1

1 ڕه‌چه‌ڵه‌كی عیسای مه‌سیح، كوڕی داود، كوڕی ئیبراهیم"

2 ئیبراهیم باوكی ئیسحاق بوو، ئیسحاق باوكی یاقوب بوو، یاقوب باوكی یه‌هودا و برایانی بوو،"

3 یه‌هودا باوكی پێرێز و زێره‌ح بوو له‌ تامار ، پێرێز باوكی حه‌سرون بوو، حه‌سرون باوكی ڕام بوو،"

4 ڕام باوكی عه‌میناداب بوو، عه‌میناداب باوكی نه‌حشۆن بوو، نه‌حشۆن باوكی سه‌لمۆن بوو،"

5 سه‌لمۆن باوكی بۆعه‌ز بوو له‌ ڕاحاب ، بۆعه‌ز باوكی عوبێد بوو له‌ ڕاووس ، عوبێد باوكی یه‌سا بوو،"

6 یه‌سا باوكی داودی پاشا بوو. داود باوكی سلێمان بوو له‌و ژنه‌ی هی ئوریا بوو،"

7 سلێمان باوكی ڕه‌حه‌به‌عام بوو، ڕه‌حه‌به‌عام باوكی ئه‌بیا بوو، ئه‌بیا باوكی ئاسا بوو،"

8 ئاسا باوكی یه‌هۆشافات بوو، یه‌هۆشافات باوكی یه‌هۆرام بوو، یه‌هۆرام باوكی عوزیا بوو،"

9 عوزیا باوكی یۆتام بوو، یۆتام باوكی ئاحاز بوو، ئاحاز باوكی حه‌زقیا بوو،"

10 حه‌زقیا باوكی مه‌نه‌سا بوو، مه‌نه‌سا باوكی ئامۆن بوو، ئامۆن باوكی یۆشیا بوو،"

11 یۆشیا باوكی یه‌هۆیاكین و برایانی بوو، له‌ كاتی ڕاپێچانه‌كه‌دا بۆ بابل."

12 دوای ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ بابل، یه‌هۆیاكین باوكی شالتئیل بوو، شالتئیل باوكی زروبابل بوو،"

13 زروبابل باوكی ئه‌بیوود بوو، ئه‌بیوود باوكی ئه‌لیاقیم بوو، ئه‌لیاقیم باوكی ئازور بوو،"

14 ئازور باوكی چادۆق بوو، چادۆق باوكی ئه‌كیم بوو، ئه‌كیم باوكی ئه‌لیود بوو،"

15 ئه‌لیود باوكی ئێلیعازه‌ر بوو، ئێلیعازه‌ر باوكی مه‌ته‌ن بوو، مه‌ته‌ن باوكی یاقوب بوو،"

16 یاقوب باوكی یوسفی مێردی مریه‌م بوو، ئه‌وه‌ی عیسای لێ‌بوو، كه‌ به‌ مه‌سیح ناوده‌بردرێت."

17 ئاوا هه‌موو نه‌وه‌كان له‌ ئیبراهیمه‌‌وه‌ تا داود چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ داوده‌وه‌ تاكو ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ بابل چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ ڕاپێچانه‌كه‌شه‌وه‌ بۆ بابل تا مه‌سیح چوارده‌ نه‌وه‌ن."

18 به‌ڵام له‌دایكبوونی عیسای مه‌سیح به‌م شێوه‌یه‌ بوو: كاتێ مریه‌می دایكی له‌ یوسف ماره‌بڕاو بوو، پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی جووت‌بێت بینرا كه‌ سكی هه‌یه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز."

19 یوسفی مێردی كه‌ پیاوچاك بوو، نه‌یویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا به‌ نهێنی ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرێت."

20 كاتێ بیری له‌م شتانه‌ ده‌كرده‌وه‌، فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند هاته‌ خه‌ونی و پێی‌ووت: (یوسفی كوڕی داود، مه‌ترسه‌ مریه‌م بهێنیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سكی پێی هه‌یه‌ له‌ ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌یه‌."

21 كوڕێكی ده‌بێت ناوی ده‌نێیت عیسا ، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ گوناهه‌كانیان ڕزگار ده‌كات.)"

22 ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕووی‌دا، تا ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی:"

23 {ئه‌وه‌تا پاكیزه‌یه‌ك سكی ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، ناوی لێ ده‌نێن ئیمانوێل.} واتا: خودا له‌گه‌ڵمانه‌."

24 كاتێ یوسف له‌ خه‌و هه‌ڵستا، ئه‌وه‌ی فریشته‌كه‌ی خوداوه‌ند فه‌رمانی پێ‌دابوو ئه‌نجامی دا و ژنه‌كه‌ی گواسته‌وه‌."

25 به‌ڵام تا كوڕه‌كه‌ی نه‌بوو له‌گه‌ڵی جووت نه‌بوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا."

2

1 دوای له‌دایكبوونی عیسا له‌ بێت‌له‌حمی یه‌هودیا ، له‌ سه‌رده‌می شا هێرۆدس ، هه‌ندێك مۆغ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاتنه‌ ئۆرشه‌لیم،"

2 پرسییان: (كوا ئه‌وه‌ی له‌دایك بووه‌ كه‌ پاشای جوله‌كه‌یه‌؟ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ومان بینی، هاتووین كڕنۆشی بۆ ببه‌ین.)"

3 كاتێ شا هێرۆدس ئه‌مه‌ی بیست، په‌شۆكا و هه‌موو خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم له‌گه‌ڵی په‌شۆكان."

4 هه‌موو كاهینانی باڵا و مالمه‌كانی گه‌لی كۆكرده‌وه‌، لێی پرسین: (مه‌سیح له‌كوێ له‌ دایك ده‌بێت؟)"

5 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌ بێت‌له‌حمی یه‌هودیا، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ ئاوای نووسیوه‌:"

6 {به‌ڵام تۆ ئه‌ی بێت‌له‌حمی خاكی یه‌هودا كه‌متر نیت له‌ فه‌رمانڕه‌واكانی یه‌هودا، چونكه‌ له‌ تۆوه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ك ده‌رده‌چێت، شوانایه‌تی گه‌لی ئیسرائیلم ده‌كات.} )"

7 هێرۆدسیش به‌ نهێنی مۆغه‌كانی بانگ‌كرد و له‌باره‌ی كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردن."

8 ئینجا بۆ بێت‌له‌حمی ناردن و پێی‌ووتن: (بڕۆن و به‌ وردی به‌دوای منداڵه‌كه‌دا بگه‌ڕێن. كاتێ دۆزیتانه‌وه‌ هه‌واڵم بده‌نێ، تاكو منیش بێم و كڕنۆشی بۆ ببه‌م.)"

9 دوای ئه‌وه‌ی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵات بینیبوویان، پێشیان كه‌وت تاكو له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی منداڵه‌كه‌ی لێ‌بوو ڕاوه‌ستا."

10 به‌ بینینی ئه‌ستێره‌كه‌ زۆر شادومان بوون،"

11 چوونه‌ ماڵه‌كه‌، منداڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ مریه‌می دایكی بینی، دانه‌وین و كڕنۆشیان بۆ برد و گه‌نجینه‌كانیان كرده‌وه‌، زێڕ و بخوور و موڕیان به‌ دیاری پێشكه‌ش كرد."

12 ئینجا له‌ خه‌ون‌دا ئاگادار كرانه‌وه‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای هێرۆدس، ئه‌وانیش به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاتی خۆیان."

13 كه‌ ڕۆیشتن، فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند هاته‌ خه‌ونی یوسف و وتی: (هه‌سته‌ منداڵه‌كه‌ و دایكی ببه‌ و ڕاكه‌ بۆ میسر. له‌وێ‌به‌ تاكو پێت ده‌ڵێم، چونكه‌ هێرۆدس خه‌ریكه‌ به‌ شوێن منداڵه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تاكو بیكوژێت.)"

14 ئه‌ویش هه‌ڵستا و له‌ شه‌ودا منداڵه‌كه‌ و دایكی برد و به‌ره‌و میسر ڕۆیشت."

15 تاكو مردنی هێرۆدس له‌وێ مایه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {له‌ میسره‌وه‌ بانگی كوڕه‌كه‌ی خۆمم كرد.}"

16 كاتێ هێرۆدس زانی مۆغه‌كان فریویان داوه‌، زۆر تووڕه‌ بوو. ناردی و هه‌موو كوڕه‌كانی بێت‌له‌حم و ده‌وروبه‌ری كوشت، له‌ دوو ساڵه‌وه‌ به‌ره‌و خوارتر، به‌گوێره‌ی ئه‌و كاته‌ی له‌ مۆغه‌كانه‌وه‌ لێی كۆڵیبۆوه‌."

17 ئینجا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیرمیا وترابوو هاته‌ دی:"

18 {ده‌نگێك له‌ ڕامه‌وه‌ بیسترا، گریان و شیوه‌نێكی گه‌وره‌، ڕاحیل بۆ منداڵه‌كانی ده‌گریێت، ڕازی نییه‌ دڵنه‌وایی بكرێت، چونكه‌ نه‌ماون.}"

19 كاتێ هێرۆدس مرد، فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند له‌ میسر هاته‌ خه‌ونی یوسف و"

20 وتی: (هه‌سته‌، منداڵه‌كه‌ و دایكی ببه‌ و بڕۆ بۆ خاكی ئیسرائیل، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی بۆ ژیانی منداڵه‌كه‌ ده‌گه‌ڕان مردن.)"

21 ئه‌ویش هه‌ڵستا، منداڵه‌كه‌ و دایكی برد و گه‌ڕایه‌وه‌ خاكی ئیسرائیل."

22 به‌ڵام كاتێ بیستی ئه‌رخیلاوس له‌ یه‌هودیا له‌ جێی هێرۆدسی باوكی فه‌رمانڕه‌وایه‌، ترسا بچێته‌ ئه‌وێ. دوای ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ون‌دا ئاگادار كرایه‌وه‌، بۆ ناوچه‌ی جه‌لیل ڕۆیشت."

23 جا هات و له‌ شارێك نیشته‌جێ بوو به‌ ناوی ناسیره‌، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ران وترابوو بێته‌ دی: {به‌ ناسیره‌یی ناوده‌بردرێت.}"

3

1 هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا، یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش له‌ ده‌شتی یه‌هودیا بۆ جاڕدان به‌ده‌ركه‌وت،"

2 ده‌یووت: (تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمان نزیك‌بۆته‌وه‌.)"

3 ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیشایا ده‌رباره‌ی وتراوه‌: {ده‌نگی بانگده‌رێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوار ده‌كات: "ڕێگای خوداوه‌ند ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێڕه‌وی ڕێك بخه‌ن."}"

4 به‌رگی یه‌حیا له‌ مووی وشتر بوو، ناوقه‌دی به‌ پشتێنێكی پێسته‌ ده‌به‌ست، خواردنیشی كولله‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو."

5 ئیتر ئۆرشه‌لیم و ته‌واوی یه‌هودیا و سه‌رتاسه‌ری چه‌می ئوردون هاتنه‌ لای و"

6 له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری ئوردون له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا."

7 كه‌ بینی زۆر له‌ فه‌ریسی و سه‌دوقی بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی دێن، پێی‌ووتن: (ئه‌ی بێچوی كۆره‌ماران ، كێ ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟"

8 به‌رهه‌مێك بده‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌."

9 بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خۆتان بڵێن: "ئیبراهیم باوكمانه‌." پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ نه‌وه‌ بۆ ئیبراهیم قیت‌بكاته‌وه‌."

10 ئه‌وه‌تا ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دار، هه‌ر دارێك به‌رهه‌می باش نه‌دات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر."

11 من بۆ تۆبه‌كردن له‌ئاوتان هه‌ڵده‌كێشم ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای من دێت، له‌ من به‌تواناتره‌، شایانی ئه‌وه‌ نیم سۆله‌كانیشی بۆ هه‌ڵگرم. ئه‌و به‌ ڕۆحی پیرۆز و به‌ ئاگر باپتیزتان ده‌كات."

12 شه‌نی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی جۆخینه‌كه‌ی، دانه‌وێڵه‌كه‌ له‌ ئه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌ و قه‌سه‌ره‌كه‌ش به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێ.)"

13 ئینجا عیسا له‌ جه‌لیله‌وه‌ هاته‌ ئوردون، تاكو له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵبكێشرێت."

14 به‌ڵام یه‌حیا ده‌یویست ڕایگرێت و ده‌یووت: (من پێویستیم به‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ له‌ئاوهه‌ڵبكێشرێم، كه‌چی تۆ دێیت بۆ لای من؟)"

15 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئێستا ڕێگا بده‌، چونكه‌ ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ تا هه‌موو ڕاستودروستییه‌ك ته‌واو بكه‌ین.) ئینجا ڕێی دا."

16 كاتێ عیسا له‌ئاوهه‌ڵكێشرا، یه‌كسه‌ر له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ڵستایه‌وه‌. ئه‌وه‌بوو ئاسمانی بۆ كرایه‌وه‌ و بینی ڕۆحی خودا وه‌ك كۆترێك نیشته‌وه‌ و هاته‌ سه‌ری."

17 ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ كوڕی خۆشه‌ویستمه‌، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم.)"

4

1 پاشان عیسا به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بردرایه‌ سه‌روو بۆ چۆڵه‌وانی، تاكو له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌‌وه‌ تاقی بكرێته‌وه‌."

2 دوای چل ڕۆژ و چل شه‌و به‌ڕۆژووبوون، برسی بوو."

3 تاقیكه‌ره‌وه‌ لێی هاته‌ پێش، پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودایت، به‌م به‌ردانه‌ بفه‌رموو ببنه‌ نان.)"

4 به‌ڵام عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نووسراوه‌: {مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌می خوداوه‌ ده‌رده‌چێت.} )"

5 ئینجا ئیبلیس بردییه‌ شاری پیرۆز و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و"

6 پێی‌ووت: (ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودایت خۆت هه‌ڵده‌ خواره‌وه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {سه‌باره‌ت به‌ تۆ فه‌رمان به‌ فریشته‌كانی ده‌دات، له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتبگرن، تاكو پێت به‌ر به‌ردێك نه‌كه‌وێت.} )"

7 عیساش پێی فه‌رموو: (هه‌روه‌ها نووسراوه‌: {خوداوه‌ند، خودات تاقی مه‌كه‌وه‌.} )"

8 دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو شانشینه‌كانی جیهان و شكۆی ئه‌وانی پیشان دا و"

9 پێی‌ووت: (هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر كڕنۆش ببه‌یت و بمپه‌رستی.)"

10 ئینجا عیساش پێی فه‌رموو: (شه‌یتان لێم دووربكه‌وه‌! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ خودای په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت.} )"

11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشته‌ش هاتن و خزمه‌تیان كرد."

12 كاتێ عیسا بیستی یه‌حیا گیراوه‌، خۆی گه‌یانده‌وه‌ جه‌لیل."

13 ناسیره‌ی به‌جێ‌هێشت و هات له‌ كه‌فه‌رناحوم نیشته‌جێ بوو، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌یه‌، له‌ سنووری زه‌بولون و نه‌فتالی ،"

14 تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیشایا وتراوه‌ بێته‌ دی:"

15 {خاكی زه‌بولون و خاكی نه‌فتالی، ڕێگای ده‌ریا، ئه‌وبه‌ری ئوردون، جه‌لیلی نه‌ته‌وه‌كان ،"

16 ئه‌و گه‌له‌ی له‌ تاریكی‌دا دانیشتووه‌، ڕووناكییه‌كی گه‌وره‌ی بینی، دانیشتووان له‌ خاكی سێبه‌ری مه‌رگ، ڕووناكی به‌سه‌ریان‌دا هه‌ڵهات.}"

17 له‌و كاته‌وه‌ عیسا ده‌ستی‌كرد به‌ جاڕدان و ده‌یفه‌رموو: (تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمان نزیك‌بۆته‌وه‌.)"

18 كاتێ عیسا له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل ده‌ڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن كه‌ پێی ده‌ووترێ په‌ترۆس له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاچه‌كه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون."

19 عیسا پێی فه‌رموون: (وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچی مرۆڤ.)"

20 جا یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن."

21 كه‌ له‌وێ ڕۆیشت، دوو برای دیكه‌ی بینی، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای، له‌ به‌له‌مێك‌دا له‌گه‌ڵ زه‌بدی باوكیان تۆڕه‌كانیان چاك‌ده‌كرده‌وه‌، ئه‌وانیشی بانگ‌كرد."

22 یه‌كسه‌ر به‌له‌مه‌كه‌ و باوكیان به‌جێ‌هێشت و دوای كه‌وتن."

23 ئینجا عیسا به‌ هه‌موو جه‌لیل‌دا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی جاڕده‌دا، هه‌رچی نه‌خۆشی و هه‌رچی نه‌ساغی نێو خه‌ڵك هه‌بوو، چاكی ده‌كردنه‌وه‌."

24 بۆیه‌ ده‌نگوباسی ته‌واوی سوریای گرته‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌موو نه‌خۆشێكیان هێنا لای، به‌ جۆره‌ها ده‌رد و ئازاره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆحی‌پیسی تێدایه‌ و خوودار و ئیفلیج، ئه‌ویش چاكی‌كردنه‌وه‌."

25 جا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ جه‌لیل و ده‌ شاره‌كه‌ و ئۆرشه‌لیم و یه‌هودیا و ئه‌وبه‌ری ئوردون دوای كه‌وتن."

5

1 كاتێ عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی بینی، چووه‌ سه‌ر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای،"

2 زاری كرده‌وه‌، فێری كردن:"

3 (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ڕۆح هه‌ژاران ، چونكه‌ شانشینی ئاسمان بۆ ئه‌وانه‌."

4 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ماته‌مداران، چونكه‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێن."

5 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ دڵنه‌رمه‌كان، چونكه‌ ده‌بن به‌ میراتگری زه‌وی."

6 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ برسی و تینووه‌كان بۆ ڕاستودروستی ، چونكه‌ تێر ده‌كرێن."

7 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ به‌زه‌ییداران، چونكه‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون."

8 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ دڵپاكه‌كان، چونكه‌ خودا ده‌بینن."

9 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئاشتیسازان، چونكه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌برێن."

10 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ چه‌وسێنراوان له‌ پێناوی ڕاستودروستی، چونكه‌ شانشینی ئاسمان بۆ ئه‌وانه‌."

11 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كاتێ خه‌ڵكی ئابڕووتان ده‌به‌ن و ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌، له‌به‌ر من هه‌موو بوختانێكتان پێ ده‌كه‌ن."

12 دڵخۆش و دڵشاد بن، چونكه‌ پاداشتتان گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاسمان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش ئێوه‌ ئاواش پێغه‌مبه‌رانیان چه‌وساندۆته‌وه‌."

13 ئێوه‌ن خوێی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئیتر به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ئه‌وه‌ نه‌بێ فڕێبدرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكی پێشێلی بكه‌ن."

14 ئێوه‌ن ڕووناكی جیهان، شارێك له‌سه‌ر شاخ دامه‌زرابێت ناتوانرێت بشاردرێته‌وه‌."

15 هه‌روه‌ها خه‌ڵكی چرا هه‌ڵناكه‌ن تاكو بیخه‌نه‌ ژێر ته‌شته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان تا ڕووناكی بداته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دان."

16 با ڕووناكیشتان بۆ خه‌ڵك ئاوا بدره‌وشێته‌وه‌، تاكو كرداره‌ باشه‌كانتان ببینن و ستایشی باوكتان بكه‌ن كه‌ له‌ ئاسمانه‌."

17 وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن."

18 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ئارادا بێت، پیتێك یان خاڵێك له‌ ته‌ورات له‌ناو ناچێت، تاكو هه‌مووی دێته‌ دی."

19 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بشكێنێت و خه‌ڵكیش ئاوا فێر بكات، له‌ شانشینی ئاسمان به‌ بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی بكات و خه‌ڵكی فێر بكات، له‌ شانشینی ئاسمان به‌ پایه‌ به‌رز ناوده‌بردرێت."

20 ئیتر پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ڕاستودروستیتان له‌ مالم و فه‌ریسییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه‌ ناو شانشینی ئاسمان."

21 بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {مه‌كوژه‌} ، (ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردان ده‌بێت.)"

22 " به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی له‌ خوشكی یان براكه‌ی تووڕه‌ بێ، ده‌بێ حوكم بدرێت. ئه‌وه‌ی به‌ براكه‌ی ده‌ڵێ "هیچوپووچ"، ده‌بێ بدرێته‌ سه‌نهه‌درین ، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت "گێله‌"، ده‌بێت بخرێته‌ ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌. ""

23 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و له‌وێ بیرت كه‌وته‌وه‌ كه‌ خوشكت یان برات شتێكی له‌سه‌رت هه‌یه‌،"

24 له‌وێ له‌به‌رده‌م قوربانگا قوربانییه‌كه‌ت به‌جێ‌بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌كه‌م جار خوشكت یان برات ئاشت بكه‌وه‌، ئینجا وه‌ره‌ و قوربانییه‌كه‌ت بكه‌."

25 خێرا له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره‌كه‌ت ئاشتبه‌وه‌ له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵته‌ و به‌ڕێگاوه‌ن، نه‌وه‌ك ڕكابه‌ره‌كه‌ت بتداته‌ ده‌ست دادوه‌ر و دادوه‌ریش بتداته‌ ده‌ست پۆلیس و فڕێبدرێیته‌ به‌ندیخانه‌."

26 ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچی تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه‌."

27 بیستووتانه‌ وتراوه‌: {داوێنپیسی مه‌كه‌}."

28 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سبازییه‌وه‌ سه‌یری ئافره‌تێك بكات، ئه‌وا له‌ دڵی خۆی‌دا داوێنپیسی له‌گه‌ڵ كردووه‌."

29 ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ری بهێنه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ده‌ست بچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌."

30 ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی‌بده‌، باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ده‌ست بچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بچێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌."

31 دیسان وتراوه‌: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، با ته‌ڵاقنامه‌ی بداته‌ ده‌ست.}"

32 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ژنه‌كه‌ی خۆی ته‌ڵاق بدات، وای لێ‌ده‌كات داوێنپیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاقدراوێك بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات."

33 دیسان بیستووتانه‌ كه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {سوێنده‌كانت مه‌شكێنه‌، به‌ڵكو سوێنده‌كانت بۆ خوداوه‌ند به‌ره‌سه‌ر} ،"

34 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌رگیز سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان، چونكه‌ ته‌ختی خودایه‌،"

35 نه‌ به‌ زه‌وی، چونكه‌ ته‌خته‌پێیه‌تی، نه‌ به‌ ئۆرشه‌لیم، چونكه‌ شاری پاشای پایه‌ به‌رزه‌."

36 سوێند به‌سه‌ری خۆت مه‌خۆ، چونكه‌ ناتوانیت تاڵێكی سپی یان ڕه‌ش بكه‌یت."

37 " با قسه‌تان: "به‌ڵێ" بۆ "به‌ڵێ" و "نه‌خێر" بۆ "نه‌خێر" بێت، له‌مه‌ بترازێت له‌ خراپه‌كاره‌كه‌وه‌یه‌. ""

38 بیستووتانه‌ وتراوه‌: {چاو به‌ چاو، ددان به‌ ددان}."

39 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: به‌ربه‌ره‌كانێی خراپه‌كار مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تی ڕاستی دایت، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ شل بكه‌،"

40 ئه‌وه‌ی ویستی بتداته‌ دادگا و كراسه‌كه‌ت لێ بستێنێت، چاكه‌ته‌كه‌شتی بده‌رێ."

41 ئه‌وه‌ی یه‌ك میل بێگاری پێ كردیت، دووانی له‌گه‌ڵ بڕۆ."

42 ئه‌وه‌ی داوای شتێكی لێ‌كردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ی شتێكی لێت خواست مه‌یگه‌ڕێنه‌وه‌."

43 بیستووتانه‌ وتراوه‌: {نزیكه‌كه‌ت خۆش‌بووێ،} (ڕقت له‌ دوژمنت بێته‌وه‌.)"

44 به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆش‌بووێ، نوێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌،"

45 تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه‌ له‌ ئاسمانه‌، ئه‌و خۆری خۆی به‌سه‌ر چاك و خراپ‌دا هه‌ڵدێنێ و باران به‌سه‌ر پیاوچاك و زۆرداریش‌دا ده‌بارێنێت."

46 چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆش‌بووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆش‌ده‌وێت، چ پاداشتێكتان هه‌یه‌؟ ئایا باجگرانیش ئه‌مه‌ ناكه‌ن؟"

47 ئه‌گه‌ر سڵاوتان ته‌نها له‌ خوشك و برایانتان كرد، چی زیاترتان كردووه‌؟ ئایا بت‌په‌رستانیش ئه‌مه‌ ناكه‌ن؟"

48 بۆیه‌ ئێوه‌ ته‌واو بن، وه‌ك باوكی ئاسمانیتان ته‌واوه‌."

6

1 هۆشیار بن له‌وه‌ی له‌به‌رچاوی خه‌ڵك كاری ڕاستودروستیتان بكه‌ن، تاكو بتانبینن. ئه‌گینا پاداشتتان نییه‌ له‌لای باوكتان له‌ ئاسمان."

2 بۆیه‌ كاتێ خێرێك ده‌كه‌یت، له‌پێش خۆت زوڕنا لێ‌مه‌ده‌ وه‌ك دووڕووان كه‌ له‌ كه‌نیشت و سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌یكه‌ن، تاكو له‌لایه‌ن خه‌ڵك ستایش بكرێن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت."

3 به‌ڵام تۆ كه‌ خێرێك ده‌كه‌یت، مه‌هێڵه‌ ده‌ستی چه‌پت بزانێت ده‌ستی ڕاستت چی ده‌كات،"

4 تاكو خێره‌كه‌ت به‌ نهێنی بێت. باوكیشت كه‌ له‌ نهێنی‌دا ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه‌."

5 كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن وه‌ك دووڕووان مه‌بن، ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن به‌ پێوه‌ له‌ كه‌نیشت و سووچی شه‌قامه‌كان نوێژ بكه‌ن، تاكو بۆ خه‌ڵك دیار بن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت."

6 به‌ڵام تۆ كاتێ نوێژ ده‌كه‌یت، بڕۆ ژووره‌كه‌ت و ده‌رگا له‌سه‌ر خۆت دابخه‌، نوێژ بكه‌ بۆ باوكت كه‌ له‌ نهێنی دایه‌. باوكیشت كه‌ له‌ نهێنی‌دا ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه‌."

7 كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، وه‌ك بت‌په‌رستان چه‌نه‌بازی مه‌كه‌ن، چونكه‌ واده‌زانن به‌ زۆر وتنیان گوێیان لێ ده‌گیرێت."

8 بۆیه‌ وه‌ك ئه‌وان مه‌بن، چونكه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ چییه‌، پێش ئه‌وه‌ی داوای لێ بكه‌ن."

9 به‌ڵام ئێوه‌ ئاوا نوێژ بكه‌ن: (ئه‌ی باوكمان له‌ ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت،"

10 با پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ ، با خواستت له‌سه‌ر زه‌وی په‌یڕه‌و بكرێت وه‌ك له‌ ئاسمان."

11 نانی ڕۆژانه‌مان ئه‌مڕۆش بده‌رێ."

12 له‌ گوناهه‌كانمان خۆش به‌، وه‌ك ئێمه‌ش له‌ قه‌رزاره‌كانمان خۆش ده‌بین."

13 مه‌مانخه‌ره‌ تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ شه‌یتان.)"

14 ئه‌گه‌ر گه‌رده‌نی خه‌ڵكی له‌به‌ر خراپه‌كانیان ئازاد بكه‌ن، ئه‌وا باوكی ئاسمانیشتان لێتان خۆش ده‌بێت."

15 به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌رده‌نی خه‌ڵكی ئازاد نه‌كه‌ن، ئه‌وا باوكیشتان له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت."

16 كاتێ به‌ڕۆژوو ده‌بن، ڕووگرژ مه‌بن وه‌ك دووڕووان، چونكه‌ ڕوویان ده‌گۆڕن تاكو بۆ خه‌ڵكی ده‌رخه‌ن كه‌ به‌ڕۆژوون. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرتووه‌."

17 به‌ڵام تۆ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بیت، سه‌رت چه‌ور بكه‌ و ده‌موچاوت بشۆ،"

18 تاكو بۆ خه‌ڵك ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕۆژوویت، به‌ڵكو بۆ باوكی نهێنیت، باوكیشت كه‌ به‌ نهێنی ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه‌."

19 له‌سه‌ر زه‌وی گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان كۆمه‌كه‌نه‌وه‌، له‌وێ مۆرانه‌ و ژه‌نگ تێكی ده‌ده‌ن، دز ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت."

20 به‌ڵكو گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان له‌ ئاسمان كۆبكه‌نه‌وه‌، له‌وێ مۆرانه‌ و ژه‌نگ تێكی ناده‌ن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت."

21 چونكه‌ گه‌نجینه‌ت له‌كوێ بێت، دڵیشت له‌وێ ده‌بێت."

22 چاو چرای له‌شه‌، ئه‌گه‌ر چاوت ساغ بێت، ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكییه‌،"

23 به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوت خراپ بێت، ئه‌وا هه‌موو له‌شت تاریك ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆ دایه‌ تاریكی بێت، ئاخۆ ده‌بێ تاریكی چۆن بێت!"

24 كه‌س ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆش‌ده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ئێوه‌ش ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن."

25 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: بۆ ژیانی خۆتان نیگه‌ران مه‌بن كه‌ چی ده‌خۆن و چی ده‌خۆنه‌وه‌، یان بۆ له‌شتان چی ده‌پۆشن. ئایا ژیان له‌ خواردن گرنگتر نییه‌؟ یان له‌ش له‌ پۆشاك؟"

26 سه‌یری باڵنده‌ی ئاسمان بكه‌ن، نه‌ تۆو ده‌كه‌ن و نه‌ دروێنه‌ و نه‌ له‌ ئه‌مبار كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا باوكی ئاسمانیتان به‌خێوی ده‌كات. ئایا ئێوه‌ له‌وان به‌نرختر نین؟"

27 كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر نیگه‌ران بوو، ده‌توانێت یه‌ك كاتژمێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟"

28 هه‌روه‌ها بۆچی خه‌می پۆشاكتانه‌؟ سه‌یری گوڵاڵه‌ی كێڵگه‌ بكه‌ن چۆن گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ خۆی ماندوو ده‌كات و نه‌ ده‌ڕێسێت،"

29 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت سلێمانیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندی‌دا وه‌ك یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌."

30 ئه‌گه‌ر خودا گیای كێڵگه‌ ئاوا بپۆشێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ و به‌یانی فڕێده‌درێته‌ ته‌نووره‌وه‌، ئایا ئێوه‌ زیاتر نین تا پۆشته‌تان بكات، ئه‌ی كه‌م‌باوه‌ڕینه‌؟"

31 " جا خه‌م مه‌خۆن بڵێن "چی بخۆین؟" یان "چی بخۆینه‌وه‌؟" یان "چی بپۆشین؟" ""

32 چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكی ئاسمانیشتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌."

33 به‌ڵكو یه‌كه‌م جار داوای پاشایه‌تییه‌كه‌ی خودا و ڕاستودروستییه‌كه‌ی بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت."

34 بۆیه‌ خه‌می به‌یانی مه‌خۆن، چونكه‌ به‌یانی خه‌می خۆی ده‌خوات. هه‌ر ڕۆژێك خراپی خۆی به‌سه‌."

7

1 حوكم مه‌ده‌ن تاكو حوكم نه‌درێن."

2 چونكه‌ به‌و حوكمه‌ی ده‌یده‌ن حوكم ده‌درێنه‌وه‌، به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌."

3 بۆچی پووشی ناو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام تێبینی كاریته‌كه‌ی ناو چاوی خۆت ناكه‌یت؟"

4 یان، چۆن به‌ براكه‌ت ده‌ڵێی: "ڕێم بده‌ با پووشه‌كه‌ی ناو چاوت ده‌ربهێنم،" كه‌چی كاریته‌ له‌ناو چاوی خۆت دایه‌؟"

5 ئه‌ی دووڕوو، یه‌كه‌م جار كاریته‌كه‌ی ناو چاوی خۆت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشی ناو چاوی براكه‌ت."

6 شتی پیرۆز مه‌ده‌نه‌ سه‌گ، مرواریشتان فڕێ‌مه‌ده‌نه‌ به‌رده‌می به‌راز، نه‌وه‌ك پێشێلیان بكه‌ن و ڕوو وه‌رگێڕن و پارچه‌ پارچه‌تان بكه‌ن."

7 داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت. بگه‌ڕێن، ده‌دۆزنه‌وه‌. له‌ ده‌رگا بده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌."

8 چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رگا ده‌دات، لێی ده‌كرێته‌وه‌."

9 ئه‌گینا كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی داوای نانی لێ بكات، به‌ردی ده‌داتێ؟"

10 یان داوای ماسی لێ بكات، ماری ده‌داتێ؟"

11 جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ خراپن و ده‌زانن دیاری باش به‌ منداڵه‌كانتان بده‌ن، باوكتان له‌ ئاسمان چه‌ند زیاتر شتی باش ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی داوای لێ‌ده‌كه‌ن."

12 كه‌واته‌ له‌ هه‌ر شتێك‌دا ئاوا بۆ خه‌ڵك بكه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێ بۆتان بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ پوخته‌ی ته‌ورات و په‌یامی پێغه‌مبه‌ران."

13 له‌ ده‌رگای ته‌سك بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگایه‌كی به‌رین و ڕێگایه‌كی پانه‌ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌ڕوات، زۆرن ئه‌وانه‌ی پێی‌دا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌."

14 به‌ڵام ته‌سكه‌ ده‌رگا و ته‌نگه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ی به‌ره‌و ژیان ده‌چێت، كه‌م كه‌سیش ده‌یدۆزێته‌وه‌."

15 ئاگاداری پێغه‌مبه‌رانی درۆزن بن كه‌ له‌ پێستی مه‌ڕدا بۆ لاتان دێن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ گورگی دڕنده‌ن."

16 به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. ئایا ترێ له‌ دڕك ده‌ڕنن یان هه‌نجیر له‌ چقڵ؟"

17 به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر دارێكی باش به‌رهه‌می باش ده‌دات، داری خراپیش به‌رهه‌می خراپ."

18 داری چاك ناتوانێت به‌رهه‌می خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت به‌رهه‌می باش بدات."

19 هه‌ر دارێك به‌رهه‌می باش نه‌دات ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر."

20 كه‌واته‌ به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن."

21 نه‌ك هه‌ر كه‌سێك پێم بڵێت: "خوداوه‌ند، خوداوه‌ند!" ده‌چێته‌ ناو شانشینی ئاسمان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم ده‌كات كه‌ له‌ ئاسمانه‌."

22 له‌و ڕۆژه‌دا، زۆر كه‌س پێم ده‌ڵێن: "خوداوه‌ند، خوداوه‌ند، ئایا به‌ ناوی تۆوه‌ پێشبینیمان نه‌كرد، به‌ ناوی تۆوه‌ ڕۆحی‌پیسمان ده‌رنه‌كرد، به‌ ناوی تۆوه‌ په‌رجوی زۆرمان نه‌كرد؟""

23 ئینجا منیش پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: "قه‌ت ئێوه‌م نه‌ناسیوه‌. لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌، ئه‌ی سه‌رپێچیكاران!""

24 بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی بكات، وه‌ك پیاوێكی دانا وایه‌ كه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد بنیادنابێت."

25 باران باری و لافاو هه‌ڵستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا، به‌ڵام نه‌ڕووخا، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو."

26 هه‌ر كه‌سێكیش گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی نه‌كات، وه‌ك پیاوێكی گێل وایه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر لم بنیادنابێت."

27 باران باری و لافاو هه‌ڵستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا و ڕووخا، ڕووخانه‌كه‌شی گه‌وره‌ بوو.)"

28 كاتێ عیسا ئه‌م وتانه‌ی ته‌واو كرد، خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون،"

29 چونكه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێك فێری ده‌كردن، نه‌ك وه‌كو مالمه‌كانیان."

8

1 كاتێ عیسا له‌ چیاكه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، حه‌شاماتێك دوای كه‌وت."

2 ئه‌وه‌بوو پیاوێكی گول هات، كڕنۆشی بۆ برد و وتی: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پاكم بكه‌یته‌وه‌.)"

3 عیساش ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی لێی‌دا، فه‌رمووی: (ده‌مه‌وێ، پاك‌ببه‌وه‌!) یه‌كسه‌ر له‌ گولی پاك‌بۆوه‌."

4 ئینجا عیسا پێی فه‌رموو: (ئاگاداربه‌، به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و ئه‌و قوربانییه‌ی موسا فه‌رمانی كردووه‌ بیكه‌، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆیان.)"

5 كاتێ عیسا چووه‌ كه‌فه‌رناحوم، سه‌رپه‌لێك هاته‌ لای، لێی پاڕایه‌وه‌"

6 و وتی: (گه‌وره‌م، خزمه‌تكاره‌كه‌م به‌ ئیفلیجی له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌وتووه‌ و ئازارێكی زۆری هه‌یه‌.)"

7 عیسا پێی فه‌رموو: (من دێم و چاكی ده‌كه‌مه‌وه‌.)"

8 سه‌رپه‌له‌كه‌ش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م شایانی ئه‌وه‌ نیم خۆت بێیته‌ ماڵه‌كه‌م، به‌ڵكو ته‌نها وشه‌یه‌ك بفه‌رموو خزمه‌تكاره‌كه‌م چاك‌ده‌بێته‌وه‌."

9 چونكه‌ منیش مرۆڤێكم له‌ ژێر ده‌سه‌ڵات، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم، "بڕۆ،" ده‌ڕوات و به‌وی دیكه‌ش، "وه‌ره‌،" دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم، "ئه‌مه‌ بكه‌،" ده‌یكات.)"

10 كاتێ عیسا گوێی له‌مه‌ بوو، سه‌رسام بوو، به‌وانه‌ی فه‌رموو كه‌ دوای ده‌كه‌وتن: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، له‌ ئیسرائیل‌دا باوه‌ڕێكی به‌هێزی ئاوام نه‌دیوه‌."

11 پێتان ده‌ڵێم كه‌ زۆران له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواوه‌ دێن و له‌گه‌ڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب له‌ شانشینی ئاسمان‌دا له‌سه‌ر خوان داده‌نیشن."

12 به‌ڵام ڕۆڵه‌كانی شانشین فڕێده‌درێنه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێیه‌.)"

13 ئینجا عیسا به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی فه‌رموو: (بڕۆ! با هه‌روه‌ك باوه‌ڕت هێنا، بۆت ببێت.) جا له‌و كاته‌دا خزمه‌تكاره‌كه‌ی چاكبۆوه‌."

14 عیسا هاته‌ ماڵی په‌ترۆس، خه‌سووی په‌ترۆسی بینی كه‌وتووه‌، تای لێ هاتبوو."

15 عیسا ده‌ستی له‌ ده‌ستی دا و تایه‌كه‌ به‌ری دا. ئه‌ویش هه‌ڵستا و ده‌ستی‌كرد به‌ خزمه‌تكردنیان."

16 كاتێ ئێواره‌ داهات، زۆر كه‌سیان بۆ هێنا ڕۆحی‌پیسیان تێدابوو، ئه‌ویش به‌ وشه‌یه‌ك ڕۆحه‌پیسه‌كانی ده‌ركرد و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانی چاككرده‌وه‌."

17 تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیشایا وتراوه‌ بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێ: {ئه‌و ده‌رده‌كانی ئێمه‌ی هه‌ڵگرت و نه‌خۆشییه‌كانمانی برد.}"

18 كاتێ عیسا خه‌ڵكێكی زۆری له‌ ده‌وری خۆی بینی، فه‌رمانی دا بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌."

19 مالمێك هاته‌ لای، پێی‌ووت: (مامۆستا، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم.)"

20 عیساش پێی فه‌رموو: (ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام كوڕی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت.)"

21 یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كانی پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌م جار بچم باوكم بنێژم.)"

22 به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌، واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانی خۆيان بنێژن.)"

23 كاتێ عیسا سواری به‌له‌مه‌كه‌ بوو، قوتابییه‌كانی دوای كه‌وتن."

24 له‌ناكاو ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌، خه‌ریك بوو شه‌پۆڵه‌كان به‌له‌مه‌كه‌ داپۆشن، كه‌چی عیسا نووستبوو."

25 ئینجا قوتابییه‌كانی چوون و هه‌ڵیانستاند، وتیان: (گه‌وره‌م، ڕزگارمان بكه‌! وا له‌ناوده‌چین!)"

26 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌ی كه‌م‌باوه‌ڕینه‌، بۆچی ده‌ترسن؟) ئینجا هه‌ڵستا، له‌ ڕه‌شه‌با و ده‌ریاچه‌كه‌ی ڕاخوڕی، ئیتر بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو."

27 ئه‌وانیش سه‌رسام بوون و وتیان: (ئه‌مه‌ چ مرۆڤێكه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش به‌ قسه‌ی ده‌كه‌ن!)"

28 كاتێ عیسا گه‌یشته‌ ئه‌وبه‌ر، له‌ هه‌رێمی گه‌ده‌رین، دوو كه‌سی تووش‌بوو ڕۆحی‌پیسیان تێدابوو، له‌ گۆڕستانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌. زۆر دڕنده‌ بوون، ته‌نانه‌ت كه‌س نه‌ی‌ده‌وێرا به‌و ڕێگایه‌دا تێپه‌ڕێت."

29 هاواریان كرد و وتیان: (چیت لێمان ده‌وێ، ئه‌ی كوڕی خودا؟ ئایا پێش وه‌خت بۆ ئێره‌ هاتوویت، تاكو ئه‌شكه‌نجه‌مان بده‌یت؟)"

30 له‌ دووری ئه‌وانه‌وه‌ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ ده‌له‌وه‌ڕان."

31 ڕۆحه‌پیسه‌كانیش لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: (ئه‌گه‌ر ده‌رمان ده‌كه‌یت، بماننێره‌ ناو ڕانه‌ به‌رازه‌كه‌.)"

32 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (بڕۆن.) ئه‌وانیش ده‌رچوون و چوونه‌ ناو به‌رازه‌كان، ئه‌وه‌بوو هه‌موو ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵی گرده‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاچه‌كه‌ هه‌ڵدێران و له‌ ئاوه‌كه‌دا خنكان."

33 به‌رازه‌وانه‌كانیش بۆ ناو شار ڕایانكرد و هه‌موو شتێكیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ هاتبوو كه‌ ڕۆحی‌پیسیان تێدابوو."

34 ئه‌وه‌بوو شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆ بینینی عیسا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ بینییان، لێی پاڕانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان ده‌ربچێت."

9

1 ئینجا عیسا سواری به‌له‌مێك بوو، په‌ڕییه‌وه‌ و هاته‌ شاره‌كه‌ی خۆی."

2 ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای له‌ناو نوێن كه‌وتبوو، كاتێ عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (ڕۆڵه‌ دڵنیابه‌، گوناهه‌كانت به‌خشراون.)"

3 جا هه‌ندێك له‌ مالمه‌كان له‌ دڵی خۆیان‌دا وتیان: (ئه‌مه‌ كفر ده‌كات!)"

4 عیساش زانی بیر له‌ چی ده‌كه‌نه‌وه‌ و فه‌رمووی: (بۆچی له‌ دڵتان‌دا بیر له‌ خراپه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟"

5 " كامیان ئاسانتره‌ بووترێت، "گوناهه‌كانت به‌خشران،" یان بووترێت، "هه‌سته‌ و بڕۆ؟" ""

6 به‌ڵام تاكو بزانن كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌،...) ئینجا به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆوه‌ ماڵ.)"

7 ئه‌ویش هه‌ڵستا و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ."

8 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان كرد، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاوای به‌ مرۆڤ داوه‌."

9 كه‌ عیسا له‌وێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مه‌تا بوو. پێی فه‌رموو: (دوام بكه‌وه‌.) ئه‌ویش هه‌ڵستا و دوای كه‌وت."

10 له‌ كاتێك‌دا له‌ ماڵ پاڵی‌دابۆوه‌ ، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و له‌گه‌ڵ عیسا و قوتابییه‌كانی پاڵیان‌دایه‌وه‌."

11 كه‌ فه‌ریسییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: (بۆچی مامۆستاتان له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟)"

12 جا كاتێ عیسا گوێی لێ‌بوو، فه‌رمووی: (له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش."

13 بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ك قوربانی.} چونكه‌ نه‌هاتووم ڕاستودروستان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران.)"

14 ئینجا قوتابییه‌كانی یه‌حیا هاتنه‌ لای و وتیان: (بۆچی ئێمه‌ و فه‌ریسییه‌كان زۆر جار به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابییه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟)"

15 عیسا پێی فه‌رموون: (ئایا ده‌كرێت شاییگێڕان ماته‌م بگێرن، له‌و كاته‌ی زاوا له‌گه‌ڵیان دایه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێك دێت زاوایان لێ ده‌بردرێت، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن."

16 كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی له‌ئاونه‌دراو پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌كه‌ كراسه‌كه‌ لێك ڕاده‌كێشێت و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌كات."

17 شه‌رابی نوێش له‌ناو مه‌شكه‌ی كۆن ناكه‌ن، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌ته‌قێت، جا شه‌رابه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت. به‌ڵكو شه‌رابی نوێ له‌ناو مه‌شكه‌ی نوێ ده‌كرێت و هه‌ردووكیان پارێزراو ده‌بن.)"

18 كاتێ ئه‌مانه‌ی ده‌فه‌رموو، پێشه‌وایه‌ك هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: (هه‌ر ئێستا كچه‌كه‌م مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ، زیندوو ده‌بێته‌وه‌.)"

19 عیساش هه‌ڵستا و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دوای كه‌وت."

20 ئه‌وه‌بوو ژنێك كه‌ دوازده‌ ساڵ‌بوو خوێن‌به‌ربوونی هه‌بوو، له‌ دواوه‌ لێی نزیك‌بۆوه‌ و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا،"

21 چونكه‌ له‌ دڵی خۆی‌دا وتی: (ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ جله‌كانیشی بده‌م، چاك ده‌بمه‌وه‌.)"

22 عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی و فه‌رمووی: (كچم دڵنیابه‌، باوه‌ڕه‌كه‌ت چاكی‌كردیته‌وه‌.) ژنه‌كه‌ یه‌كسه‌ر چاكبۆوه‌."

23 كاتێ عیسا چووه‌ ماڵی سه‌رۆكه‌كه‌، زوڕنابێژان و خه‌ڵكێكی په‌شێوی بینی،"

24 فه‌رمووی: (لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌.) ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین."

25 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ركران، هاته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌ستی گرت، كچه‌ش هه‌ڵستایه‌وه‌."

26 ئه‌م هه‌واڵه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بڵاو‌بۆوه‌."

27 عیسا به‌وێدا ده‌ڕۆیشت، دوو كه‌سی نابینا دوای كه‌وتن، هاواریان ده‌كرد و ده‌یان‌ووت: (كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێمان‌دا بێته‌وه‌.)"

28 كاتێ هاته‌ ماڵه‌وه‌، كه‌سه‌ نابیناكان هاتنه‌ لای. عیساش پێی فه‌رموون: (له‌و باوه‌ڕه‌دان من بتوانم ئه‌مه‌ بكه‌م؟) پێیان وت: (به‌ڵێ گه‌وره‌م.)"

29 ئینجا ئه‌ویش ده‌ستی له‌ چاویان دا و فه‌رمووی: (با به‌گوێره‌ی باوه‌ڕتان بۆتان ببێت.)"

30 ئیتر چاویان كرایه‌وه‌، عیساش به‌ توندی ئاگاداری كردنه‌وه‌: (ئاگاداربن با كه‌س نه‌زانێت.)"

31 به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن و هه‌موو ناوچه‌كه‌یان لێی تێگه‌یاند."

32 كاتێ‌ ده‌رده‌چوون، لاڵێكیان هێنایه‌ لای، ڕۆحی‌پیسی تێدابوو."

33 كاتێ ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد. خه‌ڵكه‌كه‌ش سه‌رسام بوون، وتیان: (قه‌ت له‌ ئیسرائیل‌دا شتی وا ڕووی نه‌داوه‌.)"

34 به‌ڵام فه‌ریسییه‌كان وتیان: (به‌ شای ڕۆحه‌پیسه‌كان ڕۆحی‌پیس ده‌رده‌كات.)"

35 عیسا به‌ هه‌موو شار و گونده‌كان‌دا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی جاڕده‌دا، هه‌رچی نه‌خۆشی و هه‌رچی نه‌ساغی هه‌بوو چاكی ده‌كرده‌وه‌."

36 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی بینی دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ك مه‌ڕی بێ شوان په‌رێشان و ده‌ربه‌ده‌ر بوون."

37 جا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌."

38 جا داوا له‌ خوداوه‌ندی دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت.)"

10

1 ئینجا دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی بانگ‌كرد، ده‌سه‌ڵاتی پێ‌دان تاكو ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌ن و هه‌رچی نه‌خۆشی و نه‌ساغی هه‌بوو چاكبكه‌نه‌وه‌."

2 ئه‌مانه‌ش ناوی دوازده‌ نێردراوه‌كه‌یه‌: یه‌كه‌مین، شیمۆن كه‌ به‌ په‌ترۆس ناوده‌برا و ئه‌ندراوسی برای، یاقوبی كوڕی زه‌بدی و یۆحه‌نای برای،"

3 فیلیپۆس و به‌رتۆلماوس، تۆماس و مه‌تای باجگر، یاقوبی كوڕی حه‌لفا و ته‌داوس،"

4 شیمۆنی كانه‌وی و یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ عیسای به‌ گرتن دا."

5 عیسا ئه‌م دوازده‌یه‌ی نارد، فه‌رمانی پێ كردن: (به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كان‌دا مه‌ڕۆن و مه‌چوونه‌ شاری سامیره‌ییه‌كان،"

6 به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای مه‌ڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل."

7 كاتێ ده‌چن، جاڕبده‌ن و بڵێن: "پاشایه‌تی ئاسمان نزیك‌بۆته‌وه‌.""

8 نه‌خۆش چاكبكه‌نه‌وه‌، مردووان زیندوو بكه‌نه‌وه‌، گول پاك‌بكه‌نه‌وه‌، ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتانگرتووه‌، به‌خۆڕاییش بیده‌ن."

9 زێڕ و زیو و مس له‌ پشتێنتان هه‌ڵمه‌گرن،"

10 نه‌ توره‌گه‌ بۆ ڕێگا، نه‌ دوو كراس و سۆلی زیاد و نه‌ گۆپاڵیش، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی نانی خۆیه‌تی."

11 چوونه‌ هه‌ر شار و گوندێك، به‌ شوێن كه‌سێكی شایسته‌دا بگه‌ڕێن و تاكو ده‌ڕۆن له‌وێ بمێننه‌وه‌."

12 كه‌ چوونه‌ ماڵه‌كه‌ سڵاوی لێ بكه‌ن."

13 ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ شایسته‌ بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شایسته‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگه‌ڕێته‌وه‌."

14 ئه‌وه‌ی پێشوازی لێ نه‌كردن و گوێی له‌ قسه‌تان نه‌گرت، له‌و ماڵه‌ یان له‌و شاره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن."

15 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی خاكی سه‌دوم و عه‌مۆرا سزای سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئه‌م شاره‌."

16 ئه‌وه‌تا من وه‌ك مه‌ڕ به‌ ناو گورگان‌دا ده‌تاننێرم. جا وریابن وه‌ك مار و بێبه‌ری بن وه‌ك كۆتر."

17 له‌ خه‌ڵكی به‌ئاگابن، چونكه‌ ده‌تانده‌نه‌ ئه‌نجومه‌ن و له‌ كه‌نیشته‌كانیان به‌ قامچی لێتان ده‌ده‌ن،"

18 له‌به‌ر من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان و پاشایان، وه‌ك شایه‌تێكی من بۆ ئه‌وان و بۆ نه‌ته‌وانیش."

19 كاتێكیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن، نیگه‌ران مه‌بن چۆن یان چی بڵێن، له‌و كاته‌دا پێتان ده‌درێت چی بڵێن،"

20 چونكه‌ ئێوه‌ قسه‌كه‌ر نین، به‌ڵكو ڕۆحی باوكتانه‌ له‌ ئێوه‌دا قسه‌ده‌كات."

21 برا برای خۆی بۆ مردن به‌ گرتن ده‌دات، باوك منداڵی خۆی. منداڵان له‌ دایك و باوك هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن!"

22 هه‌موو خه‌ڵك له‌به‌ر ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكو كۆتایی دانبه‌خۆدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت."

23 كه‌ له‌م شاره‌ ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌، ڕاكه‌ن بۆ یه‌كێكی دیكه‌. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: شاره‌كانی ئیسرائیل ته‌واو ناكه‌ن پێش هاتنی كوڕی مرۆڤ."

24 قوتابی له‌ مامۆستاكه‌ی به‌رزتر نییه‌ و كۆیله‌ش له‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رزتر نییه‌."

25 بۆ قوتابی به‌سه‌ وه‌ك مامۆستاكه‌ی بێت و كۆیله‌ش وه‌ك گه‌وره‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ به‌ "به‌عله‌زبول" ناو ببردرێت، چه‌ند زیاتر خانه‌واده‌كه‌ی؟"

26 بۆیه‌ لێیان مه‌ترسن، چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت."

27 ئه‌وه‌ی له‌ تاریكی‌دا پێتانی ده‌ڵێم، له‌ ڕووناكی بیڵێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ چرپه‌ ده‌یبیستن، له‌ سه‌ربانان جاڕی بده‌ن."

28 له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن، به‌ڵام ناتوانن گیان بكوژن، به‌ڵكو له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌توانێ هه‌ردووكیان له‌ دۆزه‌خ‌دا له‌ناوبه‌رێت."

29 ئایا دوو چۆله‌كه‌ به‌ فلسێك نافرۆشرێت؟ كه‌چی هیچ یه‌كێكیان به‌بێ باوكتان ناكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی."

30 ئێوه‌ش ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌رتان ژمێردراوه‌."

31 كه‌واته‌ مه‌ترسن، ئێوه‌ زۆر له‌ چۆله‌كه‌ به‌نرخترن."

32 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای خه‌ڵك دانم پیابنێت، منیش له‌لای باوكم كه‌ له‌ ئاسمانه‌، دانی پیاده‌نێم."

33 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌لای خه‌ڵك نكۆڵیم لێ بكات، منیش له‌لای باوكم كه‌ له‌ ئاسمانه‌، نكۆڵی لێ ده‌كه‌م."

34 وا مه‌زانن كه‌ هاتووم تاكو ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی. نه‌هاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، به‌ڵكو شمشێر !"

35 چونكه‌ من هاتووم بۆ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی {كوڕ له‌ باوكی و كچ له‌ دایكی و بووك له‌ خه‌سووی."

36 دوژمنی مرۆڤیش له‌ خانه‌واده‌كه‌ی خۆی ده‌بێت.}"

37 ئه‌وه‌ی باوك یان دایكی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی كوڕ یان كچی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌."

38 ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت شایانی من نییه‌."

39 ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بدۆزێته‌وه‌ ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی له‌به‌ر من بدۆڕێنێت ده‌یدۆزێته‌وه‌."

40 ئه‌وه‌ی پێشوازیتان لێ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات، ئه‌وه‌ش پێشوازیم بكات، پێشوازی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ منی ناردووه‌."

41 ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌ پێغه‌مبه‌رێك بكات به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌وا پاداشتی پێغه‌مبه‌رێك وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ش پێشوازی له‌ پیاوچاكێك بكات به‌ ناوی پیاوچاك، ئه‌وا پاداشتی پیاوچاكێك وه‌رده‌گرێت."

42 ئه‌وه‌ی ته‌نها جامه‌ ئاوێكی سارد بداته‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: پاداشتی ون نابێت.)"

11

1 پاش ئه‌وه‌ی عیسا له‌ ڕێنمایی دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ته‌واو بوو، له‌وێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێركردن و جاڕدان له‌ شاره‌كانی ده‌وروبه‌ر."

2 كاتێ یه‌حیا له‌ زیندانه‌كه‌‌دا كاره‌كانی مه‌سیحی بیست، قوتابییه‌كانی خۆی نارد و"

3 پێی‌ووت: (تۆی ئه‌وه‌ی دێت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟)"

4 عیساش له‌ وه‌ڵام‌دا پێی فه‌رموون: (بڕۆن، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن و ده‌یبینن به‌ یه‌حیای ڕابگه‌یه‌نن:"

5 كوێر ده‌بینن، گۆج ده‌ڕۆن، گول پاك‌ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕ ده‌بیستن، مردوو هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ و هه‌ژار موژده‌یان پێ ده‌درێت."

6 خۆزگه‌ش ده‌خوازرێ به‌وه‌ی ساتمه‌م لێ ناكات. )"

7 كاتێ ده‌ڕۆیشتن، عیسا سه‌باره‌ت به‌ یه‌حیا بۆ حه‌شاماته‌كه‌ ده‌ستی‌كرد به‌ قسه‌كردن: (بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ چۆڵه‌وانی؟ قامیشێك كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟"

8 ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێك كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگی نه‌رم‌ونۆڵ ده‌پۆشن له‌ كۆشكی پاشاكانن."

9 بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ پێغه‌مبه‌رێك؟ به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم، له‌ پێغه‌مبه‌ریش زیاتر."

10 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا په‌یامبه‌ری خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات.}"

11 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ ژنبووان‌دا، كه‌س له‌ یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش پایه‌ به‌رزتر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی ئه‌وه‌ی له‌ شانشینی ئاسمانه‌ له‌و پایه‌ به‌رزتره‌."

12 له‌ ڕۆژانی یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشه‌وه‌ تا ئێستا شانشینی ئاسمان به‌ هێز تێده‌كۆشێت، تێكۆشه‌رانیش ده‌ستی پێوه‌ده‌گرن."

13 چونكه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ته‌ورات، تاكو هاتنی یه‌حیا پێشبینییان كردووه‌."

14 ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ په‌سه‌ندی بكه‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌لیاسه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ بێت."

15 ئه‌وه‌ی گویێ هه‌یه‌ با ببیستێت!"

16 به‌ڵام ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌و منداڵانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕه‌كان‌دا دانیشتوون و بانگی یه‌كتری ده‌كه‌ن و"

17 ده‌ڵێن: "زوڕنامان بۆ لێدان و هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شینمان بۆ گێڕان و له‌ خۆتان نه‌دا.""

18 چونكه‌ یه‌حیا هات نه‌ ده‌خوات و نه‌ ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: "ڕۆحی‌پیسی تێدایه‌.""

19 كوڕی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: "ئه‌مه‌ كابرایه‌كی نه‌وسن و مه‌یخۆره‌، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانه‌." به‌ڵام دانایی به‌ كرداره‌كانی سه‌لمێندرا.)"

20 ئینجا عیسا ده‌ستی به‌ سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌و شارانه‌ كرد كه‌ زۆربه‌ی په‌رجوه‌كانی تیایان‌دا نواندبوو، چونكه‌ تۆبه‌یان نه‌كردبوو."

21 (قوڕ به‌ سه‌رت ئه‌ی خورازین! قوڕ به‌ سه‌رت ئه‌ی بێت‌سه‌یدا! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌ناو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سور و سه‌یدا بكرابووایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ ناو خۆڵه‌مێش تۆبه‌یان ده‌كرد."

22 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا سزای سور و سه‌یدا سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی بۆ ئێوه‌یه‌."

23 تۆش ئه‌ی كه‌فه‌رناحوم، ئایا بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرێیته‌وه‌؟ به‌ جیهانی مردووان ده‌چیته‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دوم‌دا ئه‌و په‌رجوانه‌ بكرابووایه‌ كه‌ له‌نێو تۆدا كرا، ئه‌وا تاكو ئه‌مڕۆ ده‌مایه‌وه‌."

24 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا سزای خاكی سه‌دوم له‌ هی تۆ سوكتر ده‌بێت.)"

25 له‌و كاته‌دا عیسا فه‌رمووی: (ئه‌ی باوك سوپاست ده‌كه‌م، خوداوه‌ندی ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌."

26 به‌ڵێ ئه‌ی باوك، چونكه‌ ئه‌مه‌ت له‌به‌رچاو خۆش بوو."

27 له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم دراوه‌تێ، كه‌س كوڕه‌كه‌ ناناسێت باوكه‌كه‌ نه‌بێت، كه‌سیش باوكه‌كه‌ ناناسێت ته‌نها كوڕه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ كوڕه‌كه‌ ده‌یه‌وێ بۆیانی ده‌ربخات."

28 وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌."

29 نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و ڕۆح‌سووكم، حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌."

30 چونكه‌ نیره‌كه‌م گونجاوه‌ و بارم سووكه‌.)"

12

1 له‌و كاته‌دا، له‌ شه‌ممه‌دا عیسا به‌ناو ده‌غڵان‌دا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیان‌كرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی."

2 كه‌ فه‌ریسییه‌كان بینییان، پێیان وت: (ئه‌وه‌تا، ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كانت ده‌یكه‌ن دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت.)"

3 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داود چی كرد ، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟"

4 چۆن چووه‌ ناو ماڵی خودا و نانی قوربانی خوارد، كه‌ بۆ ئه‌و و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟"

5 یان له‌ ته‌ورات نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان شه‌مموان له‌ په‌رستگا شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێ‌تاوانیشن؟"

6 پێتان ده‌ڵێم، گرنگتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌."

7 به‌ڵام ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانیبووایه‌: {من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ك قوربانی} ، ئه‌وا بێ‌تاوانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد."

8 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ گه‌وره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌.)"

9 له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان،"

10 ئه‌وه‌بوو پیاوێك ده‌ستێكی وشك‌بوو، لێیان پرسی: (ئایا له‌ شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟) تاكو سكاڵای لێ بكه‌ن."

11 پێی فه‌رموون: (كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێك، ئایا نایگرێت و ده‌ریناهێنێت؟"

12 مرۆڤ چه‌ند له‌ مه‌ڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌ممه‌دا چاكه‌كردن دروسته‌.)"

13 ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: (ده‌ستت درێژ بكه‌.) ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبۆوه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌."

14 فه‌ریسییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ته‌گبیریان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن."

15 عیساش به‌مه‌ی زانی، له‌وێ ڕۆیشت و خه‌ڵكێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و"

16 ئاگاداری كردنه‌وه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن،"

17 تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیشایا وتراوه‌ بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت:"

18 {ئه‌وه‌تا خزمه‌تكاره‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جاڕی دادپه‌روه‌ری بۆ نه‌ته‌وه‌كان ده‌دات."

19 شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قام‌دا ده‌نگی نابیستێت."

20 قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو دادپه‌روه‌ری به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت."

21 نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت.}"

22 ئینجا پیاوێكیان بۆ هێنا ڕۆحی‌پیسی تێدابوو، ئه‌ویش نابینا و لاڵ بوو، چاكی‌كرده‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و بینی."

23 خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو سه‌رسام بوون و وتیان: (ئه‌مه‌ كوڕی داود نییه‌؟)"

24 به‌ڵام فه‌ریسییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، وتیان: (ئه‌مه‌ ڕۆحی‌پیس ده‌رناكات، مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولی شای ڕۆحه‌پیسه‌كان نه‌بێت.)"

25 به‌ڵام عیسا به‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی زانی، پێی فه‌رموون: (هه‌ر شانشینێك دووبه‌ره‌كی تێدابێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارێك یان ماڵێك دووبه‌ره‌كی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت."

26 ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دووبه‌ره‌كییان تێدایه‌، كه‌واته‌ چۆن شانشینییه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟"

27 ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌م، ئه‌ی كوڕه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ دادوه‌رتان."

28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ ڕۆحی خودا ڕۆحی‌پیس ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان."

29 یان چۆن یه‌كێك ده‌توانێ بچێته‌ ماڵی به‌هێزێك و شته‌كانی تاڵان بكات، مه‌گه‌ر زوو نه‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟"

30 ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من كۆناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌."

31 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفركردنێكی مرۆڤ ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام كفركردن دژ به‌ ڕۆحی پیرۆز نابه‌خشرێت."

32 ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ كوڕی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز بڵێت، نابه‌خشرێت، نه‌ له‌م ڕۆژگاره‌ و نه‌ له‌وه‌ی دێت."

33 وابكه‌ن دار باش بێت، به‌رهه‌می باش ده‌بێت. یان وابكه‌ن دار خراپ بێت، به‌رهه‌می خراپ ده‌بێت، چونكه‌ دار به‌ به‌رهه‌م ده‌ناسرێت."

34 ئه‌ی بێچوی كۆره‌ماران، كه‌ ئێوه‌ خراپ بن، چۆن ده‌توانن به‌ چاكه‌ بدوێن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دڵ ده‌ڕژێته‌وه."

35 مرۆڤی چاك له‌ گه‌نجینه‌ی چاك شتی چاك ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش، له‌ گه‌نجینه‌ی خراپ، شتی خراپ ده‌رده‌هێنێت."

36 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر وشه‌یه‌كی بێ‌باك كه‌ خه‌ڵك پێی ده‌دوێ، له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا هه‌ژماردی خۆی هه‌یه‌."

37 چونكه‌ به‌ وشه‌كانی خۆت بێ‌تاوان ده‌كرێیت، به‌ وشه‌كانی خۆشت تاوانبار ده‌كرێیت.)"

38 ئینجا هه‌ندێك مالم و فه‌ریسی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: (مامۆستا، ده‌مانه‌وێ نیشانه‌یه‌كت لێ ببینین.)"

39 كه‌چی وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و داوێنپیس داوای نیشانه‌ ده‌كات، نیشانه‌ی نادرێتێ، جگه‌ له‌ نیشانه‌ی یونس."

40 جا چۆن یونس سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ناو سكی ماسییه‌كی زه‌به‌لاحدا بوو، ئاواش كوڕی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ ناخی زه‌وی‌دا ده‌مێنێته‌وه‌."

41 له‌ لێپرسینه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ جاڕدانه‌كه‌ی یونس تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا له‌ یونس گرنگتر لێره‌یه‌."

42 له‌ لێپرسینه‌وه‌دا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و تاوانباری ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی سلێمان. ئه‌وه‌تا له‌ سلێمان گرنگتر لێره‌یه‌."

43 كاتێ ڕۆحی‌پیس له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ ناوچه‌ وشكانییه‌كان به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌ستی ناكه‌وێت."

44 ئینجا ده‌ڵێت: "ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم." كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت چۆڵه‌ و گسك‌دراوه‌ و ڕێكخراوه‌."

45 ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕۆحی‌پیسی دیكه‌ له‌ خۆی پیستر له‌‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌چن و له‌وێ‌دا ده‌ژین. ئینجا كۆتایی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت. بۆ ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوا ده‌بێت.)"

46 له‌ كاتێك‌دا كه‌ عیسا قسه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كرد، دایك و برایانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵی بدوێن."

47 یه‌كێك پێی‌ووت: (ئه‌وه‌ دایكت و برایانته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێن.)"

48 ئه‌ویش وه‌ڵامی قسه‌كه‌ری دایه‌وه‌: (دایكم كێیه‌ و برایانم كێن؟)"

49 ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابییه‌كانی ڕاكێشا و فه‌رمووی: (ئه‌وه‌تا دایك و برایانم،"

50 چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم بكات كه‌ له‌ ئاسمانه‌، ئه‌وا خوشك و برا و دایكمه‌.)"

13

1 هه‌ر له‌و ڕۆژدا عیسا له‌ ماڵ ده‌رچوو و له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ دانیشت."

2 حه‌شاماتێك لێی كۆبۆوه‌، تاكو وای‌لێ‌هات چووه‌ ناو به‌له‌مێك دانیشت، خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌موو له‌ كه‌ناره‌كه‌ ڕاوه‌ستان."

3 به‌ نموونه‌ باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: (تۆوده‌ر چوو تۆو بكات."

4 كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ش هاتن و هه‌ڵیانلووشی."

5 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ خۆڵی كه‌م بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵی خۆڵیشی نه‌بوو."

6 كه‌ ڕۆژ هه‌ڵهات سووتا و وشك بوو، چونكه‌ ڕه‌گی نه‌بوو."

7 هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن."

8 به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێك یه‌ك به‌ سه‌د و هه‌ندێك یه‌ك به‌ شه‌ست و هه‌ندێكیش یه‌ك به‌ سی."

9 ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت!)"

10 قوتابییه‌كان هاتن و پێیان وت: (بۆچی به‌ نموونه‌ قسه‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟)"

11 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه‌."

12 چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و لێی ده‌ڕژێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ش كه‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌."

13 بۆیه‌ به‌ نموونه‌ قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م: چونكه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێ‌ناگه‌ن."

14 پێشبینییه‌كه‌ی ئیشایا له‌وان‌دا هاته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێ‌ناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن،"

15 چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌ بۆ گوێگرتن، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ك به‌ چاویان ببینن و به‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێ‌بگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌.}"

16 به‌ڵام ئێوه‌، خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ چاوتان، چونكه‌ ده‌بینن، به‌ گوێتان، چونكه‌ ده‌بیستن."

17 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و پیاوچاك به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست."

18 كه‌واته‌ گوێ له‌ نموونه‌ی تۆوده‌ره‌كه‌ بگرن:"

19 هه‌ر كه‌سێك په‌یام له‌باره‌ی شانشین ببیستێت و تێی‌نه‌گات، خراپه‌كاره‌كه‌ دێت و ئه‌وه‌ی له‌ دڵی‌دا تۆوكراوه‌ ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ تۆوكرا."

20 ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرێت،"

21 به‌ڵام له‌ خۆی‌دا بێ ڕه‌گه‌ و كاتییه‌، كاتێ له‌ پێناوی وشه‌كه‌ تووشی ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌ ده‌بێت، یه‌كسه‌ر له‌ ڕێ لاده‌دات."

22 ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكان‌دا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ له‌ وشه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌فه‌تی ڕۆژگار و فریوخواردن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی، وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن و بێ‌به‌رهه‌م ده‌بێت."

23 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێت و تێی‌ده‌گات، به‌رهه‌م ده‌دات، یه‌ك به‌ سه‌د و یه‌ك به‌ شه‌ست و یه‌ك به‌ سی.)"

24 نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌: (شانشینی ئاسمان له‌ مرۆڤێك ده‌چێت، تۆوی چاك له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت."

25 به‌ڵام كاتێ خه‌ڵك نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌ناو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت."

26 كاتێ گه‌نمه‌كه‌ ڕوا و گوڵی ده‌ركرد، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت."

27 كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: "گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌ت‌دا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟""

28 " ئه‌ویش پێی‌ووتن: "دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌." كۆیله‌كانیش پێیان وت: "ده‌ته‌وێ بچین بژاری بكه‌ین؟" ""

29 وتی: "نه‌خێر، نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ بژاركردنی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. ""

30 تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌م جار زیوانه‌كه‌ بژار بكه‌ن و بیانكه‌نه‌ مه‌لو تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ ئه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌.") ""

31 نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌: (شانشینی ئاسمان وه‌ك ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێك بیهێنێ و له‌ كێڵگه‌كه‌ی‌دا بیچێنێ،"

32 كه‌ بچووكترین تۆوه‌، به‌ڵام كاتێ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه‌ و ده‌بێته‌ دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانی‌دا هێلانه‌ ده‌كه‌ن.)"

33 نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌: (شانشینی ئاسمان له‌ هه‌ویرترشێك ده‌چێت، ئافره‌تێك هێنای و خستییه‌ ناو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات.)"

34 عیسا هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ نموونه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ باس كرد، به‌بێ نموونه‌ قسه‌ی بۆ نه‌ده‌كردن،"

35 تاكو ئه‌وه‌ی خودا به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی: {به‌ نموونه‌ ده‌مم ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ شاراوه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕم.}"

36 ئینجا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‌كرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: (نموونه‌ی زیوانی ناو كێڵگه‌كه‌مان بۆ لێك‌بده‌وه‌.)"

37 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆوده‌ری تۆوه‌ چاكه‌كه‌، كوڕی مرۆڤه‌."

38 كێڵگه‌كه‌ش جیهانه‌، تۆوه‌ چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی شانشینن، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی خراپه‌كاره‌كه‌ن ،"

39 دوژمنه‌كه‌ش كه‌ تۆوی كردن ئیبلیسه‌، دروێنه‌كه‌ش كۆتایی ڕۆژگار ، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن."

40 وه‌ك زیوانه‌كه‌ بژاركرا و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ كۆتایی ڕۆژگاریش‌دا وا ده‌بێت."

41 كوڕی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپ و سه‌رپێچیكاران له‌ شانشینییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و"

42 فڕێیان‌ده‌ده‌نه‌ ناو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان."

43 ئه‌وسا ڕاستودروستان له‌ شانشینی باوكیان‌دا وه‌ك ڕۆژ ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت!"

44 شانشینی ئاسمان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ك ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌ك‌دا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێك دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت."

45 هه‌روه‌ها شانشینی ئاسمان له‌ بازرگانێك ده‌چێت به‌ شوێن مرواری نایاب‌دا ده‌گه‌ڕا."

46 كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی."

47 هه‌روه‌ها شانشینی ئاسمان له‌ تۆڕێك ده‌چێت فڕێدرابێته‌ ده‌ریاچه‌وه‌، له‌ هه‌موو جۆرێك كۆده‌كاته‌وه‌."

48 كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه‌ كه‌نار، باشه‌كانیان له‌ سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه‌ و خراپه‌كانیشیان فڕێدا."

49 كۆتایی ڕۆژگاریش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان دێن و به‌دكاران له‌ناو ڕاستودروستان‌دا ده‌رده‌هێنن و"

50 فڕێیان‌ده‌ده‌نه‌ ناو كووره‌ی ئاگره‌وه‌. جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان.)"

51 عیسا لێی پرسین: (ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ تێگه‌یشتن؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌ڵێ.)"

52 جا پێی فه‌رموون: (بۆیه‌ هه‌ر مالمێكی ڕاهێنراو له‌ شانشینی ئاسمان، له‌ خاوه‌ن ماڵێك ده‌چێ له‌ گه‌نجینه‌كه‌ی‌دا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت.)"

53 كاتێ عیسا ئه‌م نموونانه‌ی ته‌واو كرد له‌وێ ڕۆیشت."

54 هاته‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان فێری كردن، تا ئه‌وه‌ی سه‌رسام بوون و وتیان: (ئه‌مه‌ ئه‌م دانایی و په‌رجوانه‌ی له‌كوێ بوو؟"

55 ئه‌مه‌ كوڕی دارتاشه‌كه‌ نییه‌؟ ئه‌ی دایكی ناوی مریه‌م نییه‌؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یه‌هوزا برای نین؟"

56 ئه‌وه‌ نییه‌ خوشكه‌كانی هه‌موویان له‌لامانن؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟)"

57 جا ساتمه‌یان لێی كرد. به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: (پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ شار و ماڵی خۆی‌دا نه‌بێت.)"

58 له‌وێ‌دا په‌رجوی زۆری نه‌كرد، له‌به‌ر بێ‌باوه‌ڕییان."

14

1 له‌و كاته‌دا هێرۆدسی تیترارك ناوبانگی عیسای بیست،"

2 به‌ پیاوه‌كانی وت: (ئه‌مه‌ یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشه‌ له‌ناو مردووان‌دا هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌، هێزی په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌كرێت.)"

3 چونكه‌ هێرۆدس، له‌به‌ر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یه‌حیای گرتبوو و په‌لبه‌ستی كردبوو و خستبوویه‌ زیندانه‌وه‌."

4 چونكه‌ یه‌حیا پێی ده‌ووت: (دروست نییه‌ تۆ بیخوازیت.)"

5 ئه‌ویش ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسا، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا."

6 له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی هێرۆدس، كچی هێرۆدیا له‌ناوه‌ڕاستی میوانان‌دا سه‌مای كرد و هێرۆدسی دڵخۆش كرد،"

7 ئه‌وه‌بوو به‌ سوێنده‌وه‌ به‌ڵێنی پێی دا، چی حه‌زی لێ بێت بیداتێ."

8 كچه‌ش به‌ فیتی دایكی، وتی: (لێره‌ له‌سه‌ر سینییه‌ك سه‌ری یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشم بده‌رێ.)"

9 پاشاش دڵگران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و میوانه‌كان، فه‌رمانی دا بیده‌نێ."

10 ئینجا ناردی و له‌ زیندان سه‌ری یه‌حیا بڕا و"

11 سه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینییه‌ك هێنرا و درایه‌ كچه‌كه‌، ئه‌ویش بردییه‌ لای دایكی."

12 قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه‌ عیسا."

13 كه‌ عیسا ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ به‌له‌م ئه‌وێی به‌جێ‌هێشت. كاتێ خه‌ڵك بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پێیان دوای كه‌وتن."

14 كاتێ له‌ به‌له‌م دابه‌زی، حه‌شاماتێكی بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانی ئه‌وانی چاككرده‌وه‌."

15 كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای، وتیان: (شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ‌بكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان و خواردن بۆ خۆیان بكڕن.)"

16 به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون: (پێویست ناكات بڕۆن. ئێوه‌ خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.)"

17 ئه‌وانیش پێیان وت: (لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌.)"

18 ئه‌ویش فه‌رمووی: (بۆ منی بهێننه‌ ئێره‌.)"

19 فه‌رمانی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان و ئه‌وانیش دایانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌."

20 هه‌موو خواردیان و تێر بوون، پاشان له‌و په‌لكه‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌."

21 نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ."

22 یه‌كسه‌ر قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری به‌له‌مه‌كه‌ بن و پێش خۆی بڕۆنه‌ ئه‌وبه‌ر، تاكو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات."

23 كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‌كرد، به‌ ته‌نها چووه‌ سه‌ر شاخ تاكو نوێژ بكات. كه‌ ئێواره‌ داهات له‌وێ به ‌ته‌نها بوو،"

24 به‌له‌مه‌كه‌ش ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ وشكاییه‌وه‌ دوور كه‌وتبۆوه‌، شه‌پۆڵه‌كانیش پیایان‌دا ده‌كێشا، چونكه‌ بایه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بوو."

25 له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا عیسا بۆ لایان هات و به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت."

26 كاتێ قوتابییه‌كان بینییان له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌ ده‌ڕوات، شێوان و وتیان: (ئه‌مه‌ دێوه‌زمه‌یه‌!) له‌ ترسانیش هاواریان كرد."

27 یه‌كسه‌ر عیسا قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن: (وره‌تان به‌رز بێ! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن.)"

28 په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆی، فه‌رمانم پێ بده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا بێمه‌ لات.)"

29 فه‌رمووی: (وه‌ره‌.) په‌ترۆس له‌ به‌له‌مه‌كه‌ دابه‌زی و به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕۆیشت و به‌ره‌و لای عیسا به‌ڕێ‌كه‌وت."

30 كاتێ بینی ڕه‌شه‌بایه‌، ترسا و ده‌ستی به‌ نوقومبوون كرد، هاواری كرد: (گه‌وره‌م، ڕزگارم بكه‌!)"

31 عیساش یه‌كسه‌ر ده‌ستی درێژكرد و گرتییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: (كه‌م باوه‌ڕ، بۆچی گومانت كرد؟)"

32 كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌، بایه‌كه‌ وه‌ستا."

33 ئه‌وانه‌ی له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌ بوون، كڕنۆشیان بۆ برد و وتیان: (به‌ ڕاستی تۆ كوڕی خودای.)"

34 كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ خاكی جه‌نیساره‌ت."

35 خه‌ڵكی ئاوایی ناسیانه‌وه‌، هه‌واڵیان دا به‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان بۆی هێنا."

36 لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێی‌دا چاكبوونه‌وه‌."

15

1 ئینجا فه‌ریسی و مالمه‌كان له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتنه‌ لای عیسا و وتیان:"

2 (بۆچی قوتابییه‌كانت نه‌ریتی پیران ده‌شكێنن؟ پێش نانخواردن ده‌ستیان ناشۆن!)"

3 ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌ی بۆچی ئێوه‌ له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان ڕاسپارده‌ی خودا ده‌شكێنن؟"

4 چونكه‌ خودا فه‌رموویه‌تی: {ڕێزی دایك و باوكت بگره‌} ، {ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت له‌ باوكی یان دایكی بكات، ده‌بێ بكوژرێت.}"

5 به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌ی به‌ دایكی یان باوكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌ ، ""

6 ئیتر ڕێز له‌ باوكی ناگرێت." جا له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن. ""

7 ئه‌ی دووڕووان! سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئیشایا پێشبینی باشی كردووه‌ و ده‌ڵێت:"

8 {ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌گرێت، به‌ڵام دڵی لێم دووره‌."

9 ئه‌وان به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن، فێركردنێك فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌.} )"

10 عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: (گوێ‌بگرن و تێ‌بگه‌ن."

11 ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ناو ده‌م مرۆڤ گڵاو ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات.)"

12 ئینجا قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێش و پێیان وت: (ده‌زانی كاتێ فه‌ریسییه‌كان گوێیان له‌ قسه‌كه‌ بوو بێزار بوون.)"

13 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (هه‌ر ڕووه‌كێك باوكی ئاسمانیم نه‌یچاندبێت، هه‌ڵده‌كه‌ندرێت."

14 وازیان لێ بهێنن، ئه‌وانه‌ كوێرن ڕابه‌رایه‌تی كوێره‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر كوێر ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌.)"

15 په‌ترۆس پێی‌ووت: (ئه‌م نموونه‌یه‌مان بۆ ڕوون بكه‌وه‌.)"

16 عیسا فه‌رمووی: (ئێوه‌ش هێشتا تێ‌ناگه‌ن؟"

17 نازانن هه‌رچی ده‌چێته‌ ناو ده‌م ده‌ڕواته‌ ناو سك، دوایی فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌؟"

18 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات."

19 چونكه‌ بیری خراپ له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، كوشتن، داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، دزی، شایه‌تی درۆ، كفركردن."

20 ئه‌مانه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن. به‌ڵام خواردن به‌بێ ده‌ست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناكات.)"

21 عیسا له‌وێ ڕۆیشت و چووه‌ ناوچه‌كانی سور و سه‌یدا."

22 ژنێكی كه‌نعانی خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری ئه‌وێ، ده‌رچوو و هاواری كرد: (گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه‌! كچه‌كه‌م به‌ خراپی ڕۆحی‌پیسی تێدایه‌.)"

23 به‌ڵام عیسا به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. قوتابییه‌كانی هاتنه‌ پێشی و تكایان لێی كرد: (به‌ڕێی بكه‌، وا به‌دوامانه‌وه‌ هاوار ده‌كات.)"

24 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من ته‌نها بۆ مه‌ڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.)"

25 به‌ڵام ژنه‌كه‌ هات، كڕنۆشی بۆ برد و وتی: (گه‌وره‌م یارمه‌تیم بده‌!)"

26 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ.)"

27 ژنه‌كه‌ وتی: (ڕاسته‌ گه‌وره‌م، به‌ڵام سه‌گیش ئه‌و په‌لكه‌نانه‌ ده‌خوات كه‌ له‌ خوانی گه‌وره‌كانی ده‌كه‌وێت.)"

28 ئینجا عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خانم، باوه‌ڕی تۆ به‌هێزه‌! ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌یت با بۆت ببێت.) له‌و كاته‌وه‌ كچه‌كه‌ش چاكبۆوه‌."

29 ئینجا عیسا له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ لای ده‌ریای جه‌لیل، چووه‌ سه‌ر شاخێك و له‌وێ دانیشت."

30 ئه‌وه‌بوو حه‌شاماتێك هاتنه‌ لای، شه‌ل و كوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ‌بوو، له‌به‌رپێی دایاننان، ئه‌ویش چاكی‌كردنه‌وه‌."

31 ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون كه‌ بینییان لاڵ قسه‌ده‌كات و گۆج چاك‌ده‌بێته‌وه‌ و شه‌ل ده‌ڕوات و كوێر ده‌بینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان كرد."

32 ئینجا عیسا قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و فه‌رمووی: (دڵم به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌سووتێت، ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵم‌دان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ناشمه‌وێت به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌ ڕێگا بڕ نه‌كه‌ن.)"

33 قوتابییه‌كانی پێیان وت: (له‌م چۆڵه‌وانییه‌ ئه‌و نانه‌ زۆره‌مان له‌كوێ بوو بۆ ناندانی ئه‌م حه‌شاماته‌؟)"

34 عیساش پێی فه‌رموون: (چه‌ند نانتان پێیه‌؟) وتیان: (حه‌وت، له‌گه‌ڵ چه‌ند ماسییه‌كی بچكۆله‌.)"

35 ئیتر فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن."

36 حه‌وت نان و ماسییه‌كانی برد، سوپاسی‌كرد و له‌تی‌كردن و دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابییه‌كانیش دایانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌."

37 هه‌موو خواردیان و تێربوون، دوایی حه‌وت سه‌به‌ته‌ی پڕ په‌لكه‌نانیان كۆكرده‌وه‌."

38 نانخۆران چوار هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ."

39 ئینجا عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‌كرد و سواری به‌له‌م بوو و هاته‌ سنووری مه‌گه‌دان."

16

1 فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان هاتنه‌ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقی بكه‌نه‌وه‌، داوایان لێ‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كیان پیشان بدات."

2 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (كه‌ ئێواره‌ داهات، ده‌ڵێن "ساماڵه‌، چونكه‌ ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌.""

3 له‌ به‌یانیش، "ئه‌مڕۆ هه‌وره‌، ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و گرژه‌." ئێوه‌ ده‌زانن ڕووی ئاسمان بخوێننه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن نیشانه‌كانی زه‌مانه‌ لێك‌بده‌نه‌وه‌!"

4 نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و داوێنپیس داوای نیشانه‌ ده‌كات، نیشانه‌ی نادرێتێ، جگه‌ له‌ نیشانه‌ی یونس.) ئینجا به‌جێی‌هێشتن و ڕۆیشت."

5 قوتابییه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ر، له‌بیریان چووبوو نان بهێنن."

6 عیسا پێی فه‌رموون: (وریابن، ئاگاداربن له‌ هه‌ویرترشی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان.)"

7 له‌ناو خۆیان‌دا گفتوگۆیان كرد و وتیان: (نانمان نه‌هێناوه‌.)"

8 عیسا زانی و پێی فه‌رموون: (ئه‌ی كه‌م‌باوه‌ڕینه‌، بۆچی له‌نێو خۆتان ده‌ڵێن نانمان نییه‌؟"

9 ئایا هێشتا تێ‌نه‌گه‌یشتوون؟ نایه‌ته‌ بیرتان پێنج نانه‌كه‌ی پێنج هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟"

10 یان حه‌وت نانه‌كه‌ی چوار هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟"

11 چۆن تێ‌ناگه‌ن من باسی نانم بۆ نه‌كردن؟ له‌ هه‌ویرترشی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان ئاگاداربن!)"

12 ئینجا تێگه‌یشتن كه‌ ئه‌و له‌ هه‌ویرترشی نان ئاگاداریان ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ فێركردنی فه‌ریسی و سه‌دوقییه‌كان."

13 كه‌ عیسا گه‌یشته‌ ناوچه‌ی قه‌یسه‌رییه‌ی فیلیپۆس، له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: (ئایا خه‌ڵك ده‌ڵێن كوڕی مرۆڤ كێیه‌؟)"

14 وتیان: (هه‌ندێك ده‌ڵێن یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشه‌، هه‌ندێك ئه‌لیاس، هه‌ندێكیش ئیرمیا یان یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌ران.)"

15 پێی فه‌رموون: (ئه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن من كێم؟)"

16 شیمۆن په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (تۆ مه‌سیحیت، كوڕی خودای زیندووی.)"

17 عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ تۆ، شیمۆنی كوڕی یۆنا، چونكه‌ گۆشت و خوێن ئه‌مه‌یان بۆت ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌م كه‌ له‌ ئاسمانه‌."

18 منیش پێت ده‌ڵێم، تۆ په‌ترۆسی و له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆم بنیاد ده‌نێم و ده‌روازه‌كانی جیهانی مردووانیش پێی ناوێرێت."

19 كلیله‌كانی شانشینی ئاسمانت ده‌ده‌مێ، ئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌یت، له‌ ئاسمان‌دا گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌یته‌وه‌، له‌ ئاسمان‌دا كراوه‌ ده‌بێت.)"

20 ئینجا فه‌رمانی دایه‌ قوتابییه‌كان به‌ كه‌س نه‌ڵێن كه‌ ئه‌و مه‌سیحه‌."

21 له‌و كاته‌وه‌ عیسا ده‌ستی‌كرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كانی كه‌ ده‌بێت بۆ ئۆرشه‌لیم بچێت، له‌وێ به‌ ده‌ستی پیران و كاهینانی باڵا و مالمه‌كان زۆر ئازار بچێژێت و بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستێندرێته‌وه‌."

22 په‌ترۆس هێنایه‌ ئه‌م لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی: (خودا نه‌كات گه‌وره‌م! هه‌رگیز ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت!)"

23 عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: (له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌.)"

24 ئینجا عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت."

25 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ده‌یدۆزێته‌وه‌."

26 چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی چی ده‌دات؟"

27 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ به‌ شكۆی باوكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وسا پاداشتی هه‌ر كه‌سێك به‌ پێی كرداری ده‌داته‌وه‌."

28 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێك له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مردن ناچێژن تاكو كوڕی مرۆڤ نه‌بینن به‌ پاشایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌وه‌.)"

17

1 دوای شه‌ش ڕۆژ عیسا په‌ترۆس و یاقوب و یۆحه‌نای برای برد و به‌ ته‌نها بۆ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز ڕابه‌رایه‌تی كردن."

2 له‌پێشیان شێوه‌ی گۆڕا، ڕووی وه‌ك ڕۆژ ده‌دره‌وشایه‌وه‌ و جله‌كانی وه‌ك ڕووناكی سپی هه‌ڵگه‌ڕان."

3 ئه‌وه‌بوو موسا و ئه‌لیاسیان بۆ ده‌ركه‌وت و له‌گه‌ڵ عیسادا كه‌وتنه‌ گفتوگۆ."

4 ئینجا په‌ترۆس به‌ عیسای وت: (گه‌وره‌م، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌یت لێره‌ سێ كه‌پرتان بۆ هه‌ڵده‌ده‌م، یه‌كێك بۆ تۆ و یه‌كێك بۆ موسا و یه‌كێكیش بۆ ئه‌لیاس.)"

5 كاتێ قسه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێكی ڕۆشن باڵی به‌سه‌ریان‌دا كێشا و ده‌نگێك له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ فه‌رمووی: (ئه‌مه‌ كوڕی خۆشه‌ویستمه‌، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!)"

6 كاتێ‌ قوتابییه‌كان گوێیان لێ‌بوو، به‌ده‌م‌دا كه‌وتن، زۆر ترسان."

7 عیساش هات، ده‌ستی لێ‌دان و فه‌رمووی: (هه‌ستن، مه‌ترسن!)"

8 ئینجا چاویان هه‌ڵبڕی و له‌ عیسا زیاتر كه‌سیان نه‌بینی."

9 كه‌ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، عیسا فه‌رمانی پێ‌دان: (ئه‌مه‌ی بینیتان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو كوڕی مرۆڤ له‌ناو مردووان هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌.)"

10 قوتابییه‌كانی لێیان پرسی: (باشه‌ بۆچی مالمه‌كان ده‌ڵێن ده‌بێت یه‌كه‌م جار ئه‌لیاس بێت؟)"

11 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕاسته‌، ئه‌لیاس دێت و هه‌موو شتێك ڕێك ده‌خاته‌وه‌."

12 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئه‌لیاس هات و نه‌یانناسی، چییان ویست پێیان كرد. هه‌روه‌ها كوڕی مرۆڤیش به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ئازار ده‌چێژێت.)"

13 ئه‌وسا قوتابییه‌كان تێگه‌یشتن كه‌ باسی یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێشی بۆ كردن."

14 كاتێ گه‌یشتنه‌ لای خه‌ڵكه‌كه‌، كابرایه‌ك هات و له‌به‌رده‌می چۆكی دادا و"

15 وتی: (گه‌وره‌م، به‌زه‌ییت به‌ كوڕه‌كه‌م‌دا بێته‌وه‌، خووداره‌ و ئازارێكی زۆر ده‌چێژێت. زۆر جار ده‌كه‌وێته‌ ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوه‌وه‌."

16 هێنامه‌ لای قوتابییه‌كانت، به‌ڵام نه‌یانتوانی چاكی بكه‌نه‌وه‌.)"

17 جا عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌ی نه‌وه‌ی بێ‌باوه‌ڕ و خوار، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ ئێره‌ بۆ لام.)"

18 عیساش لێی ڕاخوڕی و ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ كوڕه‌كه‌ چاكبۆوه‌."

19 پاشان قوتابییه‌كان به‌ ته‌نها هاتنه‌ لای عیسا و وتیان: (بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ری بكه‌ین؟)"

20 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (له‌به‌ر كه‌می باوه‌ڕتان. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ك باوه‌ڕتان هه‌بێ، به‌و كێوه‌ ده‌ڵێن "له‌وێ بڕۆ،" ده‌ڕوات و شتێك بۆتان مه‌حاڵ نابێت. ["

21 به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ده‌رناچێت، به‌ نوێژ و ڕۆژوو نه‌بێت.])"

22 له‌ جه‌لیل كۆببوونه‌وه‌، عیسا پێی فه‌رموون: (كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست خه‌ڵك و"

23 ده‌یكوژن، له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌.) ئه‌وانیش زۆر دڵگران بوون."

24 كاتێ گه‌یشتنه‌ كه‌فه‌رناحوم، باجگرانی دوو درهه‌مه‌كه‌ هاتنه‌ لای په‌ترۆس و وتیان: (ئه‌رێ مامۆستاتان دوو درهه‌مه‌كه‌ نادات؟)"

25 وتی: (به‌ڵێ.) كاتێ په‌ترۆس هاته‌ ماڵه‌وه‌، عیسا پێشی كه‌وت و فه‌رمووی: (ڕات چییه‌ شیمۆن؟ پاشایانی زه‌وی سه‌رانه‌ و باج له‌ كێ وه‌رده‌گرن؟ له‌ ڕۆڵه‌كانی خۆیان یان بیانی؟)"

26 وتی: (له‌ بیانی.) عیساش پێی فه‌رموو: (كه‌واته‌ ڕۆڵه‌كان ئازادن."

27 به‌ڵام تاكو بۆیان نه‌بینه‌ كۆسپ، بڕۆ ده‌ریاچه‌كه‌ و قولاب هه‌ڵده‌، یه‌كه‌م ماسی ده‌رده‌چێت بیگره‌، ده‌می بكه‌وه‌، ستاتیرێك ده‌بینیته‌وه‌، بیبه‌ و له‌ جیاتی خۆم و خۆت بیانده‌رێ.)"

18

1 له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای عیسا و وتیان: (كێ له‌ شانشینی ئاسمان‌دا پایه‌ به‌رزتره‌؟)"

2 ئه‌ویش منداڵێكی بانگ‌كرد و له‌ ناوه‌راستیان‌دا ڕایگرت،"

3 فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕێن و وه‌ك منداڵتان لێ‌نه‌یه‌ت، هه‌رگیز ناچنه‌ شانشینی ئاسمان."

4 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌م منداڵه‌ خۆی نزم بكاته‌وه‌، له‌ شانشینی ئاسمان‌دا پایه‌ به‌رزتره‌."

5 ئه‌وه‌ی به‌ ناوی من پێشوازی له‌ منداڵێكی وه‌ك ئه‌مه‌ بكات، پێشوازی له‌ من ده‌كات."

6 به‌ڵام ئه‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، باشتره‌ بۆی به‌رداشێكی گه‌وره‌ به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و نوقومی بنی ده‌ریا بكرێت."

7 قوڕ به‌ سه‌ری جیهان له‌به‌ر كۆسپه‌كان! چونكه‌ كۆسپه‌كان هه‌ر ده‌بێ هه‌بن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كۆسپه‌كان!"

8 ئه‌گه‌ر ده‌ستت یان پێت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ به‌ گۆجی یان به‌ شه‌لی بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ دوو ده‌ست یان دوو پێیه‌وه‌ بخرێیته‌ ناو ئاگری تاهه‌تایی."

9 ئه‌گه‌ر چاوت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ری بهێنه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ به‌ یه‌ك چاو بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ دوو چاوه‌وه‌ بخرێیته‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌."

10 ئاگاداربن! به‌ سووكی مه‌ڕواننه‌ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌، چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم فریشته‌كانیان له‌ ئاسمان‌دا به‌رده‌وام ڕووی باوكم ده‌بینن كه‌ له‌ ئاسمان دایه‌. ["

11 چونكه‌ كوڕی مرۆڤ هاتووه‌ ونبووان ڕزگار بكات.]"

12 ڕاتان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ونبێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ له‌ زوورگ‌دا به‌جێ ناهێڵێت تاكو بچێت به‌دوای ونبووه‌كه‌دا بگه‌ڕێت؟"

13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر دۆزییه‌وه‌، له‌ نه‌وه‌د و نۆیه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ بزر نه‌ببوون زیاتر پێی دڵخۆش ده‌بێت!"

14 به‌ هه‌مان شێوه‌ باوكتان له‌ ئاسمان نایه‌وێت یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ له‌ناوبچێت."

15 (ئه‌گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردیت، بڕۆ به‌ ته‌نها له‌نێوان خۆت و خۆی گله‌یی لێ بكه‌. ئه‌گه‌ر گوێی لێ‌گرتی، ئه‌وا براكه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنیته‌وه‌."

16 خۆ ئه‌گه‌ر گوێی نه‌گرت، یه‌ك یان دوو كه‌س له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، تاكو {هه‌موو بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ساغ بكرێته‌وه‌.}"

17 ئه‌گه‌ر به‌ گوێی نه‌كردن، به‌ كڵێسا بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌ گوێی كڵێساشی نه‌كرد، ئه‌وا به‌ بت‌په‌رست و باجگری دابنێ."

18 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن، له‌ ئاسمانیش گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌نه‌وه‌، له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت."

19 دیسان ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر دووان له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر هه‌ر شتێك ڕێك بكه‌ون، هه‌رچی داوا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكم كه‌ له‌ ئاسمانه‌، بۆیان ده‌بێت."

20 چونكه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك دوو یان سێیان به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌نێوانیان‌دا ده‌بم.)"

21 ئینجا په‌ترۆس هات و پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ده‌بێ چه‌ند جار گه‌رده‌نی براكه‌م ئازاد بكه‌م كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ تاكو حه‌وت جار؟)"

22 عیساش پێی فه‌رموو: (من پێت ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا كه‌ڕه‌ت حه‌وت جار!"

23 بۆیه‌ پاشایه‌تی ئاسمان له‌ پاشایه‌ك ده‌چێت ویستی هه‌ژمارد له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی بكات."

24 كاتێ ده‌ستی پێ‌كرد، یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار تالنت قه‌رزار بوو."

25 كه‌ هیچی نه‌بوو بیداته‌وه‌، گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هه‌رچی هه‌یه‌تی بفرۆشرێت و قه‌رزه‌كه‌ بداته‌وه‌."

26 بۆیه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ له‌به‌رده‌می چۆكی دادا و وتی: "له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌.""

27 گه‌وره‌ی ئه‌و خزمه‌تكاره‌ دڵی پێی سووتا، ئازادی كرد و له‌ قه‌رزه‌كه‌ خۆش بوو."

28 ئه‌م خزمه‌تكاره‌ ڕۆیشت، خزمه‌تكارێكی هاوكاری خۆی بینی كه‌ سه‌د دینار قه‌رزاری بوو، ملی گرت و وتی: "ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌!""

29 خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كه‌ی له‌به‌رپێی كه‌وت، لێی پاڕایه‌وه‌: "له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، ده‌تده‌مه‌وه‌.""

30 به‌ڵام ڕازی نه‌بوو، چوو فڕێی‌دایه‌ زیندانه‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریه‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌."

31 كاتێ خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كانیان ڕووداوه‌كه‌یان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕووی‌دابوو بۆ گه‌وره‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌."

32 ئه‌وسا گه‌وره‌كه‌ی بانگی كرد و پێی‌ووت: "خزمه‌تكاری به‌دكار، له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌رزه‌ خۆشبووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌. ""

33 ئایا نه‌ده‌بوو تۆش به‌زه‌ییت به‌ خزمه‌تكاره‌ هاوكاره‌كه‌ت‌دا بێته‌وه‌، وه‌ك به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌؟"

34 جا گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌ بوو و دایه‌ ده‌ست جه‌لاده‌كانه‌وه‌، تاكو هه‌ر شتێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌."

35 باوكی ئاسمانیشم واتان لێ‌ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌تان له‌ دڵه‌وه‌ گه‌رده‌نی خوشكی یان براكه‌ی ئازاد نه‌كات.)"

19

1 كاتێ عیسا له‌م قسانه‌ بۆوه‌، جه‌لیلی به‌جێ‌هێشت و هاته‌ هه‌رێمی یه‌هودیا، له‌ پشت ڕووباری ئوردون."

2 حه‌شاماتێك دوای كه‌وت، ئه‌ویش له‌وێ چاكی‌كردنه‌وه‌."

3 هه‌ندێك فه‌ریسی هاتنه‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی تاقی بكه‌نه‌وه‌، وتیان: (ئایا دروسته‌ مێرد له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟)"

4 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌دیهێناوه‌ {به‌ نێر و مێ به‌دیهێنان} ؟"

5 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: {بۆیه‌ پیاو دایك و باوكی به‌جێ‌ده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌.}"

6 كه‌واته‌ چیتر دوو نین به‌ڵكو یه‌ك جه‌سته‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، با مرۆڤ جیای نه‌كاته‌وه‌.)"

7 پێیان وت: (ئه‌ی بۆچی موسا فه‌رمانی داوه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بدرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت؟)"

8 پێی فه‌رموون: (له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان موسا ڕێی دان ژنه‌كانتان ته‌ڵاق بده‌ن، ئه‌گینا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا نه‌بوو."

9 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات.)"

10 قوتابییه‌كانی پێیان وت: (ئه‌گه‌ر حاڵی پیاو له‌گه‌ڵ ژن وابێت، باشتره‌ ژن نه‌هێنێت!)"

11 به‌ڵام پێی فه‌رموون: (هه‌موو خه‌ڵكی ناتوانن ئه‌م قسه‌یه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، ته‌نها ئه‌وانه‌ی پێیان دراوه‌."

12 چونكه‌ خه‌ساو هه‌ن زگماكن، خه‌ساویش هه‌ن مرۆڤ خه‌ساندویانن ، خه‌ساویش هه‌ن له‌ پێناوی شانشینی ئاسمان خۆیان خه‌ساندوه‌. كێ ده‌توانێت په‌سه‌ندی بكات، با په‌سه‌ندی بكات.)"

13 ئینجا منداڵیان بۆی هێنا تاكو ده‌ستیان له‌سه‌ر دابنێت و نوێژ بكات، كه‌چی قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین."

14 به‌ڵام عیسا فه‌رمووی: (لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام، ڕێیان لێ مه‌گرن، چونكه‌ شانشینی ئاسمان هی وه‌ك ئه‌مانه‌یه‌.)"

15 ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و له‌وێ ڕۆیشت."

16 ئینجا یه‌كێك هاته‌ لای و وتی: (مامۆستا، چ چاكه‌یه‌ك بكه‌م تاكو ژیانی تاهه‌تاییم هه‌بێت؟)"

17 پێی فه‌رموو: (بۆچی له‌باره‌ی چاكه‌وه‌ پرسیارم لێ ده‌كه‌یت؟ ته‌نها یه‌كێك چاكه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بچیته‌ ناو ژیانه‌وه‌، ڕاسپارده‌كان بپارێزه‌.)"

18 پێی‌ووت: (كامیان؟) عیساش فه‌رمووی: {مه‌كوژه‌، داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌دزه‌، شایه‌تی درۆ مه‌ده‌،"

19 ڕێزی دایك و باوكت بگره‌} و {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ.}"

20 گه‌نجه‌كه‌ش پێی‌ووت: (ئه‌مانه‌م هه‌مووی كردووه‌، ئیتر له‌ چیم كه‌مه‌؟)"

21 عیسا پێی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ته‌واو بیت، بڕۆ سامانه‌كانت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، ئیتر گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسمان‌دا ده‌بێت و وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌.)"

22 به‌ڵام گه‌نجه‌كه‌ كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ی بیست، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو."

23 عیساش به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌ختی ده‌چێته‌ ناو شانشینی ئاسمانه‌وه‌."

24 دیسان پێتان ده‌ڵێم: ئاسانتره‌ وشترێك له‌ كونی ده‌رزیه‌كه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێك بچێته‌ ناو شانشینی خودا.)"

25 قوتابییه‌كان كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو زۆر سه‌رسام بوون، وتیان: (كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟)"

26 عیساش سه‌یری كردن و پێی فه‌رموون: (ئه‌مه‌ بۆ مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا هه‌موو شتێك ده‌بێت.)"

27 ئینجا په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی‌ووت: (ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێك هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین، ئێمه‌ چیمان بۆ ده‌بێت؟)"

28 عیساش پێی فه‌رموون: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، له‌ نوێبوونه‌وه‌دا، كاتێ كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت، ئێوه‌ش كه‌ دوام كه‌وتوون له‌سه‌ر دوازده‌ ته‌خت داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل حوكم ده‌ده‌ن."

29 هه‌ر كه‌سێكیش له‌به‌ر ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشك یان دایك یان باوك یان منداڵ یان كێڵگه‌ی به‌جێ‌هێشتووه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ژیانی تاهه‌تاییش به‌ میرات وه‌رده‌گرێت."

30 زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینه‌كانیش یه‌كه‌مین.)"

20

1 (چونكه‌ شانشینی ئاسمان له‌ گه‌وره‌ی ماڵێك ده‌چێت، به‌یانی زوو ده‌رده‌چێت تاكو كرێكار بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی بگرێت."

2 له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان ڕۆژی به‌ دینارێك ڕێككه‌وت، ئینجا ئه‌وانی بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی نارد."

3 نزیكی كاتژمێر نۆ ده‌رچوو، له‌ مه‌یدان‌دا هه‌ندێكی دیكه‌ی بینی بێ‌كار ڕاوه‌ستابوون،"

4 پێی‌ووتن: "ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌، چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ.""

5 ئه‌وانیش ڕۆیشتن. ئینجا كاتژمێر دوازده‌ و كاتژمێری سێ ده‌رچوو و هه‌مان شتی كرده‌وه‌."

6 نزیكی كاتژمێری پێنج ده‌رچوو، كرێكاری دیكه‌ی بینی ڕاوه‌ستاون، پێی‌ووتن: "بۆچی به‌ درێژایی ڕۆژ لێره‌ بێ‌كار ڕاوه‌ستاون؟""

7 " پێیان وت: "چونكه‌ كه‌س به‌ كرێی نه‌گرتووین." ئه‌ویش پێی‌ووتن: "ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌!" ""

8 كاتێ ئێواره‌ داهات خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ به‌ سه‌ركاره‌كه‌ی خۆی وت: "كرێكاران بانگ بكه‌ و كرێیه‌كه‌یان بده‌رێ، له‌وانه‌ی كۆتاییه‌وه‌ ده‌ست‌پێ‌بكه‌ تاكو یه‌كه‌م.""

9 جا ئه‌وانه‌ی كاتژمێر پێنج هاتن، هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت."

10 یه‌كه‌مینه‌كانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت."

11 كه‌ وه‌ریان ده‌گرت بۆڵه‌بۆڵیان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ماڵ ده‌كرد و"

12 ده‌یان‌ووت: "دواهه‌مینه‌كان كاتژمێرێك ئیشیان كرد. تۆش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌كسانت كردن كه‌ گرانی و گه‌رمای ڕۆژمان كێشاوه‌.""

13 وه‌ڵامی یه‌كێكیانی دایه‌وه‌: "براده‌ر، من غه‌درم لێ نه‌كردوویت. ئایا له‌گه‌ڵ من به‌ دینارێك ڕێك نه‌كه‌وتوویت؟ ""

14 هی خۆت ببه‌ و بڕۆ. من ده‌مه‌وێت به‌وه‌ی دواهه‌مینیش وه‌ك تۆی بده‌مێ."

15 ئایا بۆم نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌ ماڵی خۆمی بكه‌م؟ یان چاوت هه‌ڵنایه‌ت چونكه‌ من چاكم؟"

16 به‌م شێوه‌یه‌ دواهه‌مین ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مینیش دواهه‌مین.)"

17 كاتێ عیسا بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وت، دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی دابڕی و به‌ ڕێگاوه‌ پێی فه‌رموون:"

18 (ئه‌وا بۆ ئۆرشه‌لیم سه‌رده‌كه‌وین، كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست كاهینانی باڵا و مالمه‌كان، ئه‌وانیش بڕیاری مردنی ده‌ده‌ن و"

19 بۆ گاڵته‌ پێكردن و به‌ قامچی لێدان و له‌خاچدان ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌.)"

20 ئینجا دایكی كوڕه‌كانی زه‌بدی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی هاته‌ لای و كڕنۆشی برد و داوای لێ‌كرد شتێكی بۆ بكات."

21 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (چیت ده‌وێت؟) وتی: (بفه‌رموو با هه‌ردوو كوڕه‌كه‌م له‌ شانشینییه‌كه‌ت‌دا یه‌كێكیان له‌لای ڕاستت و ئه‌وی دیكه‌یان له‌لای چه‌پت دانیشن.)"

22 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌؟) پێیان وت: (ده‌توانین.)"

23 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (له‌ ڕاستی‌دا جامی من ده‌خۆنه‌وه‌، به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌، بۆ من نییه‌ بیده‌م، به‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ باوكم بۆی ئاماده‌ كردوون.)"

24 كاتێ ده‌یه‌كه‌ بیستیان، له‌ دوو براكه‌ تووڕه‌ بوون."

25 به‌ڵام عیسا بانگی كردن و فه‌رمووی: (ده‌زانن سه‌رۆك نه‌ته‌وه‌كان ئاغایه‌تییان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتدارن به‌سه‌ریانه‌وه‌."

26 جا له‌نێو ئێوه‌دا ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتان‌دا پایه‌ی به‌رز بێت، با ببێته‌ خزمه‌تكارتان و"

27 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێ له‌نێوتان‌دا ببێته‌ یه‌كه‌م، با ببێته‌ به‌نده‌تان،"

28 هه‌روه‌ك كوڕی مرۆڤ كه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو خزمه‌ت بكرێت، به‌ڵكو خزمه‌ت بكات و ژیانی خۆی له‌بری زۆران به‌خت بكات.)"

29 كاتێ له‌ ئه‌ریحا ده‌رده‌چوون، حه‌شاماتێك دوای كه‌وت."

30 ئه‌وه‌بوو دوو كه‌سی نابینا له‌ قه‌راغ ڕێگاكه‌دا دانیشتبوون، كاتێ گوێیان لێ‌بوو عیسا وا به‌وێدا ده‌ڕوات، هاواریان كرد: (گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێمان‌دا بێته‌وه‌.)"

31 جا خه‌ڵكه‌كه‌ لێیان ڕاخوڕین تاكو بێ‌ده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان كرد: (گه‌وره‌م، كوڕی داود، به‌زه‌ییت پێمان‌دا بێته‌وه‌!)"

32 عیسا ڕاوه‌ستا، بانگی كردن و فه‌رمووی: (چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟)"

33 پێیان وت: (چاومان بكه‌یته‌وه‌، گه‌وره‌م.)"

34 عیساش دڵی پێیان سووتا و ده‌ستی له‌ چاویان دا، یه‌كسه‌ر ڕۆشنایی هاته‌وه‌ چاویان و دوای كه‌وتن."

21

1 كاتێ له‌ ئۆرشه‌لیم نزیك بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ بێت‌فاجی لای كێوی زه‌یتوون، عیسا دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد و"

2 پێی فه‌رموون: (بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێك ده‌بینن به‌ستراوه‌ته‌وه‌، جاشكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵه‌. بیكه‌نه‌وه‌ و بۆ منیان بهێنن."

3 ئه‌گه‌ر یه‌كێك شتێكی پێ وتن، ده‌ڵێن: خوداوه‌ند پێویستی پێیانه‌، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یاننێرێت.)"

4 ئه‌مه‌ش ڕووی‌دا تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ وتراوه‌ بێته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ:"

5 {به‌ كچه‌كه‌ی سییۆن بڵێن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێته‌ لات، دڵنه‌رمه‌ و سواری ماكه‌رێك و جاشی ماكه‌رێك بووه‌.}"

6 قوتابییه‌كان ڕۆیشتن و وه‌ك عیسا فه‌رمانی پێ‌دابوون، كردیان."

7 ماكه‌ر و جاشكه‌كه‌یان هێنا، به‌ كه‌وایه‌كانیان كورتانیان كردن و عیسا سواربوو."

8 حه‌شاماتێك كه‌وایه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست. خه‌ڵكی دیكه‌ لقیان له‌ دار ده‌بڕییه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایان ده‌خست."

9 ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌پێشی ده‌ڕۆیشتن و ئه‌وانه‌ش كه‌ دوای كه‌وتبوون، هاواریان ده‌كرد: (هۆسانا بۆ كوڕی داود!) {ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت!} (هۆسانا له‌ به‌رزایی!)"

10 كاتێ عیسا چووه‌ ناو ئۆرشه‌لیم، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا و وتیان: (ئه‌مه‌ كێیه‌؟)"

11 خه‌ڵكه‌كه‌ش ده‌یان‌ووت: (ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر عیسایه‌، خه‌ڵكی ناسیره‌ی جه‌لیله‌.)"

12 عیسا چووه‌ ناو په‌رستگا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و كورسی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا."

13 پێی فه‌رموون: (نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت} ، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یكه‌نه‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} )"

14 نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكی‌كردنه‌وه‌."

15 به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و مالمه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و هه‌روه‌ها منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: (هۆسانا بۆ كوڕی داود)، ڕقیان هه‌ڵستا و"

16 پێیان وت: (گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟) عیساش پێی فه‌رموون: (به‌ڵێ، ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌} ؟)"

17 ئه‌وسا به‌جێی‌هێشتن و به‌ره‌و بێت‌عه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌."

18 به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسی بوو."

19 دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و چووه‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: (ئیتر هه‌رگیز به‌ر نه‌گریت!) یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشك بوو."

20 كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: (چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشك بوو؟)"

21 عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ بڵێن، "هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ ناو ده‌ریاوه‌،" وا ده‌بێت."

22 جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ری ده‌گرن.)"

23 كه‌ چووه‌ په‌رستگا و خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای و وتیان: (ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟)"

24 عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (منیش پرسیارێكتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م."

25 " له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیا، له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟ ئه‌وانیش له‌نێو خۆیان‌دا كه‌وتنه‌ ڕاوێژكردن، وتیان: "ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو،" ده‌ڵێت "باشه‌ بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌كرد؟" ""

26 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێین "له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو،" له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسین، چونكه‌ هه‌موو یه‌حیا به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن.)"

27 ئینجا وه‌ڵامی عیسایان دایه‌وه‌: (نازانین.) ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م.) ("

28 ڕاتان چییه‌؟ پیاوێك دوو كوڕی هه‌بوو. چووه‌ لای یه‌كه‌میان و وتی: "كوڕم ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ ڕه‌زه‌كه‌دا كار بكه‌.""

29 ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "ناچم." پاشان په‌شیمان‌بۆوه‌ و چوو."

30 چووه‌ لای دووه‌م و هه‌مان قسه‌ی كرد. وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "به‌سه‌رچاو ، گه‌وره‌م!" به‌ڵام نه‌چوو."

31 ئایا كام له‌م دووانه‌ به‌ خواستی باوكیان كرد؟) وتیان: (یه‌كه‌میان.) عیساش پێی فه‌رموون: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: باجگران و داوێنپیسان له‌ چوونه‌ ناو شانشینی خودا پێشتان ده‌كه‌ون."

32 چونكه‌ یه‌حیا به‌ ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوه‌ باوه‌ڕتان پێی نه‌كرد، كه‌چی باجگران و داوێنپیسان باوه‌ڕیان پێی كرد. دواتر كه‌ بینیشتان، هه‌ر تۆبه‌تان نه‌كرد و باوه‌ڕتان پێی نه‌كرد.)"

33 گوێ له‌ نموونه‌یه‌كی دیكه‌ بگرن: (گه‌وره‌ی ماڵێك هه‌بوو ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قولله‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد."

34 كاتێ وه‌رزی به‌رهه‌م نزیك‌بۆوه‌، خزمه‌تكاره‌كانی نارده‌ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرن."

35 ڕه‌زه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌ یه‌كێكیان دا و یه‌كێكیان كوشت و یه‌كێكیشیان به‌ردباران كرد."

36 دیسان خزمه‌تكاری زیاتری له‌وانه‌ی پێشوو نارد، هه‌مان شتیان له‌وانیش كرد."

37 له‌ كۆتایی‌دا كوڕه‌كه‌ی بۆ لایان نارد، وتی: "ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن.""

38 به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان كه‌ كوڕه‌كه‌یان بینی له‌ناو خۆیان‌دا وتیان: "ئه‌وه‌تا میراتگر، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر.""

39 ئینجا گرتییان و فڕێیان‌دایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان."

40 كاتێ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ دێت، چی له‌م ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كات؟)"

41 پێیان وت: (ئه‌و خراپه‌كارانه‌ به‌ خراپی له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ش ده‌داته‌ ده‌ست ڕه‌زه‌وانانی دیكه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ وه‌رزی خۆی به‌رهه‌می ده‌ده‌نێ.)"

42 عیسا پێی فه‌رموون: (قه‌ت له‌ نووسراوه‌كان نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی وه‌ستاكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچك، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌} ؟"

43 له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم: شانشینی خودا لێتان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات."

44 ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ری‌دا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات.)"

45 كاتێ كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان نموونه‌كانیان بیست، زانییان باسی ئه‌وان ده‌كات."

46 بۆیه‌ ده‌یانویست بیگرن، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا."

22

1 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌، دیسان به‌ نموونه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن:"

2 (پاشایه‌تی ئاسمان له‌ پاشایه‌ك ده‌چێت كه‌ زه‌ماوه‌ندی بۆ كوڕه‌كه‌ی گێڕا."

3 كۆیله‌كانی نارد تاكو بانگكراوان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگ بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانویست بێن."

4 دیسان كۆیله‌ی دیكه‌ی نارد و وتی: "به‌ بانگكراوان بڵێن، ئه‌وه‌تا شێوم ئاماده‌ كردووه‌، گا و دابه‌ستییه‌كانیشم سه‌ربڕیوه‌ و هه‌موو شتێك ئاماده‌یه‌. وه‌رنه‌ زه‌ماوه‌نده‌كه‌!""

5 به‌ڵام گوێیان نه‌دایێ و ڕۆیشتن، یه‌كێك بۆ كێڵگه‌كه‌ی و ئه‌وی دیكه‌ بۆ بازرگانییه‌كه‌ی."

6 ئه‌وانی دیكه‌ كۆیله‌كانی ئه‌ویان گرت و سووكایه‌تیان پێ كردن و كوشتیانن."

7 جا پاشا تووڕه‌ بوو و سه‌ربازه‌كانی خۆی نارد و ئه‌و بكوژانه‌ی له‌ناوبرد و شاره‌كه‌ی سووتاندن."

8 ئینجا به‌ كۆیله‌كانی وت: "زه‌ماوه‌ند ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بانگكراوه‌كان شایسته‌ نه‌بوون، ""

9 كه‌واته‌ بڕۆنه‌ سه‌ر ڕێگاكان و ئه‌وه‌ی بینیتان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگی بكه‌ن."

10 ئه‌و كۆیلانه‌ش چوونه‌ سه‌ر ڕێگاوبانه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ باش و خراپ بینییان كۆیان كردنه‌وه‌، تاكو زه‌ماوه‌نده‌كه‌ پڕبوو له‌ میوان."

11 كاتێ پاشا هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میوانه‌كان ببینێت، له‌وێ یه‌كێكی بینی جلی زه‌ماوه‌ندی له‌به‌ر نه‌كردبوو."

12 پێی ده‌ڵێت: "براده‌ر، چۆن بێ جلی زه‌ماوه‌ند هاتییه‌ ژووره‌وه‌؟" ئه‌و بێ‌ده‌نگ بوو."

13 ئینجا پاشا به‌ خزمه‌تكارانی وت: "په‌لبه‌ستی بكه‌ن و فڕێی‌بده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێ ده‌بێت.""

14 چونكه‌ بانگكراو زۆرن، به‌ڵام بژارده‌ كه‌من.)"

15 ئینجا فه‌ریسییه‌كان ڕۆیشتن و ته‌گبیریان كرد تاكو به‌ قسه‌یه‌ك تووشی بكه‌ن."

16 قوتابییه‌كانی خۆیان و هێرۆدسییه‌كانیان نارده‌ لای و وتیان: (مامۆستا، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا به‌ ڕاستی فێرده‌كه‌یت و گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕواڵه‌تی خه‌ڵك ناكه‌یت."

17 كه‌واته‌ پێمان بفه‌رموو ڕات چییه‌: دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ر یان نا؟)"

18 عیسا به‌ نیازخراپی ئه‌وانی زانی و فه‌رمووی: (ئه‌ی دووڕووان، بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟"

19 پاره‌ی سه‌رانه‌م پیشان بده‌ن.) ئه‌وانیش دینارێكیان بۆ هێنا."

20 پێی فه‌رموون: (ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟)"

21 پێیان وت: (قه‌یسه‌ر.) ئینجا پێی فه‌رموون: (هی قه‌یسه‌ر بده‌نه‌ قه‌یسه‌ر، هی خوداش بده‌نه‌ خودا.)"

22 كه‌ گوێیان لێ‌بوو سه‌رسام بوون، ئینجا به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن."

23 له‌ هه‌مان ڕۆژدا سه‌دوقییه‌كان هاتنه‌ لای - كه‌ ده‌ڵێن هه‌ڵستانه‌وه‌ نییه‌ - پرسیاریان لێ‌كرد:"

24 (مامۆستا، موسا فه‌رمووی، ئه‌گه‌ر پیاوێكی وجاخكوێر مرد، ئه‌وا براكه‌ی براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌."

25 جا له‌لای ئێمه‌ حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی بۆ براكه‌ی به‌جێ‌هێشت،"

26 به‌ هه‌مان شێوه‌ دووه‌م و سێیه‌م تاكو حه‌وته‌م."

27 له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد."

28 ئایا له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌دا ده‌بێته‌ ژنی كام له‌ حه‌وته‌كه‌؟ چونكه‌ هی هه‌موویان بووه‌.)"

29 عیسا له‌ وه‌ڵام‌دا پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا چوونه‌، نه‌ له‌ نووسراوه‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا."

30 چونكه‌ له‌ هه‌ڵستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسمان وه‌ك فریشته‌ ده‌بن."

31 به‌ڵام ده‌رباره‌ی هه‌ڵستانه‌وه‌ی مردووان، ئایا ئه‌وه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌ به‌ ئێوه‌ وتراوه‌ و ده‌فه‌رمووێ:"

32 {منم خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب} ؟ خودا خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو هی زیندووانه‌.)"

33 خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌ گوێیان لێی‌بوو، له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون."

34 به‌ڵام فه‌ریسییه‌كان بیستیان كه‌ عیسا سه‌دوقییه‌كانی بێ‌ده‌نگ كردووه‌، پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌."

35 یه‌كێكیان ته‌وراتناس بوو، پرسیاری لێ‌كرد تاكو تاقی بكاته‌وه‌:"

36 (مامۆستا، چ ڕاسپارده‌یه‌ك گرنگترینی ته‌وراته‌؟)"

37 عیسا پێی فه‌رموو: {خودای په‌روه‌ردگاری خۆت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو گیان و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆش‌بووێ.}"

38 ئه‌مه‌ گرنگترین و یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌."

39 دووه‌میشیان وه‌ك ئه‌و وایه‌: {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ.}"

40 جا هه‌موو ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران به‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌وه‌ به‌ندن.)"

41 كاتێ فه‌ریسییه‌كان كۆببوونه‌وه‌، عیسا لێی پرسین:"

42 (ده‌رباره‌ی مه‌سیح چی ده‌ڵێن، كوڕی كێیه‌؟) پێیان وت: (كوڕی داوده‌.)"

43 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: (كه‌واته‌، چۆن داود له‌ ڕۆح‌دا پێی ده‌ڵێ خوداوه‌ند؟ چونكه‌ ده‌ڵێ:"

44 {خوداوه‌ند به‌ خوداوه‌ندمی فه‌رموو: له‌ ده‌سته‌ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت.}"

45 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر داود پێی بڵێ خوداوه‌ند، ئیتر چۆن كوڕی ئه‌وه‌؟)"

46 جا كه‌سیان نه‌یانتوانی به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌، له‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ ئیتر نه‌یان‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن."

23

1 ئینجا عیسا به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی خۆی"

2 فه‌رموو: (مالم و فه‌ریسییه‌كان له‌سه‌ر كورسی موسا دانیشتن."

3 بۆیه‌ هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێن بیكه‌ن و ڕایبگرن، به‌ڵام به‌ كرداری ئه‌وان مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن و نایكه‌ن."

4 باری قورس كه‌ هه‌ڵناگیرێت، ده‌یپێچنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكی، به‌ڵام به‌ خۆیان نایانه‌وێت به‌ په‌نجه‌ش بیجووڵێنن."

5 هه‌موو كرداره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی بیانبینن، به‌ پانكردنی نوشته‌كانیان و گه‌وره‌كردنی گوڵینگی ڕیشاڵه‌كانیان."

6 حه‌زده‌كه‌ن له‌ میوانداری له‌لای سه‌ره‌وه‌ و له‌ كه‌نیشته‌كانیش ڕیزی پێشه‌وه‌،"

7 له‌ بازاڕیش‌دا سڵاویان لێ بكرێت و خه‌ڵك به‌ "ڕابی " بانگیان بكه‌ن."

8 به‌ڵام با ئێوه‌ به‌ "ڕابی" بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ ته‌نها یه‌ك مامۆستاتان هه‌یه‌ و ئێوه‌ش هه‌موو بران."

9 كه‌سیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌ "باوك" بانگ مه‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌ك باوكتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌."

10 به‌ "مامۆستا" بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ یه‌ك مامۆستاتان هه‌یه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌."

11 ئه‌وه‌ی له‌نێوتان پایه‌ به‌رزتره‌، ده‌بێته‌ خزمه‌تكارتان."

12 ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكات نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكات به‌رز ده‌كرێته‌وه‌."

13 (به‌ڵام قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! چونكه‌ شانشینی ئاسمان له‌ڕووی خه‌ڵك داده‌خه‌ن، نه‌ خۆتان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ و نه‌ ده‌هێڵن ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌. ["

14 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! ماڵی بێوه‌ژن هه‌ڵده‌لووشن، بۆ ده‌رخستنیش نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سزاتان گه‌وره‌تره‌.]"

15 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! ده‌ریا و وشكایی ده‌گه‌ڕێن تاكو یه‌كێك بكه‌نه‌ جوله‌كه‌، كه‌ بوو، ئه‌وسا دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆتان ده‌یكه‌نه‌ كوڕی دۆزه‌خ."

16 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا بخوات، هیچ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ زێڕی په‌رستگا بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌.""

17 ئه‌ی گێل و كوێرینه‌، كامیان گرنگتره‌، زێڕه‌كه‌ یان په‌رستگا كه‌ زێڕه‌كه‌ پیرۆز ده‌كات؟"

18 هه‌روه‌ها "ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا بخوات، هیچ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانییه‌كه‌ی سه‌ری بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌.""

19 ئه‌ی كوێرینه‌ كامیان گرنگتره‌، قوربانی یان قوربانگا كه‌ قوربانییه‌كه‌ پیرۆز ده‌كات؟"

20 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ریه‌تی."

21 ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ ئه‌وه‌ش كه‌ تیای‌دا نیشته‌جێیه‌."

22 ئه‌وه‌ی سوێند به‌ ئاسمان ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌ ته‌ختی خودا ده‌خوات و به‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ری دانیشتووه‌."

23 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! چونكه‌ ده‌یه‌كی پونگ و شبیت و ڕازیانه‌ ده‌ده‌ن و گرنگترینی ته‌وراتتان پشتگوێ خستووه‌ - دادپه‌روه‌ری و به‌زه‌یی و دڵسۆزی - پێویست بوو ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن."

24 ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ مێشووله‌ ده‌پاڵێون، به‌ڵام وشتر قووت‌ده‌ده‌ن!"

25 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاك‌ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌ڕه‌ڵایی."

26 ئه‌ی فه‌ریسی كوێر، یه‌كه‌م جار ناو جام پاك‌بكه‌وه‌، تاكو ده‌ره‌وه‌شی پاك‌بێته‌وه‌."

27 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ گۆڕی سپیكراو ده‌چن، كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت جوان دیاره‌، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ ئێسقانی مردووان و هه‌موو پیسییه‌ك."

28 ئێوه‌ش ئاوان، به‌ ڕواڵه‌ت له‌لای خه‌ڵك ڕاستودروستن، به‌ڵام ناوه‌وه‌تان پڕه‌ له‌ دووڕوویی و سه‌رپێچی."

29 قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی مالم و فه‌ریسییه‌كان! دووڕووان! ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن و ئارامگای پیاوچاكان ده‌ڕازێننه‌وه‌ و"

30 ده‌ڵێن: "ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می باوباپیران‌دا ببووینابووایه‌، له‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ران به‌شدارییان نه‌ده‌بووین.""

31 كه‌واته‌ شایه‌تی له‌سه‌ر خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ كوڕی پێغه‌مبه‌ركوژانن."

32 جا ئێوه‌ پێوانه‌ی باوباپیرانتان پڕ بكه‌ن!"

33 ئه‌ی مارینه‌! ئه‌ی بێچوی كۆره‌ماران! چۆن له‌ حوكمی دۆزه‌خ ڕاده‌كه‌ن؟"

34 له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر و دانا و مالمتان بۆ ده‌نێرم. لێیان ده‌كوژن و له‌ خاچیان ده‌ده‌ن، له‌ كه‌نیشته‌كانتان به‌ر قامچییان ده‌ده‌ن و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ هه‌ڵیان ده‌بڕن."

35 بۆیه‌ هه‌موو خوێنێكی پاك كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ڕژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆتان، له‌ خوێنی هابیلی ڕاستودروسته‌وه‌ تاكو خوێنی زه‌كه‌ریای كوڕی به‌رخیا كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا كوشتتان."

36 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئۆباڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م نه‌وه‌یه‌.)"

37 (ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری ئه‌وانه‌ی بۆت نێردران، چه‌ند جار ویستم منداڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ك مریشك جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵی‌دا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست."

38 ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆ به‌جێ ده‌هێڵدرێ!"

39 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، ئیتر نامبیننه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن: {ستایشكراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خوداوه‌نده‌وه‌ دێت.} )"

24

1 عیسا له‌ په‌رستگا هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕۆیشت، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێش تاكو سه‌رنجی بۆ ته‌لاره‌كانی په‌رستگا ڕابكێشن."

2 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بینن؟ ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: لێره‌ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت.)"

3 كاتێ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ ته‌نها هاتنه‌ لای و وتیان: (پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و كۆتایی ڕۆژگار چییه‌؟)"

4 عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئاگاداربن، كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات."

5 چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن "من مه‌سیحم"، زۆر كه‌س چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن."

6 جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا كۆتایی نییه‌."

7 چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و شانشین له‌ شانشین، برسیێتی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت."

8 به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانه‌."

9 ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌ر ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌."

10 ئه‌و كاته‌ زۆران له‌ ڕێ لاده‌ده‌ن و یه‌كتری به‌ گرتن ده‌ده‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتری ده‌بێته‌وه‌."

11 زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن قیت‌ده‌بنه‌وه‌، زۆران چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن."

12 له‌به‌ر زۆربوونی سه‌رپێچی، خۆشه‌ویستی زۆران سارد ده‌بێته‌وه‌."

13 به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكو كۆتایی دانبه‌خۆی‌دا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت."

14 ئه‌م ئینجیلی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهان‌دا جاڕده‌درێت، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا كۆتاییه‌كه‌ دێت."

15 بۆیه‌ كاتێ ده‌بینن {قێزه‌وه‌نی وێرانكار} له‌ شوێنی پیرۆزدا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیال باسی كردووه‌ - با خوێنه‌ر تێبگات -،"

16 ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌هودیادانه‌ ڕاكه‌نه‌ چیاكان،"

17 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ تاكو شته‌كانی له‌ ماڵه‌وه‌ ببات."

18 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌یه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكو جله‌كه‌ی ببات."

19 له‌و ڕۆژانه‌دا قوڕ به‌سه‌ر دووگیان و شیرده‌ران!"

20 نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت."

21 چونكه‌ له‌وكات‌دا ته‌نگانه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ ڕووده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت."

22 ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌."

23 " ئه‌وسا ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی‌ووتن: "ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌!" یان: "ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌!" باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. ""

24 چونكه‌ مه‌سیحانی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی گه‌وره‌ و په‌رجو ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن."

25 ئه‌وه‌تا پێش وه‌خت پێم وتن."

26 " بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێیان وتن: "ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌!" ده‌رنه‌چن، "ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌!" باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. ""

27 چونكه‌ چۆن بروسكه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تاكو ڕۆژئاوا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت."

28 كه‌لاك له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌."

29 یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌، {خۆر تاریك ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێن.}"

30 له‌و كاته‌ نیشانه‌ی كوڕی مرۆڤ له‌ ئاسمان‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، {كوڕی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسمان‌دا به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ دێت.}"

31 فریشته‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی ده‌نگ گه‌وره‌وه‌ ده‌نێرێ، بژارده‌كانی له‌ چوار بایه‌كه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م سه‌ری ئاسمانه‌وه‌ تاكو ئه‌وسه‌ری."

32 له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌."

33 به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌."

34 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت."

35 ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن."

36 سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، نه‌ فریشته‌كانی ئاسمان و نه‌ كوڕه‌كه‌، ته‌نها باوك‌ نه‌بێ."

37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت."

38 چونكه‌ وه‌ك له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نوح چووه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌،"

39 تاكو لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد، هه‌ستیان پێ نه‌كرد. هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت."

40 له‌و كاته‌دا دوو پیاو له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ."

41 دوو ئافره‌ت ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ."

42 بۆیه‌ ئێشك بگرن، چونكه‌ نازانن له‌ چ ڕۆژێك‌دا خوداوه‌ندتان دێته‌وه‌."

43 به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ی ماڵ بزانێت له‌ چ به‌تڵێك‌دا دز دێته‌ سه‌ری، ئێشك ده‌گرێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت."

44 كه‌واته‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ كوڕی مرۆڤ له‌ كاتێك‌دا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌."

45 كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ دڵسۆز و ژیره‌ی گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر خزمه‌تكارانی خۆی دایناوه‌، تاكو له‌ كاتی خۆی‌دا خواردنیان بداتێ؟"

46 خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات."

47 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌ی‌دا دایده‌نێت."

48 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ خراپه‌ له‌ دڵی خۆی‌دا بڵێ: "گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت"،"

49 ئینجا ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌."

50 ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و خزمه‌تكاره‌ له‌ ڕۆژێك‌دا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاتژمێرێك كه‌ نایزانێت."

51 ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ دووڕووان‌دا داده‌نێت، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ‌دا ده‌بێت."

25

1 له‌م كاته‌دا شانشینی ئاسمان وه‌كو ده‌ پاكیزه‌ ده‌بێ، چرایان هه‌ڵگرتبێ و به‌ره‌وپیری زاوا ده‌رچن."

2 پێنج له‌وان گێل بوون، پێنجیش دانا."

3 گێله‌كان چراكانیان برد و زه‌یتیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌برد."

4 به‌ڵام داناكان له‌گه‌ڵ چراكانیان زه‌یتیان له‌ناو گۆزه‌دا برد."

5 كاتێ زاوا دواكه‌وت، هه‌موو خه‌ویان هات و نووستن."

6 له‌ نیوه‌ شه‌ودا هاوار كرا: "ئه‌وه‌تا زاوا، به‌ره‌وپیری ده‌رچن!""

7 هه‌موو ئه‌و پاكیزانه‌ش هه‌ڵستان و چراكانیان ئاماده‌ كرد."

8 گێله‌كان به‌ داناكانیان وت: "له‌ زه‌یته‌كه‌ی خۆتان به‌شمان بده‌ن، چونكه‌ چراكانمان ده‌كوژێته‌وه‌!""

9 به‌ڵام داناكان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌: "له‌وانه‌یه‌ به‌شی ئێمه‌ و ئێوه‌ نه‌كات. چاكتره‌ بچنه‌ لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بكڕن.""

10 كه‌ ئه‌وان بۆ كڕین چوون، زاوا هات، ئه‌وانه‌ی بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ ئاماده‌بوون، له‌گه‌ڵی چوونه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌رگا داخرا."

11 پاشان پاكیزه‌كانی دیكه‌ش هاتن و وتیان: "گه‌وره‌م، گه‌وره‌م! ده‌رگامان لێ بكه‌وه‌!""

12 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، من ناتانناسم.""

13 كه‌واته‌ ئێشك بگرن، چونكه‌ ڕۆژ و كاته‌كه‌ نازانن."

14 دیسان، شانشینی ئاسمان وه‌ك پیاوێكه‌ گه‌شت بكات، كۆیله‌كانی بانگ ده‌كات و موڵكه‌كه‌ی خۆی ده‌داته‌ ده‌ستیان."

15 پێنج تالنتی دا یه‌كێكیان و ئه‌وی دیكه‌ دوو تالنت و سێیه‌میش یه‌ك تالنت، هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانای خۆی، یه‌كسه‌ریش چووه‌ گه‌شت."

16 ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوه‌ كرد، پێنجی دیكه‌شی به‌ده‌ست‌هێنا."

17 به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌كه‌ش، دووی دیكه‌ی به‌ده‌ست‌هێنا."

18 به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كه‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و چاڵێكی له‌ زه‌وی‌دا هه‌ڵكه‌ند و زیوی گه‌وره‌كه‌ی شارده‌وه‌."

19 دوای ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیلانه‌ دێت و لێیان ده‌پرسێته‌وه‌."

20 ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، دێت و پێنج تالنتی دیكه‌ش ده‌هێنێت و ده‌ڵێت: "گه‌وره‌م تۆ پێنج تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا پێنج تالنتی دیكه‌م به‌ده‌ست‌هێناوه‌.""

21 گه‌وره‌كه‌ی پێی‌ووت: "ده‌ست‌خۆش ئه‌ی كۆیله‌ی چاك و دڵسۆز! له‌ كه‌م ده‌ستپاك بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشی گه‌وره‌كه‌ت.""

22 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی دوو تالنته‌كه‌ هات و وتی: "گه‌وره‌م تۆ دوو تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا دوو تالنتی دیكه‌م به‌ده‌ست‌هێناوه‌.""

23 گه‌وره‌كه‌ی پێی‌ووت: "ده‌ست‌خۆش كۆیله‌ی چاك و ده‌ستپاك! له‌ كه‌م ده‌ستپاك بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشی گه‌وره‌كه‌ت.""

24 ئینجا ئه‌وه‌ی یه‌ك تالنته‌كه‌ی وه‌رگرتبوو هات و وتی: "گه‌وره‌م، زانیم تۆ پیاوێكی دڵڕه‌قی، شوێنێك ده‌درویته‌وه‌ كه‌ تۆوت نه‌كردووه‌، له‌ شوێنێك كۆده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بات نه‌كردووه‌، ""

25 جا ترسام و چووم تالنته‌كه‌تم له‌ناو زه‌وی‌دا شارده‌وه‌. ها ئه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ته‌."

26 گه‌وره‌كه‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه‌: "ئه‌ی كۆیله‌ی خراپ و ته‌وه‌زه‌ل! كه‌ زانیت من دروێنه‌ له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌م كه‌ تۆوم نه‌كردووه‌، له‌وه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بام نه‌كردووه‌، ""

27 ده‌بووایه‌ زیوه‌كه‌مت له‌ بانك دابنابووایه‌، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م‌دا ئه‌وه‌ی هی منه‌ له‌گه‌ڵ سووه‌كه‌ی وه‌رم ده‌گرته‌وه‌."

28 بۆیه‌ ئه‌و تالنته‌ی لێ بسه‌ننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ تالنته‌كه‌ی پێیه‌."

29 چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یبێت، پێی ده‌درێت و لێی ده‌ڕژێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌."

30 كۆیله‌ بێ سووده‌كه‌ش فڕێبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت."

31 كاتێ كوڕی مرۆڤ به‌ شكۆی خۆی دێته‌وه‌ و هه‌موو فریشته‌كانیش له‌گه‌ڵی‌دان، ئه‌وسا له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت."

32 هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رده‌می كۆده‌بنه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ یه‌كتریان جیا ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك شوان مه‌ڕ له‌ بزن جیا ده‌كاته‌وه‌."

33 جا مه‌ڕه‌كان له‌لای ڕاستی خۆی ڕاده‌گرێت، به‌ڵام بزنه‌كان له‌لای چه‌پ."

34 ئینجا پاشا به‌وانه‌ی لای ڕاستیه‌وه‌ن ده‌فه‌رمووێ: "وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوكم به‌ره‌كه‌تی پێ‌دان، ببنه‌ میراتگری ئه‌و شانشینه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ بۆتان ئاماده‌ كراوه‌. ""

35 چونكه‌ برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان كردمه‌وه‌."

36 ڕووت بووم به‌رگتان كردم، نه‌خۆش بووم سه‌رتان لێ‌دام، زیندانی بووم هاتنه‌ لام."

37 ئه‌وسا ڕاستودروستان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌: "گه‌وره‌م، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی بینیوه‌ و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ ""

38 كه‌ی تۆمان به‌ نامۆیی بینیوه‌ و شوێنمان كردوویته‌وه‌، یان به‌ ڕووتی و به‌رگمان كردوویت؟"

39 كه‌ی تۆمان به‌ نه‌خۆشی یان زیندانی بینیوه‌ و هاتووین بۆ لات؟"

40 ئینجا پاشا وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌: "ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم، هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێك له‌م برا بچووكانه‌م كردووه‌، بۆ منتان كردووه‌.""

41 دواتر به‌وانه‌ی له‌لای چه‌پیه‌وه‌ن ده‌فه‌رمووێ: "لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌! ئه‌ی نه‌فره‌ت‌لێ‌كراوان به‌ره‌و ئاگری تاهه‌تایی، ئه‌وه‌ی بۆ ئیبلیس و فریشته‌كانی ئاماده‌ كراوه‌. ""

42 چونكه‌ برسی بووم نانتان نه‌دام، تینوو بووم ئاوتان نه‌دامێ،"

43 نامۆ بووم شوێنتان نه‌كردمه‌وه‌، ڕووت بووم به‌رگتان نه‌كردم، نه‌خۆش و زیندانی بووم سه‌رتان لێ نه‌دام."

44 ئه‌وانیش وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌: "گه‌وره‌م، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نه‌خۆش یان زیندانی بینیوه‌ و خزمه‌تمان نه‌كردوویت؟""

45 ئه‌ویش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌: "ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێك له‌م بچووكانه‌ نه‌كردووه‌، بۆ منیشتان نه‌كردووه‌.""

46 ئه‌وانه‌ بۆ سزای تاهه‌تایی ده‌چن، به‌ڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی تاهه‌تایی.)"

26

1 كاتێ عیسا ئه‌م وتانه‌ی هه‌موو ته‌واو كرد، به‌ قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو:"

2 (ده‌زانن په‌سخه‌ دوو ڕۆژی ماوه‌. كوڕی مرۆڤیش به‌ گرتن ده‌درێت تاكو له‌ خاچ بدرێت.)"

3 ئینجا كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل له‌ كۆشكی سه‌رۆكی كاهینان كه‌ ناوی قه‌یافا بوو كۆببوونه‌وه‌،"

4 پێكه‌وه‌ ته‌گبیریان ده‌كرد، به‌ فێڵێك عیسا بگرن و بیكوژن."

5 به‌ڵام وتیان: (به‌ڵام نه‌ك له‌ جه‌ژن‌دا، نه‌وه‌ك ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ ناو خه‌ڵك.)"

6 كاتێ عیسا له‌ بێت‌عه‌نیا له‌ ماڵی شیمۆنه‌ گول بوو،"

7 ژنێك به‌ بوتڵێكی ئه‌له‌باسته‌ریی بۆنی گرانبه‌هاوه‌ بۆ لای هات و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ری‌دا ڕژاند كه‌ له‌سه‌ر خوان بوو."

8 كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و وتیان: (ئه‌م ده‌ست بڵاوییه‌ی بۆ چییه‌؟"

9 ده‌توانرا به‌ نرخێكی گران بفرۆشرابووایه‌ و بدرابووایه‌ته‌ هه‌ژاران.)"

10 عیسا زانی و پێی فه‌رموون: (بۆچی گرفت بۆ ژنه‌كه‌ ده‌نێنه‌وه‌؟ شتێكی چاكی بۆ من كرد."

11 هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم."

12 كاتێ ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی به‌سه‌ر له‌شم‌دا ڕژاند، بۆ ئاماده‌كردنم بۆ ناشتن ئه‌مه‌ی كرد."

13 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهان‌دا له‌ هه‌ر كوێ جاڕی ئه‌م ئینجیله‌ بدرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی.)"

14 ئینجا یه‌كێك له‌ دوازده‌كه‌ كه‌ ناوی یه‌هوزای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، بۆ لای كاهینانی باڵا ڕۆیشت،"

15 وتی: (چیم ده‌ده‌نێ تاكو بیده‌مه‌ ده‌ستتان؟) ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ كێشا."

16 ئیتر بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕا تاكو به‌ گرتنی بدات."

17 له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا ، قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای عیسا و وتیان: (ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ و ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟)"

18 فه‌رمووی: (بڕۆنه‌ ناو شار، بۆ لای فڵانه‌ كه‌س، پێی بڵێن: "مامۆستا ده‌فه‌رمووێ، كاتم نزیك‌بۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم له‌لای تۆ په‌سخه‌ ده‌كه‌م.")"

19 قوتابییه‌كانیش فه‌رمانی عیسایان جێبه‌جێ كرد و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد."

20 كه‌ ئێواره‌ داهات، عیسا له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵی‌دایه‌وه‌."

21 كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: (ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان به‌ گرتنم ده‌دات.)"

22 ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: (گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟)"

23 وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ ناو قاپه‌كه‌، ئه‌و به‌ گرتنم ده‌دات."

24 كوڕی مرۆڤیش ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ به‌ گرتن ده‌دات! باشتر بوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.)"

25 ئینجا یه‌هوزا، ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی ده‌دات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕابی، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟) پێی فه‌رموو: (خۆت وتت.)"

26 كه‌ نانیان ده‌خوارد، عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: (وه‌رگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌.)"

27 ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و سوپاسی خودای كرد، پێی‌دان و فه‌رمووی: (هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌،"

28 چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، خوێنی په‌یمانه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ پێناوی زۆران‌دا بۆ گوناه‌ به‌خشین ده‌ڕژێت."

29 پێتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا ئیتر له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ شانشینی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌.)"

30 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان وت و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون."

31 ئینجا عیسا پێی فه‌رموون: (ئه‌م شه‌و هه‌مووتان ساتمه‌م لێ‌ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مه‌ڕی مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بن.}"

32 به‌ڵام دوای هه‌ڵستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.)"

33 په‌ترۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر هه‌موو پشتت لێ بكه‌ن، من قه‌ت پشتت لێ ناكه‌م.)"

34 عیسا پێی فه‌رموو: (ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بانگ بدات، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.)"

35 په‌ترۆسیش پێی‌ووت: (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌گه‌ڵیشت بمرم، هه‌رگیز نكۆڵیت لێ ناكه‌م.) قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت."

36 دوای ئه‌وه‌ عیسا له‌گه‌ڵیان بۆ شوێنێك چوو پێی ده‌ووترا، گه‌تسیمانی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م.)"

37 په‌ترۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد و په‌ژاره‌ و دڵته‌نگی دایده‌گرت."

38 پێی فه‌رموون: (زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و شه‌واره‌م له‌گه‌ڵ بگرن.)"

39 كه‌مێك چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌ی فه‌رموو: (باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ك وه‌ك من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ.)"

40 هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: (ئه‌رێ نه‌تانتوانی كاتژمێرێك شه‌واره‌م له‌گه‌ڵ بگرن؟"

41 شه‌واره‌ بگرن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. چونكه‌ ڕۆح چاڵاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌.)"

42 دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد: (باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌مه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت.)"

43 دیسان هاته‌وه‌ و بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو."

44 ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی ده‌كرد و هه‌مان شتی ده‌ووته‌وه‌."

45 دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كان و پێی فه‌رموون: (هێشتا نووستوون و پشوو ده‌ده‌ن؟ ئه‌وه‌تا كات نزیك‌بۆته‌وه‌ و كوڕی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ستی گوناهباران."

46 هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی به‌ گرتنم ده‌دات نزیك‌بۆوه‌.)"

47 هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئه‌وه‌بوو یه‌هوزا هات كه‌ یه‌كێك بوو له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ‌بوو به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون."

48 ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی دا نیشانه‌یه‌كی پێ‌دان و وتبووی: (ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن.)"

49 یه‌كسه‌ر هاته‌ لای عیسا و وتی: (سڵاو ڕابی.) ئینجا ماچی كرد."

50 عیساش پێی فه‌رموو: (هاوڕێ، ئه‌وه‌ی بۆی هاتووی بیكه‌.) ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و عیسایان ده‌ست‌به‌سه‌ر كرد و گرتییان."

51 له‌ناكاو یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ عیسادان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ خزمه‌تكاری سه‌رۆكی كاهینانی دا و گوێی بڕی."

52 عیسا پێی فه‌رموو: (شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر ده‌مرن."

53 ئایا وا ده‌زانیت ناتوانم بانگی باوكم بكه‌م و زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟"

54 به‌ڵام ئیتر چۆن نووسراوه‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟)"

55 له‌و كاته‌دا عیسا به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: (وه‌ك بۆ گرتنی ڕابه‌رێكی شۆڕشگێر به‌ كوته‌ك و شمشێره‌وه‌ هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم."

56 به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕووی‌دا بۆ هاتنه‌دی نووسراوه‌كانی پێغه‌مبه‌ران.) ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و ڕایانكرد."

57 ئه‌وانه‌ی عیسایان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یافای سه‌رۆك كاهین، له‌وێ مالمه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌."

58 په‌ترۆسیش دووربه‌دوور بۆ حه‌وشه‌ی سه‌رۆكی كاهینان دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێو خزمه‌تكاران دانیشت تاكو ده‌ره‌نجامه‌كه‌ ببینێت."

59 كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌درین به‌دوای شایه‌تییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر عیسا، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن."

60 به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر شایه‌تی درۆزن هاتن. له‌ كۆتایی‌دا دووان هاتن،"

61 وتیان: (ئا ئه‌مه‌ وتی: "ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم و به‌ سێ ڕۆژ بنیادی بنێمه‌وه‌.")"

62 جا سه‌رۆكی كاهینان هه‌ڵستا و پێی‌ووت: (هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌م پیاوانه‌ شایه‌تی چی له‌سه‌ر تۆ ده‌ده‌ن؟)"

63 به‌ڵام عیسا بێ‌ده‌نگ بوو. سه‌رۆكی كاهینانیش پێی‌ووت: (سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی ، كوڕی خودا.)"

64 عیسا پێی فه‌رموو: (تۆ وتت. منیش پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئێستاوه‌ {كوڕی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌سه‌ر هه‌وری ئاسمان‌دا دێته‌وه‌.} )"

65 ئینجا سه‌رۆكی كاهینان جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: (كفری كرد! ئیتر چ پێویستیمان به‌ شایه‌ت هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا گوێتان له‌ كفره‌كه‌ بوو."

66 چی ده‌بینن؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (شایانی مردنه‌!)"

67 ئینجا تفیان له‌ڕووی كرد و مستیان لێدا، هه‌ندێكیش زلله‌یان لێدا و"

68 وتیان: (ئه‌ی مه‌سیح پێشبینی بكه‌، كێ بوو لێی‌دایت؟)"

69 له‌و كاته‌دا په‌ترۆس له‌ حه‌وشه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ دانیشتبوو. كه‌نیزه‌كێك هاته‌ لای و وتی: (تۆش له‌گه‌ڵ عیسای جه‌لیلی بوویت.)"

70 ئه‌ویش له‌به‌رده‌م هه‌موویان نكۆڵی كرد: (نازانم چی ده‌ڵێی.)"

71 ئینجا ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش بینی و به‌وانه‌ی ئه‌وێی وت: (ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ عیسای ناسیره‌یی بوو.)"

72 دیسان به‌ سوێندخواردنه‌وه‌ نكۆڵی لێ‌كرد: (ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!)"

73 دوای كه‌مێك ئه‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون هاتن و به‌ په‌ترۆسیان وت: (به‌ ڕاستی تۆش له‌وانیت، زمانت ئاشكرات ده‌كات.)"

74 جا ده‌ستی‌كرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: (ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!) یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر بانگی دا."

75 ئه‌وسا په‌ترۆس قسه‌كانی عیسای بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: (پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بانگ بدات، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت.) ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ كوڵ گریا."

27

1 كاتێ ڕۆژ‌بۆوه‌، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل ته‌گبیریان له‌ عیسا كرد تاكو بیكوژن."

2 جا به‌ستیانه‌وه‌ و بردییان و دایانه‌ ده‌ست پیلاتۆسی فه‌رمانڕه‌وا."

3 ئینجا یه‌هوزا، ئه‌وه‌ی به‌ گرتنی دا كه‌ بینی عیسا بڕیاری به‌سه‌ردا درا، په‌شیمان‌بۆوه‌، سی دراوه‌ زیوه‌كه‌ی بۆ كاهینانی باڵا و پیران گه‌ڕانده‌وه‌ و"

4 وتی: (گوناهم كرد كه‌ خوێنێكی بێ‌تاوانم به‌ گرتن دا.) وتیان: (به‌ ئێمه‌ چی؟ خۆت ده‌زانیت.)"

5 ئه‌ویش زیوه‌كانی له‌ په‌رستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هه‌ڵواسی."

6 به‌ڵام كاهینانی باڵا دراوه‌ زیوه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌ و وتیان: (دروست نییه‌ بیخه‌ینه‌ گه‌نجینه‌ی په‌رستگاوه‌، چونكه‌ نرخی خوێنه‌.)"

7 ئینجا ته‌گبیریان كرد و كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان پێی كڕی، بۆ گۆڕستانی بێگانان."

8 بۆیه‌ ئه‌و كێڵگه‌یه‌ تاكو ئه‌مڕۆش پێی ده‌ووترێ كێڵگه‌ی خوێن."

9 ئه‌وسا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئیرمیا وتراوه‌، هاته‌ دی: {سی زیوه‌كه‌یان برد، نرخی به‌ها بۆ دانراو، ئه‌وه‌ی كوڕه‌كانی ئیسرائیل خه‌مڵاندییان."

10 ئینجا به‌ كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان دا، وه‌ك خوداوه‌ند فه‌رمانی پێ‌دام. }"

11 عیساش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: (ئایا تۆ پاشای جوله‌كه‌ی؟) عیساش فه‌رمووی: (تۆ ده‌ڵێیت.)"

12 كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌."

13 پیلاتۆس پێی‌ووت: (ئایا گوێت لێ نییه‌ چه‌ند شایه‌تیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟)"

14 به‌ڵام عیسا ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو."

15 له‌ جه‌ژن‌دا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت گیراوێك بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت."

16 له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوده‌برا باراباس."

17 بۆیه‌ كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیلاتۆس پێی‌ووتن: (كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م، باراباس یان عیسا، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟)"

18 چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی عیسایان به‌ گرتن دابوو."

19 كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد: (هیچ له‌و بێ‌تاوانه‌ مه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌ون‌دا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌.)"

20 به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران خه‌ڵكه‌كه‌یان جۆش‌دا كه‌ داوای باراباس بكه‌ن و عیسا له‌ناوببه‌ن."

21 فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟) وتیان: (باراباس.)"

22 پیلاتۆس پێی‌ووتن: (ئه‌ی چی له‌ عیسا بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟) هه‌موو وتیان: (با له‌ خاچ بدرێت!)"

23 ئه‌ویش وتی: (بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟) به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد: (با له‌ خاچ بدرێت!)"

24 پیلاتۆس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: (له‌ خوێنی ئه‌مه‌ بێ‌تاوانم! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!)"

25 گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت!)"

26 ئه‌وسا باراباسی بۆ ئازاد كردن، به‌ڵام عیسای دایه‌ به‌ر قامچی و بۆ له‌خاچدان دایه‌ده‌ست."

27 سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا عیسایان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا برد و ته‌واوی تیپه‌كه‌یان لێ كۆكرده‌وه‌."

28 ڕووتیان كرده‌وه‌ و عه‌بایه‌كی سووریان دایێ."

29 هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یان‌ووت: (سڵاو ئه‌ی پاشای جوله‌كه‌!)"

30 تفیان لێ‌كرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌ سه‌ریان‌دا كێشا."

31 دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێ‌كرد، عه‌بایه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بردییان تاوه‌كو له‌ خاچی بده‌ن."

32 كاتێ ده‌رچوون پیاوێكی كورێنییان بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ڵبگرێت."

33 كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترا گولگۆسا، ناونراوه‌ شوێنی كاسه‌سه‌ر،"

34 شه‌رابی تێكه‌ڵ به‌ زراویان دایه‌ عیسا تاكو بیخواته‌وه‌، كه‌ تامی كرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌."

35 كه‌ له‌ خاچیان دا، به‌ تیروپشك كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد."

36 ئینجا له‌وێ دانیشتن و ئێشكیان بۆ گرت."

37 له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ تاواننامه‌كه‌ی ئه‌ویان دانا كه‌ نووسرابوو: (ئه‌مه‌ عیسایه‌، پاشای جوله‌كه‌.)"

38 ئه‌وسا دوو دز له‌گه‌ڵی له‌ خاچ درابوون، یه‌كێك له‌لای ڕاستی و یه‌كێك له‌لای چه‌پی."

39 ڕێبواران جنێویان پێ‌ده‌دا و سه‌ریان ده‌له‌قاند و"

40 ده‌یان‌ووت: (ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی له‌ سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌! ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودای، له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!)"

41 به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا له‌گه‌ڵ مالم و پیران گاڵته‌یان پێ‌ده‌كرد:"

42 (خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! پاشای ئیسرائیله‌! با ئێستا له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، باوه‌ڕی پێ‌ده‌هێنین."

43 پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت، چونكه‌ وتی: "من كوڕی خودام.")"

44 دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌ خاچ درابوون گاڵته‌یان پێ‌ده‌كرد."

45 له‌ كاتژمێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو."

46 نزیكه‌ی كاتژمێر سێ عیسا به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: ({ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قتانی؟}) واتا: {خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟}"

47 هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێی‌بوو، وتیان: (ئه‌وه‌ بانگی ئه‌لیاس ده‌كات!)"

48 یه‌كسه‌ر یه‌كێك له‌وان ڕایكرد و ئه‌سفه‌نجێكی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ دایێ، تاكو بیخواته‌وه‌،"

49 به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: (لێگه‌ڕێ، با بزانین ئه‌لیاس دێت ڕزگاری بكات.)"

50 عیساش به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرده‌وه‌ و ڕۆحی سپارد."

51 له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دوو. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و"

52 گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێك له‌ لاشه‌ی پیرۆزكراوانی نووستوو هه‌ڵستانه‌وه‌."

53 دوای هه‌ڵستانه‌وه‌ی عیسا له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن."

54 سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری عیسایان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕووی‌دا، زۆر ترسان و وتیان: (به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ كوڕی خودا بوو!)"

55 زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌لیله‌وه‌ دوای عیسا كه‌وتبوون و خزمه‌تیان ده‌كرد،"

56 مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌می دایكی یاقوب و یوسف، له‌گه‌ڵ دایكی كوڕه‌كانی زه‌بدی له‌نێویان بوون."

57 ده‌مه‌و ئێواره‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵكی ڕامه‌ هات، ناوی یوسف بوو، ئه‌و خۆی قوتابی عیسا بوو."

58 چووه‌ لای پیلاتۆس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای لێ‌كرد، ئینجا پیلاتۆس فه‌رمانی دا بیدرێتێ."

59 یوسفیش ته‌رمه‌كه‌ی برد و به‌ كه‌تانی پاك پێچای و"

60 له‌و گۆڕه‌ نوێیه‌ی خۆی ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرا بوو، ئینجا به‌ردێكی گه‌وره‌ی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌ و ڕۆیشت."

61 مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌وێ بوون، به‌رامبه‌ر گۆڕه‌كه‌ دانیشتبوون."

62 بۆ به‌یانی كه‌ دوای ئاماده‌كردنه‌، كاهینانی باڵا و فه‌ریسییه‌كان له‌لای پیلاتۆس كۆبوونه‌وه‌،"

63 وتیان: (گه‌وره‌م، بیرمان‌كه‌وته‌وه‌ ئه‌و چه‌واشه‌كاره‌ كاتێ زیندوو بوو وتی: "دوای سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌.""

64 جا فه‌رمان بده‌ تاكو ڕۆژی سێیه‌م گۆڕه‌كه‌ی پاس بكرێت، نه‌وه‌ك قوتابییه‌كانی بێن و بیدزن، ئه‌وسا به‌ گه‌ل بڵێن له‌نێوان مردووان هه‌ڵستاوه‌ته‌وه‌. جا چه‌واشه‌ی دوایی له‌وه‌ی یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت.)"

65 پیلاتۆسیش وتی: (پاسه‌وانتان هه‌یه‌، بڕۆن چۆنتان پێ باشه‌ وا پاسی بكه‌ن.)"

66 ئه‌وانیش چوون گۆڕه‌كه‌یان پاس كرد، مۆریان له‌ به‌رده‌كه‌ دا و پاسه‌وانیان دانا."

28

1 دوای شه‌ممه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌می هه‌فته‌دا، مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌مه‌‌كه‌ی دیكه‌ هاتن ته‌ماشای گۆڕه‌كه‌ بكه‌ن."

2 له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ڕووی‌دا، چونكه‌ فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، چوو به‌رده‌كه‌ی گلۆر كرده‌وه‌ و له‌سه‌ری دانیشت."

3 ڕوخساری وه‌ك بروسكه‌ وابوو، جله‌كانی وه‌ك به‌فر سپی بوو."

4 پاسه‌وانه‌كان له‌ ترسی ئه‌و له‌رزین و وه‌ك مردوویان لێ هات."

5 به‌ڵام فریشته‌كه‌ به‌ ژنه‌كانی وت: (مه‌ترسن، چونكه‌ ده‌زانم به‌ شوێن عیسای له‌خاچ‌دراو ده‌گه‌ڕێن."

6 ئه‌و لێره‌ نییه‌، وه‌ك خۆی فه‌رمووی، هه‌ڵستێندراوه‌ته‌وه‌. وه‌رن سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن كه‌ لێی درێژكرابوو."

7 خێرا بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی بڵێن: "ئه‌و له‌نێو مردووان‌دا هه‌ڵستێندراوه‌ته‌وه‌، پێش ئێوه‌ ده‌چێته‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌یبینن." ئه‌وه‌تا پێم وتن.)"

8 ئه‌وانیش خێرا له‌لای گۆڕه‌كه‌ ڕۆیشتن، به‌ ترس و خۆشییه‌كی گه‌وره‌وه‌ ڕایانكرد، تاوه‌كو هه‌واڵ بده‌نه‌ قوتابییه‌كانی."

9 ئه‌وه‌بوو عیسا تووشیان هات و فه‌رمووی: (سڵاو!) ئه‌مانیش چوونه‌ پێشه‌وه‌، پێیان گرت و كڕنۆشیان بۆ برد."

10 عیسا پێی فه‌رموون: (مه‌ترسن، بڕۆن به‌ برایانم بڵێن با بچنه‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌مبینن.)"

11 كه‌ ده‌ڕۆیشتن، هه‌ندێك له‌ پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ ناو شار و ئه‌وه‌ی ڕووی‌دابوو بۆ كاهینانی باڵایان گێڕایه‌وه‌."

12 ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ پیران كۆبوونه‌وه‌ و ڕاوێژیان كرد، زیوێكی زۆریان دایه‌ سه‌ربازه‌كان و"

13 وتیان: (بڵێن، "كاتێ ئێمه‌ خه‌وتبووین، قوتابییه‌كانی له‌ شه‌ودا هاتن و دزییان.""

14 ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌لای فه‌رمانڕه‌وا بیسترا، ئه‌وا ڕازی ده‌كه‌ین و له‌ گرفته‌كه‌ ده‌تانپارێزین.)"

15 ئه‌وانیش زیوه‌كه‌یان وه‌رگرت و چۆن فێركران، كردییان، جا ئه‌م قسه‌یه‌ تاكو ئه‌مڕۆش له‌ناو جوله‌كه‌ بڵاو بۆته‌وه‌."

16 ئیتر یازده‌ قوتابییه‌كه‌ چوونه‌ جه‌لیل، بۆ ئه‌و كێوه‌ی عیسا فه‌رمانی پێ‌دابوون."

17 كاتێ بینییان كڕنۆشیان بۆ برد، به‌ڵام هه‌ندێكیان گومانیان كرد."

18 عیسا لێیان نزیك‌بۆوه‌ و قسه‌ی بۆ كردن: (هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی دراوه‌تێ."

19 كه‌واته‌ بڕۆن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بكه‌نه‌ قوتابی، به‌ ناوی باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز له‌ئاویان‌هه‌ڵبكێشن،"

20 فێریان بكه‌ن هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێ كردوون بیپارێزن. ئه‌وه‌تا من هه‌موو ڕۆژێك له‌گه‌ڵتانم، تاكو كۆتایی ڕۆژگار.)"