1

1 پۆڵۆس، بانگكراو به‌ نێردراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، هه‌روه‌ها سۆستانیسی برا،"

2 بۆ كڵێسای خودا له‌ كۆرنسۆس، پیرۆزكراوان له‌ عیسای مه‌سیح‌دا، بانگكراون بۆ پیرۆزبوون له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێك‌دا به‌ ناوی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح ده‌پاڕێنه‌وه‌، خوداوه‌ندی ئه‌وان و ئێمه‌ش:"

3 نیعمه‌ت و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌نده‌وه‌ له‌گه‌ڵتان بێت."

4 سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ هه‌رده‌م سوپاسی خودام ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و نیعمه‌ته‌ی خودا كه‌ له‌ عیسای مه‌سیح‌دا پێتان دراوه‌،"

5 له‌ودا له‌ هه‌موو شتێك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له‌ هه‌موو قسه‌ و زانینێك،"

6 وه‌ك شایه‌تی مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا چه‌سپا،"

7 ته‌نانه‌ت له‌ هیچ به‌هره‌یه‌ك كه‌موكوڕیتان نییه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئاشكراكردنی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیحن."

8 ئه‌وه‌ی تا كۆتایی ده‌تانچه‌سپێنێت، تاكو له‌ ڕۆژی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح‌دا بێ گله‌یی بن."

9 خودا دڵسۆزه‌، ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ بۆ هاوبه‌شی كردنی كوڕه‌كه‌ی بانگكراون، عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان."

10 خوشكان و برایان، به‌ ناوی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ هه‌مووتان یه‌ك قسه‌ بن، ناكۆكی له‌نێوانتان‌دا نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ یه‌ك مێشك و یه‌ك بیردا یه‌كگرتوو بن."

11 ئه‌ی برایانم، چونكه‌ ماڵی خلۆیی هه‌واڵیان دامێ ناكۆكی له‌نێوانتان‌دا هه‌یه‌."

12 مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌: یه‌كێكتان ده‌ڵێت: (من هی پۆڵۆسم)، یه‌كێكی دیكه‌: (من هی ئه‌پۆلۆسم)، یان (من هی په‌ترۆسم )، یان (من هی مه‌سیحم.)"

13 ئایا مه‌سیح به‌ش كراوه‌؟ یان پۆڵۆس له‌ پێناوتان‌دا له‌ خاچ دراوه‌؟ یان به‌ ناوی پۆڵۆس له‌ئاوهه‌ڵكێشران؟"

14 سوپاس بۆ خودا كه‌ستانم له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشا، كریسپۆس و گایۆس نه‌بێت،"

15 نه‌وه‌ك یه‌كێك بڵێت به‌ ناوی منه‌وه‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشراوه‌. ("

16 هه‌روه‌ها خێزانی ستیفاناسم له‌ئاوهه‌ڵكێشاوه‌، جگه‌ له‌مانه‌ نازانم كه‌سی دیكه‌م له‌ئاوهه‌ڵكێشابێت.)"

17 چونكه‌ مه‌سیح نه‌یناردووم بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشان، به‌ڵكو بۆ موژده‌دان، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ قسه‌ی دانایی، نه‌بادا هێزی خاچی مه‌سیح پووچه‌ڵ بێته‌وه‌."

18 چونكه‌ وشه‌ی خاچ بۆ له‌ناوچووان گێلایه‌تییه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ڕزگاربووان هێزی خودایه‌."

19 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسراوه‌: {دانایی داناكان له‌ناوده‌به‌م، تێگه‌یشتنی تێگه‌یشتووان به‌لاوه‌ ده‌نێم.}"

20 كوا دانا؟ كوا مالم؟ كوا كه‌سی به‌ ده‌م‌وزاری ئه‌م ڕۆژگاره‌؟ ئایا خودا دانایی ئه‌م جیهانه‌ی نه‌كردۆ‌ته‌ گێلایه‌تی؟"

21 چونكه‌ كه‌ جیهان له‌ دانایی خودادا خودایان به‌ دانایی نه‌ناسی، خودا پێی خۆشبوو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان‌هێناوه‌ به‌ گێلایه‌تی په‌یامی جاڕدراو ڕزگاریان بكات."

22 چونكه‌ جوله‌كه‌ داوای نیشانه‌ ده‌كه‌ن و یۆنانی هه‌وڵی دانایی ده‌ده‌ن،"

23 به‌ڵام ئێمه‌ مه‌سیحی له‌خاچ‌دراو جاڕده‌ده‌ین، بۆ جوله‌كه‌ كۆسپه‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌كان گێلایه‌تییه‌،"

24 به‌ڵام بۆ بانگكراوان، جوله‌كه‌ و یۆنانی، مه‌سیح هێزی خودا و دانایی خودایه‌."

25 چونكه‌ گێلایه‌تی خودا له‌ مرۆڤ داناتره‌، لاوازی خودا له‌ مرۆڤ به‌هێزتره‌."

26 جا خوشك و برایان، بڕواننه‌ بانگكردنه‌كه‌تان، به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ زۆرتان دانا نه‌بوون، زۆرتان توانادار نه‌بوون، زۆرتان ماقوڵ نه‌بوون."

27 خوداش گێله‌كانی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو داناكان شه‌رمه‌زار بكات، خودا لاوازی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو به‌هێزه‌كان شه‌رمه‌زار بكات."

28 خودا پایه‌نزمه‌كانی جیهان و ڕق لێبۆه‌وه‌ و شته‌ نه‌بووه‌كانی هه‌ڵبژارد، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی شته‌ هه‌بووه‌كان،"

29 تاكو هیچ مرۆڤێك له‌به‌رده‌م خودا شانازی نه‌كات."

30 به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی ئه‌و له‌ عیسای مه‌سیح‌دان، ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ بۆمان بووه‌ دانایی و ڕاستودروستی، پیرۆزكردن و كڕینه‌وه‌."

31 تاكو وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌ خوداوه‌ند بكات.}"

2

1 خوشك و برایان، منیش كاتێ هاتمه‌ لاتان، به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ یان دانایی نه‌هاتم شایه‌تی خودا ڕابگه‌یه‌نم،"

2 چونكه‌ بڕیارم دا له‌نێوتان‌دا هیچ نه‌زانم، بێجگه‌ له‌ عیسای مه‌سیح، ئه‌ویش به‌ له‌ خاچ دراوی."

3 منیش به‌ لاوازی و ترس و له‌رزێكی زۆره‌وه‌ له‌لاتان بووم."

4 وته‌كان و جاڕدانم به‌ قسه‌ی دانایی ڕازیكردن نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ به‌ڵگه‌ی ڕۆحی پیرۆز و هێز،"

5 تاكو باوه‌ڕتان به‌ دانایی مرۆڤ نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ هێزی خودا بێت."

6 ئێمه‌ له‌نێو پێگه‌یشتووان به‌ دانایی ده‌دوێین، به‌ڵام داناییه‌ك نه‌ له‌م ڕۆژگاره‌یه‌ و نه‌ له‌ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌یه‌، كه‌ له‌ناوده‌چن."

7 به‌ڵكو باسی دانایی خودا ده‌كه‌ین كه‌ نهێنییه‌، شاراوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی خودا له‌پێش ڕۆژگاره‌وه‌ بۆ شكۆی ئێمه‌ی داناوه‌."

8 هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتبوونایه‌، خوداوه‌ندی شكۆمه‌ندیان له‌ خاچ نه‌ده‌دا."

9 به‌ڵكو وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی هیچ چاوێك نه‌یبینیوه‌، هیچ گوێیه‌ك نه‌یبیستووه‌ و به‌ بیری مرۆڤ‌دا نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ی خودا ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت.}"

10 به‌ڵام خودا به‌هۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشكرا كردین. چونكه‌ ڕۆح هه‌موو شتێك ده‌پشكنێت، ته‌نانه‌ت قووڵی ناخی خوداش."

11 چ مرۆڤێك ده‌زانێت مرۆڤ چی تێدایه‌، ڕۆحی مرۆڤ نه‌بێت كه‌ له‌ناویدایه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ كه‌س نازانێت خودا چی تێدایه‌ ڕۆحی خودا نه‌بێت."

12 ئێمه‌ش ڕۆحی جیهانمان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو ئه‌و ڕۆحه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، تاكو له‌و شتانه‌ بزانین كه‌ خودا به‌خۆڕایی پێی به‌خشیوین."

13 ئه‌وانه‌ی باسیان ده‌كه‌ین، نه‌ك به‌و قسانه‌ی له‌ فێركردنی دانایی مرۆڤه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ فێركردنی ڕۆحه‌كه‌وه‌، بیری ڕۆحییانه‌ بۆ كه‌سه‌ ڕۆحییه‌كان لێك ده‌ده‌ینه‌وه‌."

14 به‌ڵام مرۆڤی سروشتی ئه‌وه‌ی هی ڕۆحی خودایه‌ وه‌ری ناگرێت، چونكه‌ لای ئه‌و گێلایه‌تییه‌، ناتوانێت بیانزانێت، چونكه‌ به‌ ڕۆح جیا ده‌كرێنه‌وه‌."

15 مرۆڤی ڕۆحیش هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، كه‌چی خۆی كه‌س هه‌ڵی ناسه‌نگێنێت."

16 {چونكه‌ كێ بیری خوداوه‌ندی زانی‌، كێ فێری ده‌كات؟} به‌ڵام ئێمه‌ بیری مه‌سیحمان هه‌یه‌."

3

1 خوشكان، برایان، نه‌متوانی وه‌ك بۆ ڕۆحییانی قسه‌تان بۆ بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك بۆ جه‌سته‌ییه‌كان ، وه‌ك بۆ ساوایان له‌ مه‌سیح‌دا."

2 شیرم ده‌رخوارد دان نه‌ك خواردن، چونكه‌ هێشتا تواناتان نه‌بوو، ئێستاش تواناتان نییه‌."

3 چونكه‌ هێشتا جه‌سته‌یین. كه‌ ئیره‌یی و ناكۆكی له‌نێوانتان‌دا هه‌بێت، ئایا جه‌سته‌یی نین و ته‌نها وه‌ك مرۆڤ ناژین؟"

4 چونكه‌ كاتێ یه‌كێك ده‌ڵێت: (من هی پۆڵۆسم)، ئه‌وی دیكه‌: (من هی ئه‌پۆلۆسم)، ئایا هێشتا مرۆڤانه‌ نین؟"

5 ئیتر ئه‌پۆلۆس چییه‌؟ پۆڵۆس چییه‌؟ ته‌نها خزمه‌تكارن، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ - وه‌ك خوداوه‌ند به‌ هه‌ر یه‌كێكی داوه‌."

6 من چاندم و ئه‌پۆلۆس ئاوی دا، به‌ڵام خودا بوو گه‌شه‌ی پێ‌كرد."

7 ئیتر نه‌ چێنه‌ر شتێكه‌ و نه‌ ئاودێر، به‌ڵكو خودا كه‌ گه‌شه‌ی پێ ده‌كات."

8 چێنه‌ر و ئاودێر یه‌كن، هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ماندووبوونی خۆی كرێی خۆی وه‌رده‌گرێت."

9 جا ئێمه‌ هاوكاری خوداین، ئێوه‌ش كێڵگه‌ی خودا و خانووی خودان."

10 به‌گوێره‌ی ئه‌و نیعمه‌ته‌ی خودا پێی‌داوم، وه‌ك ئه‌ندازیارێكی دانا بناغه‌م دانا و یه‌كێكی دیكه‌ له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ ئاگادار بێت چۆن له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت."

11 كه‌س ناتوانێت بناغه‌یه‌كی دیكه‌ دابنێت له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی دانراوه‌، كه‌ عیسای مه‌سیحه‌."

12 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ زێڕ، زیو، به‌ردی گرانبه‌ها، دار، پووش یان كا، بنیاد بنێت،"

13 كاری هه‌ر یه‌كێك ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ڕۆژ ئاشكرای ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئاگر ئاشكرا ده‌كرێت و ئاگر تاقی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاری هه‌ر یه‌كێك چۆنه‌."

14 ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك بمێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ری بنیادی ناوه‌، ئه‌وا پاداشت وه‌رده‌گرێت."

15 ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك سووتا ئه‌وا زیانی پێ‌ده‌گات، خۆی ڕزگاری ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك له‌ ناو ئاگر هه‌ڵات."

16 ئایا نازانن ئێوه‌ په‌رستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشته‌جێیه‌؟"

17 ئه‌گه‌ر یه‌كێك په‌رستگای خودا وێران بكات، خودا وێرانی ده‌كات. چونكه‌ په‌رستگای خودا پیرۆزه‌، ئه‌ویش ئێوه‌ن."

18 با كه‌س خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌نێوانتان خۆی به‌ دانای ئه‌م ڕۆژگاره‌ ده‌زانێت، با ببێته‌ گێل تاكو ببێته‌ دانا."

19 چونكه‌ دانایی ئه‌م جیهانه‌ له‌لای خودا گێلایه‌تییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی داناكان به‌ فێڵبازی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرێت.}"

20 هه‌روه‌ها: {خوداوه‌ند بیركردنه‌وه‌ی داناكان ده‌زانێت كه‌ پووچه‌.}"

21 كه‌واته‌، با كه‌س شانازی به‌ مرۆڤ نه‌كات! چونكه‌ هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌،"

22 پۆڵۆس یان ئه‌پۆلۆس یاخود په‌ترۆس ، جیهان یان ژیان یانیش مردن، شته‌كانی ئێستا یاخود داهاتوو - هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌،"

23 ئێوه‌ش هی مه‌سیحن، مه‌سیحیش هی خودایه‌."

4

1 به‌م شێوه‌یه‌ با خه‌ڵك به‌ خزمه‌تكاری مه‌سیح و سه‌ركاری نهێنییه‌كانی خودامان دابنێن."

2 جا ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ركاران داوا ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌یی بسه‌لمێنن."

3 به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ یان هه‌ر دادگایه‌كی مرۆڤانه‌ حوكمم بدات، به‌ڵام من حوكم به‌سه‌ر خۆم ناده‌م."

4 هیچ گله‌ییه‌ك له‌ خۆم‌دا نابینم، به‌ڵام به‌مه‌ بێ‌تاوان نه‌بوومه‌، به‌ڵكو خوداوه‌نده‌ لێپێچینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات."

5 كه‌واته‌ پێش كات حوكم له‌ شتێك مه‌ده‌ن، تاكو خوداوه‌ند دێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی شاردراوه‌كانی تاریكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ و نیازی دڵ ده‌رده‌خات. ئه‌وسا هه‌ر یه‌كێك له‌لایه‌ن خوداوه‌ ستایش ده‌كرێت."

6 خوشكان، برایان، ئێستا له‌ پێناوی ئێوه‌دا خۆم و ئه‌پۆلۆسم له‌م شتانه‌ كرده‌ نموونه‌، تاكو له‌ ئێمه‌وه‌ فێربن: (زێده‌ ڕۆیی مه‌كه‌ن له‌وانه‌ی نووسراون.) ئینجا كه‌س خۆی به‌ یه‌كێك هه‌ڵنه‌كێشێت له‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌."

7 چونكه‌ كێ تۆ جیا ده‌كاته‌وه‌؟ چیت هه‌یه‌ وه‌رت نه‌گرتبێت؟ ئه‌گه‌ر وه‌رتگرتووه‌، بۆ شانازی ده‌كه‌یت وه‌ك وه‌رت نه‌گرتبێت؟"

8 وا تێربوون! وا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! به‌بێ ئێمه‌ بوونه‌ پاشا ! خۆزگه‌ به‌ ڕاستی ببوونایه‌ته‌ پاشا، تاكو ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتان ببووینابووایه‌ پاشا!"

9 چونكه‌ وا بزانم خودا ئێمه‌ی نێردراوی له‌ دواوه‌ی كه‌ژاوه‌ ده‌رخست، وه‌ك ئه‌وه‌ی حوكمی مردنمان بۆ درابێت، چونكه‌ بووینه‌ نماییشی جیهان و فریشته‌ و خه‌ڵك."

10 ئێمه‌ له‌ پێناوی مه‌سیح‌دا گێلین، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ مه‌سیح‌دا ژیرن! ئێمه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن! ئێوه‌ شكۆدارن و ئێمه‌ سووكین!"

11 تا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانه‌یی ده‌چێژین."

12 به‌ ده‌ستی خۆمان ئیش ده‌كه‌ین و ماندوو ده‌بین. جنێومان پێ ده‌درێت و داوای به‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌ین، ده‌چه‌وسێینه‌وه‌ و به‌رگه‌ ده‌گرین."

13 بوختانمان پێ ده‌كه‌ن و نه‌رمی ده‌نوێنین. تا ئێستا وه‌ك زبڵی جیهان و پاشماوه‌ی هه‌موو شتێكمان لێ هاتووه‌."

14 ئه‌مانه‌ نانووسم تاكو شه‌رمه‌زارتان بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌."

15 ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌نده‌ ده‌ هه‌زار ڕابه‌رتان له‌ مه‌سیح‌دا هه‌بێ، به‌ڵام باوك زۆر نییه‌. چونكه‌ به‌هۆی ئینجیل له‌ عیسای مه‌سیح‌دا بوومه‌ باوكتان."

16 جا تكاتان لێ ده‌كه‌م، لاسایی من بكه‌نه‌وه‌."

17 بۆیه‌ تیمۆساوسم بۆ ناردن، كه‌وا كوڕی خۆشه‌ویست و دڵسۆزمه‌ له‌ خوداوه‌ند، ئه‌و ڕێگاكانی منتان له‌ عیسای مه‌سیح‌دا بیر ده‌خاته‌وه‌، وه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌موو كڵێسایه‌ك فێرده‌كه‌م."

18 هه‌ندێك لووتبه‌رز بوونه‌ وه‌ك بڵێی نایێمه‌ لاتان."

19 به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ر بێت به‌ په‌له‌ دێمه‌ لاتان، ئه‌وسا نه‌ك قسه‌كانی ئه‌و لووتبه‌رزانه‌ ده‌زانم به‌ڵكو هێزیان."

20 چونكه‌ پاشایه‌تی خودا به‌ قسه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ هێزه‌."

21 چیتان ده‌وێ؟ به‌ دار بێمه‌ لاتان یاخود به‌ خۆشه‌ویستی و ڕۆحی دڵنه‌رمی؟"

5

1 له‌ ڕاستی‌دا له‌نێوانتان‌دا داوێنپیسی ده‌بیسترێت، داوێنپیسییه‌ك كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وانیش‌دا نییه‌: پیاو له‌گه‌ڵ باوه‌ژنی ده‌ژیێت !"

2 ئێوه‌ش لووتبه‌رز بوونه‌! باشتر نه‌بوو ماته‌مدار بن، تاكو ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ له‌نێوانتان‌دا لابدرێت؟"

3 هه‌رچه‌نده‌ به‌ له‌ش له‌لاتان نیم، به‌ڵام به‌ ڕۆح ئاماده‌م، وا ئه‌و كه‌سه‌م حوكم داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی كردووه‌، وه‌ك ئاماده‌بم:"

4 به‌ ناوی خوداوه‌ندمان عیسا، ئێوه‌ و ڕۆحی من له‌گه‌ڵ هێزی خوداوه‌ندمان عیسا كۆده‌بنه‌وه‌،"

5 كه‌سی ئاوا بۆ فه‌وتانی جه‌سته‌ بدرێته‌ ده‌ستی شه‌یتان، تاكو له‌ ڕۆژی خوداوه‌ند ڕۆح ڕزگاری بێت."

6 له‌خۆباییتان باش نییه‌. ئایا نازانن هه‌ویرترشێكی بچووك هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێت؟"

7 كه‌واته‌ خۆتان له‌ هه‌ویرترشی كۆن پاك‌بكه‌نه‌وه‌، تاكو ببنه‌ هه‌ویرێكی نوێ وه‌ك ئێوه‌ فه‌تیره‌ن. چونكه‌ مه‌سیحی قوربانی په‌سخه‌مان سه‌ربڕا."

8 كه‌واته‌ با جه‌ژن بگێڕین، نه‌ك به‌ هه‌ویرترشی به‌سه‌رچوو، هه‌ویرترشی كینه‌ و خراپه‌، به‌ڵكو به‌ فه‌تیره‌ی بێ دووڕوویی و ڕاستی."

9 له‌ نامه‌كه‌م‌دا بۆم نووسین تێكه‌ڵی داوێنپیسان مه‌بن،"

10 مه‌به‌ستم له‌ داوێنپیس و چڵێس و تاڵانكه‌ر و بت‌په‌رستانی ئه‌م جیهانه‌ نییه‌، ئه‌گینا ناچار ده‌بوون له‌م جیهانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌."

11 به‌ڵام ئێستا بۆتان ده‌نووسم تێكه‌ڵی یه‌كێك مه‌بن به‌ خوشك یان برا ناوده‌بردرێت و داوێنپیسه‌ یان چڵێسه‌ یاخود بت‌په‌رسته‌ و بوختانكه‌ره‌ یان سه‌رخۆشه‌ و تاڵانكه‌ره‌. نانیش له‌گه‌ڵ كه‌سی ئاوا مه‌خۆن."

12 چونكه‌ به‌ من چی كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ حوكم بده‌م؟ ئێوه‌ نین ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ حوكم ده‌ده‌ن؟"

13 ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ خودا حوكمیان ده‌دات. {خراپه‌كار له‌ ناوتان لابده‌ن.}"

6

1 كه‌ یه‌كێكتان سكاڵایه‌كی له‌ یه‌كێكی دیكه‌ هه‌بوو، چۆن ده‌وێرێ له‌لای بێ‌باوه‌ڕ حوكمی بۆ بدرێت و لای پیرۆزكراوان نه‌بێت؟"

2 ئایا نازانن پیرۆزكراوان جیهان حوكم ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ جیهان حوكم بده‌ن، ئایا شایسته‌ نین له‌ بچووكترینی شته‌كان حوكم بده‌ن؟"

3 ئایا نازانن ئێمه‌ فریشته‌ش حوكم ده‌ده‌ین؟ چه‌نده‌ زیاتر شته‌كانی ئه‌م ژیانه‌ نا؟"

4 جا ئه‌گه‌ر كێشه‌تان له‌مه‌ڕ ئه‌و ژیانه‌ هه‌بێت، ئایا ده‌یبه‌نه‌ لای ئه‌وانه‌ی له‌ كڵێسادا گرنگ نین ؟"

5 تاكو شه‌رم بكه‌ن ئاوا ده‌ڵێم. ئایا یه‌كێكی داناتان تێدا نییه‌ بتوانێت دادوه‌ری له‌نێو برایانی بكات؟"

6 به‌ڵام برا برای خۆی بۆ دادگا ده‌بات، ئه‌مه‌ش له‌به‌رده‌م بێ‌باوه‌ڕان!"

7 له‌ ڕاستی‌دا شوره‌ییه‌ بۆتان له‌نێوانتان‌دا سكاڵاكاری هه‌بێت. باشتر نه‌بوو زۆرلێكراو بن؟ باشتر نه‌بوو فێڵلێكراو بن؟"

8 به‌ڵام ئێوه‌ زۆرداری ده‌كه‌ن و فێڵ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ برایان!"

9 ئایا نازانن كه‌ زۆردار نابنه‌ میراتگری شانشینی خودا؟ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. نه‌ داوێنپیس و نه‌ بت‌په‌رست و نه‌ مێباز و نه‌ قونده‌ر و نه‌ نێرباز،"

10 نه‌ دز و نه‌ چڵێس و نه‌ سه‌رخۆش و نه‌ جنێوفرۆش و نه‌ تاڵانكه‌ر نابنه‌ میراتگری شانشینی خودا."

11 جا هه‌ندێكتان ئاوا بوون. به‌ڵام شۆرانه‌وه‌ و پیرۆزكران و بێ‌تاوان كراون به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند و ڕۆحی خودامان."

12 (هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌، ) به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌ سوود نییه‌. (هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌،) به‌ڵام هیچ شتێك به‌سه‌رم‌دا زاڵ نابێت."

13 (خواردن بۆ ورگه‌ و ورگیش بۆ خواردن،) كه‌چی خودا هه‌ردووكیان له‌ ناوده‌بات. به‌ڵام له‌ش بۆ داوێنپیسی نییه‌، به‌ڵكو بۆ خوداوه‌نده‌، خوداوه‌ندیش بۆ له‌شه‌."

14 خوداش خوداوه‌ندی هه‌ڵستانده‌وه‌ و به‌ هێزی خۆی ئێمه‌ش هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌."

15 ئایا نازانن له‌شتان ئه‌ندامی مه‌سیحه‌؟ ئایا ئه‌ندامی مه‌سیح بكه‌مه‌ ئه‌ندامی داوێنپیسێك؟ نه‌خێر!"

16 یاخود نازانن ئه‌وه‌ی خۆی به‌ داوێنپیسێك نووساندووه‌، له‌گه‌ڵی بووه‌ته‌ یه‌ك له‌ش؟ چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌.}"

17 به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆی به‌ خوداوه‌نده‌وه‌ ده‌نووسێنێت، بوونه‌ به‌ یه‌ك ڕۆح."

18 له‌ داوێنپیسی ڕابكه‌ن. هه‌ر گوناهێك مرۆڤ بیكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌شه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوێنپیسی ده‌كات ئه‌وا دژی له‌شی خۆی گوناه‌ ده‌كات."

19 یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕۆحی پیرۆزه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌ دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین،"

20 چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان خودا شكۆدار بكه‌ن."

7

1 سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی نووسیتان: باشه‌ بۆ پیاو ژن نه‌هێنێت."

2 به‌ڵام له‌به‌ر داوێنپیسی، با هه‌ر پیاوێك ژنی خۆی هه‌بێت و هه‌ر ژنێك مێردی خۆی هه‌بێت."

3 مێرد له‌سه‌ریه‌تی ئه‌ركی سه‌رشانی بۆ ژنه‌كه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، ژنیش بۆ مێرد."

4 ژن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆی‌دا نییه‌، به‌ڵكو مێرد، مێردیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆی‌دا نییه‌، به‌ڵكو ژن."

5 خۆتان له‌ یه‌كتری بێبه‌ش مه‌كه‌ن، مه‌گه‌ر به‌ ڕێككه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌ك تاكو بۆ نوێژكردن ده‌ست به‌تاڵ بن و دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كتری جووت‌بنه‌وه‌، نه‌وه‌ك به‌هۆی خۆڕانه‌گرتنتانه‌وه‌ شه‌یتان تاقیتان بكاته‌وه‌."

6 به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم، وه‌ك ڕێگادانه‌ نه‌ك فه‌رمان."

7 هیوادارم هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك من بن ، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ به‌هره‌ی خۆی هه‌یه‌، هی یه‌كێك ئاوایه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ئاوا."

8 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ و بێوه‌ژنانیش، پێیان ده‌ڵێم: بۆیان باشه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك من بمێننه‌وه‌."

9 به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆیان ڕانه‌گرت، با هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه‌ هاوسه‌رگیری له‌ گڕگرتن باشتره‌."

10 به‌ڵام بۆ هاوسه‌ران، ڕایانده‌سپێرم - من نیم به‌ڵكو خوداوه‌نده‌: با ژن له‌ مێرده‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌،"

11 به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی جیابۆوه‌، با بێ مێرد بمێنێته‌وه‌ یان مێرده‌كه‌ی ئاشت بكاته‌وه‌. مێردیش با ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق نه‌دات."

12 ئه‌وانی دیكه‌ پێیان ده‌ڵێم - من نه‌ك خوداوه‌ند: ئه‌گه‌ر برایه‌ك ژنێكی بێ‌باوه‌ڕی هه‌بوو، ژنه‌ش ڕازی بوو له‌گه‌ڵی‌دا بژیێت، با ته‌ڵاقی نه‌دات."

13 ئه‌گه‌ر ژنیش مێردێكی بێ‌باوه‌ڕی هه‌بوو، مێرده‌كه‌ ڕازی بوو له‌گه‌ڵی‌دا بژیێت، با مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاقی نه‌دات."

14 چونكه‌ مێرده‌ بێ‌باوه‌ڕه‌كه‌ له‌ ژن‌دا پیرۆزكراوه‌ و ژنی بێ‌باوه‌ڕ له‌ پیاودا پیرۆزكراوه‌، ئه‌گینا منداڵتان گڵاوه‌، به‌ڵام ئێستا پیرۆزه‌."

15 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێ‌باوه‌ڕه‌كه‌ خۆی جیا كرده‌وه‌، با جیا بێته‌وه‌. له‌ باری ئاوادا براكه‌ یان خوشكه‌كه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو خودا بۆ ئاشتی بانگی كردووین."

16 چونكه‌ ئه‌ی ژن چۆن ده‌زانی ئاخۆ مێرده‌كه‌ت ڕزگار ده‌كه‌یت؟ یان ئه‌ی مێرد چۆن ده‌زانی ئاخۆ ژنه‌كه‌ت ڕزگار ده‌كه‌یت؟"

17 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا، با هه‌ر یه‌كێك به‌ پێی به‌شكردنی خوداوه‌ند، وه‌ك خودا بانگی كردووه‌، ئاوا بگوزه‌رێنێت. له‌ هه‌موو كڵێساكان ئاوا فه‌رمان ده‌ده‌م."

18 ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ته‌نه‌كراوی بانگ‌كراوه‌، با نه‌بێته‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراو. ئه‌وه‌ش به‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوی بانگ‌كراوه‌، با خه‌ته‌نه‌ نه‌كات."

19 خه‌ته‌نه‌كردن هیچ نییه‌، خه‌ته‌نه‌ نه‌كردنیش هیچ نییه‌، به‌ڵكو پاراستنی ڕاسپارده‌كانی خودا."

20 با هه‌ر یه‌كێك له‌و بانگه‌وازییه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ تیای‌دابووه‌ كاتێ خودا بانگی كردووه‌."

21 ئایا به‌ كۆیله‌یی بانگ‌كرایت؟ گوێی مه‌ده‌رێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانیت ئازاد بیت، بیكه‌."

22 چونكه‌ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ بووه‌ و له‌ خوداوه‌ند بانگ‌كراوه‌، ده‌بێته‌ ئازاد له‌ خوداوه‌ند. ئه‌وه‌ی ئازاد بووه‌ و بانگ‌كراوه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی مه‌سیح."

23 ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون، مه‌بنه‌ كۆیله‌ی خه‌ڵك."

24 خوشكان، برایان، هه‌ر یه‌كێك له‌ چی‌دا بانگ‌كراوه‌، با له‌گه‌ڵ خودا له‌مه‌دا بمێنێته‌وه‌."

25 ده‌رباره‌ی كچان و كوڕان، فه‌رمانێكی خوداوه‌ندم نییه‌، به‌ڵام بۆچوونێك ده‌ده‌م وه‌ك یه‌كێك خوداوه‌ند به‌زه‌یی پێدا هاتبێته‌وه‌ كه‌وا جێی متمانه‌ بێت."

26 وابزانم، له‌به‌ر ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ی ئێستا ، باشه‌ بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێته‌وه‌."

27 ئایا تۆ به‌ ژنه‌وه‌ به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای جیا بوونه‌وه‌ مه‌كه‌. ئایا تۆ به‌ ژن نه‌به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای ژن مه‌كه‌."

28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بهێنیت گوناهت نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر پاكیزه‌ش مێرد بكات گوناهی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌م ژیانه‌ تووشی ماندووێتی ده‌بن، جا من ده‌مه‌وێ تووشتان نه‌كه‌م."

29 خوشكان، برایان، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: كاته‌كه‌ كورت كرایه‌وه‌، تاكو له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ی ژنی هه‌یه‌ وه‌ك نه‌یبێت،"

30 ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن وه‌ك نه‌گریێن، ئه‌وانه‌ی شادن وه‌ك شاد نه‌بن، ئه‌وانه‌ی ده‌كڕن وه‌ك موڵكیان نه‌بێت،"

31 ئه‌وانه‌ی جیهان به‌كارده‌هێنن وه‌ك هه‌ر به‌كاری نه‌هێنن، چونكه‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌ ڕووه‌و نه‌مانه‌."

32 جا ده‌مه‌وێ ئێوه‌ بێ خه‌م بن. ئه‌وه‌ی ژنی نه‌هێناوه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری خوداوه‌ند ده‌دات، چۆن خوداوه‌ند ڕازی بكات."

33 به‌ڵام هاوسه‌ردار بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن ژن ڕازی بكات،"

34 ئیتر به‌ش بووه‌. ژنی بێ مێرد و پاكیزه‌ گرنگی به‌ كاروباری خوداوه‌ند ده‌ده‌ن، تاكو له‌ش و ڕۆحی پیرۆز بێت. به‌ڵام شووكردوو بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن مێرد ڕازی بكات."

35 ئه‌مه‌ بۆ چاكه‌تان ده‌ڵێم، نه‌ك تووشی كۆتێكتان بكه‌م، به‌ڵكو بۆ ڕێز و ته‌رخانكراوییه‌ بۆ خوداوه‌ند، بێ په‌شێوی."

36 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌شیاوی ده‌كات له‌گه‌ڵ پاكیزه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر كاتی به‌سه‌رچوو بێت، پێویست بوو ئاواش بێت، چۆنی حه‌ز لێیه‌ با بیكات و گوناه‌ ناكات، با ببنه‌ هاوسه‌ر."

37 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ بڕیاری دابێت و ناچار نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌ر خواستی خۆی هه‌بێت، ئه‌و بڕیاره‌ش كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ داویه‌تی بۆ هێشتنه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وا چاك ده‌كات."

38 كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی به‌ مێرد ده‌دات، چاك ده‌كات، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ مێرد نادات، چاكتر ده‌كات."

39 ژن به‌ستراوه‌یه‌ تاكو مێرده‌كه‌ی زیندووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی مرد، ئه‌وا ئازاده‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ شووی پێ بكاته‌وه‌، ته‌نها له‌ خوداوه‌ند."

40 به‌ڵام به‌ بۆچوونی من، به‌خته‌وه‌رتره‌ ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ - وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هه‌یه‌."

8

1 سه‌باره‌ت به‌ قوربانی بته‌كان، ده‌زانین كه‌ هه‌موومان زانیاریمان هه‌یه‌. زانیاری لووتبه‌رز ده‌كات، به‌ڵام خۆشه‌ویستی بنیاد ده‌نێت."

2 ئه‌گه‌ر یه‌كێك وایزانی شتێك ده‌زانێت، ئه‌وا هێشتا نازانێ وه‌ك پێویسته‌ بزانێت."

3 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك خودای خۆش‌بووێ، ئه‌وا له‌لای ناسراوه‌."

4 جا سه‌باره‌ت به‌ خواردنی قوربانی بته‌كان، ده‌زانین بت له‌ جیهان‌دا نییه‌ و هیچ خودایه‌ك نییه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێك."

5 چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هه‌بن پێیان بووترێت (خودا) له‌ ئاسمان بێت یان له‌سه‌ر زه‌وی - وه‌ك زۆر (خودا) و زۆر (خوداوه‌ند) هه‌یه‌ -"

6 به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ته‌نها یه‌ك خودا هه‌یه‌: باوكه‌كه‌یه‌، هه‌موو شتێك له‌وه‌وه‌یه‌ و ئێمه‌ش بۆ ئه‌وین. ته‌نها یه‌ك خوداوه‌ندیش هه‌یه‌: عیسای مه‌سیحه‌، هه‌موو شتێك به‌هۆی ئه‌وه‌ و ئێمه‌ش به‌هۆی ئه‌وین."

7 به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵك ئه‌مه‌ نازانن. چونكه‌ هه‌ندێكیان تا ئێستا خوویان به‌ بت گرتووه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌یخۆن وه‌ك بڵێی قوربانی بته‌، جا ویژدانیان كه‌ لاوازه‌ گڵاو ده‌بێت."

8 خواردن له‌ خودا نزیكمان ناكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یخۆین كه‌م ناكه‌ین و ئه‌گه‌ر خواردیشمان زیاد ناكه‌ین."

9 به‌ڵام وریابن سه‌ربه‌ستیتان نه‌بێته‌ كۆسپ بۆ لاوازه‌كان."

10 چونكه‌ ئه‌ی خاوه‌ن زانیاری، ئه‌گه‌ر یه‌كێك تۆی بینی له‌ په‌رستگای بت ده‌خۆیت، ئایا ویژدانه‌كه‌ی كه‌ لاوازه‌ هاننادرێت تاكو له‌ قوربانی بته‌كان بخوات؟"

11 جا به‌هۆی زانیاریت ئه‌و برایه‌ی لاوازه‌، كه‌ مه‌سیح له‌ پێناوی مرد، له‌ناوده‌چێت."

12 ئاواش گوناه‌ له‌ دژی برایان ده‌كه‌ن و ویژدانی لاوازیان بریندار ده‌كه‌ن، گوناه‌ له‌ دژی مه‌سیح ده‌كه‌ن."

13 بۆیه‌، ئه‌گه‌ر خۆراك ساتمه‌ به‌ براكه‌م بكات، ئه‌وا هه‌رگیز گۆشت ناخۆم نه‌وه‌ك ساتمه‌ به‌ براكه‌م بكه‌م."

9

1 ئایا سه‌ربه‌ست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خوداوه‌ندمانم نه‌بینیوه‌؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌نجامی كاری من نین له‌ خوداوه‌نددا؟"

2 ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵك نێردراو نه‌بم، بۆ ئێوه‌ هه‌وم! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ خوداوه‌نددا مۆری نێردراویه‌تی منن."

3 بۆ ئه‌وانه‌ی لێم ده‌كۆڵنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رگریم:"

4 ئایا مافی خواردن و خواردنه‌وه‌مان نییه‌؟"

5 ئایا مافمان نییه‌ خوشكێك بكه‌ینه‌ هاوسه‌رمان، وه‌ك نێردراوانی دیكه‌ و برایانی خوداوه‌ند و په‌ترۆس ؟"

6 یاخود ته‌نها من و به‌رنابا ئه‌و مافه‌مان نییه‌، ده‌بێت هه‌ر ئیش بكه‌ین؟"

7 كێ هه‌بووه‌ به‌ خه‌رجی خۆی سه‌ربازی كردبێت؟ كێ ڕه‌زێك ده‌چێنێت و له‌ به‌روبوومه‌كه‌ی ناخوات؟ یان كێ شوانایه‌تی مێگه‌لێك ده‌كات و له‌ شیره‌كه‌ی ناخوات؟"

8 ئه‌م قسانه‌ وه‌ك مرۆڤ ده‌كه‌م؟ ئایا ته‌وراتیش ئه‌مانه‌ ناڵێت؟"

9 چونكه‌ له‌ ته‌وراتی موسا نووسراوه‌: {له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌.} ئایا خودا بایه‌خ به‌ گا ده‌دات؟"

10 ئایا به‌ ته‌واوی له‌ پێناومان‌دا نه‌ی‌ووتووه‌؟ به‌ڵێ، له‌ پێناوی ئێمه‌دا نووسراوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كێڵێت پێویسته‌ به‌ هیواوه‌ بكێڵێت، ئه‌وه‌ی گێره‌ ده‌كات به‌ هیوای به‌شداربوونه‌."

11 ئه‌گه‌ر ئێمه‌ شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووه‌، ئایا زۆره‌ ئه‌گه‌ر شتی ماددی له‌ ئێوه‌ بدروینه‌وه‌؟"

12 ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی دیكه‌ مافی پشتگیرییان له‌سه‌رتانه‌، ئایا ئێمه‌ له‌پێشتر نین؟ به‌ڵام ئه‌م مافه‌مان به‌كارنه‌هێنا، به‌ڵكو به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرین، نه‌وه‌ك كۆسپ دابنێین بۆ ئینجیلی مه‌سیح."

13 ئایا نازانن ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی په‌رستگا ده‌كه‌ن له‌ شته‌كانی په‌رستگا ده‌خۆن، ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی قوربانگاش ده‌كه‌ن له‌ قوربانگادا به‌شدارن؟"

14 ئاواش خوداوه‌ند فه‌رمانی داوه‌، ئه‌وانه‌ی ئینجیل جاڕده‌ده‌ن گوزه‌رانیان له‌ ئینجیله‌."

15 به‌ڵام شتێكم له‌مه‌ به‌كارنه‌هێناوه‌. منیش ئه‌وانه‌ نانووسم، تاكو بۆ من ئاوا بێت، چونكه‌ مردنم باشتره‌ له‌وه‌ی یه‌كێك شانازیم پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌."

16 ئه‌گه‌ر موژده‌ بده‌م شانازیم نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ و خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆم. قوڕ به‌سه‌رم ئه‌گه‌ر موژده‌ نه‌ده‌م!"

17 چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆبه‌خش ئه‌وه‌ بكه‌م، ئه‌وا پاداشت ده‌كرێم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ناچاری بێت، ئه‌وا متمانه‌ی بریكاریه‌تیم دراوه‌تێ."

18 ئیتر پاداشتم چییه‌؟ ئه‌وه‌یه‌ كاتێ موژده‌ ده‌ده‌م، به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلتان پێ ده‌به‌خشم، ته‌نانه‌ت له‌ ئینجیل‌دا مافی خۆم به‌كارنه‌هێنا."

19 كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووان سه‌ربه‌ستم، خۆم كرده‌ كۆیله‌ی هه‌مووان تاكو زیاتریان ببه‌مه‌وه‌."

20 بۆ جوله‌كه‌ خۆم وه‌ك جوله‌كه‌ لێ‌كرد، تاكو جوله‌كه‌ ببه‌مه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر شه‌ریعه‌تن وه‌ك له‌ ژێر شه‌ریعه‌ت - كه‌ خۆم له‌ ژێر شه‌ریعه‌ت نیم - تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر شه‌ریعه‌تن بیانبه‌مه‌وه‌."

21 بۆ ئه‌وانه‌ی بێ شه‌ریعه‌تن، وه‌ك بێ شه‌ریعه‌ت بم - هه‌رچه‌نده‌ بێ شه‌ریعه‌تی خودا نیم، به‌ڵكو له‌ ژێر شه‌ریعه‌تی مه‌سیح‌دام - تاكو ئه‌وانه‌ی بێ شه‌ریعه‌تن بیانبه‌مه‌وه‌."

22 بۆ لاوازان بوومه‌ لاواز، تاكو لاوازه‌كان ببه‌مه‌وه‌. بۆ هه‌مووان بوومه‌ هه‌موو شتێك، تاكو به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك ڕزگار بكه‌م."

23 هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ پێناوی ئینجیل‌دا ده‌كه‌م، تاكو تیای‌دا به‌شدار بم."

24 ئایا نازانن هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ گۆڕه‌پان ڕاده‌كه‌ن، هه‌موو ڕاده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نها یه‌كێك خه‌ڵات ده‌كرێت؟ كه‌واته‌ ڕابكه‌ن تاكو به‌ ده‌ستی بهێنن."

25 هه‌ر یه‌كێك ململانێ بكات له‌ هه‌موو شتێك خۆ ڕاده‌گرێت. ئه‌وانه‌ تاكو تاجێكی له‌ناوچوو به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام هی ئێمه‌ له‌ناو نه‌چووه‌."

26 كه‌واته‌ ڕاده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك یه‌كێك ئامانجی نه‌بێت، بۆكسێن ده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك له‌ هه‌وا بده‌م."

27 به‌ڵكو له‌گه‌ڵ له‌شم توند ده‌بم و ده‌یكه‌مه‌ كۆیله‌، نه‌وه‌ك دوای ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ جاڕم داوه‌، خۆم ڕه‌ت بكرێمه‌وه‌."

10

1 خوشكان، برایان، نامه‌وێ نه‌زانن كه‌وا باوباپیرانمان هه‌موو له‌ ژێر هه‌وردا بوون و هه‌مووشیان ده‌ریایان بڕی."

2 جا هه‌موویان له‌ هه‌ور و له‌ ده‌ریادا بۆ موسا له‌ئاوهه‌ڵكێشران ،"

3 هه‌مووشیان هه‌مان خواردنی ڕۆحییانه‌یان خوارد."

4 هه‌موویان هه‌مان خواردنه‌وه‌ی ڕۆحییانه‌یان خوارده‌وه‌، چونكه‌ له‌و تاشه‌به‌رده‌ ڕۆحییه‌یان ده‌خوارده‌وه‌ كه‌ دوایان كه‌وتبوو ، ئه‌و تاشه‌به‌رده‌ش مه‌سیح بوو."

5 به‌ڵام خودا له‌ زۆربه‌یان ڕازی نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو ته‌رمه‌كانیان له‌ بیابان په‌رش‌وبڵاو بۆوه‌."

6 ئه‌م شتانه‌ی ڕووی‌دا په‌ندن بۆمان، تاكو ئاره‌زووی خراپه‌ نه‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وان ئاره‌زوویان كرد."

7 بت‌په‌رست مه‌بن وه‌ك هه‌ندێكیان، وه‌كو نووسراوه‌: {گه‌ل بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هه‌ڵستانه‌وه‌.}"

8 با داوێنپیسی نه‌كه‌ین وه‌ك هه‌ندێكیان داوێنپیسییان كرد و له‌ ڕۆژێك‌دا بیست و سێ هه‌زاریان كه‌وت."

9 نابێت مه‌سیح تاقی بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ك هه‌ندێكیان تاقییان كرده‌وه‌ و مار له‌ناوی بردن."

10 بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن وه‌ك هه‌ندێكیان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و له‌ناوبه‌ر له‌ناوی بردن."

11 جا ئه‌م شتانه‌یان وه‌ك په‌ند به‌سه‌رهات، بۆ ئاگاداری ئێمه‌ش نووسراوه‌، كه‌ كۆتایی ڕۆژگار بۆمان هاتووه‌."

12 كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی واده‌زانێت ڕاوه‌ستاوه‌، با وریابێت نه‌كه‌وێت."

13 تاقیكردنه‌وه‌تان تووش نه‌بووه‌ مرۆڤانه‌ نه‌بێت، به‌ڵام خودا دڵسۆزه‌، كه‌ نایه‌ڵێت زیاتر له‌ توانای خۆتان تاقی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ ڕێگای ده‌رچوون ده‌كاته‌وه‌، تاكو بتوانن به‌رگه‌ بگرن."

14 بۆیه‌ خۆشه‌ویستانم، له‌ بت‌په‌رستی ڕابكه‌ن."

15 وه‌ك بۆ هۆشیاران بێت ده‌دوێم، ئێوه‌ حوكم بده‌ن له‌وه‌ی ده‌یڵێم:"

16 ئایا ئه‌و جامه‌ی سوپاسگوزاری له‌ پێناوی سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ خوێنی مه‌سیح؟ ئه‌و نانه‌ی له‌تی‌ده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ له‌شی مه‌سیح؟"

17 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك نان هه‌یه‌، ئێمه‌ كه‌ زۆرین، یه‌ك له‌شین، چونكه‌ هه‌موومان به‌شداری له‌ یه‌ك نان‌دا ده‌كه‌ین."

18 سه‌یری ئیسرائیل بكه‌ن كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌یه‌: ئایا ئه‌وانه‌ی قوربانی ده‌خۆن له‌ قوربانگادا هاوبه‌ش نین؟"

19 جا چی ده‌ڵێم؟ ئایا ئه‌وه‌ی بۆ بت سه‌ربڕاوه‌ شتێكه‌، یان بته‌كه‌ شتێكه‌؟"

20 نه‌خێر به‌ڵكو ئه‌وه‌ی سه‌ری ده‌بڕن، بۆ ڕۆحه‌پیسه‌كان سه‌ری ده‌بڕن نه‌ك بۆ خودا. جا نامه‌وێت له‌گه‌ڵ ڕۆحه‌پیسه‌كان هاوبه‌ش بن."

21 ناتوانن جامی خوداوه‌ند و جامی ڕۆحه‌پیسه‌كان بخۆنه‌وه‌. ناتوانن به‌شداری خوانی خوداوه‌ند و خوانی ڕۆحه‌پیسه‌كان بكه‌ن."

22 یاخود ئیره‌یی خوداوه‌ند هه‌ڵده‌ستێنین؟ ئایا ئێمه‌ له‌و به‌هێزترین؟"

23 (هه‌موو شتێك دروسته‌،) به‌ڵام هه‌موو شتێك سوودبه‌خش نییه‌. (هه‌موو شتێك دروسته‌،) به‌ڵام هه‌موو شتێك بنیادنه‌ر نییه‌."

24 كه‌س داوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌كات، به‌ڵكو شتی خه‌ڵك."

25 ئه‌و گۆشته‌ی له‌ بازاڕ ده‌فرۆشرێت بیخۆن، ئه‌وه‌نده‌ لێی مه‌كۆڵنه‌وه‌، به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی ویژدان."

26 {چونكه‌ زه‌وی و هه‌رچی تێدایه‌ هی خوداوه‌نده‌.}"

27 ئه‌گه‌ر بێ‌باوه‌ڕێك داوه‌تتان بكات و ئێوه‌ش ویستتان بچن، جا هه‌رچییه‌كتان له‌پێش دانرا بیخۆن، بێ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌به‌ر ویژدان."

28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی‌ووتن: (ئه‌مه‌ كراوه‌ته‌ قوربانی بت) مه‌یخۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی‌ووتن و له‌به‌ر ویژدان،"

29 ده‌ڵێم ویژدان، هی تۆ نا، به‌ڵكو هی ئه‌وی دیكه‌. جا بۆچی سه‌ربه‌ستیم له‌لایه‌ن ویژدانێكی دیكه‌وه‌ حوكم بدرێت؟"

30 ئه‌گه‌ر به‌ سوپاسكردنه‌وه‌ به‌شداری بكه‌م، ئیتر بۆچی تاوانبار ده‌كرێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سوپاسی خودای له‌سه‌ر ده‌كه‌م؟"

31 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خواردتان یان خواردتانه‌وه‌ یان هه‌ر شتێكتان كرد، هه‌موو شتێك بۆ شكۆی خودا بكه‌ن."

32 بۆ جوله‌كه‌ و یۆنانی و كڵێسای خودا مه‌بنه‌ كۆسپ -"

33 وه‌ك منیش له‌ هه‌موو شتێك هه‌مووان ڕازی ده‌كه‌م، به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆم‌دا ناگه‌ڕێم، به‌ڵكو هی زۆران، تاكو ڕزگاریان ببێت."

11

1 لاسایی من بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك منیش هی مه‌سیح."

2 جا ستایشتان ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌موو شتێك‌دا یادم ده‌كه‌ن و ئه‌و دابونه‌ریتانه‌ ده‌پارێزن وه‌ك پێم داون."

3 به‌ڵام ده‌مه‌وێت بزانن كه‌ سه‌ری هه‌موو پیاوێك مه‌سیحه‌ و سه‌ری ژن پیاوه‌ و سه‌ری مه‌سیحیش خودایه‌."

4 هه‌ر پیاوێك به‌سه‌ری داپۆشراو نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات."

5 هه‌ر ژنێكیش به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و و سه‌رتاشراو هه‌مان شتن و یه‌كن."

6 چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژن سه‌ری دانه‌پۆشێت، با قژی ببڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ژن شوره‌یی بوو قژی ببڕێت یاخود بتاشێت، با داپۆشراو بێت."

7 كه‌واته‌ پیاو نابێت سه‌ری داپۆشێت، كه‌ وێنه‌ و شكۆی خودایه‌. به‌ڵام ژن شكۆی پیاوه‌."

8 چونكه‌ پیاو له‌ ژن نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پیاوه‌."

9 پیاویش له‌ پێناوی ژن به‌دی نه‌هێنراوه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پێناوی پیاو."

10 له‌به‌ر ئه‌مه‌ و له‌به‌ر فریشته‌كان، پێویسته‌ ژن نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ هه‌بێت."

11 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا له‌ خوداوه‌نددا ژن سه‌باره‌ت به‌ پیاو سه‌ربه‌خۆ نییه‌ و پیاویش سه‌باره‌ت به‌ ژن سه‌ربه‌خۆ نییه‌."

12 چونكه‌ وه‌ك ژن له‌ پیاوه‌، ئاواش پیاو به‌هۆی ژن له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك له‌ خوداوه‌یه‌."

13 به‌ خۆتان حوكم بده‌ن: ئایا شیاوه‌ ژن به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ بۆ خودا بكات؟"

14 باشه‌ سروشت خۆی فێرتان ناكات كه‌وا شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ پیاو قژی درێژ بكات،"

15 به‌ڵام بۆ ژن شكۆمه‌ندییه‌ ئه‌گه‌ر قژی درێژ بكات؟ چونكه‌ له‌ جیاتی پۆشه‌ر قژی دراوه‌تێ."

16 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك حه‌زی له‌ ناكۆكییه‌، ئێمه‌ نه‌ریتی دیكه‌مان نییه‌ و كڵێساكانی خوداش نییانه‌."

17 به‌م ئامۆژگارییه‌ ستایشتان ناكه‌م، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌كانتان زیانی له‌ سوود زیاتره‌."

18 چونكه‌ یه‌كه‌م جار، كاتێ وه‌ك كڵێسا كۆده‌بنه‌وه‌ ده‌بیستم دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتان‌دا هه‌یه‌ و تاكو ڕادده‌یه‌كیش باوه‌ڕ ده‌كه‌م."

19 چونكه‌ ده‌بێت دووبه‌ره‌كیتان له‌نێوان‌دا هه‌بێت، تاكو له‌نێوانتان‌دا سه‌لمێندراوانی خودا ده‌ربكه‌ون."

20 بۆیه‌ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ خواردنی شێوی خوداوه‌ند نییه‌."

21 چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ زوو شێوی خۆی له‌ خواردن‌دا ده‌بات، جا یه‌كێك برسی ده‌بێت، ئه‌وی دیكه‌ سه‌رخۆش ده‌بێت."

22 ئایا ماڵتان نییه‌ تیای‌دا بخۆن و بخۆنه‌وه‌؟ یاخود كڵێسای خودا سووك ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن كه‌ نییانه‌؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ستایشتان بكه‌م؟ بێگومان نه‌خێر!"

23 چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌م دا له‌ خوداوه‌ندم وه‌رگرتووه‌: عیسای خوداوه‌ند له‌و شه‌وه‌ی تیای‌دا به‌ گرتن درا، نانێكی هه‌ڵگرت،"

24 سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ له‌شی منه‌ كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌یه‌. ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم.)"

25 هه‌روه‌ها جامه‌كه‌ش دوای نانخواردن، فه‌رمووی: (ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من. هه‌ر جارێك ده‌یخۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم.)"

26 جا هه‌ر كاتێ له‌م نانه‌تان خوارد و له‌م جامه‌تان خوارده‌وه‌، ئه‌وا مردنی خوداوه‌ند ڕاده‌گه‌یێنن، تاكو دێته‌وه‌."

27 كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی ناشایسته‌ نانه‌كه‌ بخوات یان جامه‌كه‌ی خوداوه‌ند بخواته‌وه‌، ئه‌وا له‌ له‌ش و خوێنی خوداوه‌ند تاوانباره‌."

28 به‌ڵام با مرۆڤ خۆی بكۆڵێته‌وه‌، ئینجا له‌ نانه‌كه‌ بخوات و له‌ جامه‌كه‌ بخواته‌وه‌."

29 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بخوات و بخواته‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ له‌شی مه‌سیح بگرێت، ئه‌وا بۆ خۆی حوكم ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌."

30 له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ زۆر نه‌خۆش و لاوازتان تێدایه‌، هه‌ندێكیش نووستوون."

31 به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆمان حوكم بدابووایه‌، ئه‌وا حوكم نه‌ده‌دراین."

32 به‌ڵام كه‌ خوداوه‌ند حوكممان بدات، ئه‌وا ته‌مبێ ده‌كرێین، تاكو له‌گه‌ڵ جیهان‌دا تاوانبار نه‌كرێین."

33 كه‌واته‌ خوشك و برایانم، كاتێ بۆ خواردن كۆده‌بنه‌وه‌، چاوه‌ڕێی یه‌كتری بكه‌ن."

34 ئه‌گه‌ر یه‌كێك برسی بوو با له‌ ماڵه‌وه‌ بخوات، نه‌وه‌ك بۆ حوكمدان كۆببنه‌وه‌. كاتێ هاتم، شته‌كانی دیكه‌ش ڕێك ده‌خه‌مه‌وه‌."

12

1 خوشكان، برایان، سه‌باره‌ت به‌ به‌هره‌ ڕۆحییه‌كان، نامه‌وێت نه‌زانن."

2 ده‌زانن كاتێ بت‌په‌رست بوون، به‌ره‌و بته‌ لاڵه‌كان ڕابه‌رایه‌تی كران و ده‌هاژووران."

3 بۆیه‌ بزانن كه‌ كه‌س نییه‌ به‌ ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: (نه‌فره‌ت له‌ عیسا،) كه‌سیش ناتوانێت بڵێت: (عیسا خوداوه‌نده‌،) به‌ ڕۆحی پیرۆز نه‌بێت."

4 جۆره‌ها به‌هره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان ڕۆحه‌،"

5 جۆره‌ها خزمه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان خوداوه‌نده‌،"

6 جۆره‌ها كار هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان خودایه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو كارێك له‌ هه‌مووان‌دا ده‌كات."

7 به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ڕۆحی پیرۆز بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ پێناوی سوودمه‌ندی گشتییه‌ ده‌درێت."

8 جا یه‌كێك به‌هۆی ڕۆحه‌كه‌ قسه‌ی دانایی پێ ده‌درێت، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش قسه‌ی زانین به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕۆح."

9 بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش باوه‌ڕ به‌ هه‌مان ڕۆح، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕۆح،"

10 یه‌كێكی دیكه‌ش كاری په‌رجو، بۆ ئه‌وی دیكه‌ پێشبینی، بۆ ئه‌وی دیكه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان، بۆ ئه‌وی دیكه جۆره‌ها زمان ، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش لێكدانه‌وه‌ی زمانه‌كان."

11 ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاری یه‌ك ڕۆح و هه‌مان ڕۆحه‌، بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌ تایبه‌ت دابه‌شی ده‌كات، چۆن بیه‌وێت."

12 چونكه‌ وه‌ك له‌ش یه‌كه‌ و ئه‌ندامی زۆری هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ش له‌گه‌ڵ زۆرییان یه‌ك له‌شن، مه‌سیحیش ئاوا."

13 چونكه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك ڕۆح بۆ یه‌ك له‌ش له‌ئاوهه‌ڵكێشراین، جوله‌كه‌ یان یۆنانی، كۆیله‌ یان ئازاد، هه‌موومان یه‌ك ڕۆحمان پێ‌درا بیخۆینه‌وه‌."

14 چونكه‌ له‌شه‌كه‌ یه‌ك ئه‌ندام نییه‌ به‌ڵكو زۆره‌."

15 ئه‌گه‌ر پێ بڵێت: (چونكه‌ ده‌ست نیم، هی له‌ش نیم،) ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟"

16 ئه‌گه‌ر گوێ بڵێت: (چونكه‌ چاو نیم، هی له‌ش نیم،) ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟"

17 ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌ش چاو بووایه‌، ئه‌ی كوا بیستن؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووی بیستن بووایه‌، ئه‌ی كوا بۆن كردن؟"

18 به‌ڵام ئێستا خودا ئه‌ندامانی دانا، هه‌ر یه‌كێك له‌ له‌ش‌دا، وه‌ك ویستی."

19 ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌ك ئه‌ندام بووایه‌، كوا له‌ش؟"

20 جا ئێستا ئه‌ندام زۆرن، به‌ڵام له‌ش یه‌كه‌."

21 چاو ناتوانێت به‌ ده‌ست بڵێت: (پێویستیم پێت نییه‌.) یان سه‌ر به‌ پێیه‌كان بڵێت: (پێویستیم پێتان نییه‌.)"

22 به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ لاوازتر دیاره‌ ئه‌وا پێویسته‌،"

23 ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ واده‌زانین ڕێزی كه‌متره‌، زیاتر ڕێزی بۆ داده‌نێین. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مایه‌ی شه‌رمه‌زاریمانه‌ ڕێزی تایبه‌تی لێ ده‌گرین،"

24 به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ڕێزدارن پێویستییان به‌مه‌ نییه‌. خوداش له‌شی ڕێكخستووه‌، ڕێزی زیاتری داوه‌ته‌ ئه‌ندامی بێ ڕێز،"

25 تاكو ناكۆكی له‌ له‌ش‌دا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان یه‌ك بایه‌خ به‌ یه‌كتری بده‌ن."

26 ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ئازاری هه‌بوو، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵی‌دا ئازار ده‌چێژن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ڕێزی لێ‌نرا، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵی‌دا خۆشحاڵ ده‌بن."

27 ئێوه‌ له‌شی مه‌سیحن، هه‌ریه‌كه‌تان ئه‌ندامی ئه‌ون."

28 خودا له‌ كڵێسادا خه‌ڵكێكی دانا: یه‌كه‌م جار نێردراوان، دووه‌م پێغه‌مبه‌ران، سێیه‌م فێركاران، ئینجا په‌رجوكاری، دوای ئه‌وه‌ به‌هره‌كانی چاككردنه‌وه‌ و توانای یارمه‌تیدان و به‌ڕێوه‌بردن و جۆره‌ها زمان."

29 ئایا هه‌موو نێردراون؟ هه‌موو پێغه‌مبه‌رن؟ هه‌موو فێركارن؟ هه‌موو په‌رجوكارن؟"

30 هه‌موو به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه‌؟ هه‌موو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن؟ هه‌موو لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ ؟"

31 به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ی باشتر بن. ئێستاش ڕێگایه‌كی باشترینتان پیشان ده‌ده‌م:"

13

1 ئه‌گه‌ر به‌ زمانه‌كانی خه‌ڵك و فریشته‌ بدوێم، به‌ڵام خۆشه‌ویستیم نه‌بێت، ئه‌وا بوومه‌ته‌ ده‌هۆڵی به‌ گرمه‌گرم و زوڕنای به‌ زیڕه‌زیڕ."

2 ئه‌گه‌ر پێشبینی بكه‌م و هه‌موو نهێنی و زانیارییه‌ك بزانم و باوه‌ڕێكی ته‌واویشم هه‌بێت بۆ هه‌ڵكه‌ندنی چیا، به‌ڵام خۆشه‌ویستیم نه‌بێت، ئه‌وا هیچ نیم."

3 ئه‌گه‌ر هه‌موو سامانم ده‌رخوارد بده‌م و تا سووتان له‌شم دابنێم، به‌ڵام خۆشه‌ویستیم نه‌بێت، ئه‌وا هیچ سوودێكم نابێت."

4 خۆشه‌ویستی پشوودرێژییه‌، خۆشه‌ویستی نیانییه‌. خۆشه‌ویستی ئیره‌یی نییه‌، شانازی نییه‌، لووتبه‌رزی نییه‌."

5 به‌دڕه‌وشتی نییه‌، بۆ خۆی داوا ناكات، زوو تووڕه‌ نابێت و خراپه‌كان تۆمار ناكات."

6 به‌ خراپه‌ دڵخۆش نابێت، به‌ڵكو به‌ ڕاستی دڵشاد ده‌بێت."

7 به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرێت، باوه‌ڕ به‌ هه‌موو شتێك ده‌كات، هیوا به‌ هه‌موو شتێك ده‌خوازێت، بۆ هه‌موو شتێك ئارام ده‌گرێت."

8 خۆشه‌ویستی هه‌رگیز ناكه‌وێت. به‌ڵام پێشبینی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ و زمانه‌كان كۆتاییان دێت، زانیاریش به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌."

9 چونكه‌ هه‌ندێك زانیاری ده‌زانین و هه‌ندێك پێشبینیش،"

10 به‌ڵام كاتێ ته‌واو دێت، ئه‌وه‌ی ناته‌واوه‌ نامێنێت."

11 كه‌ منداڵ بووم، وه‌ك منداڵێك قسه‌م ده‌كرد، وه‌ك منداڵێك بیرم ده‌كرده‌وه‌، وه‌ك منداڵێك لێكم ده‌دایه‌وه‌. كه‌ بوومه‌ پیاو، ئه‌وه‌ی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا."

12 جا ئێستا له‌ ته‌م‌دا ته‌ماشای ئاوێنه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دوایی ڕووبه‌ڕووه‌. ئێستا هه‌ندێك ده‌زانم، به‌ڵام دوایی ته‌واو ده‌زانم، هه‌روه‌ك ته‌واو ناسراوم."

13 به‌ڵام ئێستا ئه‌م سێیانه‌ ده‌مێنێن، باوه‌ڕ و هیوا و خۆشه‌ویستی، به‌ڵام گه‌وره‌ترینیان خۆشه‌ویستییه‌."

14

1 به‌دوای خۆشه‌ویستی بكه‌ون، تامه‌زرۆی به‌هره‌ ڕۆحییه‌كان بن، به‌ تایبه‌تی پێشبینی."

2 ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، قسه‌ بۆ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو بۆ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ به‌ ڕۆح باسی نهێنی ده‌كات."

3 به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنه‌وایی خه‌ڵك ده‌دوێت."

4 ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، خۆی بنیاد ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وا كڵێسا بنیاد ده‌نێت."

5 حه‌زده‌كه‌م هه‌مووتان به‌ زمانه‌كان بدوێن، به‌ڵام باشتره‌ پێشبینی بكه‌ن. ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌كان ده‌دوێت، مه‌گه‌ر لێكی بداته‌وه‌، تاكو كڵێسا بنیادنانی ده‌ست‌بكه‌وێت."

6 ئێستا خوشك و برایانم، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دووام، چ سوودم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكراوێك یان به‌ زانیارییه‌ك یان به‌ پێشبینییه‌ك یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟"

7 ته‌نانه‌ت ئه‌و شته‌ بێ ڕۆحانه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌كه‌ن، شمشاڵ یان قیساره‌ ، ئه‌گه‌ر ئاوازی جیاواز نه‌دات، چۆن بزانرێت ئه‌وه‌ی ده‌ژه‌نرێت شمشاڵه‌ یان قیساره‌یه‌؟"

8 ئه‌گه‌ر كه‌ڕه‌نا ده‌نگێكی ڕوون نه‌دات، كێ بۆ شه‌ڕ خۆی ئاماده‌ ده‌كات؟"

9 ئێوه‌ش ئاوا، ئه‌گه‌ر به‌ زمان قسه‌یه‌كی ڕوون نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی وتراوه‌ چۆن ده‌زانرێ؟ چونكه‌ هه‌ر له‌ هه‌وادا ده‌دووێن."

10 بێگومان له‌ جیهان‌دا جۆره‌ها زمان هه‌یه‌ و هیچیان بێ واتا نییه‌."

11 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واتای ده‌نگێك نه‌زانم، بۆ قسه‌كه‌ر ده‌بمه‌ به‌ربه‌ری ، قسه‌كه‌ریش به‌ربه‌رییه‌ بۆ من،"

12 ئێوه‌ش ئاوا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌هره‌ی ڕۆحی په‌رۆشن، داوا بكه‌ن بۆ بنیادنانی كڵێسا لێی زیاد بكه‌ن."

13 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو لێكی بداته‌وه‌."

14 چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زمانێك نوێژ بكه‌م، ڕۆحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام مێشكم بێ به‌روبوومه‌."

15 كه‌واته‌ چییه‌؟ به‌ ڕۆح نوێژ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ مێشكیشم نوێژ ده‌كه‌م. به‌ ڕۆح گۆرانی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌ مێشكیشم گۆرانی ده‌ڵێم."

16 ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕۆح ستایشی خودا بكه‌یت، چۆن یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌ سوپاسكردنه‌كه‌ت بڵێت (ئامین) چونكه‌ نازانێت تۆ چی ده‌ڵێی؟"

17 سوپاسكردنه‌كه‌ت باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ بنیاد نانرێت."

18 سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ هه‌مووتان زیاتر به‌ زمانه‌كان ده‌دوێم،"

19 به‌ڵام له‌ كڵێسادا، پێنج وشه‌م له‌ مێشك دایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م، باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ی به‌ زمانێك."

20 خوشكان، برایان، له‌ بیركردنه‌وه‌دا منداڵ مه‌بن. له‌ خراپه‌دا وه‌ك منداڵ بێبه‌ری بن، به‌ڵكو له‌ بیركردنه‌وه‌دا پێگه‌یشتوو بن."

21 له‌ ته‌ورات‌دا نووسراوه‌: خوداوه‌ند ده‌فه‌رمووێ، {به‌ زمانی بێگانه‌كان و به‌ لێوی نامۆیه‌كان قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گوێم لێ ناگرن.}."

22 كه‌واته‌ زمانه‌كان نیشانه‌ن، نه‌ك بۆ باوه‌ڕداران، به‌ڵكو بۆ بێ‌باوه‌ڕان، به‌ڵام پێشبینی بۆ بێ‌باوه‌ڕان نییه‌، به‌ڵكو بۆ باوه‌ڕدارانه‌."

23 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كڵێسا هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و هه‌موو به‌ زمانه‌كان بدوێن، هه‌ر نه‌زانێك یان بێ‌باوه‌ڕێك بێته‌ ژووره‌وه‌، ئایا ناڵێت كه‌ ئێوه‌ وڕێنه‌ ده‌كه‌ن؟"

24 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو پێشبینی بكه‌ن و یه‌كێكی بێ‌باوه‌ڕ یاخود نه‌زان بێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ئاماده‌گی هه‌مووانه‌وه‌ ویژدانی سه‌رزه‌نشتی ده‌كات، له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ حوكم ده‌درێت،"

25 نهێنییه‌كانی دڵی ئاشكرا ده‌بێت، كڕنۆش ده‌بات و خودا ده‌په‌رستێت، ڕاده‌گه‌یه‌نی: (به‌ ڕاستی خودا له‌نێوتان دایه‌!)"

26 جا چییه‌ برایان؟ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێك زه‌بوورێكی هه‌یه‌، یان فێركردنێك یان ئاشكراكراوێك یان زمانێك یان لێكدانه‌وه‌یه‌ك. با هه‌موو شتێك بۆ بنیادنان بێت."

27 ئه‌گه‌ر كه‌سانێك به‌ زمانێك بدوێن، با دووان یان ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س بێت و له‌دوای یه‌ك بدوێن، یه‌كێكیش لێكی بداته‌وه‌."

28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، با له‌ كڵێسا بێ‌ده‌نگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت."

29 با دوو یان سێ پێغه‌مبه‌ر بدوێن، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن."

30 به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامێك بۆ یه‌كێك له‌ دانیشتووان ڕاگه‌یه‌نرا، با یه‌كه‌میان بێ‌ده‌نگ بێت."

31 چونكه‌ هه‌مووتان ده‌توانن یه‌ك به‌ یه‌ك پێشبینی بكه‌ن، تاكو هه‌موو فێربن و هه‌موو هانبدرێن."

32 ڕۆحی پێغه‌مبه‌ران بۆ پێغه‌مبه‌ران ملكه‌چه‌،"

33 چونكه‌ خودا خودای شێواندن نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. وه‌ك له‌ هه‌موو كڵێساكانی پیرۆزكراوانه‌،"

34 با ژنان له‌ كڵێساكان‌دا بێ‌ده‌نگ بن، چونكه‌ ڕێیان پێ نه‌دراوه‌ بدوێن، به‌ڵكو وه‌ك ته‌وراتیش ده‌فه‌رمووێ با ملكه‌چ بن."

35 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستیان شتێك فێربن، با له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ مێرده‌كانیان بپرسن. چونكه‌ شوره‌ییه‌ بۆ ژن له‌ كڵێسادا بدوێت."

36 ئایا وشه‌ی خودا له‌ ئێوه‌وه‌ هاتووه‌؟ یان ته‌نها گه‌یشتۆته‌ ئێوه‌؟"

37 ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ پێغه‌مبه‌ر یان كه‌سێكی ڕۆحییانه‌ بزانێت، با باش بزانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم ڕاسپارده‌ی خوداوه‌نده‌."

38 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك پشتگوێی خست، با هه‌ر پشتگوێ بخرێت."

39 كه‌واته‌ برایانم، تامه‌زرۆی پێشبینی بن و ڕێگری مه‌كه‌ن له‌ دووان به‌ زمانه‌كان."

40 به‌ڵام با هه‌موو شتێك به‌ دروستی و ڕێك بێت."

15

1 ئه‌ی خوشك و برایانم، ئینجیلتان بیر ده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ موژده‌كه‌م پێ به‌خشین، ئه‌وه‌ی وه‌رتانگرت و تا ئێستا له‌سه‌ری چه‌سپاون."

2 به‌ هۆی ئه‌م ئینجیله‌ ئێوه‌ ڕزگارتان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستتان گرت به‌و په‌یامه‌ كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن. ئه‌گینا به‌خۆڕایی باوه‌ڕتان هێناوه‌."

3 چونكه‌ ئه‌وه‌م پێ‌دان كه‌ یه‌كه‌مین و گرنگترینه‌ و منیش وه‌رم گرتبوو: كه‌وا مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان ،"

4 ئه‌و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان،"

5 ئینجا بۆ په‌ترۆس و دوایی بۆ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت."

6 پاش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك جار بۆ زیاتر له‌ پێنج سه‌د له‌ خوشك و برایان ده‌ركه‌وت، زۆرینه‌یان تا ئێستا ماون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نووستوون ،"

7 دوای ئه‌وه‌ بۆ یاقوب ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو نێردراوان،"

8 پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، من وه‌ك منداڵێكی له‌ كاتی نائاسایی له‌دایكبوو بووم."

9 چونكه‌ من بچووكترین نێردراوم، كه‌وا شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ نێردراو ناوببردرێم، چونكه‌ من كڵێسای خودام چه‌وساندۆته‌وه‌."

10 به‌ڵام به‌هۆی نیعمه‌تی خودا من وام وه‌كو وام، هه‌روه‌ها نیعمه‌تی ئه‌و بۆ من بێ سوود نه‌بوو، به‌ڵكو من له‌ هه‌موو نێردراوانی دیكه‌ ماندووتر بووم، به‌ڵام من نا، به‌ڵكو نیعمه‌تی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵم دایه‌."

11 ئیتر من بم یاخود ئه‌وان، ئاوا ڕاده‌گه‌یه‌نین و ئاواش باوه‌ڕتان هێنا."

12 به‌ڵام ئه‌گه‌ر جاڕده‌درێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵستێندرایه‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان نییه‌؟"

13 ئه‌گه‌ر هه‌ڵستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستێندراوه‌ته‌وه‌."

14 ئه‌گه‌ر مه‌سیح هه‌ڵنه‌ستێندرابێته‌وه‌، ئه‌وسا جاڕدانمان بێ سوود ده‌بێت، باوه‌ڕی ئێوه‌ش هیچ سوودی نابێت."

15 ئێمه‌ش ده‌بینه‌ شایه‌تی درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا شایه‌تیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ڵستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، هه‌ڵینه‌ستاندۆته‌وه‌."

16 چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستێندرێنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستێندراوه‌ته‌وه‌."

17 ئه‌گه‌ر مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵنه‌ستێندرابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان پووچ ده‌بێت و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان."

18 كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیح‌دا نووستوون له‌ناوچوونه‌."

19 ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین له‌نێو مرۆڤ."

20 به‌ڵام له‌ ڕاستی‌دا مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان."

21 جا چۆن مردن به‌هۆی مرۆڤێك بوو، هه‌ڵستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌هۆی مرۆڤێكه‌."

22 هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌م‌دا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیح‌دا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌."

23 به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌م جار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن،"

24 دوای ئه‌مه‌ كۆتایی دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوك، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و هێزێكی له‌ناوبرد."

25 چونكه‌ ده‌بێ فه‌رمانڕه‌وایی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌."

26 دوا دوژمن كه‌ له‌ناوده‌بردرێت، مردنه‌."

27 چونكه‌ {هه‌موو شتێكت خستۆته‌ ژێر پێی ئه‌م.} به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ {هه‌موو شتێكت خستۆته‌ ژێر پێی}، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌."

28 كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی كرد، ئه‌وسا كوڕه‌كه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێك‌دا."

29 ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ جیاتی مردووان له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێندرێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشرێن؟"

30 بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟"

31 خوشك و برایانم، ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان."

32 ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌فه‌سۆس‌دا به‌ره‌نگاری دڕندان ببومابایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێتو مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: {با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین.}"

33 هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: (په‌یوه‌ندی خراپ ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات.)"

34 هۆش بهێننه‌وه‌ به‌ر خۆتان هه‌روه‌ك پێویسته‌، گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانیاریتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم."

35 له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: (مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟)"

36 ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت."

37 ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌."

38 به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ."

39 هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌ك و ماسی جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌."

40 ته‌نی ئاسمانی هه‌یه‌ و ته‌نی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆیه‌ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌."

41 شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌."

42 به‌م جۆره‌ش هه‌ڵستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ فه‌وتاوی ده‌چێندرێت، له‌ نه‌فه‌وتاوی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌."

43 له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌."

44 به‌ له‌شی سروشتی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕۆحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌شی سروشتی هه‌یه‌، له‌شی ڕۆحیش هه‌یه‌."

45 ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌می یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو.} به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕۆحێكه‌ ژیان ده‌به‌خشێت."

46 به‌ڵام ڕۆحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی سروشتییه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕۆحییه‌."

47 مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ خۆڵی زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌."

48 وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خۆڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ خۆڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن."

49 وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ خۆڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین."

50 ئه‌ی خوشك و برایانم، ئه‌وه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری شانشینی خودا، هه‌روه‌ها فه‌وتاو نابێته‌ میراتگری نه‌فه‌وتاو."

51 ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕدرێین،"

52 له‌ ساتێك‌دا له‌ چاوتروكانێك، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانیش بێ فه‌وتان هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین."

53 چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌و سروشته‌ فه‌وتاوه‌ نه‌فه‌وتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نه‌مری بپۆشێت."

54 كاتێ فه‌وتاو نه‌فه‌وتاوی ده‌پۆشێت و مردن نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: { مردن به‌ سه‌ركه‌وتن لووش كراوه‌.}"

55 {ئه‌ی مردن، كوا سه‌ركه‌وتنت؟ ئه‌ی مردن، كوا پێوه‌دانت؟}"

56 جا پێوه‌دانی مردن گوناهه‌، هێزی گوناهیش شه‌ریعه‌ته‌."

57 به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان سه‌ركه‌وتن به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت."

58 كه‌واته‌، خوشك و برایانی خۆشه‌ویستم، چه‌سپاو بن. جێگیر بن. خۆتان به‌ ته‌واوی بۆ كاری خوداوه‌ند ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ خوداوه‌ند بێ سوود نییه‌."

16

1 به‌ڵام له‌ باره‌ی كۆمه‌ك بۆ پیرۆزكراوان، چۆن كڵێساكانی گه‌لاتیام ڕاسپاردووه‌، ئێوه‌ش ئاوا بكه‌ن."

2 له‌ سه‌ره‌تای هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك با هه‌ریه‌كه‌تان چه‌ندی له‌ توانا دایه‌ بیخاته‌ لایه‌ك، تاكو كۆمه‌كه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ده‌گه‌مه‌ لاتان."

3 كاتێ گه‌یشتمه‌ لاتان، جا ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندكراون به‌ نامه‌وه‌ ده‌یاننێرم تاكو دیاریه‌كانتان بگه‌یه‌ننه‌ ئۆرشه‌لیم."

4 ئه‌گه‌ر به‌ باشم زانی كه‌وا منیش بچم، ئه‌وا له‌گه‌ڵ من ده‌چن. كاتێ له‌ مه‌كدۆنیا تێپه‌ڕیم دێمه‌ لاتان - چونكه‌ به‌ مه‌كدۆنیادا تێده‌په‌ڕم -"

5 "

6 له‌وانه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك له‌لاتان بم، یاخود هه‌موو زستان، تاكو ڕێگای سه‌فه‌رم بۆ ئاسان بكه‌ن بۆ هه‌ر شوێنێك كه‌وا بۆی ده‌چم."

7 چونكه‌ ئه‌م جاره‌ نامه‌وێت ته‌نها به‌ سه‌رپێیی بتانبینم، به‌ڵكو هیوادارم ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ر بێت ماوه‌یه‌ك له‌لاتان بمێنمه‌وه‌."

8 به‌ڵام تاكو ڕۆژی په‌نجایه‌مین له‌ ئه‌فه‌سۆس ده‌مێنمه‌وه‌،"

9 چونكه‌ ده‌رگایه‌كی فراوان و كاریگه‌رم بۆ كراوه‌ته‌وه‌، زۆر دوژمنیشم هه‌یه‌."

10 ئه‌گه‌ر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با له‌لاتان به‌بێ ترس بێت ، چونكه‌ كاری خوداوه‌ند ده‌كات، وه‌ك منیش ده‌یكه‌م."

11 جا كه‌س به‌ سووكی سه‌یری نه‌كات، به‌ڵكو به‌ ئاشتی بینێرنه‌وه‌ لام، چونكه‌ من و برایان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین."

12 هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئه‌پۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامه‌وه‌ كه‌وا له‌گه‌ڵ برایان بێته‌ لاتان، ئه‌و هه‌رگیز نه‌یویست ئێستا بێته‌ لاتان، به‌ڵام كه‌ بۆی ڕێككه‌وت، دێت."

13 ئێشك بگرن، له‌ باوه‌ڕ بچه‌سپێن، پیاوی ئازابن، به‌هێزبن."

14 هه‌موو كاروباره‌كتان له‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ بێت."

15 ئێوه‌ ده‌زانن ماڵی ستیفاناس له‌ ئه‌خائیا پێشه‌به‌ره‌ بوون، خۆیان بۆ خزمه‌تكردنی پیرۆزكراوان ته‌رخان كردبوو، خوشكان، برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌،"

16 تاكو ئێوه‌ش ملكه‌چی وه‌ك ئه‌وانه‌ بن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان ئیش ده‌كه‌ن و ماندوو ده‌بن."

17 به‌ هاتنی ستیفاناس و فه‌رتوناتۆس و ئه‌خایكۆس دڵشاد بووم، چونكه‌ شوێنی ئێوه‌یان گرته‌وه‌،"

18 چونكه‌ ئه‌وان ڕۆحی من و ئێوه‌یان گه‌شانده‌وه‌، جا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بناسن."

19 كڵێساكانی ئاسیا سڵاوتان لێ‌ده‌كه‌ن. ئه‌كیلا و پریسكیلا، له‌گه‌ڵ ئه‌و كڵێسایه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یانن به‌ ناوی خوداوه‌ند به‌ گه‌رمی سڵاوتان لێ‌ده‌كه‌ن."

20 هه‌موو خوشك و برایان سڵاوتان لێ‌ده‌كه‌ن. به‌ ماچی پیرۆز سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن."

21 من پۆڵۆسم، ئه‌م سڵاوه‌ به‌ ده‌ستی خۆم ده‌نووسم."

22 به‌ڵێ ئه‌و كه‌سه‌ی خوداوه‌ندی خۆش ناوێت با نه‌فره‌تی لێ بێت! ماره‌ناسا !"

23 نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندتان له‌گه‌ڵ بێت."

24 خۆشه‌ویستی من له‌گه‌ڵ هه‌مووتان له‌ عیسای مه‌سیح‌دا. ئامین."