1

1 یاقوبی به‌نده‌ی خودا و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند، بۆ دوازده‌ هۆزه‌ په‌راگه‌نده‌كه‌، سڵاو."

2 خوشكان و برایانم، به‌وپه‌ڕی خۆشی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌،"

3 ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست‌ده‌كات."

4 با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ شتێك نه‌بێت."

5 ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت."

6 به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات."

7 ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ شتێك له‌ خوداوه‌ند وه‌رده‌گرێت،"

8 چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی چه‌سپاو نییه‌."

9 با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌ی بكات،"

10 ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ك گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت."

11 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژ به‌ گه‌رمییه‌ سووتێنه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵهات، گژوگیا وشك بوو و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌را و دیمه‌نی جوانی نه‌ما. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ له‌ بازرگانییه‌كانیه‌وه‌ له‌ناوده‌چێت."

12 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وه‌ی به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا تاجی ژیان وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت."

13 با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: (له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌.) چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، ئه‌ویش كه‌س تاقی ناكاته‌وه‌."

14 به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا."

15 كه‌ هه‌وه‌س سك بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مردن به‌رهه‌م دێنێت."

16 برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن."

17 هه‌موو به‌خشینێكی چاك و به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌."

18 خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕاستی له‌دایك ببین ، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی به‌دیهێنراوانی."

19 برایانی خۆشه‌ویستم بزانن: با هه‌ر مرۆڤێك له‌ گوێگرتن خێرا بێت، له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ره‌خۆ بێت، له‌ تووڕه‌بوون خاو بێت."

20 چونكه‌ تووڕه‌یی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا نایه‌نێته‌ كایه‌وه‌."

21 كه‌واته‌ هه‌موو گڵاوی و گه‌شه‌كردنێكی به‌دكاری دابكه‌نن، ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئێوه‌دا چاندراوه‌ به‌ دڵنه‌رمییه‌وه‌ وه‌ری بگرن، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت گیانتان ڕزگار بكات."

22 ته‌نها گوێگری وشه‌كه‌ مه‌بن، به‌ڵكو كاری پێ بكه‌ن، ئه‌گینا خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن."

23 چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێگری وشه‌كه‌ بێت و كاری پێ نه‌كات، وه‌ك یه‌كێك وایه‌ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ڕوخساری خۆی بكات،"

24 ئینجا دوای ئه‌وه‌ی سه‌یری خۆی ده‌كات و ده‌ڕوات، یه‌كسه‌ر له‌بیری ده‌چێت چۆن بووه‌."

25 به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یری ناو شه‌ریعه‌تی ته‌واو بكات، شه‌ریعه‌تی ئازادی و تیای‌دا چه‌سپا، ئه‌وه‌ی گوێی لێ‌بووه‌ له‌بیری نه‌كات، به‌ڵكو كاری پێ بكا، ئه‌وا ئه‌مه‌ به‌ره‌كه‌تداره‌ له‌ كرداری."

26 ئه‌وه‌ی خۆی به‌ دیندار دابنێت و زمانی خۆی نه‌پارێزێت، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و دیندارییه‌كه‌ی پووچه‌."

27 ئایینی پاك و بێگه‌رد له‌لای خودای باوك ئه‌مه‌یه‌: به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌تیوان و بێوه‌ژنان له‌ ته‌نگانه‌یان‌دا، هه‌روه‌ها خۆی له‌ گڵاوی جیهان بپارێزێت بێ له‌كه‌."

2

1 خوشكان و برایانم، وه‌ك باوه‌ڕدار به‌ خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌ی شكۆ، جوداخوازی مه‌كه‌ن."

2 ئه‌گه‌ر پیاوێك هاته‌ ناو كۆڕه‌كه‌تان، ئه‌نگوستیله‌ی زێڕی له‌ په‌نجه‌ بوو و به‌رگی نایاب بوو، هه‌روه‌ها هه‌ژارێكیش به‌ به‌رگی پیس،"

3 ته‌ماشای به‌رگه‌ نایابه‌كه‌تان كرد و وتتان: (لێره‌ دانیشه‌ باشه‌)، به‌ هه‌ژاره‌كه‌ش بڵێن: (له‌وێ ڕاوه‌سته‌) یان (له‌به‌رپێم دانیشه‌)،"

4 ئایا له‌نێو خۆتان جیاوازی ناكه‌ن و بوونه‌ته‌ دادوه‌ری بیری خراپ؟"

5 خوشك و برا خۆشه‌ویسته‌كانم، گوێ‌بگرن: ئایا خودا هه‌ژارانی ئه‌م جیهانه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ له‌ باوه‌ڕ ده‌وڵه‌مه‌ند بن و میراتگری شانشین بن كه‌ به‌ڵێنی پێ داوه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت؟"

6 به‌ڵام ئێوه‌ سووكایه‌تیتان به‌ هه‌ژاره‌كه‌ كرد. ئایا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان نین خۆیان به‌سه‌رتان‌دا ده‌سه‌پێنن و ڕاپێچی دادگاكانتان ده‌كه‌ن؟"

7 ئایا ئه‌وان نین كفر به‌و ناوه‌ چاكه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێی بانگكراون؟"

8 ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی شه‌ریعه‌تی شاهانه‌تان هێناوه‌ته‌ دی كه‌ به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كه‌ ده‌ڵێ: {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ} ، چاك ده‌كه‌ن."

9 به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوداخوازی بكه‌ن، ئه‌وا گوناه‌ ده‌كه‌ن و وه‌ك سه‌رپێچیكار له‌لایه‌ن شه‌ریعه‌ته‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن."

10 چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو شه‌ریعه‌ت بپارێزێت و ساتمه‌ له‌ یه‌كێكیان بكات، ئه‌وا له‌ هه‌مووی تاوانباره‌."

11 چونكه‌ وتوویه‌تی: {داوێنپیسی مه‌كه‌،} هه‌روه‌ها وتوویه‌تی: {مه‌كوژه‌.} ئه‌گه‌ر داوێنپیسیت نه‌كرد به‌ڵام یه‌كێكت كوشت، ئه‌وا سه‌رپێچی شه‌ریعه‌تت كردووه‌."

12 ئاوا بدوێن و ئاوا كار بكه‌ن، وه‌ك به‌ شه‌ریعه‌تی ئازادی حوكم بدرێن."

13 چونكه‌ حوكمدان بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی نه‌بووه‌. به‌زه‌ییش له‌ حوكمدان ده‌باته‌وه‌."

14 خوشكان و برایانم، چ سوودێكی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك بڵێت باوه‌ڕم هه‌یه‌، به‌ڵام كرداری نه‌بێت؟ ئایا ئه‌م جۆره‌ باوه‌ڕه‌ ده‌توانێت ڕزگاری بكات؟"

15 ئه‌گه‌ر خوشك و برایه‌ك ڕووت بوون و پێویستییان به‌ خۆراكی ڕۆژانه‌ هه‌بوو،"

16 یه‌كێكتان پێتان وتن: (به‌خێرچن، خۆتان گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ و تێر بخۆن،) و پێداویستییه‌كانی ژیانیان نه‌ده‌نێ، چ سوودێكی هه‌یه‌؟"

17 به‌م شێوه‌یه‌ش، باوه‌ڕ ئه‌گه‌ر كرداری نه‌بێت، له‌ خۆی‌دا مردووه‌."

18 به‌ڵام یه‌كێك ده‌ڵێت: (تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌، من كردارم هه‌یه‌.) باوه‌ڕی خۆتم پیشان بده‌ بێ كردار، منیش به‌ كرداره‌كانم باوه‌ڕی خۆمت پیشان ده‌ده‌م."

19 تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌ كه‌ یه‌ك خودا هه‌یه‌، چاك ده‌كه‌یت. ته‌نانه‌ت ڕۆحه‌پیسه‌كانیش باوه‌ڕ ده‌كه‌ن و ده‌له‌رزن."

20 ئه‌ی مرۆڤی گێل، ده‌ته‌وێت بزانیت كه‌ باوه‌ڕ بێ كردار نه‌زۆكه‌؟"

21 ئایا ئیبراهیمی باوكمان به‌ كردار بێ‌تاوان نه‌بوو، كاتێ له‌سه‌ر قوربانگا ئیسحاقی كوڕی پێشكه‌ش كرد؟"

22 ده‌بینیت باوه‌ڕ به‌ كرداره‌كه‌ی له‌ كاردا بوو، باوه‌ڕه‌كه‌ش به‌ كردار ته‌واو بوو."

23 نووسراوه‌كه‌ش هاته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ئیبراهیم باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌شی به‌ ڕاستودروستی بۆ دانرا،} هه‌روه‌ها ناوی لێ‌نرا دۆستی خودا."

24 ده‌بینن كه‌وا مرۆڤ به‌ كردار بێ‌تاوان ده‌بێت نه‌ك ته‌نها به‌ باوه‌ڕ."

25 به‌م شێوه‌یه‌ ڕاحابی داوێنپیس، ئایا به‌ كردار بێ‌تاوان نه‌بوو، كه‌ پێشوازی له‌ سیخوڕه‌كان كرد و به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا به‌ڕێی كردن؟"

26 چۆن له‌ش بێ ڕۆح مردووه‌، باوه‌ڕیش بێ كردار مردووه‌."

3

1 خوشكان و برایانم، زۆرتان مه‌بنه‌ فێركار، بزانن لێپرسینه‌وه‌ی قورسترمان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت."

2 چونكه‌ هه‌موومان له‌ زۆر شت ساتمه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر یه‌كێك هه‌یه‌ له‌ قسه‌كردن ساتمه‌ ناكات، ئه‌وه‌ مرۆڤێكی ته‌واوه‌ و ده‌توانێت جڵه‌وی هه‌موو له‌ش بگرێته‌ ده‌ست."

3 ئه‌گه‌ر لغاو ده‌كه‌ینه‌ ده‌می ئه‌سپ تاكو گوێڕایه‌ڵمان بێت، هه‌موو له‌شی ئاراسته‌ بكه‌ین."

4 سه‌یری كه‌شتی بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ و ڕه‌شه‌با ده‌یهاژوات، كه‌چی به‌ سه‌وڵێكی بچووك بۆ هه‌ر لایه‌ك كه‌شتیوان بیه‌وێت ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێت."

5 به‌ هه‌مان شێوه‌ زمانیش ئه‌ندامێكی بچووكه‌، به‌ڵام شانازی به‌ گه‌وره‌ ده‌كات. ئاگرێكی بچووك چ دارستانێكی گه‌وره‌ ده‌سووتێنێ."

6 زمان ئاگره‌، جیهانێكه‌ له‌ خراپه‌ له‌نێو ئه‌ندامانمان. هه‌موو له‌ش گڵاو ده‌كات و ئاگر له‌ بازنه‌ی ژیان به‌رده‌دات و خۆی به‌ دۆزه‌خ داده‌گیرسێت‌."

7 چونكه‌ هه‌موو جۆرێكی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ و خشۆك و بوونه‌وه‌ری ئاوی ده‌سته‌مۆ ده‌كرێت، ده‌سته‌مۆش كراوه‌ به‌ هۆی مرۆڤه‌وه‌‌."

8 به‌ڵام كه‌س ناتوانێت زمان ده‌سته‌مۆ بكات. خراپه‌یه‌كه‌ ناگیرێت، پڕه‌ له‌ ژه‌هری كوشنده‌."

9 به‌مه‌ ستایشی خوداوه‌ند و باوك ده‌كه‌ین، هه‌ر به‌مه‌ش نه‌فره‌ت له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ شێوه‌ی خودا دروستكراون."

10 ستایش و نه‌فره‌ت له‌ هه‌مان ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌. خوشكان و برایانم، ئه‌مه‌ په‌سه‌ند نییه‌."

11 ئایا له‌ یه‌ك كانی‌دا سازگار و سوێر هه‌ڵده‌قوڵێت؟"

12 خوشكان و برایانم، ئایا دارهه‌نجیر زه‌یتوون ده‌گرێت، یان مێو هه‌نجیر؟ ئاواش كانی سوێر ئاوی سازگار نادات."

13 كێ له‌نێوتان‌دا دانا و تێگه‌یشتووه‌؟ با به‌ ڕه‌وشتی باشی كرداره‌كانی پیشان بدات كه‌ له‌ دڵنه‌رمی داناییه‌وه‌یه‌."

14 به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوپیسی تاڵ و خۆپه‌رستیتان له‌ دڵ‌دا بوو، شانازی مه‌كه‌ن یان نكۆڵی له‌ ڕاستی مه‌كه‌ن."

15 ئه‌م داناییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دانه‌به‌زیوه‌، به‌ڵكو زه‌مینی و مرۆڤانه‌ و شه‌یتانییه‌."

16 چونكه‌ چاوپیسی و خۆپه‌رستی له‌كوێ بێت، شێوان و هه‌موو خراپه‌كارییه‌ك له‌وێیه‌."

17 به‌ڵام ئه‌و داناییه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌، یه‌كه‌م جار پاكه‌، دواتر ئاشتیخوازه‌، هه‌ستیاره‌، گوێڕایه‌ڵه‌، پڕ له‌ به‌زه‌ییه‌ و به‌روبوومی چاكه‌، لایه‌نگر نییه‌، دووڕوو نییه‌."

18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی ده‌چێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌ی ڕاستودروستی ده‌بێت."

4

1 ئه‌م جه‌نگ و دژایه‌تییه‌ی له‌نێوانتان دایه‌، له‌كوێوه‌یه‌؟ ئایا لێره‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌وه‌سه‌كانتانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانتان‌دا ده‌جه‌نگێت؟"

2 هه‌وه‌س ده‌كه‌ن و ده‌ستتان ناكه‌وێت، ده‌كوژن و ئیره‌یی ده‌كه‌ن و ناتوانن وه‌ربگرن، دژایه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌جه‌نگن. نیتانه‌، چونكه‌ له‌ خودا داوا ناكه‌ن."

3 داوا ده‌كه‌ن و وه‌ری ناگرن، چونكه‌ به‌ پاڵنه‌ری خراپ داوا ده‌كه‌ن، تاكو له‌ هه‌وه‌سه‌كانتان خه‌رجی بكه‌ن."

4 ئه‌ی داوێنپیسان، نازانن دۆستایه‌تی جیهان دوژمنایه‌تی خودایه‌؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ببێته‌ دۆستی جیهان، ئه‌وا بووه‌ته‌ دوژمنی خودا."

5 یاخود واده‌زانن نووسراوه‌كه‌ له‌خۆڕا ده‌فه‌رمووێ، خودا به‌ دڵگه‌رمی په‌رۆشه‌ به‌و ڕۆحه‌ی كه‌ تیامان‌دا نیشته‌جێی كردووه‌؟"

6 به‌ڵام نیعمه‌تی زیاتر ده‌دات، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: {خودا به‌رهه‌ڵستی لووتبه‌رزه‌كان ده‌كات، به‌ڵام نیعمه‌ت ده‌داته‌ ڕۆح‌سووكه‌كان.}"

7 بۆیه‌ ملكه‌چی خودا بن. به‌رهه‌ڵستی شه‌یتان بكه‌ن، لێتان هه‌ڵدێت."

8 له‌ خودا نزیك بنه‌وه‌، لێتان نزیك ده‌بێته‌وه‌. ده‌ستتان خاوێن بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی گوناهباران، دڵتان پاك‌بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی ڕاڕایه‌كان."

9 خه‌فه‌ت بخۆن و بگریێن و شیوه‌ن بكه‌ن. پێكه‌نینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خه‌فه‌ت."

10 له‌به‌رده‌م خوداوه‌ند ڕۆح‌سووك بن، به‌رزتان ده‌كاته‌وه‌."

11 خوشكان، برایان، به‌ خراپه‌ باسی یه‌كتری مه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی به‌ خراپه‌ باسی براكه‌ی بكات یاخود براكه‌ی حوكم بدات، ئه‌وا به‌ خراپه‌ باسی ته‌ورات ده‌كات و ته‌ورات حوكم ده‌دات. ئه‌گه‌ر ته‌ورات حوكم بده‌یت، ئه‌وا به‌ ته‌ورات ناكه‌یت، به‌ڵكو دادوه‌ری بۆی."

12 ته‌نها یه‌ك شه‌ریعه‌تدانه‌ر و دادوه‌ر هه‌یه‌، ئه‌و ده‌توانێت ڕزگار بكات و له‌ناوببات. جا تۆ كێی تاكو نزیكه‌كه‌ت حوكم بده‌یت؟"

13 وه‌رن ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن: (ئه‌مڕۆ یان به‌یانی ده‌ڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێك له‌وێ ده‌بین و كاسبی ده‌كه‌ین و قازانج ده‌كه‌ین.)"

14 ئێوه‌ كه‌ نازانن به‌یانی چی ده‌بێت، ژیانتان چییه‌؟ چونكه‌ هه‌ڵمێكه‌، ماوه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، دواتر نامێنێت."

15 له‌ جیاتی بڵێن: (ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند خواستی له‌سه‌ر بوو و ژیاین، ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین.)"

16 به‌ڵام ئێوه‌ شانازی به‌ لووتبه‌رزیتان ده‌كه‌ن، هه‌موو شانازییه‌كی ئاواش خراپه‌."

17 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بزانێت چاكه‌ بكات و نه‌یكات، گوناه‌ ده‌كات."

5

1 وه‌رن ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، بگریێن و شیوه‌ن بكه‌ن بۆ ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌رتان دێت."

2 سامانتان بۆگه‌ن بووه‌ و به‌رگتان مۆرانه‌ لێی‌داوه‌،"

3 زێڕ و زیوتان داده‌خورێت، داخورانه‌كه‌شیان شایه‌تیتان له‌سه‌ر ده‌دات و وه‌ك ئاگر جه‌سته‌تان ده‌خوات. له‌ ڕۆژانی كۆتایی گه‌نجینه‌تان بۆ خۆتان كۆكرده‌وه‌."

4 ئه‌وه‌تا كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ كێڵگه‌كانتان ڕنینیان كردووه‌ و نه‌تانداوه‌، دژی ئێوه‌ هاوار ده‌كات. هاواری سه‌پانانیش گه‌یشته‌ گوێی خوداوه‌ندی سوپاسالار."

5 له‌سه‌ر زه‌وی به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت و چێژ ژیاون، دڵی خۆتان وه‌ك دابه‌ستی بۆ ڕۆژی سه‌ربڕین ڕاگرتووه‌."

6 بێ‌تاوانتان حوكم دا و كوشتتان، كه‌ به‌رهه‌ڵستیتان ناكات."

7 بۆیه‌ خوشكان و برایانم، تاكو هاتنه‌وه‌ی خوداوه‌ند ئارام بگرن. سه‌یر بكه‌ن چۆن جوتیار چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مه‌ سه‌نگینه‌كه‌ی زه‌وی ده‌كات، بۆ بارانی پایز و به‌هار ئارام ده‌گرێت."

8 ئێوه‌ش ئارام بگرن و دڵتان بچه‌سپێنن، چونكه‌ هاتنه‌وه‌ی خوداوه‌ند نزیك‌بۆته‌وه‌."

9 خوشكان، برایان، بۆڵه‌بۆڵ له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن، نه‌وه‌ك حوكم بدرێن. ئه‌وه‌تا دادوه‌ر له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌."

10 خوشكان، برایان، نموونه‌ وه‌ربگرن له‌ به‌رگه‌ی ئازار و ئارامگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ ناوی خوداوه‌ند قسه‌یان كرد."

11 ئه‌وه‌تا ئێمه‌ به‌خته‌وه‌ران به‌ دانبه‌خۆداگرتوو داده‌نێن. دانبه‌خۆداگرتنی ئه‌یوبتان بیستووه‌ و له‌ كۆتایی‌دا خودا چی كرد ، چونكه‌ خوداوه‌ند به‌زه‌یی زۆره‌ و میهره‌بانه‌."

12 خوشكان و برایانم، پێش هه‌موو شتێك، سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان و نه‌ به‌ زه‌وی و نه‌ به‌ شتی دیكه‌. به‌ڵكو با (به‌ڵێ)تان به‌ڵێ بێت و (نه‌خێر)تان نه‌خێر بێت، نه‌وه‌ك بكه‌ونه‌ ژێر تاوانباركردن."

13 كامه‌تان ناخۆشی هه‌یه‌؟ با نوێژ بكات. كه‌س دڵخۆشه‌؟ با به‌ گۆرانی ستایش بكات."

14 كامه‌تان نه‌خۆشه‌؟ با پیرانی كڵێسا بانگ بكات و نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ ناوی خوداوه‌ندیش چه‌وری بكه‌ن."

15 نوێژی باوه‌ڕ نه‌خۆش چاك‌ده‌كاته‌وه‌ و خوداوه‌ند هه‌ڵیده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوناهێكیشی كردبێت ده‌به‌خشرێت."

16 بۆیه‌ بۆ یه‌كتری دان به‌ گوناهه‌كانتان بنێن، نوێژ بۆ یه‌كتری بكه‌ن تاكو چاكبنه‌وه‌. نوێژی مرۆڤی ڕاستودروست زۆر به‌هێز و كاریگه‌ره‌."

17 ئه‌لیاس مرۆڤێك بوو وه‌ك ئێمه‌ له‌ هه‌مان سروشت، به‌ گه‌رمی نوێژی كرد تاكو باران نه‌بارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو له‌سه‌ر زه‌وی نه‌باری."

18 نوێژی كرده‌وه‌، ئاسمان بارانی دا و زه‌ویش به‌رهه‌می دا."

19 خوشكان و برایانم، ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ ڕاستی چه‌واشه‌ كرا و یه‌كێك گه‌ڕاندیه‌وه‌،"

20 با بزانێت ئه‌وه‌ی گوناهبارێك له‌ ڕێگای گومڕایی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌روونێك له‌ مردن ڕزگار ده‌كات و زۆر گوناهیش داده‌پۆشێت."