 وه‌ك فه‌رمان نادوێم، به‌ڵكو ڕاسته‌قینه‌یی خۆشه‌ویستیتان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ په‌رۆشی كه‌سانی دیكه‌ تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌."

9 چونكه‌ نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ده‌زانن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ پێناوی ئێوه‌دا بووه‌ هه‌ژار، تا ئێوه‌ به‌ هه‌ژاری ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بن."

10 له‌مه‌ش‌دا بۆچوونێك ده‌ده‌م، چونكه‌ ئه‌مه‌ سوودمه‌نده‌ بۆتان: ئێوه‌ پار ده‌ستتان پێ‌كرد ببه‌خشن، نه‌ك ته‌نها ئه‌مه‌تان كردووه‌، به‌ڵكو خواستوشتانه‌."

11 به‌ڵام ئێستا كاره‌كه‌ش ته‌واو بكه‌ن، هه‌روه‌ك په‌رۆشی خواستی بوون، ئاوا ته‌واوكردنیش به‌ خواستی خۆتانه‌."

12 چونكه‌ ئه‌گه‌ر په‌رۆشی هه‌بێت، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كێك هه‌یه‌تی په‌سه‌نده‌، نه‌ك به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی نییه‌تی."

13 مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ بحه‌سێنه‌وه‌ و فشارم له‌سه‌ر ئێوه‌ بێت، به‌ڵكو به‌ یه‌كسانی."

14 له‌ كاتی ئێستادا با لێڕژانتان بۆ نه‌بوونییان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێڕژانیان بۆ نه‌بوونیتان بێت، ئینجا ببێته‌ یه‌كسانی."

15 وه‌ك نووسراوه‌: {نه‌ زۆره‌كه‌ زیادی كرد و نه‌ كه‌مه‌كه‌ كه‌می كرد.}"

16 به‌ڵام سوپاس بۆ خودا كه‌ هه‌مان په‌رۆشی خسته‌ دڵی تیتۆس بۆ ئێوه‌."

17 چونكه‌ پێشوازی له‌ داواكارییه‌كه‌ی كرد، به‌ زیاتر په‌رۆشییه‌وه‌، ده‌ستپێك له‌لای خۆیه‌وه‌ بۆ لاتان به‌ڕێ‌كه‌وت."

18 برایه‌كمان له‌گه‌ڵی‌دا نارد كه‌ له‌ خزمه‌تكرنی‌دا بۆ ئینجیل هه‌موو كڵێساكان ستایشی ده‌كه‌ن."

19 نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن كڵێساكانه‌وه‌ بۆ هاوڕێیه‌تیمان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و نیعمه‌ته‌ی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ خزمه‌ت ده‌كرێت بۆ شكۆی خودی خوداوه‌ند و بۆ په‌رۆشیتان."

20 خۆمان له‌مه‌ ده‌پارێزین، نه‌وه‌ك كه‌سێك له‌ گه‌وره‌یی ئه‌م خزمه‌ته‌ی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌یه‌ گله‌ییمان لێ بكات."

21 چونكه‌ به‌ نیازی چاكه‌ین، نه‌ك ته‌نها له‌به‌رده‌م خوداوه‌ند، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م خه‌ڵكیش."

22 له‌گه‌ڵ ئه‌وان‌دا برایه‌كمان نارد، كه‌ زۆر جار له‌ زۆر شت تاقیمان كرده‌وه‌ چاڵاك بوو، ئێستاش به‌و دڵنیاییه‌ زۆره‌ی له‌ ئێوه‌ی هه‌یه‌ زۆر چاڵاكتره‌."

23 له‌مه‌ڕ تیتۆس، ئه‌و هاوبه‌ش و هاوكارمه‌ بۆ ئێوه‌، به‌ڵام ئه‌م برایانه‌ په‌یامبه‌ری كڵێساكانن، شكۆمه‌ندی بۆ مه‌سیح."

24 بۆیه‌ به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستی خۆتان و هۆی شانازیمان به‌ ئێوه‌، له‌به‌رده‌م كڵێساكان بۆیان نمایش بكه‌ن."

9

1 سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌ت بۆ پیرۆزكراوان، پێویست نییه‌ بۆتان بنووسم،"

2 چونكه‌ په‌رۆشیتان ده‌زانم و له‌لای مه‌كدۆنییه‌كان شانازیم پێ‌كردووه‌، كه‌وا ئێوه‌ له‌ ئه‌خائیا له‌ پاره‌وه‌ ئاماده‌بوون و دڵگه‌رمیتان زۆرانی جۆش‌دا."

3 به‌ڵام برایان ده‌نێرم، نه‌وه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ شانازیمان پێتان پووچه‌ڵ بێته‌وه‌، تاكو وه‌ك وتم ئاماده‌بن،"

4 بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌ مه‌كدۆنییه‌كان له‌گه‌ڵم هاتن و ئێوه‌یان به‌ نائاماده‌ییه‌وه‌ بینی، ئێمه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بین چونكه‌ متمانه‌مان پێتان هه‌بوو - - ئێوه‌ش، به‌ڵام نایڵێم."

5 بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌ برایان بپاڕێمه‌وه‌، تاكو پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ لاتان و زوو ئه‌و به‌خشینه‌تان ڕێك بخه‌ن كه‌ پێشتر به‌ڵێنتان داوه‌، تاكو وه‌ك به‌خشینی دڵفراوانه‌ بێت، نه‌ك ڕه‌زیلی."

6 ئه‌مه‌ش بزانن: (ئه‌وه‌ی كه‌م بچێنێت كه‌م ده‌دروێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ دڵفراوانی بچێنێ به‌ دڵفراوانی ده‌دروێته‌وه‌)."

7 با هه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر دڵیه‌تی بیدات، نه‌ك به‌ دڵته‌نگی و ناچاری، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ ببه‌خشێت خودا خۆشی‌ده‌وێت."

8 خوداش ده‌توانێت هه‌موو نیعمه‌تێكتان بۆ بڕژێنێته‌وه‌، تاكو له‌ هه‌موو شتێك هه‌موو كاتێ به‌ ته‌واوی به‌ستان بێت، له‌ هه‌موو كردارێكی باش بڕژێنه‌وه‌."

9 وه‌ك نووسراوه‌: { به‌ دڵفراوانییه‌وه‌ به‌ هه‌ژاران ده‌به‌خشێته‌وه‌، ڕاستودروستییه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.}"

10 جا ئه‌وه‌ی تۆو بۆ تۆوده‌ر و نان بۆ خۆراك دابین ده‌كات، تۆوتان دابین ده‌كات و چه‌ندباره‌ی ده‌كات و به‌رهه‌می ڕاستودروستیتان زیاد ده‌كات."

11 له‌ هه‌موو شتێك ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، به‌ هه‌موو ده‌ست‌فراوانییه‌ك كه‌ به‌هۆی ئێمه‌ سوپاسی خودای لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌."

12 چونكه‌ كردنی ئه‌م خزمه‌ته‌ ته‌نها پێویستی پیرۆزكراوان پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو سوپاسكردنی زۆر بۆ خودا زیاد ده‌كات."

13 به‌ ئه‌زموونی ئه‌م خزمه‌ته‌، خودا شكۆدار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی دانپیانانتان به‌ ئینجیلی مه‌سیح و ده‌ست‌فراوانی دابه‌شكردنتان بۆیان و بۆ هه‌مووان."

14 هه‌روه‌ها له‌ پاڕانه‌وه‌یان بۆ ئێوه‌، تامه‌زرۆی ئێوه‌ن له‌به‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ له‌ ڕادده‌به‌ده‌ره‌ی خودا كه‌ له‌ پێتان دراوه‌."

15 سوپاس بۆ خودا له‌ پێناوی ئه‌م به‌خشینه‌ی كه‌ به‌ ده‌م باس ناكرێت."

10

1 خۆم وه‌ك پۆڵۆس، به‌ نه‌رم و نیانی مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ - - كه‌وا ده‌ڵێن شه‌رمنم كاتێ ڕووبه‌ڕووم له‌گه‌ڵ ئێوه‌، به‌ڵام به‌سه‌رتانه‌وه‌ بوێرم كه‌ لێتان دوورم."

2 داواكارم كه‌ ئاماده‌بم بوێر نه‌بم به‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ ده‌بینم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌وێرم كه‌ واده‌زانن ئێمه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ده‌ژین."

3 هه‌رچه‌نده‌ له‌ جه‌سته‌دا ده‌ژین، به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناجه‌نگین."

4 چونكه‌ چه‌كی شه‌ڕكردنمان جه‌سته‌یی نییه‌، به‌ڵكو به‌ خوداوه‌ توانای وێرانكردنی قه‌ڵای هه‌یه‌،"

5 هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌ك و هه‌ر شتێك كه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستی زانیاری خودا قیت‌بێته‌وه‌ وێرانی ده‌كه‌ین، هه‌موو بیرێكیش بۆ گوێڕایه‌ڵی مه‌سیح به‌ دیل ده‌گرین."

6 ئاماده‌ین كاتێ گوێڕایه‌ڵیتان ته‌واو بێت سزای هه‌موو یاخیبوونێك بده‌ین."

7 ئێوه‌ سه‌یری ڕواڵه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك دڵنیابێت كه‌ به‌خۆی هی مه‌سیحه‌، با بۆ خۆی بزانێت، وه‌ك ئه‌و هی مه‌سیحه‌، ئێمه‌ش ئاواین."

8 چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆزێك زیاتر شانازیم به‌ ده‌سه‌ڵاتمان كردبێت ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند داویه‌تی بۆ بنیادنانتان نه‌ك بۆ وێرانكردنتان، شه‌رمی پێوه‌ ناكه‌م."

9 نامه‌وێ وا ده‌ركه‌وم كه‌وا به‌ نامه‌كان ده‌تانترسێنم."

10 چونكه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن: (نامه‌كان قورس و به‌هێزه‌، به‌ڵام ئاماده‌بوونی خۆی لاوازه‌ و قسه‌ به‌تاڵه‌.)"

11 با ئه‌م كه‌سه‌ بزانێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ قسه‌ی نامه‌كانه‌ كه‌ دوورین، به‌ كاركردنیش ئاوا ئاماده‌ین."

12 چونكه‌ ناوێرین خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ پۆلین یاخود به‌راورد بكه‌ین كه‌ خۆیان ده‌سه‌لمێنن. به‌ڵكو كه‌ خۆیان به‌ خۆیان ده‌پێون و خۆیان به‌ خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن، تێ‌ناگه‌ن!"

13 به‌ڵام ئێمه‌ زیاد له‌ پێوانه‌ شانازی ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی پێوانه‌ی ئه‌و سنووره‌ی خودا بۆی داناوین، تاكو ئاستێك كه‌ بگه‌ینه‌ ئێوه‌ش."

14 سنووری خۆمان نابڕین وه‌ك پێتان نه‌گه‌ین، چونكه‌ له‌ ئینجیلی مه‌سیح گه‌یشتینه‌ ئێوه‌ش."

15 زیاد له‌ پێوانه‌ شانازی به‌ ڕه‌نجی خه‌ڵكی ناكه‌ین، به‌ڵكو وه‌ك هیوادارین، وا باوه‌ڕتان گه‌شه‌ ده‌كات، له‌نێوانتان‌دا سنوورمان زۆر زیاد ده‌بێت،"

16 تاكو موژده‌ بده‌ینه‌ هه‌رێمه‌كانی دوورتر له‌ ئێوه‌ش، نابێت شانازی بكه‌ین به‌و كاره‌ی له‌ سنووری یه‌كێكی دیكه‌ كراوه‌."

17 {ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌ خوداوه‌ند بكات.}"

18 چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌سه‌لمێنێت په‌سه‌ند نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند ده‌یسه‌لمێنێت."

11

1 هیوادارم به‌رگه‌ی هه‌ندێك گێلایه‌تی من بگرن، هه‌رچه‌نده‌ به‌رگه‌شم ده‌گرن."

2 ئیره‌ییه‌كی خوداییانه‌ ئیره‌ییم بۆتان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ پیاوێك نیشانم كردن، تاكو وه‌ك پاكیزه‌یه‌كی پاك پێشكه‌شی مه‌سیحتان بكه‌م."

3 به‌ڵام ده‌ترسم، وه‌ك ماره‌كه‌ حه‌وای به‌ فێڵه‌كه‌ی خه‌ڵه‌تاند، بیری ئێوه‌ش له‌و دڵسۆزی و پاكییه‌ بۆ مه‌سیح چه‌واشه‌ بكرێت."

4 چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك بێ و عیسایه‌كی دیكه‌ ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی ڕامانگه‌یاند، یان ڕۆحێكی دیكه‌ وه‌رگرن جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، یان ئینجیلێكی دیكه‌ جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، ئه‌وا باش به‌رگه‌ی ده‌گرن."

5 وا ده‌زانم هیچم له‌و (نێردراوه‌ به‌رزانه‌) كه‌متر نییه‌."

6 ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌كردن زمان پاراو نیم، خۆ زانیاریم هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ر لایه‌ك و له‌ هه‌موو شتێك بۆ ئێوه‌مان ده‌رخست."

7 یاخود گوناهم كردووه‌ كه‌ خۆم نزم كرده‌وه‌ تاكو ئێوه‌ به‌رز بنه‌وه‌، چونكه‌ به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟"

8 كڵێساكانی دیكه‌م تاڵان كرد كه‌ خه‌رجیم لێیان وه‌رگرت بۆ خزمه‌ته‌كه‌تان."

9 كه‌ له‌گه‌ڵتان بووم و پێویستیم هه‌بوو، قورساییم نه‌خسته‌ سه‌ر كه‌س، چونكه‌ برایان له‌ مه‌كدۆنیاوه‌ هاتن پێویستییه‌كانی منیان پڕكرده‌وه‌. له‌ هه‌موو شتێك‌دا خۆم پاراست تا قورسایی نه‌خه‌مه‌ سه‌رتان و خۆمی لێ ده‌پارێزم."

10 وه‌ك ڕاستی مه‌سیح له‌ من دایه‌، له‌ ناوچه‌كانی ئه‌خائیا ئه‌م شانازیه‌م لێ ناسه‌ندرێته‌وه‌."

11 بۆچی؟ ئایا چونكه‌ ئێوه‌م خۆشناوێت؟ خودا ده‌زانێت."

12 به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، وا ده‌یكه‌م، تاكو هه‌لی هه‌ڵپه‌رستان ببڕم كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ریبخه‌ن له‌وه‌ی شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن گوایا ئه‌وان وه‌ك ئێمه‌ن."

13 چونكه‌ ئه‌مانه‌ نێردراوی درۆزنن و كارگه‌ری فێڵبازن، خۆیان بۆ شێوه‌ی نێردراوی مه‌سیح ده‌گۆڕن."

14 سه‌یر نییه‌، چونكه‌ شه‌یتان خۆی بۆ شێوه‌ی فریشته‌ی ڕووناكی ده‌گۆڕێت."

15 كه‌واته‌ شتێكی گه‌وره‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تكارانی خۆیان بۆ شێوه‌ی خزمه‌تكاری ڕاستودروستی بگۆڕن. دواڕۆژیان به‌گوێره‌ی كرداریان ده‌بێت."

16 دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌: كه‌س به‌ گێلم نه‌زانێت. ئه‌گینا وه‌ك گێلێك په‌سه‌ندم بكه‌ن، تاكو منیش تۆزێك شانازی بكه‌م."

17 له‌م متمانه‌یه‌دا بۆ شانازی‌كردن، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم به‌گوێره‌ی خوداوه‌ند نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك له‌ گێلایه‌تی بێت."

18 كه‌ زۆر كه‌س به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ شانازی ده‌كه‌ن، منیش شانازی ده‌كه‌م."

19 كه‌ به‌ شادییه‌وه‌ به‌رگه‌ی گێله‌كان ده‌گرن، چونكه‌ خۆتان ئه‌وه‌نده‌ دانان!"

20 چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك ئێوه‌ بكاته‌ كۆیله‌ به‌رگه‌ ده‌گرن، ئه‌گه‌ر یه‌كێك بتانخوات، ئه‌گه‌ر یه‌كێك بۆ خۆی بتانقۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌رز بكاته‌وه‌، یاخود ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ڕووتان بدات، به‌رگه‌ ده‌گرن!"

21 بۆ شه‌رمه‌زاریم، پێویسته‌ بڵێم سه‌باره‌ت به‌مه‌ چه‌ند لاواز بووین! له‌ چی ئه‌وان ئازان - به‌ گێلایه‌تی ده‌ڵێم - منیش تیای‌دا ئازام."

22 ئایا عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نه‌وه‌ی ئیبراهیمن؟ منیش."

23 ئایا خزمه‌تكاری مه‌سیحن؟ - وه‌ك مێشك تێكچووێك ده‌ڵێم - من باشترم. من زیاتر ڕه‌نجم داوه‌، له‌ زیندان‌ زیاتر، له‌ داركاریكردن زیاتر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مردن زۆر جار."

24 جوله‌كه‌ پێنج جار چل قامچی كه‌م یه‌كیان لێداوم ،"

25 سێ جار داركاری كراوم، جارێك به‌ردباران كراوم، سێ جار له‌ كه‌شتی‌دا بووم و شكاوه‌، شه‌و و ڕۆژێكم له‌ قووڵایی ده‌ریادا به‌سه‌ربرد."

26 له‌ گه‌شتی زۆردا، كه‌وتوومه‌ته‌ مه‌ترسی ڕووبار و مه‌ترسی چه‌ته‌، مه‌ترسی گه‌له‌كه‌م و مه‌ترسی نه‌ته‌وان، مه‌ترسی له‌ شار و مه‌ترسی له‌ ده‌شت، مه‌ترسی له‌ ده‌ریا و مه‌ترسی خوشكان و برایانی درۆزن،"

27 به‌ ڕه‌نجدان و ماندوویی، به‌ شه‌ونخونی زۆر، به‌ برسیێتی و تینوێتی، به‌ ڕۆژووگرتنی زۆر، به‌ سه‌رما و ڕووتی."

28 ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌لایه‌ك، ڕۆژ به‌ ڕۆژ گرنگیدان به‌ هه‌موو كڵێساكان له‌سه‌رم كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت."

29 كێ لاواز ده‌بێ‌ و من لاواز نابم؟ كێ كه‌وتۆته‌ گوناه‌ و من ناسووتێم؟"

30 ئه‌گه‌ر شانازی پێویست بێت، ئه‌وا به‌ شته‌كانی لاوازیم شانازی ده‌كه‌م."

31 خودا، باوكی عیسای خوداوه‌ند ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ ستایش ده‌كرێت ده‌زانێت درۆ ناكه‌م."

32 له‌ دیمه‌شق، فه‌رمانڕه‌وایه‌كه‌ی ئاریتاسی پاشا پاسه‌وانی شاری دیمه‌شقییه‌كانیان ده‌كرد، بۆ گرتنم."

33 به‌ڵام له‌ناو سه‌به‌ته‌دا و له‌ په‌نجه‌ره‌ی شووره‌كه‌ منیان شۆڕكرده‌وه‌ و له‌ ده‌ستی ڕزگار بووم."

12

1 پێویسته‌ شانازی بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ سوودبه‌خش نییه‌، جا بۆ بینینی خوداوه‌ند و ئاشكراكراوی ئه‌و دێم."

2 مرۆڤێك ده‌ناسم له‌ مه‌سیح‌دا، پێش چوارده‌ ساڵ بۆ ئاسمانی سێیه‌م ڕفێندرا، ئایا به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت."

3 ده‌زانم ئه‌م مرۆڤه‌ - به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت -"

4 بۆ به‌هه‌شت ڕفێندرا، قسه‌یه‌كی بیست كه‌ ده‌رنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بكات."

5 به‌مه‌ شانازی ده‌كه‌م، به‌ڵام شانازی به‌خۆم ناكه‌م، مه‌گه‌ر به‌ لاوازییه‌كانم."

6 چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شانازی بكه‌م، گێل نابم، چونكه‌ ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم نه‌وه‌ك یه‌كێك وا له‌ من بگات زیاتر له‌وه‌ی ده‌مبینن و لێم ده‌بیستن."

7 نه‌وه‌ك به‌ گه‌وره‌یی ئاشكرا كراوان لووتبه‌رز بم، له‌ جه‌سته‌دا دڕكێكم درایێ ، په‌یامنێری شه‌یتان ئازارم ده‌دات، تاكو لووتبه‌رز نه‌بم."

8 بۆ ئه‌مه‌ سێ جار له‌ خوداوه‌ند پاڕامه‌وه‌ له‌ كۆڵم بكاته‌وه‌،"

9 پێی فه‌رمووم: (نیعمه‌تی منت به‌سه‌، چونكه‌ هێزی من له‌ لاوازی ته‌واو ده‌بێت.) بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ شانازی به‌ لاوازیم ده‌كه‌م، تاكو هێزی مه‌سیح بێته‌ سه‌رم."

10 بۆیه‌ له‌ پێناوی مه‌سیح‌دا، به‌ لاوازی و سووكایه‌تی و ناخۆشی و چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌ دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ هه‌ر كاتێ لاوازبم ئه‌وا به‌هێزم."

11 بوومه‌ گێل، ناچارتان كردم. ده‌بووایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ بسه‌لمێندرێم، چونكه‌ هیچم له‌ (نێردراوه‌ به‌رزه‌كان) كه‌متر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نیم."

12 به‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ نیشانه‌كانی نێردراو له‌نێوانتان‌دا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو."

13 چونكه‌ چیتان له‌ كڵێساكانی دیكه‌ كه‌متره‌، جگه‌ له‌وه‌ی خۆشم بارم گران نه‌كردوون؟ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ گه‌رده‌نم ئازاد بكه‌ن!"

14 ئه‌وا سێیه‌م جاره‌ ئاماده‌م بێمه‌ لاتان، نابمه‌ بارگرانیش. داوای شته‌كانتان ناكه‌م، به‌ڵكو خۆتان. چونكه‌ منداڵ بۆ دایك و باوك كۆناكاته‌وه‌، به‌ڵكو دایك و باوك بۆ منداڵ."

15 منیش به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ خه‌رج ده‌كه‌م و خۆم خه‌رجی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئێوه‌م زۆرتر خۆش‌ده‌وێت، ئایا كه‌متر منتان خۆش‌ده‌وێت؟"

16 ئیتر با وابێت، بارم گران نه‌كردوون. به‌ڵام كه‌ فێڵبازم ، به‌ فێڵ لێم سه‌ندوون."

17 ئایا به‌وانه‌ی بۆم ناردوون ڕووتاندنه‌وه‌م هه‌بووه‌؟"

18 له‌ تیتۆس پاڕامه‌وه‌ و براكه‌م له‌گه‌ڵی‌دا نارد. ئایا تیتۆس ڕووتاندنه‌وه‌ی هه‌بوو؟ ئایا به‌ هه‌مان ڕۆح ناژین، به‌ هه‌مان هه‌نگاو ناڕۆین؟"

19 ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م هه‌مووه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆمان ده‌یڵێین؟ له‌به‌رده‌م خودا له‌ مه‌سیح‌دا ده‌دووێن، هه‌موو شتێك بۆ بنیادنانتانه‌، ئه‌ی خۆشه‌ویستان."

20 چونكه‌ ده‌ترسم كاتێ بێم و وه‌ك ده‌مه‌وێت نه‌تانبینم، ئێوه‌ش وا بمبینن كه‌ نه‌تانه‌وێت. نه‌وه‌ك ناكۆكی، چاوپیسی، تووڕه‌یی، تاقمكاری، بوختان، غه‌یبه‌ت، له‌خۆباییبوون، شێوان هه‌بێت."

21 نه‌وه‌ك بێمه‌وه‌، خودام له‌لاتان نزمم بكاته‌وه‌ و زۆر خه‌فه‌ت بخۆم له‌وانه‌ی پێشتر گوناهیان كردووه‌، كه‌چی تۆبه‌یان نه‌كردووه‌ له‌و گڵاوی و به‌ڕه‌ڵایی و به‌دڕه‌وشتییه‌ی كردوویانه‌."

13

1 ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ دێمه‌ لاتان. {هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ساغ ده‌كرێته‌وه‌.}"

2 پێشتر وتوومه‌ وه‌ك دووه‌م جار له‌لاتان بووم و ئێستا دوورم ده‌یڵێمه‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی پێشتر گوناهیان كرد و بۆ هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ش: كه‌ دێمه‌وه‌ به‌زه‌ییم نابێت،"

3 چونكه‌ ئێوه‌ داوای به‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا مه‌سیح له‌ من‌دا ده‌دوێت. كه‌ بۆتان لاواز نییه‌، به‌ڵكو له‌نێوتان‌دا به‌هێزه‌."

4 چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ لاوازی‌دا له‌ خاچ درا، به‌ڵام به‌ هێزی خودا زیندووه‌. ئێمه‌ش له‌ودا لاوازین، كه‌چی به‌ هێزی خودا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بۆ ئێوه‌ ده‌ژین."

5 خۆتان ئه‌زموون بكه‌ن ئاخۆ له‌ باوه‌ڕدان. له‌ خۆتان بكۆڵنه‌وه‌. ئایا نازانن كه‌ عیسای مه‌سیح له‌ ئێوه‌ دایه‌؟ ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زموون كه‌وتووبن."

6 به‌ڵام هیوادارم بزانن كه‌ ئێمه‌ نه‌كه‌وتووین."

7 ئینجا نوێژ بۆ خودا ده‌كه‌ین هیچ خراپه‌یه‌ك نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نه‌ك ده‌ربخه‌ین ئێمه‌ سه‌لمێندراوین، به‌ڵكو تاكو چاكه‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ وه‌ك كه‌وتوو بین."

8 چونكه‌ ناتوانین هیچ شتێك له‌ دژی ڕاستی بكه‌ین، به‌ڵكو له‌ پێناوی ڕاستی."

9 شادین كه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن، نوێژی ئێمه‌ش بۆ ته‌واوی ئێوه‌یه‌."

10 بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ده‌نووسم و دوورم، تاكو كه‌ له‌لاتان ئاماده‌بم ڕه‌ق نه‌جوڵێمه‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خوداوه‌ند پێی داوم بۆ بنیادنان، نه‌ك وێرانكردن."

11 له‌ كۆتایی‌دا، خوشكان، برایان دڵشاد بن. بۆ ته‌واوی هه‌وڵ بده‌ن، یه‌كتری هانبده‌ن ، هاوبیر بن، به‌ ئاشتی بژین. ئه‌وسا خودای خۆشه‌ویستی و ئاشتی له‌گه‌ڵتان ده‌بێت."

12 به‌ ماچی پیرۆز سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن."

13 هه‌موو پیرۆزكراوان سڵاوتان لێ‌ده‌كه‌ن."

14 با نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند و خۆشه‌ویستی خودا و هاوبه‌شی ڕۆحی پیرۆز له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت."