1

1 ئه‌ی ساوفیلۆسی پایه ‌به‌رز، زۆر كه‌س هه‌ڵستان به‌ داڕشتنی مێژووی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌لای ئێمه‌ ڕووی‌دابوو،"

2 وه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێمان گه‌یشت كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شایه‌تحاڵ و خزمه‌تكاری په‌یامه‌كه‌ بوون."

3 منیش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ وردی سۆراخی هه‌موو شتێكم كردووه‌، بۆیه‌ به‌ باشم زانی به‌ ڕیزبه‌ندی بۆتی بنووسم،"

4 تاكو له‌ ڕاستی ئه‌و قسانه‌ دڵنیابی كه‌ فێركراوی."

5 له‌ سه‌رده‌می هێرۆدسی شای یه‌هودیا، كاهینێك له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌بیا هه‌بوو ناوی زه‌كه‌ریا بوو، ئه‌لیساباتی ژنیشی له‌ نه‌وه‌ی هاڕون بوو."

6 هه‌ردووكیان له‌به‌رده‌م خودا ڕاستودروست بوون، بێ گله‌یی بوون له‌ په‌یڕه‌وكردنی هه‌موو ڕاسپارده‌ و حوكمه‌كانی خوداوه‌ند."

7 به‌ڵام منداڵیان نه‌ده‌بوو، چونكه‌ ئه‌لیسابات نه‌زۆك بوو، هه‌ردووكیشیان به‌ ساڵ‌دا چووبوون."

8 كاتێ له‌ نۆره‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆی‌دا له‌به‌رده‌م خودا كاهینیه‌تی ده‌كرد،"

9 به‌گوێره‌ی نه‌ریتی كاهینیه‌تی ، تیروپشكی كه‌وته‌ سه‌ر تاكو بچێته‌ ناو په‌رستگای خوداوه‌ند و بخوور بسووتێنێت."

10 هه‌موو كۆمه‌ڵی خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ كاتی سووتانی بخووره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد."

11 له‌وێ فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ندی بۆ ده‌ركه‌وت، له‌لای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوه‌ستابوو."

12 كاتێ زه‌كه‌ریا فریشته‌كه‌ی بینی، په‌شۆكا و ترسی لێ نیشت."

13 به‌ڵام فریشته‌كه‌ پێی‌ووت: (زه‌كه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ پاڕانه‌وه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی لێ ده‌نێیت یه‌حیا."

14 بۆ تۆ ده‌بێته‌ خۆشی و شادی، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن،"

15 چونكه‌ له‌به‌رده‌م خوداوه‌ند گه‌وره‌ ده‌بێت. هه‌رگیز شه‌راب و مه‌ی ناخواته‌وه‌. له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕۆحی پیرۆز و"

16 زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ لای خوداوه‌ندی خودای خۆیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌."

17 به‌ ڕۆح و توانای ئه‌لیاسه‌وه‌ به‌ پێش خوداوه‌ند ده‌كه‌وێت ، تاكو دڵی باوكان بۆ منداڵه‌كان و یاخیبووانیش بۆ دانایی ڕاستودروستان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تاكو گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ خوداوه‌ند ڕێك بخات.)"

18 زه‌كه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی وت: (به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵ‌دا چووه‌؟)"

19 فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من جبرائیلم له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م موژده‌یه‌ت بده‌مێ."

20 ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ تۆ لاڵ ده‌بیت و توانای قسه‌كردنت نامێنێت تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌بێت، چونكه‌ باوه‌ڕت به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خۆی‌دا دێته‌ دی.)"

21 خه‌ڵكه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی زه‌كه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌ناو په‌رستگادا."

22 كاتێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا زانییان كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی دیتووه‌، چونكه‌ ئیشاره‌تی بۆ ده‌كردن و به‌ لاڵی مایه‌وه‌."

23 كاتێ ڕۆژانی خزمه‌تكردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ."

24 دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی كرد، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یووت:"

25 (خوداوه‌ند ئاوای له‌گه‌ڵ كردم له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لێم دایه‌وه‌، تاكو له‌ناو خه‌ڵكی شوره‌ییم لابه‌رێت.)"

26 له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێك نێردرا له‌ جه‌لیل، ناوی ناسیره‌ بوو،"

27 بۆ لای پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێك ناوی یوسف بوو له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مریه‌م بوو."

28 جبرائیل هاته‌ لای مریه‌م و وتی: (سڵاو، ئه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندیت هه‌یه‌! خوداوه‌ندت له‌گه‌ڵه‌.)"

29 به‌ڵام ئه‌و به‌ په‌یامه‌كه‌ زۆر شێوا و بیری كرده‌وه‌، ده‌بێت ئه‌مه‌ چ جۆره‌ سڵاوێك بێت."

30 فریشته‌كه‌ پێی‌ووت: (مه‌ترسه‌ مریه‌م، چونكه‌ له‌لای خودا ڕه‌زامه‌ندیت به‌ده‌ست‌هێنا."

31 ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی لێ ده‌نێیت عیسا."

32 پایه‌ به‌رز‌ ده‌بێت و به‌ كوڕی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، خودای په‌روه‌ردگاریش ته‌ختی داودی باوكی پێ ده‌داته‌وه‌."

33 تاهه‌تایه‌ حوكمڕانی ماڵی یاقوب ده‌كات، شانشینه‌كه‌شی كۆتایی نایه‌ت.)"

34 به‌ڵام مریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی وت: (ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟)"

35 فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (رۆحی پیرۆز دێته‌ سه‌رت و هێزی خودای هه‌ره‌به‌رز سایه‌ی سه‌رت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پیرۆزه‌ی لێت ده‌بێت به‌ كوڕی خودا ناوده‌بردرێت."

36 ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێك هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆك ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی."

37 چونكه‌ هیچ شتێك له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌.)"

38 مریه‌م وتی: (ئه‌وه‌تا من كاره‌كه‌ری خوداوه‌ندم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت.) فریشته‌كه‌ش به‌جێی‌هێشت."

39 له‌و ڕۆژانه‌دا، مریه‌م هه‌ڵستا و خێرا بۆ شارۆچكه‌یه‌ك چوو له‌ زوورگه‌كانی یه‌هودیا."

40 چووه‌ ماڵی زه‌كه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد."

41 كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مریه‌م بوو، منداڵه‌كه‌ له‌ سكی‌دا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆز."

42 ئه‌لیسابات به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: (له‌ناو ژنان‌دا به‌ره‌كه‌تداریت، به‌رهه‌می سكت به‌ره‌كه‌تداره‌!"

43 ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی خوداوه‌ندم بێته‌ لام؟"

44 چونكه‌ هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، منداڵه‌كه‌ له‌ خۆشی‌دا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌."

45 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌نده‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی.)"

46 مریه‌میش وتی: (گیانم خوداوه‌ند شكۆدار ده‌كات،"

47 ڕۆحم به‌ خودای ڕزگاركه‌رم دڵشاده‌،"

48 چونكه‌ سه‌یری ڕۆح‌سووكی كاره‌كه‌ره‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان به‌ به‌ره‌كه‌تدارم داده‌نێن،"

49 چونكه‌ توانادار شتی گه‌وره‌ی بۆ كردم، پیرۆزه‌ ناوی ئه‌و."

50 به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌."

51 به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رت‌وبڵاو كرده‌وه‌."

52 تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌ و ڕۆح‌سووكه‌كانی بڵند كرده‌وه‌."

53 برسییه‌كانی له‌ خێروبێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ڕه‌وان كرده‌وه‌."

54 یارمه‌تی ئیسرائیلی خزمه‌تكاری خۆی دا، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی،"

55 وه‌ك قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئیبراهیم و نه‌وه‌كه‌ی بۆ تاهه‌تایه‌.)"

56 مریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی."

57 ئه‌لیسابات كاتی منداڵبوونی هات و كوڕێكی بوو."

58 جا دراوسێ و خزمانی بیستیان خوداوه‌ند به‌زه‌یی فراوانی خۆی بۆ ده‌رخستووه‌، له‌گه‌ڵی شادومان بوون."

59 له‌ ڕۆژی هه‌شته‌م‌دا بۆ خه‌ته‌نه‌كردنی منداڵه‌كه‌ هاتن، له‌سه‌ر ناوی باوكی ناویان لێنا زه‌كه‌ریا."

60 به‌ڵام دایكی وتی: (نه‌خێر، ناوی ده‌نرێت یه‌حیا.)"

61 پێیان وت: (كه‌س له‌ خزمانت به‌م ناوه‌ نه‌نراوه‌.)"

62 ئینجا ئیشاره‌تیان بۆ باوكی كرد، ده‌یه‌وێت چ ناوێكی لێ بنێت."

63 ته‌خته‌یه‌كی داواكرد و له‌سه‌ری نووسی: (ناوی یه‌حیایه‌.) هه‌موو سه‌رسام بوون."

64 ده‌م و زمانی زه‌كه‌ریا كرایه‌وه‌، قسه‌ی كرد و ستایشی خودای ده‌كرد."

65 هه‌موو دراوسێیه‌كانیان ترسیان لێ نیشت و له‌ سه‌راپای زوورگه‌كانی یه‌هودیا باسی هه‌موو ئه‌م شتانه‌ ده‌كرا."

66 هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان له‌ دڵی خۆیان‌دا هه‌ڵیانگرت، وتیان: (ئایا ئه‌م منداڵه‌ ده‌بێته‌ چی؟) چونكه‌ ده‌ستی خوداوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌بوو."

67 زه‌كه‌ریای باوكیشی پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی كرد، وتی:"

68 (ستایش بۆ خوداوه‌ند، خودای ئیسرائیل، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و كڕییه‌وه‌."

69 شاخی ڕزگاریمانی هه‌ڵستانده‌وه‌، له‌ ماڵی داودی خزمه‌تكاری،"

70 وه‌ك له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ زمانی پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانی دوواوه‌،"

71 ڕزگاربوون له‌ دوژمنانمان و له‌ ده‌ست هه‌موو ناحه‌زانمان،"

72 بۆ ده‌رخستنی به‌زه‌یی بۆ باوكانمان و بۆ یادكردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ پیرۆزه‌كه‌ی."

73 ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئیبراهیمی باوكمانی خوارد:"

74 له‌ ده‌ست دوژمنانمان ده‌ربازمان بێت، كه‌ بمانداتێ بێ ترس بیپه‌رستین،"

75 هه‌موو ڕۆژانمان به‌ پیرۆزی و ڕاستودروستی له‌به‌رده‌می."

76 تۆش ئه‌ی منداڵ، به‌ پێغه‌مبه‌ری خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێیت، چونكه‌ پێش خوداوه‌ند ده‌كه‌ویت، تاكو ڕێگای بۆ ئاماده‌ بكه‌یت،"

77 تاكو زانیاری ڕزگاری به‌ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانیان بده‌یته‌ گه‌له‌كه‌ی،"

78 به‌هۆی به‌زه‌ییه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی خودامانه‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕووناكی له‌ به‌رزاییه‌وه‌ به‌سه‌رمان‌دا ده‌ڕه‌خشێت،"

79 تاكو به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ تاریكی و له‌ سێبه‌ری مه‌رگ‌دا دانیشتوون بدره‌وشێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌كانمان به‌ ڕێگای ئاشتی‌دا ببات.)"

80 منداڵه‌كه‌ش گه‌شه‌ی ده‌كرد و له‌ ڕۆح‌دا به‌هێز ده‌بوو، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی بۆ ئیسرائیل له‌ چۆڵه‌وانی بوو."

2

1 له‌و ڕۆژانه‌دا له‌ ئۆگستۆس قه‌یسه‌ره‌وه‌ فه‌رمانێك ده‌رچوو، كه‌ هه‌موو جیهان ناونووس بكرێت."

2 ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ناونووسین بوو، كاتێ كیرینیۆس فه‌رمانڕه‌وای سوریا بوو."

3 ئیتر هه‌ریه‌كه‌ بۆ ناونووسین ده‌چووه‌ شاری خۆی."

4 یوسفیش له‌ جه‌لیل له‌ شاری ناسیره‌وه‌ به‌ره‌و یه‌هودیا سه‌ركه‌وت، بۆ شاره‌كه‌ی داود كه‌ پێی ده‌ووترێ بێت‌له‌حم، چونكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ و تیره‌ی داود بوو،"

5 تاكو له‌گه‌ڵ مریه‌م ناونووس بكرێن كه‌ ماره‌بڕی بوو و سكی هه‌بوو."

6 كاتێك له‌وێ بوون، كاتی منداڵبوونی هات."

7 جا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی بوو، قۆنداغی كرد و له‌ ئاخوڕێك‌دا داینا، چونكه‌ له‌ خانه‌كه‌دا شوێنیان نه‌بوو."

8 له‌و ناوچه‌یه‌ شوان هه‌بوون له‌ ده‌شت ده‌مانه‌وه‌ و شه‌وان ئێشكیان له‌ مێگه‌له‌كه‌یان ده‌گرت."

9 فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند بۆیان ده‌ركه‌وت و شكۆی خوداوه‌ند له‌ ده‌وریان دره‌وشایه‌وه‌، جا ترسێكی زۆر ترسان."

10 فریشته‌كه‌ پێی‌ووتن: (مه‌ترسن، ئه‌وا موژده‌ی خۆشییه‌كی گه‌وره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌."

11 ئه‌مڕۆ له‌ شاری داود ڕزگاركه‌رێكتان بۆ له‌دایك بوو، ئه‌ویش مه‌سیحه‌ ، خوداوه‌نده‌."

12 ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆتان، مه‌لۆتكه‌یه‌ك ده‌بینن له‌ناو ئاخوڕێك دانراوه‌.)"

13 له‌ پڕێك‌دا له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ له‌شكرێكی گه‌وره‌ی ئاسمانی ده‌ركه‌وت و ستایشی خودایان ده‌كرد و ده‌یان‌ووت:"

14 (شكۆ بۆ خودا له‌ به‌رزایی، له‌سه‌ر زه‌ویش ئاشتی بۆ ئه‌وانه‌ی جێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ون.)"

15 كاتێ فریشته‌كان به‌ره‌و ئاسمان به‌جێیان هێشتن، شوانه‌كان به‌ یه‌كتریان وت: (ده‌ی با بڕۆینه‌ بێت‌له‌حم و ئه‌م شته‌ی ڕووی‌داوه‌ ببینین كه‌ خوداوه‌ند پێی ڕاگه‌یاندین.)"

16 خێرا هاتن و مریه‌م و یوسف و ئه‌و مه‌لۆتكه‌یه‌ی له‌ ئاخوڕه‌كه‌دا دانرابوو دۆزییانه‌وه‌."

17 كاتێ بینییان، ئه‌و قسه‌یه‌یان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م منداڵه‌ پێیان وترابوو."

18 هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو، سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی شوانه‌كان پێیان ده‌ووتن."

19 به‌ڵام مریه‌م هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی هه‌ڵده‌گرت و له‌ دڵی خۆی‌دا لێكی ده‌دایه‌وه‌."

20 شوانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ و خودایان شكۆدار ده‌كرد و ستایشیان ده‌كرد له‌ پێناوی هه‌موو ئه‌وه‌ی بیستیان و بینییان، وه‌ك پێیان وترابوو."

21 له‌ ڕۆژی هه‌شته‌مین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ بكرێت ، ناوی لێ‌نرا عیسا، وه‌ك له‌لایه‌ن فریشته‌كه‌ ناونرا، پێش ئه‌وه‌ی به‌ سك بكه‌وێت."

22 كاتێك ڕۆژانی پاكبوونه‌وه‌یان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی موسا ته‌واوبوو، بردییانه‌ ئۆرشه‌لیم، تاكو پێشكه‌شی خوداوه‌ندی بكه‌ن -"

23 وه‌ك له‌ ته‌وراتی خوداوه‌ند نووسراوه‌: {هه‌ر نێرینه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ بۆ خوداوه‌ند ته‌رخان ده‌كرێت.} -"

24 بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانییه‌كیش، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی خوداوه‌ند وتراوه‌: {دوو كوكوختی یان دوو بێچووه‌ كۆتر.}"

25 له‌ ئۆرشه‌لیم پیاوێك هه‌بوو ناوی شیمۆن بوو، پیاوچاك و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی به‌سه‌ركردنه‌وه بوو بۆ ئیسرائیل، ڕۆحی پیرۆزی له‌سه‌ر بوو."

26 به‌ ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشكرا كرابوو كه‌ به‌ر له‌ بینینی مه‌سیحی خوداوه‌ند مردن نابینێت."

27 به‌هۆی ڕۆحه‌كه‌وه‌ هاته‌ په‌رستگا. كاتێ دایك و باوكه‌كه‌ عیسای منداڵیان هێنا ژووره‌وه‌، تاكو به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ته‌ورات بۆی بكه‌ن،"

28 شیمۆن له‌ باوه‌شی كرد، ستایشی خودای كرد:"

29 (ئه‌ی خوداوه‌ندی باڵاده‌ست، ئێستا به‌گوێره‌ی قسه‌كه‌ت به‌نده‌ی خۆت به‌ ئاشتی به‌ڕێ‌بكه‌."

30 ئه‌وا چاوم ڕزگاری تۆی بینی،"

31 ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌لان ئاماده‌ت كردووه‌،"

32 تا ئاشكراكردنی ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وان و شكۆمه‌ندی بێت بۆ ئیسرائیلی گه‌لی خۆت.)"

33 دایك و باوكی سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی وترا."

34 شیمۆن داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كردن و به‌ مریه‌می دایكی وت: (ئا ئه‌م منداڵه‌ دانراوه‌ بۆ كه‌وتن و هه‌ڵستانه‌وه‌ی زۆران له‌ ئیسرائیل‌دا، ده‌بێته‌ نیشانه‌یه‌ك دژایه‌تی ده‌كرێت،"

35 تاكو نیازی زۆر دڵان ئاشكرا بێت. تۆش شمشێرێك جه‌رگت ده‌بڕێت.)"

36 ژنه‌ پێغه‌مبه‌رێك هه‌بوو، حه‌نای كچی فه‌نۆئیل له‌ هۆزی ئه‌شیر. زۆر به‌ ساڵ‌دا چوو بوو، له‌ كچێنی‌ڕا حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیابوو،"

37 ئینجا بێوه‌ژن بوو تاكو هه‌شتا و چوار ساڵی. په‌رستگای به‌جێ‌نه‌ده‌هێشت، به‌ پاڕانه‌وه‌ و ڕۆژوو، شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستن‌دا بوو."

38 هه‌ر له‌و كاته‌دا ڕاوه‌ستا و ستایشی خودای ده‌كرد، باسی منداڵه‌كه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی كڕینه‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم بوون."

39 كه‌ هه‌موو شتێكیان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خوداوه‌ند ته‌واو كرد، هاتنه‌وه‌ جه‌لیل، بۆ ناسیره‌ی شاره‌كه‌ی خۆیان."

40 منداڵه‌كه‌ش گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، پڕبوو له‌ دانایی، نیعمه‌تی خوداشی له‌سه‌ر بوو."

41 دایك و باوكی هه‌موو ساڵێك له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ ده‌چوونه‌ ئۆرشه‌لیم."

42 كاتێ بووه‌ دوازده‌ ساڵ، وه‌ك نه‌ریتی جه‌ژن به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم سه‌ركه‌وتن."

43 دوای ته‌واوبوونی ڕۆژه‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان‌دا عیسای مێردمنداڵ له‌ ئۆرشه‌لیم مایه‌وه‌، دایك و باوكیشی نه‌یانزانی."

44 وایان ده‌زانی له‌ناو كاروانه‌كه‌یه‌، ڕۆژه‌ ڕێیه‌ك ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ له‌ناو خزم و ناسیاوه‌كان لێی گه‌ڕان."

45 كه‌ نه‌یاندۆزییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، به‌ دوای‌دا ده‌گه‌ڕان."

46 دوای سێ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا دۆزیانه‌وه‌، له‌ناو مامۆستایان دانیشتووه‌، گوێیان لێ ده‌گرێت و پرسیاریان لێ‌ده‌كات."

47 هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، له‌ تێگه‌یشتن و وه‌ڵامه‌كانی سه‌رسام بوون."

48 كاتێ بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایكی پێی‌ووت: (كوڕم بۆ وات لێ‌كردین؟ من و باوكت دڵمان پێته‌وه‌ بوو و به‌ دوات‌دا ده‌گه‌ڕاین.)"

49 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (بۆچی به‌دوام‌دا ده‌گه‌ڕان؟ نه‌تانده‌زانی پێویسته‌ له‌ناو كاروباری باوكم بم؟)"

50 به‌ڵام له‌و قسه‌ی پێی فه‌رموون تێ‌نه‌گه‌یشتن."

51 ئینجا له‌گه‌ڵیان دابه‌زی و هاته‌وه‌ ناسیره‌ و گوێڕایه‌ڵیان بوو، دایكیشی هه‌موو شته‌كانی له‌ دڵی‌دا هه‌ڵده‌گرت."

52 عیساش له‌ دانایی و باڵا، ڕه‌زامه‌ندی له‌لای خودا و خه‌ڵكی، گه‌شه‌ی ده‌كرد."

3

1 له‌ ساڵی پازده‌مینی حوكمڕانی تێباریۆس قه‌یسه‌ر - كاتێ پیلاتۆسی پونتی فه‌رمانڕه‌وای یه‌هودیا بوو، هێرۆدسیش تیتراركی جه‌لیل بوو و فیلیپۆسی براشی تیتراركی ئیتۆریه‌ و ته‌راخۆنیتس بوو، لیسانیۆس تیتراركی ئه‌بیلینه‌ بوو،"

2 له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك كاهینیه‌تی حه‌نان و قه‌یافا - له‌ ده‌شت‌وده‌ر وشه‌ی خودا بۆ یه‌حیای كوڕی زه‌كه‌ریا هات."

3 جا بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئوردون ده‌رچوو، جاڕی له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردنی ده‌دا بۆ گوناه‌ به‌خشین."

4 وه‌ك له‌ سیپاره‌ی وشه‌كانی ئیشایا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌: {ده‌نگی بانگده‌رێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوارده‌كات: "ڕێگای خوداوه‌ند ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن.""

5 هه‌موو دۆڵێك پڕ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو چیا و گردێكیش نزم ده‌بێته‌وه‌، ڕێگا خواروخێچه‌كان ڕاست ده‌بنه‌وه‌ و سه‌خته‌كانیش ئاسان ده‌بن،"

6 هه‌موو كه‌سێكیش ڕزگاری خودا ده‌بینێت!}"

7 به‌و خه‌ڵكانه‌ی ده‌ووت كه‌ ده‌رده‌چوون تاكو له‌ئاویان‌هه‌ڵكێشێت: (ئه‌ی بێچوی كۆره‌ماران، كێ ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟"

8 با به‌رهه‌مێكتان هه‌بێت له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. به‌ خۆتان مه‌ڵێن: "ئیبراهیم باوكمانه‌." پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ نه‌وه‌ بۆ ئیبراهیم قیت‌بكاته‌وه‌."

9 ئه‌وه‌تا ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دار، هه‌ر دارێك به‌رهه‌می باش نه‌دات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر.)"

10 خه‌ڵكه‌كه‌ پرسیاریان لێ‌كرد: (كه‌واته‌ چی بكه‌ین؟)"

11 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی دوو كراسی هه‌یه‌، با یه‌كێكیان بداته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ نانی هه‌یه‌، با هه‌مان شت بكات.)"

12 باجگرانیش بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشان هاتن، پێیان وت: (مامۆستا، ئێمه‌ چی بكه‌ین؟)"

13 پێی‌ووتن: (له‌وه‌ی بۆتان دانراوه‌ زیاتر وه‌رمه‌گرن.)"

14 سه‌ربازیش پرسیاریان لێ‌كرد: (ئه‌ی ئێمه‌ چی بكه‌ین؟) پێی‌ووتن: (خاوه‌ له‌ كه‌س وه‌رمه‌گرن و بوختان مه‌كه‌ن، به‌ موچه‌كانتان ڕازی بن.)"

15 گه‌ل له‌ چاوه‌ڕوانی‌دا بوون، هه‌موو له‌ دڵیان‌دا له‌مه‌ڕ یه‌حیا ده‌یانپرسی: (ڕه‌نگه‌ مه‌سیح بێت؟)"

16 یه‌حیا وه‌ڵامی هه‌مووانی دایه‌وه‌: (من له‌ ئاوتان هه‌ڵده‌كێشم، به‌ڵام یه‌كێك دێت له‌ من به‌تواناتره‌، ئه‌وه‌ی من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و له‌ ڕۆحی پیرۆز و به‌ ئاگر باپتیزتان ده‌كات."

17 شه‌نی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی جۆخینه‌كه‌ی، گه‌نمه‌كه‌ له‌ ئه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌ و قه‌سه‌ره‌كه‌ش به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێت.)"

18 به‌ زۆر شتی دیكه‌ش ئامۆژگاری گه‌لی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دانێ."

19 به‌ڵام كاتێ یه‌حیا هێرۆدسی تیتراركی سه‌رزه‌نشت كردبوو له‌سه‌ر هێرۆدیای براژنی و له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی كردبووی،"

20 ئه‌م خراپه‌یه‌شی خسته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌، یه‌حیای له‌ زیندان به‌ندكرد."

21 كاتێ گه‌ل هه‌موو له‌ئاوهه‌ڵكێشران، عیساش له‌ئاوهه‌ڵكێشرا، كه‌ نوێژی ده‌كرد ئاسمان كرایه‌وه‌،"

22 ڕۆحی پیرۆز له‌ شێوه‌ی له‌ش وه‌ك كۆترێك له‌سه‌ری نیشته‌وه‌، ده‌نگێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: (تۆ كوڕی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ زۆر دڵشادم.)"

23 كاتێ عیسا ده‌ستی به‌ خزمه‌ته‌كه‌ی كرد نزیكه‌ی سی ساڵ‌بوو. وا ده‌زانرا كه‌ كوڕی یوسفی كوڕی هه‌لی،"

24 كوڕی مه‌تسات، كوڕی لێڤی، كوڕی مه‌لكی، كوڕی یه‌ننا، كوڕی یوسف،"

25 كوڕی مه‌تاسیا، كوڕی عامۆس، كوڕی ناحوم، كوڕی هه‌سلی، كوڕی نه‌جای،"

26 كوڕی ماس، كوڕی مه‌تاسیا، كوڕی شیمین، كوڕی یوسف، كوڕی یه‌هوزا،"

27 كوڕی یواننا، كوڕی ڕیسا، كوڕی زروبابل، كوڕی شالتئیل، كوڕی نیری،"

28 كوڕی مه‌لكی، كوڕی ئادی، كوڕی كوسام، كوڕی ئه‌لمودام، كوڕی ئێر،"

29 كوڕی یه‌شوع، كوڕی ئه‌لیعه‌‌زه‌ر، كوڕی یوریم، كوڕی مه‌تسات، كوڕی لێڤی،"

30 كوڕی شیمۆن، كوڕی یه‌هودا، كوڕی یوسف، كوڕی یۆنام، كوڕی ئه‌لیاقیم،"

31 كوڕی مه‌لیا، كوڕی مه‌ننا، كوڕی مه‌تاسا، كوڕی ناتان، كوڕی داود،"

32 كوڕی یه‌سا، كوڕی عوبێد، كوڕی بۆعه‌ز، كوڕی سه‌لمۆن، كوڕی نه‌حشۆن،"

33 كوڕی عه‌میناداب، كوڕی ڕام ، كوڕی حه‌سرون، كوڕی پێرێز، كوڕی یه‌هودا،"

34 كوڕی یاقوب، كوڕی ئیسحاق، كوڕی ئیبراهیم، كوڕی تاره‌ح، كوڕی ناحۆر،"

35 كوڕی سه‌روگ، كوڕی ڕه‌عو، كوڕی په‌له‌گ، كوڕی عێڤه‌ر، كوڕی شاله‌ح،"

36 كوڕی كینان، كوڕی ئه‌رپه‌كشاد، كوڕی سام، كوڕی نوح، كوڕی لامه‌ك،"

37 كوڕی مه‌توشالح، كوڕی ئه‌خنوخ، كوڕی یاره‌د، كوڕی مه‌هللئێل، كوڕی قێنان،"

38 كوڕی ئه‌نۆش، كوڕی شیت، كوڕی ئاده‌م، كوڕی خودا."

4

1 عیسا به‌ پڕی ڕۆحی پیرۆز له‌ ئوردون گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ ڕۆحه‌كه‌ش بردرایه‌ چۆڵه‌وانی."

2 چل ڕۆژان ئیبلیس تاقی ده‌كرده‌وه‌. له‌و ڕۆژانه‌ هیچی نه‌خوارد، كاتێ ماوه‌كه‌ ته‌واو بوو برسی بوو."

3 ئیبلیس پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر كوڕی خودایت، به‌م به‌رده‌ بڵێ با ببێته‌ نان.)"

4 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نووسراوه‌: {مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت.} )"

5 ئینجا ئیبلیس عیسای برده‌ شوێنێكی به‌رز و له‌ ساتێك‌دا هه‌موو شانشینه‌كانی جیهانی پیشان دا و"

6 پێی‌ووت: (هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵات و شكۆیه‌ی ئه‌وان ده‌ده‌مه‌ تۆ، چونكه‌ دراوه‌ته‌ من و منیش ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌یده‌مێ."

7 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌مم كڕنۆش ببه‌یت، هه‌مووی بۆ تۆ ده‌بێت.)"

8 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ خودای په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت.} )"

9 ئینجا بۆ ئۆرشه‌لیمی برد و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر كوڕی خودایت لێره‌وه‌ خۆت هه‌ڵبده‌ خواره‌وه‌."

10 چونكه‌ نووسراوه‌: {سه‌باره‌ت به‌ تۆ فه‌رمان به‌ فریشته‌كانی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بتپارێزن،"

11 له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتده‌گرن تاكو پێت به‌ر به‌ردێك نه‌كه‌وێت.} )"

12 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (وتراوه‌: {خودای په‌روه‌ردگارت تاقی مه‌كه‌وه‌.} )"

13 كاتێ ئیبلیس هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو كرد، به‌جێی‌هێشت تا ده‌رفه‌تێكی دیكه‌."

14 عیسا به‌ هێزی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ جه‌لیل، ناوبانگی له‌ هه‌موو دێیه‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بۆوه‌."

15 له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و هه‌موو ستایشیان ده‌كرد."

16 هاته‌ ناسیره‌ كه‌ لێی گه‌وره‌ بووه‌، وه‌ك نه‌ریتی خۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ چووه‌ كه‌نیشت و بۆ خوێندنه‌وه‌ ڕاوه‌ستا."

17 پێچراوی ئیشایا پێغه‌مبه‌ریان دایێ و كردیه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ تیای‌دا نووسراوه‌:"

18 ({رۆحی خوداوه‌ندم له‌سه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ستنیشانی كردووم بۆ موژده‌دان به‌ هه‌ژاران، ناردوومی تاكو ئازادی بۆ دیلكراوان و بینین بۆ كوێران جاڕبده‌م، تاكو پێشێلكراوان به‌ره‌و ئازادی بنێرم و"

19 ساڵی ڕه‌زامه‌ندی خوداوه‌ند جاڕبده‌م.} )"

20 ئینجا پێچراوه‌كه‌ی پێچایه‌وه‌، دایه‌وه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ و دانیشت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشت بوون چاویان تێبڕی بوو."

21 ده‌ستی پێ‌كرد قسه‌یان بۆ بكات: (ئه‌مڕۆ ئه‌م نووسراوه‌ی گوێتان لێ‌بوو هاته‌ دی.)"

22 هه‌موو شایه‌تییان بۆ ده‌دا، سه‌رسام بوون له‌و وشه‌ نیعمه‌تدارانه‌ی له‌ ده‌می ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ كوڕه‌كه‌ی یوسف نییه‌؟)"

23 عیسا پێی فه‌رموون: (بێگومان ئه‌م په‌نده‌م پێ ده‌ڵێن: ئه‌ی پزیشك چاره‌سه‌ری خۆت بكه‌! ئه‌وه‌ی بیستمان و له‌ كه‌فه‌رناحوم كردت، لێره‌ش له‌ شاره‌كه‌ت‌دا بیكه‌.)"

24 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، هیچ پێغه‌مبه‌رێك له‌ شاره‌كه‌ی خۆی په‌سه‌ند ناكرێت."

25 له‌ ڕاستی‌دا پێتان ده‌ڵێم، له‌ سه‌رده‌می ئه‌لیاس زۆر بێوه‌ژن له‌ ئیسرائیل‌دا هه‌بوون، كاتێ سێ ساڵ و شه‌ش مانگ ئاسمان به‌سترا ، له‌ هه‌موو خاكه‌كه‌دا بووه‌ برسێتییه‌كی گه‌وره‌،"

26 به‌ڵام ئه‌لیاس بۆ ئه‌وان نه‌نێردرا، به‌ڵكو بۆ بێوه‌ژنێك له‌ سه‌ره‌فه‌ندی سه‌یدا."

27 له‌ سه‌رده‌می ئه‌لیشه‌ع پێغه‌مبه‌ریش زۆر گول له‌ ئیسرائیل‌دا هه‌بوون، هیچیان پاك نه‌بوونه‌وه‌، نه‌عمانی سوری نه‌بێت.)"

28 جا كه‌ ئه‌مه‌یان بیست هه‌موو له‌ كه‌نیشته‌كه‌ لێی پڕبوون."

29 ده‌ریان‌كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، بردییانه‌ سه‌ر لێواری ئه‌و چیایه‌ی شاره‌كه‌یانی له‌سه‌ر بنیاد نرابوو، تاكو فڕێی‌بده‌نه‌ خواره‌وه‌."

30 به‌ڵام ئه‌و به‌ ناویان‌دا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت."

31 به‌ره‌و كه‌فه‌رناحوم دابه‌زی، كه‌ شارێكی جه‌لیله‌ و له‌ شه‌ممه‌دا فێری ده‌كردن."

32 له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وشه‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو."

33 له‌ كه‌نیشته‌كه‌دا پیاوێك هه‌بوو ڕۆحی‌پیسی تێدابوو. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد:"

34 (ئای! عیسای ناسیره‌یی چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ناومان ببه‌یت؟ ده‌تناسم تۆ كێیت، پیرۆزه‌كه‌ی خودایت.)"

35 عیسا لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: (بێ‌ده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ناوه‌ندیان به‌ زه‌وی‌دا دا و لێی ده‌رچوو، هیچ زیانیشی پێ نه‌گه‌یاند."

36 هه‌مووش سامگرتوو بوون و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (ئه‌مه‌ چ وته‌یه‌كه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ ڕۆحه‌پیسه‌كان ده‌دات و ده‌رده‌چن.)"

37 ئیتر هه‌واڵی له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر بڵاو بۆوه‌."

38 له‌ كه‌نیشت هه‌ڵستا و چووه‌ ماڵی شیمۆن. خه‌سووی شیمۆن تایه‌كی توندی لێ‌بوو، له‌به‌ر ئه‌و تكایان لێ‌كرد."

39 ئه‌ویش له‌سه‌ری ڕاوه‌ستا، له‌ تایه‌كه‌ی ڕاخوڕی و به‌ری‌دا. یه‌كسه‌ر هه‌ڵستایه‌وه‌ و خزمه‌تی كردن."

40 ڕۆژ ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان هێنایه‌ لای عیسا، به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان دانا و چاكی‌كردنه‌وه‌."

41 ڕۆحی‌پیس له‌ زۆران ده‌رده‌چوون، هاواریان ده‌كرد: (تۆ كوڕی خودای!) ئه‌ویش لێیانی ڕاده‌خوڕی و نه‌یده‌هێشت بدوێن، چونكه‌ زانییان مه‌سیحه‌كه‌یه‌."

42 كاتێ ڕۆژ هه‌ڵات، هه‌ڵستا و چووه‌ جێگایه‌كی چۆڵ، خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ دوای‌دا ده‌گه‌ڕان و هاتنه‌ لای، ڕایانگرت تاكو له‌لایان نه‌ڕوات."

43 به‌ڵام پێی فه‌رموون: (له‌سه‌رمه‌ موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌مه‌ شاره‌كانی دیكه‌ش، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ نێردراوم.)"

44 ئیتر به‌رده‌وام له‌ كه‌نیشته‌كانی یه‌هودیا جاڕی ده‌دا."

5

1 له‌و كاته‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد تاكو گوێ له‌ وشه‌ی خودا بگرن، كه‌ ئه‌و له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌نیساره‌ت ڕاوه‌ستابوو،"

2 دوو به‌له‌می له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌ بینی، ماسیگران لێیان ده‌رچووبوون و تۆڕه‌كانیان ده‌شوشت."

3 چووه‌ ناو یه‌كێكیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێ‌كرد كه‌مێك له‌ وشكایی دووری بخاته‌وه‌، ئینجا دانیشت و له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد."

4 كاتێ وته‌كانی ته‌واو كرد به‌ شیمۆنی فه‌رموو: (دووری‌بخه‌ره‌وه‌ بۆ قووڵایی و تۆڕه‌كانتان بۆ ڕاوكردن فڕێبده‌ن.)"

5 شیمۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، به‌ درێژایی شه‌و زه‌حمه‌تمان كێشا و هیچمان نه‌گرت. به‌ڵام له‌به‌ر قسه‌ی تۆ، تۆڕه‌كان فڕێده‌ده‌م.)"

6 كاتێ ئه‌مه‌یان كرد ماسییه‌كی زۆریان گرت، تۆڕه‌كانیان خه‌ریك بوو ده‌دڕا."

7 جا ئیشاره‌تیان بۆ هاوكارانی ناو به‌له‌مه‌كه‌ی دیكه‌ كرد، تاكو بێن و یارمه‌تییان بده‌ن، ئیتر هاتن و هه‌ردوو به‌له‌مه‌كه‌یان پڕكرد، تا وای‌لێ‌هات خه‌ریك بوو نوقوم ببن."

8 شیمۆن په‌ترۆس كه‌ ئه‌مه‌ی بینی و له‌به‌رده‌م چۆكی عیسادا كه‌وت و ده‌یووت: (گه‌وره‌م لێم دووربكه‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤێكی گوناهبارم!)"

9 چونكه‌ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون سه‌رسام بوون له‌م ماسی گرتنه‌ی هه‌ڵیانگرته‌وه‌،"

10 یاقوب و یۆحه‌نای كوڕه‌كانی زه‌بدیش، هاوبه‌شی شیمۆن بوون. عیسا به‌ شیمۆنی فه‌رموو: (مه‌ترسه‌! له‌مه‌وپاش مرۆڤ ڕاو ده‌كه‌یت.)"

11 دوای ئه‌وه‌ی به‌له‌مه‌كانیان هێنا وشكایی، هه‌موو شتێكیان به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن."

12 ئه‌وه‌بوو له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كان، پیاوێكی پڕ له‌ گولی هه‌بوو، كه‌ عیسای بینی به‌ ڕوودا كه‌وت و لێی پاڕایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانی پاكم بكه‌یته‌وه‌.)"

13 عیساش ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی لێ‌دا، فه‌رمووی: (ده‌مه‌وێت، پاك‌ببه‌وه‌.) ئیتر یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێ‌بۆوه‌."

14 عیسا ڕایسپارد: (به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵام بڕۆ خۆت پیشانی كاهین بده‌، بۆ پاكبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌و قوربانییه‌ی موسا فه‌رمانی كردووه‌ بیكه‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.)"

15 به‌ڵام هه‌واڵی ئه‌و زیاتر بڵاو ده‌بۆوه‌، جا حه‌شاماتێك كۆبوونه‌وه‌ تاكو گوێ‌بگرن و نه‌خۆشییه‌كانیان چاكبێته‌وه‌."

16 ئه‌ویش دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ چۆڵه‌وانی و نوێژی ده‌كرد."

17 ڕۆژێكیان خه‌ریكی فێركردن بوو، فه‌ریسی و مالمه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی جه‌لیل و یه‌هودیا و ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتبوون دانیشتبوون، توانای خوداوه‌ندیشی تێدابوو بۆ چاككردنه‌وه‌."

18 چه‌ند پیاوێك هاتن ئیفلیجێكیان به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ هێنا و ده‌یانویست بیهێننه‌ ژووره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می دایبنێن."

19 كاتێ له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ ڕێیان نه‌بوو بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان و به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ نێوان خشته‌كان‌دا بۆ به‌رده‌م عیسا شۆڕیان كرده‌وه‌ ناوه‌ڕاست."

20 كه‌ عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، فه‌رمووی: (كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشران.)"

21 مالم و فه‌ریسییه‌كان كه‌وتنه‌ پرسیار: (ئه‌مه‌ كێیه‌ كفر ده‌كات؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟)"

22 عیساش به‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی زانی، وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (بۆ له‌ دڵتان‌دا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌؟"

23 " كامیان ئاسانتره‌، بووترێت: "گوناهه‌كانت به‌خشران،" یان بووترێت: "هه‌سته‌ و بڕۆ"؟ ""

24 به‌ڵام تاكو بزانن كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌،...) به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌.)"

25 یه‌كسه‌ر له‌به‌رچاویان هه‌ڵستا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشابوو هه‌ڵیگرت و چۆوه‌ ماڵی خۆی، خوداشی شكۆدار ده‌كرد."

26 هه‌موویان سامگرتوو بوون و خودایان شكۆدار ده‌كرد، پڕبوون له‌ ترس و وتیان: (ئه‌مڕۆ شتی سه‌یرمان بینی.)"

27 دوای ئه‌مانه‌ عیسا ده‌رچوو، باجگرێكی بینی ناوی لێڤی بوو، له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌.)"

28 ئه‌ویش هه‌موو شتێكی به‌جێ‌هێشت، هه‌ڵستا و دوای كه‌وت."

29 لێڤی له‌ ماڵی خۆی‌دا میواندارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كرد، زۆر له‌ باجگران و خه‌ڵكی دیكه‌ له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر خوان بوون."

30 جا فه‌ریسی و مالمه‌كانیان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی كرد و ده‌یان‌ووت: (بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟)"

31 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش."

32 نه‌هاتووم ڕاستودروستان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن.)"

33 ئینجا پێیان وت: (قوتابییه‌كانی یه‌حیا زۆر ڕۆژوو ده‌گرن و نوێژ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی فه‌ریسییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌.)"

34 عیساش پێی فه‌رموون: (ئایا ده‌توانن وا بكه‌ن شاییگێڕان به‌ڕۆژوو بن، كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیانه‌؟"

35 به‌ڵام ڕۆژانێك دێت كه‌ زاوایان لێ ده‌بردرێت، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن.)"

36 هه‌روه‌ها نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌: (كه‌س په‌ڕۆكێكی نوێ نادڕێنێت تا جلێكی كۆنی پێ پینه‌ بكات، چونكه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌دڕێت و كۆنه‌كه‌ش ناگونجێت له‌گه‌ڵ پینه‌ نوێیه‌كه‌."

37 كه‌سیش شه‌رابی نوێ ناكاته‌ ناو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، چونكه‌ شه‌رابه‌ نوێیه‌كه‌ مه‌شكه‌كه‌ ده‌دڕێنێت و ده‌ڕژێت، مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت."

38 كه‌واته‌ پێویسته‌ شه‌رابی نوێ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی نوێوه‌."

39 كه‌سیش نییه‌ شه‌رابی كۆن بخواته‌وه‌ و ئاره‌زووی نوێ بكات، چونكه‌ ده‌ڵێت "كۆنه‌كه‌ خۆشتره‌.")"

6

1 له‌ شه‌ممه‌دا عیسا به‌ ناو ده‌غڵان‌دا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی گوڵه‌گه‌نمیان لێ‌ده‌كرده‌وه‌، له‌ناو ده‌ستیان ده‌یانپڕواند و ده‌یانخوارد."

2 هه‌ندێك فه‌ریسی پێیان وتن: (بۆچی ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌ ده‌یكه‌ن؟)"

3 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داود كاتێ برسی بوو چی كرد، خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون؟"

4 چۆن چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی برد و خواردی، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌وه‌ی دروست نییه‌ بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت؟)"

5 ئینجا پێی فه‌رموون: (كوڕی مرۆڤ خۆی گه‌وره‌ی شه‌ممه‌یه‌.)"

6 له‌ شه‌ممه‌یه‌كی دیكه‌دا، چووه‌ ناو كه‌نیشت و خه‌ڵكی فێرده‌كرد. پیاوێك له‌وێ بوو ده‌ستی ڕاستی وشك بوو."

7 مالم و فه‌ریسییه‌كان سه‌یری عیسایان ده‌كرد، ئاخۆ له‌ شه‌ممه‌دا چاك‌ده‌كاته‌وه‌، تاكو سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌."

8 به‌ڵام به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، به‌ پیاوه‌ ده‌ست وشكه‌كه‌ی فه‌رموو: (هه‌سته‌ و له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌سته‌.) ئه‌ویش هه‌ڵستا و ڕاوه‌ستا."

9 عیسا پێی فه‌رموون: (لێتان ده‌پرسم، ئاخۆ له‌ شه‌ممه‌دا كردنی باشه‌ دروسته‌ یان خراپه‌؟ ڕزگاركردنی كه‌سێك یان له‌ناوبردنی؟)"

10 چاوی به‌ هه‌موویان‌دا گێڕا، به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: (ده‌ستت درێژ بكه‌.) ئه‌ویش كردی و ده‌ستی چاكبۆوه‌."

11 به‌ڵام ئه‌وان پڕبوون له‌ تووڕه‌یی و له‌گه‌ڵ یه‌كتری گفتوگۆیان ده‌كرد چی له‌ عیسا بكه‌ن."

12 له‌و ڕۆژانه‌دا عیسا چووه‌ چیا تاكو نوێژ بكات، شه‌وه‌كه‌ی هه‌موو به‌ نوێژكردن بۆ خودا به‌سه‌ربرد."

13 كه‌ ڕۆژ‌بۆوه‌، قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد، دوازده‌ی لێ هه‌ڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان:"

14 شیمۆن كه‌ ناوی لێنا په‌ترۆس، له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، یاقوب و یۆحه‌نا، فیلیپۆس و به‌رتۆلماوس،"

15 مه‌تا و تۆماس، یاقوبی كوڕی حه‌لفی و شیمۆن كه‌ ناسراوبوو به‌ دڵگه‌رم ،"

16 یه‌هوزای كوڕی یاقوب و یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ناپاك ده‌رچوو."

17 ئینجا له‌گه‌ڵیان هاته‌ خواره‌وه‌ و له‌ شوێنێكی ته‌ختایی ڕاوه‌ستا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ قوتابییه‌كانی و حه‌شاماتێكی خه‌ڵك كه‌ له‌ هه‌موو یه‌هودیا و ئۆرشه‌لیم و كه‌ناری سور و سه‌یدا،"

18 ئه‌وانه‌ی هاتن گوێی لێ بگرن و له‌ نه‌خۆشییه‌كانیان چاكببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ ده‌ست ڕۆحه‌پیسه‌كان ده‌یانناڵاند چاكبوونه‌وه‌."

19 هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا ده‌ستی لێ بده‌ن، چونكه‌ توانایه‌كی لێ ده‌رده‌چوو و هه‌مووانی چاك‌ده‌كرده‌وه‌."

20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییه‌كانی هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌، ئه‌ی هه‌ژاران، چونكه‌ شانشینی خودا بۆ ئێوه‌یه‌."

21 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كه‌ ئێستا برسین، چونكه‌ تێر ده‌بن. خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كه‌ ئێستا ده‌گریێن، چونكه‌ پێده‌كه‌نن."

22 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كاتێ خه‌ڵك ڕقی لێتان ده‌بێته‌وه‌ و كاتێ جیاتان ده‌كه‌نه‌وه‌، جنێوتان پێ ده‌ده‌ن و به‌ به‌دكار ناوتان ده‌به‌ن، له‌به‌ر كوڕی مرۆڤ."

23 له‌و ڕۆژه‌دا دڵخۆش بن و هه‌ڵپه‌ڕن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمان پاداشتتان گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ران كردووه‌."

24 به‌ڵام قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان، چونكه‌ دڵنه‌وایی خۆتان وه‌رگرتووه‌."

25 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا تێرن، چونكه‌ ئێوه‌ برسی ده‌بن. قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا پێده‌كه‌نن، چونكه‌ ئێوه‌ ماته‌م ده‌گێڕن و ده‌گریێن."

26 قوڕ به‌ سه‌رتان كاتێ هه‌موو خه‌ڵك ستایشتان ده‌كات، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان بۆ پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان كردووه‌."

27 به‌ڵام ئه‌ی گوێگران پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆش‌بووێ، چاكه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌،"

28 ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تتان لێ‌ده‌كه‌ن داوای به‌ره‌كه‌تیان بۆ بكه‌ن، نوێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن."

29 ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تت ده‌دات، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕابگره‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ت ده‌بات، لاریت نه‌بێت بۆ كراسه‌كه‌شت."

30 كێ داوای شتێكی لێ‌كردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ش كه‌ شتێكت لێ ده‌بات لێی داوا مه‌كه‌وه‌."

31 وه‌كو ده‌تانه‌وێ خه‌ڵكی چیتان بۆ بكه‌ن، ئێوه‌ش ئاوایان بۆ بكه‌ن."

32 ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆش‌بووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆش‌ده‌وێت، چیتان زیاتره‌؟ ته‌نانه‌ت گوناهبارانیش ئه‌وانه‌یان خۆش‌ده‌وێت كه‌ خۆشیان ده‌وێن."

33 ئه‌گه‌ر باش بن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵتان باشن، چیتان زیاتره‌؟ گوناهبارانیش ئاوا ده‌كه‌ن."

34 ئه‌گه‌ر قه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وانه‌ی هیوادارن لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌، چیتان زیاتره‌؟ گوناهبارانیش قه‌رز ده‌ده‌نه‌ گوناهباران تاكو ئه‌وه‌نده‌ وه‌ربگرنه‌وه‌."

35 به‌ڵام دوژمنه‌كانتان خۆش‌بووێ، چاكه‌ بكه‌ن و قه‌رز بده‌ن، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ش مه‌كه‌ن، به‌مه‌ پاداشتتان گه‌وره‌ ده‌بێت و ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سپڵه‌ و به‌دكاران نه‌رم و نیانه‌."

36 به‌ به‌زه‌یی بن، وه‌ك باوكتان به‌ به‌زه‌ییه‌."

37 حوكم مه‌ده‌ن، حوكم نادرێن. كه‌س تاوانبار مه‌كه‌ن تاوانبار ناكرێن. ببه‌خشن ده‌به‌خشرێن."

38 بده‌ن، پێتان ده‌درێت، پێوانه‌یه‌كی چاكی په‌ستێنراوی هه‌ژێندراوی لێڕژاوتان ده‌خرێته‌ باوه‌ش، چونكه‌ به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌پێون بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌.)"

39 نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌: (ئایا كوێر ده‌توانێت ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات؟ هه‌ردووكیان ناكه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌؟"

40 قوتابی له‌ مامۆستاكه‌ی به‌رزتر نییه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك ته‌واو فێربێت، وه‌ك مامۆستاكه‌ی لێدێت."

41 بۆچی پووشی ناو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام تێبینی كاریته‌كه‌ی ناو چاوی خۆت ناكه‌یت؟"

42 چۆن ده‌توانی به‌ براكه‌ت بڵێی: "برام با پووشه‌كه‌ی ناو چاوت ده‌ربهێنم" كه‌ كاریته‌كه‌ی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئه‌ی دووڕوو، یه‌كه‌م جار كاریته‌كه‌ی ناو چاوت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشه‌كه‌ی ناو چاوی براكه‌ت."

43 چونكه‌ هیچ دارێكی باش به‌رهه‌می خراپ نادات و داری خراپیش به‌رهه‌می باش نادات."

44 هه‌ر دارێك به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌. نه‌ هه‌نجیر له‌ دڕك ده‌ڕنرێت و نه‌ ترێش له‌ تووتڕك."

45 مرۆڤی چاك له‌ گه‌نجینه‌ چاكه‌كه‌ی دڵ، چاكه‌ ده‌رده‌هێنێت، خراپیش له‌ خراپه‌وه‌ خراپه‌ ده‌رده‌هێنێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دڵ هه‌ڵده‌قوڵێت ده‌م پێی ده‌دوێت."

46 بۆ بانگم ده‌كه‌ن "خوداوه‌ند، خوداوه‌ند،" كه‌چی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم نایكه‌ن؟"

47 ئه‌وه‌ی بۆ لام دێت و گوێ له‌ وته‌كانم ده‌گرێت و كاری پێ ده‌كات، پیشانتان ده‌ده‌م له‌ كێ ده‌چێت."

48 له‌ مرۆڤێك ده‌چێت خانوویه‌ك دروست‌ده‌كات، جا هه‌ڵیكه‌ند و قووڵی كرد و بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد دانا، لافاو هه‌ڵستا و ڕووبار له‌ خانووه‌كه‌ی دا، به‌ڵام نه‌یتوانی بیهه‌ژێنێت، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو."

49 به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی لێ‌بوو و په‌یڕه‌وی نه‌كرد، له‌ مرۆڤێك ده‌چێت بێ بناغه‌ خانووی له‌سه‌ر زه‌وی دروستكرد. ڕووبار لێی‌دا و یه‌كسه‌ر كه‌وت، وێرانی خانووه‌كه‌ش گه‌وره‌ بوو.)"

7

1 كه‌ عیسا هه‌موو وته‌كانی له‌ گوێی خه‌ڵكه‌كه‌دا ته‌واو كرد، چووه‌ ناو كه‌فه‌رناحوم."

2 سه‌رپه‌لێك كۆیله‌یه‌كی هه‌بوو زۆری خۆش‌ده‌ویست، نه‌خۆش بوو و له‌سه‌ره‌ مه‌رگ‌دا بوو."

3 كاتێ به‌ عیسای بیست، پیرانی جوله‌كه‌ی نارده‌ لای و داوای لێ‌كرد بێت تا كۆیله‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌."

4 هاتنه‌ لای عیسا و لێی پاڕانه‌وه‌: (شایانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی بۆ بكه‌یت،"

5 چونكه‌ گه‌لی ئێمه‌ی خۆش‌ده‌وێت و كه‌نیشتی بۆمان دروستكرد.)"

6 عیساش له‌گه‌ڵیان چوو. كاتێ له‌ ماڵه‌كه‌ دوور نه‌بوو، سه‌رپه‌له‌كه‌ براده‌رانی نارد پێی بڵێن: (گه‌وره‌م ئه‌زیه‌ت مه‌كێشه‌، شایانی ئه‌وه‌ نیم خۆت بێیته‌ ماڵه‌كه‌م ،"

7 له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆم دانه‌نا كه‌ شایانی ئه‌وه‌ بم بێمه‌ لات. به‌ڵام وشه‌یه‌ك بفه‌رموو، خزمه‌تكاره‌كه‌م چاك‌ده‌بێته‌وه‌."

8 چونكه‌ منیش مرۆڤێكی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم "بڕۆ"، ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش "وه‌ره‌"، دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم "ئه‌مه‌ بكه‌"، ده‌یكات.)"

9 كاتێ عیسا گوێی له‌مه‌ بوو، لێی سه‌رسام بوو، ئینجا ئاوڕی له‌و خه‌ڵكه‌ دایه‌وه‌ كه‌ دوای كه‌وتبوون، فه‌رمووی: (پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئیسرائیل‌دا باوه‌ڕێكی به‌هێزی ئاوام نه‌دیوه‌.)"

10 ئه‌وانه‌ی نێردرابوون گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كه‌، بینییان كۆیله‌كه‌ له‌شساغه‌."

11 بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێك چوو ناوی نایین بوو، قوتابییه‌كانی و حه‌شاماتێك له‌گه‌ڵی چوون."

12 كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ نزیك‌بۆوه‌، ته‌رمێك به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌، خه‌ڵكێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ‌بوو."

13 كاتێ خوداوه‌ند بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: (مه‌گریێ.)"

14 ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ داره‌بازه‌كه‌ دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: (لاوه‌، پێت ده‌ڵێم، هه‌سته‌!)"

15 مردووه‌كه‌ ڕاستبۆوه‌ و ده‌ستی كرد به‌ قسه‌كردن، عیساش دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی."

16 هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: (له‌ ناومان‌دا پێغه‌مبه‌رێكی پایه‌ به‌رز هه‌ڵستاوه‌، خوداش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌!)"

17 ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له‌ هه‌موو یه‌هودیا و هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بۆوه‌."

18 قوتابییه‌كانی یه‌حیا هه‌موو ئه‌مانه‌یان به‌ یه‌حیا ڕاگه‌یاند. ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و"

19 بۆ خوداوه‌ندی نارد، ده‌یووت، (تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟)"

20 پیاوه‌كان هاتنه‌ لای عیسا، وتیان: (یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: "تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟")"

21 له‌و كاته‌دا عیسا زۆرانی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕۆحه‌پیسه‌كان چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش دیتنی به‌خشی."

22 ئینجا له‌ وه‌ڵام‌دا پێی فه‌رموون: (بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یه‌حیای ڕابگه‌یه‌نن، كوێر ده‌بینن و شه‌ل ده‌ڕۆن و گول پاك‌ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕ ده‌بیستن و مردوو هه‌ڵستاونه‌ته‌وه‌ و هه‌ژار موژده‌یان ده‌درێتێ."

23 خۆزگه‌ش ده‌خوازرێ به‌وه‌ی ساتمه‌م لێ ناكات.)"

24 كه‌ په‌یامنێرانی یه‌حیا ڕۆیشتن، عیسا ده‌ستی پێ‌كرد باسی یه‌حیا بكات بۆ خه‌ڵكه‌كه‌: (بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ چۆڵه‌وانی؟ قامیشێك كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟"

25 ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێك كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه‌ و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له‌ كۆشكه‌كانن."

26 كه‌واته‌ ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێك؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له‌ پێغه‌مبه‌ریش زیاتر."

27 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا من په‌یامبه‌ری خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات.}"

28 پێتان ده‌ڵێم، له‌نێو له‌ ژنبووان‌دا له‌ یه‌حیا گه‌وره‌تر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی شانشینی خودا له‌و گه‌وره‌تره‌.)"

29 هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به‌ دادپه‌روه‌ری خودا، چونكه‌ به‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشرا بوون."

30 به‌ڵام فه‌ریسی و ته‌وراتناس خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به‌ خۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشرابوون."

31 خه‌ڵكی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌ چی ده‌چن؟"

32 له‌و منداڵانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕدا دانیشتوون یه‌كتری بانگ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "زوڕنامان بۆ لێدان و هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شینمان بۆ كردن و نه‌گریان.""

33 یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش هات، نه‌ نان ده‌خوات و نه‌ شه‌راب ده‌خواته‌وه‌، وتتان: "رۆحی پیسی هه‌یه‌.""

34 كوڕی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، وتتان: "كابرایه‌كی نه‌وسن و سه‌رخۆشه‌، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانه‌.""

35 به‌ڵام دانایی به‌ هه‌موو منداڵانی ده‌سه‌لمێندرێت.)"

36 یه‌كێك له‌ فه‌ریسییه‌كان داوای له‌ عیسا كرد نانی له‌گه‌ڵ بخوات، ئه‌ویش چووه‌ ماڵی فه‌ریسییه‌كه‌ و له‌سه‌ر خوان پاڵی‌دایه‌وه‌."

37 له‌ شاره‌كه‌ ئافره‌تێكی گوناهبار هه‌بوو، زانی عیسا له‌ ماڵی فه‌ریسییه‌كه‌ دانیشتووه‌، بوتڵێكی ئه‌له‌باسته‌ریی بۆنی هێنا،"

38 له‌ دواوه‌ به‌ گریانه‌وه‌ له‌لای پێی ڕاوه‌ستا، پێیه‌كانی به‌ فرمێسك ته‌ڕ كرد و به‌ قژی سه‌ری ده‌یسڕییه‌وه‌، پێی ماچ‌ده‌كرد و به‌ بۆنه‌كه‌ چه‌وری ده‌كرد."

39 فه‌ریسییه‌كه‌ی داوه‌تی كردبوو كه‌ ئه‌مه‌ی بینی، له‌ دڵی‌دا وتی: (ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر بووایه‌، ده‌یزانی ئه‌م ئافره‌ته‌ی ده‌ستی لێ ده‌دات كێیه‌ و چییه‌، چونكه‌ گوناهباره‌.)"

40 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (شیمۆن، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ بڵێم.) وتی: (بفه‌رموو مامۆستا.)"

41 (قه‌رزده‌رێك دوو قه‌رزاری هه‌بوو، لای یه‌كێك پێنج سه‌د دینار، ئه‌وه‌ی دیكه‌ په‌نجا."

42 نه‌یانبوو بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌ هه‌ردووكیان خۆشبوو. كامیان زیاتر خۆشی‌ده‌وێت؟)"

43 شیمۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌كه‌ لێی خۆشبوو.) پێی فه‌رموو: (حوكمه‌كه‌ت ڕاسته‌.)"

44 ڕووی كرده‌ ئافره‌ته‌كه‌ و به‌ شیمۆنی فه‌رموو: (ئه‌م ئافره‌ته‌ ده‌بینیت؟ هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام ئه‌م به‌ فرمێسك پێی ته‌ڕ كردم و به‌ قژی سڕییه‌وه‌."

45 خۆ ماچێكت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ماچكردنی پێم نه‌وه‌ستاوه‌."

46 تۆ به‌ زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م به‌ بۆن پێمی چه‌وركرد."

47 له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێت ده‌ڵێم، گوناهه‌ زۆره‌كانی به‌خشران و ئاوا خۆشه‌ویستییه‌ زۆره‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌خشراوه‌، كه‌م خۆشه‌ویستی ده‌رده‌بڕێت.)"

48 ئینجا به‌ ئافره‌ته‌كه‌ی فه‌رموو: (گوناهه‌كانت به‌خشران.)"

49 ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دانیشتبوون له‌ دڵی خۆیان وتیان: (ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشێت؟)"

50 عیسا به‌ ئافره‌ته‌كه‌ی فه‌رموو: (باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت. به‌ دڵنیایی بڕۆ.)"

8

1 دوای ئه‌مه‌ به‌ هه‌موو شار و گوندێك‌دا ده‌گه‌ڕا، وتار و موژده‌ی پاشایه‌تی خودای ده‌دا، دوازده‌كه‌شی له‌گه‌ڵ‌بوو."

2 چه‌ند ئافره‌تێكیش كه‌ له‌ ڕۆحی‌پیس و نه‌خۆشییان چاكببوونه‌وه‌: مریه‌م كه‌ به‌ مه‌جده‌لی ناوده‌برا و حه‌وت ڕۆحی‌پیسی لێ ده‌رچووبوو،"

3 یۆوه‌نای ژنی خوزای بریكاری هێرۆدس و سوزانه‌ و زۆری دیكه‌ش، به‌ ماڵی خۆیان یارمه‌تییان ده‌دان."

4 كاتێ حه‌شاماتێك له‌ هه‌موو شارێكه‌وه‌ بۆ لای عیسا هاتن و كۆبوونه‌وه‌، به‌ نموونه‌ قسه‌ی بۆ كردن:"

5 (تۆوده‌ر چوو تۆو بكات، كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵنده‌ی ئاسمان هه‌ڵیانلووشی."

6 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر به‌رد، سه‌ریان ده‌ركرد و وشك بوون، چونكه‌ شێی نه‌بوو."

7 هه‌ندێكیش كه‌وتنه‌ ناو دڕكه‌وه‌، دڕك له‌گه‌ڵیان گه‌شه‌یان كرد و خنكاندیانن."

8 هه‌ندێكیش كه‌وتنه‌ زه‌وییه‌كی باش، ڕوا و سه‌د ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌می دا.) ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و هاواری كرد: (ئه‌وه‌ی گوێی بیستنی هه‌یه‌، با ببیستێت!)"

9 قوتابییه‌كانی بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م نموونه‌یه‌ لێیان پرسی،"

10 ئه‌ویش فه‌رمووی: (به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنی شانشینی خودا بزانن، به‌ڵام بۆ خه‌ڵك به‌ نموونه‌یه‌، تاكو: {سه‌یر بكه‌ن، به‌ڵام مه‌بینن و گوێ‌بگرن، به‌ڵام تێمه‌گه‌ن.}"

11 ئه‌مه‌ نموونه‌كه‌یه‌: تۆوه‌كه‌ وشه‌ی خودایه‌."

12 ئه‌وانه‌ی سه‌ر ڕێگاكه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێیان لێ‌بوو، ئینجا ئیبلیس دێت و وشه‌كه‌ له‌ دڵیان ده‌بات، نه‌وه‌ك باوه‌ڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت."

13 ئه‌وانه‌ش كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر به‌رده‌كه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ وشه‌كه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن كاتێ ده‌یبیستن، به‌ڵام ڕه‌گیان نییه‌ و تاكو ماوه‌یه‌ك باوه‌ڕ ده‌هێنن، به‌ڵام له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ون."

14 ئه‌وانه‌ی كه‌وتنه‌ ناو دڕكان، ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌یبیستن، به‌ خه‌فه‌تی سه‌رده‌م و سامان و خۆشییه‌كانی ژیان ده‌خنكێن، به‌رهه‌می پێگه‌یشتوو ناده‌ن."

15 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌یه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ دڵێكی چاك و باشه‌وه‌ ده‌بیستن، وشه‌كه‌ ڕاده‌گرن و به‌ خۆڕاگرییه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌ده‌ن."

16 كه‌س چرا هه‌ڵناكات و به‌ ته‌شت دایپۆشێت، یان له‌ ژێر نوێنی دابنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادانی داده‌نێت، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن."

17 چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت."

18 كه‌واته‌ ئاگاداربن چۆن گوێ ده‌گرن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی، ته‌نانه‌ت چی واده‌زانێت هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌.)"

19 ئینجا دایك و برایانی عیسا هاتنه‌ لای، به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ لای."

20 پێی‌ووترا: (دایك و برایانت له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ بتبینن.)"

21 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (دایك و برایانم ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێ له‌ وشه‌ی خودا ده‌گرن و كاری پێ ده‌كه‌ن.)"

22 ڕۆژێك له‌ ڕۆژان عیسا له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری به‌له‌مێك بوو، پێی فه‌رموون: (با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌.) جا به‌ڕێ‌كه‌وتن."

23 كاتێ ده‌ڕۆیشتن ئه‌و نووست. ڕه‌شه‌بایه‌كیش هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌، به‌له‌مه‌كه‌ پڕده‌بوو له‌ ئاو و كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌."

24 جا هاتنه‌ لای، خه‌به‌ریان كرده‌وه‌ و وتیان: (گه‌وره‌م، گه‌وره‌م، له‌ناوده‌چین!) ئه‌ویش هه‌ڵستا، له‌ ڕه‌شه‌با و شه‌پۆڵه‌كانی ڕاخوڕی، كۆتاییان هات و هێمن بوونه‌وه‌."

25 ئینجا پێی فه‌رموون: (كوا باوه‌ڕتان؟) سه‌رسام بوون و ترسان، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (باشه‌ ئه‌مه‌ كێیه‌؟ فه‌رمان به‌ با و ئاویش ده‌كات و به‌ قسه‌ی ده‌كه‌ن.)"

26 ئینجا به‌ره‌و هه‌رێمی گه‌راسین ڕۆیشتن، كه‌ به‌رامبه‌ر جه‌لیله‌."

27 كاتێ عیسا دابه‌زیه‌ سه‌ر وشكایی، پیاوێكی ئه‌و شاره‌ی تووش‌هات ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، ده‌مێك بوو جلی له‌به‌ر نه‌ده‌كرد و له‌ ماڵ نه‌ده‌ژیا، به‌ڵكو له‌ گۆڕستان."

28 كه‌ عیسای بینی، هاواری كرد و له‌به‌رده‌می كه‌وت، به‌ ده‌نگی به‌رز وتی: (چیت له‌ من ده‌وێ عیسای كوڕی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئازارم نه‌ده‌ی.)"

29 چونكه‌ عیسا فه‌رمانی به‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ دابوو له‌ پیاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر جار ده‌یگرت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ كۆت و زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌ و چاودێری ده‌كرا، به‌ڵام كۆته‌كانی ده‌شكاند و ڕۆحی‌پیس به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ده‌برد."

30 عیسا لێی پرسی: (ناوت چییه‌؟) وتی (لێگیۆن.) چونكه‌ زۆر ڕۆحی‌پیسی تێچووبوو."

31 لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ نه‌وه‌ك فه‌رمانیان پێ بكات به‌ره‌و بیری بێ‌بن بڕۆن."

32 له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی زۆر له‌ شاخ ده‌له‌وه‌ڕان، لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕێیان بدات بچنه‌ ناویانه‌وه‌، ئه‌ویش ڕێی پێ‌دان."

33 ڕۆحه‌پیسه‌كان له‌ پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ ناو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ڕانه‌كه‌ش له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ بۆ ناو ده‌ریاچه‌كه‌ هه‌ڵدێران و خنكان."

34 كاتێ شوانه‌كان ئه‌م ڕووداوه‌یان بینی، ڕایانكرد و هه‌واڵیان دا شار و كێڵگه‌كان."

35 جا ده‌چوون تاكو ئه‌وه‌ی ڕووی‌داوه‌ بیبینن، هاتنه‌ لای عیسا و بینییان ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆحه‌پیسه‌كانی لێ ده‌رچوو بوو پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، له‌به‌رپێی عیسا دانیشتووه‌، ئیتر ترسان."

36 ئه‌وانه‌ی بینیبوویان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌، چۆن ئه‌وه‌ی ڕۆحی‌پیسی تێدابوو چاكبۆته‌وه‌."

37 هه‌موو كۆمه‌ڵانی هه‌رێمی گه‌راسین داوایان له‌ عیسا كرد له‌لایان بڕوات، چونكه‌ ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشتبوو، ئه‌ویش سواری به‌له‌مه‌كه‌ بوو و گه‌ڕایه‌وه‌."

38 ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆحه‌پیسه‌كانی لێ ده‌رچووبوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت، به‌ڵام عیسا ڕه‌وانه‌ی كرد و فه‌رمووی:"

39 (بۆ ماڵی خۆت بگه‌ڕێوه‌ و ئه‌وه‌ی خودا بۆتی كرد، بیگێڕه‌وه‌.) ئه‌ویش به‌ ناو هه‌موو شاره‌كه‌دا ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یاند كه‌ عیسا بۆی كردبوو."

40 كاتێ عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ پێشوازییان لێ‌كرد، چونكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد."

41 پیاوێكی ناو یایرۆس پێشه‌وای كه‌نیشت بوو، هات و له‌به‌رپێی عیسادا كه‌وت، له‌به‌ری پاڕایه‌وه‌ تاكو بچێته‌ ماڵه‌كه‌ی،"

42 چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌ نزیكه‌ی دوازده‌ ساڵان بوو له‌ مردندابوو. كاتێ عیسا ده‌ڕۆیشت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد."

43 ژنێك دوازده‌ ساڵ خوێن‌به‌ربوونیی هه‌بوو، هه‌موو ماڵه‌كه‌ی له‌ پزیشك دابوو، كه‌سیش نه‌یتوانی چاكی بكاته‌وه‌."

44 جا له‌ دواوه‌ هات و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێن‌به‌ربوونه‌كه‌ی وه‌ستا."

45 عیسا فه‌رمووی: (كێ بوو ده‌ستی لێ‌دام؟) كه‌ هه‌موو نكۆڵییان كرد، په‌ترۆس وتی: (گه‌وره‌م خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ده‌وروپشتتن و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن.)"

46 به‌ڵام عیسا فه‌رمووی: (یه‌كێك ده‌ستی لێ‌دام، چونكه‌ ده‌زانم هێزێك لێم ده‌رچوو.)"

47 ژنه‌كه‌ بینی ناشاردرێته‌وه‌، به‌ له‌رزه‌وه‌ هات و كه‌وته‌ به‌رپێی، له‌به‌رچاوی هه‌مووان ڕایگه‌یاند كه‌ بۆچی ده‌ستی لێ‌داوه‌ و چۆن یه‌كسه‌ر چاكبۆته‌وه‌."

48 عیساش پێی فه‌رموو: (كچم باوه‌ڕت چاكی‌كردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ.)"

49 هێشتا عیسا قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێك له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هات و وتی: (كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ئه‌زیه‌ت مه‌خه‌ره‌ به‌ر مامۆستا.)"

50 عیساش ئه‌مه‌ی بیست و وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مه‌ترسه‌، ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت ئه‌و چاك‌ده‌بێته‌وه‌.)"

51 گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌ و نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێته‌ ژووره‌وه‌، په‌ترۆس و یۆحه‌نا و یاقوب و دایك و باوكی منداڵه‌كه‌ نه‌بێت."

52 هه‌موو ده‌گریان و شینیان بۆ ده‌گێڕا، ئه‌ویش فه‌رمووی: (مه‌گریێن نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌.)"

53 خه‌ڵكه‌كه‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانزانی مردووه‌."

54 ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگی كرد و فه‌رمووی: (كیژۆڵه‌، هه‌سته‌!)"

55 ئیتر ڕۆحی هاته‌وه‌ به‌ر و یه‌كسه‌ر هه‌ڵستا، ئه‌وسا فه‌رمانی دا نانی بده‌نێ."

56 دایك و باوكی سه‌ریان سوڕما، به‌ڵام ڕایسپاردن ئه‌وه‌ی ڕووی‌داوه‌ به‌ كه‌سی نه‌ڵێن."

9

1 كاتێ دوازده‌كه‌ی بانگ‌كرد، هێز و ده‌سه‌ڵاتی پێ‌دان به‌سه‌ر هه‌موو ڕۆحی‌پیس و نه‌خۆشییه‌كان، بۆ چاكبوونه‌وه‌،"

2 ناردنی تاكو موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌ن و نه‌خۆش چاكبكه‌نه‌وه‌."

3 پێی فه‌رموون: (بۆ ڕێگا هیچ هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ گۆپاڵ و نه‌ توره‌گه‌، نه‌ نان و نه‌ زیو، كه‌سیش دوو كراسی نه‌بێت."

4 چوونه‌ هه‌ر ماڵێك له‌وێ بمێننه‌وه‌ و له‌وێوه‌ به‌ڕێ‌بكه‌ون."

5 هه‌ر یه‌كێك پێشوازیتان لێ نه‌كات، كاتێ له‌و شاره‌ ده‌رده‌چن، تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ شایه‌تی له‌سه‌ریان.)"

6 جا ده‌رچوون و به‌ گونده‌كان‌دا ده‌گه‌ڕان، موژده‌یان ده‌دا و له‌ هه‌موو لایه‌ك خه‌ڵكیان چاك‌ده‌كرده‌وه‌."

7 هێرۆدسی تیترارك هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ ڕوویده‌دا و سه‌ری سوڕما، چونكه‌ هه‌ندێك ده‌یان‌ووت: (یه‌حیا له‌ناو مردووان هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌.)"

8 هه‌ندێكیش ده‌یان‌ووت: (ئه‌لیاس ده‌ركه‌وتووه‌.) كه‌سانی دیكه‌ش: (یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆنه‌ هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌.)"

9 هێرۆدسیش وتی: (خۆم سه‌ری یه‌حیام لێ‌كرده‌وه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ كێیه‌ شتی وای لێ ده‌بیستم؟) بۆیه‌ هه‌وڵی ده‌دا بیبینێت."

10 نێردراوان گه‌ڕانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ عیسایان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نیا بۆ شارێك چوو ناوی بێت‌سه‌یدا بوو."

11 به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ زانییان و دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێ‌كردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ كردن، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكی‌كردنه‌وه‌."

12 كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: (خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ‌بكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و كێڵگه‌كانی ده‌وروبه‌ر، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین.)"

13 پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ نان بكڕین.)"

14 چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا.)"

15 جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن."

16 ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن."

17 هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و په‌لكه‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌."

18 كاتێ عیسا به‌ ته‌نیا نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین: (خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟)"

19 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش، هه‌ندێكیش ئه‌لیاس، خه‌ڵكی دیكه‌ش پێغه‌مبه‌رێكی كۆنه‌كانه‌ هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌.)"

20 پێی فه‌رموون: (ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟) په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مه‌سیحی خودا.)"

21 ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن."

22 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: (كوڕی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و مالمه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستێندرێته‌وه‌.)"

23 ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت."

24 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات."

25 چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌، به‌ڵام خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟"

26 ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، كوڕی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوك و فریشته‌ پیرۆزه‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌."

27 به‌ڵام ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مردن ناچێژن تاكو شانشینی خودا ده‌بینن.)"

28 نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ دوای ئه‌م وتانه‌، عیسا په‌ترۆس و یۆحه‌نا و یاقوبی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ك تاكو نوێژ بكات."

29 كاتێ نوێژی ده‌كرد، شێوه‌ی ڕووی گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان."

30 دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دووان، موسا و ئه‌لیاس بوون."

31 به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی كه‌ خه‌ریكبوو له‌ ئۆرشه‌لیم ته‌واوی بكات قسه‌یان كرد."

32 به‌ڵام په‌ترۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێ به‌ ته‌واوی خه‌به‌ریان‌بۆوه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون."

33 كاتێ لێی جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌ترۆس به‌ عیسای وت: (مامۆستا، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێك بۆ تۆ، یه‌كێك بۆ موسا، یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.) نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت."

34 كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێك هات و باڵی به‌سه‌ریان‌دا كێشا، كه‌ كه‌وتنه‌ ناو هه‌وره‌كه‌، ترسان."

35 ده‌نگێك له‌ ناو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات: (ئه‌مه‌ كوڕی منه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ڵمبژاردووه‌، گوێی لێ بگرن.)"

36 كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دووا، عیسا به‌ ته‌نیا بینرا. ئه‌وانیش بێ‌ده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان."

37 بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ كێوه‌كه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، حه‌شاماتێك تووشی بوون."

38 له‌نێوان خه‌ڵكه‌كه‌دا پیاوێك هاواری كرد: (مامۆستا، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌."

39 ده‌ستی لێ ده‌وه‌شێندرێت و له‌ناكاو هاوار ده‌كات، خووگرتی ده‌كات و كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و شل‌وكوتی ده‌كات."

40 له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی.)"

41 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌ی نه‌وه‌ی بێ‌باوه‌ڕ و خوار، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌.)"

42 كاتێ كوڕه‌كه‌ ده‌هات، ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ڕایته‌كاند و خووگرتی كرد، عیساش له‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، دایه‌وه‌ ده‌ست باوكی."

43 هه‌موو له‌ گه‌وره‌یی خودا سه‌رسام بوون. كاتێ هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی عیسا كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو:"

44 (با ئه‌م وشانه‌ بچێته‌ گوێتانه‌وه‌: كوڕی مرۆڤ خه‌ریكه‌ بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵك.)"

45 به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن، لێیان شاردرابۆوه‌ تاكو حاڵی نه‌بن، ترسان له‌مه‌ڕ ئه‌م قسه‌یه‌ پرسیاریشی لێ بكه‌ن."

46 ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك له‌نێوانیان په‌یدا بوو، كامیان پایه‌ به‌رزتره‌."

47 عیسا به‌ نیازی دڵیانی زانی، منداڵێكی هێنا و له‌لای خۆی ڕایگرت،"

48 پێی فه‌رموون: (ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشوازی له‌م منداڵه‌ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌ من بكات، ئاوا پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی. چونكه‌ بچووكترینی هه‌مووتان پایه‌ به‌رزتره‌.)"

49 یۆحه‌نا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ ڕۆحی‌پیسی ده‌رده‌كرد، نه‌مانهێشت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت.)"

50 عیساش پێی فه‌رموون: (ڕێی لێ مه‌گرن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژتان نه‌بێت، له‌گه‌ڵتانه‌.)"

51 كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی نزیك‌بۆوه‌، ڕووی خۆی چه‌سپاند تا به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم بڕوات."

52 نێردراوی له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی سامیره‌ییه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن،"

53 به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم ده‌چوو."

54 كاتێ یاقوب و یۆحه‌نای قوتابییانی بینییان، وتیان: (گه‌وره‌م، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات؟)"

55 ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن."

56 ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌."

57 به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێك پێی‌ووت: (بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم.)"

58 عیساش پێی فه‌رموو: (ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام كوڕی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت.)"

59 به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌.) ئه‌مه‌یان وتی: (گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌م جار بچم باوكم بنێژم.)"

60 عیساش پێی فه‌رموو: (واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانیان بنێژن، تۆش بڕۆ موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌.)"

61 یه‌كێكی دیكه‌ وتی: (گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێم گه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م.)"

62 عیساش پێی فه‌رموو: (كه‌س نییه‌ ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی شانشینی خودا بێت.)"

10

1 پاش ئه‌مه‌ خوداوه‌ند حه‌فتا و دووی دیكه‌ی دامه‌زراند، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ك كه‌ به‌ته‌مابوو بۆی بچێت."

2 جا پێی ده‌فه‌رموون: (دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. بۆیه‌ داوا له‌ گه‌وره‌ی دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت."

3 بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ك به‌رخ بۆ ناو گورگان ده‌تاننێرم."

4 نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن."

5 چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌م جار بڵێن: "ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌ بێت"،"

6 ئه‌گه‌ر پیاوی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

7 له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن."

8 چوونه‌ هه‌ر شارێك و پێشوازییان لێ‌كردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن،"

9 ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: "پاشایه‌تی خودا لێتان نزیك‌بۆته‌وه‌"."

10 به‌ڵام چوونه‌ هه‌ر شارێك و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن:"

11 "ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌ پێمانه‌وه‌ نووساوه‌ بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه‌ بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیك‌بۆته‌وه‌.""

12 پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا سه‌دوم سزای سوكتری ده‌بێت له‌وه‌ی ئه‌و شاره‌."

13 قوڕ به‌ سه‌رت خورازین! قوڕ به‌ سه‌رت بێت‌سه‌یدا! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌ناو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سور و سه‌یدا بكرابوونایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ ناو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد."

14 به‌ڵام له‌ لێپرسینه‌وه‌دا، سور و سه‌یدا سزای سوكتریان ده‌بێت له‌وه‌ی بۆ ئێوه‌یه‌."

15 تۆش ئه‌ی كه‌فه‌رناحوم، ئایا بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرێیته‌وه‌؟ نا، تۆ ده‌كه‌ویته‌ جیهانی مردووان."

16 ئه‌وه‌ی گوێتان لێ بگرێت، گوێ له‌ من ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان ده‌كاته‌وه‌ من ڕه‌ت‌ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش من ڕه‌ت‌ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌ت‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌.)"

17 حه‌فتا و دووه‌كه‌ به‌ شادییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و وتیان: (گه‌وره‌م، ته‌نانه‌ت ڕۆحی‌پیسیش به‌ ناوی تۆوه‌ ملكه‌چمانن.)"

18 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (شه‌یتانم بینی وه‌ك بروسكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌كه‌وت."

19 ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتم پێتانداوه‌ پێ به‌ مار و دووپشك و هه‌موو هێزی دوژمن‌دا بنێن، هیچ شتێكیش زیانتان پێ‌ناگه‌یه‌نێت."

20 به‌ڵام به‌مه‌ دڵخۆش مه‌بن كه‌ ڕۆحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆشبن كه‌ ناوتان له‌ ئاسمان‌دا نووسراوه‌.)"

21 له‌و كاته‌دا عیسا به‌ ڕۆحی پیرۆز شادومان بوو و فه‌رمووی: (ستایشت ده‌كه‌م باوكه‌، خوداوه‌ندی ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. به‌ڵێ باوكه‌، چونكه‌ به‌لای تۆوه‌ ئاوا خۆش بوو!"

22 له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم دراوه‌تێ. كه‌س نازانێت كوڕه‌كه‌ كێیه‌ باوك نه‌بێت، یان باوك كێیه‌ كوڕه‌كه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ كوڕه‌كه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرا بكات.)"

23 به‌ ته‌نیا ئاوڕی له‌ قوتابییه‌كان دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و چاوانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن."

24 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، زۆر پێغه‌مبه‌ر و پاشا ویستیان ئه‌وه‌ ببینن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن، به‌ڵام نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ش ببیستن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست.)"

25 ته‌وراتناسێك هه‌ڵستا تاكو تاقی بكاته‌وه‌، وتی: (مامۆستا چی بكه‌م تاكو ژیانی تاهه‌تایی به‌ میرات بگرم؟)"

26 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (له‌ ته‌ورات‌دا چی نووسراوه‌؟ چۆن ده‌یخوێنیته‌وه‌؟)"

27 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ({خودای په‌روه‌ردگاری خۆت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو گیان و هه‌موو توانا و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆش‌بووێ} ، هه‌روه‌ها {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ.} )"

28 عیسا پێی فه‌رموو: (وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته‌، ئه‌مه‌ بكه‌ ده‌ژیت.)"

29 به‌ڵام ویستی پاكانه‌ بۆ خۆی بكات، به‌ عیسای وت: (نزیكه‌كه‌م كێیه‌؟)"

30 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مرۆڤێك له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ ئه‌ریحا ده‌چوو ، كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌، ڕووتیان كرده‌وه‌ و برینداریان كرد، ئینجا به‌ نیوه‌مری به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن."

31 وا ڕێككه‌وت كاهینێك به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت، كاتێ بینی له‌و به‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی."

32 لێڤییه‌كیش ئاوا گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، هات و سه‌یری كرد و له‌و به‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی."

33 به‌ڵام سامیره‌ییه‌كی ڕێبوار هاته‌ سه‌ری، بینی و دڵی پێی سووتا،"

34 چووه‌ پێش و برینه‌كانی پێچایه‌وه‌، ڕۆن و شه‌رابی به‌سه‌ردا كرد، سواری وڵاغه‌كه‌ی خۆی كرد و بردییه‌ خانێك و چاودێری كرد."

35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری ده‌رهێنا و دایه‌ خانچییه‌كه‌ و وتی: "چاودێری بكه‌ و هه‌رچی زیاترت خه‌رج كرد، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌تده‌مه‌وه‌.""

36 كام له‌م سێیانه‌ به‌ نزیك ده‌زانیت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌كان؟)"

37 ته‌وراتناسه‌كه‌ وتی: (ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێی‌دا هاته‌وه‌.) عیساش پێی فه‌رموو: (تۆش بڕۆ و ئاوا بكه‌.)"

38 كاتێ ده‌ڕۆیشتن چووه‌ گوندێك، ژنێك له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی پێشوازی لێ‌كرد ناوی مه‌رسا بوو."

39 خوشكێكی هه‌بوو ناوی مریه‌م بوو، له‌به‌رپێی خوداوه‌ند دانیشت و گوێی له‌ فه‌رمووده‌كانی ده‌گرت."

40 به‌ڵام مه‌رسا له‌به‌ر زۆری خزمه‌تكردن شێوابوو، ڕاوه‌ستا و وتی: (گه‌وره‌م باكت نییه‌ خوشكم به‌ ته‌نیا به‌جێی‌هێشتووم و خزمه‌ت ده‌كه‌م؟ پێی بفه‌رموو با یارمه‌تیم بدات.)"

41 خوداوه‌ند وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مه‌رسا، مه‌رسا، تۆ خه‌م له‌ زۆر شت ده‌خۆیت و ناره‌حه‌تیت."

42 به‌ڵام یه‌ك شت پێویسته‌، مریه‌م شته‌ باشه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ لێی ناسه‌ندرێته‌وه‌.)"

11

1 كه‌ عیسا له‌ شوێنێك‌دا نوێژی ده‌كرد، كاتێ ڕاوه‌ستا یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی پێی‌ووت: (گه‌وره‌م فێری نوێژمان بكه‌، وه‌ك یه‌حیاش قوتابییه‌كانی خۆی فێركرد.)"

2 پێی فه‌رموون: (كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، بڵێن: "باوكه‌، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ،""

3 نانی ڕۆژانه‌مان هه‌ر ڕۆژێك بده‌رێ."

4 له‌ گوناهه‌كانمان خۆش به‌، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌ هه‌موو قه‌رزاره‌كانمان خۆش ده‌بین. مه‌مانخه‌ره‌ تاقیكردنه‌وه‌.")""

5 ئینجا پێی فه‌رموون: (كێ له‌ ئێوه‌ هاوڕێیه‌كی هه‌بێت و له‌ نیوه‌ شه‌ودا بچێته‌ لای و پێی بڵێت: "هاوڕێم، سێ كولێره‌م به‌ قه‌رز بده‌رێ، ""

6 هاوڕێیه‌كم له‌ دووره‌وه‌ بۆ لام هاتووه‌، هیچم نییه‌ له‌به‌رده‌می دابنێم."

7 ئه‌مه‌ی ژووره‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: "هه‌راسانم مه‌كه‌، ده‌رگا داخراوه‌، خۆم و منداڵم له‌ناو جێگا داین، ناتوانم هه‌ڵبستم و بتده‌مێ.""

8 پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هاوڕێیه‌تی هه‌ڵنه‌ستێ و بیداتێ، تاكو شه‌رمه‌زار نه‌بێت چه‌ندی بیه‌وێت هه‌ڵده‌ستێ و ده‌یداتێ."

9 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم، داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت، بگه‌ڕێن ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ ده‌رگا بده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌."

10 چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رگا ده‌دات لێی ده‌كرێته‌وه‌."

11 چ باوكێك له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی داوای ماسی بكات له‌ جیاتی ماسی ماری ده‌داتێ؟"

12 یان داوای هێلكه‌ بكات دووپشكی ده‌داتێ؟"

13 جا ئێوه‌ كه‌ خراپن، بزانن دیاری باش بده‌نه‌ منداڵه‌كانتان، باوك كه‌ له‌ ئاسمانه‌، چه‌ند زیاتر ڕۆحی پیرۆز ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی لێی داوا ده‌كه‌ن.)"

14 عیسا ڕۆحێكی پیسی ده‌رده‌كرد كه‌ لاڵ بوو، كاتێ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون."

15 به‌ڵام هه‌ندێكیان وتیان: (به‌ به‌عله‌زبولی شای ڕۆحه‌پیسه‌كان، ڕۆحی‌پیس ده‌رده‌كات.)"

16 هه‌ندێكی دیكه‌ش تاقییان ده‌كرده‌وه‌، داوای نیشانه‌یه‌كیان لێی كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌."

17 ئه‌ویش به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، پێی فه‌رموون: (هه‌ر شانشینێك دووبه‌ره‌كی تێبكه‌وێت وێران ده‌بێت، ماڵیش دوو به‌ش بێت تێكده‌چێت."

18 ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش دوو به‌ش بێت چۆن شانشینه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێن: "من به‌ به‌عله‌زبول ڕۆحی‌پیس ده‌رده‌كه‌م.""

19 باشه‌ ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌م، ئه‌ی كوڕانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان حوكمتان ده‌ده‌ن."

20 به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ په‌نجه‌ی خودا ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان."

21 كاتێ مرۆڤی به‌ هێز و چه‌كدار پارێزگاری له‌ كۆشكه‌كه‌ی ده‌كات، ماڵه‌كه‌ی پارێزراوه‌."

22 به‌ڵام كاتێك یه‌كێكی له‌ خۆی به‌هێزتر بێته‌ سه‌ری ده‌یبه‌زێنێت، چه‌كه‌كانی لێ ده‌ستێنێ كه‌ پشتی پێی به‌ستبوو، ده‌سكه‌وته‌كانیش دابه‌ش ده‌كات."

23 ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نییه‌ دژی منه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵم كۆناكاته‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌."

24 كاتێ ڕۆحی‌پیس له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ ناوچه‌ وشكانییه‌كان به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌ستی ناكه‌وێت. ئینجا ده‌ڵێت: "ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم.""

25 كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بینێت گسك دراوه‌ و ڕێكخراوه‌."

26 ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕۆحی‌پیسی دیكه‌ له‌ خۆی پیستر ده‌هێنێت، ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌، له‌وێ ده‌ژیێن، ئینجا كۆتایی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت.)"

27 كاتێ عیسا ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، ژنێك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ ده‌نگی به‌رز كرده‌وه‌ و پێی‌ووت: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و سكه‌ی هه‌ڵیگرتووی و به‌و مه‌مكه‌ی شیری پێداوی.)"

28 ئه‌ویش فه‌رمووی: (به‌ڵكو خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وانه‌ی كه‌ گوێ له‌ وشه‌ی خودا ده‌گرن و ده‌یپارێزن.)"

29 خه‌ڵكه‌كه‌ش زیاتر كۆده‌بوونه‌وه‌، ده‌ستی پێ‌كرد، فه‌رمووی: (ئه‌م نه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌یه‌كی به‌دكاره‌، داوای نیشانه‌ ده‌كات، به‌ڵام نیشانه‌ی نادرێتێ، جگه‌ له‌ نیشانه‌ی یونس."

30 چۆن یونس بۆ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا بووه‌ نیشانه‌، كوڕی مرۆڤیش بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئاوا ده‌بێت."

31 له‌ لێپرسینه‌وه‌دا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ پیاوانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و تاوانباریان ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی سلێمان. ئه‌وه‌تا گرنگتر له‌ سلێمان لێره‌یه‌."

32 پیاوانی نه‌ینه‌واش له‌ لێپرسینه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ جاڕدانه‌كه‌ی یونس تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا گرنگتر له‌ یونس لێره‌یه‌."

33 كه‌س چرا هه‌ڵناكات و له‌ جێیه‌كی شاراوه‌ یان له‌ ژێر ته‌شت دایبنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن."

34 چاوت چرای له‌شته‌. كاتێ چاوت ساغ بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكییه‌، كه‌ نه‌ساغیش بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی تاریكییه‌."

35 كه‌واته‌ ئاگاداربه‌ ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆ دایه‌ تاریكی نه‌بێت."

36 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌شت پڕبێت له‌ ڕووناكی و هیچ به‌شێكی تاریكی نه‌بێت، ئه‌وا هه‌مووی پڕده‌بێت له‌ ڕووناكی، وه‌ك چرایه‌ك كه‌ به‌ تیشكی ڕووناكیت بۆ بدات.)"

37 كاتێ عیسا قسه‌ی ده‌كرد، فه‌ریسییه‌ك بۆ چێشت‌خواردن داوه‌تی كرد. ئه‌ویش چووه‌ ژووره‌وه‌ و دانیشت."

38 فه‌ریسییه‌كه‌ كه‌ بینی عیسا پێش نانخواردن ده‌ستی نه‌شوشت، سه‌ری سوڕما."

39 خوداوه‌ندیش پێی فه‌رموو: (ئێوه‌ی فه‌ریسی ده‌ره‌وه‌ی قاپ و جام پاك‌ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناختان پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌دكاری."

40 گێلینه‌، ئایا ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دروستكردووه‌ ناوه‌وه‌شی دروست نه‌كردووه‌؟"

41 جا ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیده‌نه‌ هه‌ژاران، ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێك بۆتان پاك‌ده‌بێت."

42 به‌ڵام قوڕ به‌ سه‌رتان فه‌ریسییه‌كان، ئێوه‌ ده‌یه‌كی پونگ و ڕازیانه‌ و هه‌موو سه‌وزه‌وات ده‌ده‌ن، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی خودا پشتگوێ ده‌خه‌ن. پێویسته‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن."

43 قوڕ به‌ سه‌رتان فه‌ریسییه‌كان، چونكه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی كه‌نیشت و سڵاوكردنی بازاڕتان خۆش‌ده‌وێ."

44 قوڕ به‌ سه‌رتان، ئێوه‌ له‌و گۆڕه‌ نادیارانه‌ ده‌چن كه‌ خه‌ڵكی بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌سه‌ریان‌دا ده‌ڕوانن.)"

45 یه‌كێكی ته‌وراتناس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مامۆستا، به‌ وتنی ئه‌مانه‌، ئێمه‌ش سووك ده‌كه‌یت.)"

46 فه‌رمووی: (قوڕ به‌سه‌ر ئێوه‌ی ته‌وراتناسیش، بارێك له‌ خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵگرتنی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام خۆتان په‌نجه‌یه‌كیش له‌ باره‌كه‌ ناده‌ن."

47 قوڕ به‌ سه‌رتان، چونكه‌ ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن، كه‌ باوباپیرانتان كوشتوویانن."

48 كه‌واته‌ ئێوه‌ شایه‌تن و به‌ كرده‌وه‌ی باوباپیرانتان ڕازین، ئه‌وان كوشتیانن و ئێوه‌ش گۆڕه‌كانیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن."

49 بۆیه‌ دانایی خودا فه‌رمووی: "من پێغه‌مبه‌ر و نێردراویان بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام لێیان ده‌كوژن و ده‌یانچه‌وسێننه‌وه‌،""

50 تاكو خوێنی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ڕژاوه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا بكرێت،"

51 له‌ خوێنی هابیله‌وه‌ تاكو خوێنی زه‌كه‌ریا كه‌ له‌نێوان قوربانگا و پیرۆزگادا له‌ناوبردرا. به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم، له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا ده‌كرێت."

52 قوڕ به‌ سه‌رتان ته‌وراتناسان، چونكه‌ كلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ و ڕێتان له‌وانه‌ش گرت كه‌ ده‌چوونه‌ ژووره‌.)"

53 كاتێ عیسا ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت، مالم و فه‌ریسییه‌كان ده‌ستیان پێ‌كرد ته‌نگی پێ هه‌ڵچنن و له‌ زۆر بابه‌ت پرسیاری لێ بكه‌ن،"

54 خۆیان لێ مات كردبوو تاكو به‌ وشه‌یه‌كی ده‌می خۆی تووشی بكه‌ن."

12

1 له‌و كاته‌دا كه‌ خه‌ڵكی به‌ هه‌زاران كۆببوونه‌وه‌، به‌ جۆرێك یه‌كتریان پێشێل ده‌كرد، عیسا ده‌ستی پێ‌كرد یه‌كه‌م جار به‌ قوتابییه‌كانی بفه‌رمووێ: (ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسییه‌كان بن، كه‌ دووڕووییه‌."

2 شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت."

3 بۆیه‌ هه‌رچی له‌ تاریكی وتوتانه‌، له‌ ڕووناكی ده‌بیسترێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ماڵ به‌ چرپه‌ وتوتانه‌، له‌ سه‌ربانان جاڕی پێ ده‌درێت."

4 دۆستانم پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن و پاش ئه‌وه‌ هیچی دیكه‌یان نییه‌ بیكه‌ن."

5 به‌ڵام ئه‌وه‌تان پیشان ده‌ده‌م كه‌ ده‌بێ لێی بترسن، له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ پاش كوشتن فڕێبداته‌ ناو دۆزه‌خ. به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم، له‌مه‌ بترسن."

6 ئایا پێنج چۆله‌كه‌ به‌ دوو فلس نافرۆشرێت؟ خوداش یه‌كێك له‌وانی له‌ بیر ناچێت."

7 ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌ریشتان ژمێردراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن ئێوه‌ زۆر له‌ چۆله‌كه‌ نرخدارترن."

8 پێشتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی دانم پیابنێت، كوڕی مرۆڤیش له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا دانی پیاده‌نێت."

9 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌لای خه‌ڵك نكۆڵیم لێ بكات، له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا نكۆڵی لێ ده‌كرێت."

10 ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ كوڕی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕۆحی پیرۆز بكات، نابه‌خشرێت."

11 كاتێ ده‌تانهێننه‌ به‌رده‌م كه‌نیشت و فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداران، نیگه‌ران مه‌بن ده‌بێ بۆ به‌رگری چۆن و به‌ چی بدوێن یان چی بڵێن."

12 چونكه‌ ڕۆحی پیرۆز هه‌ر له‌و كاته‌دا فێرتان ده‌كات پێویسته‌ چی بڵێن.)"

13 یه‌كێكی ناو خه‌ڵكه‌كه‌ پێی‌ووت: (مامۆستا، به‌ براكه‌م بفه‌رموو میراتم له‌گه‌ڵ به‌ش بكات.)"

14 به‌ڵام ئه‌و پێی فه‌رموو: (كابرا، كێ منی كردووه‌ به‌ دادوه‌ر یان به‌شكار به‌سه‌رتانه‌وه‌؟)"

15 به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: (ئاگاداربن و خۆتان له‌ هه‌موو چاوچنۆكیه‌ك بپارێزن، چونكه‌ ژیانی مرۆڤ به‌ زۆری سامانه‌كه‌ی نییه‌.)"

16 ئینجا نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌: (مرۆڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، زه‌وییه‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی زۆری دا."

17 له‌ دڵی خۆی‌دا وتی: "چی بكه‌م كه‌ شوێنم نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌می لێ كۆبكه‌مه‌وه‌؟""

18 جا وتی: "وا ده‌كه‌م، ئه‌مباره‌كانم تێكده‌ده‌م و گه‌وره‌تری ده‌كه‌م، له‌وێ‌دا هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ماڵه‌كه‌م كۆده‌كه‌مه‌وه‌. ""

19 به‌ خۆشم ده‌ڵێم: (ئه‌ی گیانم، ئه‌وه‌تا ماڵێكی زۆرت هه‌ڵگرتووه‌، بۆ چه‌ندین ساڵ. بحه‌سێوه‌ و بخۆ و بخۆوه‌ و دڵشادبه‌.)"

20 به‌ڵام خودا پێی فه‌رموو: "ئه‌ی گێله‌، هه‌ر ئه‌م شه‌و گیانت ده‌رده‌چێت. باشه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردووه، بۆ كێ ده‌بێت؟""

21 به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام له‌لای خودا ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌.)"

22 به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم، بۆ ژیان نیگه‌ران مه‌بن چی ده‌خۆن، بۆ له‌ش چی ده‌پۆشن."

23 ژیان له‌ خواردن گرنگتره‌ و له‌شیش له‌ پۆشاك."

24 سه‌یری قه‌له‌ڕه‌ش بكه‌ن: نه‌ تۆو ده‌كات و نه‌ دروێنه‌ ده‌كات، نه‌ ئه‌مباری هه‌یه‌ و نه‌ كۆگا، به‌ڵام خودا به‌خێوی ده‌كات. باشه‌ ئێوه‌ چه‌ند له‌ باڵنده‌ نرخدارترن!"

25 كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر نیگه‌ران بوو، ده‌توانێت یه‌ك كاتژمێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟"

26 جا كه‌ ئێوه‌ بۆ شتێكی بچووك تواناتان نییه‌، بۆچی بۆ شته‌كانی دیكه‌ نیگه‌ران ده‌بن؟"

27 سه‌یری گوڵاڵه‌ بكه‌ن چۆن گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ ده‌ڕێسێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت سلێمانیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندی‌دا وه‌ك یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌."

28 ئه‌گه‌ر خودا گیا ئاوا بپۆشێت، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كێلگه دایه‌ و به‌یانی ده‌خرێته‌ ته‌نووره‌وه‌. ئیتر كه‌م‌باوه‌ڕینه‌ ئێوه‌ چه‌ند زیاترن؟"

29 جا داوا مه‌كه‌ن چی بخۆن و چی بخۆنه‌وه‌، نیگه‌ران مه‌بن."

30 هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكیشتان ده‌زانێت پێویستتان به‌مانه‌ هه‌یه‌."

31 به‌ڵكو داوای پاشایه‌تی ئه‌و بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت."

32 مه‌ترسه‌ ئه‌ی مێگه‌لی بچووك، چونكه‌ باوكتان خۆشحاڵه‌ شانشینه‌كه‌تان بداتێ."

33 ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیفرۆشن و به‌ خێر بیبه‌خشن، بۆ خۆتان جزدانێك كه‌ نه‌فه‌وتێت و گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ ئاسمان كه‌ له‌بن نایه‌ت دروست بكه‌ن، له‌وێ نه‌ دز لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ مۆرانه‌ لێی ده‌دات."

34 چونكه‌ گه‌نجینه‌تان له‌كوێ بێت، دڵیشتان له‌وێ ده‌بێت."

35 با پشتێنتان به‌ستراو و چراتان هه‌ڵكراو بێت،"

36 وه‌ك ئه‌وانه‌ بن كه‌ چاوه‌ڕێی گه‌وره‌كه‌یان ده‌كه‌ن تاكو له‌ شایی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ده‌رگای دا، یه‌كسه‌ر لێی بكه‌نه‌وه‌."

37 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و كۆیلانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێت به‌خه‌به‌رن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ناوقه‌دی خۆی ده‌به‌ستێت و دایانده‌نیشێنێت، دێت و خزمه‌تیان ده‌كات."

38 جا ئه‌گه‌ر له‌ به‌تڵی دووه‌م یان سێیه‌می شه‌ودا بێته‌وه‌ و ئاوا ببینێت، خۆزگه‌ به‌وان ده‌خوازرێ."

39 به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ی ماڵ بزانێت له‌ چ كاتژمێرێك دز دێته‌ سه‌ری، نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت."

40 ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ كوڕی مرۆڤ له‌ كاتێك‌دا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌.)"

41 په‌ترۆس وتی: (گه‌وره‌م، ئه‌م نموونه‌یه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووان؟)"

42 خوداوه‌ند فه‌رمووی: (ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و ژیره‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر كۆیله‌كانی دایده‌نێت تاكو له‌ كاتی خۆی‌دا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟"

43 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات."

44 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌ی‌دا دایده‌نێت."

45 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆیله‌ له‌ دڵی خۆی‌دا وتی: "گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌،" ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌كان و كاره‌كه‌ران، هه‌روه‌ها بخوا و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت،"

46 ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێك‌دا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاتژمێرێك كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ بێ‌باوه‌ڕان ده‌بێت."

47 ئه‌و كۆیله‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ش نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت."

48 به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت."

49 هاتووم تاكو ئاگر هه‌ڵده‌مه‌ سه‌ر زه‌وی، چه‌نده‌ ده‌خوازم گڕی گرتبێت!"

50 باپتیزه‌ی ئازارم هه‌یه‌ ده‌بێ پێی‌دا ڕه‌ت بم، چه‌ند ناڕه‌حه‌تم تاكو ته‌واو ده‌بێت."

51 واده‌زانن من هاتووم ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی؟ پێتان ده‌ڵێم: نه‌خێر، به‌ڵكو دووبه‌ره‌كی."

52 چونكه‌ له‌مه‌وپاش له‌ ماڵێك‌دا پێنجی تێدا ده‌بێت جیا ده‌بنه‌وه‌، سێ له‌ دوو و دوو له‌ سێ."

53 باوك له‌ كوڕ و كوڕ له‌ باوك، دایك له‌ كچ و كچ له‌ دایك، خه‌سوو له‌ بووك و بووك له‌ خه‌سوو جیا ده‌بنه‌وه‌.)"

54 دیسان به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: (كاتێ هه‌ورێك ده‌بینن له‌ ڕۆژئاواوه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، خێرا ده‌ڵێن: "بارانی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌،" ئاواش ده‌بێت."

55 كاتێكیش بای باشوور هه‌ڵده‌كات، ده‌ڵێن: "گه‌رم ده‌بێت،" ئاواش ده‌بێت."

56 ئه‌ی دووڕووان، ده‌زانن ڕووی زه‌وی و ئاسمان بخوێننه‌وه‌، چۆن نازانن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بخوێننه‌وه‌؟"

57 هه‌روه‌ها بۆچی بۆ خۆتان به‌ ڕاستی حوكم ناده‌ن؟"

58 كاتێ له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره‌كه‌ت به‌ ڕێگاوه‌ی بۆ لای دادوه‌ر، له‌ ڕێگا هه‌وڵبده‌ له‌گه‌ڵی ببڕێنیته‌وه‌، ئه‌گینا ڕاتده‌كێشێته‌ لای دادوه‌ر و دادوه‌ریش ده‌تداته‌ ده‌ست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێت‌ده‌داته‌ به‌ندیخانه‌."

59 پێت ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچی تاكو دوایین پوول نه‌ده‌یته‌وه‌.)"

13

1 هه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌ندێك له‌وێ بوون، باسی ئه‌و جه‌لیلییانه‌یان بۆ عیسا كرد كه‌ پیلاتۆس خوێنی له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كانیان تێكه‌ڵاو كرد."

2 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (واده‌زانن ئه‌و جه‌لیلییانه‌ له‌ هه‌موو جه‌لیلییه‌كان گوناهبارتر بوون، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌یان چێژت؟"

3 پێتان ده‌ڵێم: نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن."

4 یان ئه‌و هه‌ژده‌ كه‌سه‌ی له‌ سیلوام قولله‌كه‌یان به‌سه‌ردا كه‌وت و كوشتنی، له‌ هه‌موو دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم گوناهبارتر بوون؟"

5 من پێتان ده‌ڵێم: نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن.)"

6 ئینجا ئه‌م نموونه‌یه‌ی باسكرد: (كابرایه‌ك دارهه‌نجیرێكی چاندراوی له‌ ڕه‌زه‌كه‌ی هه‌بوو، بۆ به‌رهه‌م هات و پێوه‌ی نه‌بینی."

7 به‌ ڕه‌زه‌وانه‌كه‌ی وت: "ته‌ماشابكه‌، سێ ساڵه‌ بۆ به‌رهه‌می ئه‌م دارهه‌نجیره‌ دێم و پێوه‌ی نابینم! بیبڕه‌وه‌، بۆچی زه‌ویش داگیر بكات؟""

8 به‌ڵام وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "گه‌وره‌م، ئه‌م ساڵه‌ش وازی لێ‌بهێنه‌، تاكو ده‌وروبه‌ری هه‌ڵده‌گێڕمه‌وه‌ و په‌یینی پێدا ده‌كه‌م. ""

9 به‌ڵكو دواتر به‌ر بگرێت، ئه‌گینا بیبڕه‌وه‌.") ""

10 عیسا له‌ شه‌ممه‌دا له‌ یه‌كێك له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ریكی فێركردن بوو،"

11 ژنێك هه‌ژده‌ ساڵ نه‌خۆش بوو به‌هۆی ڕۆحێك، قه‌مبوور بوو و هه‌رگیز نه‌یده‌توانی به‌ ته‌واوی ڕاستبێته‌وه‌."

12 عیسا ژنه‌كه‌ی بینی، بانگی كرد: (خانم، له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت ئازاد كرایت.)"

13 ئینجا هه‌ردوو ده‌ستی خسته‌ سه‌ری و یه‌كسه‌ر ڕاستبۆوه‌ و خودای شكۆدار كرد."

14 پێشه‌وای كه‌نیشتیش تووڕه‌ بوو كه‌وا عیسا له‌ شه‌ممه‌دا خه‌ڵكی چاك‌‌كرده‌وه‌، به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی وت: (شه‌ش ڕۆژ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كاریان تێدا بكرێت، له‌وان‌دا وه‌رن و چاكبنه‌وه‌، نه‌ك له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا.)"

15 خوداوه‌ندیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌ی دووڕووان! ئایا هه‌ر یه‌ك له‌ ئێوه‌ له‌ شه‌ممه‌دا گا یان كه‌ره‌كه‌ی له‌ ئاخوڕ ناكاته‌وه‌ و بیبات ئاوی بدات؟"

16 ئه‌وه‌ش كه‌ كچی ئیبراهیمه‌ و هه‌ژده‌ ساڵه‌ شه‌یتان به‌ستویه‌تییه‌وه‌، نه‌ده‌بوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا له‌م به‌نده‌ ئازاد بێت؟)"

17 كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، هه‌موو به‌رهه‌ڵستكارانی شه‌رمه‌زار بوون، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ گشت ئه‌و كاره‌ شكۆدارانه‌ی به‌و ئه‌نجام ده‌دران دڵشاد بوون."

18 ئینجا عیسا فه‌رمووی: (شانشینی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چی به‌راوردی بكه‌م؟"

19 له‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ك ده‌چێت، كابرایه‌ك بردی و فڕێی‌دا ناو باخه‌كه‌ی، جا گه‌شه‌ی كرد و بووه‌ دارێك، باڵنده‌ی ئاسمان له‌ناو لقه‌كانی هه‌ڵنیشتن.)"

20 دیسان فه‌رمووی: (شانشینی خودا به‌ چی به‌راورد بكه‌م؟"

21 له‌ هه‌ویرترشێك ده‌چێت، ئافره‌تێك هێنای و كردییه‌ ناو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات.)"

22 كاتێ عیسا ده‌چووه‌ ئۆرشه‌لیم، به‌ شار و گونده‌كان‌دا تێده‌په‌ڕی و خه‌ڵكی فێرده‌كرد."

23 یه‌كێك پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ئایا كه‌من ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت؟) ئه‌ویش پێی فه‌رموون:"

24 (كۆشش بكه‌ن تاكو له‌ ده‌رگای ته‌سك بچنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌، پێتان ده‌ڵێم، زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ ژووره‌وه‌ و ناتوانن."

25 " له‌و ده‌مه‌ی خاوه‌ن ماڵ هه‌ڵده‌ستێت و ده‌رگا داده‌خات، ئێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و تكا ده‌كه‌ن: "گه‌وره‌م، لێمان بكه‌وه‌!" وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: "نازانم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن." ""

26 ئه‌وسا ده‌ڵێن: "له‌گه‌ڵت خواردمان و خواردمانه‌وه‌ و له‌ شه‌قامه‌كانمان فێرت كردین.""

27 ئینجا ده‌ڵێت: "نازانم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن. ئه‌ی هه‌موو به‌دكاران، لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌!""

28 گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت، كاتێ ده‌بینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له‌ شانشینی خودان، ئێوه‌ش ده‌ركراون."

29 له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، له‌ باكوور و باشووره‌وه‌ دێن و له‌ شانشینی خودا له‌سه‌ر خوان داده‌نیشن."

30 ئه‌وه‌تا دواهه‌مین هه‌ن ده‌بنه‌ یه‌كه‌م و یه‌كه‌میش هه‌ن ده‌بنه‌ دواهه‌مین.)"

31 له‌و كاته‌دا هه‌ندێك فه‌ریسی هاتن و پێیان وت: (ئێره‌ به‌جێ‌بهێڵه‌ و بڕۆ، چونكه‌ هێرۆدس ده‌یه‌وێت بتكوژێت.)"

32 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (بڕۆن به‌و ڕێویه‌ بڵێن، {ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ و به‌یانی ڕۆحه‌پیسه‌كان ده‌رده‌كه‌م و چاك ده‌كه‌مه‌وه‌، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش ته‌واو ده‌بم.}"

33 به‌ڵام بۆ من پێویسته‌ ئه‌مڕۆ و به‌یانی و دووسبه‌ی بڕۆم، چونكه‌ نابێ پێغه‌مبه‌رێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم بمرێت."

34 هۆ ئۆرشه‌لیم، هۆ ئۆرشه‌لیم، بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری ئه‌وانه‌ی بۆی نێردران، چه‌ند جار ویستم منداڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ك مریشك جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵی كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست."

35 ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆ ئێوه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. پێتان ده‌ڵێم، ئیتر نامبیننه‌وه‌، تاكو كاتێ دێت و ده‌ڵێن، {ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت." } ""

14

1 ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌ممه‌دا كاتێ عیسا بۆ نانخواردن چووه‌ ماڵی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ فه‌ریسییه‌كان، چاودێرییان ده‌كرد."

2 پیاوێكیش نه‌خۆشی ئاوبه‌ندی هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ری بوو."

3 عیسا له‌ ته‌وراتناس و فه‌ریسییه‌كانی پرسی: (ئایا له‌ شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌ یان نا؟)"

4 ئه‌وان بێ‌ده‌نگ بوون. ئه‌ویش كابرای گرت و چاكی‌كرده‌وه‌ و به‌ڕێی كرد."

5 پێی فه‌رموون: (كامه‌تان كوڕه‌كه‌ی یان گایه‌كه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ بیره‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ریناهێنێت؟)"

6 نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌م شتانه‌ بده‌نه‌وه‌."

7 نموونه‌یه‌كی بۆ بانگهێشتكراوان هێنایه‌وه‌ كه‌ تێبینی كرد چۆن ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن:"

8 (كاتێ یه‌كێك بۆ شایی بانگهێشتت ده‌كات، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دامه‌نیشه‌، نه‌وه‌ك له‌ تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت كردبێت."

9 ئینجا ئه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وی بانگهێشت كردووه‌، دێت و پێت ده‌ڵێ: "شوێنه‌كه‌ت بۆ ئه‌مه‌ چۆڵ بكه‌،" تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه‌ و ڕیزی دواوه‌ ده‌گریت."

10 به‌ڵام كاتێ بانگهێشت ده‌كرێیت بڕۆ له‌ دواوه‌ دانیشه‌، تاكو كاتێ ئه‌وه‌ی بانگهێشتی كردوویت، بێت و پێت بڵێت: "براده‌ر، هه‌سته‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌." ئه‌وسا له‌به‌رچاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵت دانیشتوون شكۆدار ده‌بیت."

11 چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.)"

12 ئینجا به‌وه‌ی وت كه‌وا بانگهێشتی كردووه‌: (كاتێ چێشت یان شێو ده‌كه‌یت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانت بانگ مه‌كه‌، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش بانگت بكه‌نه‌وه‌، بۆت ده‌بێته‌ پاداشت."

13 به‌ڵكو ئه‌گه‌ر میواندارییه‌كت كرد، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و شه‌ل و كوێر بانگ بكه‌."

14 خۆزگه‌ت پێ ده‌خوازرێ، چونكه‌ نییانه‌ پاداشتت بده‌نه‌وه‌، تۆش له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی ڕاستودروستان پاداشت ده‌درێیته‌وه‌.)"

15 یه‌كێك له‌ دانیشتووان ئه‌مه‌ی بیست، وتی: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وه‌ی له‌ شانشینی خودا نان ده‌خوات.)"

16 عیسا پێی فه‌رموو: (كابرایه‌ك شێوێكی گه‌وره‌ی كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگ‌كرد."

17 كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگكراوان بڵێت: "فه‌رموون، ئێستا هه‌مووی ئاماده‌یه‌.""

18 به‌ڵام هه‌موو وه‌ك یه‌ك داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی‌ووت: "كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌.""

19 یه‌كێكی دیكه‌ وتی: "پێنج جووت گام كڕیوه‌ و ده‌چم تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایه‌ لێم ببوره‌.""

20 یه‌كێكی دیكه‌شیان وتی: "ژنم هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانم بێم.""

21 كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: "خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌.""

22 كۆیله‌كه‌ وتی: "گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌.""

23 گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: "بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكۆڵه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵك بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت. ""

24 پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات.") ""

25 حه‌شاماتێكی له‌گه‌ڵ‌بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و پێی‌ووتن:"

26 (ئه‌گه‌ر یه‌كێك بێته‌ لام و ڕقی له‌ دایك و باوكی، ژن و منداڵی، برا و خوشكه‌كانی نه‌بێته‌وه‌، بگره‌ له‌ خۆشی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من."

27 ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من."

28 كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت قولله‌یه‌ك دروست بكات، یه‌كه‌م جار دانانیشێت و خه‌رجییه‌كه‌ی ناخه‌مڵێنێت، ئاخۆ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی؟"

29 نه‌وه‌ك بناغه‌كه‌ دابنێت و نه‌توانێت ته‌واوی بكات، ئه‌وسا هه‌موو ته‌ماشاكاران گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن،"

30 ده‌ڵێن: "ئه‌م پیاوه‌ ده‌ستی پێ‌كرد بینا بكات و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات.""

31 یان چ پاشایه‌ك ده‌چێته‌ شه‌ڕی پاشایه‌كی دیكه‌ و یه‌كه‌م جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناكات، ئایا به‌ ده‌ هه‌زار ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیست هه‌زاره‌وه‌ دێته‌ سه‌ری؟"

32 ئه‌گینا خۆ تاكو دووره‌، په‌یامنێری بۆ ده‌نێرێت و داوای ئاشتی ده‌كات."

33 به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكتان ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شتێك نه‌هێنێ كه‌ هه‌یه‌تی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من."

34 خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟"

35 ئه‌وسا نه‌ به‌كه‌ڵكی زه‌وی و نه‌ په‌یین دێت، به‌ڵكو فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی گوێی بۆ بیستن هه‌یه‌، با ببیستێت.)"

15

1 هه‌موو باجگر و گوناهباران لێی نزیك ده‌بوونه‌وه‌ تاكو گوێی لێ بگرن."

2 جا فه‌ریسی و مالمه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان ده‌كرد: (ئه‌مه‌ پێشوازی له‌ گوناهباران ده‌كات و نانیان له‌گه‌ڵ ده‌خوات.)"

3 عیساش ئه‌م نموونه‌یه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌:"

4 (كامه‌تان ئه‌گه‌ر سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ون‌بێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ له‌ ده‌شت به‌جێ ناهێڵێت و به‌دوای ونبووه‌كه‌دا ناچێت تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟"

5 كاتێ دۆزییه‌وه‌ش، به‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر شانی و"

6 دێته‌وه‌ ماڵ، هاوڕێ و دراوسێیه‌كان بانگ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵم دڵشاد بن! مه‌ڕه‌ ونبووه‌كه‌م دۆزییه‌وه‌.""

7 پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئاسمانیش شادی زیاتر ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ گوناهبارێك تۆبه‌ بكات له‌ نه‌وه‌د و نۆ ڕاستودروست كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌."

8 یان چ ئافره‌تێك ده‌ درهه‌می هه‌بێت و یه‌ك درهه‌می ون‌بكات، چرا هه‌ڵناكات و ماڵه‌كه‌ گسك بدات و به‌ وردی بگه‌ڕێت، تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟"

9 كه‌ دۆزییه‌وه‌، هاوڕێ و دراوسێیه‌كانی بانگ ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵم دڵشادبن، ئه‌و درهه‌مه‌ی ونم‌كردبوو، دۆزیمه‌وه‌.""

10 پێتان ده‌ڵێم: به‌ تۆبه‌كردنی گوناهبارێك، ئاوا له‌ ئاماده‌گی فریشته‌كانی خودا ده‌بێته‌ شادی.)"

11 ئینجا فه‌رمووی: (كابرایه‌ك دوو كوڕی هه‌بوو."

12 بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی وت: "باوكه‌، به‌شی خۆمم له‌ میراته‌كه‌ بده‌رێ." ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی بۆ دابه‌شكردن."

13 دوای چه‌ند ڕۆژێك، كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ هه‌موو شته‌كانی كۆكرده‌وه‌ و به‌ره‌و وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، له‌وێ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕابواردن دانا."

14 له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووی خه‌رج كرد، گرانییه‌كی گه‌وره‌ كه‌وته‌ ناوچه‌كه‌، جا ده‌ستی به‌ نه‌بوونی كرد."

15 ئیتر چووه‌ پاڵ هاوڵاتییه‌كی ناوچه‌كه‌، ئه‌ویش ناردییه‌ كێڵگه‌كانی بۆ له‌وه‌ڕاندنی به‌راز."

16 حه‌زی ده‌كرد به‌و خڕنووكه‌ برسیێتی بشكێنێت كه‌ به‌رازه‌كان ده‌یانخوارد و كه‌سیش نه‌یده‌دایێ."

17 ئینجا به‌ هۆش خۆی هاته‌وه‌ و وتی: "ئاخۆ چه‌ند كرێكاری باوكم نانیان له‌به‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، منیش لێره‌ وا له‌ برسان ده‌مرم. ""

18 هه‌ڵده‌ستم ده‌چمه‌وه‌ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد."

19 ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ كرێكارێكی خۆت."

20 جا هه‌ڵستا و گه‌ڕایه‌وه‌ لای باوكی، هێشتا دوور بوو باوكی ئه‌وی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایكرد و له‌ باوه‌شی كرد و ماچی‌كرد."

21 كوڕه‌ش پێی‌ووت: "باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد، ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم.""

22 به‌ڵام باوكه‌كه‌ به‌ خزمه‌تكارانی خۆی وت: "خێرا باشترین به‌رگ بهێنن و له‌به‌ری بكه‌ن، ئه‌نگوستیله‌یه‌ك بكه‌نه‌ په‌نجه‌ی و پێڵاویش بۆ پێی. ""

23 گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ش بهێنن و سه‌ری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین."

24 چونكه‌ ئه‌م كوڕه‌م مردوو بوو و زیندووبۆته‌وه‌، ونببوو و دۆزراوه‌ته‌وه‌." جا ده‌ستیان پێ‌كرد دڵخۆش ده‌بوون. ""

25 كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ بوو، كه‌ ده‌هاته‌وه‌ و له‌ ماڵ نزیك‌بۆوه‌، گوێی له‌ مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ بوو."

26 یه‌كێك له‌ خزمه‌تكارانی بانگ‌كرد و پرسیاری كرد، ئه‌مه‌ چییه‌."

27 پێی‌ووت: "براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ی سه‌ربڕی، چونكه‌ به‌ ساغی وه‌ریگرته‌وه‌.""

28 تووڕه‌ بوو و نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. ئیتر باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و تكای لێ‌كرد."

29 ئه‌ویش وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌: "ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ كۆیلایه‌تیت بۆ ده‌كه‌م و هه‌رگیز له‌ فه‌رمانت ده‌رنه‌چووم، ته‌نانه‌ت كاریله‌یه‌كت نه‌دامێ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم پێی دڵخۆش بم. ""

30 به‌ڵام كاتێ ئه‌م كوڕه‌ت هاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌تی له‌گه‌ڵ داوێنپیسان لووش‌كرد، گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ت بۆی سه‌ربڕی."

31 ئه‌ویش پێی‌ووت: "كوڕم، تۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ منی، هه‌رچیم هه‌یه‌ هی تۆیه‌. ""

32 به‌ڵام پێویسته‌ دڵخۆش و شاد بین، چونكه‌ ئه‌م برایه‌ت مردوو بوو زیندووبۆوه‌، ونببوو دۆزرایه‌وه‌.)"

16

1 هه‌روه‌ها عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (كابرایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌ركارێكی هه‌بوو، سكاڵای به‌فیڕۆدانی ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ری پێ گه‌یشت."

2 بانگی كرد و پێی‌ووت: "ئه‌مه‌ چییه‌ له‌سه‌ر تۆ ده‌یبیستم؟ هه‌ژماردی سه‌ركارییه‌كه‌ت بده‌وه‌، چونكه‌ ئیتر ناتوانیت سه‌ركار بیت.""

3 سه‌ركاره‌كه‌ به‌ خۆی وت: "چی بكه‌م، چونكه‌ گه‌وره‌كه‌م سه‌ركارییه‌كه‌م لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌؟ ناتوانم هه‌ڵبكه‌نم و شه‌رمیش ده‌كه‌م سواڵ بكه‌م. ""

4 به‌ڵام ده‌زانم چی ده‌كه‌م، تاكو كاتێ له‌ سه‌ركارییه‌كه‌ لابردرام له‌ ماڵه‌كانیان پێشوازیم لێ بكه‌ن."

5 جا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قه‌رزاره‌كانی گه‌وره‌كه‌ی بانگ‌كرد. به‌ یه‌كه‌میانی وت: "چه‌ند قه‌رزاری گه‌وره‌كه‌میت؟""

6 " وتی: "سه‌د هیزه‌ ڕۆن. " ئه‌ویش پێی‌ووت: "پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و دانیشه‌، خێرا بنووسه‌ په‌نجا." ""

7 " به‌وی دیكه‌ی وت: "تۆ چه‌ندت له‌سه‌ره‌؟" وتی: "سه‌د ڕبه‌ گه‌نم." پێی‌ووت: "پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و بنووسه‌ هه‌شتا." ""

8 جا گه‌وره‌كه‌ ستایشی سه‌ركاره‌ ناپاكه‌كه‌ی كرد، چونكه‌ ژیرانه‌ جوڵایه‌وه‌. چونكه‌ كوڕانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ له‌ نه‌وه‌ی خۆیان له‌ كوڕانی ڕووناكی ژیرترن."

9 منیش پێتان ده‌ڵێم: به‌ سامانی جیهانی دۆستی خۆتان دروست بكه‌ن، تاكو ئه‌گه‌ر نه‌ما، له‌ ماڵی تاهه‌تایی پێشوازی لێ‌كراو بن.)"

10 (ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ده‌ستپاكه‌ له‌ زۆریش ده‌ستپاكه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ناپاكه‌ له‌ زۆریش ناپاكه‌."

11 ئه‌گه‌ر له‌ سامانی جیهانی ده‌ستپاك نه‌بن، كێ سامانی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ ئێوه‌ ده‌سپێرێت؟"

12 ئه‌گه‌ر له‌ شتی خه‌ڵكی ده‌ستپاك نه‌بن، كێ شتی خۆیتان ده‌داتێ؟"

13 خزمه‌تكار نییه‌ بتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆش‌ده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ئێوه‌ش ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن.)"

14 فه‌ریسییه‌كانیش كه‌ پاره‌یان خۆش‌ده‌ویست، گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوو، گاڵته‌یان پێ‌كرد."

15 پێی فه‌رموون: (له‌لای خه‌ڵكی خۆتان بێ‌تاوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام خودا دڵتان ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ پایه‌داری داده‌نێت، له‌به‌رده‌م خودا قێزه‌وه‌نه‌."

16 ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران تاكو یه‌حیا ڕاگه‌یه‌نرا، دواتر موژده‌ی پاشایه‌تی خودا ده‌درێت و هه‌موو كه‌سێك تێده‌كۆشێت بچێته‌ ناوی."

17 به‌ڵام نه‌مانی زه‌وی و ئاسمان ئاسانتره‌ له‌ كه‌وتنی خاڵێكی ته‌ورات."

18 ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، داوێنپیسی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌ڵاقدراوێك له‌ پیاو ده‌هێنێت داوێنپیسی ده‌كات."

19 پیاوێك ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، جلی ئه‌رخه‌وانی و كه‌تانی له‌به‌ر ده‌كرد و هه‌موو ڕۆژێكی به‌ خۆشی ڕاده‌بوارد."

20 هه‌ژارێكیش ناوی له‌عازر بوو، له‌به‌رده‌رگاكه‌ی كه‌وتبوو، برین لێی‌دابوو،"

21 په‌رۆش بوو له‌و به‌رماوه‌یه‌ تێربێت كه‌ له‌ خوانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌گیش ده‌هاتن برینه‌كانیان ده‌لێسته‌وه‌."

22 ئیتر هه‌ژاره‌كه‌ مرد و فریشته‌ بۆ باوه‌شی ئیبراهیم هه‌ڵیانگرت. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ش مرد و نێژرا."

23 له‌ جیهانی مردووان سه‌ری هه‌ڵبڕی و ئازاری ده‌چێژێت، له‌ دووره‌وه‌ ئیبراهیمی بینی و له‌عازری له‌ باوه‌ش بوو."

24 هاواری كرد: "باوكه‌ ئیبراهیم، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌، له‌عازر بنێره‌ تاكو سه‌ری په‌نجه‌ی به‌ ئاو ته‌ڕ بكات و زمانم فێنك بكاته‌وه‌، وا له‌ناو ئه‌م گڕه‌دا ئازار ده‌چێژم.""

25 ئیبراهیم وتی: "كوڕم، له‌بیرت بێت له‌ ژیانت‌دا شته‌ باشه‌كانی خۆت وه‌رگرت و له‌عاز‌ریش شته‌ خراپه‌كان. ئێستا وا لێره‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێت و تۆش ئازار ده‌چێژیت. ""

26 سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان ئێمه‌ و ئێوه‌دا قایم كراوه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ لێره‌وه‌ بۆ لاتان بێن نه‌توانن و كه‌سیش له‌وێوه‌ بۆ لای ئێمه‌ نه‌په‌ڕێته‌وه‌."

27 ئه‌ویش وتی: "كه‌واته‌ باوكه‌، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ بینێره‌ ماڵی باوكم، ""

28 چونكه‌ پێنج برام هه‌یه‌، تاكو ئاگاداریان بكاته‌وه‌، نه‌وه‌ك ئه‌وانیش بۆ ئه‌م شوێنی ئازاردانه‌ بێن."

29 به‌ڵام ئیبراهیم پێی‌ووت: "موسا و پێغه‌مبه‌رانیان هه‌یه‌، با گوێ له‌وان بگرن.""

30 ئه‌ویش وتی: "نه‌خێر باوكه‌ ئیبراهیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ناو مردووانه‌وه‌ بچێته‌ لایان، ئه‌وا تۆبه‌ ده‌كه‌ن.""

31 پێی‌ووت: "ئه‌گه‌ر گوێ له‌ موسا و پێغه‌مبه‌ران نه‌گرن، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ناو مردووانیش هه‌ڵستێته‌وه‌، قه‌ناعه‌تیان پێ نایێت.")"

17

1 عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (مه‌حاڵه‌ كۆسپه‌كان نه‌یه‌ن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ دێت."

2 بۆی باشتره‌ ئه‌گه‌ر به‌رداشێك به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ بكات."

3 ئاگاداری خۆتان بن. ئه‌گه‌ر براكه‌ت هه‌ڵه‌ی كرد، سه‌رزه‌نشتی بكه‌، ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی كرد گه‌رده‌نی ئازاد بكه‌."

4 ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژێك‌دا حه‌وت جار هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌رت كرد و حه‌وت جار گه‌ڕایه‌وه‌ لات و وتی: "تۆبه‌ ده‌كه‌م،" تۆ گه‌رده‌نی ئازاد بكه‌.)"

5 ئینجا نێردراوه‌كان به‌ خوداوه‌ندیان وت: (باوه‌ڕمان زیاد بكه‌!)"

6 خوداوه‌ندیش فه‌رمووی: (ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌كیش باوه‌ڕتان هه‌بێت، به‌م دارتووه‌ ده‌ڵێن: "هه‌ڵبكه‌ندرێ و له‌ناو ده‌ریا بچێندرێ،" به‌ قسه‌تان ده‌كات."

7 كامه‌تان، ئه‌گه‌ر كۆیله‌یه‌كی هه‌بێت و جووت یان شوانكاره‌یی بكات، كه‌ له‌ كێڵگه‌ هاته‌وه‌، پێی ده‌ڵێت: "یه‌كسه‌ر وه‌ره‌ و دانیشه‌"؟"

8 ئایا پێی ناڵێت: "شتێكم بۆ ئاماده‌ بكه‌ بیخۆم، پشتت ببه‌سته‌ و خزمه‌تم بكه‌ تاكو ده‌خۆم و ده‌خۆمه‌وه‌، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوه‌"؟"

9 ئایا سوپاسی ئه‌و كۆیله‌یه‌ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی كرد كه‌ فه‌رمانی پێ كرابوو؟"

10 ئێوه‌ش ئاوا، كاتێ هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانتان پێ ده‌كرێت ده‌یكه‌ن، بڵێن: "كۆیله‌ی شایسته‌ نین، ئه‌ركی خۆمان به‌جێگه‌یاندووه‌.")"

11 ئه‌وه‌بوو كاتێ عیسا ده‌چووه‌ ئۆرشه‌لیم، به‌ نێوانی سامیره‌ و جه‌لیل‌دا ده‌ڕۆیشت."

12 كه‌ چووه‌ گوندێك، تووشی ده‌ پیاوی گول بوو، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون،"

13 ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: (عیسا، مامۆستا، به‌زه‌ییت پێمان‌دا بێته‌وه‌!)"

14 جا ئه‌وانی بینی و پێی فه‌رموون: (بڕۆن خۆتان پیشانی كاهینان بده‌ن.) كاتێ ده‌ڕۆیشتن پاكبوونه‌وه‌."

15 یه‌كێكیان سه‌یری كرد پاك‌بۆته‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێكی به‌رز ستایشی خودای كرد،"

16 له‌به‌رپێی عیسا به‌سه‌ر ڕووی‌دا كه‌وت و سوپاسی كرد. كابرا سامیره‌ییش بوو."

17 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌رێ ده‌ كه‌س پاك نه‌بوونه‌وه‌؟ كوا نۆیه‌كه‌؟"

18 نه‌بینران بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خودا شكۆدار بكه‌ن، ئه‌م بێگانه‌ نه‌بێت؟)"

19 ئینجا پێی فه‌رموو: (هه‌سته‌ و بڕۆ، باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت.)"

20 كه‌ فه‌ریسییه‌كان پرسیاریان لێ‌كرد، كه‌ی پاشایه‌تی خودا دێت، وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (پاشایه‌تی خودا به‌ سه‌رنجدان نایه‌ت،"

21 " خه‌ڵكیش ناڵێن: "ئه‌مه‌تا،" یان "ئه‌وه‌تا،" چونكه‌ پاشایه‌تی خودا له‌ ناوه‌ڕۆكتان دایه‌.) ""

22 جا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ڕۆژانێك دێت كه‌ تامه‌زرۆن ڕۆژێك له‌ ڕۆژانی كوڕی مرۆڤ ببینن و نایبینن."

23 " ئینجا پێتان ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌،" یان "ئه‌مه‌تا لێره‌یه‌،" مه‌ڕۆن و به‌ دوای‌دا مه‌چوون. ""

24 چونكه‌ وه‌ك ئه‌و بروسكه‌یه‌ی له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ ژێر ئاسمان‌دا بروسكه‌ ده‌دات لایه‌كی دیكه‌ له‌ ژێر ئاسمان‌دا ڕووناك ده‌كاته‌وه‌، كوڕی مرۆڤیش له‌ ڕۆژی خۆی‌دا وا ده‌بێت."

25 به‌ڵام ده‌بێت یه‌كه‌م جار زۆر ئازار بچێژێت و ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌."

26 وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می نوح‌دا بوو، له‌ سه‌رده‌می كوڕی مرۆڤیش‌دا وا ده‌بێت."

27 ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی نوح چووه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌، لافاوه‌كه‌ هات و هه‌موویانی له‌ناوبرد."

28 دیسان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می ڵوت بوو، ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ده‌یانكڕی و ده‌یانفرۆشت، ده‌یانچاند و بنیادیان ده‌نا."

29 به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌ی ڵوت له‌ سه‌دوم ده‌رچوو، له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر و گۆگردی باراند و هه‌موویانی له‌ناوبرد."

30 له‌ ڕۆژی ئاشكراكردنی كوڕی مرۆڤیش‌دا ئاوا ده‌بێت."

31 ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا له‌ سه‌ربانه‌ و شته‌كانی له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ بردنی. ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌شه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌."

32 ژنه‌كه‌ی ڵوتتان به‌ بیر بێته‌وه‌!"

33 ئه‌وه‌ی بیه‌وێ خۆی بباته‌وه‌ ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یدۆڕێنێت ده‌یباته‌وه‌."

34 پێتان ده‌ڵێم: له‌و شه‌وه‌دا دووان له‌ناو یه‌ك جێگا دان، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ."

35 دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. ["

36 دووان له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ.])"

37 پێیان وت: (له‌كوێ گه‌وره‌م؟) پێی فه‌رموون: (كه‌لاك له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌.)"

18

1 عیسا نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ نوێژ بكه‌ن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن."

2 فه‌رمووی: (له‌ شارێك دادوه‌رێك هه‌بوو له‌ خودا نه‌ده‌ترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نه‌ده‌گرت."

3 له‌و شاره‌دا بێوه‌ژنێك هه‌بوو، ده‌هاته‌ لای و ده‌یووت: "مافم بۆ وه‌ربگره‌ له‌ دژه‌كه‌م.""

4 ئه‌ویش ماوه‌یه‌ك نه‌یده‌ویست. دواتریش له‌ دڵی خۆی‌دا وتی: "كه‌ له‌ خودا ناترسم و ڕێزیش له‌ مرۆڤ ناگرم، ""

5 چونكه‌ ئه‌م بێوه‌ژنه‌ بێزارم ده‌كات، مافی بۆ وه‌رده‌گرم، نه‌وه‌ك له‌ كۆتایی‌دا بێت و به‌ هیلاكم ببات.") ""

6 خوداوه‌ند فه‌رمووی: (گوێ‌بگرن له‌وه‌ی دادوه‌ره‌ زۆرداره‌كه‌ ده‌یڵێت."

7 باشه‌ خودا مافی بژارده‌كانی خۆی كه‌ شه‌و و ڕۆژ لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌ وه‌رناگرێت؟ ئایا دره‌نگ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌؟"

8 پێتان ده‌ڵێم: خێرا مافیان بۆ وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام كاتێ كوڕی مرۆڤ دێته‌وه‌، ئایا باوه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌دۆزێته‌وه‌؟)"

9 بۆ ئه‌وانه‌ی دڵنیا بوون كه‌ به‌خۆیان بێ‌تاوانن و خه‌ڵكی سووك ده‌كه‌ن، ئه‌م نموونه‌یه‌ی هێنایه‌وه‌:"

10 (دوو كه‌س بۆ نوێژكردن چوونه‌ په‌رستگا، یه‌كێكیان فه‌ریسی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ باجگر."

11 فه‌ریسییه‌كه‌ وه‌ستا، له‌ دڵی خۆی‌دا ئه‌م نوێژه‌ی ده‌كرد: "خودایه‌ سوپاست ده‌كه‌م وه‌ك خه‌ڵكی دیكه‌ نیم - قۆڵبڕ و خراپه‌كار و داوێنپیسن - وه‌ك ئه‌م باجگره‌ش نیم. ""

12 هه‌فته‌ی دوو جار به‌ڕۆژوو ده‌بم، ئه‌وه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وێت ده‌یه‌كی ده‌به‌خشم."

13 به‌ڵام باجگره‌كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستا، نه‌یده‌ویست چاوی بۆ ئاسمان به‌رز بكاته‌وه‌، سنگی خۆی ده‌كوتا و ده‌یووت: "ئه‌ی خودایه‌ به‌زه‌ییت به‌ منی گوناهباردا بێته‌وه‌.""

14 پێتان ده‌ڵێم، ئه‌مه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی بێ‌تاوان كرابوو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وی دیكه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.)"

15 منداڵی ساوایان هێنایه‌ لای عیسا تاكو ده‌ستیان لێ بدات. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی لێیان ڕاخوڕین."

16 به‌ڵام عیسا بانگی مندا‌ڵه‌كانی كرد و فه‌رمووی: (لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام، ڕێیان لێ مه‌گرن، چونكه‌ شانشینی خودا هی وه‌ك ئه‌مانه‌یه‌."

17 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ك منداڵێك شانشینی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، هه‌رگیز ناچێته‌ ناویه‌وه‌.)"

18 سه‌رۆكێك پرسیاری لێ‌كرد: (مامۆستای باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی تاهه‌تایی به‌ میرات بگرم؟)"

19 عیسا پێی فه‌رموو: (بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌."

20 ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: {داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، شایه‌تی درۆ مه‌ده‌، ڕێزی دایك و باوكت بگره‌.} )"

21 ئه‌ویش وتی: (هه‌موو ئه‌مانه‌م له‌ منداڵییه‌وه‌ پاراستووه‌.)"

22 عیساش گوێی له‌مه‌ بوو، پێی فه‌رموو: (هێشتا شتێكت كه‌مه‌. چیت هه‌یه‌ هه‌مووی بفرۆشه‌ و به‌سه‌ر هه‌ژاران دابه‌شی بكه‌، له‌ ئاسمان‌دا گه‌نجینه‌یه‌كت ده‌بێت. ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌.)"

23 كاتێ ئه‌مه‌ی بیست، زۆر خه‌مناك بوو، چونكه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو."

24 عیسا بینی زۆر خه‌مناك بوو، فه‌رمووی: (چه‌ند گرانه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان بچنه‌ ناو شانشینی خوداوه‌."

25 چونكه‌ ئاسانتره‌ وشترێك به‌ كونی ده‌رزییه‌كه‌وه‌ بچێت له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێك بچێته‌ ناو شانشینی خوداوه‌.)"

26 ئه‌وانه‌ی گوێیان لێ‌بوو وتیان: (كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟)"

27 عیسا فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی مه‌حاڵه‌، لای خودا ده‌بێت.)"

28 په‌ترۆس وتی: (ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێكمان به‌جێ‌هێشتووه‌ و دوات كه‌وتووین.)"

29 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان ژن یان برا یان دایك و باوك یان منداڵی له‌به‌ر شانشینی خودا به‌جێ‌هێشتبێت،"

30 چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی وه‌رنه‌گرێته‌وه‌، له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ ڕۆژگاری داهاتووش ژیانی تاهه‌تایی.)"

31 عیسا دوازده‌كه‌ی برد و پێی فه‌رموون: (ئه‌وا سه‌رده‌كه‌وینه‌ ئۆرشه‌لیم، هه‌رچی پێغه‌مبه‌ران له‌باره‌ی كوڕی مرۆڤه‌وه‌ نووسیویانه‌ دێته‌ دی."

32 ده‌درێته‌ ده‌ستی نه‌ته‌وه‌كان، گاڵته‌ی پێ ده‌كرێت و جنێوی پێ ده‌درێت و تفی لێ ده‌كرێت،"

33 به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میش‌دا هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.)"

34 به‌ڵام هیچ له‌مه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن و ئه‌م باسه‌ لێیان شاراوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی وترا دركیان پێی نه‌كرد."

35 كاتێ عیسا له‌ ئه‌ریحا نزیك‌بۆوه‌، كه‌سێكی نابینا له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی ده‌كرد."

36 كه‌ گوێی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بوو ده‌ڕۆیشتن، پرسیاری ده‌كرد ئه‌مه‌ چییه‌."

37 پێیان وت: (عیسای ناسیره‌یی لێره‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت.)"

38 جا هاواری كرد: (عیسای كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌!)"

39 پێشڕه‌وان لێیان ڕاخوڕی تاكو بێ‌ده‌نگ بێت، ئه‌ویش زۆر زیاتر هاواری كرد: (كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌!)"

40 عیسا ڕاوه‌ستا و فه‌رمانی دا بیهێننه‌ لای. كاتێ نزیك‌بۆوه‌ ، لێی پرسی:"

41 (چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟) وتی: (گه‌وره‌م، ببینم.)"

42 عیساش پێی فه‌رموو: (ببینه‌، باوه‌ڕت چاكی‌كردیته‌وه‌.)"

43 یه‌كسه‌ر بینییه‌وه‌، دوای كه‌وت و خودای شكۆدار ده‌كرد. هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ بینییان ستایشی خودایان كرد."

19

1 ئینجا چووه‌ ناو ئه‌ریحا و پێی‌دا تێده‌په‌ڕی."

2 له‌وێ كابرایه‌ك ناوی زه‌كا بوو. گه‌وره‌ی باجگران بوو، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو."

3 ده‌یویست ببینێت عیسا كێیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یده‌توانی، چونكه‌ كورته‌باڵا بوو."

4 ڕایكرد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر دارهه‌نجیرێك تاكو بیبینێت، چونكه‌ عیسا به‌وێ تێده‌په‌ڕی."

5 كه‌ عیسا گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، چاوی هه‌ڵبڕی و پێی فه‌رموو: (زه‌كا، خێرابه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ له‌ ماڵی تۆ بمێنمه‌وه‌.)"

6 جا خێرا هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێ‌كرد."

7 هه‌موو بینییان و بۆڵه‌بۆڵیان ده‌كرد: (چووه‌ بووه‌ته‌ میوانی گوناهبارێك.)"

8 زه‌كا ڕاوه‌ستا و به‌ خوداوه‌ندی وت: (گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا نیوه‌ی سامانه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌ هه‌ژاران و ئه‌گه‌ر شتێكم له‌ یه‌كێك خواردووه‌، چوارقاتی ده‌ده‌مه‌وه‌.)"

9 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌مڕۆ ڕزگاری بۆ ئه‌م ماڵه‌ هات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ویش كوڕی ئیبراهیمه‌."

10 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ هاتووه‌ به‌دوای له‌ناوچوان‌دا بگه‌ڕێت و ڕزگاریان بكات.)"

11 كه‌ گوێیان له‌مانه‌ ده‌گرت، به‌رده‌وام بوو و نموونه‌یه‌كی هێنایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم نزیك بوو، وایان ده‌زانی كه‌ پاشایه‌تی خودا خه‌ریكه‌ ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت."

12 ئینجا فه‌رمووی: (پیاو ماقوڵێك بۆ وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، تاكو پاشایه‌تییه‌ك بۆ خۆی وه‌ربگرێت و بێته‌وه‌."

13 ده‌ له‌ كۆیله‌كانی خۆی بانگ‌كرد و ده‌ مینای پێ‌دان و پێی‌ووتن، تاكو دێمه‌وه‌ بازرگانی بكه‌ن."

14 به‌ڵام هاوڵاتییانی ڕقیان لێی‌بوو، شاندێكیان به‌ دوای‌دا نارد و وتیان: "نامانه‌وێت ئه‌مه‌ پاشایه‌تیمان بكات.""

15 ئه‌وه‌بوو كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، فه‌رمانی دا ئه‌و كۆیلانه‌ی زیوه‌كه‌ی پێ‌دابوون بانگ بكرێنه‌ لای، تاكو بزانێت له‌ بازرگانی چییان قازانج كردووه‌."

16 یه‌كه‌میان هات و وتی: "گه‌وره‌م میناكه‌ت ده‌ مینای قازانج كردووه‌.""

17 ئه‌ویش پێی‌ووت: "ئافه‌رین كۆیله‌ی چاك، چونكه‌ له‌ كه‌مترین شت ده‌ستپاك بوویت، ببه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وای ده‌ شار.""

18 دووه‌میان هات و وتی: "گه‌وره‌م میناكه‌ت پێنج مینای كردووه‌.""

19 به‌مه‌شیانی وت:" تۆش به‌سه‌ر پێنج شاران به‌.""

20 ئه‌وی دیكه‌ هات و وتی: "گه‌وره‌م ئه‌وه‌تا میناكه‌ت، له‌ ده‌سته‌سڕێك پێچابوومه‌وه‌ و هه‌ڵمگرتبوو. ""

21 چونكه‌ لێت ترسام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی توندیت، ئه‌وه‌ی داتنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌یت و ئه‌وه‌ی نه‌تچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌یت."

22 ئه‌ویش پێی‌ووت: "ئه‌ی كۆیله‌ی به‌د، به‌ زارت تاوانبارت ده‌كه‌م، كه‌ ده‌تزانی كابرایه‌كی توندم، ئه‌وه‌ی دامنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌م و ئه‌وه‌ی نه‌مچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌م. ""

23 ئیتر بۆچی زیوه‌كه‌مت له‌ بانك دانه‌نا، كاتێ ده‌هاتمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قازانجه‌كه‌ی وه‌رم ده‌گرته‌وه‌؟"

24 به‌وانه‌ی وت كه‌ له‌وێ ڕاوه‌ستابوون: "میناكه‌ی لێ بسه‌ننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ میناكه‌ی پێیه‌.""

25 ئه‌وانیش پێیان وت: "گه‌وره‌م، ده‌ مینای هه‌یه‌!""

26 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. ""

27 دوژمنانیشم، ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌ویست پاشایه‌تییان بكه‌م، بیانهێننه‌ ئێره‌ و له‌به‌رچاوم بیانكوژن.") ""

28 كه‌ عیسا ئه‌مه‌ی فه‌رموو، به‌ڕێ‌كه‌وت و به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وت."

29 كاتێ له‌ بێت‌فاجی و بێت‌عه‌نیا نزیك‌بۆوه‌، بۆ ئه‌و كێوه‌ی كه‌ كێوی زه‌یتوونی پێ ده‌ووترێت، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد،"

30 فه‌رمووی: (بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كه‌ ده‌چنه‌ ناوی، ده‌بینن جاشكێك به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن."

31 " ئه‌گه‌ر یه‌كێك پرسیاری لێ‌كردن: "بۆچی ده‌یكه‌نه‌وه‌؟" ئاوا ده‌ڵێن: "خوداوه‌ند پێویستی پێیه‌تی.") ""

32 جا نێردراوه‌كان چوون و چۆنی پێ وتبوون ئاوایان بینییه‌وه‌."

33 كاتێ جاشكه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كانی پێیان وتن: (بۆچی جاشكه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟)"

34 وتیان: (خوداوه‌ند پێویستی پێیه‌تی.)"

35 ئینجا بۆ عیسایان هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر جاشكه‌كه‌ و عیسایان سواری كرد."

36 كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، خه‌ڵك كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگا ڕاده‌خست."

37 له‌ لێژاییه‌كه‌ی كێوی زه‌یتوون نزیك‌بۆوه‌، هه‌موو كۆمه‌ڵی قوتابییه‌كان ده‌ستیان پێ‌كرد به‌ شادی و به‌ ده‌نگی به‌رز ستایشی خودا بكه‌ن، بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رجوانه‌ی بینییان، ده‌یان‌ووت:"

38 ({ستایشكراوه‌‌ ئه‌و پاشایه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت!} ئاشتی له‌ ئاسمان و شكۆ له‌ به‌رزایی!)"

39 هه‌ندێك فه‌ریسی نێو خه‌ڵكه‌كه‌، به‌ عیسایان وت: (مامۆستا، له‌ قوتابییه‌كانت ڕاخوڕه‌.)"

40 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێ‌ده‌نگ بن، به‌رد هاوار ده‌كه‌ن.)"

41 كاتێ نزیك‌بۆوه‌ و شاره‌كه‌ی بینی، بۆی گریا،"

42 فه‌رمووی: (خۆزگه‌ بتزانیبووایه‌، ته‌نانه‌ت تۆش، له‌م ڕۆژه‌شت‌دا چ شتێك بۆ ئاشتییه‌! به‌ڵام ئێستا له‌به‌رچاوت شاراوه‌ بووه‌."

43 چونكه‌ ڕۆژانێكت به‌سه‌ر دێت، كه‌ دوژمنانت سه‌نگه‌رت لێ ده‌گرن، ئابڵوقه‌ت ده‌ده‌ن و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ورت ده‌گرن."

44 خۆت و منداڵه‌كانت له‌ تۆدا زه‌وی ته‌خت ده‌كه‌ن. به‌ردت به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ ناهێڵن، چونكه‌ كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ت نه‌زانی.)"

45 چووه‌ په‌رستگا، ده‌ستی به‌ ده‌ركردنی فرۆشیاران كرد."

46 پێی فه‌رموون: (نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م ماڵی نوێژه‌،} كه‌چی ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} )"

47 ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و مالمه‌كان و ڕابه‌رانی گه‌ل هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن."

48 به‌ڵام هیچیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌ده‌دۆزییه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو گه‌ل په‌یوه‌ستی گوێ لێ گرتنی بوون."

20

1 ڕۆژێكیان له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێرده‌كرد و موژده‌ی ده‌دا، كاهینانی باڵا و مالم له‌گه‌ڵ پیران له‌وێ‌دا وه‌ستان،"

2 پێیان وت: (پێمان بڵێ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟)"

3 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (منیش پرسیارێكتان لێ ده‌كه‌م. پێم بڵێن:"

4 له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟)"

5 له‌ناو خۆیان‌دا ڕاوێژیان كرد و وتیان: (ئه‌گه‌ر بڵێین "له‌ ئاسمانه‌وه‌"، ده‌ڵێت "بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌كرد؟""

6 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێن "له‌ مرۆڤه‌وه‌"، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ردبارانمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دڵنیان كه‌ یه‌حیا پێغه‌مبه‌ره‌.)"

7 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ نازانن له‌كوێوه‌یه‌."

8 عیساش پێی فه‌رموون: (منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م.)"

9 ده‌ستی پێ‌كرد ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ بفه‌رمووێ: (كابرایه‌ك ڕه‌زێكی چاند و به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد، ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی كرد."

10 له‌ وه‌رزی خۆی كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو له‌ به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ی بده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیان دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌."

11 كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شی نارد، به‌ڵام له‌مه‌شیان دا و سووكایه‌تیان پێ‌كرد و به‌ ده‌ست‌به‌تاڵی ناردییانه‌وه‌."

12 سێیه‌میشی نارد، ئه‌مه‌یان بریندار كرد و ده‌ریان‌كرد."

13 خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ وتی: "چی بكه‌م؟ كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ ڕێزی بگرن.""

14 به‌ڵام كه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان بینییان، ته‌گبیریان له‌گه‌ڵ یه‌كتری كرد و وتیان: "ئه‌وه‌تا میراتگر، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر.""

15 جا بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. ئیتر ده‌بێت خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ چییان لێ بكات؟"

16 دێت و ئه‌م ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كوژێت و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌.) كاتێ گوێیان لێ‌بوو وتیان: (خودا نه‌كات!)"

17 ئه‌ویش سه‌یری كردن و فه‌رمووی: (كه‌واته‌ ئه‌مه‌ی نووسراوه‌ چییه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك.} ؟"

18 ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ری‌دا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات.)"

19 مالمه‌كان و كاهینانی باڵا هه‌وڵیان دا له‌و كاته‌ بیگرن، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ زانییان له‌و نموونه‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان بوو."

20 ئینجا چاودێرییان كرد و سیخوڕیان نارد كه‌ خۆیان به‌ ڕاستودروست ده‌رده‌خست، تاكو به‌ قسه‌ی خۆی تووشی بكه‌ن و بیده‌نه‌ ده‌ست حوكم و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا."

21 پرسیاریان لێ‌كرد: (مامۆستا، ده‌زانین له‌ قسه‌كردن و فێركرنت‌دا ڕاستی، لایه‌نگری كه‌سیش ناكه‌یت، به‌ڵكو ڕێگای خودا به‌ ڕاستی فێر ده‌كه‌یت."

22 بۆ ئێمه‌ دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ر یان نا؟)"

23 به‌ فێڵه‌كه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون:"

24 (دینارێكم پیشان بده‌ن. ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟) وتیان: (هی قه‌یسه‌ره‌.)"

25 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (هی قه‌یسه‌ر بده‌نه‌ قه‌یسه‌ر، هی خوداش بده‌نه‌ خودا.)"

26 نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م گه‌ل به‌ قسه‌كه‌ی تووشی بكه‌ن، سه‌رسامیش بوون له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی و بێ‌ده‌نگ بوون."

27 هه‌ندێك سه‌دوقی هاتن، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن هه‌ڵستانه‌وه‌ نییه‌، لێیان پرسی:"

28 (مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین ئه‌گه‌ر یه‌كێك برای بمرێت كه‌ ژنی هه‌بێت و منداڵی نه‌بێت، پێویسته‌ براژنه‌كه‌ی بهێنێت و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی بخاته‌وه‌."

29 ئینجا حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد."

30 دووه‌میش و"

31 سێیه‌میش خواستیانه‌وه‌، هه‌ر حه‌وتیان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ وجاخكوێری مردن."

32 له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد."

33 ئایا له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌دا ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌.)"

34 عیساش پێی فه‌رموون: (خه‌ڵكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ژن ده‌هێنن و شوو ده‌كه‌ن،"

35 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داده‌نرێن شایانی گه‌یشتنن به‌و ڕۆژگار و به‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناكه‌ن."

36 ئیتر ناتوانن بمرن، چونكه‌ وه‌ك فریشته‌ن و كوڕی خودان كه‌ كوڕی هه‌ڵستانه‌وه‌ن."

37 به‌ڵام مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، موساش له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، هه‌روه‌ك خوداوه‌ندی ناوبرد به‌ {خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.}"

38 ئه‌ویش خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو هی زیندووانه‌، چونكه‌ لای ئه‌و هه‌موو زیندوون.)"

39 هه‌ندێك مالم وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (مامۆستا، باشت وت.)"

40 ئیتر نه‌یان‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن."

41 عیسا پێی فه‌رموون: (باشه‌ چۆن ده‌ڵێن كه‌ مه‌سیح كوڕی داوده‌؟"

42 خودی داود له‌ سیپاره‌ی زه‌بووردا ده‌ڵێت: {خوداوه‌ند به‌ خوداوه‌ندمی فه‌رموو: "له‌ ده‌سته‌ڕاستم دانیشه‌""

43 تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ته‌خته‌پێ بۆ پێیه‌كانت."}""

44 ئه‌وه‌تا داود پێی ده‌ڵێ "خوداوه‌ند"، ئیتر چۆن كوڕی ئه‌وه‌؟)"

45 كاتێ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ گوێیان گرتبوو، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو:"

46 (ئاگاداری مالمه‌كان بن، حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و پێیان خۆشه‌ له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداری دا بن."

47 ماڵی بێوه‌ژن هه‌ڵده‌لووشن، بۆ ده‌رخستن نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. جا ئه‌مانه‌ سزایان گه‌وره‌تره‌.)"

21

1 ئینجا عیسا ته‌ماشای كرد و بینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌خشینیان ده‌خه‌نه‌ ناو خه‌زێنه‌ی په‌رستگا."

2 بێوه‌ژنێكی هه‌ژاریشی بینی دوو فلسی خسته‌ ناوی."

3 ئینجا فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌ له‌ هه‌موویان زیاتری دانا."

4 چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ زیاده‌ی خۆیان له‌ به‌خشین دایاننا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌موو بژێوییه‌كه‌ی دانا.)"

5 هه‌ندێك باسی په‌رستگایان ده‌كرد كه‌ به‌ به‌ردی جوان و به‌خشینی ته‌رخانكراو بۆ خودا ڕازاندراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون:"

6 (ئه‌مه‌ی ده‌یبینن، ڕۆژانێك دێت به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت.)"

7 ئینجا لێیان پرسی: (مامۆستا، كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت و نیشانه‌ چییه‌ كاتێ ئه‌مانه‌ خه‌ریكه‌ ڕووبده‌ن؟)"

8 " فه‌رمووی: (وریابن هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: "من ئه‌وم،" و "كاته‌كه‌ نزیك‌بۆته‌وه‌." دوایان مه‌كه‌ون. ""

9 كاتێ شه‌ڕ و شۆڕش ده‌بیستن مه‌تۆقن، چونكه‌ جارێ ده‌بێ ئه‌م شتانه‌ ببێت، كۆتاییش یه‌كسه‌ر نییه‌.)"

10 ئینجا پێی فه‌رموون: (نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و شانشین له‌ شانشین."

11 له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ی گه‌وره‌ و برسیێتی و ده‌رد ده‌بێت، ترس و نیشانه‌ی گه‌وره‌ش له‌ ئاسمان‌دا ده‌بێت."

12 به‌ڵام پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌تانگرن و ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌، ده‌درێنه‌ كه‌نیشت و به‌ندیخانه‌كان، له‌ پێناوی ناوی من ده‌بردرێنه‌ لای پاشا و فه‌رمانڕه‌واكان."

13 ئه‌مه‌ش بۆ شایه‌تیدان بۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌."

14 بۆیه‌ له‌ دڵی خۆتان دایبنێن كه‌ پێش‌وه‌خت خۆتان ئاماده‌ نه‌كه‌ن بۆ به‌رگری كردن،"

15 چونكه‌ من ده‌م و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌ڵسكارانتان نه‌توانن به‌رگری بكه‌ن و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه‌."

16 ته‌نانه‌ت دایك و باوك و برا، خزم و هاوڕێیانیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن، لێتان ده‌كوژن."

17 له‌به‌ر ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌."

18 به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت."

19 به‌ خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌."

20 كاتێ ده‌بینن به‌ سوپا ده‌وری ئۆرشه‌لیم دراوه‌، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیك‌بۆته‌وه‌."

21 ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌هودیادانه‌ ڕابكه‌نه‌ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌ناویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له‌ دێیه‌كانن نه‌یێنه‌ ناوی،"

22 چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه‌ بێته‌ دی."

23 له‌و ڕۆژانه‌دا قوڕ به‌سه‌ر دووگیان و شیرده‌ران، چونكه‌ ناخۆشییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌وی‌دا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌."

24 به‌ زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، ئۆرشه‌لیم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وانه‌وه‌ پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وان ته‌واو ده‌بێت."

25 له‌ خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان نیشانه‌ ده‌بێت، له‌سه‌ر زه‌ویش سه‌رسامی گه‌لان، شێوانی هاژه‌ی ده‌ریا و شه‌پۆڵ."

26 له‌ ترس و چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر جیهان‌دا دێن، خه‌ڵكی بێ هۆش ده‌بن، چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێت."

27 ئه‌وسا كوڕی مرۆڤ به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌وه‌ ده‌بینن دێت."

28 كه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌ست‌پێ‌كرا ببێت، هه‌ستن و سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كڕینه‌وه‌تان نزیك ده‌بێته‌وه‌.)"

29 نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌: (سه‌یری دارهه‌نجیر و هه‌موو داره‌كان بكه‌ن."

30 كاتێ ده‌بینن وا گه‌ڵای كردووه‌، له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ هاوین نزیكه‌."

31 ئێوه‌ش كه‌ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن پاشایه‌تی خودا نزیكه‌."

32 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت، تاكو هه‌مووی ده‌بێت."

33 ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن.)"

34 (ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ك دڵتان له‌سه‌ر ڕابواردن و سه‌رخۆشی و خه‌فه‌تی ژیان بێت و ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناكاو وه‌ك ته‌ڵه‌ به‌سه‌رتان‌دا بدات."

35 چونكه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووی زه‌وی دانیشتوون."

36 كه‌واته‌ ئێشك بگرن و هه‌موو كاتێ نوێژ بكه‌ن، تاكو بتوانن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات هه‌ڵبێن و له‌به‌رده‌م كوڕی مرۆڤ ڕاوه‌ستن.)"

37 عیسا به‌ ڕۆژ له‌ په‌رستگا خه‌ریكی فێركردن بوو، ده‌رده‌چوو شه‌وانیشی له‌و كێوه‌ به‌سه‌ر ده‌برد كه‌ پێی ده‌ووترا زه‌یتوون."

38 هه‌موو خه‌ڵك زوو له‌ په‌رستگا ده‌هاتنه‌ لای، تاكو گوێی لێ بگرن."

22

1 جه‌ژنی فه‌تیره‌ كه‌ پێی ده‌ووترا په‌سخه‌ نزیك‌بۆوه‌."

2 كاهینانی باڵا و مالمه‌كان ده‌گه‌ڕان چۆن عیسا بكوژن، چونكه‌ له‌ گه‌ل ترسان."

3 شه‌یتان چووه‌ ناو یه‌هوزاوه‌، كه‌ پێی ده‌ووترێ ئه‌سخه‌ریوتی، له‌ دوازده‌كه‌ بوو."

4 چوو و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌كانی په‌رستگا كرد، چۆن عیسا به‌گرتن بدات."

5 دڵخۆش بوون و ڕێككه‌وتن به‌وه‌ی زیوی بده‌نێ."

6 ئه‌ویش ڕازی بوو، ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێك تاكو عیسا بداته‌ ده‌ستیان و خه‌ڵكیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت."

7 ڕۆژی فه‌تیره‌ هات، ئه‌وه‌ی پێویست بوو قوربانی په‌سخه‌ی تێدا بكرێت."

8 عیسا په‌ترۆس و یۆحه‌نای نارد و فه‌رمووی: (بڕۆن په‌سخه‌مان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن بیخۆین.)"

9 لێیان پرسی: (ده‌ته‌وێ له‌كوێ ئاماده‌ی بكه‌ین؟)"

10 پێی فه‌رموون: (كاتێ ده‌چنه‌ ناو شار، تووشی پیاوێك ده‌بن گۆزه‌یه‌ك ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ی."

11 ئینجا به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: "مامۆستا پێت ده‌ڵێت: كوا دیوه‌خانه‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟""

12 ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكتان پیشان ده‌دات، گه‌وره‌یه‌ و ڕاخراوه‌، له‌وێ ئاماده‌ی بكه‌ن.)"

13 جا ڕۆیشتن، هه‌روه‌ك عیسا پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد."

14 كه‌ كاته‌كه‌ هات عیسا پاڵی‌دایه‌وه‌، نێردراوانیش له‌گه‌ڵی بوون."

15 پێی فه‌رموون: (زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم."

16 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له‌ شانشینی خودا دێته‌ دی.)"

17 جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی خودای كرد، فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ بگرن و له‌ناوه‌ خۆتان به‌شی بكه‌ن."

18 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو شانشینی خودا دێت.)"

19 نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، پێی‌دان و فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ له‌شی منه‌، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ دراوه‌. ئه‌مه‌ بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن.)"

20 جامه‌كه‌ش ئاوا دوای خواردن، فه‌رمووی: (ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من، كه‌ بۆ ئێوه‌ ڕژاوه‌."

21 به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی به‌ گرتنم ده‌دات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه‌."

22 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ گرتنی ده‌دات.)"

23 ئیتر له‌ناو خۆیان كه‌وتنه‌ مشتومڕ، ئاخۆ كامیان خه‌ریكه‌ ئه‌مه‌ بكات."

24 هه‌روه‌ها ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك له‌نێویان بوو، كامیان به‌ پایه‌ به‌رز دابنرێت."

25 عیسا پێی فه‌رموون: (پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان گه‌ورایه‌تییان ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌سه‌ریانه‌وه‌ به‌ چاكه‌كار ناوده‌برێن."

26 به‌ڵام بۆ ئێوه‌ ئاوا نییه‌. به‌ڵكو با پایه‌ به‌رز له‌نێوانتان‌دا ببێته‌ بچووك و ئه‌وه‌ی ڕابه‌ری ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی خزمه‌ت ده‌كات."

27 چونكه‌ كێ پایه‌ به‌رزه‌، ئه‌وه‌ی دانیشتووه‌ یان ئه‌وه‌ی خزمه‌ت ده‌كات؟ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دانیشتووه‌؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ك ئه‌وه‌م كه‌ خزمه‌ت ده‌كات."

28 به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانم‌دا له‌گه‌ڵم مانه‌وه‌."

29 منیش شانشینییه‌كتان بۆ داده‌نێم ، وه‌ك باوكم بۆی داناوم،"

30 تاكو له‌ شانشینه‌كه‌م‌دا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل حوكم ده‌ده‌ن."

31 شیمۆن، شیمۆن، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ك گه‌نم له‌ بێژنگتان بدات."

32 به‌ڵام نوێژم بۆ كردیت تاكو باوه‌ڕت نه‌كه‌وێت. تۆش كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ برایانت به‌هێز بكه‌.)"

33 ئه‌ویش پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵ تۆدا بۆ زیندان‌ و بۆ مردنیش بچم.)"

34 كه‌چی عیسا فه‌رمووی: (په‌ترۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر بانگ نادات، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه‌ من ده‌ناسیت.)"

35 ئینجا پێی فه‌رموون: (كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه‌ و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به‌ هیچ بوو؟) وتیان: (هیچ.)"

36 پێی فه‌رموون: (به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه‌ با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێك بكڕێت."

37 پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه‌: {له‌گه‌ڵ یاخیبووان ژمێردرا.} پێویسته‌ له‌ من‌دا بێته‌ دی، چونكه‌ شته‌كانی ده‌رباره‌ی منه‌ دێنه‌ دی.)"

38 وتیان: (گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه‌.) پێی فه‌رموون: (به‌سه‌.)"

39 ئینجا عیسا ده‌رچوو و وه‌ك جاران چووه‌ كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن."

40 كاتێ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، پێی فه‌رموون: (نوێژ بكه‌ن تاكو نه‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌.)"

41 ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێك لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد."

42 فه‌رمووی: (باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌ خواستی من، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆت بێت.)"

43 فریشته‌یه‌كیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد."

44 كه‌ له‌ ململانێ‌دا بوو، گه‌رمتر نوێژی ده‌كرد و ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ك دڵۆپی خوێنی لێ‌هات ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی."

45 ئینجا له‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ڵستا و هاته‌ لای قوتابییه‌كان، بینی له‌ خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌."

46 پێی فه‌رموون: (بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن تاكو نه‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌.)"

47 كاتێ قسه‌ی ده‌كرد كۆمه‌ڵێك په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا یه‌هوزا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ عیسا نزیك‌بۆوه‌ تاكو ماچی بكات."

48 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌ی یه‌هوزا، به‌ ماچێك كوڕی مرۆڤ به‌ گرتن ده‌ده‌یت؟)"

49 ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: (گه‌وره‌م، شمشێر بوه‌شێنین؟)"

50 جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی سه‌رۆك كاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی."

51 به‌ڵام عیسا فه‌رمووی: (ڕاوه‌ستن، ئه‌مه‌ به‌سه‌!) ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكی‌كرده‌وه‌."

52 ئینجا عیسا به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: (هه‌روه‌ك بۆ گرتنی ڕابه‌رێكی شۆڕشگێر به‌ كوته‌ك و شمشێره‌وه‌ هاتوون؟"

53 ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ست درێژیتان نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌، كاتی ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌.)"

54 ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی سه‌رۆك كاهین. په‌ترۆسیش دووربه‌دوور دوای كه‌وت."

55 له‌ ناوه‌ندی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌ترۆسیش له‌نێویان‌دا دانیشتبوو."

56 كاره‌كه‌رێك ئه‌وی بینی له‌به‌ر ڕووناكی دانیشتووه‌، تێی‌ڕووانی و وتی: (ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو.)"

57 به‌ڵام نكۆڵی كرد و وتی: (نه‌خێر خانم، نایناسم.)"

58 دوای كه‌مێك، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: (تۆش له‌وانیت.) به‌ڵام په‌ترۆس وتی: (كاكه‌، من نیم.)"

59 دوای نزیكه‌ی كاتژمێرێك، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: (به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش جه‌لیلییه‌.)"

60 به‌ڵام په‌ترۆس وتی: (كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی.) هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر بانگی دا."

61 خوداوه‌ندیش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌ترۆسی كرد‌، ئینجا په‌ترۆس قسه‌كه‌ی خوداوه‌ندی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: (ئه‌مڕۆ پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بانگ بدات، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.)"

62 ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا."

63 ئه‌وانه‌ی عیسایان گرتبوو، ده‌ستیان‌كرد به‌ گاڵته‌ پێكردن و لێدانی."

64 چاویان به‌ستبوو و لێیان ده‌پرسی: (پێشبینی بكه‌! كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێی‌دایت؟)"

65 زۆر كفری دیكه‌شیان دژی ده‌كرد."

66 كه‌ ڕۆژ‌بۆوه‌، ئه‌نجومه‌نی پیرانی گه‌ل كۆبوونه‌وه‌، كاهینانی باڵا و مالمه‌كان، جا عیسایان برده‌ سه‌نهه‌درینه‌كه‌یان."

67 وتیان: (ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت پێمان بڵێ.) ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر پێتانی بڵێم باوه‌ڕ ناكه‌ن."

68 ئه‌گه‌ر لێشتان بپرسم وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌."

69 به‌ڵام له‌ ئێستاوه‌ كوڕی مرۆڤ {له‌ ده‌سته‌ڕاستی خودای به‌ توانا داده‌نیشێت.} )"

70 هه‌موو وتیان: (كه‌واته‌ تۆی كوڕی خودا؟) ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ ڕاست ده‌ڵێن كه‌ من ئه‌وم.)"

71 ئینجا وتیان: (ئیتر چ پێویستیمان به‌ شایه‌ت هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ گوێمان لێ‌بوو.)"

23

1 ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌ڵستان و بردییانه‌ لای پیلاتۆس."

2 ده‌ستیان‌كرد به‌ سكاڵاكردن لێی، ده‌یان‌ووت: (بینیمان ئه‌مه‌ گه‌له‌كه‌مان چه‌واشه‌ ده‌كات و به‌ربه‌ره‌كانێی سه‌رانه‌دان ده‌كات بۆ قه‌یسه‌ر و خۆی به‌ مه‌سیح ناوده‌بات، پاشا.)"

3 پیلاتۆس لێی پرسی: (تۆ پاشای جوله‌كه‌ی؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ ده‌ڵێی.)"

4 پیلاتۆسیش به‌ كاهینانی باڵا و خه‌ڵكه‌كه‌ی وت: (هیچ تاوانێك له‌م پیاوه‌ نابینم.)"

5 به‌ڵام مكوڕ بوون و وتیان: (گه‌ل ده‌وروژێنێت، له‌ هه‌موو یه‌هودیا خه‌ڵك فێرده‌كات، ده‌ستپێك له‌ جه‌لیله‌وه‌ تاكو ئێره‌.)"

6 كاتێ پیلاتۆس ئه‌مه‌ی بیست، پرسیاری كرد ئاخۆ پیاوه‌كه‌ جه‌لیلییه‌."

7 كه‌ زانی عیسا سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی هێرۆدسه‌، بۆ هێرۆدسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ ئۆرشه‌لیم بوو."

8 كاتێ هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێك بوو چاوه‌ڕوانی بینینی بوو، چونكه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌وی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت نیشانه‌یه‌ك به‌هۆی ئه‌و ببێت."

9 جۆره‌ها پرسیاری لێ‌كرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌."

10 كاهینانی باڵا و مالمه‌كانیش ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد."

11 هێرۆدس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێی ده‌كرد. جلێكی بریسكه‌داریان له‌به‌ری كرد و ناردیانه‌وه‌ بۆ پیلاتۆس."

12 پیلاتۆس و هێرۆدس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتری بوون."

13 پیلاتۆس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگ‌كرد و"

14 پێی‌ووتن: (ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ك یه‌كێك خه‌ڵك تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێ‌ده‌كه‌ن."

15 نه‌ هێرۆدسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مردن بێت."

16 بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و به‌ڕه‌ڵای ده‌كه‌م.) ["

17 ناچار بوو له‌ هه‌موو جه‌ژنێك‌دا یه‌كێكیان بۆ به‌ڕه‌ڵا بكات.]"

18 به‌ڵام تێكڕا هاواریان كرد، (ئه‌مه‌ ببه‌! باراباسمان بۆ به‌ڕه‌ڵا بكه‌!)"

19 ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕاپه‌ڕینێك كه‌ له‌ شاردا ڕووی‌دا بوو و له‌به‌ر كوشتن فڕێدرابووه‌ به‌ندیخانه‌وه‌."

20 پیلاتۆس دیسان بانگی كردن، ده‌یویست عیسا به‌ڕه‌ڵا بكات."

21 به‌ڵام هاواریان ده‌كرد: (له‌ خاچی بده‌! له‌ خاچی بده‌!)"

22 بۆ جاری سێیه‌م پێی‌ووتن: (بۆ؟ ئه‌مه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟ تاوانێكی تێدا نابینم كه‌ سزایه‌كه‌ی مردن بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و به‌ڕه‌ڵای ده‌كه‌م.)"

23 به‌ڵام مكوڕ بوون و به‌ ده‌نگی به‌رز داوایان ده‌كرد له‌ خاچ بدرێت، جا ده‌نگییان به‌هێز بوو."

24 پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكرێت."

25 ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕاپه‌ڕین و كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌ به‌ڕه‌ڵای كرد، ئه‌وه‌ی داوایان كرد، عیساشی دایه‌ ده‌ست خواستی ئه‌وان."

26 كاتێ بردییان، شیمۆنی كورێنییان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ سه‌ری تاكو به‌دوای عیساوه‌ هه‌ڵیبگرێت."

27 حه‌شاماتێكی زۆری خه‌ڵك و له‌و ژنانه‌ی شینیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن."

28 عیسا ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: (كچانی ئۆرشه‌لیم بۆ من مه‌گریێن، بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن."

29 ئه‌وه‌تا ڕۆژانێك دێت، تیای‌دا ده‌ڵێن، خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ نه‌زۆك و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌."

30 " ئه‌وسا {ده‌ستپێده‌كه‌ن به‌ شاخه‌كان بڵێن، "به‌سه‌رمان‌دا بڕوخێن،" به‌ گرده‌كانیش، "دامانپۆشن."}""

31 چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌ به‌ داری سه‌وز بكه‌ن، ئه‌ی كه‌ وشك بێت، چی ده‌بێت؟)"

32 دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن."

33 كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ كاسه‌سه‌ر ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ تاوانباره‌كان له‌ خاچیان دا، یه‌كێك له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ."

34 عیساش وتی: (باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن.) ئینجا به‌ تیروپشك كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد."

35 خه‌ڵكه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یان‌ووت: (خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی خودایه‌، بژارده‌كه‌یه‌، با خۆی ڕزگار بكات!)"

36 سه‌ربازانیش ده‌هاتنه‌ لای گاڵته‌یان پێ ده‌كرد، سركه‌یان بۆی ڕاده‌گرت،"

37 ده‌یان‌ووت: (ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوله‌كه‌یت، خۆت ڕزگار بكه‌!)"

38 نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو، (ئه‌مه‌ پاشای جوله‌كه‌یه‌.)"

39 یه‌كێك له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: (ئایا تۆ مه‌سیح نیت؟ ده‌ی خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه‌.)"

40 ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد: (له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟"

41 سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ری ده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌.)"

42 ئینجا وتی: (عیسا منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ شانشینه‌كه‌ی خۆت دێی.)"

43 پێی فه‌رموو: (ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شت‌دا ده‌بیت.)"

44 نزیكی كاتژمێر دوازده‌ ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاتژمێر سێ ،"

45 ڕۆژ تاریك بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌."

46 عیسا به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: (باوكه‌، ڕۆحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم.) ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕۆحی سپارد."

47 سه‌رپه‌له‌كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی كه‌ ڕووی‌دا، خودای شكۆدار كرد، وتی: (به‌ ڕاستی ئه‌م پیاوه‌ بێ‌تاوان بوو.)"

48 هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ كۆببوونه‌وه‌، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ڕووی‌دا، به‌ سنگكوتانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌."

49 هه‌موو خزمانی و ئه‌و ژنانه‌ی له‌ جه‌لیله‌وه‌ دوای كه‌وتبوون، له‌ دوور ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشای ئه‌م شتانه‌یان ده‌كرد."

50 ئه‌وه‌بوو ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن ناوی یوسف بوو، كابرایه‌كی چاك و ڕاستودروست بوو،"

51 له‌ ئه‌نجومه‌ن و كرداره‌كه‌یان ڕازی نه‌بوو. خه‌ڵكی ڕامه‌ بوو كه‌ شارێكی یه‌هودیایه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی شانشینی خودا بوو."

52 ئه‌م چووه‌ لای پیلاتۆس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای كرد."

53 دایگرت و به‌ كه‌تان پێچایه‌وه‌، له‌ گۆڕێكی له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراو داینا كه‌ هه‌رگیز كه‌سی تێدا دانه‌نرابوو."

54 ئه‌و ڕۆژه‌ خۆ ئاماده‌كردن بوو و شه‌ممه‌ش به‌ده‌رده‌كه‌وت."

55 ئه‌و ژنانه‌ی له‌ جه‌لیله‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف كه‌وتن، گۆڕه‌كه‌ و ته‌رمه‌كه‌یان بینی چۆن دانرا."

56 ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و بۆن‌وبه‌رامیان ئاماده‌ كرد، به‌ڵام له‌ شه‌ممه‌ به‌گوێره‌ی ڕاسپارده‌كه‌ پشوویان دا."

24

1 به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌دا ، به‌یانی زوو، ئه‌و بۆن‌وبه‌رامه‌ی ئاماده‌یان كردبوو هێنایان و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌."

2 بینییان به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌."

3 چوونه‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام ته‌رمه‌كه‌ی عیسای خوداوه‌ندیان نه‌دۆزییه‌وه‌."

4 كاتێ له‌مه‌ سه‌رسام بوون، ئه‌وه‌بوو دوو پیاو به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌ ته‌نیشتیان ڕاوه‌ستاون."

5 ترسان و سه‌ریان داگرته‌ سه‌ر زه‌وی، پیاوه‌كان پێیان وتن: (بۆچی له‌نێو مردووان به‌دوای زیندووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن!؟"

6 لێره‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵستایه‌وه‌! به‌ بیرتان بێته‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ جه‌لیل بوو چۆن قسه‌ی بۆ كردن،"

7 فه‌رمووی: "كوڕی مرۆڤ ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی گوناهبار، له‌ خاچ بدرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستێته‌وه‌.")"

8 ئینجا قسه‌كانیان هاته‌وه‌ یاد."

9 له‌ گۆڕه‌كه‌ هاتنه‌وه‌ و هه‌واڵی هه‌موو ئه‌م شتانه‌یان به‌ یازده‌كه‌ و هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ دا."

10 مریه‌می مه‌جده‌لی و یۆوه‌نا و مریه‌می دایكی یاقوب و ئه‌وانی دیكه‌ی له‌گه‌ڵیان بوون، ئه‌م شتانه‌یان به‌ نێردراوان وت."

11 قسه‌كه‌یان له‌لای ئه‌وان وه‌ك وڕێنه‌ بوو، باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن."

12 به‌ڵام په‌ترۆس هه‌ڵستا و به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ ڕایكرد، دانه‌ویه‌وه‌ بینی كفنه‌كه‌ به‌ ته‌نها دانراوه‌، ڕۆیشت و سه‌رسام بوو له‌وه‌ی ڕووی‌دابوو."

13 هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا دووان له‌وان ده‌چوونه‌ گوندێك شه‌ست تیرهاوێژ له‌ ئۆرشه‌لیم دوور بوو، ناوی ئه‌مواس بوو."

14 له‌گه‌ڵ یه‌كتری باسی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ده‌كرد كه‌ ڕووی‌دابوو."

15 كاتێ قسه‌ و گفتوگۆیان ده‌كرد، عیسا خۆی لێیان نزیك‌بۆوه‌ و له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆیشت،"

16 به‌ڵام چاویان له‌ ناسینی به‌سترا."

17 پێی فه‌رموون: (ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ باسی چی ده‌كه‌ن؟) به‌ ڕوویه‌كی خه‌مناكه‌وه‌ ڕاوه‌ستان."

18 یه‌كێكیان ناوی كلیۆپاس بوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئایا ته‌نیا تۆ له‌ ئۆرشه‌لیم بیانی و ئاگات له‌و شتانه‌ نییه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا تیای‌دا ڕووی‌داوه‌؟)"

19 پێی فه‌رموون: (چییه‌؟) پێیان وت: (باسی عیسای ناسیره‌یی، كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی توانادار بوو له‌ قسه‌ و كرداردا، له‌به‌رده‌م خودا و هه‌موو گه‌ل،"

20 چۆن كاهینانی باڵا و فه‌رمانڕه‌واكانمان دایانه‌ ده‌ست سزای مردن و له‌ خاچیان دا."

21 به‌ڵام ئێمه‌ هیوادار بووین كه‌ ئه‌و خه‌ریكه‌ ئیسرائیل بكڕێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش‌دا ئه‌مڕۆ سێیه‌م ڕۆژه‌ ئه‌مه‌ ڕووی‌داوه‌."

22 كه‌چی هه‌ندێك له‌ ژنانمان سه‌رسامیان كردین، به‌یانی زوو له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بوونه‌ و"

23 ته‌رمه‌كه‌یان نه‌بینی‌بوو، هاتنه‌وه‌ وتیان، فریشته‌مان بینیوه‌ ده‌ڵێن ئه‌و زیندووه‌."

24 هه‌ندێكی ئێمه‌ش چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینییان وایه‌، وه‌ك ژنه‌كان وتیان، به‌ڵام ئه‌ویان نه‌بینی‌بوو.)"

25 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌ی گێل و دڵخاوه‌كان له‌ باوه‌ڕكردن به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌!"

26 نه‌ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئه‌م شتانه‌ بچێژێت و بچێته‌ ناو شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی؟)"

27 ئه‌وسا ده‌ستی پێ‌كرد له‌ موسا و له‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی خۆی بوو له‌ هه‌موو نووسراوه‌كان‌دا بۆیان ڕوون بكاته‌وه‌."

28 كاتێ نزیكی ئه‌و گونده‌ بوون كه‌ بۆی ده‌چوون، عیسا وای پیشان دا كه‌ بۆ شوێنێكی دوورتر ده‌چێت."

29 ئه‌وانیش زۆر لێی پاڕانه‌وه‌، وتیان: (له‌لامان بمێنه‌وه‌، چونكه‌ وا ئێواره‌یه‌ و ڕۆژیش له‌ ئاوابوونه‌.) جا چووه‌ ژووره‌وه‌ تاكو له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه‌."

30 كاتێ له‌گه‌ڵیان دانیشتبوو، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، پێی‌دان."

31 ئینجا چاویان كرایه‌وه‌ و ناسیانه‌وه‌، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما."

32 به‌ یه‌كتریان وت: (ئه‌رێ كاتێ له‌ ڕێگا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و نووسراوه‌كانی بۆمان ڕوون ده‌كرده‌وه‌، دڵمان له‌ ناومان‌دا گڕی نه‌گرتبوو؟)"

33 ئینجا یه‌كسه‌ر هه‌ڵستان و هاتنه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، بینییان یازده‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان‌دان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و"

34 ده‌ڵێن: (به‌ ڕاستی خوداوه‌ند هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌ و بۆ شیمۆن ده‌ركه‌وتووه‌.)"

35 ئه‌مانیش باسی ئه‌و شتانه‌ی ڕێگایان كرد، چۆن له‌ نان‌له‌تكردنه‌كه‌دا خۆی پێیان ناساندبوو."

36 كه‌ باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، خۆی له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: (سڵاوتان لێ بێت.)"

37 سام دایگرتن و ترسان، وایان ده‌زانی ڕۆحێك ده‌بینن."

38 پێی فه‌رموون: (بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان ده‌كه‌وێته‌ دڵتان؟"

39 سه‌یری ده‌ست و پێم بكه‌ن، ئه‌وه‌ خۆمم. ده‌ستم لێ بده‌ن و ببینن، چونكه‌ ڕۆح گۆشت و ئێسقانی نییه‌ وه‌ك ده‌بینن كه‌ هه‌مه‌.)"

40 كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، ده‌ست و پێی پیشاندان."

41 له‌ خۆشی و سه‌رسوڕمان‌دا هێشتا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، پێی فه‌رموون: (لێره‌ خواردنتان هه‌یه‌؟)"

42 ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ك ماسی برژاویان دایێ."

43 وه‌ریگرت و له‌به‌رچاویان خواردی."

44 ئینجا پێی فه‌رموون: (ئه‌م قسانه‌م بۆ كردن كاتێ له‌گه‌ڵتان بووم: پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ته‌وراتی موسا و پێغه‌مبه‌ران و زه‌بووردا ده‌رباره‌ی من نووسراون بێته‌ دی.)"

45 ئینجا مێشكی كردنه‌وه‌، تاكو نووسراوه‌كان تێ‌بگه‌ن."

46 پێی فه‌رموون: (ئاوا نووسراوه‌، كه‌ مه‌سیح ئازار ده‌چێژێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌،"

47 به‌ ناوی ئه‌ویش تۆبه‌كردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه‌ بۆ هه‌موو گه‌لان جاڕبدرێت، ده‌ستپێك له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌."

48 ئێوه‌ شایه‌تی ئه‌م شتانه‌ن."

49 ئه‌وه‌تا من بۆتانی ده‌نێرم، به‌ڵێنه‌كه‌ی باوكم. به‌ڵام له‌ شار بمێننه‌وه‌، تاكو له‌ به‌رزاییه‌وه‌ هێزتان له‌به‌ر ده‌كرێت.)"

50 ئینجا ئه‌وانی بۆ بێت‌عه‌نیا برده‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و به‌ره‌كه‌تداری كردن."

51 كاتێ به‌ره‌كه‌تداری ده‌كردن، لێیان جیابۆوه‌ و به‌رزكرایه‌وه‌ ئاسمان."

52 ئه‌وانیش كڕنۆشیان بۆ برد و به‌ شادییه‌كی گه‌وره‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم."

53 به‌رده‌وام له‌ په‌رستگا بوون و ستایشی خودایان ده‌كرد."