1

1 په‌ترۆس، نێردراوی عیسای مه‌سیح، بۆ بژارده‌كانی خودا، بێگانه‌ په‌راگه‌نده‌كان له‌ پۆنتۆس و گه‌لاتیا و كه‌پدۆكیا و ئاسیا و بیسینیا ،"

2 به‌گوێره‌ی زانینی پێشووی خودای باوك بژاركراون، به‌ پیرۆزكردنی ڕۆحه‌كه‌ بۆ گوێڕایه‌ڵی عیسای مه‌سیح و پرژاندنی خوێنه‌كه‌ی: نیعمه‌ت و ئاشتیتان زیاد بێت."

3 ستایش بۆ خودا، باوكی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح! به‌گوێره‌ی به‌زه‌ییه‌ فراوانه‌كه‌ی له‌دایكبوونه‌وه‌ی پێ به‌خشین بۆ هیوایه‌كی زیندوو به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح له‌نێو مردووان،"

4 بۆ میراتێك كه‌ نافه‌وتێت و گڵاو نابێت و كاڵ نابێته‌وه‌، بۆ ئێوه‌ له‌ ئاسمان پارێزراوه‌،"

5 ئێوه‌ كه‌ به‌ هێزی خودا پاسه‌وانی كراون به‌ باوه‌ڕ، بۆ ئه‌و ڕزگارییه‌ی ئاماده‌یه‌ له‌ كۆتایی زه‌مانه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ."

6 به‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ئێستا ده‌بێ به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان خه‌م بخۆن،"

7 تاكو سه‌لماندنی باوه‌ڕتان - كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو نرخدارتره‌ كه‌وا به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌ - بۆ ستایش و شكۆ و ڕێز بێت له‌ ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیح‌دا."

8 هه‌رچه‌نده‌ نه‌تانبینیوه‌ خۆشتان ده‌وێ، ئێستاش نایبینن باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن و دڵخۆش ده‌بن به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر باسی ناكرێت و شكۆداره‌،"

9 چونكه‌ ئامانجی باوه‌ڕتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، واتا ڕزگاری ده‌روونتان."

10 ئه‌و ڕزگارییه‌ی پێغه‌مبه‌ران بۆی گه‌ڕان و پشكنییان، سه‌باره‌ت به‌و نیعمه‌ته‌ی بۆ ئێوه‌یه‌ پێشبینییان كرد،"

11 ده‌گه‌ڕان چ بارودۆخێك یان چ كاتێكه‌ ڕۆحی مه‌سیح دیاری ده‌كات كه‌ تیایان دایه‌، زوو شایه‌تییان داوه‌ بۆ ئازاره‌كانی مه‌سیح و ئه‌و شكۆمه‌ندییه‌ی دوای دێت."

12 بۆیان ئاشكرا كرا كه‌ بۆ خۆیان نین، به‌ڵكو خزمه‌تی ئێوه‌یان ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئێستا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا به‌هۆی ئه‌وانه‌ی موژده‌یان پێ به‌خشین به‌ ڕۆحی پیرۆز، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نێردراوه‌، فریشته‌كانیش به‌ په‌رۆشن بۆ بینینی."

13 بۆیه‌ با مێشكتان له‌ ئاماده‌باشی‌دا بێت، خۆڕاگر بن، هیواتان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ بێت كه‌ له‌ ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ دێت."

14 وه‌ك منداڵی گوێڕایه‌ڵ، وه‌ك كاتی نه‌زانی خۆتان له‌گه‌ڵ هه‌وه‌سه‌ كۆنه‌كانتان مه‌گونجێنن،"

15 به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگی كردوون پیرۆزه‌، ئێوه‌ش له‌ هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتێك پیرۆز بن،"

16 چونكه‌ نووسراوه‌: {پیرۆز بن، چونكه‌ من پیرۆزم.}"

17 ئه‌گه‌ر له‌ باوك ده‌پاڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی بێ لایه‌نگری هه‌ر كه‌سێك به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كه‌ی حوكم ده‌دات، كه‌واته‌ له‌ كاتی نامۆییتان به‌ ترسه‌وه بژین."

18 ده‌زانن به‌ شتی له‌ناوچووی وه‌ك زێڕ و زیو نه‌كڕاونه‌ته‌وه‌، له‌و ژیانه‌ پووچه‌ی له‌ باوباپیرانه‌وه‌ بۆتان مابۆوه‌،"

19 به‌ڵكو به‌ خوێنێكی گرانبه‌ها، خوێنی مه‌سیح، وه‌ك له‌ به‌رخێكی بێ له‌كه‌ و كه‌موكوڕی."

20 له‌پێش دامه‌زراندنی جیهان هه‌ڵبژێردرابوو، له‌ پێناوی ئێوه‌دا له‌م ڕۆژگارانه‌ی دوایی ده‌ركه‌وت."

21 به‌هۆیه‌وه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌ و شكۆی دایێ، كه‌وا هیوا و باوه‌ڕتان به‌ خودا بێت."

22 به‌ گوێڕایه‌ڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاك كردۆته‌وه‌ بۆ خۆشه‌ویستی برایانه‌ی بێ دووڕوویی، به‌ دڵێكی پاك به‌ توندی یه‌كتریتان خۆش‌بووێ."

23 ئێوه‌ش له‌دایك بوونه‌وه‌ ، نه‌ك به‌ تۆوێكی فه‌وتاو به‌ڵكو نه‌فه‌وتاو، به‌ وشه‌ی زیندووی خودا كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌."

24 چونكه‌: {هه‌موو مرۆڤێك وه‌ك گژوگیا وایه‌ و هه‌موو شكۆیه‌كه‌ی وه‌ك گوڵی ده‌شت وایه‌. گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ،"

25 به‌ڵام وشه‌ی خوداوه‌ند تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێت.} ئه‌مه‌ش ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ پێی موژده‌تان درایێ."

2

1 بۆیه‌ هه‌موو ڕق و هه‌موو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هه‌موو زه‌مكردنێك دابكه‌نن."

2 وه‌ك ساوای تازه‌ له‌دایك بوو، ئاره‌زووتان له‌ شیری ڕۆحی پاك بێت، تاكو به‌مه‌ بۆ ڕزگاری گه‌شه‌ بكه‌ن،"

3 چونكه‌ تامتان كردووه‌ كه‌ خوداوه‌ند چاكه‌."

4 ئه‌وه‌ی دێنه‌ لای، به‌ردێكی زیندووه‌ - له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خودا بژارده‌یه‌ و گرانبه‌هایه‌ -"

5 ئێوه‌ش وه‌ك به‌ردی زیندوو له‌ خانوویه‌كی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ كاهینیه‌تی پیرۆز، بۆ كردنی قوربانییه‌ ڕۆحییه‌ په‌سه‌نده‌كان بۆ خودا به‌هۆی عیسای مه‌سیح."

6 چونكه‌ له‌ نووسراوه‌كان‌دا هاتووه‌: {ئه‌وه‌تا من به‌ردێك له‌ سییۆن داده‌مه‌زرێنم، قولینچكی هه‌ڵبژێردراو و گرانبه‌ها، ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت شه‌رمه‌زار نابێ.}"

7 بۆیه‌ بۆ ئێوه‌ كه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌م به‌رده‌ گرانبه‌هایه‌، به‌ڵام بۆ بێ‌باوه‌ڕان، {ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك،}"

8 هه‌روه‌ها: {به‌ردی ساتمه‌كردن و تاشه‌به‌ردی پێ هه‌ڵكه‌وتن.} ئه‌وانه‌ ساتمه‌ ده‌كه‌ن چونكه‌ گوێڕایه‌ڵی وشه‌ی خودا نین، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ چاره‌نووسیان."

9 به‌ڵام ئێوه‌ ڕه‌گه‌زێكی بژارده‌ن، كاهینیه‌تی شاهانه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كی پیرۆز، گه‌لی تایبه‌تی خودان ، تاكو چاكییه‌كانی ئه‌وه‌ ڕابگه‌ێنن كه‌ بانگی كردوون له‌ تاریكییه‌وه‌ بۆ ڕووناكییه‌ سه‌یره‌كه‌ی."

10 پێشتر گه‌ل نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا گه‌لی خودان، پێشتر به‌زه‌ییتان وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام ئێستا به‌زه‌ییتان وه‌رگرت."

11 خۆشه‌ویستان، وه‌ك نامۆ و بێگانه‌ لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌ هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش دوور بكه‌ونه‌وه‌، كه‌ دژی ده‌روون ده‌جه‌نگێت."

12 با له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕه‌وشتتان باش بێت، تاكو كاتێ بوختانتان پێ ده‌كه‌ن گوایا ئێوه‌ به‌دكارن، كرده‌وه‌ چاكه‌كانتان ببینن و له‌ ڕۆژی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوداش ئه‌وان شكۆداری بكه‌ن."

13 له‌به‌ر خوداوه‌ند ملكه‌چی هه‌موو ده‌زگایه‌كی مرۆڤانه‌ بن: بۆ پاشا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار،"

14 یان بۆ پارێزگاران وه‌ك نێردراوی ئه‌و بۆ سزادانی به‌دكاران و ستایشی چاكه‌كاران."

15 چونكه‌ خواستی خودا ئاوایه‌، به‌ چاكه‌كاری نه‌زانی گێله‌كان بێ‌ده‌نگ بكه‌ن."

16 وه‌ك مرۆڤی ئازاد بژین، به‌ڵام نه‌ك ئازادی په‌رده‌ی به‌دكاری بێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌نده‌ی خودا بژین."

17 ڕێز له‌ هه‌مووان بگرن، هاوباوه‌ڕانتان خۆش‌بووێ، له‌ خودا بترسن، ڕێز له‌ پاشا بگرن."

18 ئه‌ی كۆیله‌كان، به‌ هه‌موو ترسه‌وه‌ ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن، نه‌ك ته‌نها بۆ چاك و دڵنه‌رمه‌كان، به‌ڵكو بۆ تونده‌كانیش،"

19 چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌به‌ر ویژدانی به‌رامبه‌ر خودا به‌رگه‌ی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئه‌مه‌ جێی ستایشه‌."

20 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌تان كرد و لێتان درا و به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ چ شانازییه‌كه‌؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ ئازاردا به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ جێی ستایشه‌ له‌لای خودا."

21 چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگ‌كراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیحیش له‌ پێناوتان ئازاری چێژت و نموونه‌ی بۆ به‌جێ‌هێشتن، تاكو به‌ هه‌نگاوه‌كانی‌دا بڕۆن."

22 {ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی نه‌كردبوو، فڕوفێڵی له‌سه‌ر زاری نه‌بوو.}"

23 ئه‌وه‌ی جنێوی پێ ده‌درا و جنێوی نه‌ده‌دایه‌وه‌، ئازار ده‌درا و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌."

24 ئه‌وه‌ی خودی خۆی له‌ له‌شی‌دا له‌سه‌ر دار گوناهه‌كانمانی هه‌ڵگرت، تاكو سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاكبوونه‌وه‌."

25 چونكه‌ ئێوه‌ وه‌ك مه‌ڕی ونبوو وابوون، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ لای شوان و چاودێری گیانتان."

3

1 ئه‌ی ژنه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ ملكه‌چی مێرده‌كانتان بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان گوێڕایه‌ڵی وشه‌كه‌ش نه‌بوون ، ئه‌وا ژنه‌كان بێ وشه‌ به‌ ڕه‌وشتیان ده‌یانبه‌نه‌وه‌،"

2 كاتێ خواترسی و ڕه‌وشتی پاكتان ببینن."

3 با ڕازاوه‌ییتان ده‌ره‌كی نه‌بێت، له‌ ئه‌گریجه‌ی پرچ و زێڕ به‌خۆوه‌كردن و جلی باش له‌به‌ركردن،"

4 به‌ڵكو له‌ناو دڵتان شاراوه‌ و له‌ناونه‌چوو بێ، ڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحێكی نه‌رم و هێمن، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا گرانبه‌هایه‌."

5 چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ژنه‌ پیرۆزه‌كان له‌ كۆن‌دا، كه‌ هیوایان به‌ خودا بوو، خۆیان ده‌ڕازانده‌وه‌، ملكه‌چی مێرده‌كانیان ده‌بوون،"

6 وه‌ك سارا گوێڕایه‌ڵی ئیبراهیم بوو، به‌ گه‌وره‌ بانگی ده‌كرد. ئێوه‌ش بوونه‌ته‌ كچی ئه‌و، ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ شتێك نه‌ترسن."

7 به‌ هه‌مان شێوه‌، مێرده‌كان، به‌ هه‌ستیاری له‌گه‌ڵ ژنه‌كانتان نیشته‌جێ بن وه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌فرێكی مێیینه‌ی لاوازتر، ڕێزیان بگرن كه‌ هاومیراتی نیعمه‌تی ژیانن له‌گه‌ڵتان، تاكو نوێژه‌كانتان كۆسپی تێ‌نه‌كه‌وێت."

8 له‌ كۆتایی‌دا، هه‌مووتان یه‌ك بیروڕاتان هه‌بێ، هاوسۆزبن و خۆشه‌ویستی برایانه‌تان هه‌بێ، میهره‌بان و ڕۆح‌سووك بن."

9 خراپه‌ به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، نه‌ جنێویش به‌ جنێو، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگ‌كراون، تاكو ببنه‌ میراتگری به‌ره‌كه‌ت."

10 چونكه‌ {ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ژیانی خۆش‌بووێ و ڕۆژانی باش ببینێت، با زمانی له‌ خراپه‌ بپارێزێت و لێوه‌كانی له‌ فێڵبازی."

11 با له‌ خراپه‌ لابدات و چاكه‌ بكات، با به‌دوای ئاشتی‌دا بگه‌ڕێت و كۆششی بۆ بكات."

12 چونكه‌ چاوانی خوداوه‌ند له‌سه‌ر ڕاستودروستانه‌ و گوێی له‌ پاڕانه‌وه‌كانیان ڕاگرتووه‌. به‌ڵام ڕووی خوداوه‌ند دژی خراپه‌كارانه‌.}"

13 كێ ئازارتان ده‌دات ئه‌گه‌ر بۆ چاكه‌ دڵگه‌رم بن؟"

14 به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئه‌وا خۆزگه‌ به‌ ئێوه‌. {له‌وه‌ش مه‌ترسن كه‌ ئه‌وان لێی ده‌ترسن، مه‌تۆقن.}"

15 به‌ڵكو مه‌سیح وه‌ك خوداوه‌ند له‌ دڵتان‌دا ته‌رخان بكه‌ن، هه‌رده‌م ئاماده‌بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك سه‌باره‌ت به‌م هیوایه‌ی له‌ ئێوه‌ دایه‌ بپرسێ، به‌ڵام به‌ دڵنه‌رمی و ڕێزه‌وه‌."

16 هه‌روه‌ها ویژدانێكی باشتان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی بوختان به‌ سه‌ربورده‌ باشه‌كانتان ده‌كه‌ن له‌ مه‌سیح‌دا شه‌رمه‌زار بن له‌ قسه‌كانیان."

17 چونكه‌ باشتره‌، ئه‌گه‌ر خواستی خودا بێت، له‌به‌ر چاكه‌كاری ئازار بدرێن، نه‌ك خراپه‌كاری."

18 چونكه‌ مه‌سیح ته‌نها جارێك له‌به‌ر گوناه‌ ئازار درا، بێ‌تاوان له‌ پێناوی تاوانباران، تاكو له‌ خودامان نزیك بكاته‌وه‌. جه‌سته‌ی مراندووه‌ به‌ڵام به‌ ڕۆحی پیرۆز زیندووه‌،"

19 به‌مه‌ش چوو و بۆ ڕۆحه‌ زیندانییه‌كان جاڕی دا."

20 ئه‌وانه‌ی له‌ كۆن‌دا یاخی بوون، كاتێ خودا له‌ ڕۆژانی نوح‌دا به‌ پشوودرێژییه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو، كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كرا، كه‌وا كه‌م كه‌سێكی تێدابوو، واتا هه‌شت كه‌س، به‌ ئاو ڕزگار بوون."

21 ئه‌مه‌ش هێمای له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌ كه‌ ئێستا ڕزگارتان ده‌كات - نه‌ك سڕینه‌وه‌ی پیسی جه‌سته‌، به‌ڵكو به‌ڵێنی ویژدانێكی باش بۆ خودا - به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح،"

22 ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ڕۆیشت و له‌ ده‌سته‌ڕاستی خودا دانیشت، فریشته‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و هێزه‌كان ملكه‌چن بۆی."

4

1 وه‌ك مه‌سیح به‌ جه‌سته‌ ئازاری چێژت، ئێوه‌ش خۆتان به‌م بیروڕایه‌ چه‌كدار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ جه‌سته‌ ئازار بچێژێ له‌ گوناه‌ كردن ده‌وه‌ستێ،"

2 تاكو ئه‌و كاته‌ی به‌ جه‌سته‌ له‌ ژیان ماوه‌ بۆ هه‌وه‌سه‌ مرۆڤییه‌كان نه‌ژی، به‌ڵكو بۆ خواستی خودا."

3 چونكه‌ به‌ستانه‌ له‌و كاته‌ی به‌سه‌رتان برد به‌ كردنی خواستی نه‌ته‌وان، له‌ به‌ڕه‌ڵایی، هه‌وه‌سبازی، سه‌رخۆشی، گه‌له‌گان، ئاهه‌نگی شه‌رابخواردنه‌وه‌، بت‌په‌رستی قێزه‌وه‌ن."

4 له‌مه‌ سه‌رسام ده‌بن كه‌ له‌گه‌ڵیان ڕاناكه‌ن بۆ لافاوی هه‌مان به‌دڕه‌وشتی و جنێوتان پێ ده‌ده‌ن."

5 به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌ژمارد ده‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ مردووان و زیندووان حوكم بدات."

6 چونكه‌ بۆ ئه‌م هۆیه‌ موژده‌ درایه‌ مردووانیش، تاكو به‌گوێره‌ی خه‌ڵك له‌ جه‌سته‌دا حوكم بدرێن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی خودا له‌ ڕۆح‌دا بژین."

7 كۆتایی هه‌موو شتێك نزیك‌بۆته‌وه‌. بۆیه‌ ژیر و چاوكراوه‌ بن تاكو نوێژ بكه‌ن."

8 له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێك خۆشه‌ویستیتان بۆ یه‌كتری به‌ هێز بێت، چونكه‌ خۆشه‌ویستی گوناهی زۆر داده‌پۆشێت."

9 بێ بۆڵه‌بۆڵ خانه‌خوێی یه‌كتری بن."

10 هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی وه‌ریگرتووه‌، خزمه‌تی یه‌كتری پێ بكه‌ن، وه‌ك سه‌ركارێكی باش له‌سه‌ر نیعمه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانی خودا."

11 ئه‌گه‌ر یه‌كێك قسه‌ ده‌كات با وه‌ك وشه‌كانی خودا بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك خزمه‌ت ده‌كات وه‌ك به‌ هێزێك له‌ خوداوه‌ درا بێت، تاكو خودا له‌ هه‌موو شتێك‌دا شكۆدار بێت به‌ عیسای مه‌سیح، تاهه‌تایه‌ شكۆ و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌. ئامین."

12 خۆشه‌ویستان، له‌لاتان سه‌یر نه‌بێ له‌ تاقیكردنه‌وه‌تان به‌ڵای سووتێنه‌ر توشتان دێت، وه‌ك بڵێی شتێكی سه‌یرتان به‌سه‌ر هاتووه‌،"

13 به‌ڵكو دڵخۆش بن وه‌كو به‌شداریتان له‌ ئازاره‌كانی مه‌سیح كرد، تاكو له‌ ئاشكراكردنی شكۆیه‌كه‌ی دڵخۆش و شادومان بن."

14 ئه‌گه‌ر به‌ ناوی مه‌سیح جنێوتان پێ درا، خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌، چونكه‌ ڕۆحی شكۆ و خودا دێته‌ سه‌رتان."

15 با كه‌ستان وه‌ك بكوژێك یا دزێك یا به‌دكارێك یاخود یه‌كێك ده‌ست له‌ كاروباری خه‌ڵك وه‌ربدات ئازار نه‌چێژێ،"

16 به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك مه‌سیحی ، ئازار بدرێن، شه‌رم مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌م ناوه‌ ستایشی خودا بكه‌ن."

17 چونكه‌ كاتی ده‌ستپێكردنی لێپرسینه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌لی خودا. ئه‌گه‌ر ده‌ستپێك له‌ ئێمه‌وه‌ بێت، كۆتایی ئه‌وانه‌ چی ده‌بێت كه‌ گوێڕایه‌ڵی ئینجیلی خودا نابن؟"

18 {ئه‌گه‌ر مرۆڤی ڕاستودروست به‌ زه‌حمه‌ت ڕزگاری ببێت، بۆ به‌دكار و گوناهكار چی ده‌بێ؟}"

19 بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی خواستی خودا ئازار ده‌درێن، با خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست به‌دیهێنه‌ری دڵسۆز و به‌رده‌وام بن له‌ چاكه‌كاری."

5

1 داوا له‌و پیرانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ ناوتانن، وه‌ك پیرێكی هاوڕێ، شایه‌تی ئازاره‌كانی مه‌سیح و هاوبه‌شی ئه‌و شكۆیه‌ی وا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ:"

2 ئه‌و مێگه‌له‌ی خودا بله‌وه‌ڕێنن كه‌ له‌نێوانتان دایه‌، وه‌ك چاودێر خزمه‌ت بكه‌ن، نه‌ك به‌ ناچاری، به‌ڵكو به‌ ویسته‌وه‌ به‌گوێره‌ی خودا، نه‌ك بۆ ده‌ست‌كه‌وتی شه‌رمه‌زاری، به‌ڵكو به‌ چاڵاكییه‌وه‌،"

3 خۆتان مه‌سه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی دراونه‌ته‌ ده‌ستتان، به‌ڵكو ببنه‌ نموونه‌ بۆ مێگه‌ل."

4 كاتێكیش سه‌رۆكی شوانان ده‌رده‌كه‌وێ، تاجی شكۆ وه‌رده‌گرن كه‌ كاڵ نابێته‌وه‌."

5 ئه‌ی لاوه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ ملكه‌چی پیران بن، هه‌مووتان ڕۆح‌سووكی له‌به‌ربكه‌ن بۆ یه‌كتری، چونكه‌: {خودا به‌رهه‌ڵستی لووتبه‌رزه‌كان ده‌كات، به‌ڵام نیعمه‌ت ده‌داته‌ ڕۆح‌سووكه‌كان.}"

6 بۆیه‌ له‌ ژێر ده‌ستی به‌ توانای خودا ڕۆح‌سووك بن، تاكو له‌ كاتی خۆی‌دا به‌رزتان بكاته‌وه‌."

7 هه‌موو خه‌مێكتان بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و، چونكه‌ ئه‌و بایه‌ختان پێ ده‌دات."

8 چاوكراوه‌ بن و ئێشك بگرن، شه‌یتانی دوژمنتان وه‌ك شێرێكی به‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕ ده‌سووڕێته‌وه‌، ده‌گه‌ڕێ به‌دوای یه‌كێك تا بیخوات."

9 به‌ربه‌ره‌كانێی بكه‌ن، چه‌سپاو بن له‌ باوه‌ڕ، بزانن خوشك و براكانیشتان له‌ جیهان‌دا هه‌مان ئازار ده‌چێژن."

10 خودای هه‌موو نیعمه‌تێك، ئه‌وه‌ی بانگی كردوون بۆ شكۆیه‌ تاهه‌تاییه‌كه‌ی له‌ عیسای مه‌سیح‌دا، كه‌ تۆزێك ئازارتان چێژت، خۆی ته‌واوكارتانه‌ و ده‌تانچه‌سپێنێت و به‌هێزتان ده‌كات و بناغه‌تان داده‌نێت."

11 تاهه‌تایه‌ هێز بۆ ئه‌وه‌. ئامین"

12 به‌هۆی سیلا ، كه‌ به‌ برای دڵسۆزی ده‌زانم، به‌ كورتی بۆم نووسین، هانتان ده‌ده‌م و شایه‌تی ده‌ده‌م، ئه‌مه‌ نیعمه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خودایه‌. تیای‌دا بچه‌سپێن."

13 ئه‌وه‌ی له‌ بابل وه‌ك ئێوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، سڵاوتان لێ‌ده‌كات، هه‌روه‌ها مه‌رقۆسی ڕۆڵه‌م."

14 به‌ ماچی خۆشه‌ویستی سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن. ئاشتی بۆ هه‌مووتان بێت، ئێوه‌ی له‌ مه‌سیح‌دان."