1

1 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی گوێمان لێی‌بوو، ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆمان بینیمان، ئه‌وه‌ی ته‌ماشامان كرد و ده‌ستمان پێی كه‌وت، سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی ژیان -"

2 ژیانه‌كه‌ ده‌ركه‌وت، ژیانی تاهه‌تاییمان بینی و شایه‌تی ده‌ده‌ین و بۆتانی ڕاده‌گه‌یێنین، ئه‌وه‌ی له‌لای باوكه‌كه‌ بوو و بۆمان ده‌ركه‌وت -"

3 ئه‌وه‌ی بینیمان و بیستمان پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین، تاكو ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمان هاوبه‌شیتان هه‌بێت. هاوبه‌شی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ باوك و كوڕه‌كه‌یه‌تی، عیسای مه‌سیح."

4 ئه‌مانه‌ ده‌نووسین تاكو خۆشیمان ته‌واو بێت."

5 ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ومان بیست و پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین: خودا ڕووناكییه‌، هیچ تاریكی تێدا نییه‌."

6 ئه‌گه‌ر بڵێین هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵی‌دا هه‌یه‌ و به‌ تاریكی‌دا بڕۆین، ئه‌وا درۆ ده‌كه‌ین و ڕاست ناكه‌ین،"

7 به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووناكی‌دا بڕۆین، وه‌ك ئه‌و له‌ ڕووناكی دایه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ یه‌كتری هاوبه‌شیمان هه‌یه‌ و خوێنی عیسای كوڕه‌كه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێك پاكمان ده‌كاته‌وه‌."

8 ئه‌گه‌ر بڵێین گوناهمان نییه‌، ئه‌وا خۆمان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و ڕاستی له‌ ئێمه‌دا نییه‌."

9 ئه‌گه‌ر دانمان به‌ گوناهه‌كانمان نا، ئه‌وا دڵسۆز و دادپه‌روه‌ره‌، ته‌نانه‌ت له‌ گوناهه‌كانمان خۆش ده‌بێت و له‌ هه‌موو ناڕه‌واییه‌ك پاكمان ده‌كاته‌وه‌."

10 ئه‌گه‌ر بڵێین گوناهمان نه‌كردووه‌، ئه‌وا به‌ درۆزنی داده‌نێین و وشه‌كه‌ی له‌ ئێمه‌دا نییه‌."

2

1 منداڵه‌كانم، ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌نووسم تاكو گوناه‌ نه‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوناهی كرد، ئه‌وا له‌لای باوكه‌كه‌ داكۆكیكارمان هه‌یه‌ - - عیسای مه‌سیح، ڕاستودروسته‌كه‌."

2 ئه‌و كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانمانه‌، نه‌ك ته‌نها هی ئێمه‌، به‌ڵكو گوناهه‌كانی هه‌موو جیهان."

3 به‌مه‌ ده‌زانین ئه‌ومان ناسیوه‌، ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانی بپارێزین."

4 ئه‌وه‌ی وتی: (ناسیومه‌) و ڕاسپارده‌كانی نه‌پارێزێت، ئه‌وا درۆزنه‌ و ڕاستی تێدا نییه‌."

5 به‌ڵام ئه‌وه‌ی وشه‌كه‌ی ئه‌و بپارێزێت، ئه‌وا به‌ ڕاستی خۆشه‌ویستی خودا له‌مه‌دا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌و داین:"

6 ئه‌وه‌ی وتی: (له‌ودا چه‌سپاوم) ده‌بێت به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی عیسا ژیاوه‌ ئاوا بژیێت."

7 خۆشه‌ویستان، ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ نانووسم، به‌ڵكو ڕاسپارده‌یه‌كی كۆنه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لاتان بوو. ڕاسپارده‌ كۆنه‌كه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا گوێتان لێی‌بوو."

8 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ ده‌نووسم، ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ ئه‌و و ئێوه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ تاریكی به‌سه‌رچوو، وا ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پڕشنگ ده‌داته‌وه‌."

9 ئه‌وه‌ی وتی: (له‌ ڕووناكی‌دام) و ڕقی له‌ خوشكی یان له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ تا ئێستا له‌ تاریكی دایه‌."

10 ئه‌وه‌ی خوشكی یان براكه‌ی خۆش‌بووێ له‌ ڕووناكی‌دا ده‌چه‌سپێت و كۆسپی تێدا نییه‌."

11 به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ برای خۆی ببێته‌وه‌، له‌ تاریكی دایه‌ و به‌ تاریكی‌دا ده‌ڕوات، نازانێت بۆ كوێ مل ده‌نێت، چونكه‌ تاریكی چاوی كوێر كردووه‌."

12 بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، منداڵه‌كان، چونكه‌ له‌به‌ر ناوی ئه‌و گوناهه‌كانتان به‌خشرا."

13 بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، لاوه‌كان، چونكه‌ خراپه‌كارتان به‌زاند. بۆ ئێوه‌م ده‌نووسم، منداڵه‌كان، چونكه‌ باوكه‌كه‌تان ناسیوه‌."

14 بۆ ئێوه‌م نووسی، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌م نووسی، لاوه‌كان، چونكه‌ به‌هێزن، وشه‌ی خوداتان تێدا چه‌سپاوه‌ و خراپه‌كارتان به‌زاندووه‌."

15 نه‌ جیهانتان خۆش‌بووێت، نه‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ جیهان دایه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك جیهانی خۆش‌بووێ، ئه‌وا خۆشه‌ویستی باوكه‌كه‌ی تێدا نییه‌."

16 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ جیهان دایه‌، هه‌وه‌سی جه‌سته‌ و هه‌وه‌سی چاو و سه‌ڵته‌نه‌تی ژیانه‌، له‌ باوكه‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ جیهانه‌وه‌یه‌."

17 جیهان و هه‌وه‌سه‌كانی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خودا ده‌كات تاهه‌تایه‌ ده‌چه‌سپێت."

18 منداڵه‌كان، ئه‌وا دوا كاتژمێره‌. وه‌ك بیستووتانه‌ دژه‌ مه‌سیح دێت، ئێستاش زۆر دژه‌ مه‌سیح هاتوون، به‌مه‌ ده‌زانین دوا كاتژمێره‌."

19 ئه‌وان لێمان جیا بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێمه‌ نه‌بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێمه‌ بوونایه‌، له‌گه‌ڵمان ده‌مانه‌وه‌، به‌ڵام تاكو ده‌ربخه‌ن كه‌سیان له‌ ئێمه‌ نین."

20 ئێوه‌ش له‌لایه‌ن پیرۆزه‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان‌كردنتان هه‌یه‌ و هه‌مووتان ڕاستی ده‌زانن."

21 بۆ ئێوه‌ نانووسم چونكه‌ ڕاستی نازانن، به‌ڵكو چونكه‌ ده‌یزانن و هیچ درۆیه‌ك له‌ ڕاستییه‌كه‌وه‌ نییه‌."

22 كێ درۆزنه‌؟ ئه‌وه‌ی نكۆڵی بكات كه‌ عیسا مه‌سیحه‌كه‌یه‌. ئه‌مه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌، نكۆڵی له‌ باوك و كوڕه‌كه‌ ده‌كات."

23 هه‌ر كه‌سێك نكۆڵی له‌ كوڕه‌كه‌ بكات باوكه‌كه‌ی نابێت، ئه‌وه‌ش دان به‌ كوڕه‌كه‌ بنێت باوكه‌كه‌شی ده‌بێت."

24 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان با له‌ ئێوه‌دا بچه‌سپێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان له‌ ئێوه‌دا بچه‌سپێت، ئه‌وا له‌ كوڕ و باوكه‌كه‌دا ده‌چه‌سپێن."

25 ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ئه‌و پێی‌داوین، ژیانی تاهه‌تایی."

26 ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی له‌مه‌ڕ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌واشه‌تان بكه‌ن،"

27 ئێوه‌ش ئه‌و ده‌ستنیشان‌كردنه‌ی لێیتان وه‌رگرتووه‌، له‌ ئێوه‌دا چه‌سپاوه‌، پێویستتان به‌ كه‌س نییه‌ فێرتان بكات. به‌ڵكو هه‌روه‌ك ده‌ستنیشان‌كردنه‌كه‌ی هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات، ڕاسته‌ و درۆ نییه‌، وه‌ك فێری كردوون، تیای‌دا بچه‌سپێن."

28 ئێستاش منداڵان، تیای‌دا بچه‌سپێن، تاكو كاتێ ده‌ركه‌وت متمانه‌مان هه‌بێت، كه‌ هاته‌وه‌ شه‌رمی لێ نه‌كه‌ین."

29 ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و ڕاستودروسته‌، بزانن كه‌وا هه‌ر كه‌سێك ڕاستودروستی بكات له‌ ئه‌وه‌وه‌ له‌دایك بووه‌."

3

1 ته‌ماشا بكه‌ن باوكه‌كه‌ چ خۆشه‌ویستییه‌كی پێ داوین، تاكو پێمان ده‌ووترێ منداڵی خودا! ئێمه‌ش ئاواین! بۆیه‌ جیهان نامانناسێت، چونكه‌ ئه‌وی نه‌ناسیوه‌."

2 خۆشه‌ویستان، ئێستا منداڵی خوداین، هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بینه‌ چی. به‌ڵام ده‌زانین كاتێ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌بین، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌یبینین."

3 هه‌ر كه‌سێك ئه‌م هیوایه‌ی به‌و هه‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌و پاكه‌، خۆی پاك‌ده‌كاته‌وه‌."

4 هه‌ر كه‌سێك گوناه‌ بكات سه‌رپێچی ده‌كات، چونكه‌ گوناه‌ سه‌رپێچییه‌."

5 ده‌زانن ئه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ تاكو گوناه‌ لابدات، خۆی گوناهی تێدا نییه‌."

6 هه‌ر كه‌سێك له‌ودا بچه‌سپێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه‌ كردن. هه‌ر كه‌سێك به‌ به‌رده‌وام گوناه‌ بكات نه‌ بینیوویه‌تی و نه‌ ناسیویه‌تی."

7 منداڵه‌كان، با كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات. ئه‌وه‌ی ڕاستودروستی بكات ڕاستودروسته‌، وه‌ك ئه‌ویش ڕاستودروسته‌."

8 ئه‌وه‌ی گوناه‌ بكات له‌ ئیبلیسه‌، چونكه‌ ئیبلیس له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوناهی كرده‌وه‌. كوڕی خودا بۆ ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت، تاكو كاره‌كانی ئیبلیس تێكبدات."

9 هه‌ر كه‌سێك له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووبێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه‌ كردن، چونكه‌ تۆوی خودا تیای‌دا ده‌چه‌سپێت و ناتوانێت به‌رده‌وام‏ بێت له‌ گوناه‌ كردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌."

10 منداڵی خودا و منداڵی ئیبلیس به‌مه‌ ده‌رده‌كه‌ون: هه‌ر كه‌سێك ڕاستودروستی نه‌كات له‌ خودا نییه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی خوشكی یان برای خۆی خۆش نه‌وێت."

11 چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تا بیستتان، كه‌وا یه‌كترمان خۆش‌بووێ."

12 وه‌ك قابیل مه‌بن، كه‌ سه‌ر به‌ خراپه‌كار بوو و برای خۆی كوشت. بۆچی كوشتی؟ چونكه‌ كاره‌كانی ئه‌و خراپ بوون و هی براكه‌ی ڕاستودروست."

13 خوشكان، برایان، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان بێته‌وه‌."

14 ده‌زانین له‌ مردنه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراینه‌وه‌، چونكه‌ برایانمان خۆش‌ده‌وێت. ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێت له‌ مردن‌دا ده‌مێنێته‌وه‌."

15 هه‌ر كه‌سێك ڕقی له‌ خوشكی یان براكه‌ی ببێته‌وه‌ بكوژه‌، ده‌زانن هیچ بكوژێك له‌ ژیانی تاهه‌تایی‌دا نامێنێته‌وه‌."

16 به‌مه‌ خۆشه‌ویستیمان زانی: عیسای مه‌سیح ژیانی خۆی بۆ ئێمه‌ دانا. ئێمه‌ش ده‌بێت ژیانی خۆمان بۆ برایان دابنێین."

17 ئه‌وه‌ی ماڵی دونیای هه‌بێت و خوشكی یان براكه‌ی خۆی به‌ نه‌داری بینی و دڵی لێی ڕه‌ق كرد، چۆن خۆشه‌ویستی خودای تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟"

18 منداڵان، با به‌ وشه‌ و زمان خۆشه‌ویستی نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ كردار و به‌ ڕاستی."

19 به‌مه‌ ده‌زانین سه‌ر به‌ ڕاستین، هه‌روه‌ها چۆن دڵمان ئاسووده‌ ده‌بێت له‌ ئاماده‌گی ئه‌و"

20 كاتێ دڵمان سه‌ركۆنه‌مان ده‌كات، خودا له‌ دڵمان گه‌وره‌تره‌ و هه‌موو شتێك ده‌زانێت."

21 خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر دڵمان سه‌ركۆنه‌مان نه‌كات، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خودا دڵنیا ده‌بین،"

22 هه‌رچییه‌كی لێ داوا بكه‌ین لێی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌دڵیه‌تی."

23 ئه‌مه‌ش ڕاسپارده‌كه‌یه‌تی: باوه‌ڕمان به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی كوڕه‌كه‌ی هه‌بێت و یه‌كتریمان خۆش‌بووێ، وه‌ك ڕایسپاردووین."

24 ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی بپارێزێت، له‌ودا نیشته‌جێیه‌ و ئه‌ویش له‌م، به‌مه‌ش ده‌زانین ئه‌و له‌ ئێمه‌دا نیشته‌جێیه‌، به‌و ڕۆحه‌ی كه‌ پێی‌داوین."

4

1 خۆشه‌ویستان، بڕوا به‌ هه‌موو ڕۆحێك مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ڕۆحه‌كان تاقی بكه‌نه‌وه‌، بزانن ئایا له‌ خوداوه‌یه‌، چونكه‌ زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن هاتوونه‌ته‌ جیهان."

2 ڕۆحی خودا به‌مه‌ ده‌ناسنه‌وه‌: هه‌ر ڕۆحێك دان بنێت كه‌ عیسای مه‌سیح له‌ جه‌سته‌دا هاتووه‌، له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌،"

3 به‌ڵام هه‌ر ڕۆحێكیش دان به‌ عیسا نه‌نێت، له‌ خوداوه‌ نییه‌. ئه‌و ڕۆحه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌ كه‌ بیستووتانه‌ دێت و ئێستا وا له‌ جیهان دایه‌."

4 منداڵه‌كان، ئێوه‌ له‌ خوداوه‌ن، ئه‌وانتان به‌زاندووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه دایه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی له‌ جیهان دایه‌."

5 ئه‌وانه‌ له‌ جیهانه‌وه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ جیهانه‌وه‌یه‌ ده‌یڵێن و جیهان گوێیان لێ ده‌گرێت."

6 ئێمه‌ له‌ خوداوه‌ین و ئه‌وه‌ی خودا بناسێت گوێمان لێ ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ نه‌بێت گوێمان لێ ناگرێت. ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چه‌واشه‌ به‌مه‌ ده‌ناسین."

7 خۆشه‌ویستان، با یه‌كتریمان خۆش‌بووێ، چونكه‌ خۆشه‌ویستی له‌ خوداوه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك خۆشه‌ویستی هه‌بێت له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌ و خودا ده‌ناسێت."

8 ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێت خودای نه‌ناسیوه‌، چونكه‌ خودا خۆشه‌ویستییه‌."

9 به‌مه‌ خۆشه‌ویستی خودا له‌نێوانمان‌دا ده‌ركه‌وت: خودا كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی نارده‌ جیهان تاكو به‌هۆیه‌وه‌ بژین."

10 خۆشه‌ویستی له‌مه‌ دایه‌: نه‌ك ئێمه‌ خودامان خۆش‌ویست، به‌ڵكو ئه‌و خۆشی‌ویستین و كوڕه‌كه‌ی بۆ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانمان نارد."

11 خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر خودا به‌م شێوه‌یه‌ خۆشی‌ویستین، پێویسته‌ له‌سه‌رمان یه‌كتریمان خۆش‌بووێ."

12 هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كتریمان خۆش‌بووێ خودا له‌ ناومان‌دا نیشته‌جێ ده‌بێت و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی له‌ ناومان‌دا ته‌واوه‌."

13 به‌مه‌ ده‌زانین له‌ ئه‌ودا نیشته‌جێ ده‌بین و ئه‌ویش له‌ ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ ڕۆحی خۆی پێی‌داوین."

14 ئێمه‌ش بینیمان و شایه‌تی ده‌ده‌ین، كه‌وا باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی وه‌ك ڕزگاركه‌ری جیهان ناردووه‌."

15 ئه‌وه‌ی دان بنێت كه‌وا عیسا كوڕی خودایه‌، خودا له‌ودا نیشته‌جێ ده‌بێت و ئه‌ویش له‌ خودا."

16 ئێمه‌ش ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی خودا كه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ ناسیمان و باوه‌ڕمان پێ‌كرد. خودا خۆشه‌ویستییه‌. ئه‌وه‌ی له‌ خۆشه‌ویستی‌دا نیشته‌جێ بێت له‌ خودا نیشته‌جێ ده‌بێت و خوداش له‌ودا."

17 به‌مه‌ خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵمان ته‌واو ده‌كرێت، تاكو له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا دڵنیا بین، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌م جیهانه‌دا وه‌كو ئه‌و ده‌بین."

18 خۆشه‌ویستی ترسی تێدا نییه‌، به‌ڵكو خۆشه‌ویستی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌ سزاوه‌ دێت. ئه‌وه‌ی بترسێت له‌ خۆشه‌ویستی‌دا ته‌واو نه‌بووه‌."

19 خۆشمان‌ده‌وێت، چونكه‌ یه‌كه‌م جار ئه‌و خۆشی‌ویستووین."

20 ئه‌گه‌ر یه‌كێك وتی: (خودام خۆش‌ده‌وێت) و ڕقی له‌ خوشكی یان براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خوشك و برای خۆی خۆش نه‌وێت كه‌ بینیوویه‌تی، ناتوانێت خودای خۆش‌بووێ كه‌ نه‌یبینیوه‌."

21 له‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان دراوه‌تێ: ئه‌وه‌ی خودای خۆش‌بووێ، با خوشكه‌كه‌ و براكه‌شی خۆش‌بووێ."

5

1 هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی هه‌بێت كه‌ عیسا مه‌سیحه‌، ئه‌وه‌ له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووه‌. هه‌ر كه‌سێك باوكی خۆش‌بووێ، ئه‌وه‌شی خۆش‌ده‌وێت كه‌ لێی له‌دایك بووه‌."

2 به‌مه‌ ده‌زانین منداڵانی خودامان خۆش‌ده‌وێت: كه‌ خودامان خۆش‌بووێ و به‌ ڕاسپارده‌كانی بكه‌ین."

3 چونكه‌ ئه‌مه‌ خۆش‌ویستنه‌ بۆ خودا، ڕاسپارده‌كانی بپارێزین، ڕاسپارده‌كانیشی قورس نین."

4 چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ خوداوه‌ له‌دایك بووبێت جیهان ده‌به‌زێنێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت، باوه‌ڕمانه‌."

5 كێیه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت؟ ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هه‌یه‌ كه‌ عیسا كوڕی خودایه‌."

6 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاو و خوێن هاتووه‌، عیسای مه‌سیح، نه‌ك ته‌نها به‌ ئاو، به‌ڵكو به‌ ئاو و به‌ خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایه‌تی ده‌دات، چونكه‌ ڕۆحه‌كه‌ ڕاستییه‌."

7 ئه‌وانه‌ی شایه‌تی ده‌ده‌ن سێیانن:"

8 ڕۆح و ئاو و خوێن، ئه‌و سێیانه‌ش بۆ یه‌كێكن."

9 ئه‌گه‌ر شایه‌تی خه‌ڵك وه‌رده‌گرین، ئه‌وا شایه‌تی خودا گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ شایه‌تی خودایه‌ سه‌باره‌ت به‌ كوڕه‌كه‌ی داویه‌تی."

10 ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ كوڕی خودا بهێنێت ئه‌م شایه‌تییه‌ له‌ خۆی‌دا هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ خودا نه‌كات خودا به‌ درۆزن داده‌نێت، چونكه‌ باوه‌ڕ به‌و شایه‌تییه‌ ناكات كه‌ خودا سه‌باره‌ت به‌ كوڕه‌كه‌ی داویه‌تی."

11 ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌كه‌یه‌: خودا ژیانی تاهه‌تایی پێ داوین و ئه‌و ژیانه‌ش له‌ كوڕه‌كه‌ی دایه‌."

12 ئه‌وه‌ی كوڕكه‌ی هه‌بێت ژیانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كوڕی خودای نه‌بێت، ژیانی نابێت."

13 ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی كوڕی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی تاهه‌تاییتان هه‌یه‌."

14 ئه‌مه‌ش ئه‌و متمانه‌یه‌ كه‌ به‌ومان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ویستی خۆی داوای شتێك بكه‌ین، گوێمان لێ ده‌گرێت."

15 ئه‌گه‌ر بزانین گوێمان لێ ده‌گرێت - هه‌رچییه‌ك داوا بكه‌ین - ده‌زانین ئه‌وه‌ی لێیمان داوا كردووه‌ هه‌مانه‌."

16 ئه‌گه‌ر یه‌كێك خوشكه‌كه‌ی یان براكه‌ی ببینێت گوناهێك ده‌كات ئه‌نجامه‌كه‌ی مردن نه‌بێت ، پێویسته‌ بۆی بپاڕێته‌وه‌، خوداش ژیانی ده‌داتێ. مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ی گوناه‌ ده‌كه‌ن به‌ره‌و مردن نییه‌. گوناه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌و مردنه‌، بۆ ئه‌مه‌ ناڵێم داوا بكرێت."

17 هه‌موو ناڕه‌واییه‌ك گوناهه‌ به‌ڵام گوناهیش هه‌یه‌ به‌ره‌و مردن نییه‌."

18 ده‌زانین هه‌ر كه‌سێك له‌ خوداوه‌ له‌دایك بوو بێت به‌رده‌وام نابێت له‌ گوناه‌ كردن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌ دایك بووه‌ خۆی ده‌پارێزێت و خراپه‌كار ده‌ستی لێ نادات."

19 ده‌زانین له‌ خوداوه‌ین و هه‌موو جیهان له‌ ژێر ده‌ستی خراپه‌كار دانراوه‌."

20 هه‌روه‌ها ده‌زانین كه‌وا كوڕی خودا هات و چاوی كردینه‌وه‌ تاكو ئه‌و بناسین كه‌ ڕاستییه‌. ئێمه‌ش له‌و كه‌سه‌ داین كه‌ ڕاستییه‌، له‌ كوڕه‌كه‌ی، عیسای مه‌سیح. ئه‌و خودای ڕاسته‌قینه‌ و ژیانی تاهه‌تاییه‌."

21 منداڵه‌كان، خۆتان له‌ بت بپارێزن."