1

1 سه‌ره‌تای موژده‌ی عیسای مه‌سیحی كوڕی خودا."

2 وه‌ك له‌ سیپاره‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا په‌یامبه‌ری خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات،}"

3 {ده‌نگی بانگده‌رێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوار ده‌كات: "ڕێگای خوداوه‌ند ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن."}"

4 یه‌حیا له‌ چۆڵه‌وانی ده‌ركه‌وت و خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا، جاڕی له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌كردنی ده‌دا بۆ گوناه‌ به‌خشین."

5 سه‌راپای ناوچه‌ی یه‌هودیا و هه‌موو خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم ده‌هاتنه‌ لای و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری ئوردون له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا."

6 یه‌حیا مووی وشتری له‌به‌ر ده‌كرد و پشتێنێكی پێسته‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ ده‌به‌ست، كولله‌ و هه‌نگوینی كێوی ده‌خوارد."

7 جاڕی ده‌دا، ده‌یووت: (له‌دوای من له‌ من به‌هێزتر دێت، شایانی ئه‌وه‌ نیم بچه‌مێمه‌وه‌ و ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌."

8 من له‌ئاوم هه‌ڵكێشان، به‌ڵام ئه‌و به‌ ڕۆحی پیرۆز باپتیزتان ده‌كات.)"

9 له‌و ڕۆژانه‌دا عیسا له‌ ناسیره‌ی جه‌لیله‌وه‌ هات و له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ ئوردون له‌ئاوهه‌ڵكێشرا."

10 هه‌ركه‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌، بینی ئاسمان شه‌قبوو، ڕۆحی پیرۆزیش وه‌ك كۆترێك بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌نیشته‌وه‌."

11 ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: (تۆ كوڕی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ زۆر دڵشادم.)"

12 یه‌كسه‌ر ڕۆحه‌كه‌ به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ده‌ریكرد."

13 چل ڕۆژ له‌ چۆڵه‌وانی‌دا بوو، له‌لایه‌ن شه‌یتان تاقی ده‌كرایه‌وه‌، له‌نێوان ئا‌ژه‌ڵانی كێوی بوو، فریشته‌ش خزمه‌تیان ده‌كرد."

14 دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا گیرا، عیسا هاته‌ جه‌لیل و جاڕی ئینجیلی خودای ده‌دا و"

15 ده‌یفه‌رموو: (كاته‌كه‌ هاتۆته‌ دی و پاشایه‌تی خودا نزیك‌بۆته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن، باوه‌ڕ به‌ ئینجیل بهێنن.)"

16 كاتێ عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل ده‌ڕۆیشت، شیمۆن و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاكه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون."

17 عیسا پێی فه‌رموون: (وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچی مرۆڤ.)"

18 یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن."

19 ئینجا هه‌ندێك ڕۆیشت، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای بینی، له‌ناو به‌له‌م‌دا تۆڕه‌كه‌ی خۆیان چاك‌ده‌كرده‌وه‌."

20 یه‌كسه‌ر بانگی كردن، ئه‌وانیش زه‌بدی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌ به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن."

21 ئینجا چوونه‌ كه‌فه‌رناحوم. له‌ كاتێك‌دا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستی‌كرد به‌ فێركردن."

22 له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێك فێری ده‌كردن، نه‌ك وه‌ك مالمه‌كان."

23 له‌پڕ له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان یه‌كێكی لێ‌بوو ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، هاواری كرد،"

24 وتی: (عیسای ناسیره‌یی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت؟ ده‌تناسم تۆ كێیت، پیرۆزه‌كه‌ی خودایت!)"

25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: (بێ‌ده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!)"

26 ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ش خووگرتی كرد و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ڵستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌."

27 هه‌موو سه‌رسام بوون و كه‌وتنه‌ پرسیار له‌ یه‌كتری: (ئه‌مه‌ چییه‌؟ فێركردنێكی نوێیه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕۆحی‌پیسیش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن.)"

28 یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری جه‌لیل بڵاو‌بۆوه‌."

29 ئه‌و كاته‌ی كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێ‌هێشت، له‌گه‌ڵ یاقوب و یۆحه‌نا چوونه‌ ماڵی شیمۆن و ئه‌ندراوس."

30 خه‌سووی شیمۆن له‌ناو جێگا كه‌وتبوو، تای هه‌بوو، خێرا باسی ئه‌ویان بۆ عیسا كرد."

31 ئه‌ویش هات، ده‌ستی گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌. تایه‌كه‌ به‌ری‌دا و ده‌ستی‌كرد به‌ خزمه‌تكردنیان."

32 ئێواره‌ داهات و ڕۆژ ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆش و كه‌سێكیان بۆ هێنا ڕۆحی‌پیسی تێدابێت."

33 هه‌موو شاره‌كه‌ له‌ به‌رده‌رگا كۆبوونه‌وه‌."

34 زۆر نه‌خۆشی به‌ جۆره‌ها ده‌رده‌وه‌ چاككرده‌وه‌، زۆر ڕۆحی‌پیسیشی ده‌ركرد و نه‌یهێشت ڕۆحه‌پیسه‌كان بدوێن، چونكه‌ ناسییان."

35 بۆ به‌یانی هێشتا تاریك بوو، هه‌ڵستا و چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی و له‌وێ ده‌ستی‌كرد به‌ نوێژكردن."

36 شیمۆن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون به‌ شوێنی‌دا گه‌ڕان"

37 كه‌ دۆزییانه‌وه‌ پێیان وت: (هه‌موو به‌ دوات‌دا ده‌گه‌ڕێن.)"

38 پێی فه‌رموون: (وه‌رن با بڕۆینه‌ دێیه‌كانی ده‌وروپشت، تاكو له‌وێش جاڕبده‌م، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ هاتووم.)"

39 جا چوو تاكو له‌ هه‌موو جه‌لیل‌دا له‌ كه‌نیشته‌كانیان جاڕبدات و ڕۆحی‌پیس ده‌ربكات."

40 ئینجا پیاوێكی گول هاته‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پاكم بكه‌یته‌وه‌.)"

41 عیسا دڵی پێی سووتا و ده‌ستی درێژ كرد، ده‌ستی لێ‌دا و پێی فه‌رموو: (ده‌مه‌وێت. پاك‌ببه‌وه‌!)"

42 یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێ‌بۆوه‌ و پاك‌بۆوه‌."

43 عیسا به‌ توندیش ئاگاداری كرده‌وه‌ و یه‌كسه‌ر به‌ڕێی كرد،"

44 پێی فه‌رموو: (ئاگاداربه‌، هیچ شتێك به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و به‌رامبه‌ر به‌ پاكبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی موسا فه‌رمانی كردووه‌ بیده‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.)"

45 به‌ڵام ئه‌و ڕۆیشت، ده‌ستی‌كرد به‌ جاڕدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، ئیتر عیسا نه‌یتوانی به‌ ئاشكرا بچێته‌ شار، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان بوو و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای."

2

1 پاش چه‌ند ڕۆژێك عیسا هاته‌وه‌ ناو كه‌فه‌رناحوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌."

2 خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به‌ وشه‌كه‌ بۆیان ده‌دووا."

3 ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو."

4 به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بیبه‌نه‌ لای عیسا. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه‌ ئه‌وی لێ‌بوو، كونێكیان كرده‌وه‌ و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو."

5 كاتێ عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (كوڕم، گوناهه‌كانت به‌خشران.)"

6 هه‌ندێك مالمیش له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیان‌دا بیریان ده‌كرده‌وه‌:"

7 (بۆچی ئه‌مه‌ ئاوا ده‌دوێت؟ كفر ده‌كات! بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟)"

8 یه‌كسه‌ر عیسا به‌ ڕۆحی خۆی زانی له‌ دڵی خۆیان‌دا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: (بۆچی له‌ دڵتان‌دا بیر له‌م شتانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟"

9 " كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: "گوناهه‌كانت به‌خشران،" یان بڵێی: "هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ"؟ ""

10 به‌ڵام تاكو بزانن، كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌،...) به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو:"

11 (پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌.)"

12 ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ڵستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو سه‌رسام بوون و ستایشی خودایان كرد، وتیان: (هه‌رگیز شتی وامان نه‌بینیوه‌!)"

13 دووباره‌ عیسا ده‌رچووه‌ سه‌ر كه‌ناری ده‌ریاچه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ویش فێری ده‌كردن."

14 كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، لێڤی كوڕی حه‌لفی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: (دوام كه‌وه‌.) ئه‌ویش هه‌ڵستا و دوای كه‌وت."

15 كاتێ له‌ ماڵی ئه‌و دانیشتبوو زۆر له‌ باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ عیسا و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه‌ زۆر بوون و دوای كه‌وتبوون."

16 كاتێ مالمه‌ فه‌ریسییه‌كان بینییان وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: (بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟)"

17 كه‌ عیسا گوێی لێ‌بوو، پێی فه‌رموون: (له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم ڕاستودروستان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران.)"

18 قوتابییه‌كانی یه‌حیا و فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، هاتنه‌ لای عیسا و پێیان وت: (بۆچی قوتابییه‌كانی یه‌حیا و قوتابی فه‌ریسییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟)"

19 عیساش پێی فه‌رموون: (ئایا شاییگێڕان ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیان‌دایه‌؟ تاكو زاوا له‌گه‌ڵیان بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن."

20 به‌ڵام ڕۆژانێك دێت كه‌ زاوایان لێ ده‌بردرێت، ئه‌وسا له‌و ڕۆژه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن."

21 كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی له‌ئاونه‌دراو پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت."

22 كه‌سیش شه‌رابی نوێ ناكاته‌ ناو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ك شه‌رابه‌كه‌ مه‌شه‌كه‌كه‌ بدڕێنێت، شه‌رابه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵك ده‌بێت. به‌ڵكو شه‌رابی نوێ ده‌كرێته‌ ناو مه‌شكه‌ی نوێوه‌.)"

23 له‌ شه‌ممه‌دا عیسا به‌ناو ده‌غڵان‌دا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌ستیان‌كرد به‌ گوڵه‌گه‌نم لێ‌كردنه‌وه‌."

24 فه‌ریسییه‌كان پێیان وت: (بڕوانه‌، بۆچی شتێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌؟)"

25 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داود چی كرد كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون كه‌وتنه‌ پێویستی و برسییان بوو؟"

26 كه‌ ئه‌بیاسار سه‌رۆك كاهین بوو، چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی خوارد، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و نانه‌ی كه‌ دروست نییه‌ لێی بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت.)"

27 ئینجا پێی فه‌رموون: (شه‌ممه‌ بۆ مرۆڤ به‌دیهێنراوه‌، نه‌وه‌ك مرۆڤ بۆ شه‌ممه‌."

28 كه‌واته‌ كوڕی مرۆڤ گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌.)"

3

1 دیسان عیسا چۆوه‌ ناو كه‌نیشتێك، له‌وێ پیاوێكی لێ‌بوو ده‌ستی وشك ببوو،"

2 جا چاودێرییان ده‌كرد بزانن له‌ شه‌ممه‌دا چاكی ده‌كاته‌وه‌، تاكو سكاڵای لێ بكه‌ن."

3 عیسا به‌ پیاوه‌ ده‌ست وشكه‌كه‌ی فه‌رموو: (له‌ناوه‌ڕاست‌دا ڕاوه‌سته‌.)"

4 ئینجا پێی فه‌رموون: (ئایا له‌ شه‌ممه‌دا كاری چاكه‌ دروسته‌ یان كاری خراپه‌؟ ژیان به‌خشین یان كوشتن؟) كه‌چی بێ‌ده‌نگ بوون."

5 به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ئاوڕی لێیان دایه‌وه‌، له‌به‌ر دڵڕه‌قییان خه‌مبار بوو، به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: (ده‌ستت درێژ بكه‌.) ئه‌ویش درێژی كرد و ده‌ستی چاكبۆوه‌."

6 فه‌ریسییه‌كان ده‌رچوون و یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ هێرۆدسییه‌كان ته‌گبیریان كرد چۆن بیكوژن."

7 عیسا و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و ده‌ریاچه‌كه‌ هه‌ڵكشان، حه‌شاماتێك له‌ جه‌لیل و یه‌هودیاوه‌ دوای كه‌وتن،"

8 هه‌روه‌ها له‌ ئۆرشه‌لیم و له‌ ئادومیا و ئه‌وبه‌ری ئوردون و ده‌وروبه‌ری سور و سه‌یداوه‌ هاتنه‌ لای، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بیستبوو كه‌ ده‌یكرد."

9 ئه‌ویش به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو، تا به‌له‌مێكی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌، نه‌وه‌ك پاڵه‌په‌ستۆی لێ بكه‌ن."

10 چونكه‌ زۆرانی چاككرده‌وه‌، وای‌لێ‌هات هه‌موو ده‌ردداره‌كان كه‌وتنه‌ سه‌ری تاكو ده‌ستی لێ بده‌ن."

11 ڕۆحه‌پیسه‌كانیش هه‌ركه‌ ده‌یانبینی كڕنۆشیان بۆ ده‌برد و هاواریان ده‌كرد: (تۆ كوڕی خودای!)"

12 ئه‌ویش به‌ توندی فه‌رمانی پێ ده‌دان كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن."

13 عیسا چووه‌ سه‌ر شاخێك و ئه‌وانه‌ی بانگ‌كرد كه‌ ده‌یویستن، ئه‌وانیش چوونه‌ لای."

14 دوازده‌ی دیاری كرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاكو له‌گه‌ڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و"

15 ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت بۆ ده‌ركردنی ڕۆحی‌پیس."

16 دوازده‌كه‌ی دیاری كردن: شیمۆنی ناونا په‌ترۆس،"

17 یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای كه‌ ناوی لێنان بوانه‌رگس، واتا كوڕانی هه‌وره‌تریشقه‌،"

18 ئه‌ندراوس و فیلیپۆس و به‌رتۆلماوس و مه‌تا و تۆماس و یاقوبی حه‌لفی و ته‌داوس و شیمۆنی كانه‌وی و"

19 یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ به‌ گرتنی دا."

20 چووه‌ ماڵێك و دیسان خه‌ڵكێكی زۆریان لێ كۆبۆوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی نان بخۆن."

21 كاتێ كه‌سوكاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونكه‌ ده‌یان‌ووت: (مێشكی تێكچووه‌.)"

22 مالمه‌كانیش كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتبوون، وتیان: (به‌عله‌زبول ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌، به‌ شای ڕۆحه‌پیسه‌كان، ڕۆحی‌پیس ده‌رده‌كات.)"

23 عیسا بانگی كردن و به‌ نموونه‌ قسه‌ی بۆ كردن: (چۆن ده‌بێت شه‌یتان شه‌یتان ده‌ربكات؟"

24 ئه‌گه‌ر شانشینێك دووبه‌ره‌كی تێدابێت، ئه‌و شانشینییه‌ خۆی ڕاناگرێت."

25 ئه‌گه‌ر ماڵێكیش دووبه‌ره‌كی تێدابێت، ئه‌و ماڵه‌ خۆی ڕاناگرێت."

26 ئه‌گه‌ر شه‌یتان له‌ خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كی تێكه‌وت، خۆی ڕاناگرێت، به‌ڵكو كۆتایی پێ دێت."

27 كه‌سیش ناتوانێت بچێته‌ ماڵی به‌هێزێك و شته‌كانی تاڵان بكات، مه‌گه‌ر زوو نه‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات."

28 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفركردنێكی مرۆڤ كه‌ ده‌یكات ده‌به‌خشرێن،"

29 به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕۆحی پیرۆز بكات، هه‌رگیز نابه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌ گوناهێكی تاهه‌تاییه‌وه‌ تاوانباره‌.)"

30 چونكه‌ ده‌یان‌ووت: (رۆحی پیسی هه‌یه‌.)"

31 دایك و براكانی عیسا هاتن، له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستان و به‌ دوایان‌دا نارد."

32 خه‌ڵكیش له‌ ده‌وروبه‌ری دانیشتبوون، پێیان وت: (ئه‌وه‌تا دایكت و براكانت له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ دوات‌دا ده‌گه‌ڕێن.)"

33 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: (دایكم كێیه‌ و برایانم كێن؟)"

34 چاوی گێڕا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروپشتی دانیشتبوون و فه‌رمووی: (دایك و برای من ئه‌مانه‌ن."

35 ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خودا بكات، خوشك و برا و دایكمه‌.)"

4

1 دیسان عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ ده‌ستی‌كرد به‌ فێركردن، حه‌شاماتێك لێی كۆبۆوه‌، وای‌لێ‌هات بچێته‌ ناو به‌له‌مێكی ناو ئاوه‌كه‌ دانیشێت، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ نزیك ئاوه‌كه‌ له‌سه‌ر وشكایی بوون."

2 به‌ نموونه‌ زۆر شتی فێركردن، له‌ فێركردنه‌كه‌ی‌دا پێی ده‌فه‌رموون:"

3 (گوێ‌بگرن، تۆوده‌ر چوو تۆو بكات."

4 كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ش هاتن و هه‌ڵیانلووشی."

5 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ خۆڵی كه‌م بوو، خێرا سه‌ریان ده‌ركرد، قووڵی خۆڵیشی نه‌بوو."

6 كه‌ ڕۆژ هه‌ڵهات سووتا و وشك بوو، چونكه‌ ڕه‌گی نه‌بوو."

7 هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن و به‌رهه‌میان نه‌دا."

8 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ ناو زه‌وییه‌كی باش، شین بوو، گه‌شه‌ی كرد و به‌رهه‌میان دا، یه‌ك به‌ سی و یه‌ك به‌ شه‌ست و یه‌ك به‌ سه‌د.)"

9 ئینجا فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی گوێی بیستنی هه‌یه‌، با ببیستێت!)"

10 كاتێ به‌ ته‌نها بوو، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروپشتی بوون له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌، ده‌رباره‌ی نموونه‌كه‌ لێیان پرسی."

11 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (نهێنی شانشینی خودا به‌ ئێوه‌ دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن هه‌موو شتێك به‌ نموونه‌ بۆیان دێته‌وه‌."

12 بۆ ئه‌وه‌ی {به‌ سه‌یركردن سه‌یر بكه‌ن، به‌ڵام نه‌بینن، به‌ بیستن ببیستن، به‌ڵام تێنه‌گه‌ن، نه‌وه‌ك بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ببه‌خشرێن!} )"

13 ئینجا پێی فه‌رموون: (ئایا ئه‌م نموونه‌یه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن؟ باشه‌ چۆن هه‌موو نموونه‌كان تێده‌گه‌ن؟"

14 تۆوده‌ر وشه‌كه‌ تۆو ده‌كات."

15 ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ڕێگان، كه‌ وشه‌كه‌یان لێ تۆو ده‌كرێت، كاتێ ده‌یبیستن یه‌كسه‌ر شه‌یتان دێت و ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌بات كه‌ تیایان‌دا تۆوكراوه‌."

16 ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكران، ئه‌مانه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرن."

17 به‌ڵام ڕه‌گیان نییه‌، بۆ ماوه‌یه‌كن، دواتر له‌به‌ر وشه‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ گیروگرفت و چه‌وسانه‌وه‌، یه‌كسه‌ر ده‌كه‌ون."

18 ئه‌مانی دیكه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌ناو دڕكان تۆوكران، ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن،"

19 به‌ڵام خه‌فه‌تی ڕۆژگار و فریوخواردنی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئاره‌زووی شته‌كانی دیكه‌ دێته‌ ناوه‌وه‌ و وشه‌كه‌ ده‌خنكێنێ، ئیتر بێ‌به‌رهه‌م ده‌بێت."

20 ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی چاك تۆوكران، ئه‌وانه‌ی وشه‌كه‌ ده‌بیستن و وه‌ری ده‌گرن و به‌رهه‌م ده‌ده‌ن، یه‌ك به‌ سی و یه‌ك به‌ شه‌ست و یه‌ك به‌ سه‌د.)"

21 ئینجا پێی فه‌رموون: (ئایا خه‌ڵكی چرا هه‌ڵده‌كه‌ن تاكو بیخه‌نه‌ ژێر ته‌شت یان نوێنه‌وه‌؟ باشه‌ له‌سه‌ر چرادان داینانێن؟"

22 چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت."

23 ئه‌گه‌ر یه‌كێك گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت.)"

24 هه‌روه‌ها پێی فه‌رموون: (وردببنه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یبیستن. به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌ و بۆشتان زیاد ده‌كرێت."

25 چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌ندرێته‌وه‌.)"

26 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: (شانشینی خودا له‌ مرۆڤێك ده‌چێت تۆو بوه‌شێنێته‌ سه‌ر زه‌وی."

27 شه‌و ده‌خه‌وێت و ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێت، تۆوه‌كه‌ سه‌ر ده‌رده‌كات و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌ویش نازانێت چۆن ده‌بێت."

28 زه‌وی له‌ خۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، یه‌كه‌م جار گیا، ئینجا گوڵه‌گه‌نم، پاشان له‌ گوڵه‌گه‌نمه‌كه‌دا گه‌نمی ته‌واو."

29 به‌ڵام كاتێ به‌ره‌كه‌ پێ‌ده‌گات، یه‌كسه‌ر داسی لێ گیر ده‌كات، چونكه‌ دروێنه‌ی هاتووه‌.)"

30 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: (شانشینی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چ نموونه‌یه‌ك ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌؟"

31 به‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ك ، كاتێ له‌سه‌ر زه‌وی تۆو ده‌كرێت، له‌ هه‌موو تۆوه‌كانی سه‌ر زه‌وی بچووكتره‌."

32 كاتێ تۆو ده‌كرێت، گه‌شه‌ ده‌كات و له‌ هه‌موو ڕووه‌كه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بێت و لقی گه‌وره‌ ده‌رده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌ك باڵنده‌ی ئاسمان ده‌توانن له‌ ژێر سێبه‌ری‌دا هێلانه‌ بكه‌ن.)"

33 به‌ زۆر نموونه‌ی ئاوا باسی وشه‌كه‌ی بۆ ده‌كردن، ئه‌وه‌نده‌ی توانای گوێگرتنیان هه‌بوو."

34 به‌بێ نموونه‌ قسه‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، به‌ڵام كاتێ به‌ ته‌نها ده‌بوو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی خۆی هه‌موو واتایه‌كانی بۆ ڕوون ده‌كردنه‌وه‌."

35 له‌و ڕۆژه‌دا، كاتێ ئێواره‌ داهات، پێی فه‌رموون: (با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر.)"

36 ئه‌وانیش خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌جێ‌هێشت و وه‌كو خۆی به‌ به‌له‌مه‌كه‌ بردییان، به‌له‌می دیكه‌شی له‌گه‌ڵ‌بوو."

37 ئینجا ڕه‌شه‌بایه‌كی توند هه‌ڵیكرد، شه‌پۆڵه‌كان به‌ توندی له‌ به‌له‌مه‌كه‌یان ده‌دا، تاكو خه‌ریك بوو پڕبێت."

38 عیسا له‌ دواوه‌ له‌سه‌ر سه‌رینێك خه‌وتبوو. هه‌ڵیانساند و پێیان وت: (مامۆستا، گوێی ناده‌یتێ ئه‌گه‌ر له‌ناو بچین؟)"

39 ئه‌ویش هه‌ڵستا و له‌ بایه‌كه‌ی ڕاخوڕی و به‌ ده‌ریاچه‌كه‌ی فه‌رموو: (بێ‌ده‌نگ به‌! هێمن به‌!) بایه‌كه‌ وه‌ستاو و بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو."

40 ئینجا پێی فه‌رموون: (بۆچی ئاوا ترسنۆكن؟ هێشتا باوه‌ڕتان نییه‌؟)"

41 ئه‌وانیش تۆقین و به‌ یه‌كترییان ده‌ووت: (ئه‌مه‌ كێیه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش به‌ قسه‌ی ده‌كه‌ن!)"

5

1 ئینجا گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، بۆ هه‌رێمی گه‌راسین."

2 كاتێ عیسا له‌ به‌له‌مه‌كه‌ دابه‌زی، یه‌كسه‌ر له‌ناو گۆڕستان پیاوێكی تووش‌بوو ڕۆحی‌پیسی تێدابوو،"

3 له‌ناو گۆڕه‌كان ده‌ژیا، ته‌نانه‌ت به‌ زنجیریش كه‌س نه‌یده‌توانی بیبه‌ستێته‌وه‌."

4 چونكه‌ زۆر جار به‌ كۆت و زنجیر به‌سترابۆوه‌، به‌ڵام زنجیره‌كانی پچڕاند و كۆته‌كانیشی شكاند، كه‌سیش نه‌یتوانی ملكه‌چی بكات."

5 شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام له‌ناو گۆڕستان و له‌ چیاكان‌دا بوو، هاواری ده‌كرد و به‌ به‌رد له‌شی خۆی بریندار ده‌كرد."

6 كاتێ له‌ دووره‌وه‌ عیسای بینی، ڕایكرد و كڕنۆشی بۆ برد."

7 به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: (چیت له‌ من ده‌وێت، ئه‌ی عیسای كوڕی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودا، ئه‌شكه‌نجه‌م مه‌ده‌!)"

8 چونكه‌ عیسا پێی فه‌رمووبوو: (ئه‌ی ڕۆحی‌پیس، له‌ پیاوه‌كه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!)"

9 ئینجا لێی پرسی: (ناوت چییه‌؟) پێی‌ووت: (ناوم لێگیۆنه‌ ، چونكه‌ ئێمه‌ زۆرین.)"

10 زۆریش له‌ عیسا پاڕایه‌وه‌ نه‌یاننێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌."

11 له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌د شاخه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕان،"

12 لێی پاڕانه‌وه‌: (بماننێره‌ ناو به‌رازه‌كان، با بچینه‌ ناویان.)"

13 ئه‌ویش ڕێی پێ‌دان. ڕۆحه‌پیسه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ ناو به‌رازه‌كان، ئینجا ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاچه‌كه‌ ته‌ووژمیان برد، نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوون، له‌ناو ده‌ریاچه‌كه‌ خنكان."

14 به‌رازه‌وانه‌كان ڕایانكرد، هه‌واڵیان دایه‌ شار و كێڵگه‌كان. خه‌ڵكه‌كه‌ش هاتن تاكو ببینن چی ڕووی‌داوه‌."

15 هاتنه‌ لای عیسا، بینییان ئه‌وه‌ی له‌شكرێك ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، دانیشتووه‌ و پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، جا ترسان."

16 ئه‌وانه‌ش كه‌ بینیبوویان چی به‌سه‌ر به‌رازه‌كان و كه‌سه‌كه‌ هات كه‌ ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، بۆیان گێڕانه‌وه‌."

17 ئیتر ده‌ستیان‌كرد به‌ پاڕانه‌وه‌ له‌ عیسا تاكو له‌ ناوچه‌كه‌یان بڕوات."

18 كاتێ عیسا سواری به‌له‌مه‌كه‌ ده‌بوو، ئه‌وه‌ی ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت."

19 ڕێگا‌ی نه‌دا، به‌ڵكو پێی فه‌رموو: (بڕۆ ناو ماڵ و كه‌سوكارت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ خوداوه‌ند چی بۆت كردووه‌ و چۆن به‌زه‌یی پێت هاته‌وه‌.)"

20 جا ڕۆیشت و له‌ ده‌ شاره‌كه‌دا ده‌ستی‌كرد به‌ جاڕدانی هه‌موو ئه‌وه‌ی عیسا بۆی كردبوو. هه‌موو سه‌رسام بوون."

21 دیسان عیسا به‌ به‌له‌مه‌كه‌ په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌ده‌م ئاوه‌كه‌ بوو خه‌ڵكێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه‌."

22 یه‌كێك له‌ پێشه‌وایانی كه‌نیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، كاتێ عیسای بینی، له‌به‌رپێی كه‌وت و"

23 زۆر لێی پاڕایه‌وه‌: (كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ سه‌ره‌مه‌رگ دایه‌، وه‌ره‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ تاكو چاكبێته‌وه‌ و بژیێت.)"

24 عیسا له‌گه‌ڵی چوو، حه‌شاماتێكیش دوای كه‌وت و پاڵه‌په‌ستۆی لێ ده‌كرد."

25 ژنێك دوازده‌ ساڵ‌بوو خوێن‌به‌ربوونی هه‌بوو."

26 به‌ ده‌ستی زۆر پزیشك ئازاری زۆری چێژتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌رجی كردبوو، هیچ سوودیشی نه‌بوو، به‌ڵكو خراپتر ببوو."

27 باسی عیسای بیستبوو، بۆیه‌ هاته‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌ و له‌ دواوه‌ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌ی دا،"

28 چونكه‌ وتی: (ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ كراسه‌كه‌ی بده‌م، چاك ده‌بمه‌وه‌.)"

29 یه‌كسه‌ر خوێن لێچوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و له‌ له‌شی‌دا هه‌ستی به‌ چاكبوونه‌وه‌ كرد له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی."

30 یه‌كسه‌ر عیساش زانی هێزێك لێی ده‌رچوو، ئاوڕی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: (كێ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌م دا؟)"

31 قوتابییه‌كانی پێیان وت: (ده‌بینیت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆت لێ‌ده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌فه‌رمووی كێ ده‌ستی لێ‌دام؟)"

32 چاوی ده‌گێڕا، تاكو بزانێت كێ بوو وای‌كرد."

33 ژنه‌كه‌ش به‌ ڕووداوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانی، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ هات، له‌به‌رده‌می كه‌وت و هه‌مووی به‌ ڕاستی پێ وت."

34 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (كچم، باوه‌ڕت چاكی‌كردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ و له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاكببه‌وه‌.)"

35 كاتێ عیسا قسه‌ی ده‌كرد، كه‌سانێك له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هاتن، وتیان: (كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ئه‌زیه‌ت مه‌خه‌ره‌ به‌ر مامۆستا.)"

36 به‌ڵام عیسا گوێی به‌ قسه‌كه‌یان نه‌دا، به‌ پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشتی فه‌رموو: (مه‌ترسه‌، ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت.)"

37 نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێت، په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نای برای یاقوب نه‌بێت."

38 هاتنه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشت، بینی هه‌رایه‌، گریان و شیوه‌نێكی زۆر."

39 چووه‌ ژووره‌وه‌، پێی فه‌رموون: (بۆچی هه‌راتانه‌ و ده‌گریێن؟ كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، نووستووه‌.)"

40 پێی پێكه‌نین. به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌، دایك و باوكی منداڵه‌كه‌ی برد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی منداڵه‌كه‌ی لێ‌بوو."

41 ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی گرت و پێی فه‌رموو: (تالیسا قوم!) واتا: (كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم هه‌سته‌!)"

42 كچه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ڵستا و ده‌ستی به‌ ڕۆیشتن كرد، ته‌مه‌نی دوازده‌ ساڵ‌بوو، جا زۆر سه‌رسام بوون."

43 به‌ تووندیش ڕایسپاردن كه‌س به‌مه‌ نه‌زانێت و فه‌رمووی شتێكی بده‌نێ با بیخوات."

6

1 ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، قوتابییه‌كانیشی دوای كه‌وتن."

2 كه‌ بووه‌ شه‌ممه‌، له‌ كه‌نیشت‌دا ده‌ستی‌كرد به‌ فێركردن، زۆر له‌وانه‌ی گوێیان لێی گرتبوو سه‌رسام بوون. وتیان: (ئه‌مه‌ ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌ی ئه‌م داناییه‌ی پێی دراوه‌ و ئه‌م په‌رجوانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێن!"

3 ئه‌رێ ئه‌مه‌ دارتاشه‌كه‌ی كوڕی مریه‌م و براكه‌ی یاقوب و یوسی و یه‌هوزا و شیمۆن نییه‌؟ خوشكه‌كانی لێره‌ له‌لامان نین؟) به‌م شێوه‌یه‌ ساتمه‌یان لێی كرد."

4 به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: (پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ شار و له‌نێوان خزم و له‌ ماڵی خۆی نه‌بێت.)"

5 ئیتر له‌وێ‌دا نه‌یتوانی هیچ په‌رجوێك بكات، ته‌نها چه‌ند نه‌خۆشێك نه‌بێت كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و چاكی‌كردنه‌وه‌."

6 له‌ بێ‌باوه‌ڕی ئه‌وان سه‌ری سوڕما. ئینجا به‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا گه‌ڕا و خه‌ڵكی فێر ده‌كرد."

7 ئینجا دوازده‌كه‌ی بانگ‌كرد، دوو دوو ده‌ستی‌كرد به‌ ناردنیان و ده‌سه‌ڵاتی پێ‌دان به‌سه‌ر ڕۆحه‌پیسه‌كان."

8 ڕایسپاردن كه‌ بۆ ڕێگا هیچ نه‌به‌ن جگه‌ له‌ گۆپاڵێك، نه‌ نان و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ پاره‌ بۆ به‌ر پشتێن."

9 به‌ڵكو سۆل له‌ پێیان بێت و دوو كراس له‌به‌ر نه‌كه‌ن."

10 پێی فه‌رموون: (له‌ هه‌ر شوێنێك چوونه‌ ماڵێك، له‌وێ بمێننه‌وه‌ تاكو ئه‌وێ به‌جێ‌ده‌هێڵن."

11 ئه‌گه‌ر شوێنێكیش پێشوازی لێ نه‌كردن و گوێیان لێ نه‌گرتن كه‌ له‌وێ ده‌رده‌چن تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ شایه‌تی له‌سه‌ریان.)"

12 ئه‌وانیش ده‌رچوون و جاڕی تۆبه‌كردنیان دا."

13 ڕۆحی‌پیسی زۆریان ده‌ركرد و زۆر نه‌خۆشیان به‌ ڕۆن چه‌وركرد و چاكیان كردنه‌وه‌."

14 شا هێرۆدس ئه‌مه‌ی بیست، چونكه‌ ناوی عیسا ده‌نگی‌دایه‌وه‌ و ده‌یان‌ووت: (یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش له‌ناو مردووان هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هێزی سه‌رووی سروشت له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌كرێت.)"

15 خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یان‌ووت: (ئه‌لیاسه‌.) هه‌ندێكیش ده‌یان‌ووت: (پێغه‌مبه‌رێكه‌، وه‌ك پێغه‌مبه‌ران.)"

16 به‌ڵام هێرۆدس كه‌ بیستی، وتی: (یه‌حیایه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رم بڕی، ئه‌وه‌ هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌!)"

17 چونكه‌ هێرۆدس به‌ خۆی ناردی، یه‌حیای گرت و له‌ زیندان‌ به‌ستییه‌وه‌، له‌سه‌ر هیرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای خۆی، ئه‌وه‌ی كه‌ خواستبووی."

18 چونكه‌ یه‌حیا به‌ هێرۆدسی ده‌ووت: (دروست نییه‌ براژنه‌كه‌ت بخوازیت.)"

19 جا هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی‌بوو و حه‌زی ده‌كرد بیكوژێت، به‌ڵام نه‌یده‌توانی،"

20 چونكه‌ هێرۆدس له‌ یه‌حیا ده‌ترسا، ده‌یزانی پیاوێكی ڕاستودروست و پیرۆزه‌، ده‌یپاراست. كاتێ گوێی لێ ده‌گرت زۆر ده‌شێوا، حه‌زیشی ده‌كرد گوێی لێ بگرێت."

21 ده‌رفه‌تێك ڕێككه‌وت، كاتێ هێرۆدس له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره‌ پیاوانی و فه‌رمانده‌كانی و ماقوڵانی جه‌لیل خوانی سازكرد."

22 كچی هیرۆدیا هاته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌مای كرد. جا هێرۆدس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیان‌دابۆوه‌ دڵخۆشی كردن. پاشا به‌ كچه‌كه‌ی وت: (ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت له‌ منی داوا بكه‌، ده‌تده‌مێ.)"

23 سوێندیشی بۆ خوارد: (هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی شانشینه‌كه‌شم بێت.)"

24 ئه‌ویش چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ دایكی وت: (داوای چی بكه‌م؟) وتی: (سه‌ری یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش.)"

25 یه‌كسه‌ر و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: (ده‌مه‌وێت ئێستا سه‌ری یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشم له‌سه‌ر سینییه‌ك بده‌یتێ.)"

26 پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌."

27 پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنێت. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی،"

28 له‌سه‌ر سینییه‌ك سه‌ری ئه‌وی هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دایه‌ دایكی."

29 قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێك‌دا ناشتیان."

30 نێردراوان له‌ عیسا كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌."

31 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (هه‌ر خۆتان وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێك پشوو بده‌ن.) چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو."

32 ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ به‌له‌م چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ."

33 به‌ڵام زۆر خه‌ڵك ئه‌وانیان بینی و ناسی، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن."

34 كاتێ عیسا دابه‌زی، حه‌شاماتێكی بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ك مه‌ڕی بێ شوان وابوون. ده‌ستی پێ‌كرد زۆر شتی فێركردن."

35 كاتێ دره‌نگ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای، وتیان: (ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و ئێستا كاتیش دره‌نگه‌."

36 به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م كێڵگه‌ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر خواردن بۆ خۆیان بكڕن.)"

37 به‌ڵام وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.) پێیان وت: (ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟)"

38 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (چه‌ند نانتان هه‌یه‌؟ بڕۆن ببینن.) كه‌ زانییان وتیان: (پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی.)"

39 ئینجا فه‌رمانی پێ‌دان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن."

40 به‌ كۆمه‌ڵ دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا."

41 ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی كرد و نانه‌كانی له‌ت‌كرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌ش كرد."

42 جا هه‌موو خواردیان و تێربوون."

43 پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ په‌لكه‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌."

44 ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد پێنج هه‌زار پیاو بوون."

45 یه‌كسه‌ر عیسا قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری به‌له‌مه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، بۆ بێت‌سه‌یدا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات."

46 كه‌ خواحافیزی لێ‌كردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ."

47 كه‌ ئێواره‌ داهات، به‌له‌مه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌كه‌ بوو، عیساش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكایی بوو."

48 كه‌ بینی به‌هۆی سه‌وڵ‌لێدان ماندوون، چونكه‌ بایه‌ك پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت و ویستی لێیان تێپه‌ڕێت."

49 به‌ڵام كاتێ بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد."

50 چونكه‌ هه‌موو بینییان و په‌شۆكان، ئه‌و یه‌كسه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن: (وره‌تان به‌رز بێ! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن.)"

51 ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌ و بایه‌كه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون،"

52 چونكه‌ ده‌رباره‌ی نانه‌كان تێ‌نه‌گه‌یشتن، دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو."

53 كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ خاكی جه‌نیساره‌ت و له‌نگه‌ریان گرت."

54 كاتێ له‌ به‌له‌مه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵك عیسایان ناسییه‌وه‌."

55 به‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ردا غاریان ده‌دا و ده‌ستیان پێ‌كرد نه‌خۆشه‌كان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵبگرن، بۆ هه‌ر شوێنێك گوێیان لێ‌بووایه‌ كه‌ له‌وێیه‌."

56 بۆ هه‌ر كوێ بچووبووایه‌، گوند، شار، كێڵگه‌، خه‌ڵك نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێی‌دا چاكبوونه‌وه‌."

7

1 فه‌ریسی و هه‌ندێك مالم كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتبوون له‌لای عیسا كۆبوونه‌وه‌."

2 بینییان هه‌ندێك له‌ قوتابییه‌كانی به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن، واتا بێ ده‌ست شوشتن."

3 چونكه‌ فه‌ریسی و هه‌موو جوله‌كه‌ نان ناخۆن ئه‌گه‌ر به‌ باشی ده‌ستیان نه‌شۆن، په‌یوه‌ست بوون به‌ نه‌ریتی پیران."

4 هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕ بهاتبوونایه‌وه‌ نانیان نه‌ده‌خوارد تاكو خۆیان نه‌شۆردبووایه‌، زۆر شتی دیكه‌ش هه‌یه‌ وه‌ریانگرتبوو تاكو ده‌ستی پێوه‌ بگرن، شوشتنی كاسه‌ و چاپه‌ست و دۆلكه‌ی مس و قه‌ریۆڵه‌."

5 فه‌ریسی و مالمه‌كانیش لێیان پرسی: (بۆچی قوتابییه‌كانت له‌سه‌ر نه‌ریتی پیران ناڕۆن و به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن؟)"

6 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (دووڕووه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئیشایا پێشبینی باشی كردووه‌، وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم ده‌گرێت، به‌ڵام دڵی لێم دووره‌."

7 به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن، فێركردنێك فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌.}"

8 ئێوه‌ ڕاسپارده‌ی خوداتان پشتگوێ خستووه‌ و ده‌ستتان به‌ نه‌ریتی مرۆڤه‌وه‌ گرتووه‌.)"

9 دیسان پێی فه‌رموون: (باش ڕاسپارده‌ی خودا ڕه‌ت‌ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ نه‌ریتی خۆتان بكه‌ن."

10 چونكه‌ موسا وتوویه‌تی: {ڕێزی دایك و باوكت بگره‌} ، {ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ دایك یان باوكی بڵێ، ده‌بێ بكوژرێت.}"

11 به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: "ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ دایك یان باوكی بڵێت: ئه‌وه‌ی له‌ منه‌وه‌ سوودت لێی وه‌رده‌گرت، ده‌یكه‌مه‌ قوربانی،" - به‌ واتای دیاری بۆ خودا -"

12 ئیتر نایه‌ڵن شتێكی بۆ دایك یان باوكی بكات."

13 به‌و نه‌ریته‌تان كه‌ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن. زۆر شتی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن.)"

14 دیسان خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (هه‌موو گوێم لێ بگرن و تێ‌بگه‌ن."

15 شت نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی و گڵاوی بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات."

16 [ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با گوێ‌بگرێت.]"

17 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت و هاته‌ ماڵێك، قوتابییه‌كانی بۆ نموونه‌كه‌ پرسیاریان لێ‌كرد."

18 پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ش ئاوا تێ‌نه‌گه‌یشتوون؟ ئایا تێ‌ناگه‌ن كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ ناویه‌وه‌ ناتوانێت گڵاوی بكات؟"

19 چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو سكی، ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ ئاوده‌ست.) هه‌موو خۆراكێك پاكه‌."

20 ئینجا فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات."

21 چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، له‌ دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ ده‌رده‌چێت: به‌دڕه‌وشتی، دزی، كوشتن،"

22 داوێنپیسی، چڵێسی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڕه‌ڵایی، چاوپیسی، كفر، لووتبه‌رزی، گێلی."

23 هه‌موو ئه‌م خراپانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌رده‌چن و مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن.)"

24 عیسا به‌ڕێ‌كه‌وت و ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت، چووه‌ هه‌رێمی سور. چووه‌ ماڵێك و نه‌یویست كه‌س بزانێت، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یتوانی خۆی بشارێته‌وه‌."

25 چونكه‌ ژنێك كچه‌كه‌ی ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، یه‌كسه‌ر هه‌واڵی ئه‌وی بیست و هات له‌به‌رپێی كه‌وت."

26 ژنه‌كه‌ش یۆنانی بوو، له‌ ڕه‌گه‌زی فینیكیای سوریا بوو، داوای لێ‌كرد ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ی ده‌ربكات."

27 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (جارێ با منداڵان تێر بن، چونكه‌ ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ.)"

28 به‌ڵام وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م! سه‌گیش له‌ ژێر خوان‌دا له‌ په‌لكه‌نانی به‌ر منداڵان ده‌خوات.)"

29 پێی فه‌رموو: (له‌به‌ر ئه‌م قسه‌یه‌، بڕۆ، ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ت ده‌رچوو.)"

30 گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، بینی منداڵه‌كه‌ له‌سه‌ر جێگاكه‌ی پاڵكه‌وتووه‌ و ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ده‌رچوو بوو."

31 ئینجا عیسا له‌ هه‌رێمی سور ده‌رچوو و به‌ سه‌یدا دا به‌ره‌و ده‌ریای جه‌لیل هات، به‌ هه‌رێمی ده‌ شاره‌كه‌دا."

32 كه‌ڕێكی لاڵوپته‌یان بۆ هێنا، لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێت."

33 عیسا بردییه‌ لایه‌كه‌وه‌، دوور له‌ خه‌ڵكه‌كه‌، په‌نجه‌كانی خسته‌ ناو گوێی كابراوه‌ و تفی كرد و ده‌ستی له‌ زمانی دا."

34 چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و پێی فه‌رموو: (ئێففه‌سا!) واتا بكرێوه‌."

35 یه‌كسه‌ر گوێیه‌كانی كرانه‌وه‌ و گرێی زمانی شل‌بۆوه‌ و به‌ ڕه‌وانی قسه‌ی كرد."

36 ئینجا ڕایسپاردن به‌ كه‌س نه‌ڵێن، به‌ڵام چه‌ند ڕایده‌سپارد ئه‌وان زیاتر بڵاویان ده‌كرده‌وه‌."

37 زۆر سه‌رسام بوون و ده‌یان‌ووت: (هه‌موو شتێكی به‌ باشی كردووه‌! وا ده‌كات كه‌ڕ ببیستێت و لاڵ قسه‌ بكات.)"

8

1 له‌و ڕۆژانه‌دا دیسان حه‌شاماتێك هه‌بوو هیچیان نه‌بوو بیخۆن، عیسا قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون:"

2 (دڵم به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌سووتێت، ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵم‌دان و هیچیان نییه‌ بیخۆن."

3 ئه‌گه‌ر به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌ ماڵ، له‌ ڕێگا بڕ ناكه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌ دووره‌وه‌ هاتوون.)"

4 قوتابییه‌كانی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (كێ ده‌توانێت له‌م چۆڵه‌وانییه‌ نانی ئه‌مانه‌ بدات؟)"

5 لێی پرسین: (چه‌ند نانتان پێیه‌؟) وتیان: (حه‌وت.)"

6 ئیتر فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی برد و سوپاسی خودای كرد، له‌تی‌كردن و دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد."

7 چه‌ند ماسییه‌كی بچووكیشیان پێ بوو، سوپاسی كرد و فه‌رمووی با ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكرێت."

8 ئیتر خواردیان و تێربوون، حه‌وت سه‌به‌ته‌ په‌لكه‌نانیان هه‌ڵگرته‌وه‌."

9 نزیكه‌ی چوار هه‌زار ده‌بوون، ئینجا به‌ڕێی كردن."

10 پاشان یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری به‌له‌م بوو و هاته‌ ناوچه‌ی ده‌لمانووسه‌."

11 فه‌ریسییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ مشتومڕ كرد له‌گه‌ڵ عیسا، داوای نیشانه‌یه‌كیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی."

12 له‌ قووڵایی ڕۆحی‌دا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: (بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای نیشانه‌ ده‌كات؟ ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: نیشانه‌ نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌.)"

13 ئینجا به‌جێی‌هێشتن. دووباره‌ سواری به‌له‌مه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر."

14 قوتابییه‌كان له‌بیریان چووبوو نان بهێنن، له‌ به‌له‌مه‌كه‌دا ته‌نها یه‌ك نانیان پێ بوو."

15 عیسا ڕایسپاردن: (وریابن، ئاگاداربن له‌ هه‌ویرترشی فه‌ریسییه‌كان و هه‌ویرترشی هێرۆدس.)"

16 له‌ناو خۆیان‌دا به‌ یه‌كتریان وت: (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ‌نییه‌.)"

17 عیسا زانی و پێی فه‌رموون: (بۆ باس ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ‌نییه‌؟ ئایا هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێ‌ناگه‌ن؟ ئایا دڵڕه‌قن؟"

18 خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟"

19 كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌ت‌كرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ په‌لكه‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟) پێیان وت: (دوازده‌.)"

20 (كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ په‌لكه‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟) پێیان وت: (حه‌وت.)"

21 ئینجا پێی فه‌رموون: (هێشتا تێ‌ناگه‌ن؟)"

22 هاتنه‌ بێت‌سه‌یدا، كه‌سێكی نابینایان هێنایه‌ لای عیسا و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات."

23 ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: (هیچ ده‌بینیت؟)"

24 سه‌یری كرد و وتی: (خه‌ڵك ده‌بینم وه‌ك دره‌خت ده‌ڕۆن.)"

25 دیسان عیسا ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبۆوه‌، هه‌موو شتێكی به‌ ڕوونی بینی."

26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: (مه‌چووه‌ ناو ئاوایی.)"

27 عیسا و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌رییه‌ی فیلیپۆس ده‌رچوون، له‌ ڕێگا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: (خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟)"

28 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش، هه‌ندێكیش ئه‌لیاس، به‌ڵام هه‌ندێك یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌ران.)"

29 لێی پرسین: (ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟) په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت.)"

30 جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن."

31 ئینجا ده‌ستی‌كرد به‌ فێركردنیان كه‌ كوڕی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و مالمه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستێته‌وه‌."

32 به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌ترۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی."

33 به‌ڵام عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌ترۆسی كرد: (له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌.)"

34 ئینجا خه‌ڵكه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت."

35 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من و ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات."

36 چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟"

37 یان مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی چی ده‌دات؟"

38 چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، كوڕی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پیرۆزه‌كان‌دا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت.)"

9

1 ئینجا پێی فه‌رموون: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مردن ناچێژن تاكو شانشینی خودا ده‌بینن به‌ هێزه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌.)"

2 دوای شه‌ش ڕۆژ، عیسا په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نای له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌ ته‌نها بردنییه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز، له‌به‌رچاویان شێوه‌ی گۆڕا."

3 جله‌كانی بووه‌ سپییه‌كی بریسكه‌دار، سپیكار له‌سه‌ر زه‌وی ناتوانێت ئاوا سپی بكات."

4 ئینجا ئه‌لیاس و موسا بۆیان ده‌ركه‌وتن، له‌گه‌ڵ عیسادا كه‌وتنه‌ گفتوگۆ."

5 په‌ترۆسیش به‌ عیسای وت: (ڕابی، پێمان باشه‌ لێره‌ بین، با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێك بۆ تۆ، یه‌كێك بۆ موسا، یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.)"

6 نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، چونكه‌ تۆقی‌بوون."

7 هه‌ورێكیش هات و سێبه‌ری به‌سه‌ریان‌دا كرد، ده‌نگێك له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ هات: (ئه‌مه‌ كوڕی خۆشه‌ویستمه‌، گوێی لێ بگرن!)"

8 كاتێ له‌ناكاو سه‌یری ده‌وروپشتیان كرد، له‌ عیسا زیاتر كه‌سیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌بینی."

9 له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، عیسا فه‌رمانی پێ‌دان ئه‌مه‌ی بینیتان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو كوڕی مرۆڤ له‌ناو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌."

10 ئه‌وانیش بابه‌ته‌كه‌یان بۆ خۆیان هێشته‌وه‌ و گفتوگۆیان بوو: (هه‌ڵستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان چییه‌؟)"

11 پرسیاریان لێ‌كرد: (بۆچی مالمه‌كان ده‌ڵێن: "ده‌بێت یه‌كه‌م جار ئه‌لیاس بێت"؟)"

12 پێی فه‌رموون: (ڕاسته‌، ئه‌لیاس دێت و هه‌موو شتێك ڕێك ده‌خاته‌وه‌. ئه‌ی چۆن ده‌رباره‌ی كوڕی مرۆڤ نووسراوه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و سووكایه‌تی پێ بكرێت؟"

13 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، ئه‌لیاس هات و چییان ویست پێیان كرد، وه‌ك له‌باره‌ی نووسراوه‌.)"

14 كاتێ گه‌یشتنه‌ لای قوتابییه‌كان، حه‌شاماتێكیان له‌ ده‌وروپشتی بینی و مالمه‌كانیش ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن."

15 كه‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ عیسایان بینی یه‌كسه‌ر سه‌رسام بوون، ڕایانكرد و سڵاویان لێ‌كرد."

16 عیسا لێی پرسین: (له‌ باره‌ی چی ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟)"

17 یه‌كێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مامۆستا، كوڕه‌كه‌م هێناوه‌ته‌ لات، ڕۆحێكی لاڵی هه‌یه‌."

18 له‌كوێ بیگرێت، به‌ زه‌وی داده‌دات، ده‌می كه‌ف ده‌كات و ددانه‌كانی جیڕده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌ق ده‌بێت. داوام له‌ قوتابییه‌كانت كرد ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی.)"

19 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌ی نه‌وه‌ی بێ‌باوه‌ڕ، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ منداڵه‌كه‌ بهێننه‌ لام.)"

20 ئه‌وانیش هێنایانه‌ لای. كه‌ ڕۆحه‌كه‌ عیسای بینی، یه‌كسه‌ر منداڵه‌كه خووی گرت و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌گه‌وزی و كه‌ف له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌هات."

21 عیسا له‌ باوكی منداڵه‌كه‌ی پرسی: (له‌ كه‌یه‌وه‌ وای لێ‌هاتووه‌؟) وتی: (له‌ منداڵییه‌وه‌."

22 زۆر جاریش خستوویه‌تییه‌ ناو ئاگر و ناو ئاوه‌وه‌ تاكو له‌ناوی ببات. ئه‌گه‌ر ده‌توانیت شتێك بكه‌یت، دڵت پێمان بسووتێ و یارمه‌تیمان بده‌.)"

23 عیسا پێی فه‌رموو: ("ئه‌گه‌ر ده‌توانیت"؟ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بهێنێت هه‌موو شتێكی بۆ ده‌بێت.)"

24 یه‌كسه‌ر باوكی منداڵه‌كه‌ هاواری كرد: (باوه‌ڕم هه‌یه‌، یارمه‌تی بێ‌باوه‌ڕیم بده‌!)"

25 عیسا كه‌ بینی خه‌ڵكه‌كه‌ ڕاكه‌ڕاكه‌یانه‌، له‌ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی ڕاخوڕی: (ئه‌ی ڕۆحی كه‌ڕولاڵ، فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م، لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌چیته‌وه‌ ناوی!)"

26 جا هاواری كرد و به‌ توندی خووگرتی كرد و ده‌رچوو. كوڕه‌ وه‌ك مردووی لێ هات، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س وتیان: (مرد.)"

27 به‌ڵام عیسا ده‌ستی گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌، ئه‌ویش ڕاوه‌ستا."

28 عیسا چۆوه‌ ماڵ، قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها لێیان پرسی: (بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ری بكه‌ین؟)"

29 پێی فه‌رموون: (ئه‌م جۆره‌ به‌ نوێژ نه‌بێت ده‌رناكرێت.)"

30 له‌وێ ڕۆیشتن و به‌ جه‌لیل‌دا تێپه‌ڕین، عیساش نه‌یویست كه‌س بزانێت،"

31 چونكه‌ قوتابییه‌كانی فێرده‌كرد و پێی ده‌فه‌رموون: (كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست خه‌ڵك و ده‌یكوژن، دوای كوشتنی به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌)."

32 به‌ڵام ئه‌وان له‌ قسه‌كه‌ تێ‌نه‌گه‌یشتن و ترسان لێی بپرسن."

33 ئینجا هاتنه‌ كه‌فه‌رناحوم. كه‌ گه‌یشته‌ ماڵه‌وه‌، لێی پرسین: (له‌ ڕێگا گفتوگۆی چیتان ده‌كرد؟)"

34 به‌ڵام ئه‌وان بێ‌ده‌نگ بوون، چونكه‌ له‌ ڕێگا مشتومڕیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد كه‌ كامیان پایه‌ به‌رزتره‌."

35 عیسا دانیشت و دوازده‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی یه‌كه‌م بێت، با له‌دوای هه‌مووان و خزمه‌تكاری هه‌مووان بێت.)"

36 ئینجا منداڵێكی هێنا و له‌ناوه‌ڕاستیان‌دا ڕایگرت، گرتییه‌ باوه‌شی و پێی فه‌رموون:"

37 (ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشوازی له‌ یه‌كێك له‌م منداڵانه‌ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێشوازیم لێ بكات، پێشوازی له‌ من ناكات، به‌ڵكو له‌وه‌ی ناردوومی.)"

38 یۆحه‌نا پێی‌ووت: (مامۆستا، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ ڕۆحی‌پیسی ده‌رده‌كرد، ئێمه‌ش ڕێمان لێ گرت، چونكه‌ دوامان ناكه‌وێت.)"

39 عیسا فه‌رمووی: (ڕێی لێ مه‌گرن. كه‌س نییه‌ به‌ ناوی منه‌وه‌ په‌رجو بكات و بتوانێت له‌دوای ماوه‌یه‌كی كورت به‌ خراپه‌ باسم بكات."

40 چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵمانه‌."

41 ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ جامێك ئاوی پێ‌دان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هی مه‌سیحن، ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم پاداشتی ون نابێت."

42 ئه‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، بۆی باشتره‌ به‌رداشێك به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌."

43 ئه‌گه‌ر ده‌ستت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ك ده‌سته‌وه‌ بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو ده‌ستت هه‌بێت و بچیته‌ دۆزه‌خ، ناو ئاگرێك كه‌ كوژانه‌وه‌ی بۆ نییه‌."

44 [له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌.]"

45 ئه‌گه‌ر پێت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ك پێیه‌وه‌ بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو پێت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ ناو دۆزه‌خ."

46 [له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌.]"

47 ئه‌گه‌ر چاوت بووه‌ كۆسپ بۆت، ده‌ری بهێنه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ك چاو بچیته‌ ناو شانشینی خوداوه‌ له‌وه‌ی دوو چاوت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ ناو دۆزه‌خ."

48 {له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌.}"

49 چونكه‌ هه‌موو به‌ ئاگر سوێر ده‌كرێن."

50 خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێری ده‌كه‌نه‌وه‌؟ با خوێتان تێدابێت و له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ ئاشتی‌دا بن.)"

10

1 ئینجا عیسا ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت و هاته‌ هه‌رێمی یه‌هودیا و ئه‌وبه‌ری ئوردون. دیسان خه‌ڵك لێی كۆبوونه‌وه‌، وه‌ك نه‌ریتی خۆی فێری ده‌كردن."

2 هه‌ندێك فه‌ریسی هاتن و بۆ تاقیكردنه‌وه‌ پرسیاریان لێی كرد: (ئایا دروسته‌ مێرد ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟)"

3 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (موسا فه‌رمانی چی پێ كردوون؟)"

4 وتیان: (موسا ڕێی داوه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بنووسرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت.)"

5 به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: (له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ نووسین."

6 به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای به‌دیهێنانه‌وه‌، خودا {به‌ نێر و مێ به‌دیهێنان.}"

7 {بۆیه‌ پیاو دایك و باوكی به‌جێ‌ده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت،"

8 ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌.} له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوو نین، به‌ڵكو یه‌ك جه‌سته‌ن."

9 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌.)"

10 له‌ ماڵه‌وه‌ش، قوتابییه‌كان دیسان له‌م باره‌یه‌وه‌ لێیان پرسی."

11 پێی فه‌رموون: (ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی به‌رامبه‌ری ده‌كات."

12 ئه‌گه‌ر ژن مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و مێرد به‌ یه‌كێكی دیكه‌ بكات، ئه‌وا داوێنپیسی به‌رامبه‌ری ده‌كات.)"

13 منداڵیان بۆ لای عیسا هێنا تاكو ده‌ستیان لێ بدات. به‌ڵام قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین."

14 كه‌ عیسا ئه‌مه‌ی بینی، تووڕه‌ بوو، پێی فه‌رموون: (لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام، ڕێیان لێ مه‌گرن، چونكه‌ شانشینی خودا هی وه‌ك ئه‌مانه‌یه‌."

15 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ك منداڵێك شانشینی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، هه‌رگیز ناچێته‌ ناویه‌وه‌.)"

16 منداڵه‌كانیشی له‌ باوه‌ش كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و به‌ره‌كه‌تی پێ‌دان."

17 كاتێ عیسا ده‌رده‌چوو به‌ڕێوه‌ بوو، پیاوێك به‌ره‌و ئه‌و ڕایكرد، كڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: (مامۆستای باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی تاهه‌تایی به‌ میرات بگرم؟)"

18 عیسا پێی فه‌رموو: (بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌."

19 ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: {مه‌كوژه‌}، {داوێنپیسی مه‌كه‌}، {مه‌دزه‌}، {شایه‌تی درۆ مه‌ده‌}، قۆڵبڕی مه‌كه‌، {ڕێزی دایك و باوكت بگره‌.} )"

20 ئه‌ویش پێی‌ووت: (مامۆستا، له‌ مێردمنداڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌م پاراستووه‌.)"

21 عیسا سه‌یری كرد و خۆشی ویست، پێی فه‌رموو: (شتێكت كه‌مه‌، بڕۆ چیت هه‌یه‌ هه‌مووی بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، به‌مه‌ گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسمان‌دا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌.)"

22 به‌م قسه‌یه‌ دڵی خورپه‌ی كرد، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو."

23 عیسا سه‌یری ده‌وروپشتی كرد و به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (چوونه‌ ناوه‌وه‌ی شانشینی خودا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ند سه‌خته‌!)"

24 قوتابییه‌كان له‌ قسه‌كانی سه‌رسام بوون، به‌ڵام عیسا دیسان پێی فه‌رموون: (كوڕینه‌، چوونه‌ناو شانشینی خودا چه‌ند سه‌خته‌!"

25 وشترێك له‌ كونی ده‌رزییه‌ك ئاوابكرێت ئاسانتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێك بچێته‌ ناو شانشینی خودا.)"

26 جا زیاتر سه‌رسام بوون و به‌ یه‌كتریان وت: (كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟)"

27 عیساش سه‌یری كردن، فه‌رمووی: (له‌لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا نا، چونكه‌ له‌لای خودا هه‌موو شتێك ده‌بێت.)"

28 په‌ترۆس ده‌ستی پێ‌كرد و وتی: (ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێك هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین.)"

29 عیسا فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان برا یان خوشك یان دایك یان باوك یان منداڵ یان كێڵگه‌ی له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئینجیل به‌جێ‌هێشتبێت،"

30 ئێستا له‌م ڕۆژگاره‌ سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ له‌ ماڵ و برا و خوشك و دایك و منداڵ و كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌، له‌ ڕۆژگاری داهاتووش ژیانی تاهه‌تایی."

31 به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینیش یه‌كه‌مین.)"

32 به‌ ڕێگاوه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وتن، عیسا پێشیان كه‌وتبوو، قوتابییه‌كانیش سه‌رسام ببوون، ئه‌وانه‌ی دوای ده‌كه‌وتن ده‌ترسان. دیسان دوازده‌كه‌ی دابڕی و ده‌ستی پێ‌كرد پێیان بفه‌رمووێ كه‌وا چی به‌سه‌ردێت:"

33 (ئه‌وا بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وین، كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست كاهینانی باڵا و مالمه‌كان، بڕیاری مردنی ده‌ده‌ن، ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان،"

34 گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و تفی لێ‌ده‌كه‌ن و به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.)"

35 یاقوب و یۆحه‌نای كوڕه‌كانی زه‌بدی هاتنه‌ لای و پێیان وت: (مامۆستا، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی داوای ده‌كه‌ین بۆمان بكه‌یت.)"

36 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟)"

37 پێیان وت: (له‌ شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت بمانده‌رێ یه‌كێكمان له‌لای ڕاستت و یه‌كێكمان له‌لای چه‌پت دانیشین.)"

38 به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: (نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌، ئاوا باپتیزه‌ی ئازار بكرێن كه‌ من پێی‌دا ڕه‌ت ده‌بم ؟)"

39 پێیان وت: (ده‌توانین.) عیساش پێی فه‌رموون: (ئه‌و جامه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌یخۆنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی من باپتیزه‌ی ئازار ده‌كرێم، ئێوه‌ش باپتیزه‌ ده‌كرێن."

40 به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌ بۆم نییه‌ بیده‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆیان دانراوه‌.)"

41 كاتێ ده‌ قوتابییه‌كه‌ بیستیان، ده‌ستیان به‌ تووڕه‌ بوون كرد له‌ یاقوب و یۆحه‌نا."

42 عیساش بانگی كردن و پێی فه‌رموون: (ده‌زانن ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌رۆك نه‌ته‌وه‌ داده‌نرێن ئاغایه‌تی ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریان‌دا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن."

43 به‌ڵام له‌نێو ئێوه‌ ئاوا نابێت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتان‌دا پایه‌ی به‌رز بێت، با ببێته‌ خزمه‌تكارتان."

44 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێت له‌نێوتان‌دا ببێته‌ یه‌كه‌م، با ببێته‌ به‌نده‌ی هه‌مووتان."

45 چونكه‌ كوڕی مرۆڤیش نه‌هاتووه‌ تاكو خزمه‌ت بكرێت، به‌ڵكو خزمه‌ت بكات و له‌ پێناوی زۆران ژیانی خۆی به‌خت بكات.)"

46 گه‌یشتنه‌ ئه‌ریحا. كاتێ له‌ ئه‌ریحا ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی و حه‌شاماتێك، سواڵكه‌رێكی نابینا، (بارتیماوس) به‌ واتای كوڕی تیماوس، له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو."

47 بیستی ئه‌وه‌ عیسای ناسیره‌ییه‌، هاواری كرد: (عیسای كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌!)"

48 زۆر كه‌س لێیان ڕاخوڕی تاكو بێ‌ده‌نگ بێت. به‌ڵام زۆر به‌رزتر هاواری ده‌كرد: (كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌!)"

49 عیسا ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: (بانگی بكه‌ن.) ئه‌وانیش نابیناكه‌یان بانگ‌كرد و پێیان وت: (وره‌ت به‌رز بێت! هه‌سته‌، بانگت ده‌كات.)"

50 ئیتر كه‌وایه‌كه‌ی فڕێدا و ڕاپه‌ڕی، هاته‌ لای عیسا."

51 عیسا لێی پرسی: (چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟) نابیناكه‌ پێی‌ووت: (ڕابی، با ببینم.)"

52 عیساش پێی فه‌رموو: (بڕۆ! باوه‌ڕت چاكی‌كردیته‌وه‌.) یه‌كسه‌ر بینییه‌وه‌ و به‌ ڕێگادا دوای كه‌وت."

11

1 كاتێ له‌ ئۆرشه‌لیم نزیك بوونه‌وه‌، له‌ بێت‌فاجی و بێت‌عه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، عیسا دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد،"

2 پێی فه‌رموون: (بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كاتێ ده‌چنه‌ ناوی، ده‌بینن جاشكێك به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن."

3 " ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی‌ووتن: "بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟" بڵێن: "گه‌وره‌مان پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت.") ""

4 چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشكێك له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌."

5 هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: (چی ده‌كه‌ن، جاشكه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟)"

6 وه‌ك عیسا پێی فه‌رمووبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان."

7 جاشكه‌كه‌یان بۆ عیسا هێنا و كه‌وایه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو."

8 زۆریش كه‌وایه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ باخه‌كان لقه‌داریان بڕی‌بۆوه‌."

9 ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: {هۆسانا! ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت!} ("

10 ستایشكراوه‌ شانشینی داودی باوكمان كه‌ دێت! هۆسانا له‌ به‌رزایی!)"

11 عیسا چووه‌ ناو ئۆرشه‌لیم بۆ ناو په‌رستگا، ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بێت‌عه‌نیا ده‌رچوون."

12 بۆ به‌یانی كه‌ له‌ بێت‌عه‌نیا ده‌رچوون، عیسا برسی بوو."

13 له‌ دووره‌وه‌ دارهه‌نجیرێكی بینی گه‌ڵای كردبوو، ڕووی تێكرد تاكو شتێكی پێوه‌ ببینێت. گه‌یشته‌ لای و له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، چونكه‌ وه‌رزی هه‌نجیر نه‌بوو."

14 ئینجا پێی فه‌رموو: (ئیتر هه‌رگیز كه‌س له‌ به‌رت ناخوات.) قوتابییه‌كانیشی گوێیان لێ‌بوو."

15 هاتنه‌ ئۆرشه‌لیم و عیسا چووه‌ ناو په‌رستگاكه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و كورسی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا."

16 نه‌یده‌هێشت كه‌س به‌ شتومه‌كه‌وه‌ به‌ ناو په‌رستگادا تێپه‌ڕێت."

17 فێری ده‌كردن و ده‌یفه‌رموو: (ئایا نه‌نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت بۆ هه‌موو گه‌لان} ؟ به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} )"

18 كاهینانی باڵا و مالمه‌كان گوێیان لێ‌بوو، بیریان ده‌كرده‌وه‌ چۆن له‌ناوی ببه‌ن، چونكه‌ لێی ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ فێركردنه‌كانی سه‌رسام ببوون."

19 كاتێ ئێواره‌ داهات، عیسا و قوتابییه‌كانی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار."

20 به‌یانی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، دارهه‌نجیره‌كه‌یان بینی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ وشك بووه‌."

21 په‌ترۆس بیری كه‌وته‌وه‌ و وتی: (ڕابی، سه‌یر بكه‌ دارهه‌نجیره‌كه‌ی نه‌فره‌تت لێ‌كرد، وشك بووه‌!)"

22 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌بێت."

23 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌م كێوه‌ بڵێت "هه‌ڵكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ ناو ده‌ریاوه‌"، له‌ دڵ‌دا گومان نه‌كات، به‌ڵكو باوه‌ڕ بكات ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ده‌بێت، ئه‌وا بۆی ده‌بێت."

24 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ن و نوێژی بۆ ده‌كه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ وه‌رتانگرتووه‌، بۆتان ده‌بێت."

25 كاتێ ده‌وه‌ستن نوێژ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌سه‌ر یه‌كێكه‌وه‌ هه‌بێت لێی خۆشبن، تاكو باوكیشتان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆشبێت."

26 [به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ لێ خۆش نه‌بن، باوكی ئاسمانیشتان له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت.])"

27 دیسان هاتنه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، عیسا له‌ په‌رستگا پیاسه‌ی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و مالمه‌كان و پیران هاتنه‌ لای و"

28 پێیان وت: (ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌ ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟)"

29 عیسا پێی فه‌رموون: (پرسیارێكتان لێ ده‌كه‌م، وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م:"

30 له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟ وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌!)"

31 له‌نێو خۆیان‌دا كه‌وتنه‌ ڕاوێژكردن، وتیان: (ئه‌گه‌ر بڵێین: "له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو"، ده‌ڵێت: "بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌كرد؟""

32 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێین: "له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو"...) - له‌ خه‌ڵك ده‌ترسان، چونكه‌ یه‌حیا له‌لای هه‌مووان به‌ ڕاستی به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نرا."

33 ئینجا وه‌ڵامی عیسایان دایه‌وه‌: (نازانین.) عیساش پێی فه‌رموون: (منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م.)"

12

1 ده‌ستی پێ‌كرد به‌ نموونه‌ قسه‌یان بۆ بكات: (كابرایه‌ك ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروپشته‌كه‌ی په‌رژین كرد، چاڵێكی ترێ گوشینی لێ‌دا و قولله‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد."

2 له‌ وه‌رزی خۆی‌دا خزمه‌تكارێكی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ له‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان وه‌ربگرێت."

3 به‌ڵام گرتییان و لێیان‌دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌."

4 دیسان خزمه‌تكارێكی دیكه‌ی بۆ ناردن، سه‌ری ئه‌میشیان شكاند و سووكایه‌تییان پێ كرد."

5 یه‌كێكی دیكه‌شی نارد، كوشتییان. زۆری دیكه‌ش، له‌ هه‌ندێكیان دا و هه‌ندێكیان كوشت."

6 یه‌كێكی مابوو، كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، له‌ كۆتایی‌دا ئه‌ویشی بۆ لایان نارد، وتی: (ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن.)"

7 به‌ڵام ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ به‌ یه‌كتریان وت: "ئه‌وه‌تا میراتگر، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر.""

8 جا گرتییان و كوشتییان و فڕێیان‌دایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌."

9 خاوه‌نی ڕه‌زه‌كه‌ چی ده‌كات؟ دێت و ڕه‌زه‌وانه‌كان له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌."

10 ئه‌م نووسراوه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك."

11 ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌.} ؟)"

12 ده‌یانویست بیگرن، چونكه‌ زانییان نموونه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان فه‌رموو، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن."

13 كاهینانی باڵا هه‌ندێك له‌ فه‌ریسییه‌كان و هێرۆدسییه‌كانیان نارده‌ لای عیسا، تاكو به‌ وشه‌یه‌كی تووشی بكه‌ن."

14 هاتن و پێیان وت: (مامۆستا، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕووی خه‌ڵك ناكه‌یت، به‌ڵكو به‌ ڕاستی ڕێگای خودا فێر ده‌كه‌یت. دروسته‌ سه‌رانه‌ بدرێته‌ قه‌یسه‌ر یان نا؟ بیده‌ین یان نا؟)"

15 به‌ڵام عیسا به‌ دووڕوویی ئه‌وانی زانی و پێی فه‌رموون: (بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دینارێكم بۆ بهێنن با بیبینم.)"

16 هێنایان و پێی فه‌رموون: (ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟) پێیان وت: (قه‌یسه‌ر.)"

17 عیساش پێی فه‌رموون: (هی قه‌یسه‌ر بده‌نه‌ قه‌یسه‌ر، هی خوداش بده‌نه‌ خودا.) جا لێی سه‌رسام بوون."

18 سه‌دوقییه‌كان - كه‌ ده‌ڵێن هه‌ڵستانه‌وه‌ نییه‌ - هاتنه‌ لای و پرسیاریان لێ‌كرد:"

19 (مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین ، ئه‌گه‌ر یه‌كێك براكه‌ی به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی له‌ پاش خۆی به‌جێ‌هێشت، ئه‌وا براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌."

20 حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد."

21 دووه‌م خواستییه‌وه‌ و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش ئاوا."

22 هه‌ر حه‌وته‌كه‌ وجاخكوێر بوون، له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد."

23 كاتێ له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌.)"

24 عیساش پێی فه‌رموون: (ئایا ئێوه‌ هه‌ڵه‌ نین، چونكه‌ نه‌ له‌ نووسراوه‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا؟"

25 چونكه‌ كاتێ له‌ مردن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌، نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسمان وه‌ك فریشته‌ن."

26 به‌ڵام ده‌رباره‌ی مردووان كه‌ هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ئایا له‌ سیپاره‌ی موسادا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، چۆن له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا خودا پێی فه‌رموو: {منم خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب}؟"

27 ئه‌و خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو هی زیندووانه‌. زۆر به‌ هه‌ڵه‌دا چوونه‌!)"

28 یه‌كێك له‌ مالمه‌كان هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان ده‌كرد، بینی عیسا وه‌ڵامێكی باشی دانه‌وه‌، لێی پرسی: (چ ڕاسپارده‌یه‌ك یه‌كه‌می هه‌مووانه‌؟)"

29 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (یه‌كه‌م: {گوێ‌بگره‌ ئیسرائیل، خودای په‌روه‌ردگارمان یه‌ك خوداوه‌ند‌ه‌،"

30 جا خودای په‌روه‌ردگاری خۆت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو گیان و هه‌موو بیر و هه‌موو تواناته‌وه‌ خۆش‌بووێ.}"

31 دووه‌میش ئه‌مه‌یه‌، {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ} ، هیچ ڕاسپارده‌یه‌ك له‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌ گرنگتر نییه‌.)"

32 مالمه‌كه‌ش پێی فه‌رموو: (ڕاسته‌ مامۆستا، ڕاستت فه‌رموو كه‌ یه‌ك خودا هه‌یه‌ و بێجگه‌ له‌و خودای دیكه‌ نییه‌."

33 خۆش‌ویستنی ئه‌ویش به‌ هه‌موو دڵ و به‌ هه‌موو تێگه‌یشتن و به‌ هه‌موو تواناوه‌، هه‌روه‌ها خۆش‌ویستنی نزیك وه‌ك خۆت، له‌ هه‌موو قوربانی سووتاندن و قوربانییه‌كان باشتره‌.)"

34 عیسا بینی به‌ داناییه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، پێی فه‌رموو: (له‌ پاشایه‌تی خوداوه‌ دوور نیت.) ئیتر نه‌یان‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن."

35 كاتێ عیسا له‌ په‌رستگا خه‌ڵكی فێر ده‌كرد فه‌رمووی: (مالم چۆن ده‌ڵێن: "مه‌سیح كوڕی داوده‌"؟"

36 داود خۆی به‌ ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ وتی: {خوداوه‌ند به‌ خوداوه‌ندمی فه‌رموو: "له‌ ده‌سته‌ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت."}"

37 داود خۆی پێی ده‌ڵێ "خوداوه‌ند"، ئیتر چۆن ده‌بێته‌ كوڕی؟) حه‌شاماته‌كه‌ش به‌ خۆشییه‌وه‌ گوێیان لێی ده‌گرت."

38 له‌ فێركردنه‌كه‌ی‌دا ده‌یفه‌رموو: (ئاگاداری مالمه‌كان بن، حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و پێیان خۆشه‌ له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت،"

39 له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداری بن."

40 ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن و بۆ ده‌رخستن درێژه‌ به‌ نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ سه‌ختترین سزا وه‌رده‌گرن.)"

41 عیسا به‌رامبه‌ر خه‌زێنه‌ دانیشت و سه‌یری كرد چۆن خه‌ڵكی مس ده‌خه‌نه‌ ناو خه‌زێنه‌كه‌وه‌، زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند زۆریان داده‌نا."

42 بێوه‌ژنێكی هه‌ژار هات و دوو فلسی دانا كه‌ نیو عانه‌یه‌."

43 قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌نه‌ ناو خه‌زێنه‌كه‌ زیاتری دانا."

44 چونكه‌ هه‌موو له‌ زیاده‌ی خۆیان دایان نا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌رچی هه‌یبوو، هه‌رچی پێی ده‌گوزه‌را داینا.)"

13

1 كاتێ له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رده‌چوو، یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی پێی‌ووت: (مامۆستا ته‌ماشا بكه‌! چ جۆره‌ به‌رد و چ جۆره‌ ته‌لارێكن!)"

2 عیساش پێی فه‌رموو: (ئه‌م ته‌لاره‌ مه‌زنانه‌ ده‌بینیت؟ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت.)"

3 كاتێ عیسا له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون به‌رامبه‌ر په‌رستگاكه‌ دانیشتبوو، په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نا و ئه‌ندراوس به‌ ته‌نها لێیان پرسی:"

4 (پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ و نیشانه‌ چییه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌واو بن؟)"

5 عیسا ده‌ستی پێ‌كرد پێیان بفه‌رمووێ: (ئاگاداربن، كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات."

6 زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن، "من ئه‌وم." زۆر كه‌س چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن."

7 كاتێ جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن مه‌تۆقن. ده‌بێت ئه‌مه‌ ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا كۆتایی نییه‌."

8 نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و شانشین له‌ شانشین، له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ ڕووده‌دات، هه‌روه‌ها برسیێتی، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌ستپێكی ژانه‌كانه‌."

9 ئاگاداری خۆتان بن، چونكه‌ ده‌تانده‌نه‌ دادگا و كه‌نیشته‌كان، جا لێتان ده‌درێت و له‌به‌رده‌م حوكمڕان و پاشاكان له‌ پێناوی من ڕاده‌وه‌ستێنرێن، وه‌ك شایه‌تی بۆیان."

10 هه‌روه‌ها ده‌بێ یه‌كه‌م جار ئینجیل به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌ندرێت."

11 كاتێكیش ده‌تانبه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌تان بده‌ن، پێش وه‌خت ناڕه‌حه‌ت مه‌بن به‌وه‌ی چی بڵێن، به‌ڵكو له‌و كاته‌دا چیتان ده‌درێتێ به‌وه‌ بدوێن، چونكه‌ ئێوه‌ نین ده‌دووێن، به‌ڵكو ڕۆحی پیرۆزه‌."

12 برا برای خۆی بۆ مردن به‌ گرتن ده‌دات، باوكیش منداڵی خۆی، منداڵان له‌ دایك و باوكیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن."

13 له‌به‌ر ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكو كۆتایی دانبه‌خۆداگر بێت، ڕزگاری ده‌بێت."

14 كاتێ {قێزه‌وه‌نی وێرانكار} ده‌بینن له‌و جێگایه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نابێ لێی بێت، - با خوێنه‌ر تێبگات - ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌هودیادانه‌ ڕابكه‌نه‌ چیاكان،"

15 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌، با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ و نه‌چێته‌ ژووره‌وه‌ تاكو شتێك له‌ ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت،"

16 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌یه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكو جله‌كه‌ی ببات."

17 له‌و ڕۆژانه‌دا قوڕ به‌سه‌ر دووگیان و شیرده‌ران!"

18 نوێژ بكه‌ن تاكو ئه‌وه‌ له‌ زستان‌دا نه‌بێت."

19 چونكه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ته‌نگانه‌یه‌ك ڕووده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای به‌دیهێنراوانه‌وه‌ كه‌ خودا به‌دیهێنان، تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت."

20 ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند ئه‌و ڕۆژانه‌ی كورت نه‌كردبایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی ئه‌و بژاردانه‌ی هه‌ڵیبژاردوون، ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌م كردۆته‌وه‌."

21 " ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ یه‌كێك پێی‌ووتن: "ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌!" یان: "ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌!" باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. ""

22 چونكه‌ چه‌ند مه‌سیحێكی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ و په‌رجو ده‌كه‌ن، تاكو ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن."

23 به‌ڵام ئاگاداربن، ئه‌وا پێش وه‌خت هه‌موو شتێكم پێ وتن."

24 به‌ڵام له‌و ڕۆژانه‌دا، دوای ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌، {ڕۆژ تاریك ده‌بێت و مانگیش ڕووناكی خۆی نادات،"

25 ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێت.}"

26 ئه‌وسا كوڕی مرۆڤ ده‌بینن به‌ هێزێكی گه‌وره‌ و شكۆوه‌ له‌ناو هه‌وره‌وه‌ دێت."

27 ئینجا فریشته‌كان ده‌نێرێت و بژارده‌كانی له‌ چوار بایه‌كه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، له‌م په‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ تاكو ئه‌و په‌ڕی ئاسمان."

28 له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن، كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌."

29 ئێوه‌ش، كاتێ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن كه‌ نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌."

30 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت."

31 ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن."

32 سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، نه‌ فریشته‌كان كه‌ له‌ ئاسمانن و نه‌ كوڕه‌كه‌، باوك نه‌بێت."

33 كه‌واته‌ ئاگاداربن و ئێشك بگرن چونكه‌ نازانن كه‌ی ئه‌و كاته‌ دادێت."

34 وه‌ك پیاوێكی گه‌شت‌كردوو، ماڵه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشتووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ كۆیله‌كانی، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ئیشی خۆی، ده‌رگاوانیشی ڕاسپاردووه‌ ئێشك بگرێت."

35 بۆیه‌ ئێشك بگرن، چونكه‌ نازانن كه‌ی گه‌وره‌ی ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێواره‌ یان نیوه‌ی شه‌و، یان له‌گه‌ڵ بانگدانی كه‌ڵه‌شێر، یان به‌یانی."

36 نه‌وه‌ك له‌ناكاو بگه‌ڕێته‌وه‌ و بتانبینێت خه‌وتوون."

37 جا ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌ی ده‌ڵێم، به‌ هه‌مووانی ده‌ڵێم: ئێشك بگرن!)"

14

1 جه‌ژنی په‌سخه‌ و فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و مالمه‌كان ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێك بیگرن و بیكوژن،"

2 وتیان: (به‌ڵام نه‌ك له‌ جه‌ژن‌دا، نه‌وه‌ك ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ ناو خه‌ڵك.)"

3 له‌ بێت‌عه‌نیا، له‌ ماڵی شیمۆنه‌ گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێك هات بوتڵێكی ئه‌له‌باسته‌ریی بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های پێ‌بوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ری‌دا ڕژاند."

4 به‌ڵام هه‌ندێك زویر بوون و به‌ یه‌كتریان وت: (بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌ فیڕۆ درا؟"

5 ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرابووایه‌ و بدرابووایه‌ هه‌ژاران.) جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد."

6 به‌ڵام عیسا فه‌رمووی: (وازی لێ بهێنن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد."

7 چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم."

8 ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، زوو له‌شمی بۆ ناشتن چه‌وركرد."

9 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهان‌دا له‌ هه‌ر كوێ جاڕی ئه‌م ئینجیله‌ بدرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی.)"

10 یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێك بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو عیسا به‌ گرتن بدات."

11 كاتێ گوێیان لێ‌بوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێی‌دا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێك ده‌گه‌ڕا تاكو به‌ گرتنی بدات."

12 له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، كه‌ قوربانی په‌سخه‌یان ده‌كرد، قوتابییه‌كانی پێیان وت: (ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟)"

13 ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: (بڕۆنه‌ ناو شار، پیاوێك تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ك ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون."

14 له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: "مامۆستا ده‌فه‌رمووێ: كوا دیوه‌خانه‌كه‌م تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟""

15 ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن.)"

16 قوتابییه‌كان ڕۆیشتن و هاتنه‌ شار، وه‌ك پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد."

17 كه‌ ئێواره‌ داهات، عیسا له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ هات."

18 پاڵیان‌دابۆوه‌ نانیان ده‌خوارد، عیسا فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، به‌ گرتنم ده‌دات.)"

19 خه‌م دایگرتن و له‌دوای یه‌كتری وتیان: (خۆ من نیم؟)"

20 پێی فه‌رموون: (یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌ناو قاپه‌كه‌یه‌."

21 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ به‌ گرتن ده‌دات! باشتر بوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.)"

22 كاتێ نانیان ده‌خوارد، عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، پێی‌دان و فه‌رمووی: (وه‌رگرن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌.)"

23 جامێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و پێی‌دان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌."

24 پێی فه‌رموون: (ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ و بۆ په‌یمانه‌، بۆ زۆران ده‌ڕژێت."

25 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ شانشینی خودا به‌ نوێتی ده‌یخۆمه‌وه‌.)"

26 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان وت و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون."

27 عیسا پێی فه‌رموون: (هه‌موو پشتم تێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مه‌ڕه‌كان په‌رت ده‌بن.}."

28 به‌ڵام دوای هه‌ڵستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.)"

29 په‌ترۆس پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر هه‌موو پشتت تێ‌بكه‌ن، من نا.)"

30 عیساش پێی فه‌رموو: (ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌م شه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بانگ بدات، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.)"

31 به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: (ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م.) هه‌موو وایان وت."

32 چوونه‌ شوێنێك پێی ده‌ووترا گه‌تسیمانی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م.)"

33 ئه‌وسا په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نای له‌گه‌ڵ خۆی برد، ده‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی كرد."

34 پێی فه‌رموون: (زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و شه‌واره‌ بگرن.)"

35 كه‌مێك دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت."

36 فه‌رمووی: (بابه‌! باوكه‌، هه‌موو شتێك بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت.)"

37 گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: (شیمۆن نووستوویت؟ نه‌تتوانی كاتژمێرێك شه‌واره‌ بگریت؟"

38 شه‌واره‌ بگرن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕۆح چاڵاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌.)"

39 دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌."

40 دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌."

41 سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: (هێشتا نووستوون و پشوو ده‌ده‌ن؟ به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌. ئه‌وه‌تا كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست گوناهباران."

42 هه‌ستن با بڕۆین، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی به‌ گرتنم ده‌دات نزیك‌بۆوه‌.)"

43 یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، یه‌هوزا یه‌كێك بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی له‌گه‌ڵ‌بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و مالمه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێ‌بوو."

44 ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دات، نیشانه‌یه‌كی پێ‌دابوون، وتبووی: (ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن.)"

45 هه‌ركه‌ یه‌هوزا گه‌یشت، چووه‌ لای عیسا و وتی: (ڕابی!) و ماچی كرد."

46 ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان."

47 به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ خزمه‌تكاری سه‌رۆك كاهینی دا و گوێی بڕی."

48 عیساش پێی فه‌رموون: (وه‌ك بۆ گرتنی ڕابه‌رێكی شۆڕشگێڕ به‌ كوته‌ك و شمشێره‌وه‌ هاتوون بمگرن؟"

49 ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگادا له‌گه‌ڵتان بووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم، به‌ڵام بۆ هاتنه‌دی نووسراوه‌كانه‌.)"

50 ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و ڕایانكرد."

51 گه‌نجێك دوای عیسا كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشی بوو، جا گرتییان."

52 به‌ڵام كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت و به‌ ڕووتی ڕایكرد."

53 عیسایان برده‌ لای سه‌رۆك كاهین، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیران و مالمه‌كان كۆبوونه‌وه‌."

54 په‌ترۆسیش دووربه‌دوور تاكو ناو حه‌وشه‌ی سه‌رۆكی كاهینان دوای كه‌وت، له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاران له‌به‌رده‌م ئاگر دانیشتبوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌."

55 كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌درین به‌دوای شایه‌تییه‌ك ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر عیسا تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت."

56 چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ شایه‌تییان له‌سه‌ری دا و شایه‌تییه‌كانیان كۆك نه‌بوو."

57 هه‌ندێك هه‌ڵستان و به‌ درۆ شایه‌تییان له‌سه‌ری دا و وتیان:"

58 (گوێمان لێی‌بوو ده‌یووت: "ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕوخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت.")"

59 له‌مه‌ش‌دا شایه‌تییه‌كه‌یان كۆك نه‌بوو."

60 سه‌رۆك كاهینیش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ عیسای پرسی: (هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ شایه‌تی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟)"

61 به‌ڵام عیسا بێ‌ده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان سه‌رۆك كاهین لێی پرسی و پێی‌ووت: (ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، كوڕی ستایشكراوه‌كه‌ی ؟)"

62 عیسا فه‌رمووی: (من ئه‌وم. {كوڕی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسمان‌دا دێته‌وه‌.} )"

63 سه‌رۆك كاهین جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: (ئیتر چ پێویستیمان به‌ شایه‌ت هه‌یه‌؟"

64 خۆ گوێتان له‌ كفره‌كه‌ بوو، ڕاتان چییه‌؟) هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مردنه‌."

65 هه‌ندێك ده‌ستیان پێ كرد تفی لێ بكه‌ن، ڕووی داپۆشن و لێی بده‌ن، پێیان ده‌ووت: (پێشبینی بكه‌!) خزمه‌تكارانیش گرتییان و دایانه‌ به‌ر شه‌ق."

66 په‌ترۆس له‌ خواره‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ بوو، یه‌كێك له‌ كاره‌كه‌رانی سه‌رۆك كاهین هات."

67 په‌ترۆسی بینی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، تێی‌ڕووانی و وتی: (تۆش له‌گه‌ڵ عیسای ناسیره‌یی بوویت.)"

68 نكۆڵی كرد و وتی: (نازانم، تێناگه‌م چی ده‌ڵێی.) ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌. [ئینجا كه‌ڵه‌شێر بانگی دا.]"

69 كاره‌كه‌ره‌كه‌ بینییه‌وه‌، به‌وانه‌ی وته‌وه‌ كه‌ له‌وێ‌دا ڕاوه‌ستابوون: (ئه‌مه‌ش له‌وانه‌.)"

70 دیسان نكۆڵی كرد. پاش كه‌مێك ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌دا ڕاوه‌ستابوون، به‌ په‌ترۆسیان ده‌ووت: (به‌ ڕاستی تۆ له‌وانیت، چونكه‌ تۆش جه‌لیلیت.)"

71 ده‌ستی‌كرد به‌ نه‌فره‌ت كردن و سوێندخواردن: (ئه‌م كابرایه‌ی باسی ده‌كه‌ن نایناسم.)"

72 یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر بۆ دووه‌م جار بانگی دا، په‌ترۆسیش قسه‌ی عیسای بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رمووبوو: (پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بانگ بدات، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.) خۆی پێ نه‌گیرا و گریا."

15

1 هه‌ر به‌یانی زوو، كاهینانی باڵا و پیران و مالمه‌كان و هه‌موو سه‌نهه‌درین ڕاوێژیان كرد. عیسایان په‌لبه‌ست كرد و بردییان، دایانه‌ ده‌ست پیلاتۆس."

2 پیلاتۆس لێی پرسی: (تۆ پاشای جوله‌كه‌ی؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ ده‌ڵێیت.)"

3 كاهینانی باڵا سكاڵای زۆریان لێ ده‌كرد."

4 پیلاتۆس لێی پرسییه‌وه‌: (ئایا هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چه‌ند سكاڵات لێ‌ده‌كه‌ن.)"

5 به‌ڵام عیسا هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی پیلاتۆس سه‌رسام بوو."

6 له‌ هه‌موو جه‌ژنێك به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردبووایه‌."

7 باراباس ناوێك له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕان گیرابوو، له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ كوشتاریان كردبوو."

8 ئینجا خه‌ڵكه‌كه‌ هاتن و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات."

9 پیلاتۆسیش لێی پرسین: (ده‌تانه‌وێ پاشای جوله‌كه‌تان بۆ ئازاد بكه‌م؟)"

10 چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان به‌ گرتنیان داوه‌."

11 به‌ڵام كاهینانی باڵا خه‌ڵكه‌كه‌یان جۆش‌دا كه‌ باراباسیان بۆ ئازاد بكات."

12 پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: (ئه‌ی باشه‌ حه‌زده‌كه‌ن چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، "پاشای جوله‌كه‌"؟)"

13 هاواریان كرد: (له‌ خاچی بده‌!)"

14 پیلاتۆس لێی پرسین: (باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟) به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان كرد: (له‌ خاچی بده‌!)"

15 پیلاتۆسیش ده‌یویست خه‌ڵكه‌كه‌ ڕازی بكات، باراباسی بۆ ئازاد كردن. له‌دوای به‌ قامچی لێدانی، عیسای بۆ له‌خاچدان به‌ده‌سته‌وه‌ دا."

16 سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌."

17 كراسێكی مۆریان له‌به‌ر كرد، تاجێكیان له‌ دڕك هۆنییه‌وه‌ و له‌سه‌ریان نا."

18 ده‌ستیان‌كرد به‌ سڵاو لێ‌كردنی، ده‌یان‌ووت: (سڵاو، ئه‌ی پاشای جوله‌كه‌!)"

19 به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد."

20 كاتێ گاڵته‌یان پێ كرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌."

21 ڕێبوارێك له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمۆنی كورێنی بوو، باوكی ئه‌سكه‌نده‌ر و ڕوفوس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ڵبگرێت."

22 ئینجا عیسایان برده‌ شوێنی گولگۆسا، واتا (شوێنی كاسه‌سه‌ر)."

23 شه‌رابی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان بۆی ڕاگرت، به‌ڵام نه‌ی خوارده‌وه‌."

24 له‌ خاچیان دا و كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد، تیروپشكیان له‌سه‌ر كرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت."

25 كاتێ له‌ خاچیان دا كاتژمێر نۆ بوو،"

26 ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی ئاوا نووسرابوو: پاشای جوله‌كه‌."

27 دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌ خاچ دا، یه‌كێك له‌لای ڕاستی و یه‌كێك له‌لای چه‌پی. ["

28 نووسراوه‌كه‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا.} ]"

29 ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یان‌ووت: (ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ،"

30 خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌.)"

31 به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و مالمه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات!"

32 با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسرائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین.) ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌ خاچ ده‌دران قسه‌یان پێ ده‌ووت."

33 بووه‌ كاتژمێر دوازده‌ ، تاكو كاتژمێر سێ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو."

34 له‌ كاتژمێر سێ ، عیسا به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: ({ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قتانی؟}) واتا، {خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟}"

35 هه‌ندێك له‌ ئاماده‌بووان گوێیان لێ‌بوو، وتیان: (ئه‌وه‌ بانگی ئه‌لیاس ده‌كات.)"

36 یه‌كێك ڕایكرد و ئه‌سفه‌نجێكی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ دایێ، وتی: (لێگه‌ڕێن با ببینین ئه‌لیاس دێت دایبگرێت!)"

37 عیساش به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕۆحی سپارد."

38 په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دوو."

39 ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر عیسا ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕۆحی سپارد، وتی: (به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ كوڕی خودا بوو!)"

40 چه‌ند ژنێك له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، له‌نێوانیان‌دا مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌می دایكی یاقوبی بچووك و یوسی و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ‌بوو،"

41 ئه‌مانه‌ له‌ جه‌لیله‌وه‌ دوای عیسا كه‌وتبوون و خزمه‌تیان ده‌كرد، زۆری دیكه‌ش له‌گه‌ڵی هاتبوونه‌ ئۆرشه‌لیم."

42 ئێواره‌ داهات، ڕۆژی خۆ ئاماده‌كردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شه‌ممه‌،"

43 یوسفی خه‌ڵكی ڕامه‌ ئه‌ندامێكی به‌رزی ئه‌نجومه‌ن بوو، ئه‌ویش چاوه‌ڕێی شانشینی خودای ده‌كرد، وێرا و چووه‌ لای پیلاتۆس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای كرد."

44 پیلاتۆس سه‌رسام بوو ئاوا به‌ زوویی عیسا مردووه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ی بانگ‌كرد و لێی پرسی ئاخۆ ده‌مێكه‌ مردووه‌."

45 كاتێ له‌ سه‌رپه‌له‌كه‌وه‌ زانی و ته‌رمه‌كه‌ی دایه‌ یوسف."

46 ئه‌ویش كه‌تانی كڕی، دایگرت و به‌ كه‌تان كفنی كرد، له‌ گۆڕێك‌دا ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرا بوو. ئینجا به‌ردێكی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌."

47 مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌می دایكی یاقوب، بینییان له‌كوێ نێژرا."

16

1 كه‌ شه‌ممه‌ به‌سه‌رچوو، مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌می دایكی یاقوب و سالومه‌، بۆن‌وبه‌رامیان كڕی تاكو بچن و چه‌وری بكه‌ن."

2 له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا، به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ خۆر هه‌ڵاتن، هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌."

3 به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (باشه‌ كێ به‌ردی سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌مان بۆ گلۆر ده‌كاته‌وه‌؟)"

4 كه‌ سه‌یریان كرد، بینییان به‌رده‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌وره‌ بوو."

5 چوونه‌ ناو گۆڕه‌كه‌، گه‌نجێكیان بینی له‌لای ڕاست دانیشتبوو، كه‌وایه‌كی سپی له‌به‌ر بوو، ئه‌وانیش تاسان."

6 پێی‌ووتن: (مه‌تاسێن، به‌ شوێن عیسای ناسیره‌یی له‌خاچ‌دراو ده‌گه‌ڕێن. ئه‌و هه‌ڵستایه‌وه‌! لێره‌ نییه‌. ئه‌وه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی لێیان دانا."

7 به‌ڵام بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی و به‌ په‌ترۆس بڵێن، "ئه‌و پێشتان ده‌كه‌وێت بۆ جه‌لیل، وه‌ك پێی فه‌رموون له‌وێ ده‌یبینن.")"

8 ده‌رچوون و له‌ گۆڕه‌كه‌ هه‌ڵاتن. له‌رز و سه‌رسامی دایگرتبوون، هیچیان به‌ كه‌س نه‌ووت، چونكه‌ ده‌ترسان. ["

9 دوای ئه‌وه‌ی به‌یانی زوو له‌ یه‌كه‌می هه‌فته‌ عیسا هه‌ڵستایه‌وه‌، یه‌كه‌م جار بۆ مریه‌می مه‌جده‌لی ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆحی‌پیسی لێی ده‌ركردبوو."

10 ئه‌ویش چوو و به‌وانه‌ی وت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون، شیوه‌نیان ده‌گێڕا و ده‌گریان."

11 كاتێ بیستیان عیسا زیندووه‌ و ئه‌م بینیوویه‌تی، باوه‌ڕیان نه‌كرد."

12 دوای ئه‌مانه‌ عیسا به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ دووان له‌وان ده‌ركه‌وت، كاتێ بۆ گونده‌كان به‌ڕێوه‌ بوون."

13 جا چوون و به‌وانی دیكه‌یان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن."

14 پاشان عیسا بۆ یازده‌كه‌ ده‌ركه‌وت، كاتێ له‌سه‌ر خوان بوون، له‌به‌ر بێ‌باوه‌ڕی و دڵڕه‌قییان سه‌رزه‌نشتی كردن. چونكه‌ باوه‌ڕیان به‌وانه‌ نه‌كرد كه‌ دوای هه‌ڵستانه‌وه‌كه‌ی بینیبوویان."

15 پێی فه‌رموون: (بڕۆنه‌ هه‌موو جیهان و ئینجیل بۆ هه‌موو به‌دیهێنراوان جاڕبده‌ن."

16 ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنێ و له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشرێ ڕزگاری ده‌بێت، ئه‌وه‌ش كه‌ باوه‌ڕ ناهێنێ، تاوانبار ده‌كرێت."

17 ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن ئه‌م نیشانانه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌بێت، به‌ ناوی من ڕۆحی‌پیس ده‌رده‌كه‌ن و به‌ زمانی نوێ ده‌دووێن،"

18 به‌ ده‌ستیان مار ده‌گرن، ئه‌گه‌ر ژه‌هرێكی كوشنده‌ش بخۆنه‌وه‌ زیانیان پێ ناگات، ده‌ست له‌سه‌ر نه‌خۆش داده‌نێن و چاك ده‌بنه‌وه‌.)"

19 دوای ئه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ند ئه‌مانه‌ی پێ فه‌رموون، بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌ و له‌ ده‌سته‌ڕاستی خودا دانیشت."

20 ئه‌وانیش چوون و له‌ هه‌موو لایه‌ك جاڕیان دا، خوداوه‌ندیش له‌گه‌ڵیان كاری ده‌كرد و به‌ نیشانه‌كانی پشتگیری وشه‌كه‌ی ده‌كرد.]"